سه‌رهه‌ڵدان، هه‌ڵكشان و داكشانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى- بەشی یەکەم

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (IS)- كه‌ به‌ "داعش" ناسراوه‌- له‌ پاشماوه‌كانى ئه‌لقاعيده‌ى عێراقه‌وه‌ كه‌ لقێكى خۆجێى ئه‌لقاعيده‌يه‌ و ساڵى 2004 له‌ لايه‌ن "ئه‌بو موسعه‌بى ئه‌لزه‌رقاوى"يه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، سه‌ری هه‌ڵدا. پاش ئه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراق له‌ ٢٠٠٧دا كه‌وتنه‌ خۆ، ئه‌و گرووپه‌ چه‌ند ساڵێ هيچ هه‌واڵ و باسێكى لێ نه‌ما، لێ له‌ ٢٠١١دا به‌ بنى دايه‌وه‌ و سه‌رى هێنايه‌وه‌ ده‌رێ و، له‌ چه‌ند ساڵێكى پاشتردا ناسه‌قامگيرى له‌ عێراق و سوورياى به‌ قازانجى خۆى و بۆ هێرش و په‌لاماردان قۆسته‌وه‌ و خۆى قايم كرد.

له‌ ٢٠١٣دا، ئه‌و گرووپه‌ ناوى خۆى گۆڕى و كردیيه‌ "ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و سووريا" (ISIS) (الدولة الاسلامية في العراق والشام- داعش). داعش له‌ حوزه‌يرانى ٢٠١٤دا په‌لامارى مووسڵ و تكريتى دا و له‌ ٢٩ی حوزه‌يراندا، ئه‌ميرى داعش، ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى، خه‌لافه‌تى جاڕ دا كه‌ له‌ "حه‌له‌ب"ى سوورياوه‌ درێژ ده‌بووه‌وه‌ تا دياله‌ى عێراق و ناوى گرووپه‌كه‌یشى كرده‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى.

هاوپه‌يمانێتيى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردايه‌تيى ئه‌مريكا له‌ ٧ی ئابى ٢٠١٤دا به‌ فڕۆكه‌ كه‌وته‌ لێدانى داعش له‌ عێراقدا و، له‌ ئه‌يلووليشه‌وه‌ كه‌وته‌ په‌لاماردانى داعش له‌ سووريا. له‌ ١٥ی ئۆكتۆبه‌رى ٢٠١٤دا، ئه‌مريكا ناوى له‌ هێرش و په‌لامار بۆ سه‌ر داعش نا: ئۆپه‌راسيۆنى وره‌به‌رز (Operation Inherent Resolve) (عملية العزم الصلب (OIR)(. ساڵى پاشتر، ئه‌مريكا زێتر له‌ ٨ هەزار زه‌برى هه‌وايیى سره‌وانده‌ داعش له‌ عێراق و سووريادا. داعش، به‌ درێژايیى سنوورى سووريا له‌گه‌ڵ توركيادا، زيانێكى زۆرى پێ كه‌وت و له‌ ئاخيروئۆخرى ٢٠١٥دا، هێزه‌كانى عێراق بۆ‌ گرتنه‌وه‌ى ڕه‌مادى پێشڕه‌وييان كرد، به‌ڵام داعش له‌ سووريا ده‌سكه‌وتى ديكه‌ى له‌ نزيك حه‌له‌ب به‌ده‌ست هێنا و هێشتا ڕه‌ققه‌ و مه‌ته‌رێز و سه‌نگه‌ره‌كانى ديكه‌يشى به‌ده‌سته‌وه‌ بوون.

له‌ ٢٠١٥دا، داعش په‌لى هاوێشت و به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ له‌ ٨ وڵاتى ديكه‌دا تۆڕێكى وابه‌سته‌ به‌ خۆى دامه‌زراند. لق و پشتيوان و هه‌وادار و وابه‌سته‌كانى داعش له‌و ديوى سنووره‌كانى خه‌لافه‌ته‌وه‌، هێرش و په‌لاماره‌كانيان په‌ره ‌پێ دا. له‌ ئۆكتۆبه‌ردا، لقى ميسرى داعش فڕۆكه‌يه‌كى ڕووسیى ته‌قانده‌وه‌ و ٢٢٤ كه‌س كوژران. له‌ ١٣ی نۆڤه‌مبه‌ردا، له‌ زنجيره‌يه‌ك هێرش و په‌لاماردا له‌ پاريس ١٣٠ كه‌س كوژران و زێتر له‌ ٣٠٠ كه‌سيش بريندار بوون. له‌ حوزه‌يرانى ٢٠١٦دا، پياوێكى تفه‌نگبه‌ده‌ست كه‌ دواتر خۆى به‌ هه‌وادار و پشتيوانى داعش دانا، به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ ٤٠ كه‌سى له‌ يانه‌يه‌كى شه‌وانه‌ له‌ ئۆرلاندۆى فلۆريدا كوشت.

له‌ ١٩ی دێسه‌مبه‌رى ٢٠١٧دا، وته‌بێژى OIR ڕای گه‌ياند كه‌: داعش نزيكه‌ى هه‌ر هه‌موو ئه‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ى كه‌ سه‌روه‌ختێك كه‌وتبووه‌ بنده‌ست، لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌‌ و زێتر له‌ 7.7 مليۆن كه‌س ئازاد كراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ كۆتايیى هه‌ڵمه‌ت و شاڵاو بۆ سه‌ر داعش ناگه‌يه‌نێ. چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانين‌ ئه‌و دوژمنه‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى دڵڕه‌قى و شه‌ڕانييه‌كه‌ى، دوژمنێكى به‌ده‌هۆ و مانۆڕچى‌ و خۆگونجێنه‌. ئێمه‌ له‌ پشتيوانيكردنى هاوبه‌شه‌كانماندا به‌رده‌وام ده‌بين و گوشارى زێتر ده‌خه‌ينه‌ سه‌ر داعش.

له‌ دێسه‌مبه‌رى ٢٠١٧دا، خه‌لافه‌تى داعش ٩٥٪ى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى به‌ هه‌ر دوو شاره‌ گه‌وره‌كه‌‌یشه‌وه‌ له‌ده‌ست دا؛ شارى مووسڵ كه‌ دووه‌مين شارى عێراقه له‌ ڕووى دانيشتووانه‌وه‌‌ و، شارى ڕه‌ققه‌ له‌ باكوورى سووريا و به‌ناو پايته‌ختى داعش. له‌ كاتێكدا سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق له‌ ٩ی دێسه‌مبه‌رى ٢٠١٧دا، سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر داعشدا ڕاگه‌ياند. لێ هێشتا داعش هێرش و په‌لامارى له‌ سه‌رانسه‌رى دنيادا، به‌ شارى "نيويۆرك"يشه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌دا.

له‌ ٢٠١٨دا، ته‌كه‌ز كه‌وته‌ سه‌ر هه‌ڵمه‌ت و شاڵاو دژى داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا و‌، هاوپه‌يمانێتييه‌كى كورد و عه‌ره‌به‌كانى سووريا كه‌ به‌ هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (SDF) ناسراوه‌ و ئه‌مريكا پشتيوانييان لێ ده‌كا، به‌ره ‌به‌ره‌ سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێز و شوێنه‌ سه‌ره‌كييه‌كانيان له‌ داعش سه‌نده‌وه‌. بۆ ماوه‌يه‌كى كه‌م، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات هێرش و په‌لامارى خۆيان بۆ سه‌ر داعش له‌ نۆڤه‌مبه‌رى ٢٠١٨دا ڕاگرت، پاش ئه‌وه‌ى هێرش و په‌لاماره‌كانى توركيا بۆ سه‌ر پێگه‌ و سه‌نگه‌ره‌كانى كورد، سه‌رنجه‌كانى SDFيان له‌سه‌ر داعش لا دا. له‌ ١٤ی دێسه‌مبه‌رى ٢٠١٨دا، SDF شارۆچكه‌ى "هه‌جين"يان گرت. پاش گرتنى ئه‌و شارۆچكه‌يه‌، له‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وه‌ گه‌وره‌يه‌ى داعش، ته‌نيا چه‌ند گوندێكى كه‌م به ‌درێژايیى ڕووبارى فورات و نزيك سنوورى عێراق له‌ بنده‌ستى ئه‌و گرووپه‌دا مانه‌وه‌.

به‌پێى هه‌واڵێكى ئاژانسى AFPى فه‌ڕه‌نسى له‌ ١٩ی ئادارى ٢٠١٩دا، شه‌ڕڤانان كه‌ كورده‌كان فه‌رمانده‌ييیان ده‌كه‌ن، پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر دوا سه‌نگه‌ر و مه‌ته‌رێزى گرووپى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريا و جيهادييه‌كانيان له‌ لانه‌ و پۆرگێكى گچكه‌ له‌ كه‌نار و ئاقارى گوندى باغوز ئابڵووقه‌ داوه‌.

له‌ ١٩ی دێسه‌مبه‌رى ٢٠١٨دا، سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ ڕای گه‌ياند كه‌ داعش تێك شكاوه‌ و نياز و مه‌رامى خۆى به‌ كێشانه‌وه‌ى هه‌موو هێزه‌كانى ئه‌مريكا كه‌ ٢٠٠٠ كه‌سێك ده‌بن و پشتيوانى له‌ SDF له‌ سووريا ده‌كه‌ن، ده‌ربڕى. لێ SDF درێژه‌ى به‌ هێرشه‌كانى دا و له‌ شوباتى ٢٠١٩دا دوا شاڵاوى بۆ سه‌ر هێزه‌كانى داعش له‌ باغوز برد كه‌ دوا سه‌نگه‌رى ئه‌و گرووپه‌ بوو. له‌ ٢٣ی ئاداردا باغوز گيرا و به‌فه‌رمى كۆتايى به‌ خه‌لافه‌ت هێندرا. خۆڕاده‌ستكردنى به‌كۆمه‌ڵی جه‌نگاوه‌ره‌كانى داعش و خاووخێزانه‌كانيان، ئه‌و ئالينگارييه‌ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌مێژه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێ: بۆ ڕێگه‌گرتن له په‌يدابوونه‌وه‌ى ياخيبوونێكى ديكه‌ له‌ سووريا و عێراقدا، چۆنچۆنى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ جيهادييه‌كاندا بكرێ؟

ئه‌مه‌ كرۆنۆلۆژيى په‌يدابوون، بڵاوبوونه‌وه‌ و هه‌ڵكشان و داكشانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى (داعش)ه‌:

٢٠٠٤- ٢٠١٢

٢٠٠٤: "ئه‌بو مه‌سعه‌بى ئه‌لزه‌رقاوى"، ئه‌لقاعيده‌ى له‌ عێراقدا دامه‌زراند. [ئه‌بو مه‌سعه‌ب كه‌ ناوى ڕاسته‌قينه‌ى "ئه‌حمه‌د فه‌زيل نزال ئه‌لخه‌لايله"‌يه‌ له‌ ٢٠ی تشرينى يه‌كه‌مى ١٩٦٦ له‌ شارى "زه‌رقا"ى ئوردنى له‌ دايك بووه‌- ئاسۆ].

٧ی حوزه‌يرانى ٢٠٠٦: زه‌رقاوى به‌ تێسره‌واندنى زه‌برێكى فڕۆكه‌ى ئه‌مريكى كوژرا. ئه‌بو ئه‌يوبى ئه‌لميسرى جێگه‌ى گرته‌وه‌. [جه‌نه‌راڵ كايسى فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراق له‌ ئاخاوتنێكدا گوتى: له‌ ئێواره‌ى ٧ی حوزه‌يراندا... له‌ هێرشێكى هه‌وايى بۆ سه‌ر ماڵێكدا كه‌ زه‌رقاوى له‌گه‌ڵ ياريده‌ره‌كانى له‌ كۆبوونه‌وه‌دا بوو له‌ گوندى هبهب كوژرا، كه‌ ٨ له‌ كيلۆمه‌تریى باكوورى باقووبه‌يه‌- له‌ لاپه‌ڕه‌ ٩ی كتێبى "ابو مصعب الزرقاوي ١٩٦٦- ٢٠٠٦، الوجه الآخر لتنظيم القاعدة، جان- شارل بريزار، ت: هالة صلاح الدين لولو"، وه‌رگيراوه‌- ئاسۆ]

١٥ی ئۆكتۆبه‌رى ٢٠٠٦: ئه‌لميسرى دامه‌زرانى ده‌وڵه‌تى ئيسلامیى له‌ عێراقدا ڕاگه‌ياند و "ئه‌بو عومه‌رى ئه‌لبه‌غدادى"، بووه‌ ئه‌ميرى ئه‌و گرووپه‌.

2007: پشتى هه‌ڵمه‌ت و شاڵاوى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ عێراقدا، ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراقدا (ISI) له‌ به‌غدا جێى نه‌بووه‌وه ‌و به‌ره‌و دياله ‌و سه‌ڵاحه‌ددين و مووسڵ هه‌ڵكشا. ئه‌م ڕێكخراوه‌ ته‌نيا هه‌ندێ سه‌ركرده ‌و شانه ‌و توانا و هێزى مابوونه‌وه‌ كه زێتر‌ له‌ مووسڵ چڕوخڕ ببوونه‌وه‌.

2008: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراقدا (ISI) ژماره‌ى ئه‌ندامه‌كانى زۆر ببۆوه‌. له‌ ده‌سپێكى 2008دا،  له‌ كۆى 15000 ئه‌ندامى ئه‌و ڕێكخراوه‌، 2400يان لێ كوژرا و 8800يشيان لێ گيرا. هاتنى جه‌نگاوه‌رى بيانى بۆ عێراق، له‌ 120 كه‌س له‌ مانگێكدا كه‌م بووه‌وه‌ بۆ 5 تا 6 كه‌س له‌ مانگێكدا.

2009: سه‌رۆكوه‌زيرانى عێراق [نوورى مالكى، ئه‌وده‌م سه‌رۆكوه‌زيران بوو- ئاسۆ]، سه‌ركرده‌ سوننه‌مه‌زهه‌به‌كانى كرده‌ ئامانج و ئيدى گرژيى مه‌زهه‌بى له ‌نێوان شيعه‌ و سوننه‌كاندا زێده ‌بوو. له‌وما له‌ ناوچه‌ى خێڵه‌ سوننه‌مه‌زهه‌به‌كاندا پشتيوانیى زێتر له‌ ISI كرا و، ISIیش به‌رپرسيارێتيى هێرش و په‌لاماره‌ خۆكوژييه‌كانى ده‌خسته‌ ئه‌ستۆى خۆى و، به‌ سه‌دان كه‌س له‌ به‌غدا هاتنه‌ كوشتن.

نيسانى 2010: ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى، بووه‌ ئه‌ميرى ISI، پاش ئه‌وه‌ى ئه‌بوعومه‌رى به‌غدادى و ئه‌بو ئه‌يوبى ميسرى له‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى هاوبه‌شى ئه‌مريكى- عێراقيدا هاتنه‌ كوشتن.

ته‌مووزى 2011: ئه‌بوبه‌كرى به‌غدا چه‌كداره‌كانى خۆى بۆ سووريا ناردن. يه‌ك له‌وان ئه‌بو موحه‌مه‌دى جولانى بوو كه دواتر‌ بووه‌ ئه‌ميرى "جه‌بهه‌تولنوسره‌" له‌ كانوونى دووه‌مى 2012دا.

ته‌مووزى 2012- ته‌مووزى 2013: ISI ده‌ستی كرد به‌‌  هه‌ڵمه‌تى ديواربڕين و شكاندنى زيندانه‌كان و له‌و ماوه‌يه‌دا 24 ته‌قينه‌وه‌ى ئه‌نجام دا و 8 به‌ندیخانه‌ى شكاند و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى ئه‌لقاعيده‌ى ڕزگار كردن كه‌ به‌شدارييان له‌ هێرشه‌كانى ئه‌لقاعيده‌ى عێراقدا كردبوو له‌ 2006 و 2007دا. [له‌ يۆليۆى 2013دا، له‌ دوو ئۆپه‌راسيۆنى چلۆنايه‌تيدا، زێتر له‌ 500 زيندانى كه‌ زۆرينه‌يان ئه‌ندامى ديارى ڕێكخراوى ئه‌لقاعيده‌ بوون له‌ هه‌ر دوو به‌ندیخانه‌ى تاجى و ئه‌بوغرێب له‌ به‌غدا هه‌ڵاتن- ئاسۆ]

2013:

4ى ئادار: ڕه‌ققه‌ كه‌وته‌ بنده‌ستى ئۆپۆزيسيۆنى سوورى و گرووپه‌ عه‌لمانييه‌ به‌رهه‌ڵستكاره‌كان و جه‌بهه‌تولنوسره‌‌ و ISI و هه‌ر هه‌موويان له‌ ڕه‌ققه‌ هه‌ڵده‌سووڕان. ISI ده‌ستی كرده‌ گوێزانه‌وه‌ى كه‌لوپه‌لى سه‌ربازى بۆ خۆقايمكردن و په‌لاماردانى قۆڵ و به‌ره‌ى نوێى جه‌نگ له‌ سووريا.

11ى نيسان: به‌غدادى له‌ عێراقه‌وه‌ ده‌چێته‌ سووريا و ده‌ڵێ ISI و جه‌بهه‌تولنوسره‌ له‌ سووريا يه‌كيان گرتووه‌ و بوون به‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و شام (داعش). هه‌رچى "جولانى"يه‌ ئه‌و هاوپه‌يمانێتييه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ڕای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌ ئه‌و، سه‌ر به‌ ئه‌لقاعيده‌يه‌.

21ى ته‌مووز: داعش شاڵاوى "دروێنه‌ى سه‌رباز" (حصاد الجندي)  بۆ تێكشكاندنى هێزه‌كانى ئاسايشى عێراقى و كۆنترۆڵكردنى عه‌ردوبان و ناوچه‌كان ده‌ست پێ كرد.

ئاب: داعش كه‌وته‌ په‌لاماردانى گرووپه‌ ياخيبووه‌كانى وه‌ك ليواى ئه‌لته‌وحيد، ئه‌حرار ئه‌لشام  و جه‌بهه‌تولنو‌سره‌ له‌ ڕه‌ققه‌و  حه‌له‌ب.

30ى دێسه‌مبه‌ر: چه‌كداره‌كانى داعش له‌ عێراقدا كۆنترۆڵى فه‌لوجه‌ و چه‌ند به‌شێكى شارى "ڕومادى"یان كرد.

2014:

كانوونى دووه‌م: داعش ده‌ستى به‌سه‌ر ڕه‌ققه‌دا گرت و كردیيه‌ پايته‌ختى ئيماره‌تى داعش.

3ى شوبات: ئه‌لقاعيده‌ به‌فه‌رمى ڕايه‌ڵه ‌و پێوه‌ندييه‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ داعشدا پچڕاند.

10ى حوزه‌يران: داعش به‌ته‌واوى مووسڵى گرت. هێرش بۆ سه‌ر مووسڵ تا ئه‌و ده‌مه‌ گه‌وره‌ترين هێرش و په‌لامارى داعش بووه‌. به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ چه‌كداره‌كانى داعش 600 زيندانيى شيعه‌يان له‌ گرتووخانه‌ى بادوش له‌و هێرشه‌دا كوشت. [له‌ 6ى حوزه‌يراندا داعش په‌لامارى مووسڵى دا و له‌ 10ى مانگدا به‌ته‌واوى ده‌ستى به‌سه‌ر شاره‌كه‌دا گرت و فيرقه‌ى دوو و سێى سوپاى عێراق و پۆليسى فيدراڵى و پۆليسى خۆجێى‌ كه به‌سه‌ريه‌كه‌وه‌ زێتر له‌ 40000 كه‌س ده‌بوون و نوێترين چه‌كى ئه‌مريكييان پێ بوو، خۆيان نه‌گرت و فه‌رمانده‌كانى ئۆپه‌راسيۆنى نه‌ينه‌وا هه‌ڵاتن و چه‌ك و پاره‌يه‌كى زۆر له‌ مووسڵ كه‌وته‌ ده‌ست داعش. ئاسۆ]

11ى حوزه‌يران: چه‌كداره‌كانى داعش و "ثوار العشائر"، "تكريت"يان گرت.

12ى حوزه‌يران: ئێران هێزه‌كانى خۆى بۆ جه‌نگى داعش له‌ عێراق بڵاوه ‌پێ كرد و ياريده‌ى هێزه‌كانى عێراقيان دا بۆ گرتنه‌وه‌ى به‌شێكى زۆرى تكريت.

[له‌ 14ى مانگدا باره‌گاى فيرقه‌ى چوارى سوپاى عێراق له‌ تكريت گيرا. هه‌روا پێشتريش سوپاى عێراق له‌ناو كه‌ركووك و ده‌وروبه‌رى و چاڵه‌ نه‌وتييه‌كانيش كشانه‌وه ‌و، له‌ ئه‌نجامدا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان چوونه‌ ناو كه‌ركووك و، لێ نه‌گه‌ڕان داعش كه‌ركووك داگير بكا؛ ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا داعش پاش (4) ڕۆژ لە کەوتنى مووسڵ و گرتنى تكريت، له‌ دوو قۆڵه‌وه: قۆڵى تکریت – بەغدا و قۆڵى حلە- بەغدا ده‌يانه‌ويست دزە بكه‌نه‌ نێو بەغدا و پێشڕه‌وييان ده‌كرد و ڕايان ده‌گه‌ياند كه‌ شه‌ڕ داوێنه‌ ناو به‌غدا. ڕاسته‌  ده‌سته‌ى "حەشدى شەعبى" لە ڕۆژى 14ى حوزەیرانى 2014دا هاته‌ دامه‌زراندن و هاوكاتى فه‌تواكه‌ى 13ى حوزه‌يرانى مه‌رجه‌عى باڵاى شيعه،‌ ئايه‌توڵڵا عه‌لى سيستانى بوو كه‌ "جيهادى كه‌فائى"ی تێدا ڕاگه‌يه‌ندرا، لێ هەندێ تەشکیلاتى بنەڕەتى و چەکداريى شيعى لە 2007 و 2012 و زێتریش لە 2013دا، بە ناوى جیاجیاوە کارا و چالاک بوون و هەندێ تەشکیلاتى دیکەى وەک "بەدر" و "عەسائیبى ئەهلى هەق"یش لە ڕاستیدا میلیشیا بوون لە بەرگى حزبێکى سیاسیدا و هه‌روا "سه‌رايا ئه‌لسه‌لام"ى سه‌درييه‌كانيش دوو ڕۆژ پێشتر به‌ فه‌رمانى موقته‌دا سه‌در پێك هێنرا‌ . ئاسۆ]

18ى حوزه‌يران: عێراق داواى له‌ ئه‌مريكا كرد به‌ فڕۆكه‌ له‌ داعش بدا.

[29ى حوزه‌يران: ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى له‌ "جامع النوري" له‌ مووسڵ خوتبه‌ى دا و خۆى به‌ خه‌ليفه‌ى موسڵمانان و ئه‌ميرى موئمينين ناساند- ئاسۆ].

17ى ته‌مووز: داعش  چاڵه‌ گازى ئه‌لشاعرى له‌ سووريا گرت و 270 كه‌سى كوشت.

21ى ته‌مووز: داعش خاڵى ستراتيژيى په‌ڕينه‌وه‌ى نێوان پارێزگه‌ى دێرزورى سووريا و عێراق و سێ شارۆچكه‌ى ديكه‌ى عێراقى گرتن.

29ى ته‌مووز: داعش دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى خه‌لافه‌تى ڕاگه‌ياند و ناوى گرووپه‌كه‌ى له‌ ده‌وڵه‌تى ئيسلامى له‌ عێراق و شام، كرده‌ "ده‌وڵه‌تى ئيسلامى" (IS).

2-3ى ئاب: داعش په‌لامارى شارى شه‌نگاڵ و شارۆچكه‌ى زومارى دا و به‌ هه‌زاران مه‌ده‌نیى ئێزدى ناچار بوون ماڵ و حاڵى خۆيان جێ بهێڵن.

[به‌گوێره‌ى داتا و زانيارييه‌كانى به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تيى گشتیى كاروبارى ئێزدييان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقافى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، تا 4ى نيسانى ئه‌مساڵ به‌م شێوه‌يه‌ن: ژماره‌ى ئێزدييه‌كان له‌ عێراقدا 550000 كه‌س. له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هێرشه‌ى داعشدا، 360000 كه‌س ماڵ و حاڵى خۆيان جێ هێشت و ئاواره‌ و سه‌رگه‌ردان بوون و له‌ ڕۆژه‌كانى به‌راييدا 1293 كه‌س شه‌هيد بوون و له‌ ئه‌نجامدا 1759 منداڵ بێباوك مانه‌وه‌ و 407 منداڵيش بێدايك و سێوى بوون، 359 منداڵ بێدايك و باوك و هه‌تيو بوون كه‌ كۆى گشتييان ده‌كاته‌ 2745 منداڵ. بێ له‌ گۆڕى تاك تاكه‌، نزيكه‌ى 80 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵى ئێزدييه‌كان دۆزراونه‌ته‌وه‌ و 68 مه‌زارگه‌ و مه‌رقه‌دى ئێزدييان ته‌قێنراونه‌ته‌وه ‌و ژماره‌ى ئه‌و ئێزدييانه‌ى كه‌ به‌ناچارى پاش ئه‌و فه‌رمانه‌ ڕوويان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات كردووه‌، نزيكه‌ى 100000 كه‌سێك ده‌بن و كۆى گشتیى ئه‌و ئێزدييانه‌ى كه‌ كه‌وتنه‌ بنده‌ستى داعش و ڕفێنراون، 6417 كه‌سه‌ كه‌ 3548يان مێينه‌ن و 2869یشيان نێرينه‌ن. له‌و ژماره‌يه‌ تا ئێستا 1170 مێينه‌ له‌ ده‌ستى داعش ڕزگاريان بووه‌ له‌ته‌ك 337 نێرينه‌ و 1002 كيژ‌ و 916 كوڕ و تا ئێستا 1379 مێينه‌ و 1616 نێرينه‌ له‌بنده‌ستى داعش ماون و چاره‌نووسيان ديار نييه‌.. به‌ هه‌زاران ئێزديش چوونه‌ سه‌ر چياى شه‌نگاڵ و له‌و مانگه‌ گه‌رمه‌دا بێ ئاو و نان و به ‌ده‌يانيان له‌ برسان و تێنوێتيیان مردن. ئاسۆ.]

3ى ئاب: داعش ده‌ستى به‌سه‌ر "سد الموصل"دا گرت.

له‌ تويتێكدا ABC  له‌ 7ى ئابدا ده‌ڵێ: به ‌قسه‌ى داعش بێ، كۆنترۆڵى به‌نداوێكى سه‌ره‌كى له‌ عێراقدا ده‌بێته‌ مايه‌ى ژيان و مه‌رگى نزيكه‌ى 500000 كه‌س.

7ى ئاب: سه‌رۆك ئۆباما ده‌ستپێكردنى تێسره‌واندنى زه‌برى هه‌وايى له‌ داعش بۆ داكۆكيكردن له‌ ئێزدييه‌كان كه‌ له‌سه‌ر چياى شه‌نگاڵ ڕێيان لێ گيرابوو، ڕاگه‌ياند.

[هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا داعش هاته‌ ناو قه‌ره‌قوش كه‌ شارۆچكه‌يه‌كى كريستياننشينه‌ و كريستيانه‌كانى ئه‌و ناوچه‌يه‌ و ده‌ڤه‌رى مووسڵ ڕوويان له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد- ئاسۆ.]

[به ‌قسه‌ى پێنتاگۆن له‌ 8ى ئابدا سوپاى ئه‌مريكى پێگه‌كانى داعشيان نزيك هه‌ولێرى پايته‌ختى هه‌رێمى كوردستان بۆردومان كردووه‌- ئاسۆ.]

 [له‌ 6 و 7ى ئابدا، داعش ناحيه‌ى گوێڕ و مه‌خموور به‌ ده‌ستكێشيى هه‌ندێ عه‌شايه‌رى عه‌ره‌بى داگير ده‌كا، به‌ڵام هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، چه‌ند ڕۆژێكى پێ ناچێ، به‌ ياريده‌ى فڕۆكه‌كانى ئه‌مريكا، ناوچه‌كان له‌ داعش ده‌ستێننه‌وه‌. به‌م شێوه‌يه‌ پێشمه‌رگه‌ كه‌وته‌ جه‌نگێكى قوڕس له‌گه‌ڵ داعشدا و پێشڕه‌وييه‌كانى ئه‌و گرووپه‌ تيرۆريستييه‌ى بۆ سه‌ر كوردستان ڕاگرت  و به‌ره‌يه‌كى درێژى جه‌نگى كرده‌وه‌. له‌ سۆنگه‌ى ئه‌مه‌و لێره‌ به‌دواوه‌‌، شاند دواى شاندى وڵاتان، به‌تايبه‌تى له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى، بۆ پشته‌وانيكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان  و بۆ‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر ده‌هاتنه‌ هه‌ولێر و ئاماده‌يیى خۆيان ده‌رده‌بڕى كه‌ كۆمه‌كى پێويست به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان بكه‌ن، وه‌ك: ئه‌مريكا، بريتانيا، فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانيا و نه‌مسا و ئيتاڵيا و...- ئاسۆ.]

19ى ئاب: داعش ڕۆژنامه‌نووسێكى ئه‌مريكیى به‌ ناوى جيمس فۆلى ده‌كوژێ.

24ى ئاب: چه‌كداره‌كانى داعش فڕۆكه‌خانه‌ى ته‌به‌قه‌ له‌ ڕه‌ققه‌ ده‌گرن و به‌مه‌یش ته‌واوى پارێزگه‌ى ڕه‌ققه‌ ده‌كه‌وێته‌ بنده‌ستى داعشه‌وه‌.

2ى ئه‌يلوول: داعش ڤيديۆى سه‌ربڕينى ڕۆژنامه‌نووس "ستيڤن سۆتلۆف" بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

13ى ئه‌يلوول: داعش ڤيديۆى له‌قه‌ناره‌دانى كارمه‌ندێكى فرياكه‌وتن و به ‌ڕه‌گه‌ز بريتانى به ‌ناوى داڤيد هاينز بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

19-22ى ئه‌يلوول: داعش له‌ شارى كۆبانێ، سه‌ر سنوورى توركيا- سووريا پێشڕه‌وى ده‌كا و به‌ هه‌زاران په‌نابه‌ر ڕوو له‌ توركيا ده‌كه‌ن.

22ى ئه‌يلوول: وته‌بێژى داعش، ئه‌بو موحه‌مه‌دى عه‌دنانى داوا له‌ لايه‌نگرانى داعش ده‌كا كه‌ په‌لامارى  هاووڵاتييانى ئه‌مريكا، فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانى ديكه‌ بده‌ن كه‌ به‌شدارى له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و گرووپه‌ ده‌كه‌ن.

23ى ئه‌يلوول: بۆ يه‌كه‌مين جار ئه‌مريكا به‌ فڕۆكه‌ په‌لامارى داعش ده‌دا له‌ سووريا.

24ى ئه‌يلوول: چه‌ند چه‌كدارێكى سه‌ر به‌ داعش سه‌رى گه‌شتيار و گه‌ڕيده‌يه‌كى فه‌ڕه‌‌نسييان له‌ جه‌زاير به‌ ناوى هه‌رڤى  گوردل بڕى.

27ى ئه‌يلوول: ئه‌مريكا ده‌ستى به‌ تێسره‌واندنى زبرى هه‌وايى له داعش له‌‌ كۆبانێ كرد.

3ى ئۆكتۆبه‌ر: "مجلس شورى شباب الاسلام" ڕای گه‌ياند كه‌ شارى "ده‌رنه‌"ى ليبييا له‌بن كۆنترۆڵى داعشدايه‌.

7-8ى ئۆكتۆبه‌ر: ئه‌مريكا به‌چڕى كه‌وته‌ لێدانى داعش له‌ناو كۆبانێ و ده‌وروبه‌رى بۆ ڕاگرتنى پێشڕه‌وييه‌كانى داعش.

 15ى ئۆكتۆبه‌ر: پێنتاگۆن ناوى له‌ شاڵاوه‌كانى دژ به‌ داعش نا "عمليات العزم الصلب- ئۆپه‌راسيۆنى هوره‌ى پته‌و- Operation Inherent Resolve- OIR).

[28 و 29ى ئۆكتۆبه‌ر: 150 پێشمه‌رگه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌ چه‌كى قورسه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ى توركياوه‌ گه‌يشتنه‌ كۆبانێ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش و پشتيوانيكردن له‌ شه‌ڕڤانه‌كانى كورد كه‌ له‌ناو كۆبانێ  له‌ شه‌ڕێكى ده‌سته‌ويه‌خه‌دا بوون و پانتاييیه‌كى كه‌مى شاريان له‌بنده‌ستدا مابووه‌وه‌- ئاسۆ]

2ى نۆڤه‌مبه‌ر: چه‌ند سه‌ركرده‌يه‌كى داعش و ڕكابه‌ره‌ جيهادييه‌كه‌ى، واته‌ جه‌بهه‌تولنو‌سره‌ له‌ عه‌تارب كۆ بوونه‌وه‌ بۆ وتووێژكردن له‌باره‌ى تێكه‌ڵكردنى هێزه‌كانيان. لێ هيچ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌يه‌كى فه‌رمى، يان هاوكارييه‌ك له ‌نێوان ئه‌و دوو گرووپه‌دا نه‌هاته‌ دى، به‌ڵام داعش چه‌ند چه‌كدارێكى خۆى بۆ ياريده‌دانى جه‌بهه‌تولنوسره‌ نارد كه‌ هێرشى ده‌كرده‌ سه‌ر "حركة حزم". ئه‌و بزاڤه‌ى دوايى‌، گرووپێكى ميانڕۆى ياخی بووه‌ و له‌ لايه‌ن ڕۆژاواوه‌ پشتيوانیى لێ ده‌كرا.

16ى دێسه‌مبه‌ر: چه‌كدارێكى سه‌ر به‌ داعش، 17 كه‌س له‌ كافێيه‌كدا له‌ "سيدنى"، پايته‌ختى ئوستراليا، به‌بارمته‌ ده‌گرێ.

30ى دێسه‌مبه‌ر: داعش به‌رپرسيارێتيى هێرشێكى خۆكوژى بۆ سه‌ر ڕێوه‌ڕسمى به‌خاكسپاردنى جه‌نازه‌يه‌ك له‌ به‌غدا به‌ئه‌ستۆ ده‌گرێ كه‌ 16 كه‌سى تێدا كوژرا و 34 كه‌سى ديكه‌یش بريندار بوون.

 

سەرچاوە:

https://www.wilsoncenter.org