ئێران مووشەکەکانی دەگوازێتەوە بۆ عێراق؛ وەک هۆشدارییەک بۆ نەیارەکانی

جۆن ئارش، ئەحمەد ڕەشید

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ئێران مووشەکی بالیستی بە بریکارەکانی داوە لە عێراق و پەرەی بە بونیادنانیان داوە بۆ ڕێگریکردن لەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر بەرژەوەندییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕێگه‌خۆشکردن بۆ لێدان لە دوژمنەکانی بەگوێرەی ئەو سەرچاوە ئێرانی، عێراقی و ڕۆژاوایییانەی کە ئەمەیان ڕاگەیاندووە. 

هەر نیشانە و هەنگاوێک کە ئێران خۆی بۆ ئامادە بکات بە مەبەستی سیاسەتی مووشەکیی دوژمنکارانەی زیاتر لە عێراقدا، تەنگەژەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر دەکات و؛ هەروەک پێشتریش دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هۆی بڕیاری کشانەوەکەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی نێوان هێزە گەورەکانی دونیا و ئێران ئەو تەنگەژەی زیاتر کرد. 

ئەمە جێگەی شەرمەزارییە بۆ فەڕەنسا، ئەڵمانیا و شانشینی یەکگرتووی بریتانیا وەک سێ وڵاتی ئەوروپی کە واژوویان لەسەر ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کردووە و هەوڵی ئەوەیش دەدەن کە ڕێککەوتننامەکە بەیەکجاری هەڵنەوەشێتەوە، سەرەڕای سزا تازەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.

بەگوێرەی سێ بەرپرسی ئێرانی و دوو سەرچاوە لە هەواڵگریی عێراقی و دوو سەرچاوە لە هەواڵگریی ڕۆژاوا، ئێران لەو چەند مانگەی ڕابردوودا مووشەکە مەوداکورتە بالیستییەکانی خۆی بۆ هاوپەیمانەکانی لە عێراق گواستۆتەوە. پێنج لەو بەرپرسانەی کە لە پڕۆسەی گواستنەوە و ئامادەکردنەکەدا یارمەتیی ئەو گرووپانەیان دەدا، ئەمەیان ڕاگەیاندووە.

بەرپرسێکی باڵای ئێران بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە: "لۆژیکی ئەو کارە بۆ ئەوە بووە کە ئێران پلانێکی پشتگیریی هەبێت ئەگەر بێت و هێرشی بکرێتە سەر؛ ژمارەی مووشەکەکان زۆر بەرز نییە، تەنیا دوو دەرزەنن، بەڵام ئەگەر پێویست بکات زیاتری دەکەین." 

ئێران پێشتر ڕای گەیاندووە چالاکیی مووشەکە بالیستییەکانی تەنیا بۆ مەبەستی بەرگریلەخۆکردنە. بەرپرسە ئێرانییەکان ڕەتیان کردۆتەوە لێدوانی زیاتر بدەن، کاتێک پرسیاریان لەبارەی دوایین گواستنەوەی مووشەکەکانیان لێ دەکرێت. حکوومەتی عێراقی و دامەزراوە سەربازییەکەیشی، ڕەتیان کردۆتەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدەن. 

مووشەکەکانی زیلزال، فاتح-١١٠ و زولفەقار ٢٠٠ تا ٧٠٠ کیلۆمەتر دەبڕن و دەتوانن ڕیازی پایتەختی سعوودیا و تەلئەبیبی پایتەختی ئیسڕائیل بپێکن، ئەگەر بێت و ئەو چەکانە بگوازرێنەوە بۆ باشوور و ڕۆژاوای عێراق. هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنکەی خۆی لەم دوو ناوچەیە هەیە (باشوور و ڕۆژاوای عێراق) و، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی هێزی قودس، چاودێریی ئەو پڕۆگرامە دەکات؛ سێ لەو سەرچاوانە وایان ڕاگەیاند.

وڵاتانی ڕۆژاوا پێشتر ئێرانیان بە گواستنەوەی مووشەکەکان و تەکنەلۆژییه‌کەی بۆ سووریا و هاوپەیمانەکانی تری وەک چەکدارە حووسییەکان لە یەمەن و حزبوڵڵا لە لوبنان، تۆمه‌تبار کردووە. وڵاتە دراوسێ سوننییەکانی ئێران و هاوکات کە نەیاری ئیسڕائیلیشن (مەبەست لێی وڵاتانی کەنداوە) نیگەرانیی خۆیان لەبارەی چالاکییە هەرێمییەکانی تاران دەربڕیوە و، بە هەڕەشەیشی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەیان دەبینن. بەرپرسانی ئیسڕائیل دەستبەجێ وەڵامی داواکاریی ئێمەیان بۆ قسەکردن لەبارەی گواستنەوەی مووشەکەکان نەدایەوە. "بنیامین ناتانیاهۆ"ی سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیلیش ڕۆژی چوارشەممە ڕای گەیاند: "هەر کەسێ هەڕەشەی لەناوبردنی ئیسڕائیل بکات، ڕووبەڕووی هەمان مەترسیی دەکەینەوە." 

بەرەی بەرهەمهێنانی مووشەک

سەرچاوەیەکی ڕۆژاوایی ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ژمارەی مووشەکەکان زیاتر لە ١٠ مووشەک بووە و گواستنەوەکەیش بۆ ناردنی پەیامی ئاگادارکردنەوەی ئەمریکا و ئیسڕائیل داڕێژرابوو، بەتایبەت دوای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر سەربازانی ئێرانی لە سووریا. ئەمریکا خۆیشی سەربازێکی زۆر و گرنگی لە عێراق هەیە. سەرچاوەکە ئەوەیشی ڕاگەیاندووە کە پێدەچێت ئێران، عێراق بکات بە بنکەیەکی سەرەکی بۆ مووشەکەکانی.

سەرچاوە ئێرانییه‌كه‌ و یەکێک لە سەرچاوە هەواڵگرییە عێراقییەکانیش ڕایان گەیاندووە کە بڕیارەکە ١٨ مانگ بەر لە ئێستا بە بەکارهێنانی میلیشیاکان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک لە عێراق، دراوە، بەڵام چالاکییەکە لە چەند مانگی کۆتاییدا وەستابوو؛ پێدەچێت لەگەڵ گەیشتنی مووشەکەکان بووبێت.

فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوی جەنگی ئێران و عێراقدا لە ساڵی١٩٨٠دا خزمەتی کردووە ڕای گەیاند: "ئێمە بنکەی لەو جۆرەمان لە زۆر شوێندا هەیە و عێراق یەکێکە لەو شوێنانە. ئەگەر ئەمریکا هێرشمان بکاتە سەر، دۆستەکانی ئێمە هێرش دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە."

سەرچاوە ڕۆژاوایی و عێراقییەکان ئەوەیشیان دووپات کردۆتەوە، کارگەکان بۆ پەرەپێدانی مووشەکەکان لە عێراق، کە لە زەعفەرانیە بوونە لە ڕۆژهەڵاتی بەغدا و باکووری کەربەلا، بەکار دەهێنرێن. یەکێک لە سەرچاوە ئێرانییەکان گوتی کارگەیەکیش لە کوردستانی عێراق هەبووە.

ناوچەکان لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، لەوانە: کەتائیبی حزبوڵڵا، کە یەکێک لە هێزەکانی نزیک لە ئێرانە. سێ سەرچاوەی تر ئاماژەیان بەوە کردووە کە عێراقییەکان لە لایەن ئێرانەوە وەک کارپێکەری مووشەک ڕاهێنانیان پێ کراوە. سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عێراقی گوتی کارگەی زەعفەرانی، بنکە و بارووتە ژەهراوییەکەی مووشەکەکەی لە سەردەمی سەددام حوسێن، سەرۆکی پێشووی عێراق، بەرهەم هێناوە و، لە لایەن میلیشیا شیعەکانەوە لە ٢٠١٦دا بە یارمەتیی ئێرانییەکان دووبارە چالاك کراوەتەوە. 

تیمێک لە ئەندازیارانی شیعە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی سەددامدا کاریان دەکرد هێنران و، لە دوای ئەوەی ناوچەکەیان پیشان درا بۆ کارکردن لێی، کە مووشەکەکانی لێ تاقی کرابووەوە لە نزیک کەربەلا. دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکایش، ڕەتی کردەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدات.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە کە تاران لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا مووشەکەکانی گواستۆتەوە بۆ گروووپێک لەناو عێراق، بەڵام نەیتوانی پاڵپشتیی ئەوە بکات کە ئەو مووشەکانە هیچ توانایەکی جووڵەیان لە شوێنی ئێستایاندا هەبووبێت.
واشنتۆن گوشار دەخاتە سەر هاوپەیمانەکانی بۆ پشتگیریکردنی سیاسەتێکی توند لە دژی ئێران، بەتایبەت لەو کاتەوەی کە ئەمریکا دووبارە سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندۆتەوە. لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە واژوویان لەسەر ڕێککەوتننامەکە کردووە، تا  ئێستا گوێڕایەڵی ئەمریکا نەبوونە، بەڵکوو تەنیا لەسەر بەرنامە مووشەکییە بالیستییەکەی ئێران نیگەرانن؛ بەتایبەت فەڕەنسا کە تەنیا لە پەرەپێدان و زیاترکردنی مووشەکەکانی لۆمەی ئێرانییەکانی کردووە و، فەڕەنسا دەیەوێت ئێران دەرگه‌ی دانوستان لەبارەی مووشەکە بالیستییەکانی بکاتەوە.

"جین یوڤس لی درەین"، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ڕۆژی سێشەممە ڕای گەیاند کە ئێران هاوپەیمانە هەرێمییەکانی خۆی بە ڕۆکێت پڕچەک دەکرد و، ڕێگەی دەدا بۆ بڵاوکردنەوەی مووشەکی بالیستی و، ئێران پێویستە لە فریوخواردن بۆ دانانی هێژموونی هەرێمی دوور بکەوێتەوە.  لە مانگی ئازاری ڕابردوودا سێ وڵاتی ئەوروپی پێشنیارێکی نوێیان بۆ سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا کردووە بۆ سەر ئێران بە هۆی مووشەکە بالیستییەکانییەوە؛ هەرچەند بە هۆی ناڕەزاییی هەندێک لە وڵاتانی ئەندامی ناو یەکێتییەکەوە شکستیان هێناوە. لە بەڵگەنامەی پێشنیارەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکەدا، ئەوکات وا هاتبوو کە بڵاوبوونەوەی توانای مووشەکی بالیستیی ئێرانییەکان لە ناوچەکەدا سەرچاوەیەکی ڕژدی تری نیگەرانییە.

پەیامێک بۆ دوژمنان

سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ناوچەکە ئەوەی درکاندووە کە ئێران ژمارەیەک لە مووشەکە بالیستییەکانی لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا پاراستووە کە لەژێر دەسەڵاتی میلیشیا شیعەکاندا بوونە و توانای جووڵاندنیشیان هەبووە. سەرچاوەکە نەیتوانی پشتگیریی ئەوە بکات کە ئێران توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی لە عێراقدا هەبێت.

بەرپرسی دووەمی دەزگه‌ی هەواڵگریی عێراقی گوتی، بەغدا ئاگادار بووە لە پێدانی مووشەکە ئێرانییەکان بە میلیشیا شیعەکان وەک یارمەتییەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش؛ تەنانەت گواستنەوەی مووشەکەکان بەردەوام بووە لە دوای ئەوەی سوننەکان لاواز دەبن و تێک دەشکێن.

هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند کە شتێکی ڕوون و ئاشکرا بوو بۆ دەزگه‌ی هەواڵگریی عێراقی کە کەرەستەی مووشەکیی لەم جۆرە کە لە لایەن ئێرانەوە نێردراوە، بۆ جەنگی دژی داعش نەبووە، بەڵکوو کارتێکی گوشار بووە ئێران لە ململانێ هەرێمییەکەدا بەکاری هێناوە. سەرچاوەکە ئەوەیشی خستە ڕوو کە بۆ حکوومەتی عێراقی سەخت و قوڕس بووە بۆ وەستاندن یان ڕازیکردنی گرووپەکان لە دژی ئێران، چونکە ئێمە ناتوانین میلیشیاکان لە بەکارهێنانی ڕۆکێتە ئێرانییەکان سنووردار بکەین؛ لەبەر ئەوەی دوگمەکە لە دەستی ئێمەدا نییە بەڵکوو لەدەست ئێرانییەکان خۆیانە. 

ئێران بەتەواوی ئەو مووشەکانە بەکار دێنێت کە ڕادەستی میلیشیا عێراقییەکانی کردووە؛ بەمەیش دەیەوێت لەم ڕێگەیەوە پەیامێکی بەهێز بنێرێت بۆ دوژمن و نەیارەکانی لە ناوچەکە و ئەمریکا؛ بەوەی کە ئێران دەتوانێت خاکی عێراق بەکار بێنێت وەک پەناگەیەک بۆ مووشەکەکانی و هێرشکردن بۆ هەر شوێنێک و لە هەر کاتێکدا کە بیەوێت و بڕیاری لەسەر بدات.

پەرلەمانی عێراق یاسایەکی لە ساڵی ٢٠١٦ پەسەند کردووە بۆ دداننان و ڕێکخستنی میلیشیا شیعەکان کە بە "حەشدی شەعبی" ناسراون و تێکەڵکردنیان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەگوێرەی یاساکە، دەبێت میلیشیاکە لەژێر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بێت؛ هەرچەندە لە ڕووی کردارییەوە ئێران بەئاشکرا سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی ڕێک دەخات و زۆر جاریش لەگەڵ قاسم سولەیمانی کۆ دەبنەوە و ڕاوێژی پێ دەکەن.

سەرچاوە:

https://www.reuters.com/article/us-iran-iraq-missiles-exclusive/exclusive-iran-moves-missiles-to-iraq-in-warning-to-enemies-idUSKCN1LG0WB