ڕابردوو و ئێستای حزبە سیاسییە لاییکەکان لە تورکیادا

و: پێنووس

بەشێک لە کارناسانی تورکیا لەو بڕوایەدان کە پێشکەوتنی ڕەوتی لاییک لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ساڵی ڕابردوو و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ، نەک تەنیا دەرخەری هاوپەیمانێتی و بەرەنگاربوونەوەی چینی مامناوەنجی و مودێرنی شارنشین لە بەرامبەر تەراتێنی ئیسلامگەرایان، بەڵکوو نیشانەی ئیرادەی موکڕی ئەو چینەیه‌ لە پێناو وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە ئیسلامگەراکان و دەڵێن لە تورکیادا ئەگەر شتێکی وەها ڕوو بدا، بێ گومان کاریگەریی لەسەر وڵاتانی تری ناوچەیش دەبێ. لە دوایین هەڵبژاردندا "حزبی کۆماریی گەل"، "حزبی چاک"، "حزبی دیموکرات" و "حزبی بەختیاری" هاوپەیمانێتییەکیان بە ناوی "هاوپەیمانێتیی نەتەوەیی" پێک هێنا. دوو بەربژاری ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئیستانبۆل و ئانکارا بەسەر بژاردەکانی حزبی ده‌سه‌ڵاتداردا سەرکەوتن و توانییان کۆتایی بە ٢٥ ساڵ حکوومەتی "حزبی داد و گەشەپێدان" لە شارەوانییەکانی ئەم دوو شارە گەورەیە بهێنن.

حزبەکانی ئەم هاوپەیمانێتییە چ ڕابردووێکیان هەیە؟

لە هەڵبژاردنەکانی شوورا و شارەوانییەکانی تورکیادا کە ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی مارت بەڕێوە چوو، حزبی ده‌سه‌ڵاتدار و ئیسلامگەرای "داد و گەشەپێدان" بە هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی توندڕۆ، واتا "حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی"، کەمێک زیاتر لە ٪٥١ی دەنگەکانی لە ڕووی نەتەوەیییەوە بۆ خۆیان ڕاکێشا. سەرەڕای ئەمەیش، ئەم هاوپەیمانێتییە، کە ناوی هاوپەیمانێتیی "کۆمار"ە، لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبۆل، ئانکارا و ئیزمیردا، سێ شارە گەورەکەی ئەو وڵاتە، هەڵبژاردنیان بە بژاردەکانی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و لە سەرووی هەموویانەوە حزبی کۆماریی گەل دۆڕاند. حزبی کۆماریی گەل لە ساڵی ٢٠٠٢دا گرنگترین حزبی ئۆپۆزیسیۆن و بەهێزترین بەرهەڵستی حزبی داد و گەشەپێدانە. لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی تورکیادا، واتا لە ٢٤ی ژوئه‌نی ٢٠١٨دا موحەڕەم ئینجە، ڕابەری حزب و بەرهەڵستی سەرەکیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، ٣١٪ دەنگەکانی بە دەست هێنا.

لە دوایین هەڵبژاردندا "حزبی کۆماریی گەل"، "حزبی چاک"، "حزبی دیموکرات" و "حزبی بەختیاری" هاوپەیمانێتییەکیان پێک هێنا. دوو بژاردەی ئەم هاوپەیمانێتییە لە ئیستانبۆل و ئانکارادا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا: ئەکرەم ئیمامئۆغلو لە ئیستانبۆل و، مەنسوور یەواش لە ئانکارا بەسەر بژاردەکانی حزبی ده‌سه‌ڵاتداردا سەر کەوتن و توانییان کۆتایی بە ٢٥ ساڵ حکوومەتی "حزبی داد و گەشەپێدان" لە شارەوانییەکانی ئەم دوو شارەدا بهێنن. "حزبی کۆماریی گەل" پەرە مێژوویییەکەی ئەو حزبەیە کە مستەفا کەمال ئەتاتورک لە ساڵی ١٩٢٣دا دای مەزراند. ئەم حزبە لە ١٩٢٣ تا ١٩٤٥ جگە لە قۆناغێکی کورت، تاقە حزبی تورکیا بوو و هەروەک لە ناوەکەیڕا دیارە، حزبێکی کۆماری، لاییک و سۆسیالدیموکراتە و نوێنەرایەتیی بەشێکی زۆری چینی مامناوەنجیی تورکیا دەکا.

سیستەمی پلۆرالیزم کە لە ساڵی ١٩٤٦دا بوو بە جێگرەوەی سیستەمی تاکحزبیی کەمالیسم، دەرفەتێکی بۆ هاتنەدیی حزبە ئیسلامگەراکانیش خوڵقاند و ڕێگەی بۆ ئیسلامی سیاسی لە تورکیادا خۆش کرد. زۆربەی ئیسلامگەراکانی تورکیا دژ بە لائیسیتە و کەم تا زۆر دیموکراسین و، هەروەک حکوومەتی ٢٥ ساڵەی حزبی داد و گەشەپێدان لە شارەوانییەکانی شارە گەورەکان و بەگشتی تورکیادا خستییە بەرچاو، ئەوان لە سەردەمی بەدەسەڵاتگەیشتنیانەوە تاکوو ئەمڕۆ گشت هەوڵێکیان لە پێناو لاوازکردنی لائیسیتە داوە.

بەشێک لە کارناسانی تورکیا لەو بڕوایەدان کە پێشکەوتنی ڕەوتی لاییک لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی مانگی ژوئەنی ساڵی ڕابردوو و هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەمساڵ، نەک تەنیا دەرخەری هاوپەیمانێتی و بەرەنگاربوونەوەی چینی مامناوەنجیی مودێرنی شارنشین لە بەرامبەر تەراتێنی ئیسلامگەرایان، بەڵکوو نیشانەی ئیرادەی موکڕی ئەو چینەیه‌ لە پێناو وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە ئیسلامگەرایان و، دەڵێن لە تورکیادا ئەگەر شتێکی وەها ڕوو بدا، بێ گومان کاریگەریی لەسەر وڵاتانی تری ناوچەكه‌یش دەبێ.

"حزبی چاک" یەکێک لە حزبە لاییکە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانێتیی نەتەوەیییە. ئەم حزبە ناسیۆنالیستە، لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا بە جیابوونەوە لە "حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی"، یەکگرتووی ئێستای "حزبی داد و گەشەپێدان" هاتە دی و لەگەڵ حزبی کۆماریی گەل و دوو حزبی تردا بەرەیەکیان لە بەرامبەر ئیسلامگەراکانی حکوومت دروست کرد. ڕابەرەکەی، خاتوو "مێراڵ ئاکشێنێر"ە. کاتێک لە ڕیفراندۆمی ده‌ستووردا (لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا) "دەوڵەت باخچەلی" (ڕابەری بزووتنەوەی نەتەوەیی) لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و حزبی داد و گەشەپێدان ڕێک کەوت، بەشێکی زۆری ئەندام و لایەنگرانی حزبی نائومێد کرد. حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی، حزبێکی ڕاستگەرای توندڕۆیه‌ و یەکگرتنەوەی لەگەڵ ئەردۆغاندا، کە کۆنەپارێزێکی ئیسلامگەرایە، دەری خست کە ڕابەری حزب هێندە پابەندی لائیسیتە نییە.

خاتوو ئاکشێنێر "حزبی چاک"ی بە خڕکردنەوە و ڕێکخستنی نائومێدبووه‌کانی حزب پێک هێنا. کارناسانی تورکیا "حزبی چاک" بە حزبێکی ناسیۆنالیست، کۆنەپارێز و لاییک دادەنێن. بەڵام ڕابەرانی حزب، حزبەکەی خۆیان بە حزبێکی میانەڕۆ دەناسێنن. حزبی دیموکرات، یەکێکی تر لە حزبە پێکهێنەرەکانی ئەم بەرەی نەتەوەیییەیش بە حزبێکی میانەڕۆ و ڕاستگەرا دەزانن. ئەم حزبە پەرەپێدەری "حزبی ڕێی ڕاست"ە و لە ساڵی ٢٠٠٧ بەم لاوە بەم ناوە بانگ دەکرێ. حزبی ڕێی ڕاست لە لایەن سلێمان دەمیرەل و لە ١٩٨٣دا دامەزراوە، کە لە ڕاستیدا پەرەپێدەری حزبی داد بوو. حزبی داد دوای کودەتاکەی سوپا لە ١٢ی سێپته‌مبەری ١٩٨٠دا هەڵوەشێنرابووەوە. ئامانجە سەرەکییەکانی حزبی ڕێی ڕاست لە پەیڕەوپرۆگرامەکەیدا بریتین لە: پاراستنی کۆماریبوونی حکوومەت و وڵاتی تورکیا، ئاسایش، دادپەرەوه‌ری، مافی مرۆڤ، حکوومەتی دیموکراتیک و لاییک و پاراستن و پەرەپێدان بە ڕێفۆرمەکانی ئه‌تاتورک.

چوارەمین حزبی پێکهنێنەری بەرەی نەتەوەیی، حزبی بەختیارییە کە گومان لە لاییسیتەبوونی ناکرێ. ئەم حزبە دوای هەڵوەشاندنەوەی "حزبی فەزیلەت"ی نەجمەدین ئەربەکان بەپێی فەرمانی دادگه‌ی ده‌ستووریی تورکیا، لە ٢٠ی ژوئییەی ٢٠٠١دا دامەزراوە. لە هەمان ساڵدا حزبی داد و گەشەپێدان بە ڕابەرایەتیی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان و عەبدوڵڵا گوڵ، لە جەرگەی هەمان حزبدا دەرکەوت. لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤه‌مبەری ٢٠٠٢دا لقی کۆنەپارێزی حزبی بەختیاری لێی جیا بووەوە و تێکەڵ بە حزبی داد و گەشەپێدان بوو. حزبی بەختیاری هەر لە سەرەتای بە دەسەڵاتگەیشتینی حزبی داد و گەشەپێدان، بوو بە یەکێک لە دژکارانی ئەو حزبە و سەرەڕای ئەوەی زۆربەی لایەنگرانی خۆی لەدەست دا، بەڵام لە لاوازکردنی ئیسلامگەراکان لە دەسەڵاتدا خۆی لە هیچ هەوڵێک نەپاراست. مستەفا کامالاک، ڕابەری حزبی بەختیاری، "حزبی داد و گەشەپێدان" بە سازوبازی ئیسڕائیلییەکان دەزانێ و دژایەتییەکانی ئەردۆغانیش لەگەڵ ئیسڕائیلدا بە شەڕەپەڕۆ ناو دەبا. ئەو حزبە، سەرۆککۆماری تورکیا بە پشتیوانیی ماددی و مەعنەوی لە ترۆریزم تاوانبار دەکا و سیاسەتەکانی ئەردۆغان، چ ناوەکی و چ دەرەکی، بەتایبەت لە کێشەی سووریادا بە زیانی وڵات و سوودی ئیسڕائیل دەزانێ.

لە باسکردنی حزبە لاییکەکانی تورکیادا، دەبێ ئاماژە بە "حزبی دیموکراتیکی گەلان"یش بکرێ کە لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٣دا و لە یەکگرتنی ٣٣ گرووپ و ئەنجومەنەوە هاتە دی. ئەم حزبە بە پەرەپێدەری بزووتنەوە بەرهەڵستکارانەکەی ٢٠١٣ی ئیستانبۆل دەزانرێ کە بە "مانگرتنەکەی پارکی گێزی" لە ٢٨ی مانگی مایسی ئەو ساڵەدا سەری هەڵدا. "حزبی دیموکراتیکی گەلان" حزبێکی چەپگەرایە و کاکڵە سەرەکییەکەی لە بزووتنەوەیەکی کوردی پێک هاتووە. ئەم حزبە کۆمەڵگه‌ی تورکیا بە کۆمەڵگەیەکی ڕەنگاوڕەنگی ئایینی و که‌لتووری دەزانێ و خوازیاری حکوومەتێکی دیموکراتیکی جه‌ماوه‌رییه‌ کە مافە که‌لتووری و ئاییینییەکانی گەلان بەڕەسمی بناسێ. ئەردۆغان ڕابەران و هەزاران لایەنگری ئەم حزبەی دەستگیر و ڕەوانەی زیندانەکان کردووە.

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr