ڕانانی دیموکراسی لە لایەن حکوومەتە سەرەڕۆکانەوە

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس

لە دنیای ئەمڕۆدا، گریمان ئەوەیە کە دیموکراسی چاکترین شێوەی حکوومەتە. یەکێک لە هۆیەکانی ئەوەیە کاتێ خەڵک بە دەنگی خۆیان حکوومەتێک هەڵدەبژێرن، هەست دەکەن لە داهاتووی وڵاتەکەیاندا بەشدارن. بە واتایەکی تر، ئەوان دەبن بە هاووڵاتیانێکی چاکتر.

بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش بریتییە لەوەی کە سەرەڕای ئەوەی ئەم لۆژیکە قەناعەتهێن دێتە بەرچاو، بەڵام زۆربەی حکوومەتەکانی ئەمڕۆ ناوەڕۆکێکی سەرەڕۆیانەیان هەیە. تاقە نەرمییەک، کە حکوومەتەکانی ئەمڕۆ، بە پێڕەوی لە ڕۆحی زەمانە، ملیان بۆ داوە، ڕانانی دیموکراسییە. بەڵام چۆن ئەم کارە دەکەن؟

دەگوترێ دەسەڵات هەمیشە مرۆڤە زیرەکەکان بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. کاتێک باسی ئەو حکوومەتە سەرەڕۆیانە دەکرێ کە خۆیان به‌ دیموکراتیک نمایش ده‌كه‌ن، ڕاستبوونی ئەم گوتەیە خۆی دەسەلمێنێ. ئەو حکوومەتانەی کە هەموو ئامانجیان درێژەدان بە حکوومەت و پاراستنی دەسەڵاتە، ڕێگەچارەی جیاوازیان بۆ بێبارکردنی ئۆپۆزیسیۆن و سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا هەیە.

شێوازە جیاوازەکانی سیاسەتی ‌په‌كخستنی ئۆپۆزیسیۆن

بەشداریکردنی ڕێژەییی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی بێسەروبەردا، دەتوانێ کەلتووری دیموکراسی و هیوای گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لەم حکوومەتە سیاسییانەدا بەهێز بکا. هێندێک جار، هیوای خەڵک بۆ گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان دەبێتە هۆی وەرچەرخان یان جموجۆڵێکی بەهێز.

- حکوومەتێک دەتوانێ هەڵبژاردن بکا، بەڵام تاقە بژاردەی ئەو، یەک حزبە، حزبی خاوەن دەسەڵات. نموونەکەیشی تورکمەنستانە.

- حکوومەتێک دەتوانێ هەڵبژاردن بکا، بەڵام دەرەنجامەکەی، هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانێکی تەواو ملکەچی وەک کازاخستانە.

- حکوومەتێک دەتوانێ هەڵبژاردن بکا، بەڵام بە دروستکردنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ساختەوە بەس دەرفەت بە کەسانێک دەدا کە سەر بە گرووپی حکوومەتن. نموونەکەی ئۆزبەکستانە.

- حكوومه‌تێكی وه‌ك ئێران ده‌توانێ هه‌ڵبژاردن بكات و ڕێگه‌ به‌ بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاسته‌قینه‌ بدات، به‌ڵام كاندیده‌كانی له‌ ڕێگه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی لێوه‌شاوه‌یییان، بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌وه‌.

- حكوومه‌تێك ده‌توانێ هه‌ڵبژاردن بكات و ڕێگه‌ به‌ بوونی ئۆپۆزیسیۆنێكی ڕاسته‌قینه‌ بدات، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی سنوورداركردنی ده‌ستگه‌یشتنیان به‌ میدیاكان كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی توندی ده‌وڵه‌تدان، ده‌توانێ بێكاریگه‌ریان بكات. نموونه‌كه‌ی، ڕووسیایه‌.

ئەمانە گشتیان شێوازگەلێکن کە حکوومەتە نادیموکراتیکەکان دەتوانن بە بەکارهێنانیان وا بهێننە بەرچاو کە گوایە لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. ئەوان ڕێز لە شێواز و ڕێسا دیموکراتیکەکان ناگرن، بەڵام لاساییی بەشێک لە کارکردەکانی سیستەمی دیموکراتیک دەکەنەوە. بەڵام نموونەیەکی تری هێشتنەوەی دەسەڵات بە شێوازە ناڕەواکان، کە زۆرتر بەکار دەبردرێ، گزیکردن یان وەک ئەمڕۆ دەڵێن: دزینی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانە.

ئەم کارە چۆن ئەنجام دەدرێ؟ ستیفان نیکس، بەڕێوەبەری بەشی ئەوروپا-ئاسیای ئەنستیتۆی نێونەتەوەییی کۆمارییه‌كانی ئەمریکا، لەم بارەوە دەڵێ: "یەکەم هەنگاوی گزیکردن، لە پێڕستی ناونووسکردنی دەنگدەراندایە. حکوومەتەکان زۆر جار گزییان لەم پێڕستەدا کردووە و نەیانهێشتووە چاودێر یان ڕای گشتی پێی بزانن. بۆ نموونە، ئەوان ناوی ساختە یان ناوی خەڵکی مردوویان خستووەتە نێو پێڕستەکە و دەنگی ئەوان بۆ خۆیان دەنووسن. یان لە پێڕستەکەدا ناوی بەشێک لە دەنگدەرانی یاسایی دەسڕنەوە."

ستێفان نیکس کە سێ ساڵ زیاتر لە ئۆکراینا کاری کردووە، ڕەنگە نەک هەموو بەڵکوو زۆربەی شێوازەکانی گزیکردنی حکوومەتەکانی لە نزیکەوە بینیون. نیکس لەم بارەوە دەڵێ: یەکێکی تر لە شێوازەکان، دەنگدانی زووترە لە ڕۆژی دیاریکراودا و ئەم شێوازەمان لە بیلاڕووسیا بینی. دەنگدەرانی ئەو وڵاتە، بەپێی ده‌ستووری وڵاتەکەیان، دەتوانن پێنج ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن.

بە گوتەی ئەو: "ئەم شێوازە دەتوانێ هەلی چاک بۆ گزیکردن بڕەخسێنێ، چونکە نە چاودێرێک لەوێیە و نە بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەنجام دەدرێ." نیکس هەروەها دەڵێ: "بۆ نموونە، لە بیلاڕووسیا بینیمان نزیکەی ٢٨٪ی دەنگەکان، لە ڕۆژانی بەر لە هەڵبژاردندا کۆ دەکرێنەوە و حکوومەتیش لەم ڕۆژانەدا دەتوانێ بە چاکی هەلەکە بقۆزێتەوە."

گزیکردن بە سندووق یان بنکە گەڕۆکەکانی دەنگدان

لە زۆربەی وڵاتاندا چونکە مرۆڤە سەقەتەکان ناتوانن بچنە سەر سندووقی دەنگدان، ناچارن دەنگی خۆیان لە ماڵەوە بخەنە نێو سندووقەکان. ڕۆیشتنی کارگێڕانی دەنگدان بۆ ماڵی ئەو کەسانە، لە وڵاتە نادیموکراتەکاندا، دەبێتە هۆی ترسانی دەنگدەران و ناچار دەنگ بە بژاردەکانی حکوومەت دەدەن. بۆیە ڕۆیشتنی کارگێڕانی دەنگدان بۆ ماڵی خەڵک، لە وڵاتە نادیموکراتەکاندا، تەنانەت ئەگەر سەقەت و نەساغیش نەبن و داوای سندووقی دەنگدانیشیان نەکردبێ، کارێکی ئاسایییە.

هەموو ئەم شێوازانەی ترساندن و گزیکردن لە پرۆسەی دەنگداندا بۆ چاودێرە نێونەتەوەیییەکانی وەک ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەوروپا ئاشکرا و ناسراون. وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکخراوەدا، بەپێی بەڵێننامەکەیان، دەرفەت بە چاودێران دەدەن تا لە کاتی هەڵبژاردندا سەردانی ئەو وڵاتە بکەن. بەڵام ئامادەبوونی ئەم چاودێرانە بە مانای نەبوونی گزی نییە و، حکوومەتە نادیموکراتەکان هەوڵ دەدەن گزییەکانی خۆیان لە چاودێرانی نێونەتەوەیی بشارنەوە.

بەردەوامبوونی ئەم بارە، پرسیارێک قووت دەکاتەوە: ئەگەر هەر دوو لایەنی کێشەکە، واتا هەم حکوومەت و هەم چاودێرانی نێونەتەوەیی، دەزانن کە خەریکی یارییەکەی مشک و پشیلەن، بۆچی لەم کارەدا بەردەوام دەبن؟

ستێفان نیکس دەڵێ: "ئامانجی حکوومەتە سەرەڕۆکان ئەوەیە کە بۆ ڕۆژاوا بسەلمێنن حکوومەتی وڵاتەکەیان خەریکە بەرەو دیموکراسی هەنگاو دەنێ. مەبەستیان ئەوەیە بڵێن ئێمە لە ئاست بەڵێنەکانی خۆماندا، بۆ هێنانەدیی دیموکراسی، مکوڕین و یەکێک لە بابەتە هەرە گرنگەکانیش، پرۆسەی دەنگدانه‌ بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانە."

هەبوونی چاودێرانی نێونەتەوەیی لە حکوومەتە سەرەڕۆکاندا، هۆیەکی گرنگی تریشی هەیە و ئەویش ئەوەیە کە بەشداریکردنی ڕێژەییی خەڵک لە هەڵبژاردنێکی پڕ لە گرێوگۆڵیشدا، دەتوانێ کەلتووری دیموکراسی و ڕەخساندنی بوارێک بۆ گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی حکوومەتدا بەهێز بکا.

دوو نموونەی ئۆکراینا و کۆماری ئازەربایجان

ستیفان نیکس بەم شێوەیە باسی ئەزموونی خۆی لە ئۆکراینا دەکا: "ئەگەر بگەڕێنیەوە سەر ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی ئۆکراینا، گومان لەوەدا نییە کە ڕاپۆرتی چاودێرە نێونەتەوەیییەکان تاقە بەڵگەی نووسراو و یاسایی لەمەڕ بینینی دەنگدانەکان و نیشاندەری کێماسییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئەو ساڵەیە. دادگه‌ی باڵای ئۆکراینا هەر بەپێی ئەم بەڵگەیە بوو، کە بۆ سێیەمین جار بڕیاری هەڵبژاردنی سەرلەنوێی دەرکردەوە."

بە گوتەی نیکس: "ڕاپۆرتی چاودێرانی نێونەتەوەیی ڕۆڵێکی گرنگی لە ڕانانی بەڵگەکان بۆ دیوانی باڵای ئۆکراینا هەبوو و بناغەی بڕیارەکەیشیان هەر لەسەر ئەوە هەڵچنرابوو. جگە لەمەیش، ڕاپۆرتی چاودێرە نێونەتەوەیییەکان ڕۆڵێکی گرنگی لە هەڵسەنگاندنی ڕای گشتیی ئەم وڵاتە هەبوو. دەرەنجامی ئەم ڕاپۆرتە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاو کرایەوە و ڕای گشتی لەمەڕ چۆنێتیی هەڵبژاردنی ئۆکراینا کەوتە ژێر گومانێکی زۆر." کەواتە یارییەکەی مشک و پشیلە، لە نێوان حکوومەتە سەرەڕۆکان و چاودێرانی نێونەتەوەییدا هەر بەردەوام دەبێ.

بڕیارە چاودێرانی ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەوروپا لە پانزدەی ئۆکتۆبەردا پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری لە ئازەربایجاندا کۆنترۆڵ بکەن. لەنێو حەوت ڕکابەری ئیلهام عەلیۆف، سەرۆککۆماری ئێستای کۆماری ئازەربایجان، له‌ هەڵبژاردندا، هیچ ده‌موچاوێكی جددیی نه‌یاری حکوومەت نابینرێ و وا دێته‌ پێش چاو كه‌ سه‌ركه‌وتنی دووباره‌ی ئه‌و، چاره‌نووسێكی حه‌تمی بێت له‌ سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا‌. ئەم هەڵبژاردنە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئازەربایجان لە ٢٠٠٥دا، دەبێتە یەکەمین دەنگدانی گشتیی کۆماری ئازەربایجان.

ڕێکخراوی هاوکاری و ئاسایشی ئەوروپا لەو سەردەمەدا ڕای گەیاند، کە ڕێسا و پێوەرە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان نه‌گیراونه‌ته‌ به‌ر. بەڵگەیشیان ئەوە بوو کە شێوازی ژماردنی دەنگەکان لە ٤٣٪ی بنکەکانی دەنگداندا "خراپ" یان "زۆر خراپ" بوون.

 

سەرچاوە:

https://www.radiofarda.com