سه‌رهه‌ڵدان، هه‌ڵكشان و داكشانى داعش- به‌شى شه‌شه‌م و كۆتايى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

17ى كانوونى دووه‌م: هێزه‌كانى ئه‌مريكا، به‌ قسه‌ى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌، ڕيكس تيله‌رسه‌ن، له‌ سووريا ده‌مێننه‌وه؛‌ ته‌نانه‌ت پاش ئه‌وه‌یش كه‌ جه‌نگى داعش به‌كۆتا دێ، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئێران و به‌شار ئه‌سه‌د. تيله‌رسه‌ن له‌ ئينيستيتۆى هوڤه‌ر گوتى: "داعش پێيه‌كى له‌ناو گۆڕه‌ و، ئه‌مريكا له‌ سووريا بوونى سه‌ربازیى ده‌بێ و ده‌مێنێ تا داعش به‌ته‌واوه‌تى تێك ده‌شكێ؛ پاش ئه‌وه‌ هێشتا دووى ديكه‌یش ده‌مێنن."

22ى كانوونى دووه‌م: حكوومه‌تى ئه‌مريكا و كارناسه‌ بێگانه‌كان هۆشدارى ده‌ده‌ن كه‌ داعش هێشتا 10000 هه‌وادارى له‌ عێراق و سووريادا هه‌یه‌.

23ى كانوونى دووه‌م: هاوپه‌يمانێتیی نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى ئه‌مريكا به‌ فڕۆكه‌ له‌ بنكه‌ و باره‌گاكانى داعش و سه‌نته‌ره‌كانى كۆنترۆڵ ده‌دا و 150 چه‌كدارى ئه‌و گرووپه‌ له‌ سووريا ده‌كوژێ.

4ى شوبات: به‌ مه‌زه‌نده‌ى داموده‌زگه‌ى هه‌واڵگيرى، هه‌زاران چه‌كدارى داعش و خێزانه‌كانيان ڕا ده‌كه‌ن و خۆ ده‌شارنه‌وه‌. وه‌زيرى ئاسايشى ناوخۆى ئه‌مريكا، كريستين نيلسين ده‌ڵێ: "جيهادييه‌كان خۆ ده‌شارنه‌وه‌، خۆ له‌ جێگه‌ى ئه‌مينتر ده‌نێن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاته‌كانى خۆيان."

12ى شوبات: كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكى ده‌ڵێن خه‌ليفه‌ى داعش، ئه‌بو به‌كرى به‌غدادى، له‌ تێسره‌واندنى زه‌برێكى هه‌واييدا له‌ نزيك شارى ڕه‌ققه‌ له‌ ئايارى 2017دا، بريندار بووه‌. له‌وما 5 مانگێكه‌، ناچار بووه‌ ده‌سبه‌ردارى به‌ڕێوه‌بردنى ڕاسته‌وخۆى داعش ببێ.

26ى شوبات: عێراق  بڕيارى له‌سێداره‌دانى 15 ژنى تورك ده‌دا كه‌ گومانيان لێ ده‌كرێ ئه‌ندامى داعش بووبن.

20ى ئادار: ته‌رمى 39 كرێكارى بيناى هيندى كه‌ له‌ 2014دا داعش فڕاندبوونى، له‌ گۆڕێكى به‌كۆمه‌ڵ له‌ عێراقدا دۆزرانه‌وه‌.

22ى نيسان: عێراق پێگه‌كانى داعش و كارگه‌يه‌كى كه‌ره‌سته‌ى ته‌قينه‌وه‌ له‌ سووريا به‌ فڕۆكه‌ بۆمباران ده‌كا و 36 چه‌كدارى ئه‌و گرووپه‌یش ده‌كوژێ.

27ى نيسان: به‌گوێره‌ى يۆرۆپۆل، ئه‌مريكا، كه‌نه‌دا و هه‌ندێ وڵاتى ديكه‌ى ئه‌وروپى، كه‌ناڵه‌كانى پرۆپاگه‌نده‌ى داعش، له‌وانه‌ ئاژانسى "أعماق" له‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى هه‌ماهه‌نگكراودا له‌كار ده‌خه‌ن.

29ى نيسان: دادگه‌يه‌كى عێراقى، 19 ئافره‌تى ڕووسیى به‌ سۆنگه‌ى چوونه‌ ڕێزى داعشه‌وه‌، به‌ زيندانى هه‌تا هه‌تايى سزا ده‌دا.

1ى ئايار: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات كه‌ ئه‌مريكا پشتگيرييان ده‌كا، هه‌وڵێكى نوێ ڕاده‌گه‌يه‌نن بۆ گرتنه‌وه‌ى دوا پێگه‌ كه‌ به‌ده‌ست داعشه‌وه‌ مابێ. له‌ به‌ياننامه‌يه‌كى SDFدا هاتووه‌: "داعش بوونێكى به‌رچاوى له‌ نزيك سنووره‌كانى عێراقدا هه‌يه‌ كه‌ ده‌يه‌وێ وه‌كوو ناوچه‌يه‌كى ئارام و ئه‌مين بۆ دانانى نه‌خشه‌ له‌ سه‌رانسه‌رى جيهان و به‌رفره‌كردنى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى له‌ سووريا و عێراقدا به‌كارى بهێنێ. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى دادێ، هيزه‌ قاره‌مانه‌كانمان ئه‌و ناوچانه‌ ئازاد ده‌كه‌ن و سنوورى عێراق- سووريا دابين ده‌كه‌ن و كۆتايى به‌ بوونى داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا به‌يه‌كجاره‌كى ده‌هێنن."

6ى ئايار: هێزى ئاسمانیی عێراقى، زنجيره‌يه‌ك هێرشى ئاسمانی دژى فه‌رمانده‌كانى داعش له‌ سووريا ئه‌نجام ده‌دا.

9ى ئايار: گرووپێكى كاربه‌ده‌ستى گه‌وره‌ى داعش كه‌ له‌ توركيا و سووريادا خۆيان شاردبووه‌وه‌‌ ده‌سگير كران. چوار كه‌س له‌و پێنج كه‌سه‌، خه‌ڵكى عێراقن و پێنجه‌ميشيان خه‌ڵكى سووريايه‌. به‌رپرسيارێتييان بريتى بووه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ى ده‌وروبه‌رى دێرزور، ڕێنيوێنيكردنى ئاسايشى ناوخۆ و به‌ڕێوه‌بردنى كاروبارى كاربگێڕى كه‌ بنه‌ماكانى شه‌ريعه‌ت په‌يڕه‌و ده‌كه‌ن.

29- 31ى ئايار: زيندانييه‌ك له‌ به‌ندیخانه‌يه‌كى به‌لژيكادا، دوو ئه‌فسه‌رى پۆليس و كابرايه‌كى ديكه‌ى خواسايى له‌ ماوه‌ى مۆڵه‌تێكى دوو ڕۆژيدا، ده‌كوژێ. داعش له‌ ڕێگه‌ى ئاژانسى "أعماق"ه‌وه‌ به‌رپرسيارێتيى خۆى ڕاده‌گه‌يه‌نێ.

12ى حوزه‌يران: پۆليسى ئه‌ڵمانى له‌ كۆلۆن پلانێكى تيرۆريستى پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "ڕيسين"ى تێدا بووه‌ له ‌لايه‌ن توندڕۆيه‌كى تونسييه‌وه‌ كه‌ سه‌روكارى له‌گه‌ڵ داعشدا هه‌بووه‌. ئه‌وه‌ يه‌كه‌مين جاره‌ تيرۆريستێكى جيهادى له‌ ڕۆژاوا سه‌كه‌وتووانه‌ بتوانێ مادده‌يه‌كى بايۆلۆژيى ژه‌هراوى به‌رهه‌م بهێنێ.

12ى ته‌مووز- 1ى ئاب: هێزه‌كانى تاليبان و داعش له‌ پارێزگه‌ى جۆزجان له‌ باكوورى ئه‌فغانستاندا پێك داده‌ن. شه‌ڕى سێ هه‌فته‌ى دارزاب به‌ تێكشكانى داعش و له‌به‌ريه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى گرووپه‌كه‌ له‌ جۆزجان، كۆتايی هات.

25ى ته‌مووز: داعش په‌لامارى چه‌ند شارۆچكه‌يه‌كى پارێزگه‌ى سوێديه له‌ باشوورى سووريا ده‌دا و كۆنترۆڵيان ده‌كا و  زێتر له‌ 150 كه‌سيش ده‌كوژێ. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ هێزه‌كانى ڕژێمى سوورى و ميليشيا لۆكاڵه‌كان له‌ دژه‌هێرشێكدا جيهادييه‌كان ڕاو ده‌نێن و ده‌ريان ده‌كه‌ن.

23ى ئاب: داعش تۆمارێكى ده‌نگيى ئه‌بو به‌كرى به‌غدادى بڵاو ده‌كاته‌وه‌. ئه‌بو به‌كر به‌غدادى له‌ نرخى شكسته‌كانى داعشى كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندين ناوچه‌ى له‌ده‌ست داوه‌ و ده‌ڵێ:  به ‌لاى موجاهيدانه‌وه‌، پێوه‌رى سه‌ركه‌وتن يان دۆڕان پشت به‌ دۆڕانى ئه‌م يان ئه‌و شاره‌ نابه‌ستێ.

ئه‌يلوول: سه‌نته‌رى دژه‌تيرۆريزمى وێست پۆينت ڕاپۆرتێ بڵاو ده‌كاته‌وه‌ و‌ هۆشدارى ده‌دا كه‌ داعش په‌نا بۆ تاكتيكى ياخيگه‌رى ده‌با و په‌ناوپێچى ئه‌شكه‌وتان له‌ باكوورى عێراقدا به‌كار ده‌هێنێ.

22ى ئه‌يلوول: چه‌ند چه‌كدارێك په‌لامارى خۆنيشاندانێكى سه‌ربازى له‌ ئه‌هواز ده‌ده‌ن له‌ باكوورى ڕۆژاواى پارێزگه‌ى خوزستاندا. هه‌م داعش و هه‌م گرووپێكى جياخواز و خۆجێى عه‌ره‌ب، به‌رپرسيارێتيى خۆيان له‌و هێرشه‌ ڕاده‌گه‌يه‌نن كه‌ زێتر له‌ 25 كه‌سى تێدا كوژرا و هه‌ندێكيان پاسدار بوون.

24ى ئۆكتۆبه‌ر: داعش هێرشێك بۆ گرتنه‌وه‌ى ناوچه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا ئه‌نجام ده‌دا و زێتر له‌ 40 شه‌ڕڤانى SDF ده‌كوژێ و له‌سه‌ر سنوورى عێراقدا عه‌ردوبان ده‌گرێ.

1ى نۆڤه‌مبه‌ر: له‌ سۆنگه‌ى هێرشه‌ سنووربه‌زێنه‌كانى توركياوه‌، هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ئۆپه‌راسيۆنه‌كانى خۆيان دژى داعش ڕاده‌گرن.

11ى نۆڤه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ده‌ست به‌ ئۆپه‌راسيۆنان دژى داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا ده‌كه‌نه‌وه‌.

1ى دێسه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ئۆپه‌راسيۆنێك بۆ خڕكردنه‌وه‌ى چه‌كداره‌كانى داعش ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه‌ شانه‌ى نوستوويان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا پێك هێناوه‌. ئه‌و چه‌كداره‌ گيراوانه‌  وه‌كوو به‌شێكى سه‌ودايه‌ك له ‌نێوان SDF و سه‌رۆكعه‌شيره‌ته‌ خۆجێيه‌كاندا، پێشتر ئازاد كرابوون.

14ى دێسه‌مبه‌ر: هێزه‌كانى SDF شارۆچكه‌ى هه‌جين ده‌گرن كه‌ دوا شارۆچكه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى بنده‌ستى داعش بوو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا. به‌ مه‌زه‌نده‌ى فه‌رمانده‌ى SDF، مه‌زلووم كۆبانێ، 5000 چه‌كدارى داعش له‌ گونده‌كاندا له‌ ده‌م ڕووبارى فورات له‌ خوارووى شارۆچكه‌ى هه‌جيندا ماون.

19ى دێسه‌مبه‌ر: سه‌رۆك ترامپ نيازى خۆى بۆ كێشانه‌وه‌ى 2000 سه‌ربازى ئه‌مريكى له‌ سووريا نيشان دا. ترامپ له‌ تويتێكدا ده‌ڵێ: "ئێمه‌ داعشمان له‌ سووريا تێ برد؛ تاكه‌ هۆى مانه‌وه‌ى ئێمه‌ له‌وێ له‌ سه‌رده‌مى سه‌رۆكايه‌تيى مندا داعش بووه‌."

پاش سه‌ركه‌وتنه‌ مێژوويیيه‌كان به‌سه‌ر داعشدا، كاتى ئه‌وه‌ دێ گه‌نجه‌ هێژاكانى خۆمان بگه‌ڕێنينه‌وه‌ نيشتمان!  Donald J. Trump (@realDonaldTrump) December 19, 2018

26ى دێسه‌مبه‌ر: ده‌وڵه‌تى ئيسلامى به‌رپرسيارێتيى خۆى له‌ ته‌قينه‌وه‌ى بۆمبێك له‌ناو باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ليبيادا ڕاده‌گه‌يه‌نێ كه‌ به ‌لانى كه‌مه‌وه‌ 3 كه‌س كوژران.

30ى دێسه‌مبه‌ر: سه‌رۆكى سووريا، به‌شار ئه‌سه‌د، ڕێگه‌ به‌ هێزه‌كانى عێراقى ده‌دا به‌بێ وه‌رگرتنى مۆڵه‌ت له‌ حكوومه‌تى سووريا، زه‌برى ئاسمانی له‌ پێگه‌كانى داعش له‌ناو خاكى سووريادا بوه‌شێنن.

2019

17ى كانوونى دووه‌م: لقى ئه‌فريقياى ڕۆژاواى ده‌وڵه‌تى ئيسلامى، له‌ باكوورى ڕۆژهه‌ڵاتى نايجيريادا په‌لامارى   كامپى ئاواره‌ ناوخۆييه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌داو زێتر له‌ 8000 كه‌س ده‌ربه‌ده‌رو سه‌رگه‌ردان ده‌كا.

1ى شوبات: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات ئابڵووقه‌ى گوندى باغوز ده‌ده‌ن كه‌ دوا پۆرگ و كاشانه‌ى داعشه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى سووريادا، به‌ڵام هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و گونده‌ دوا ده‌خه‌ن تا ده‌رفه‌ت به‌ خه‌ڵكى مه‌ده‌نى بده‌ن ئه‌و گونده‌ چۆڵ بكه‌ن. له ‌چه‌ند هه‌فته‌يه‌كدا زێتر له‌ 20000 خه‌ڵكى مه‌ده‌نى، ئه‌و گونده‌يان به‌جێ هێشتووه‌.

20ى شوبات: بريتانيا، ڕه‌گه‌زنامه‌ له‌ شه‌ميمه‌ بيغوم وه‌رده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و ئافره‌ته له‌ 2016دا‌ له‌ بريتانياوه ده‌چێته‌ سووريا و ده‌بێته‌ بووكێكى داعش. وڵاتانى ڕۆژاوايى ڕێگه‌ ناده‌ن به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى نزيكه‌ى 800 شه‌ڕكه‌رى بيانى كه‌ له‌ ڕێزه‌كانى داعشدا بوون له‌گه‌ڵ 4000 كه‌سوكار و خێزانه‌كانياندا كه‌ ئێستا له‌ زيندانه‌كانى SDFدا ڕاگيراون. له‌ 2018‌وه‌ كاربه‌ده‌ستانى SDF هۆشدارى ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌وان چه‌كداره‌كانى داعش به‌رهه‌ڵدا ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر وڵاته‌كانيان وه‌ريان نه‌گرنه‌وه‌.‌ [هه‌نووكه‌ ئه‌و ژماره‌يه‌ زۆرتر بووه‌ و بووه‌ته هه‌ڕه‌شه‌يه‌ك له‌ ڕووى ئاسايش و، ‌ بارگرانييه‌ك له‌ ڕووى داراييیه‌وه‌ به‌سه‌ر كورده‌كانى سووريادا- كه‌چى وڵاتان ئاماده‌ نين ڕه‌عيه‌ته‌كانى خۆيان وه‌ربگرنه‌وه‌- ئاسۆ ].

22ى شوبات: ئه‌مريكا  ڕای ده‌گه‌يه‌نێ كه‌ هێزێكى 400 كه‌سى له‌ سووريا ده‌هێڵێته‌وه‌، نه‌بادا داعش جارێكى ديكه‌ سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌ و په‌لبزێوى بكا. ڕێك ئه‌مه‌یش پێچه‌وانه‌ى ئاماژه‌ سه‌ره‌تايیيه‌كه‌ى سه‌رۆك ترامپه‌ له‌ 19ى 12ى 2018دا كه‌ گوتى ته‌واوى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌و وڵاته‌ پاشه‌كشه‌يان پێ ده‌كرێ.

7ى ئادار: جه‌نه‌راڵ جۆزێف ڤۆتيل، فه‌رمانده‌ى پێشترى فه‌رمانده‌يیى ناوه‌ڕاست هۆشدارى به‌ كۆنگرێس ده‌دا كه‌ داعش له‌ چاوه‌ڕوانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌يه‌كى ديكه‌دا، تاكتيكى خۆى ده‌گۆڕێ و درۆ ده‌كا. داعش "بڕيارێكى حيساببۆكراوى داوه‌ كه‌ ئه‌من و ئه‌مانه‌تى خاووخێزانه‌كانى خۆى و تواناكانى بپارێزێ تا ده‌رفه‌ت بۆ ئاواره‌كان بكاته‌وه‌ و، چه‌كداره‌كانيش خۆيان له‌ ناوچه‌ی‌ لاچه‌پ و دووره‌ده‌ستدا بشارنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوانى كاتێكى گونجاو بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ بكه‌ن"؛ ڤۆتيل له‌ به‌رده‌م ليژنه‌ى خزمه‌تگوزارييه چه‌كدارييه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌راندا وای گۆ.

23ى ئادار: هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (SDF) باغوزيان گرت و كۆتايیيان به‌ داعش هێنا و ئيدى هيچ ناوچه ‌و ده‌ڤه‌رێك له‌به‌ر ده‌ست داعش نه‌ما. فه‌رمانده‌ى SDF، مه‌زلووم كۆبانێ له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا گوتى: "ئه‌مڕۆ ئێمه‌ ئه‌و ڕێكخراوه‌ى پێى ده‌گوترێ "ده‌وڵه‌تى ئيسلامی"مان تێك شاند و كۆتاييمان به‌ كۆنترۆڵى داعش له‌ دوا لانه‌ى باغوز هێنا."

 [كورد له‌ جه‌نگى داعشدا زه‌برێكى زۆرى مرۆيى و ماددیى پێ كه‌وت. ڕاسته‌ كورد به‌رگریی له‌ خۆى كرد و پێشى به‌ ته‌جالى داعش گرت، به‌ڵام شانازيى ئه‌وه‌یشى پێ بڕا كه‌ ڕۆڵێكى گه‌وره‌ى له‌ تێكشكاندنى سه‌ربازييانه‌ى داعشدا ببينێ و مرۆڤايه‌تى قه‌رزارى خۆى بكا.

له‌ جه‌نگى داعشدا، خوێنى  ڕۆڵه‌كانى كورد له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ى كوردستاندا تێكه‌ڵ به‌ يه‌كدى بوون. ئافره‌تى كورد له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعشدا، بووه‌ سه‌رمه‌شق له‌ دنيادا.

هه‌رچه‌ند زۆر له‌ ئاماره‌كان دڵنيا نيم، به‌ڵام زێتر له‌ 1830 پێشمه‌رگه له‌ كوردستانى باشوور‌ له‌ جه‌نگى داعشدا شه‌هيد بوون و ژماره‌ى برينداره‌كانيش له‌ 10000يان تێ په‌ڕاندووه‌ و 68 پێشمه‌رگه‌یش تا ئێستا بێسه‌روشوێنن.

به‌ قسه‌ى مه‌زلووم كۆبانێ، فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى SDF، له‌ شه‌ڕه‌كانى داعشدا  11002 شه‌ڕڤان شه‌هيد ‌بوون و زێتر له‌ 21000يش برينداريان هه‌بووه‌. - ئاسۆ].

 

سەرچاوە:

https://www.wilsoncenter.org