ئايا چين و ئه‌مريكا ده‌توانن ئاشتييانه‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن؟

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

14ى ئادارى 2019

پرسيار: له‌ گێڕانه‌وه‌ى شه‌ڕى پلۆپۆنيزيدا، توسيديدس نووسيويه‌: "هه‌ڵدان و هه‌ڵكشانى ئه‌تينا و ئه‌و ترسه‌ى له‌ناو سپارتاى چاند، وايان كرد شه‌ڕ ببێته‌ شتێكى له‌چاره‌نه‌هاتوو." لێكۆڵه‌رى هارڤارد، گراهام ئه‌ليسۆن، دواتر تێرمى "داوى توسيديدس "ى بۆ باسكردن له‌ پێوه‌ندييه‌كانى چين- ئه‌مريكا به‌كار هێنا. دوا به‌ دواى ديمانه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زيرى پێشووى ئه‌مريكا، هێنرى كيسنجه‌ر له‌ 2015دا، سه‌رۆكى چين شى جين بينگ گوتى: "شتێكى وه‌سا به ‌ناوى داوى توسيديدس له‌ جيهاندا نييه‌. لێ كه‌ وڵاته‌ سه‌ره‌كييه‌كان، چه‌ندباره‌ له‌ حيساباته‌ ستراتيژييه‌كانى خۆياندا هه‌ڵه‌ بكه‌ن، له‌وانه‌يه‌ ته‌پكه ‌و داو‌ێكى له‌م بابه‌ته‌ بۆ خۆيان بنێنه‌وه‌." سه‌نته‌رى بيگن- سادات به‌م پرسياره‌ ئه‌م ديبه‌يته‌ ده‌كاته‌وه‌: ئايا چين و ئه‌مريكا ده‌كارن به‌ئاشتييانه‌ پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن؟

 نيكۆلا كاسارينى (لێكۆڵه‌رێكى سه‌ره‌كييه‌ له‌ ئينستيتۆى كاروبارى نێوده‌وڵه‌تى (IA)،‌ ڕۆما):
چين و ئه‌مريكا، بێ له‌ به‌يه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردنى ئاشتييانه‌، هيچ ڕێچكه‌يه‌كى ديكه‌يان نييه‌. ئه‌و ئه‌رگيومێنت و به‌ڵگانه‌ى بۆ لێكهه‌ڵبڕينى ئابووريى ئه‌مريكا له‌ ئابووريى چين ده‌هێنرێنه‌وه‌، بێمفا و بێكه‌ڵكن، ئه‌گه‌ر هه‌راوى و قووڵيى پشتبه‌يه‌كبه‌ستنى ئه‌و دوو ئابوورييه‌ له‌پێش چاو دابندرێ. هه‌روابێته‌وه‌، ئه‌و پێشنيارانه‌یش كه‌ ده‌خرێنه‌ ڕوو بۆ بنكۆڵكردنى چين، ديسان سه‌ر ناگرن ئه‌گه‌ر هاوپه‌يمان و هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مريكا  له‌ ناوچه‌كه‌دا جێبه‌جێيان نه‌كه‌ن. له‌م قۆناغه‌دا، ئه‌مه‌یش كارێكى ته‌واو نه‌شياوه‌ و ته‌نانه‌ت وڵاتێكى وه‌كوو ژاپۆن كه‌ هه‌ست و نه‌ستى دژه‌چينييانه‌ى تێدا به‌رزه‌، له‌ بارى سياسييه‌وه‌ پێى سه‌خته‌ ستراتيژييه‌كى بنكۆڵكردن له‌ڕاست دراوسێيه‌ به‌هێزه‌كه‌ى بگرێته ‌به‌ر- به‌تايبه‌تى له‌ پێڤاژۆى مه‌يل و خولياى تاكڕه‌وانه‌ى ترامپدا.
ترامپ به‌ باشى ده‌زانێ له‌سه‌ر بنه‌مايه‌كى دووقووڵى مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك چيندا بكا- ئه‌وه‌ ڕێچكه‌يه‌كه‌ جودايه‌ له‌ سه‌رۆكى پێشووترى ئه‌مريكا؛ باراك ئۆباما له‌ سياسه‌تى خۆيدا به‌رانبه‌ر ئاسيا، پشتى به‌ هاوپه‌يمان و هاوبه‌شه‌كانى ئه‌مريكا ده‌به‌ست. ترامپ كه‌ حه‌ز ناكا هاوپه‌يمانه‌كانى پێكه‌وه‌ دژى چين كۆ بكاته‌وه‌، تا ڕادده‌يه‌ك ده‌سته‌به‌رى جۆرێ له‌ به‌يه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردنى ئاشتييانه‌ى واشنتۆن و په‌كين ده‌كا. ته‌نيا سه‌رۆكێكى زۆر تراديسيۆناڵى ئه‌مريكا ده‌توانێ شه‌ڕێك دژى چين به‌رپا بكا- كه‌سێك كه‌ بتوانێ به‌ته‌واوى سوود له‌ سيسته‌مى هاوپه‌يمانێتييه‌كانى ئه‌مريكا بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ وه‌ربگرێ. 

 ئالۆن ليڤكۆويتز (لێكۆڵه‌رێكى هاوبه‌شه‌ له‌ سه‌نته‌رى بيگن- سادات بۆ ديراساتى ستراتيژى):
به‌ڵێ ده‌كارن، به‌ڵام به‌رده‌وام گرژى و ناخۆشيشيان له ‌نێواندا ده‌بێ. جه‌نگى ئێسته‌ى بازرگانى له ‌نێوان ئه‌مريكا و چيندا، ته‌نيا ڕه‌هه‌ند و ڕووێكى‌ ئه‌و پێوه‌ندييه‌ ئاڵۆزوپاڵۆزه‌ى له ‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ زلهێزه‌دا هه‌يه‌. له‌وانه‌يه‌‌ جه‌نگى بازرگانى له ‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا، به‌م زووانه‌ له‌ ڕێگه‌ى سازشێكه‌وه‌ چاره‌ بكرێ. سازشێك كه‌ تێهه‌ڵنه‌هاتنه‌وه‌ [له ‌نێوان هاورده‌كردن و ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ى كاڵادا]ى بازرگانى له ‌نێوان ئه‌مريكا و چيندا، كه‌م بكاته‌وه‌. لێ واشنتۆن تێ ده‌گا كه‌ ڕۆڵى چين ساڵ دواى ساڵ له‌ ئابووريى جيهانيدا زێده‌تر ده‌بێ. نموونه‌يه‌كى ئه‌وه‌، ڕۆڵى په‌ره‌سه‌ندووى بانكى وه‌به‌رهێنانه‌ له‌ ژێرخانى ئاسياييدا (AIIB) و وه‌به‌رهێنانى چينييه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا. ده‌بێ واشنتۆن به‌ سياسه‌تى جيهانیى خۆى له‌ بوارى وه‌به‌رهێناندا بچێته‌وه‌، پێش ئه‌وه‌ى چين ببێته‌ ياريزانێكى باڵاده‌ستى ئابووريى جيهانى.
ڕووى دووه‌مى ئه‌و پێوه‌ندييه‌ى نێوان ئه‌مريكا و چين، بوونى سه‌ربازييه‌ له‌ ئاسيا. ئاسيا، به‌تايبه‌تى هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌مريكا له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ نياز و مه‌رامه‌كانى ترامپ بگه‌ن. داخوا كاربگێڕييه‌كه‌ى ترامپ به‌رده‌وام ده‌بێ له‌ بادانه‌وه‌ به‌ ئاقارى ئاسيا و به‌رزه‌فتكردنى چين، يان داخوا نايه‌وێ مايه‌ى خۆى له‌ كێشه ‌و ئاريشه‌كانى ناوخۆى ئاسيادا بكا، بۆ نموونه‌ له‌ بابه‌تى پرسى ده‌رياى باشوورى چين؟ ئه‌گه‌ر ترامپ بڕيار بدا ڕووبه‌ڕووى چين ببێته‌وه‌ نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر پرسه‌ ئابوورييه‌كان، به‌ڵكه‌ له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتيژى و هه‌رێمايه‌تييه‌كانيش، ئه‌وا ده‌كرێ چاوه‌ڕێى گرژيى زێتر له ‌نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌دا بكرێ، به‌ڵام بگاته‌  ڕادده‌ى شه‌ڕ و پێكدادان، نه‌خێر.

 يوان شا (ياريده‌ده‌رى لێكۆڵه‌ر، به‌شى ديراساتى ئه‌مريكى، ئينستيتۆى چين بۆ ديراساتى نێوده‌وڵه‌تى (CIIS)، په‌كين):
من له‌م باره‌وه‌ گه‌شبينم، چونكه‌ كێشه‌وبێشه‌ى نێوان ئه‌م دوو وڵاته‌، زۆرتر پرسێكه‌ پێوه‌ندیى به‌ لێتێگه‌يشته‌وه‌ هه‌يه‌. يه‌كه‌م، چين و ئه‌مريكا دوو دوژمنى سروشتیى يه‌كتر نين و هيچ كێشه ‌و ئاريشه‌يه‌ك كه‌ پێوه‌ندیى به‌ خاكه‌وه‌ هه‌بێ له ‌نێوانياندا نييه‌، هيچ دوژمندارييه‌كى مێژوويیيان له ‌نێواندا نييه‌ و  به‌ريه‌ككه‌وتنێكى هه‌نووكه‌يیى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانيش له‌ گۆڕێدا نييه‌. له‌وما شتێكى بێمانايه‌ به ‌لاى چينه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووى توانا و شاره‌زايیى سه‌ربازييه‌وه‌، له‌ ڕووى هێز و تواناى ئابوورييه‌وه‌، له‌ ڕووى سۆفت پاوه‌ره‌وه كه‌‌ زۆر له‌ دواى ئه‌مريكاوه‌يه‌، ئالينگاریى باڵاده‌ستيى  ئه‌مريكا له‌ جيهاندا بكا. دووه‌م، ئه‌م دوو وڵاته‌ زۆر به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌شيان له ‌نێواندا هه‌يه‌. هاريكارى له ‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا كارێكى پێويسته‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ جيهانييه‌كان وه‌كوو: بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى نوكليارى، گۆڕانى كه‌شوهه‌وا، تيرۆريزم،  په‌تاكان و قاخچێتيى مادده‌ بێهۆشكه‌ره‌كان. هه‌ر دوو وڵات به‌ بازرگانيى نێوده‌وڵه‌تى، زێتر هه‌ڵ ده‌ده‌ن و گه‌شه‌ ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیيشيان له‌ پاراستنى نيزامێكى چه‌سپاو و جێگيرى نێوده‌وڵه‌تيدا هه‌يه‌.
بێ له‌وانه‌یش، هه‌ر دوو لايه‌ن ده‌كارن په‌نا بۆ ڕێوشوێنى ئاشتييانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى جياوازييه‌كانيان ببه‌ن. داموده‌زگه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، سه‌ربارى هه‌موو خه‌وشێكيان، پلاتفۆرمێكن كه‌ ده‌كرێ داوه‌رى له‌ كێشه‌ و ئاريشه‌كانى نێوان هه‌ر دوو لادا بكه‌ن و بنه‌ما و پێوه‌ره‌كان پته‌و و تۆكمه‌ بكه‌ن و چاوه‌ڕوانیى چين و ئه‌مريكا له‌ يه‌كتر بێننه‌ ئاراوه‌. هه‌روا هه‌ر دوو وڵات ده‌كرێ دانوستاندن له‌گه‌ڵ يه‌كتردا بكه‌ن و ڕێككه‌وتننامه‌ى دووقۆڵى مۆر بكه‌ن له‌  كۆمه‌ڵێ بواردا، له‌ بازرگانييه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ سنووردانان بۆ چه‌كوچۆڵ. له‌ هه‌مووانيش گرنگتر، هه‌ر دوو وڵات وه‌كوو دوو هێزى نوكليارى، ده‌بێ به‌ هه‌موو ڕێوشوێنێ هه‌وڵ بده‌ن  خۆ له‌ جه‌نگ لا بده‌ن و دوور بكه‌ونه‌وه‌.
لێ ده‌بێ تێبينييه‌كى هۆشدارانه‌یش بده‌م. پێوه‌ندييه‌كانى نێوان زلهێزان پێويستى به‌ ئيداره‌دانێكى به‌پارێز و ورد هه‌يه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌وه‌ى ناكۆكى و كێشه‌ له‌ هزر و وێناكردنه‌وه‌، نه‌بنه‌ كێشه‌وبێشه‌يه‌كى واقعى. جياوازييه‌كان له‌ بواره‌كانى سيسته‌مگه‌لى سياسى، مۆدێله‌كانى ئابوورى و ئايديۆلۆژى، متمانه ‌و به‌قابه‌يه‌كترنه‌كردنيان لێ ده‌كه‌وێته‌وه ‌و وێناكردن و لێتێگه‌يشتنى زاتييانه‌ى هه‌ڕه‌شه‌، ته‌نگژه ‌و ته‌له‌زگه‌ى ئاسايش و ته‌ناهی، قه‌به‌ و گه‌وره‌ ده‌كاته‌وه‌. ئه‌مريكا سووره‌ له‌سه‌ر سه‌ركردايه‌تيكردنى جيهان و لێكدانه‌وه‌يه‌كى به‌رفره‌ى بۆ به‌رژه‌وه‌نديى نه‌ته‌وه‌يیى خۆى هه‌يه‌. واشنتۆن ده‌يه‌وێ مه‌رجه‌كانى خۆى له‌باره‌ى كۆمه‌ڵێ پرسى ئاڵۆزى وه‌كوو  تايوان و ده‌رياى باشوورى چين ديكته‌ بكا و بسه‌پێنێ، كه‌ ئاسايش و به‌رژه‌وه‌نده‌ هزركراوه‌كانى چين پێشێل ده‌كه‌ن.
ئه‌م پرسياره‌ شوێنه‌وار و لێكه‌وته‌ى سياسيیشى هه‌يه‌.  ده‌بێ ئه‌مريكا بڕيار بدا كه‌ داخوا ده‌يه‌وێ چين به‌شداریى پێ بكا يان بنكۆڵى چين بكا، له ‌كاتێكدا ده‌بێ چينييه‌كان يه‌كێك له‌و دووانه‌ هه‌ڵبژێرن كه‌ ئايا ده‌يانه‌وێ بچنه‌ ناو نيزامێكى جيهانييه‌وه‌ كه‌ ئه‌مريكا ڕابه‌ریى ده‌كا يان ئه‌وله‌وييه‌ت به‌ بنكۆڵ (ئيحتيوا)ه‌كه‌ى ئه‌مريكا بدات و پشته‌وشارى بكاته‌وه‌. له‌ سۆنگه‌ى ده‌ره‌نجامه‌ خراپه‌كانى  حيساب و لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌وه‌، پێشنيارى من  بۆ هه‌ر دوو لا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ سوود له‌ گومان له‌ يه‌كتركردن، وه‌ربگرن و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى له‌ يه‌كترى ده‌كه‌ن گه‌وره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ و  خۆ له‌و پێشبينييانه‌ دوور بگرن كه‌ خۆبه‌خۆ دێنه‌ دى.

 جيمى ميتزل (لێكۆڵه‌رێكى سه‌ره‌كييه‌، ئه‌نجومه‌نى ئه‌تله‌نتيك، واشنتۆن دى سى):
ئه‌مريكا و چين ده‌توانن پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن، مادام هه‌ر دوو لايه‌ن له‌سه‌ر كۆمه‌ڵه‌ به‌ها، نۆرم و بنه‌ما و بنياد و دامه‌زراوه‌ و داموده‌زگه‌ى هاوبه‌ش هاوڕان كه‌ هه‌ردووكيان پێكه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستێكى هاوبه‌ش كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌مريكا و يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت كه‌ تا ڕادده‌يه‌ك له‌ بارى هێز و نفووزه‌وه‌ له‌ ساڵه‌كانى جه‌نگى سارددا  هاوسه‌نگ بوون، به‌ڵام  هه‌نده‌ به‌هاى هاوبه‌شيان له ‌نێواندا نه‌بوو، ديهان بۆ ماوه‌ى  ده‌يان ساڵ به ‌شێوه‌يه‌كى مه‌ترسيدار دابه‌شدابه‌ش ببوو. به‌ داڕمانى  يه‌كێتيى سۆڤيه‌ت، سيسته‌مى جيهانى كه‌ ئه‌مريكا سه‌ركردايه‌تیى ده‌كا، بووه‌ تاكه‌ شۆ [جه‌مسه‌ر] بۆ ماوه‌ى نزيكه‌ى بيست ساڵێك.  نيزامى ليبراڵى نێوده‌وڵه‌تيى دواى جه‌نگى سارد  خۆى گرت، چونكه‌ زۆر باش ياريده‌ى ئه‌مريكا و وڵاتانى ديكه‌ى له‌ سه‌رانسه‌رى جيهان دا كه‌ ئابوورى و كۆمه‌ڵگه‌كانى خۆيان پێش بخه‌ن. ئه‌وه‌ شتێكى ڕێكه‌وت نييه‌ كه‌ قۆناغى دواى جه‌نگى سارد گه‌وره‌ترين پێشكه‌وتن له‌ بواره‌كانى ئاشتى و ئاسايش له‌ مێژووى مرۆڤايه‌‌تيدا به‌خۆوه‌ ببينێ.
پاش ده‌يان ساڵى خۆ- دۆڕاندن (و خۆكوشتن)ى سه‌ركردايه‌تيى ناوخۆى چين به‌ ڕابه‌ریى ماو، پرۆسه‌ى ڕيفۆرمى چين به‌ ده‌ستپێشخه‌ريى دينگ شياو بينگ، وای كرد چين ده‌وڵه‌مه‌ند و پاشان به‌هێز ببێ. وێڕاى كه‌ سه‌روه‌ت و سامانى چين له‌سه‌ر ده‌ستپێڕاگه‌يشتنى چين به‌ سيسته‌مى ئابووريى جيهان كه‌ ئه‌مريكا ڕابه‌ریى ده‌كا، ڕاوه‌ستاوه‌، په‌كين شتێكى كه‌مى كردووه‌ بۆ پشتيوانيكردن- له‌ به‌هێزكردنيش بگه‌ڕێ- له‌و سيسته‌مه‌ى كه‌ چين زۆر سوودى لێ بينيوه‌. ئه‌گه‌ر په‌كين باس له‌ كۆمه‌ڵێ به‌ها ده‌كا و پابه‌ند بێ پێوه‌يان و له‌گه‌ڵياندا هه‌ڵبكا كه‌ بۆ سوودگه‌ياندن به‌ وڵاتانى ديكه‌ى جيهان داڕێژراوه‌ وه‌كوو چۆن  ياريده‌ و كۆمه‌ك به‌ چينيش ده‌كا، ئه‌وا فه‌زايه‌كى بێسنوور بۆ نه‌شونماى ئابوورى و به‌يه‌كه‌وههه‌ڵكردنى ئاشتييانه‌یش ده‌كرێته‌وه‌.  ئه‌گه‌ر نا، ئه‌مريكا و هاوپه‌يمان و هاوبه‌شه‌كانى له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا، به‌ هه‌موو هێزێكيانه‌وه‌ ناچار ده‌بن بۆ پاراستنى ئه‌و به‌ش و پاژه‌ باش و چاكه‌ى سيسته‌مى ئارا، به‌ره‌نگارى چين ببنه‌وه‌.

 يه‌نس باستيان (ڕاوێژكارێكى سه‌ربه‌خۆى ئابوورييه ‌و كار له‌سه‌ر سه‌رمايه‌گوزارى و قه‌رزى چينى له‌ بوارى پرۆژه‌كانى ژێرخان له‌ باشوورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌وروپادا ده‌كا):
كه‌ڵه‌كه‌بوونى ئاريشه ‌و كێشه‌ى دووقۆڵى و په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ يه‌كتر ڕاكێشان له ‌نێوان چين و كاربگێڕيى ترامپ له‌ 2018دا- تاريفه‌ى بازرگانى، سايبه‌روار [جه‌نگى ئه‌لكترۆنى]، گرتنى نوێنه‌رێكى ديارى كۆمپانيا‌يه‌كى چينى له‌ كه‌نه‌دا به‌گوێره‌ى داخوازيى جێبه‌جێكردنى یاساى ئه‌مريكى-  وايان كردووه‌ چاوێك به‌و ئه‌رگيومێنته‌دا بخشێندرێته‌وه‌ كه‌ "داوى توسيديدس"ى پێ ده‌گوترێ.
به‌ پشتبه‌ستن به‌ پێكگرتنى مێژوويیى نێوان سپارتاى حوكمڕان و ئه‌تينايه‌كى په‌ره‌ئه‌ستێندا، مێژوونووسى يۆنانى كۆن ده‌ڵێ كه‌ ترس، كێبه‌ركێ و چه‌مك و لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ له‌باره‌ى ناته‌بايى و ناحه‌زييه‌وه‌، مايه‌ى ئه‌وه‌ بوون جه‌نگ له ‌نێوان ده‌وڵه‌ته‌-شاره‌كاندا ببێته‌ شتێكى ناچارى و چاوه‌ڕوانكراو. ئێمه‌ هێشتا نه‌گه‌يشتووينه‌ته‌ هه‌مان ئاستى ناكۆكیى دوژمنكارانه‌ له ‌نێوان چين و ئه‌مريكادا، به‌ڵام پێكهاته‌ و توخمه‌كانى  ته‌شه‌نه‌كردنى ناكۆكييه‌كان له‌ گۆڕێدا هه‌ن. له‌وما، له‌خه‌وڕۆيشتن [واته‌ يه‌كێ نووستبێ و هه‌ستێته‌وه‌ و بڕوا] به‌ره‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌كى سه‌ره‌كى، خه‌ته‌رێكى سياسيى جيهانييه‌ له‌ 2019 و لێره‌ به‌دواوه‌.
ده‌سه‌ڵاتدارانى حكوومه‌ت هه‌م له‌ واشنتۆن و هه‌م له‌ په‌كين هه‌ر لايه‌نه‌يان ئه‌و كێشه ‌و ئاريشه‌ بازرگانى و سايبه‌روار و دادوه‌رييانه‌ به‌ وشه ‌و ده‌سته‌واژه‌ى وه‌سا ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ جياوازييه‌كى قووڵيان له‌ پێناسه ‌و به‌رپرسيارێتیی ده‌وڵه‌ت، ئابووريى سياسى، ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى و پێوه‌ندييه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كاندا له‌گه‌ڵ يه‌كتردا هه‌يه‌. سه‌رباريش، هه‌ر لايه‌نه‌يان گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر دۆست و هاوپه‌يمانه‌ دوور و نزيكه‌كانى تا له‌و كێشه ‌و ناكۆكييه‌ دووقۆڵييه‌دا پشتى بگرن و به‌ڵينى دڵسۆزيى خۆيان دووپات بكه‌نه‌وه‌. سروشتى دوولايه‌نه‌ى ئه‌و ئالينگارييه‌، فه‌زاى سياسى بۆ سازش و ساتوسه‌ودا كه‌م ده‌كاته‌وه ‌و هه‌ڕه‌شه‌ى جۆره‌ها سزا له‌و وڵاتانه‌ ده‌كا كه‌ سه‌ر بۆ ئه‌و گوشارانه‌ ناهێننه‌ به‌ر.
به‌يه‌كه‌وه‌هه‌ڵكردنى به‌ئاشتييانه‌ى چين و ئه‌مريكا- كه‌ چه‌ند ده‌يه‌ك بوو ده‌سته‌به‌ر كرابوو، ئێسته‌یش ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى قووڵ بووه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ى 20 ساڵى ڕابردوودا. ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌يه‌ ئه‌نجامێكى سه‌ره‌كيیشى بۆ سه‌ر داموده‌زگه‌ جيهانييه‌كانى وه‌كوو نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان، ڕێكخراوى بازرگانيى جيهانى، سندووقى جيهانيى دراو و بانكى جيهانى هه‌يه‌. له ‌هه‌مان كاتدا، هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ دژى جه‌ختكردنه‌وه‌كانى چين و ستراتيژيگه‌لى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ كه‌ كاربگێڕى ترامپ كارێكى سه‌خته،‌ چ بۆ يه‌ك به‌ يه‌كه‌ى وڵاتان و چ بۆ داموده‌زگه‌ى چه‌ندقۆڵى. لێ حاڵى حازر ئه‌وه‌ ڕه‌وشه‌كه‌يه‌، ئه‌گه‌ر نا، خه‌ته‌ره‌كانى داوى توسيديدس ده‌بنه‌ پێشهاتێكى خۆبه‌خۆى وه‌ديهاتوو.

 كزاڤيه‌ ڕيشى (پرۆفيسۆرى ئابوورى، كورسیى زانكۆى سۆربۆن نۆڤيل جان مونێ، هاودامه‌زرێن و هاوبه‌ڕێوه‌به‌رى سيمينارى BRIC، په‌يمانگه‌ى زانسته‌ مرۆڤايه‌تييه‌كان و قوتابخانه‌ى ديراساتى باڵا له‌ بوارى زانسته‌ كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كاندا (EHESS)، پاريس):
به ‌شێوه‌يه‌كى نۆرماڵ و خواسايى به‌ڵێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وه‌كوو چينييه‌كان ده‌ڵێن " له‌ پڕيشكێكيشه‌وه‌ ئاگر بكه‌وێته‌وه‌". ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان چين و ئه‌مريكا ده‌بێ له‌ چوارچێوه‌يه‌كى ئاشتييانه‌دا به‌ڕێوه‌ بچێ و جياوازييه‌كانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته،‌  بله‌ز و خێرا چاره‌سه‌ر نابن. هيچ كامێكيان ئه‌و ئامراز و ڕێوشوێنانه‌ى له‌به‌رده‌ستدا نييه‌ كه‌ جياوكه‌كانى خۆى پێ بپارێزێ، له‌ كاتێكدا سه‌قامگيریى ئه‌وى ديكه‌ تێك بدا.
له‌ قۆڵى ئه‌مريكاوه‌، سياسه‌تى سه‌رۆك ترامپ دوو مه‌به‌ست و ئامانجى ڕاگه‌يه‌نراوى هه‌يه‌: كه‌مكردنه‌وه‌ى  كورتهێنانى بازرگانى له ‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا (جه‌نگى بازرگانى، تاريفه‌) و پاراستنى مافه‌كانى موڵكايه‌تيى فيكرى. له ‌ڕاستيدا، ئامانجى سه‌ره‌كيى ترامپ، پاراستنى پێشكه‌وتنى ته‌كنه‌لۆژيى وڵاته‌كه‌يه‌تى له ‌به‌رانبه‌ر چيندا. له‌ هه‌ر دوو حاڵه‌ت و باردا، ئه‌نجامى چاوه‌ڕوانكراو، ئه‌نجامێكى درێژخايه‌ن ده‌بێ: ناهاوسه‌نگيى بازرگانى به‌رده‌وام ده‌بێ و، گه‌ڕاندنه‌وه‌ى پيشه‌سازييه‌كان بۆ ناو ئه‌مريكا  له‌سه‌ر حيسابى به‌ڕۆبۆتكردنى زێترى به‌رهه‌مهێنان و  له‌سه‌ر حيسابى كار و فه‌رمانه‌كان ده‌بێ، ئه‌گه‌ر ئه‌و پيشه‌سازييانه‌ به‌ته‌واوى له‌ جێگه‌ى ديكه‌دا دانه‌مه‌زرێندرێنه‌وه‌ (بۆ نموونه‌ له‌ هندوستان). له‌ قۆڵى چينيشه‌و‌ه‌، ئه‌گه‌رى پشتبه‌ستن به‌ هێز و تواناى خۆى، وه‌كوو سه‌رۆك شى گوتى، بۆ پاراستنى نه‌شونما و كه‌مكردنه‌وه‌ى درز و كه‌لێنى ته‌كنه‌لۆژى، سنووردار ده‌بێ. وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى لێتۆژينه‌وه ‌و په‌ره‌پێدانى ته‌كنه‌لۆژى كاتێكى پێ ده‌وێ و وڵاته‌كه‌ ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و دژواریى ناوخۆيى ده‌بێته‌وه‌: نه‌شونماى نزمى ئابوورى، ناهاوسه‌نگيى دارايى و قه‌رداريى كۆمپانياكان، داو و ته‌پكه‌ى تێكڕاى داهات و زه‌حمه‌تیديتن له‌ به‌شداريكردنى چين له‌ مۆدێلێكى نه‌شونماى ناوخۆيیى ڕه‌سه‌ندا.

له‌وما ئه‌و پرسياره‌ى كه‌ لێره‌دا ڕاست ده‌بێته‌وه‌، سروشت و ناوه‌ڕۆك و ئه‌گه‌رى سازش و سه‌ودايه‌ كه‌ وێده‌چێ له ‌نێوان هه‌ر دوو وڵاتدا بێته‌ گۆڕێ.

سەرچاوە:

https://besacenter.org