ئێدوارد بێرنیز؛ مامۆستای نادیاری دەستکاریکردنی هزری گشتی

وەرگێڕان: بەڕۆژ ئاکرەیی

کەمتر کەسێک لەم سەد ساڵەی دواییدا توانیویەتی وەک ئیدوارد بێرنیز کاریگەریی قووڵی لەسەر ڕۆژاوا دانابێ؛ ئەو بە "باوکی پەیوەندییە گشتییەکان" دەناسرێ. بێرنیز لە ساڵی ١٩٩٥ و لە تەمەنی سەد و سێ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بێرنیز یەکەمین نووسینگەی "ڕاوێژی پەیوەندییە گشتییەکان"ی لە ساڵی ١٩١٩ لە نیویۆرک کردەوە و لە سەد ساڵی ڕابردوودا مامۆستای نادیاری دەستکاریکردنی هزرە گشتییەکان بووە.

بێرنیز هیچ لاریی نەبوو لەوەی کە بە مامۆستای گومڕاکردنی هزرە گشتییەکان بناسرێ و لە ڕاستیدا شانازییشی پێوە دەکرد. دەسکەوتی ژیانی ئەو بریتی بوو لە دەستکاریکردنی بیروبۆچوونی خەڵکی ئاسایی کە بە خەڵکی ڕەمەکی ناو دەبردن. ئەو تەنانەت دەیگوت هۆی ناوبانگی ئەو پیشەیە کە دای هێناوە –پسپۆڕی پەیوەندییە گشتییەکان- بەس لەبەر ئەوە بووە کە پڕۆپاگه‌نده‌کان ڕۆڵێکی نێگەتیڤیان دەگێڕا. بێرنیز هیچ گرفتی لەوەدا نەبوو کە بە کەسێکی نادیار دەناسرێ؛ ئەو خۆی بە پاژێک لە حکوومەتی نادیار دەزانی.

بێرنیز لە ساڵی ١٩٢٨دا کتێبێکی بە ناوی "پڕۆپاگه‌نده" نووسی کە بەم شێوەیە دەستی پێ دەکرد: "دەستکاریکردنی هۆشیارانە و هۆشمەندانەی بیر و خدەکانی خەڵک یەکێکە لە ڕەگەزە گرنگەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. ئەوانەی میكانیزمه‌ نادیارەکانی کۆمەڵگە دەستکاری دەکەن، حکوومەتێکی نادیار دروست دەکەن کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی وڵاتەکەمانە. بە بۆچوونی بێرنیز، حکوومەتی نادیار "چینی سەرووی کۆمەڵگەیە؛ پەوەردەکراو و ڕاهێنراو و کارناس و ڕۆشنبیر. تەنانەت ئەوان پێویست ناکا یەکتریش بناسن، بەڵام خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن. ئەوان سەرەداوی کارەکانیان بەدەستەوەیە و زەینی گشتی کۆنترۆڵ دەکەن.

بێرنیز حکوومەتی حاکمە نادیارەکانی بۆ کۆمەڵگە بە شتێکی چاک و لەبار دەزانی و پێی وا بوو گەر وا نەبێ، ئاژاوە و بشێوی دروست ده‌بێ. بە گوتەی کچەکەی لە بەڵگەفیلمێکی "بی بی سی"دا (بە ناوی "سەدەی خۆمان" کە بەرهەمی ئادام کۆرتیسە) بێرنیز پێی وا بوو تێکڕا و بەتایبەت خەڵکی ڕەمەک بەڕاستی دەبەنگن.

بێنرنیز پێی وا بوو کە دەستکاریکردنی بیری گشتی، لەودیو سیاسەتەوە ئەنجام دەدرێ: "حوکممان لێ کراوە، زەینمان لە خشت دراوە، چەشت و سەلیقەمان شێواز کراوە، بیرەکانمان ڕاسپێردراون، هەموویشیان لە لایەن کەسانێکەوە کە ناویانمان قەت نەبیستوون." بێرنیز لە سەدەی بیستەمدا زۆرتر خەریکی دەستکاریکردنی زەینی خەڵک بوو لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە نائاسایییەکانی ئەوانەی پارەیان بۆ چالاکییەکانی ئەو هەبوو.

دوو بۆچوونی سەرەکی لە کارەکانی بێرنیزدا هەبوون: یەکەم، ئەوەیان کە خەڵک لە ڕاددەبەدەر دەبەنگ و بێئاوەزن و زۆرتر لەژێر کاریگەرییە هەستەکییەکاندان و ئەستەمە بڕوا بە بڕیارەکانیان بهێنین. ئەمە هەڵبەت هەر ئەو بەڵگەهێنانەوەیە کە بە درێژاییی مێژوو و بۆ پاساوهێنانەوەی داگیرکاری و دیکتاتۆری و نکۆڵیکردن لە مافی ژنان و هەژاران و خەڵکانی لەم چەشنە بەکار هێنراوە.

دوای جه‌نگی جیهانیی یه‌كه‌م سەرەتا زۆربەی خەڵکی سەرووی تەمەنی یاسایی پاش ساڵانێک خەبات لە زۆربەی وڵاتەکانی ڕۆژاوادا مافی دەنگدانیان پێ بڕا. ئەمەیش بووە هۆی ئەوە کە ئەرکی دەستکاریکردنی بیروبۆچوونی خەڵک و دڵنیابوون لەوە کە ئەوان کاری کۆنترۆڵکردن ناگرنە دەست، بوو بە یەکێک لە کارە دەستبەجێکانی بێنرنیز و کڕیارەکانی.

شتێک کە بێرنیز بێ هیچ پەردەپۆشییەک لەمەڕ بۆچوونی خۆی سەبارەت بە خەڵک نووسیویەتی، گەلێک هەژێنەرە. ڕەنگە بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی چینی دەسەڵات لەگەڵ بۆچوونەکانی ئەودا نەبن، بەڵام زۆر کەمن ئەوانەی بەئاشکرا ئەمە دەربڕن. دووەمین بڕوای بێرنیز ئەوە بوو کە دەکرێ بۆچوونەکانی زیگمۆند فرۆید، بنیاتنەری ناوداری دروونناسی، بە شێوەیەکی بەرفراوان و لە پێناو دەستکاریکردنی بیری گشتیدا بەکار بهێنرێ. فرۆید خاڵی بێرنیز بوو و باوکی بێرنیزیش برای خانمەکەی فرۆید بوو.

بێرنیز حەزێکی زۆری لە بەتایبەت ئایدیای ناخۆئاگا (نه‌ست)ی خاڵی خۆی بوو. فرۆید لەو بڕوایەدا بوو کە زۆربەی ئەو سۆزانەی لە ناخۆئاگادا دەدۆزرێنەوە زبر و ترسناکن و سه‌رچاوه‌ی نیاز، یان سه‌رچاوه‌ی سێكسییان هەیە. بە گوتەی یەکێک لە پسپۆڕەکانی دەروونناسی، "غەریزە لە سەرەتای ڕەهەندە مانایییه‌کەیدا" ڕێنیشاندەری ناخۆئاگایە. لە کاتێکدا کە فرۆید هەوڵی دەدا لە پێناو دەرمانکردنی خەڵکدا سوود لە زانستەکەی خۆی وەرگرێ، خوشکەزاکەی هەمان زانستی بۆ دەستکاریکردنی زەینی خەڵک بەکار هێنا، بە سێرەگرتن لە ناخودئاگا لە بری زەینی ئاوەزبیر.

ئان بێرنیزی کچی گوتوویەتی کە باوکی پێی وا بوو خەڵک "ڕەنگە بەئاسانی دەنگ بە کەسێکی نەگونجاو بدەن یان داوای شتێکی هەڵە بکەن، کەواتە دەبێ لە سەرەوە ڕێنمایی بکرێن، بەڵام دەشێ دەستمان بگاتە قووڵترین حەز و ترسەکانی خەڵک بۆ ئامانجەکانمان و، کەڵکیان لێ وەرگرین."

بێرنیز زۆرتر بۆ کۆمپانیا زلەکان ئیشی دەکرد. ئەو یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی ئەو گۆڕانکارییە مەزنە بوو کە لە سەدەی بیستەمدا و لە ئابووریی وڵاتە ڕۆژاوایییەکاندا سەری هەڵدا؛ پەیدابوونی مەسرەفگەرایی. ئەو خەڵکی قایل کرد کە مەسرەفکار (به‌كاربه‌ر) بن و بەس ئەو شتانە نەکڕن کە پێویستیان پێیەتی، بەڵکوو ئه‌و شتانه‌ بکڕن کە دەیانەوێ یان حەزیان لێیەتی.

یەکێک لە یەکەم نموونەکانی کاری بێرنیز ئەوە بوو کە سەرۆکی کۆمپانیا گەورەکەی توتنی ئەمریکا پێی گوت چونکە جگەرکێشانی ژنان لەبەرچاوی خەڵک بە کارێکی ناپەسەند دەزانرێ، ئەوان نیوەی بازاڕی خۆیان لەدەست دەدەن. کەواتە داوای لە بێرنیز کرد لەم بارەوە کارێکی بۆ بکا.

بێرنیز لەم کارەدا دروونناسییە فرۆیدییەکەی ئابراهام بریلی بەکار هێنا. بریل بە بێرنیزی گوت جگەرە نیشانەی دەسەڵاتی نێرینەیە. ئەگەر ژن بتوانن ئەم شتە بە نیشانەی دەسەڵاتی خۆیان بزانن، دەست بە جگەرەکێشان دەکەن. جگەرە دەبێ بۆ ژنان وەک مەشخەڵی ئازادی دەرکەوێ.

بێرنیز کارێکی کرد کە چەند کچێکی جوانی ڕێكپۆش لە فێستیڤاڵی جەژنی پاکدا بەشدار بن و هەموویان بە ئاماژەی ئەو، دەست بە جگەرەکێشان بکەن. بێرنیز وای ڕێک خستبوو کە ئەم ژنانە بە وێنەی "چالاکوانی مافی ژنان" بناسرێن و سەردێڕی هەموو هەواڵەکانی ئەمریکایش ئەمە بێت: "مەشخەڵی ئازادی". میلیۆنان ژن ڕوویان لە جگەرەکێشان کرد.

بێرنیز کاتێک بۆی دەرکەوت کە فەرماندەی ڕاگەیاندنی نازییەکان، ژۆزێف گۆبێلز، ئایدیاکانی ئەوی کردووەتە بناغەی کاری خۆی، بە جارێ حەپەسا. گۆبێلز ناخۆئاگای خەڵکی ئەڵمانیای کردبووە ئامانج و لە ورووژاندنی ستایشی پێشەوا و دروستکردنی نەفرەت لە جوولەکەکاندا بە شێوەیەکی ترسناکدا سەر کەوتبوو.

بێرنیز لە ساڵی ١٩٥٤ و لە ڕووخاندنی حکوومەتی گواتمالادا ڕۆڵێکی سەرەکیی هەبوو. ئەو بۆ کۆمپانیا مەزنەکەی یونایتێد فروت کاری دەکرد کە لە سیاسەتەکانی سەرۆککۆمار، جاکۆبۆ ئاربێنز (کە بەپێی دەنگی خەڵک هەڵبژێردرابوو) ناڕازی بوو.

سەرەڕای ئەوەی ئاربێنز نە کۆمۆنیست بوو و نە پەیوەندیی بە یەکێتیی سۆڤییەتەوە هەبوو، بەڵام بۆچوونی گشتیی ئەمریکای قایل کرد کە ئەمریکا لە گواتمالادا بەرەوڕووی هەڕەشەکانی سۆڤییەت دەبێتەوە. ئەو ترسی ناخۆئاگای ئەمریکای ورووژاند و ئەم کارەی بە گومڕاکردنی میدیاکانی ئەمریکا ئەنجام دا. دواتر یەکێک لە هەواڵنێرەکانی نیویۆرک تایمز لەم بارەوە گوتی: "میدیا پەلاماردەر و کەمئاگاکانی ئەمریکا یارمەتیی شێوەگرتنی بۆچوونە هەستیارە گشتییەکانیان دا. ئەمەیش لە کاتی خۆیدا کاریگەریی لەسەر حکوومەت هەبوو."

بەپێی نووسراوەکەی لۆری تای، ژیننامەنووسی بێرنیز "ئەو چاک لەوە تێ گەیشت کە کودەتا زەمانێ ڕوو دەدا کە باری گشتیی خەڵک و میدیاکان دەرفەتی کودەتا بدەن؛ ئەویش ئەم بارە گشتییەی ڕەخساند. ئەو ڕاستییەکانی سەرلەنوێ داڕشتنەوە و بۆچوونی گشتییشی بە شێوەیەک گۆڕی کە نادیموکراتیک و گومڕاکەر بوو."

لە گواتمالا، لە ساڵی ١٩٥٤ەوە تاکوو ئێستا تەکنیکی بێرنیز –دوژمنایەتی دروست بكه‌ و پاشان داوای تێکشکانی بکە- چەندین جار بەکار هێنراوە. هەروەها گوتراوە کە بێرنیز ئایزێنهاوێری سەرۆککۆماری ئەمریکای قایل کرد کە دەبێ ترس لە کۆمۆنیزم ئیلقا بکرێ و هان بدرێ، چونکە بە ورووژاندنی ترسە نائاوەزییەکان، خەڵک لە ئاست ئەمریکادا بەوەفاتر دەبن. هێندێک لەو بڕوایەدان کە بەشێک لە حکوومەتەکانی ئێستا هەر بەو هۆیەوە زێدەڕۆیی لەمەڕ هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریزمەوە دەکەن.

ئادام کۆرتیس (دێکۆمێنتسازە بەناوبانگەکەی بریتانی) دەنووسێ: "ئایدیاکانی بێرنیز لە هەشتاکاندا ئیتر جێ کەوتبوون." هەر لەم سەردەمەدا بوو کە سەرەتا مارگرێت تاچێر و دواتر ڕۆناڵد ڕێگان چاخی نیۆلیبرالیزمیان لە ڕۆژاوا دەست پێ کرد.

مارگرێت تاچێر سەردەمێک گوتبووی: "شتێک بە ناوی کۆمەڵگە، بوونی نییە." ئەمە وەسفی کۆمەڵگەیەک بوو کە بێرنیز لە داهێنانیدا یارمەتیدەر بوو؛ کۆمەڵگەیەک کە زۆرینەی بەو بڕوایە گەیشتبوون کە حەز و هەستەکانی خۆیان گرنگترین شتی دونیان و، یان گرنگی بە کۆمەڵگە نادەن یان گرنگییەکی کەمی پێ دەدەن.

لە ساڵی ٢٠١٦یشدا بنەمای هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی دۆناڵد ترامپ (کە ئەوی کردە سەرۆککۆمار) تیۆرییەکانی بێرنیز بوو. ترامپ لە ڕاستیدا هیچ هەوڵێكی بۆ ڕاکێشانی سەرنجی ئاوەزداری (عه‌قڵانییه‌ت) نەدا، لە بری ئەوە سوودی لە بەگوڕترین و بڤەترین هێزەکانی ناخۆئاگا، واتا ترس و نەفرەت وەرگرت.

بێرنیز ڕێی دەستکاریکردنی سوودبەخشی بۆچوونە گشتییەکانی خستە بەرچاو؛ خەڵک دەبێ ئەو کارە بکەن کە ئەوانەی پارە و دەسەڵاتیان هەیە حەزیان لێیە؛ شتێک بکڕن کە پێویستیان پێی نییە و کەسێک هەڵبژێرن کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەوان نییە، یان شوێنکەوتەی ڕابەرە دەسەڵاتدارەکان بن.

دوو قسە لە زاری بێرنیزەوە هەن کە دەکرا لە ڕۆمانەکانی جۆرج ئۆروێلدا هاتبان:

"خوێندەواریی گشتی قەرار بوو خەڵک فێر بکا کە چۆن دەوروبەری خۆیان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام لە بری زەین مۆرێکی داوەتە دەستیان کە مەرەکەبەکەی دروشمی پڕۆپاگه‌نده و ڕێساکانی سەرنووسەری و زانیارییە زانستییەکان و بابەتگەلی هەرزانی ڕۆژنامە زەردەکان و کڵێشەکانی مێژووە، لە تێفکرینی ڕەسەنیش تەواو دوورە. مۆری هەر کەسێک کۆپیی مۆری ملیۆنان کەسی ترە، کەواتە ئەم میلۆنان کەسە کاتێ ڕووبەڕووی بزوێنەرێکی دیاریکراو ببنەوە، تێکڕا مەرەکەبی یەکسانیان بەر دەکەوێ."

"پرۆپاگه‌ندا شتێکی جیهانی و بەردەوامە و لە گشتێتیی خۆیدا بۆچوونە گشتییەکان ڕێکوپێک دەكا؛ پاژ بە پاژ وەک سوپایەک کە سەربازەکانی خۆی ڕێکوپێک دەكا."

ئێستا هەموو ڕۆژ و پەیتا پەیتا بەرەوڕووی ئەو پرۆپاگه‌ندانە دەبینەوە کە زەینی ڕەخنەگر پێچ دەکەنەوە و ناخۆئاگامان دەکەنە ئامانج. دەسەڵاتداران هەمیشە سوود لە تەکنیکە کاریگەرەکانی بێرنیز وەردەگرن. ئەمە بەشێکە لە ژیانی ئەمڕۆمان.

 

سەرچاوە:

http://www.bbc.com/persian/world-features-45226904