کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەرەنجامی خراپی دەبێت

*مایکڵ نایت/ پەیمانگه‌ی واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نزیک

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتیی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام، بەهێزترین هاوپەیمانی بوو کە عێراق تا ئێستا ئەندامی بووبێت، بەڵام بەشێکی زۆری بەرهەمی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییە بەفیڕۆ دەچێت، ئەگەر هێزی هاوپەیمانان لە عێراق بکشێنرێتەوە.

پەرلەمانی عێراق ڕەنگە بەم زووانە پڕۆژەیاسایەک لەبارەی ڕێکخستنی هێزە بیانییەکان لەنێو خاکەکەیدا گەڵاڵە بکات و تاوتوێ بکات. ئەمە ماف و سەروەریی تەواوی عێراقە و بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەندامانی تری نێو هاوپەیمانییەکە، دەبێت ڕێز لەو بۆچوونەی عێراق بگرن ئەگەر هەرچییەک بێت. ئەو گرنگی و بایەخە زۆرە چییە کە عێراق بەڕوون و ئاشكرایی تێی گەیشتووە لە دەرکردنی هێزی هاوپەیمانان و چۆنێتیی وتە و کردارەکانی کە ڕەنگە کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانەکان هەبێت و لە هەمان کاتدا عێراق چ سوودێک دەکات لە نەبوونی سوپای هاوپەیمانان لەسەر خاکەکەی و، پێدەچێت عێراق هاوبەشێکی سەربازی لەدەست بدات و لە ڕووی سەربازییەوە لاوازتر بێت! عێراق هەرگیز لە ڕابردوودا بەم جۆرە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی نەکردووە، بەتایبەت لە سەرووبەندی هاتنی داعش بۆ عێراق لە ٢٠١٤ دا. پاڵپشتییەکان ئەمانەی خوارەوە لەخۆ دەگرت:

- هاوپەیمانیی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش

ئەمریکا هاوپەیمانییەتێکی پێک هێنا کە ٧٩ وڵاتی ئەندامی لەخۆ دەگرت، لەوانە عێراق، ٧٣ دەوڵەتی جیاواز و ٥ ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، لەوانە کۆمکاری عەرەبی، کۆمەڵەی وڵاتانی كه‌ناری عاج [كۆتدیڤۆوار]، یەکێتیی ئەوروپا، ئینتەرپۆل و ناتۆ. جگە لەمەیش ١٢ وڵات لە کۆی ٢٠ ئەندامی وڵاتانی جی ٢٠ لەوانە: ئوسترالیا، بریتانیا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سعوودیا، کۆریای باشوور، تورکیا و ئەمریکا. لە ڕووی جوگرافییەوە، هێزی هاوپەیمانان لە ٣٨ دەوڵەتی ئەوروپی، ١٣ دەوڵەتی ئەفریقی، ١٠ دەوڵەتی ئاسیایی، ٩ دەوڵەتی عەرەبی، لەوانە سعوودیا و وڵاتانی تری کەنداو.

- ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان

هاوبەشی سەرەکیی سەربازیی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی، ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بوو. ئەمریکا ڕابەرایەتیی گرووپێکی پانزە ئەندامیی دەکرد لەوانە: ئوستراڵیا، بریتانیا، کەنەدا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئوردن، مەغریب، هۆڵەندا، نۆروێژ، پورتۆگال، ئیسپانیا، سوید و تورکیا.

لە ماوەیەکی کورتدا، عێراق وەک بەهێزترین دەوڵەت لە ڕووی سەربازییەوە دەردەکەوت، لە ڕووی ئابوورییەوەیش بۆ ماوەی ٥ ساڵ عێراق بەرەو بووژانەوە هەنگاوی دەنا. سەرەڕای ئەم هەوڵانە لە لایەن پاڵپشتیی ئەندامانی جی ٢٠ەوە، عێراق ٥.٣٨ ملیار دۆلاری لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەیشدا لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا ٣٠ ملیار دۆلاری پێ دراوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە لایەن ئەندامانی هاوپەیمانانەوە لە کۆنفڕانسی کوێت ڕێک خرابوو.  

کێ گرنگی بە عێراق دەدا و داوە؟

ئەو تیشکخستنەسەره‌ بێوێنەیە بۆ زیندووکردنەوە و سەقامگیری و سەرکەوتنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە، لەبەر هەندێک دەرکەوتەی ئاشکرا نەبووە کە عێراق زۆر پێویستی پێی هەبووە وەک هاوبەشێک. هیچ یەکێک لە هاوبەشانی ئەمڕۆی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، گرنگییان بە عێراق نەدا و لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١ کاتێک عێراق ڕووبەڕووی ناخۆشی بووەوە، هاوپەیمانان هێزێکی ئەوتۆیان لە عێراق نەبوو، بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا و ناتۆی ئێستا کە هێزەکانیان جووڵاندووە و لەژێر ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیماناندان. هەر یەک لەو هێزانە تا ئێستایش ڕۆڵێکی گرنگییان لە یارییەکەدا هەیە، چونکە سەربازەکانیان لە گۆڕەپانەکەدان.

لە ڕاستیدا ناردنی خزمەتگوزار و ئافرەتان بۆ دەرەوە، هێمایەکی بەهێزە بۆ پیشەسازیی کەرەستەی جەنگی ئەڵمانی، کەنەدی، هۆڵەندی، نۆروێژی و سویدی. بەر لە ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، زۆر زه‌حمه‌ت بوو گەورەترین هێزە ئابوورییەکانی جیهان گرنگییەکی وا گەورە بە عێراق بدەن. لە دوای ئەوەی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان دامەزرا، زۆرینەی ئەندامانی جی ٢٠ و کۆمپانیاکانی یەکێتیی ئەوروپا پابەند بوون بە بووژاندنەوەی عێراق. ئەمە ڕێکەوت نییە.

هەر لە ٢٠١٤وە، ئەندامانی هاوپەیمانان مامەڵەی خۆیان فراوان کرد لە هەوڵەکانیان بۆ ڕاهێنان بە ٢٨ لیوای سوپای عێراقی، ئەنجامدانی هەزاران هێرشی ئاسمانی و چەندین ملیار دۆلاری وەک یارمەتی لە بواری ئاسایش، ٦٩ ڕووداوی مردن و چەندین قوربانی لەو پڕۆسەیەدا. دەکرێت بەڵگەی زیاتر ئەگەر پێویست بکات بۆ پەیوەندیی نێوان هێزە سەربازی و ناسەربازییەکانی عێراق و هاوپەیمانان بخەینە ڕوو؛ هەرچەندە، ئەگەر یەک بەڵگەی پێویست هەبووبێت تەنیا بەراوردکردنی ژمارەی سەردانەکان بووە بۆ عێراق لە لایەن سەرۆکەکان، سەرۆکوەزیرانەکان، وەزیرانی دەرەوە و وەزیرانی بەرگری به‌ر له‌ هاتنی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان. بۆ سەرکردە ڕۆژاوایییەکان، سەردانیکردنی عێراق مانای هەوڵ و فراوانخوازی و پلانی ئاسایشی بووە بۆ وڵاتەکانیان. سەردانیکردنی لەم شێوەیە هێمایەکی بەهێزە بۆ پابەندبوون بە داهاتووی وڵاتەکانیان.

چۆن بەردەوامی بە ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بدرێت؟

بۆ دڵنیابوونەوە لەم بابەتە و بەردەوامبوون لەسەری، حکوومەتی ئەمریکا پێویستە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان و هاوپەیمانیی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش کۆ ببێتەوە و داوایان لێ بکات بۆ گەیاندنی سێ خاڵی گرنگ بە حکوومەتی عێراق:

- عێراق پێویستی بە پشتگیریی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانانە

سوپای عێراق لە ئێستادا باشترە لەو کاتەی کە لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا مووسڵ کەوت؛ ئەمەیش بە هۆی کادیری سەرکردایەتیی ناسیاسییەوە. ئەگەرچی، هەم سوپای عێراق و هەمیش حەشدی شەعبی، ناڕێکخراو، نائامادە و ناپیشەیی بوون، بەڵام ڕاهێنانیان پێ کرا و پڕچەک کران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە مووسڵ، کەرکووک و دیالە.

- ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان یان بەیەکەوە دەبن، یان بەیەکەوە عێراق جێ دەهێڵن

هەندێک فڕاکسیۆنی دژەئەمریکی بەبێ هیچ دوودڵییەک داوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و بریتانیا دەکەن لە ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، بە هیوای کەمکردنەوەی بەشداریی ئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنەکان بەبێ لەدەستدانی پاڵپشتیی ئەوروپییەکان، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر هۆکار هەن کە بۆچی ئەمریکا سەرکردایەتیی هێزی هاوپەیمانان دەکات! ئەمریکا زۆرینەی پاڵپشتیی لۆجیستیکیی ئەو هاوپەیمانییە دابین دەکات. یارمەتیی هەواڵگری، یارمەتیی ئاسمانی و دارایی کە لە لایەن واشنتۆنەوە دیاری دەکرێت، نە ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان و نە ناتۆیش لە ڕووی سیاسی و لۆجیستییەوە ناتوانن ئەمانە بەبێ ئەمریکا ئەنجام بدەن. ئەمەیش مانای وایە تەواوی پەیکەری ناوەندیی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان بەبێ ئامادەبوونی ئەمریکا دەڕووخێت و لەناو دەچێت، ئەگەر بێت و فڕاکسیۆنێک گفتوگۆ لەبارەی دەرکردنی ‌هێزەکانی ئەمریکا بکات لە عێراقدا. لەم دوایییەدا هەندێک میلیشایش ئەم داوایانەیان کردووە بەڵام دەرەنجامەکەی ئەوەیە کە عێراق تەواوی پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکەی لەدەست دەدات.

- بەبێ ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، عێراق پەیوەندییە جیهانییەکانی زۆر کەم دەبێتەوە

بەگوێرەی داتاکان عێراق بەر لە دروستبوونی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، لە ڕووی دیپلۆماسی و ئابوورییەوە چەقبەستوو بووە و ئەگەر هێزی هاوپەیمانان یارمەتپی سەربازپی عێراقی نەدابایە، ئەوا دەگەڕایەوە دۆخی چەقبەستوویپی پێشووی. ئەگەر هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان نەبوایە، ئەوایە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بەغدا دەگەڕایەوە خاڵی سەرەتا و خاڵی تێکشکان.

حکوومەتی ئەمریکا پێویستە دڵنیا بێتەوە لەوەی کە هەر هاوبەشێکی هاوپەیمانان، بەتایبەت بەشداربووانی ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان، بەڕوونی و دەستبەجێ ئه‌م خاڵانه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی عێراق ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌ (دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا). گفتوگۆکردنی نەرم و بڕیاردان لەسەر ئەم خاڵە، ڕەنگە یارمەتیی سەرکردەکانی عێراق بدات و بەرچاوڕوونیشیان هەبێت لە چۆنێتیی داهاتووی پاڵپشتیی سەربازی، سیاسی و ئابووریی نێودەوڵەتی بۆ ناوەندی هێزی هاوبەشی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان و ئەرکەکانی.

 

*توێژەرە لە پەیمانگه‌ی واشنتۆن و لە دوای ٢٠٠٣وە لە هەموو پارێزگه‌کانی عێراق کاری کردووە.

سەرچاوە:

https://www.washingtoninstitute.org