قوتابخانەی زیاتر و تانکی کەمتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تۆماس فریدمان*

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

(ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پێویستە هێزی نەرمی زیاتر و هێزی ڕەقی کەمتر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت)

بڕیاری لەناکاوی سەرۆک ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی لە ئەفغانستان، دەستبەجێ گفتوگۆیەکی نوێی لێ کەوتەوە لەمەڕ هێزە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئەوەی داخۆ مانەوەی هێزەکە پێویستە یان نا. خۆیشم هەمان پرسیار لە خۆم دەکەم. بۆیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە، پێویستە بە پرسیارێکی تر دەست پێ بکەم:

بۆچی یەکێک لە وڵاتانی بەهاری عەرەبی، خەریکە ئاشتییەکی ڕێژەیی بۆ خۆی بەرهەم دێنێت و لە قۆناغی دیکتاتۆری بۆ دیموکراتیی دەستووری هەنگاو دەنێت، هاوکات دەرفەتی بەشداری و گەشە بە ئافرەتان دەدات؟ ئایا وڵاتێکی وا هەیە کە هەرگیز هێزی سەربازیمان بۆ نەناردبێت بۆ جەنگان و مردن؟ بەڵێ ئەو وڵاتە "تونس"ە.

بەڵێ تونس تاکە وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ئامانجەکانی بەدەست هێنابێت، هاوکات ئێمە ویستوومانە لە عێراق، سووریا، میسر، لیبیا و ئەفغانستان ئەو ئامانجانە بەدەست بهاتبایە و میوانداریی دەستەی ئاشتی و کرێکاری ئەمریکی بکرابایە لە ٥٠ ساڵی ڕابردوودا، لە بڕی ڕاوێژکاری سەربازی، کە تێچووەکەی گەیشتۆتە ١ ملیار دۆلار لە ساتەوەختی بەهاری عەرەبییەوە.

لە دوای ١٧ ساڵ هەوڵدان بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و پڵوڕاڵ لەو وڵاتە، ئەمریکا لە ئێستادا لە ساڵێکدا نزیکەی ٤٥ ملیار دۆلار لە ئەفغانستان خەرج دەکات. ئەوە شێتییەکی بێمانایە. بەتایبەت کاتێک دیموکراسییە ساواکەی تونس وەک مۆدێڵێکی گرنگ ڕەچاو دەکرێت لە ناوچەکە، بەڵام مۆدێڵی وڵاتانی تر بەرەو لاوازبوون دەچێت.

مانگرتنی کرێکاران بۆتە هەڕەشە بۆ سەر لیبیا، خەرجییە گشتییەکان و ناسەقامگیری لە لیبیا؛ داڕووخانی ئابووری بۆتە هۆی بێکاری یان نزمبوونەوەی داهات بۆ گەنجانی خوێندەوار. قەرزی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە ٢٠١٦ بۆ لیبیا، تواناکانی حکوومەتی لە دامەزراندنی هاووڵاتیانیدا سنووردار کرد؛ هەموو ئەمانە بوونە هۆی گوشار لە نێوان کەناڵە جیاوازەکانی دەسەڵات و هاوبەشیکردنی دەسەڵات لە نێوان بازرگانان، ئیسلامییەکان، هەوادارانی ڕژێمی پێشوو و دیموکراتە نوێیەکان. لە ئێستادا تونس ئەگەر بەو ڕێگه‌یەیشدا بڕوات بەڵام هێشتا تێچووەکەی ناکاتە ئەوەی کە لە ئەفغانستان خەرجی دەکەین.

بۆچی تونس بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێت، بەڵام وڵاتانی تر ناتوانن؟ ئەم پڕۆسەیە لە تونس لەگەڵ دامەزرێنەرەکەیان، "حەبیب بۆرگویبا"، سەرکردەی تونسی لە سەردەمی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٥٦ تا ١٩٨٧، دەست پێ دەکات.  ئەگەرچی "حەبیب بۆرگویبا" هاوشێوەی دیکتاتۆرەکانی تری عەرەب تا کۆتاییی ژیانی، سەرۆک بوو، بەڵام لە هەندێک ڕووەوە جیاواز بوو لەوانە: سوپاکەی بچووک بوو و لە جەنگی دژ بە ئیسڕائیل بۆ ماوەی چوار دەیە بەکاری نەهێنا؛ لە ڕاستیدا ئەو تەنیا دەنگێک بوو کە داوای پێکەوەژیانی دەکرد.   

حەبیب بۆرگویبا ئافرەتی لە تونس پەروەردە کرد و گەشەی بە تواناکانی دا و ڕێگەی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و یەکێتییە بازرگانییەکان و سەندیکای پارێزەران و گرووپەکانی ئافرەتان دا کە پێشتر لە لایەن ڕژێمە سەرکوتکەرەکەی پێشووەوە قەدەغە کرابوو و هاوکات پاڵپشتیی دەستوورێکی نوێیشی کرد لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی لە تونس. جگە لەمانە، تونس کەمێک نەوتیشی هەبوو و دەبوو وەبەرهێنانی لە پەروەردەکردنی میللەتەکەی بکردبا.

تونس لە ماوەیەکی کورتدا، پاڵپشتییەکی کەلتووریی هەبوو بۆ بەردەوامیدان بە شۆڕشێکی دیموکراتی، بەڵام گۆڕانە سیاسی و کەلتوورییەکان بە ئاڕاستەیەکی تر جووڵا. ئەمریکا ویستی و پەلەیشی کرد لە پێویستیی گۆڕانی کەلتووری لە ئەفغانستان و عێراق، بەڵام هەروەک "پیتەر درەکەر" جارێکیان گوتی: "بەکەلتوورکردنی دیموکراسی، وەک نانی بەیانی گرنگە"، ئەو ڕاستییە و ناکارامەییی ئێمە و گەندەڵیی ئەوان، هەوڵ و بەرنامەی دیموکراسیی ئەمریکای لە عێراق و ئەفغانستان ناکارا کردووە.

هەموو ئەمانە وا دەکەن کە، من بەم شێوەیە بیر لە بڕیارە لەناکاوەکەی ترامپ بکەمەوە سەبارەت بە کێشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و خواستی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی سەربازەکانی لە ئەفغانستان. پێم وایە سەبارەت بە ئەفغانستان، بڕیارەکەی دروستە. ئێمە قاعیدەمان لەوێ تێک شکاندووە؛ ئێستا کاتی ئەوەیە دانوستان لەگەڵ تاڵیبان و پاکستان بکەین و باشترین قۆناغیشە بۆ دەرچوون لە ئەفغانستان و بەگوێرەی توانایش کارمان لەگەڵ خەڵکانێک کرد لە ئەفغانستاندا. ئەفغانستان بە کۆمەڵێک وڵاتی سەختی وەک ڕووسیا، پاکستان، هیندستان، چین و ئێران دەورە دراوە و ئەو وڵاتانەیش دەتوانن گەماڕۆی ئەفغانستان بدەن و تێکی بشکێنن. ئێمە لەو وڵاتە باجی ئەوەمان داوە.

من پێم باشە هێزە تایبەتەکانمان لە سووریا بهێڵینەوە، ئەگەرچی لەبەر ئەوە نییە کە ئێمە داعشمان لەناو بردبێت. داعش بەرهەمی ڕاستەوخۆی ململانێ هەرێمییەکانی نێوان سوننە و شیعەیە بە ڕابەرایەتیی سعوودیا و ئێران. داعش وەک هێزێکی سوننیی پەڕگیر لە دژی هەوڵە توندڕەوەکانی ئێران و میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا سەری هەڵدا، بە هۆی پاکتاوی نەژادی و پەراوێزخستنی سوننەکان لە عێراق و سووریا. هەتاکوو ئێران ئەو ستڕاتیژە توندڕەوە بەکار بهێنێت، داعش بە شێوەی جیاواز خۆی دووبارە دەکاتەوە.

لەبەر ئەوە تەنیا پڕۆسەیەکی ئاشتی کە بتوانێت لەمڕۆدا سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بهێنێت پڕۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین نییە، بەڵکوو ئاشتیی نێوان ئێران و سعوودیایە. ئەو بڕە پارەیەی کە ئەمریکا لە سووریای خەرج کردووە کەم نییە و، سەرەڕای ئەوەیش گرنگترین شت ڕێگریکردنە لە خراپبوونی دۆخەکە و دروستبوونی کارەساتی گەورە بەم ڕێگەیەی خوارەوە: دەکرێت ئەمریکا ڕۆڵ بگێڕێت و نێوەندگیری بکات بۆ پاراستنی کوردەکان و سوننە میانەڕەوەکان لە کوشتاری حکوومەتی سووریا و تورکیا. کوردانی سووریا و عێراق لە زۆر بیرۆکە و بابەتدا هاوشێوەن؛ هێزەکانیان لێهاتوون و بەهاکانی ڕۆژاوا جێبەجێ دەکەن. ڕەنگە ڕۆژێک دوورگەیەکی ئارامیان بۆ بونیاد بنێین و شایەنی پاراستنن.  

هەروەها هێزەکانمان یارمەتیی سەقامگیربوونی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات. زۆر سەختە ئەو جارە ڕێگە بە شەپۆلێکی قەبەی تری کۆچبەران بدەین کە زیاتر لوبنان و ئوردن ناسەقامگیر بکات و یەکێتیی ئەوروپا بگەڕێنێتەوە دواوە؛ وەک ئەوەی لە سەرەتای قەیرانی سووریادا ڕووی دا. لای من یەکێتیی ئەوروپا ئەمریکایەکی ترە لە جیهاندا و، ئێمە و ناتۆ بەرژەوەندیی باڵامان هەیە بۆ پاراستنی یەکێتیی ئەوروپا لە پارچەپارچەبوون بە هۆی لێشاوی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە.

لە کۆتاییدا، بە هۆی کشانەوەمان لە ئەفغانستان دوو ملیار دۆلارمان لە کۆی ٤٥ ملیار بۆ دەمێنێتەوە و، دەکرێت لە ڕووی هەرێمییەوە لە سەرتاسەری جیهانی عەرەبیدا گۆڕانی کەلتووریی هاوشێوەی تونسی پێ ئەنجام بدەین. دەکرێت یارمەتییەکی گەورەی لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە، زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی و زانکۆی ئەمریکی لە ئەفغانستان پێ بدەین.

دەکرێت بە شێوەیەکی چڕتر بەرنامەی خوێندن/سکۆڵەرشیپ لە ئەمریکا بۆ زۆربەی قوتابیانی وڵاتانی عەرەبی دابین بکەین، یان پاڵپشتیی هەر کۆلێژێک بکەین کە بە شێوازی خوێندنی لیبڕاڵی ئەمریکی لە لوبنان یان لە هەرشوێنێکی وڵاتانی عەرەبی پەیڕەوی دەکەن.

دەکرێت بە شێوەیەکی چڕتر ڤیزایش بۆ قوتابیان دابین بکرێت، بەتایبەت ئافرەتانی عەرەب بۆ خوێندن لە ئەمریکا و، تەنانەت ٥٠٠٠ سکۆڵەرشیپ پێشکەشی ئێرانییەکان دەکەین بۆ هاتنیان بۆ ئەمریکا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی زانکۆ لە زانست، ئەندازیاری و پزیشکی؛ دەکرێت لە ڕێگەی شارێکی وەک دوبەی ڤیزاکان دابین بکرێن. ئەم پڕۆژەیە دەکرێت فراوانتر بکرێت! هیچ شتێک چیتر ئێرانییەکان زیاتر شەرمەزار ناکات.

ئێمە ١ ملیار دۆلار قەرزی بێسوو دەدەین بە پرۆژەی تونسی-ئەمریکییەکان کە هەڵی پڕۆژەی بچووک زیاتر دەکات. ٤٣ ملیار دۆلارەکەی تریش لە ژێرخانێکی نوێ لە ئەمریکا خەرج دەکەین.  لە ١١ی سێپته‌مبەرەوە ئێمە زیاتر پشتمان بە هێزی ڕەق بەستووە. هەندێکیان کۆتایییان پێ هاتووە، هەندێکیان تا ئێستا پێویستن، بەڵام زۆرینەی ئەو هێزە ڕەقە شکستی هێناوە. ئێستا کاتی هێزی نەرمی زیاترە. ئێستا زیاتر کاتی تیشکخستنە سەر پێدانی مۆدێڵی دیموکراسیی تونسییە بە وڵاتانی عەرەبی و ئێران، بەبێ ئەوەی یەک سەربازی ئەمریکی لە هیچ جه‌نگێکدا بەکار بهێنرێت. بەڵێ ئەمە کاتێکی زۆری دەوێت بەڵام هەرگیز کورتبڕیی تێدا نەبووە و ئەو ڕێگەیەی کە ئێمە پێشتر لە ڕێگەی هێزی ڕەقەوە لەگەڵ پێنتاگۆن هەوڵمان بۆ داوە بۆ ئەم مەبەستە، تەنها بۆتە هۆی زیادبوونی کوشتنی ئامانجەکان.

 

* تۆماس فریدمان گۆشەنووسی تایبەتمەند بە کاروبارەی دەرەوەیە. لە ساڵی ١٩٨١ەوە پەیوەندیی بەو ڕۆژنامەیەوە کردووە و سێ خەڵاتی پولیتزەری بردۆتەوە. ٧ کتێبی نووسیوە، لەوانە: کتێبی "لە بەیروتەوە بۆ ئۆرشەلیم" کە خەڵاتی نیشتمانیی کتێبی پێ وەرگرتووە.

 

سەرچاوە:

https://www.nytimes.com