سیناریۆی جه‌نگی دژ بە ئێران؛ ڕیاز خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ئێران ئامادە دەکات

و: پێنووس

ژۆرژ مالبرۆنۆ لە بەشی نێوده‌وڵه‌تیی ژمارەی ئەمڕۆی فیگارۆدا وتارێکی سەرنجڕاکێشی لەمەڕ سیناریۆی ئەگەری جه‌نگی ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی لەگەڵ ئێراندا بڵاو کردووەتەوە. ژۆرژ مالبرۆنۆ ده‌نووسێ: ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، پتر لە سی ساڵ هەڵوێستی پارێزکارانەی "نە جه‌نگ، نە ئاشتی"یان پەیڕەو کردووە. بەڵام بە هاتنی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆشکی سپی، بارەکە بە لایەکی تردا کەوتووە. ترامپ بە دەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێکكەوتننامە ناوکییەکەی ساڵی ٢٠١٥ و خستنی ناوی سوپای پاسداران لە پێڕستی ڕێکخراوە ترۆریستییەکاندا، خەریکی ناردنی گەمیەی فڕۆکەهەڵگری "یو. ئێس. ئێس ئابراهام لینکۆلن" و بۆمبهاوێژی ستراتیژیکی ب- ٥٢یە بۆ کەنداو. ژۆرژ مالبرۆنۆ هەروەها دەنووسێ کە ڕیاز خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران و ناردنی هێز بۆ سەر خاکی ئێران ئامادە دەکا.

سەرچاوەیەکی سوپای فه‌ڕەنسا بە فیگارۆی گوتووە کە محەمەد بن سەلمان، شازادەی عەرەبستانی سعوودی داوای لە ژەنەراڵەکانی سعوودی کردووە کە پلانی داگیرکردنی ئێران دابڕێژن. شرۆڤەکاری فیگارۆیش ئەم بابەتەی پشتڕاست كردووه‌ته‌وه‌. سەرچاوەیەکی سوپای فه‌ڕەنسا بە فیگارۆی گوتووە: ژەنەراڵەکانی سعوودی لەمەڕ ئەم پلانەوە قسەیان لەگەڵ کردووین. ئەو سەرچاوەیە گوتوویەتی کە عەرەبستانی سعوودی بۆ پلانی دابەزاندنی هێز لە بەستێنەکانی ئێراندا ڕاوێژیان لەگەڵ کردووین. من وەڵامم داوەتەوە: ئێوە بەڕاستیتانە؟ ئایا دەزانن هەزاران هێز لە بەرامبەرتان وەستاون کە دەزانن چۆن شەڕ بکەن؟

لە کاتێکدا کە تاران بەشێک لە ڕێکكەوتنە ئەتۆمییەکەی لە ئاست هەڵسوکەوتەکانی ترامپدا خسووەتە دۆخی هەڵپەساردنەوە، بەهێزکردنی سوپای ئەمریکا لە ناوچەدا بە پاساوی "هەڕەشەیەکی جددی و بایەخدار" لە لایەن ئێرانەوە دژ بە ئامانجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق و سووریادا کەوتووەتە گەڕ. بەپێی ئەو بەڵگانەی لە لایەن مووسادەوە بڵاو بوونەتەوە، میدیاکانی ئیسڕائیل باسی پلانی ئێران ده‌كه‌ن بۆ پەلاماردانی بەرژەوەندییەکانی هێزە ئەمریکییەکان لە کەنداودا.

ژۆرژ مالبرۆنۆ دەنووسێ: جددیبوون یان نەبوونی ئەم هەڕەشانە هەر چۆنێک بێت، نیشانەی بەرەنگاربوونەوەیەکی سوپایین. ئەو هۆکارە جۆراوجۆرانەی لە مانگی ڕابردوودا بەرچاو کەوتن، سەرنج بەرەو لایەنێک ڕادەکێشن کە "بەرەنگاربوونەوە و پێکهەڵشاخان"ە. شرۆڤەکارێکی فه‌ڕەنسی، کە ئاگادارییەکی زۆری لەسەر ئەم بابەتە هەیە و نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت، دەڵێ: بڕیاری هیچ جه‌نگێک لە هیچ لایەنێکەوە نەدراوە، بەڵام مەترسیی بەرەنگاربوونەوەیەکی له‌ناکاو لە ئاوەکانی کەنداودا بەدی دەکرێ. ئەم شرۆڤەکارە دەڵێ: ئێران هەمیشە ئەم بابەتەی دووپات کردووەتەوە کە خوازیاری جه‌نگ نییە؛ بەڵام دایمە جەختی لەوەیش کردووەتەوە کە ئەگەر هێزەکانی ئێران بکەونە بەر پەلامار، وەڵامیان دەدرێتەوە. هەروەها لە پێناو بەگژداچوونەوەی ئەمریکا، کە بڕیاری داوە هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەنێتە ئاستی سیفر، بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی پەیتا پەیتا هەڕەشەیان کردووە کە ئەگەر نەتوانین نەوتی خۆمان لە گه‌رووی هۆرمزەوە هه‌ناردە بکەین، هیچ وڵاتێکی تریش ناتوانێ و بۆی نییە نەوتی خۆی لەو ناوچەیەدا هەناردە بکا. دەرەنجام هەر یەک لە لایەنەکان –ئەمریکا و ئێران، لە هه‌ڵوێسته‌کانی خۆیاندا مکوڕن.

ژۆرژ مالبرۆنۆ دەنووسێ: ئەگەر ئاگری جه‌نگ لە کەنداودا هەڵگیرسێ، هێزە ئێرانییەکان سوود لە ستراتیژیی جه‌نگێکی ناهاوخشت و پارتیزانی بە دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی وەردەگرێ. مینڕێژکردنی گه‌رووی هۆرمز و به‌له‌مه‌ هەڵمەتبەر و تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران و مووشەکە دژەکەشتییەکانیان، کە لە بەستێنەکاندا ڕاگیراون، ئامڕازی ئەم جه‌نگە دەبن. دەریادار [عه‌میدی هێزی ده‌ریایی] عەلی فەدەوی، فەرماندەی پێشووی هێزی دەریاییی سوپای پاسداران، ڕای گەیاندووە کە لە کاتی جه‌نگدا هێزەکانمان لە گشت شوێنێک هەن و لە هەمان کاتدا لە هیچ شوێنێک نین. فەدەوی دەڵێ: بەم تاکتیکەوە بە شێوەیەک فەزای پەیوەندییەکانی ئەمریکا گەمارۆ دەدەین کە نەتوانن هیچ کارێک بکەن.

شرۆڤەکاری فیگارۆ بە مالبرۆنۆ دەڵێ: بەس کاناڵێکی قووڵ لە گه‌رووی هۆرمزدا هەیە کە دەرفەت دەدا کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا پێیدا تێ پەڕن. ئەگەر فڕۆکە بێفڕۆكه‌وانەکان و کەشتییە تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران بە شێوەیەک لەم کەشتییانە نزیک بکەونەوە، ئەگەری بەرنگاربوونەوە و ڕووداوی ناخۆش گەلێک زۆرە.

مالبرۆنۆ ستراتیژیی جەنگیی ئێران لە کەنداودا بە جه‌نگی پارتیزانی دەریایی دەزانێ و دەڵێ: لە جەرگەی ئەم ستراتیژییه‌ پارتیزانییەدا، پەلامار و گەمارۆدانی نەوتهه‌ڵگره‌كان حەشار دراوە. هەروەها دەڵێ: به‌له‌مه‌ تیژڕەوەکانی سوپای پاسداران لە کەشتییەکانی ئەمریکی خێراترن. ئێران بە سەدان لەم به‌له‌مانەی بەرهەم هێناوە. تاکتیکی ئەوان لە پەلامار و گەمارۆداندا بریتییە لە شێوەیەکی ڕەمەکی و گەلەگورگانە. ئەم به‌له‌مانە بە ڕاکێتهاوێژ و مووشەکەکانی جیلی نوێ تەیار کراون. ڕاپۆرتێکی وەزارەتی فه‌ڕەنسا ئاشکرای کردووە کە ئێران دەیان به‌له‌می خۆکوژی هەیە کە دەتوانن لە مینڕێژکردنی کەنداودا بەشدار بن. هەر کام لەو به‌له‌مانە دەتوانن دوو تا شەش مینی دەریایی لە کەنداودا داچه‌قنێن.

مینڕێژکردن، دووەمین شێوازی جه‌نگی پارتیزانیی ئێرانییەکانە. ئێران گەلێک لەم مینە دەریایییانەی پاشەکەوت کردوون و جگە لە مینەکانی ڕووسی و چینی و کۆریای باکوور، گەشەیەکی زۆری لە پیشەی میندروستکردنی دەریاییدا کردووە. ئێران چەندین هەزار مینی دەریاییی هەن کە تەکنه‌لۆژییه‌کەیان وەک مینە دەریایییەکانی ئێم-٠٨ی چینییە. ئەمە لە كاتێکدا کە کارناسانی ئەمریکی دەڵێن تەنیا ٣٠٠ مین بەشی داخستنی گه‌رووی هۆرمز دەکا.  کارناسە فه‌ڕەنسییەکە دەڵێ: ئێران هەروەها ١٥ ژێردەریاییی بە ناوی غەدیر هەیە کە دەتوانن ٨ تا ٢٤ مینی دەریایی داچه‌قێنن [جێگیر بكه‌ن].

مینڕێژکردنی تێکڕای گه‌رووی هۆرمز دەبێتە هۆی ڕاوەستانی کەشتییە نەوتهه‌ڵگره‌کان. کۆمپانیاکانی بیمە، ڕیسکی تەقینەوەی کەشتییەکان ناگرنە ئەستۆ. کەواتە کەشتییەکان ناچار دەبن تا پاککردنەوەی مینەکان لە شوێنی خۆیان بوەستن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بابەتە کە هەڵگرتنەوەی مینێک ٢٠٠ هێنده‌ی چاندنی مینێک کات دەبات؛ پاککردنەوەی گه‌رووی هۆرمز کارێکی درێژخایەن و مەترسیدار دەبێ. چونکە کەشتییە مینهەڵگرەکان دەکەونە بەر سێرەی مووشەکە دژەکەشتییەکانی ئێران کە لە كه‌ناراوه‌ باشوورییەکانی ئێران جێگیر کراون و ئۆپه‌راسیۆنی مینهه‌ڵگرتنه‌وه‌ تێك ده‌ده‌ن. 

ڕاپۆرتێکی هێزی دەریاییی فه‌ڕەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەرپرسەکانی ئێرانی ئاگایەکی چاکیان لەم بابەتە هەیە، کە دەرەقەتی سوپا و هێزی ده‌ریاییی ئەمریکی نایەن، بەڵام ئامانجیان لەم کارەدا ئەوەیە بڕوا بە ئەمریکییەکان بێنن کە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ئێراندا تووشی گرفت و تێچووێکی زۆر دەبن. ئێران ئومێدەوارە کە بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی ئەم جه‌نگە چاوه‌ڕوانكراوه‌ بۆ ئه‌مریكا، واشنگتۆن لەم بەرەوڕووبوونەوەیە پاشگه‌ز بكاته‌وه‌.

ژۆرژ مالبرۆنۆ دەڵێ: هەر بەم هۆیەیش بووە کە هێزی ده‌ریاییی ئەمریکا و ئێران كه‌ له‌ كه‌نداو جێگیر كراون، لە ساڵانی ڕابردوودا کەمتر کێشەیان بۆ یەکتر دروست کردووە و موڕاعاتی یه‌كتریان كردووه‌. بەڵام ئێستا، بە لەبەرچاوگرتنی په‌ره‌سه‌ندنی بارگرژیی نێوان ئێران و ئەمریکا و لە هەمان کاتدا گوشاری عەرەبستانی سعوودی و ئیماراتی عەرەبی، کە پێیان وایە دەرفەتیان بۆ وەشاندنی زەبرێک لە ئێران لە ساڵێک (تا سەرەتای کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە ئەمریکادا) کەمترە و دەبێ تینیان بۆ سەر ئێران زۆرتر بکەن، بەڵام ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەیەکی ناخوازراو لە نێوان هێزەکانی ئەمریکی و ئێرانی لە کەنداودا بە شێوەیەکی سەیر گەشەی سەندووە.

 

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr