پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادیی میدیاکان ٢٠١٩

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس

هەواڵنێرە بێسنوورەکان (RSF) لە ١٨ی ئاپریلی ٢٠١٩دا دەقی پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادیی میدیاکانی بڵاو کردەوە. ئەم دەقە پیشان دەدا کە ڕقهەڵگرتن لە ڕۆژنامەنووسان زەقتر و ڕەقتر بووەتەوە و ترس و تۆقاندنێکی زۆرتری بەدوادا هاتووە. سەرەڕای ئەوەی حکوومەتە خۆسەپێنەکان گوشارێکی زۆرتریان خستووەتە سەر میدیا و ڕۆژنامەنووسان، بەڵام ژمارەی وڵاتە ئارامه‌کان، کە ڕۆژنامەنووسان بتوانن بەهێمنی ئەرکی خۆیان تێدا بەجێ بێنن کەمتر بووەتەوە.

پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادیی میدیاکان ساڵێ جارێک ئازادیی میدیاکان لە ١٨٠ وڵاتی دنیادا دەخاتە بەرچاو. پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادییەکانی میدیاکان  لە ساڵی ٢٠١٩دا نیشاندەری بەڕێکەوتنی ماشێنی ئەو تۆقاندنەیە کە بە زیانی دەرەنجامەکانی ڕۆژنامەگەری دەشکێتەوە. دژایەتیکردنی ڕۆژنامەنووسان و ڕقهەڵگرتن لە لایەن بەشێک لە ڕابەرە سیاسییەکانه‌وه‌ بووەتە کردارێکی مەترسیداری ڕۆژانە.

کریستۆف دۆلڤار بەڕێوەبەری یەکەمی هەواڵنێرە بێسنوورەکان لەبارەی پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادیی میدیاکانەوە دەڵێ: ئەگەر مشتومڕی سیاسی بە مەبەست یان بێمەبەست بەرەو جه‌نگی ناوخۆ ڕاکیشرێ و ڕۆژنامەنووسان ببن بە قوربانی، سەرمەشقەکانی دیموکراسی دەکەونە مەترسییەکی گەورەوە. لەنێوبردنی ئەم میکانیزمی ترسە، بۆ هەموو ژن و پیاوە ئازادیخوازەکان ئەرکێکی جددییە.

لەم پۆلێنبەندییەدا، وڵاتی نۆروێژ بۆ سێیەمین ساڵ پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و فینله‌ند کەوتووەتە پلەی دووەم و جێی هۆڵەندای (١-،٤) گرتووەتەوە، کە لەوێدا دوو ڕۆژنامەنووسی کارناسی تاوانە ڕێکخراوەکان، ناچارن دایمە لەژێر چاودێری و پاراستنی پۆلیسدا بژین. سوێد (١-،٣) بە زێدەبوونی ئازاردانی سایبێری، پلەیەک چووەتە دواوە. هەواڵە خۆشەکە ئەفریقایە کە ئیتیۆپیا (٤٠+،١١٠) و گامبیا (٣٠+،٩٢) پاشەکشەیان بەخۆوە بینیوە.

چەندین حکوومەتی خۆسەپێن شوێنی خۆیان لەم پۆلێنبەندییەدا لەدەست داوە. ڤێنزوێلا (٥-،١٤٨) کە ڕۆژنامەنووسان لە کاتی دەستگیربووندا بوونەتە قوربانیی ڕەفتارە ڕەق و سەرچڵانەکەی پۆلیس. ڕووسیا (١-،١٤٩) کە کرێملین گوشارەکانی بە گرتن و پشکنین و سەپاندنی یاسا ئازادیبەزێنەکان بەسەر میدیا سەربەخۆکان و ئینتەرنێت زۆرتر کردووە. ڤێتنام (١٧٦) و دوای ئەویش چین (١-،١٧٧) کە پلەیەک دابەزیوە. ئێران (٦-،١٧٠) دوای دەستگیرکردن و سزا قورسەکان بۆ ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیان شەش پلە دابەزیوە. ئێریتریا سەرەڕای هێمنکردنی نێوانی لەگەڵ ئیتیۆپیا پلەی ١٧٨ و، تورکمەنستان (٢-،١٨٠) بۆ دوایین پلە لە شوێنی کۆریای باکوور (١+،١٧٩) دابەزیوە.

تەنیا ٢٤٪ لە ١٨٠ وڵات لە باری چاک (بەشی سپی)دا یان کەمتاکورتێک چاک (بەشی زەرد) شوێنیان بووەتەوە. ئەم بەراوردە لە ساڵی ڕابردوودا ٢٦٪ بوو. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (٣-،٤٨) کە وێڕای هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترامپ کەشێکی دوژمنکارانە دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە ساڵی ٢٠١٩دا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، سێ پلەی لەدەست داوە و کەوتووەتە بەشی نارنجی (ئەو وڵاتانەی تا ڕاددەیەک خراپن). هەرگیز ڕۆژنامەنووسانی ئەمریکی بەم ڕاددەیە نەکەوتوونەتە بەر هەڕەشەی مردن و داوای یارمەتییان لە کۆمپانیا تایبەتییەکان نەکردووە کە گیانیان بپارێزن. نه‌فرەت لە میدیاکان هێندە پەرەی سەندووە کە لە مێریلاند پیاوێک بە سووتاندنی نووسینگەی ڕۆژنامەی کاپیتال گازێت پێنج کەسی کوشت.

هەڕەشە و سووکایەتیکردن و پەلاماردانیش لە زۆربەی وڵاتاندا بووەتە مەترسییەکی تر. لە هیندوستان (٢-،١٤٠) کەسانێک کە ڕەخنە لە ئایدیۆلۆژیی ناسیۆنالیزمی هیندۆ دەگرن، لە كه‌مپینی ئازاردانی سایبێرییدا بە ناوی "دژەهیندی" دەناسێنرێن. لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٤ ڕۆژنامەنووس لەم وڵاتەدا کوژراون.

سەرکوتکردنی لاسارانەی ڕۆژنامەنووسان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٨دا، ڕووناکاییی خستە سەر مەترسییەک کە ڕۆژنامەنووسانی ئەم دەڤەرە، کاتێک سەر لە ئاست بێدەنگبوون یان پرۆپاگه‌ندا حکوومییەکان مل کەچ ناکەن، دەخاتە بەر هەڕەشە. سەرکوتکردن، پێکهەڵشاخانە سه‌ربازییەکان، ژمارەی زۆری ڕۆژنامەنووسە زیندانییەکان، هەڕەشە، کوشتن و ناچار بە بێدەنگبوون یان ڕوو لە تاراوگەکردن، سیمای زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە خراپترین پلەی پۆلینبەندییەکاندا جێیان دەبێتەوە. شەپۆلی ناڕەزایەتی لە ئاست کوژرانی جەمال خاشقچی لە ڕێکەوتی ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ و بە دەستی فەرمانبەرانی ئاسایشی سعوودی (٣-،١٧٢) لە کونسۆلی ئیستانبۆلدا، کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پلەی عەرەبستانی سعوودی هەبوو. ئەم وڵاتە پلەی ١٧٢ی (بە لەدەستدانی سێ پلە و لە نێوان دە خراپترین وڵاتانی دنیادا بۆ ڕۆژنامەنووسان) بەدەست هێنا. سەرەڕای تاوانبارکردنی ئەم تاوانە هێشتا هێندێک شتی ناڕوون لەم کێشەیەدا هەن کە چاوپۆشی لە سزادانی گەورە بەرپرسانی سعوودی (کە دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە) بکرێ. هەواڵنێرە بێسنوورەکان هەروەها جەختێکی زۆر لەسەر پشکنین و پێداچوونەوەیەکی سەربەخۆ لەم بارە و ئازادکردنی دەیان ڕۆژنامەنووسی زیندانی لەم وڵاتەدا دەکەن.

لە کۆتاییی ساڵی ٢٠١٨دا دوو هەواڵنێر لە سووریا (١٧٤)، ڕەعد فارس و حەمموود جونەیدی، کوژراون. سەرەڕای ئەوەی دەستەی نووسەرانی شام لە لایەن کۆمەڵگەی مەدەنییەوە بە وێنەی بەرپرسی کوژرانەکان ناسێندراون بەڵام دادپەروەریی تێدا پەیڕەو نەکراوە. هەرچەند ژمارەی کوژراوەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا کەمتر بووەتەوە، بەڵام هێشتا ئەم وڵاتە بۆ ڕۆژنامەنووسان جێگەی مەترسییە. هەڕەشەکان لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەشار ئەسەد و زیندانییەکانی حکوومەتن. ساڵی ڕابردوو حکوومەتی ئەسەد مردنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی بە شێوەیەکی فەرمی گرتە ئەستۆ. لە یەمەنیشدا (١-،١٦٨) زیندان دەتوانێ ببێتە کوشتارگە. ئەنوەر ئەلڕاکان دوو ڕۆژ دوای دەرکەوتنی لە زیندان، مرد. ئەم ڕۆژنامەنووسە بە هۆی نەخۆشییەوە، کە لە زیندانی حوسییەکاندا تووشی بووبوو، سەری نایەوە.

ساڵی ٢٠١٨ بۆ فەڵەستینیش (٣-،١٧٣) ساڵێکی مەرگه‌ساتاوی بوو. دوو هەواڵنێری فەڵەستینی، "یاسر مورتەجی"ی وێنەگر و ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی سەربەخۆی عەین میدیا بە هۆی برینەکانی لە نەخۆشخانەدا سەری نایەوە. ئەم ڕۆژنامەنووسە سەرەڕای ئەوەی ئێلەگی زەردی ڕۆژنامەنووسانی لەبەر بوو، بە گوللەی ئیسڕائیلییەکان بریندار بووبوو. هەفتەیەک پاش ئەم تاوانە ڕۆژنامەنووسێکی تر، ئەحمەد ئەبوو حوسێن، هەواڵنێری ڕادیۆ شاعب و بیساننیوز بە گوللەی چەکدارە ئیسڕائیلییەکان کوژرا. هەواڵنێرە بێسنوورەکان (RSF) چەند کاتژمێر دوای کۆبوونەوەی ئاسایشی نێونەتەوەیی لەمەڕ کوژرانی خەڵکی ئاساییی غەززە، لە ١٥ی مایسی ٢٠١٨دا، ڕای گەیاند کە سکاڵایان لەسەر سوپای ئیسڕائیل تۆمار کردووە.

زیندانەكانی پڕ لە ڕۆژنامەنووس

یەکێک لە هەڕەشەکانی ئه‌م دەڤەرە، زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانە. کۆماری ئیسلامیی ئێران (٦-،١٧٠) بۆ ڕۆژنامەنووسەکان هێشتا یەکێکە لە گەورەترین زیندانەکانی جیهان. زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئەم وڵاتە لە ٢٠١٨دا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. ئەم دۆخە وڵاتی ئێرانی، شەش پلە دوا خست. دوو لە سێی زیندانییەکانی ئێران ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێرەکانن. سەرکوتکردنەکان لەم وڵاتەدا لە لایەن سوپای پاسداران و ئیتیلاعاتی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن. هەواڵنێرە بێسنوورەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا بە بەڵگەیەک پەردەی لەسەر ٤٠ ساڵ حکوومەتی درۆی کۆماری ئیسلامی لا دا. لەم وڵاتەدا نزیکەی ٨٦٠ ڕۆژنامەنووس لە ١٩٧٩ تا ٢٠٠٩ ڕاو نراون و زیندانی کراون و تەنانەت لەسێدارە دراون.

بنەگربوونی حکوومەتە خۆسەپێنەکان

دەرەنجامە تۆمارکراوەکانی ساڵی ٢٠١٩ نیشاندەری نائومێدبوونە لە خەڵکسالارییەکەی بەهاری عەرەبی. میسر و عەرەبستانی سعوودی و سووریا و ئیماراتی یەکگرتوو (١٣٣) لەژێر ناوی خەباتی دژ بە تیرۆریزمدا پەرە بە کوشتن و سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان دەدەن.

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، یه‌كێكه‌ له‌ ئامانجه‌كانی سه‌ركوتكردن. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر شەپۆلی ناڕازیبوونی خەڵک لە نزیکەی سەد شاردا، دەستی بە داخستن و فیلتەرکردنی "تێلێگرام" کرد. ئەمەیش وێڕای ئەوەی هێشتا تویتەر و فەیسبووک لەم وڵاتەدا داخراون.

لە عێراقدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ڕابردوودا داخران. لە میسر و وڵاتەکانی دەوروبەری کەنداو و ئوردن (١٣٠) و فەڵەستیندا سایتی ڕۆژنامەکان ڕاگیران. یاساکانی تێکۆشان دژ بە تاوانەکانی ئینتەرنێت بۆ نموونە لە لوبناندا (١-،١٠١) شه‌رعییه‌تیان داوه‌ته‌ کۆنترۆڵکردنی ئۆنلاین.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا (٣-،٤٨)، وڵاتێک کە بە شێوەیەکی مێژوویی پێبەندی ئازادییەکانی میدیاکان بووە، ڕۆژنامەنووسان شایەدی بۆ ئەوە دەدەن کە ڕێکخراوە فەرمییە سیاسییەکان ڕۆژانە دەست لە کاروباری ئەوان وەردەدەن. کاریگەریی دووەمین ساڵی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ لەوەدا خۆی دەرخستووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دیسان لە پۆلێنبەندیی جیهانیی میدیا ئازادەکاندا سێ پلە دابەزیوە. دۆناڵد ترامپ بووەتە هۆی بێنرخبوونی میدیاکانی وڵاتەکەی. هەواڵنێرەکان لە میتینگەکانی ترامپدا دەکەونە بەر هەڕەشە و ئازار.

ئەوروپا و پاشکەوتنی دیموکراسی

یەکێتیی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٩دا خراپترین دۆخی تۆمار کردووە. لاوازبوونی ئازادیی میدیاکانی ئەوروپا لە دوایین پۆلێنبەندیدا ئەودیوی دراوی تێکچوونی ڕێکخراوە بنەڕەتییەکانی ئەو وڵاتانە دەخاتە ڕوو کە ڕۆژ بە ڕۆژ زۆرتر بەرەو خۆسەپاندن مل دەنێن. کوشتن و پەلاماردان و شەڕی فیزیکی و زارەکی و تۆقاندن، جێگەی نیگەرانین. هەرچەند ئەوروپا هێشتا کیشوەرێکە کە ئازادیی میدیاکانی تێدا چاکتر دابین کراوە، بەڵام کاری ڕۆژنامەنووسانەی توێژەرانە لەم ناوەدا تووشی تەنگوچەڵەمە و گرفتی تایبەت ده‌بێته‌وه‌.

کوژرانی سێ ڕۆژنامەنووس لە ماوەی چەند مانگێکدا لە مالت (١٢-،٧٧)، سلۆڤاکیا (٨-،٣٥) و بولغارستان (١١١) ڕای گشتیی بەرەو ئەوە ڕاکێشا کە ئەوروپا ئیتر پەناگه‌یەکی هێمن نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان؛ بەتایبەت کاتێک کە ڕۆژنامەنووسان بابەتەکانی گەندەڵییەکانی دارایی و سوودوەرگرتن لە بوودجەی یەکێتیی ئەوروپا (کە دەستی لەگەڵ مافیا هەیە) دەخەنە بەر باری سەرنج.

لە هەلومەرجێکی ناهێمندا کە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ، داخوازی لە پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسان زۆرتر بووە. لە هۆڵەندا (١-،٤) دوای هەڕەشەی جددی بۆ سەر گیانی دوو ڕۆژنامەنووس، پۆلیس دایمە دەیانپارێزێ. لە سوێد (١-،٣) ڕۆژ بە ڕۆژ شایەدی پەلامارە سایبێرییەکانی دژ بەو ڕۆژنامەنووسانەین کە لە تاوانە ڕێکخراوەکان و دین و ئایین دەکۆڵنەوە.

دیاردەیەکی نیگەرانکەری تر کە لە ٢٠١٨دا ئەوروپای گرتووەتەوە، قسەکردنە دژ بە میدیاکان لە زۆربەی دیموکراسییەکاندا. ڕۆژنامەنووسان لە لایەن کەسانێکەوە دەخرێنە بەر تیر و توانج و هەڕەشە، کە لە بەرزترین پلەکانی حکوومەتەکاندان. ئەم شێوازە لە فه‌ڕەنسادا (١+،٢٢) دەبینرێ کە ژان لۆک مێلانشۆن، ڕابەری ڕەوتی فه‌ڕەنسای نافەرمان، ڕقهەڵگرتن لە ڕۆژنامەنووسان بە ئەرکێکی پیرۆز و دادپەروەرانە دەزانێ. نه‌فرەتکردن لە میدیاکان یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی ئێلەگزەردەکانی فه‌ڕەنسایە کە بە شێوەیەکی دڕ و زبر خۆی دەنوێنێ. لە ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕووداوی لەم چەشنە تۆمار کراون کە پۆلیس لە بەکارهێنانی گوللەی پلاستیکیدا سێرەی لە وێنەگران گرتووە.

لە مەجارستاندا (١٤-،٨٧) پێداگرتنی بەرپرسانی حزبەکەی ڤیکتۆر ئۆربان لەسەر قەدەغەکردنی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسانەدا کە سەر بە میدیای خۆیی نین، ڕووداوێکی سەرنجڕاکێشە. خودی ڤیکتۆر ئۆربان بەر لە چەند مانگێک بەم بیانووەوە خۆی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی Hirtv دزییەوە کە گوایە ئەم میدیایە هەواڵی ڕاست بڵاو ناکاتەوە. ئەم شێوە ڕەخنەگرتنە لە میدیاکان، چەکێکی سیاسییە کە دژ بە ڕۆژنامەنووسان بەکار دەهێنرێ و بەم شێوەیە دەیانخاتە خاڵی لاوازەوە. بۆیە ڕابەرە سیاسییەکان زۆرتر سوود لەو میدیا گشتییانە وەردەگرن کە بوونەتە ئامرازی پرۆپاگه‌ندا.

سەرەڕای گۆڕانکارییەکان لە هێندێک وڵاتی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و ئاسیای ناوەندیدا، ئەم ناوچەیە هێشتا تووشی هەڵچوون و داچوونە. دوو وڵاتی گەورەی ئەم دەڤەرە، ڕووسیا و تورکیا (١٥٧)، هێشتا لە سەرکوتکردنی میدیا ئازادەکاندا مکوڕن. تورکیا گەورەترین زیندانی دنیایە بۆ چالاکوانانی میدیای ئازاد و تاقە وڵاتە کە ڕۆژنامەنووسێک بە تاوانی ئەوەی لە "به‌ڵگه‌نامه‌كانی پاناما" [Panama Papers]ی کۆڵیوەتەوە دەخاتە بەر دەم دادگه‌ و لێپرسینەوە. لەم بەشەی دنیادا، کە هەر دەڵێی زەمان لە شوێنی خۆیدا چەقیوە، گۆڕانکارییەکی بەرچاو بەدی ناکرێ. ئۆزبەکستان (+٥،١٦٠) کە دوا ڕۆژنامەنووسە زیندانییەکەی پاش لاچوونی ئیسلام کەریمۆف لە دەسەڵات، ئازاد کردووە، لە وڵاتە ڕەشەکان جیا بووەتەوە. ئەرمەنستان (١٩+،٦١) دوای سەرکەوتنی شۆڕشی په‌مه‌یی [شۆڕشی نه‌رم و دوور له‌ توندوتیژی] دەستی دەسەڵاتی لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن کورت کردەوە و هەنگاوێکی چاکی هەڵێنا، هەرچەند هێشتا لەنێو وڵاتە کەمێک چاکەکاندایە.

 

هەواڵنێرە بێسنوورەکان (RSF) لە ساڵی ٢٠٠٢ بەم لاوە پۆلێنبەندیی جیهانیی ئازادیی میدیاکان بڵاو دەکاتەوە.  ئەم پۆلێنبەندییە کە بە شێوەی کێبڕکێیەک لە نێوان وڵاتاندا بەڕێوە دەچێ، ئامڕازێکی لەبارە بۆ دادوەری. ناوودەنگی ئەم پۆلێنبەندییە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر میدیاکان و ڕێکخراوەکان و بەرپرسە باڵاکانی نەتەوەیی و جیهانیدا هەیە. ئەم پۆلێنبەندییە پێوەرێکە لە نێوان ١٨٠ وڵاتدا بۆ هەڵسەنگاندنی پلەی بەهرەمەندبوونی ڕۆژنامەنووسان لە ئازادی. بەپێی هەڵسەنگاندەکانی وەک فرەخوازی: واتا هەبوونی ڕای جیاواز لە میدیاکاندا، سەربەخۆبوونی میدیاکان: میدیاکان لە بەرامبەر دەسەڵاتە سیاسی، ئابووری، ئایینی و سوپاییدا.

 

سەرچاوە:

https://rsf.org