پرسی چین؛ کاتی ئەوەیە ڕێگه‌یەکی نوێ بدۆزینەوە بۆ گەیشتن بە پەکین

بێرنارد زەند

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

لووتکەی ڕێگه‌ی ئاوریشمی چین پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا بوو بۆ تاقیکردنەوەی سیاسەت و ئابووریی وڵاتان، بەڵام بە هۆی سێ مامەڵەی گرنگی مێژووییی ئەو وڵاتەوە، کاتی ئەوەیە ڕۆژاوا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بیر لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکیندا بکاتەوە.

"سون تزو": "ئەگەر ئەوانی تر و خۆت بناسیت، پێویست ناکات ترست لە ئەنجامی سەدان جەنگ هەبێت." "هونەری جەنگ"

ئیمپڕاتۆری چین هەمیشە لە شارێکی قەدەغەکراو یان لە شوێنی حەوانەوەی هاوینە پێشوازیی لە میوان یان بەکرێگیراوەکانی دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ شوێنگرەوەکانیان بەدەگمەن ئەو نەریتە دووبارە دەکەنەوە. زۆرن ئەوانەی کە ئەمڕۆ دێن و دەبن بە میوانی چین، بۆیە بۆ میوانداری و پێشوازییەکی گەورە، سەرۆکی چین، "شی جین پینگ" ناوەندێکی کۆنفڕانس و شوێنێکی دڵڕفێنی ئامادە کرد کە لە دامێنی پەکینەوە لەنێو دەستەیەک لە باخچەی پڕ لە گژوگیا بنیات نراوە کە ئەوەندە لە دیواری چینەوە دوور نییە.

هەفتەی ڕابردوو کۆنفڕانسەکە کۆتاییی پێ هات کە شاندی ١٥٠ وڵات تێیدا بەشدارییان کردبوو، لەوانە ٣٧ سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆکی حکوومەت بوون و دوو ئەوەندی ژمارەی بەشداربووانی لووتکەی ساڵانەی "جی ٢٠" بوون. ئەوان داوەتی "شی جین پینگ" بوون بۆ لووتکەی دووەمی ڕێگه‌ی ئاوریشم؛ بەشدار بوون لە ئاهەنگی ژێرخانی جیهانیی چین و گەشەپێدانی ئەو بەرنامەیەی کە بەفه‌رمی بە "دەستپێشخەریی یەک پشتێنە و یەک ڕێگه" ناسراوە.

لە لووتکەی یەکەمدا دوو ساڵ بەر لە ئەمڕۆ تەنیا ٢٩ سەرۆک و سەرۆکوەزیران تێیدا بەشدار بوون. ئەم جارە، سەرەڕای هاوپەیمانە بوێرەکانی چین لە ئاسیا، ئەفریقا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەوروپا، لەوانە سەرۆکی حکوومەتی ئیتاڵیا و نەمسا ڕێگه‌ی پەکینیان بڕیبوو، ئەڵمانیایش وەزیری ئابووریی خۆی، "پیتەر ئەڵتمایەر"ی ناردبوو.

بەڵام هەموو وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار نەبوون: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاری دا داوەتنامەکە ڕەت بکاتەوە و هیندیش بە هەمان شێوە، هەروەک لە لووتکەی یەکەمیشدا داوەتنامەی بەشداربوونیان قبووڵ نەکرد. لیستی میوانانی لووتکەی ڕێگه‌ی ئاوریشم وەڵامێکی دیپلۆماسی بوو بۆ ژمارەیەک پرسیار، لەوانە: چۆن جیهان مامەڵە لەگەڵ چیندا بکات؟ چۆن لە نزیکەوە هەماهەنگی لەگەڵ چیندا بکات؟ لە چ بوارێک و تاچەند متمانە بە چین بکرێت؟

- کەس ناتوانێت فەرامۆشی بکات

چین هێژموونێکی ئابووری، سیاسی و تەکنەلۆژیی گەورەی بەدەست هێناوە، بە جۆرێک جیهان لە دوای سەرهەڵدانی ئەمریکاوە هێزی وای بەخۆیەوە نەدیوە. پرسیاری ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ چین بکەین زۆر گرنگترە بۆ هەندێک وڵات لە هەندێکی تر، بەڵام هیچ کامێکیان ناتوانن ئەو پرسیارە فەرامۆش بکەن.

لەگەڵ هەر بەرەوپێشچوونێکی نوێ کە چین بەدەستی دەهێنێت و هەر پێشێلکارییەکی مافەکانی مرۆڤیش لە لایەن پەکینەوە، ئەو پرسیارە سەخت دەبێت بۆ وەڵامدانەوە. ئەگەر بڵێین چین ئاڵۆز و دژبەیەکە، ئەمە تەنیا قسەیەکی دووبارەکراوە. ئەوە ڕەهەندە دژبەیەکەکانییه‌تی کە چین لە وڵاتانی تر جیا دەکاتەوە.  

دەستکەوتەکانی چین هەر لە سەرووبەندی چاکسازی و سیاسەتی کرانەوەکەی، چاودێرانی سەرسام کردووە، بەتایبەت وڵاتانی تری هاوشێوەی خۆی و وڵاتانی بەپیشەسازیکراو. چین بە دۆخێکی ئابووری و گۆڕانی کۆمەڵایەتیی تایبەت تێ پەڕیوە کە هیچ کەسێک ٤٠ ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی نەکردووە، کاتێک دەرفەتی کار و بووژانەوەی ئابووری، هەموو بەراوردێکی مێژووییی تێ پەڕاند. پێشکەوتنی تەکنەلۆژیی چین عەقڵ و بیرکردنەوەی خەڵکەکەی دەرخست، بەوەی کە پێشکەوتن تەنیا لە ڕێگەی کۆمەڵگەیەکی پڵوڕاڵەوە بەدەست دەهێنرێت.

بەڵام ئەو پێشکەوتنە کۆمەڵێک ئاستی چەپاندن و کۆنتڕۆڵکردنی بە دوای خۆیدا هێناوە؛ لە ڕەهەندە دیجیتاڵیەکەیدا دۆخێکی هاوشێوەی کۆریای باکووری لە چین بەرهەم هێناوە. دەسەڵاتی چین "ئویغورە موسڵمانه‌" کەمینەکانی وڵاتەکەی لە ڕێگەی هێزی ڕژێمەکەیەوە دەچەوسێنێتەوە، هاوشێوەی ئەوەی کە لە ١٩٣٠دا جیهان بەخۆیەوە بینیی؛ ئەمەی سەرەوە وتەی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە.

نیگەرانییەک هەیە کە چین سیسته‌می چاودێریی دیجیتاڵیی خۆی فراوان دەکات، کە لە ئێستادا بۆ چەوساندنەوەی ئویغورە موسڵمانەکان لە هەرێمی شینجیانگ بەسەر بەشەکانی تری وڵات بەکاری دەهێنێت و ڕەنگە ڕۆژێک بۆ گرووپی زاڵی ناو وڵاتانی تریش بۆ چاودێریکردنی گرووپە کەمینەکان هەناردە بکات.

دژبەیەکییەکانی دەوڵەتی چینی هاوچەرخ زۆر گەورەن، بە جۆرێک کاردانەوەی گەورەیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت؛ هیچ خواستێکیش نییە بۆ ڕاستکردنەوەی، بەتایبەت لە ناوەندە بازرگانییەکان و ڕەتکردنەوەی مۆدێڵی چینی، بەتایبەت لەنێو چالاکوانی مافەکانی مرۆڤدا.

هێزی گەشەپێدانی چین لە هەڕەشەی سەر هەر دوو کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری بۆ سەر وڵاتەکەیەوە دێت. سەختە بۆچوونێکی وەکیەک لەسەر وڵاتێک بونیاد بنێیت کە قەبارە و ئاڵۆزیی دانیشتووانەکەی بە بەراورد بە  وڵاتانی کیشوەرێکی وەک ڕۆژاوا زیاترە. ئایا ئەو دۆخەی کە چین هەیەتی، پاساوە بۆ ئەو مۆدێلە سیاسییەی کە حکوومەتی چین جێبەجێی دەکات؟ ئایا ئەو ڕێگه و جۆرە مامەڵەیە ئەو دەستکەوتانەی چین بێبەها دەکات کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە؟ چ دەرەنجامێکی کۆنکریتی لەم هاوکێشانە بەدەست دەهێنرێت؟

ناتوانرێت هیچ وەڵامێکی کۆتایی بۆ پرسیارگەلی وەها بەدەست بهێنرێت، چونکە چینی هاوچەرخ لەم کارانەی خۆی بەردەوام دەبێت. هەرچەندە دەسەڵاتی سیاسیی چین دەخوازێت ئەم مۆدێڵ و دیدەی بۆ سەقامگیری، بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی تر و "شی جین پینگ"ی وەک سەرۆکی هەتاهەتایی داناوە و، وەلێ هێشتا ئەو وڵاتە بە گۆڕانکاریی گەورەی تریشدا تێ دەپەڕێت. ئەمساڵ یادی سێ ڕووداو دەکرێتەوە کە دژبەیەکی، خەیاڵ و وێنەی چین پێک دەهێنێت.  

١- ڕێک ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ٤ی ئایاری ١٩١٩دا، ٣٠٠٠ قوتابی دەستیان کرد بە ناڕەزاییدەربڕین لە پەکین دژ بە بڕیاری هاوپەیمانانی سەرکەوتووی جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ نەگەڕانەوەی هەرێمی "کەنداوی جیاجۆ" بۆ سەر چین؛ هەرێمێک کە ئەڵمانیا وەک هێزێکی کۆلۆنیاڵ دۆڕاندبووی و بۆ ژاپۆنی ڕکابەری چینی بەجێ هێشت. حزبی کۆمۆنیست شان بە شانی بزووتنەوە سیاسییەکانی تر کە مێژووی چینیان بەرهەم هێناوە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ "بزووتنەوەی ٤ی ئایار"، ڕۆڵیان لە سەرهەڵدانی چینی هاوچەرخدا هەبوو.

لە دەرەوەی چین کەمتر ئەو ڕووداوە گرنگە ناسێنراوە و، پشتگوێخستنی ئەو ڕووداوە نیشانەیەکی سەرەکیی ناهاوسەنگیی پەیوەندییەکانی نێوان زۆر وڵات و پەکینە. چینناسی ئەڵمانی، "مارینا و ڕودیاک" کە بەم دوایییە وتارێکی بۆ ناوەندێکی بیرکردنەوەی لیبڕاڵی مۆدێرن کە بارەگاکەی لە ئەڵمانیایە نووسیوە، دەڵێت: "چین ئێمە دەناسێت بەڵام ئێمە چین ناناسین." نەبوونی زانیاری، زۆر جار دەبێتە هۆی مشتومڕی مێژوویی و ناواقعی لە ڕۆژاوادا لەبارەی بابەتەکانی وەک خواستی جیهانیی چین بۆ بوون بە زلهێز و پڕۆژەی یەک پشتێن-یەک ڕێگه.

بەڵێ، حزبی کۆمۆنیست بێشەرمانە مێژووی هاوچەرخی چینیان نووسیوەتەوە و لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بەکاریان هێناوە و گونجاندوویانە، بەڵام تەنانەت لەپشت ئەو بانگەشانەوەیش، زۆرێک لە چینییەکان بۆچوونی مێژووییی تایبەت بە خۆیان هەیە سەبارەت بە گۆڕان و لێکدانەوەیان لەبارەی ململانێ بازرگانییەکانی ئێستای چین و تێگەیشتنیان لە جیهانگیری.  

پەکین هەموو لایەنە ئەرێنییەکانی خۆی لە ئابوورییەکی قەبە، پاڵپشتیکردنی کەرتی پیشەسازی و گوشاردانان لەسەر وڵاتانی تر بەکار دەهێنێت لەگەڵ دەستوەردانێکی کەمی لە بازاڕە ناوخۆیییەکانیدا.

یادەوەرییەکی درێژ

زۆرێک لە چینییەکان سەرسامن بەوەی کە ئەوروپییەکان چارەی چینیان ناوێت. کاتێک ڕۆژاوا ڕێساکانی بازرگانیی جیهانییان دانا، هێزە گەورەکانی ئەوروپا نیگەران نەبوون لە هاوکاریی دارایی و سنووردارکردنی بازاڕ. ئەوان کەشتییە جەنگییەکانیان نارد بۆ ڕووباری "پیرڵ و یانگتز"، ڕێگەیان بۆ گەیشتن بە بەندەرە چینییەکان و سەپاندنی داگیرکارییەکانیان خۆش دەکرد کە پێیان دەگوتن "مافی بەکارهێنان"، هەروەک هەرێمەکانی دەورووبەری کەنداوی جیاجۆ.

یەکێک لە شارەزا ئەڵمانییەکانی بواری بازرگانیی چین بە ناوی "مارتین برودەرمولەر" دەڵێت: "چینییەکان دەیانەوێت ئێمە تێک بشكێنن چونکە یادەوەرییەکی مێژووییی درێژیان هەیە." دواتر زیاتر ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "پاڵنەر و خواستی چینییەکان خواستێکی جیهانییە؛ ئەوەی بیەوێت ناسراو بێت، دەبێت مامەڵەی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەبێت."

نەک تەنیا لەبەر ئەوەی چین بۆچوونی جیاواز و زیاتری لە هەمبەر مێژوو و یادەوەریی جیهانگیری هەیە لە زۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، بەڵکوو بە لای نەخشەی جیهانیی چینییەکانەوە، ئەمریکا دەکەوێتە شوێنێکی دوور لە ڕۆژهەڵاتەوە، لە کاتێکدا ئەوروپا زیاتر وەک نیمچەدوورگەیەک دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای ڕووسیا. دەریای هێمن، نیمچەکیشوەرەکان و ئەفریقایش زۆر گەورەتر تێیدا دەردەکەون.

مێژوو، جوگرافیا و جیهانگیری: وەک کێشە بۆ مامەڵه‌کردن لەگەڵ چین هەژمار کراوە؛ ئەم تێڕامانە دەکرێت بەسادەیی دەربکەوێت بەڵام وایش دەرناکەون. ئەمانە بەبیرمان دێننەوە کە ئێمە چۆن لە ڕۆژاوا بیر لە چین بکەینەوە. ئەوروپا بەتایبەت وڵاتانی وەک ئەڵمانیا کە پەیوەندییەکی ئابووریی نزیکیان لەگەڵ پەکیندا هەیە، دەبێت ئەو پەیوەندییە لەگەڵ چیندا فراوانتر بکەن.

پەیمانگه‌ی مێرکەیتەر بۆ لێکۆڵینەوە لە چین کە بارەگاکەی لە "بەرلین"ە، یەکێکە لەو ناوەندانەی بیرکردنەوەی جیهان کە تایبەتمەندە بە چین، بەڵام هێشتا ژمارەیەکی کەمی پسپۆڕی چین لە ئەوروپا هەن. میدیا ئەوروپییەکان لەوانە "دیر شپیگڵ" زیاتر لە ئەمریکا نزیک و بەهێزە نەک لە چین و، میدیا ئەمریکییەکانیش بە هەمان شێوە لە چینەوە دوورن.

خواستی باشتر تێگەیشتن لە چین مانای ئەوە نییە پاڵپشتیی بۆچوونی چین بکەیت لە جیهان. بەپێچەوانەوە، ئەوە بۆچوونەکانمان تیژتر دەکاتەوە بۆ ئەو دەرفەت و مەترسییانەی کە لە بەردەم سەرهەڵدانی چیندا دێنە پێشەوە و مەرجی پێشوەختەیشن بۆ بڕیاری سەخت.

٢- ٧٠ ساڵ لەمەوبەر بوو "ماو زیدۆنگ" جاڕی کۆماری چینی میلی دا و لەگەڵ حزبی کۆمۆنیست پلانیان دانا بۆ یادکردنەوەی ڕووداوەکانی ١ی ئۆکتۆبەر بە نمایشی سەربازییەوە. سەرۆک "شی جین پینگ" بە پۆشینی جلی سەربازیی هاوچەرخی هاوشێوەی ماو و سڵاوی سەربازی و دەربڕینی وشەی "سڵاو هاوڕێیان"، هەمان ڕابردوو دووبارە دەکاتەوە.

ئەمە وەک ئاهەنگی دەمامکپۆشینی لێ دێت. هەرچەند حزبی کۆمۆنیست ئەمڕۆ نزیکەی ٩٠ ملیۆن ئەندامی هەیە و لە زۆربەی شوێنە گشتییەکانیشدا ئامادەییی هەیە؛ چینی "شی جین پینگ" لە زۆر بواردا ڕێک پێچەوانەی چینی ماو زیدۆنگە. ماو کەسێکی یۆتۆپی بوو و هەوڵی دەدا بەردەوام وڵاتەکەی لە شۆڕشدا بێت. شی جین پینگ خاوەن هێزێکی بیرۆکراتە و بۆ ڕێکخستن و سەقامگیریی وڵاتەکەی تێ دەکۆشێت، جا بە هەر نرخێک بێت.

وێنەی ماو هێشتا بە دەروازەی "تیانان مێن" هەڵواسراوە بەڵام حزبەکەی لە بزووتنەوەیەکی ئایدیۆلۆژییەوە، بووە بە ئامرازی دەسەڵات و ماشێنی کار. ملیۆنان ئەندامی حزبەکە هەنووکە لە ڕێگەی بانگەشەی بەرنامەی مۆبایلەوە خاڵ کۆ دەکەنەوە بۆ تاقیکردنەوەی زانیارییەکانیان لەبارەی وتار و قسەکانی شی جین پینگ، هەرچەند ئەندامان تووشی ئازارێکی زۆر دەبن کاتێک ناتوانن خاڵی پێویست بۆ سەرکردەکەیان "شی جی پینگ" بەدەست بهێنن. ئەوانەی کە مارکسیزم بەڕژدی وەردەگرن، وەک ئاژاوەچی دەبینرێن. کاتێک گرووپێک لە قوتابیانی چەپ هەڵمەتێکیان بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی سەربەخۆی کارخانەی ئامێر و ماشێن لە هاوینی ڕابردوودا ئەنجام دا، پۆلیس هەڵی کوتایە سەر ماڵەکانیان و نزیکەی ٥٠ کەسی لێ دەستگیر کردن.

بەڵام یەک شت دونیابینیی ماو و شی جی پینگ لە چین بەیەکەوە دەبەستێتەوە: ئەویش خواستی جیهانی و دیاریکردنی گۆڕانکارییەکانی جیهانە. هەروەک چینناسی بریتانی "جولیا لۆڤێل" لە دوا وتاریدا دەنووسێت: "ماویزم وەک تایەک لە جیهاندا بڵاو بووەوە، هاوشێوەی مۆدەیەکی ڕۆشنبیری لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوادا و هاوشێوەی کوشتنێکی ئایدیۆلۆژییش کە بزووتنەوەی چەکداری بە دوای خۆیدا هێنا، هەر لە وڵاتانی تازەگەشەسەندوو لە کەمبۆدیاوە بۆ کۆڵۆمبیا."

ڕێگه‌ی ئاژاوەی زیاتر

دیدی ئێستای چین بۆ جیهان لەرزوتا نییە، بەڵکوو زیاتر خواستی پتەوتربوونە؛ هەر لە فڕگەی بچووکی فڕۆکەوە لە دوورگەکانی دەریای هێمن، تا دەگاتە بەنداوەکانی ڕووباری میکۆنگ و دیواری بەندەری کەشتییەکانی دەریای سپیی ناوەڕاست کە بە ڕێگه‌ی ئاوریشمی نوێ ناسراوە. بەمەیش بەرنامەی ملیاران دۆلاری "شی جی پینگ" بۆ تەواوکردنی ئامانجە جیۆپۆلیتیکییەکانی چین لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە، تەرخان کراوە.

ئەوە ئەمریکا بوو سەرەتا هەستی بەوە کرد کە چین بەردی بناغەی بونیادنانی ڕێکخستنێکی نوێی جیهانی دادەنێت. واشنگتۆن لەژێر دەسەڵاتی ئۆبامادا، ئەو ستڕاتیژەی خۆی لەژێر ناوی "تەوەری ئاسیا" داڕشت، لە کاتێکدا ئیدارەی ترامپ پاڵپشتیی ئاژاوەی زیاتری دەکرد و چینی وەک ستڕاتیژێکی ڕکابەر و هێزێکی جوداخواز دادەنا، بەوەی کە قەرزی هەرزان و هێزی سیاسی بۆ ڕاکێشانی وڵات دوای وڵات بۆ ژێر هێژموون و کاریگەریی خۆی بەکار دەهێنێت. یەکێتیی ئەوروپایش هەمان هەڵوێستی هەبوو؛ کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە کارنامەی ستڕاتیژیی خۆی نوسیبووی، "چین سیسته‌مێکی ڕکابەری جێگرەوەیە بۆ مۆدێڵی حوکمڕانی" و ڕکابەرێکی ئابوورییشە لە بەدواداچوون و ململانێی تەکنەلۆژیدا.

وا دەردەکەوێت ڕاگەیاندنی ڕکابەری لەم شێوەیە کاریگەریی لەسەر پەکین هەبێت. سەرۆکوەزیران "لی کێکیانگ" ڕای گەیاندووە کە سەرسام بووە بەو بێباوەڕییەی ئەوروپا و لە دژیشی وەستاوەتەوە لە دوایین گەشتی بۆ بڕۆکسڵ و، ئەمەیش ناردنی پەیامێکی ڕوونە کە دەبێت چین پێشوازیی لێ بکرێت، تەنانەت ئەگەر کارنامەی ستڕاتیژیی یەکێتیی ئەوروپا تا ڕاددەیەکی زۆریش ڕۆڵی هەبێت لە هەر گۆڕانێک کە لە لایەن چینەوە ئەنجام بدرێت.

لە هەمووی گرنگتر هەنگاوە کۆنکریتییەکانە، هەروەک بڕیاری سەرۆکی فەڕەنسا "ئیمانوێل ماكڕۆن" بۆ داوەتکردنی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا "ئەنجێڵا مێرکڵ" و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا "جیان کڵاود جەنکەر" بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ لەگەڵ "شی جی پینگ" لە نێوه‌ندی سەردانیکردنیان بۆ پاریس. ئەمە گەشەسەندنێکی نوێیە لە مێژووی دیپلۆماسیی ئەوروپا. وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەرگیز ناتوانن بەیەکەوە بە هەمان ڕێژەی یەکگرتووییی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سیاسەتی دەرەوەیان دابڕێژن، بەڵام وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دەبێت بەوردییەوە هەماهەنگی ڕێوشوێنە دیپلۆماسییەکەیان بن لەگەڵ چین لە هەمبەر پرسە جیاوازەکاندا؛ هەر لە هەڵوێستیان لەبارەی خستنەڕووی تۆڕی مشتومڕئاسای بەرهەمەکانی هواوی، تا دەگاتە پرسەکانی مافی مرۆڤ و ململانێی جیۆپۆلیتیکی وەک پیلانگێڕی لە دەریای باشووری چین.

ئەو پڕۆژەیەی کە ئەوروپا دەستپێشخەریی بۆ کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزی ئابووریی چین لە ئەوروپا و پەراوێزەکەی، دەبێت کۆنکریت و پتەو بێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاردانەوەی هەبووە لە بەرامبەر پڕۆژەی ئاوریشم کە ٦٠ ملیار دۆلاری تێ دەچێت و لە لایەن چەندین وڵاتی جیهانەوە کۆمەکی دەکرێت. کێ هەنگاوی لەم شێوەیە دەهاوێت و کێ ئەمە ئەنجام دەدات لە سەرپێخستنی ئابووریی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ کێ دەخوازێت پاڵپشتیی وزە و پڕۆژەکانی ژێرخان بکات لە بەڵکانەوە بۆ مەغریب؟ ئەگەر دۆخەکە گونجاو بێت و پابەندبوون بە پڕۆسەکە ڕوون و شەفاف بێت، هیچ هۆکارێک نابێت کە بۆچی ئێمە هەماهەنگی چین نەبین لەو هەرێمانە؛ بەڵام ئەمە ئەرکی سەرەتاییی ئەوروپایە سەرەتا بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکانی و مامەڵەکردنی لەگەڵ لێشاوی ڕاستەوخۆی پەنابەراندا تێ بکۆشێت.  

٣- ٣٠ ساڵ لەمەوبەر بوو، لە ٤ی حوزەیرانی ١٩٨٩دا، تانکەکان بەرەو مەیدانی "تیانان مێن" لە پەکین هەنگاویان نا. "دێنگ شیۆپینگ"ی چاکسازیخواز کە موعجیزەی ئابووریی چینی بەرپا کردبوو، تووشی پێکدادان بوون لەگەڵ گەورەترین بزووتنەوەی دیموکراسی لە وڵاتەکەدا کە وڵاتەکە لە ساڵی ١٩١٩وە بەخۆیەوە بینیبوو و بەمەیش سەدان خەڵک کوژران، بەڵام زۆرینەیان قوتابی و سەرباز بوون. هەتا ئێستایش ژمارەی تەواوەتیی قوربانیانی ئەو ڕووداوە بەنەزانراوی ماوەتەوە.
لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەوساڵەوە، هیچ کەسێک لەبارەی ڕووداوەکەوە گوێی لە وشەیەکی ڕەخنەگرانە لە میدیا چاودێریکراوەکانی ئەو وڵاتە نەبوو. سەرکردەی قوتابییەکانی ئەم ڕووداوە لە تاراوگەیە، چالاکوانی مافە مەدەنییەکان لە ساڵیادی ئەو ڕووداوەدا لە شارە گەورەکانەوە دەنیردرێن بۆ لادێکان و؛ دەوڵەت بەگشتی ڕۆژنامە و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێتی خستۆتە ژێر چاودێریی خۆیەوە.

بە هۆی ئەم ڕەفتارانەی چینەوە یەکێتیی ئەوروپا جێگرەوە بۆ مۆدێڵی حوکمڕانیی چین دادەنێت و لە ستڕاتیژی کارنامەی خۆیدا ڕژێمی ئێستا ئیدانە دەکات، چونکە چین ڕژێمێکی ئاسایشی و چاودێریکەری دامەزراندووە کە لە هیچ شوێنێکی دونیادا ڕکابەر و وێنەی نییە.  

تەواوی کۆنتڕۆڵی ئەو دەزگه‌یانەی چین زۆر ڕوون و ئاشكرا بووە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی "شین جیانگ" کە هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت چاودێریی کەمینەی موسڵمانە ئویغورەکان دەکات و دەیانچەوسێنێتەوە کە ژمارەیان دەگاتە ١١ ملیۆن موسڵمان. پەکین پاساو بۆ پێکدادانەکان دەهێنێتەوە، بەوەی کە میلیشیا ئویغورە موسڵمانەکان خۆیان لە هێرش و ئاژاوەکان بەشدارن و، بەراوردی دەکات بەو ڕێکارانەی کە وڵاتانی ڕۆژاوا لە دوای هێرشەکانی ١١ی سێپته‌مبەری ٢٠٠١ەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەیگرێتە بەر. تەنانەت هەندێک لە چینییەکان کە پاڵپشتیی ئامانجەکانی ئەو سیاسەتی چاوسوورکردنەوەیە دەکەن، بەوەی کە دەوڵەت چۆن چاودێریی زیاتری ئەو گرووپە موسڵمانانە بکات. هەموو دانیشتووانە موسڵمانەکانی شین جیانگ بەچڕی چاودێری دەکرێن، بە هەر دوو شێوەی ئاسایی و لە ڕێگەی تەکنەلۆژییه‌وە بە هۆی دانانی کامێرای چاودێری لەنێو هەموو کۆڵان و تەکسییەک و وای فای کەسی، کە زانیاری و داتای نێو مۆبایلە تاکەکەسییەکانیان کۆ دەکاتەوە لە خاڵەکانی پشکنیندا و، دراوسێکانیان بۆ تاوانبارکردنی ئەو گرووپە موسڵمانانە هان دەدرێن.  

هەر کەسێک گومانی لێ بکرێت، دەستگیر دەکرێت. بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانی توێژەری ئەڵمانی "ئادریان زێنز" کە لێکۆڵینەوەی لەبارەی شین جانگ کردووە، تاکوو ئێستا ١ ملیۆن کەس لەم گرووپە دەستبەسەر کراون و لە زیندانەکان و کەمپەکانی ڕاگیراوان، کە ئەوان پێی دەڵێن "ناوەندەکانی پەروەردەکردنەوە".

حکوومەت هەموو داتایەکی کەسیی دانیشتووانی ئەم هەرێمە کۆ دەکاتەوە، لەوانە پرۆفایلی دی ئێن ئەی. بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریی نوێ، تەنانەت ڕێگە بە ئویغورە موسڵمانەکان دەدات لە ڕێگەی سیسته‌مێکی تایبەتی بایۆمەترییەوە بناسرێن و ئاشكرا بکرێن. چین پێشتریش هەمان تەکنەلۆژیی لە پارێزگه‌کانی دەرەوەی شین جیانگ بەکار هێناوە، بەڵام وەک ئەوەی ئێستا پێشکەوتوو نەبوو. هەروەک ڕۆژنامەی نیویۆڕک تایمزیش نوسیوویەتی کە کۆمپانیا چینییەکان سیسته‌مێکی لەم شێوەیە هەناردەی دەرەوە دەکەن، بەتایبەت بۆ سیسته‌مە تۆتالیتارەکان و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژاوایش.  
پابەندبوونێکی مێژوویی

پێکدادانەکانی پەکین لە شین جیانگ، گوشارکردنە بۆ سەر حکوومەتەکانی ڕۆژاوا بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین. تەنیا چارەسەرکردنی پرسی مافەکانی مرۆڤ لەپشت دەرگه‌ داخراوەکانی نێوان چین و وڵاتانی ترەوە نییە. وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هاوشێوەی ئەڵمانیا کە ئازارێکی زۆری بەدەست دەرەنجامەکانی تۆتالیتاریزمەوە چەشتووە لە ڕابردوودا، لە چارەسەرکردنی دۆخێكی لەم شێوەیەی چین، پابەندبوونێکی مێژووییی هەیە.

ئەمە مانای ئەوە نییە ئارگیۆمێنتەکانی تری ساڵانی ڕابردوو لەبارەی چینەوە لە لایەن ڕیاڵیستەکانی وەک وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا "هێنری کیسنجەر" و ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا "هێلمێت شمیت" ڕەت بکاتەوە. کاتێک کیسنجەر لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠دا بە نوێنەرایەتیی سەرۆک "ڕیچارد نیکسۆن" سەردانی چینی کرد، چین هێشتا لە قۆناغی شۆڕشی کەلتووریدا بوو و تاوانی بێدەنگبوونی لە هەمبەر سیسته‌مەکە دەدرایە پاڵ. هیچ کەسێک نکۆڵیی لەوە نەدەکرد کە ئەمە مافی پەکین نییە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکا دابنێت، بەڵام مافی سەرۆکی ئەمریکا بوو دوای پێنج ساڵ لە قڕکردنەکەی "تیانان مێن" ئەو پەیوەندییە دابنێت.

بەڵام پڕاگماتیستە سیاسییەکانی سەدەی بیستەم نەیاندەزانی چ پێشکەوتنێکی تەکنەلۆژی لە دەسەڵاتخوازەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا ڕوو دەدات. بەکارهێنانی ئەو ئامرازە دیجیتاڵییانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی مرۆڤ، دەبێت بە دانوستان ڕێگریی لێ بکرێت، هەروەک چۆن لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتییەوە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوکی کرا. سیاسەتی دەرەوە، دەبێت لەسەر بنەمای بەها گەردوونییەکان پەرەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی ئەم جۆرە سیاسەتەی پێ سنووردار و سانسۆر بکرێت.

لە ئەمریکا، ٢٤ سیناتۆر و ١٩ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هەر دوو حزبدا پێیان وا بوو کە ئیدارەی ترامپ دەبێت لەسەر پرسی ئویغورەکانی بەرەنگاریی چین بکات و، سزا بەسەر چین بسەپێنێت لەژێر یاسای جیهانیی ماگنیتسکای لە دژی بەرپرسانی چین لە هەرێمی ئۆتۆنۆمیی شین جیانگ. ئەم یاسایەی ئەمریکا بەهێزترین چەکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیاسییە بیانییەکان کە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ دەکەن؛ سزاکانیش بریتی بوون لە سڕکردنی پارەوپووڵ و قەدەغەکردنی گەشتیان بۆ ئەمریکا.

تاوەکوو ئێستا یەکێتیی ئەوروپا هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسیی بەراوردکراوی نییە بەرامبەر بە چین، بەڵام لە مانگی ئازاردا پەرلەمانی ئەوروپا دەنگی بۆ گۆڕینی ئەم دیپلۆماسییەتە دا. کۆمیسیۆنی ئەوروپا هیوا دەخوازێت بڕیارەکە پەسەند بکات، بەتایبەت لەبارەی ئەم گەشەپێدانانەی ئەم دوایییەی چین.

گەشە و کاریگەربوونی ئەم جۆرە دیپلۆماسییەتە دەستپێشخەریی دەرەکی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ڕەنگە وا لە ئەمریکا بکات بۆ دامەزراندنی بنەمایەکی جیهانی سەبارەت بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای چاودێری و دیجیتاڵی هەروەک ئەوەی لە دانوستانەکانی ساڵی ١٩٦٠ بینیمان بۆ چەکداماڵین و؛ پێکهێنانی کۆمیسیۆن بۆ ئاسایش و هەماهەنگی لە ئەوروپا لە ١٩٧٠دا. سەبارەت بە هێزی دیجیتاڵی، یەکێتیی ئەوروپا ڕەنگە هەڵوێستی بە بەراورد لەگەڵ ئەمریکا و چینی ئەوڕۆ نەرمتر بێت، بەڵام ڕێکخستن و پاراستنی داتا لە جیهان بە پڕۆسەیەکی تردا دەڕوات. لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتیان، ئەوروپا پێویستە کار بکات بۆ دڵنیابوونەوەی لەو بنەما و پێوەرانەی کە لە داهاتوودا لە لایەن چینەوە دانانرێن.

 

سەرچاوە:

https://www.spiegel.de