مێژووی پێنج سروودی میللی لە ئەوروپادا (ئەڵمانیا، ئیسپانیا، فه‌ڕەنسا، ئیتاڵیا و بریتانیا)

و: پێنووس

مشتومڕ لەمەڕ ئاهەنگ و ناوەڕۆکی سروودی میللی لە هەر وڵاتێکدا نیشانەی هەبوونی قەیرانی ناسنامه‌یە لەو وڵاتەدا. بەرهەڵستانی سروودی میللیی ئەڵمانیا لەو بڕوایەدان کە لە سروودەکەیاندا تەنیا باسی پیاوان و کوڕانی ئەڵمان دەکرێ و ژنەکان تێیدا دیار نین. سروودی میللیی ئیسپانیا بە ناوی "مارچا ڕێئال" سروودێکی بێ شیعرە. کۆمۆنتە خودموختارەکانی ئەو وڵاتە ئامادە نین سروودێک بە زمانی ئیسپانی بڵێنەوە. سروودی میللیی ئیتاڵیا لە پاییزی ١٨٤٧دا و لە لایەن خوێندکارێکی بیست ساڵانەی وڵاتپارێزەوە نووسراوە و لە ١٥ی نۆڤه‌مبەری ٢٠١٧دا بەفەرمی کراوەتە سروودی میللیی ئەو وڵاتە. بریتانیا بەفەرمی هیچ سروودێکی میللیی نییە؛ بەڵام سروودی "خوا شاژن بپارێزێ" بە هۆی مێژووە دێرینەکەیەوە شوێنی سروودی میللیی گرتووەتەوە. ئەو سروودە لە نیوزیله‌ندیش دەژەنرێ. بەناوبانگترین سروودی میللیی جیهان، سروودی میللیی فه‌ڕەنسایە بە ناوی "مارسایەز" کە هەموو فه‌ڕەنسییەک دەێڵێتەوە. ئەم سروودە سروشبەخشی گەلێک سروودی میللی بووە لە جیهاندا.

هەفتەی ڕابردوو مشتومڕێکی زۆر لەسەر سروودی میللیی ئه‌ڵمانیا و پێویستبوونی ئەو سروودە کەوتە نێوان سیاسەتوانەکانی ئەو وڵاتە و بابەتگەلی وەک یەکانگیریی میللی، یەکگرتنی دوو بەشەکەی ئه‌ڵمانیا و سڕینەوەی شوێنپێیەکانی نازیزم لە سروودە میللییەکەی ئەو وڵاتەدا لێ کەوتەوە. دەڵێن سروودی میللیی هەر وڵاتێک هێمای حەزی خەڵک و پێشەواکانییەتی لە ئاست زێد و چۆڕاوەی هیوا گشتییەکانی ئەو وڵاتەدا. ئەم سروودە زۆرتر لە بۆنە میللییەکان و ڕووداوە گرنگەکانی وەرزشی و میوانییە فەرمییە نێونەتەوەیییەکاندا دەژنرێ و دەگوترێتەوە.  مشتومڕ لەمەڕ مێلۆدی و ناوەڕۆکی سروودی میللی لە وڵاتێکدا نیشانەی هەبوونی قەیرانی ناسنامه‌یه‌ لەو وڵاتەدا. ٧٠ ساڵ دوای سەرهەڵدانەوەی ئه‌ڵمانیا و ٣٠ ساڵ دوای ڕووخانی دیواری بەرلین، ئه‌ڵمانییەکان هێشتا نەیانتوانیوە لەمەڕ سروودی میللیی خۆیانەوە بگەنە هاودەنگی و هاوڕایییەکی تەواو.

١٧٨ ساڵ بەسەر تەمەنی سروودە میللییەکەی ئه‌ڵمانیادا تێ دەپەڕێ. شیعری ئەم سروودە بە ناوی "سروودی ئه‌ڵمانییەکان" لە ٢٦ی ئاگۆستی١٨٤١دا و لە لایەن شاعیری ئه‌ڵمانی، هۆفمان فۆن فالێرزلین و لەسەر مێلۆدییەکەی "سترانی قەیسەر"ی یۆزێف هایدێن داهێنراوە. لەو سەردەمەدا هێشتا یەکەیەکی یەکپارچە بە ناوی ئه‌ڵمانیا لە ئارادا نەبوو. وێڕای ئەمەیش، یەکەمین دێڕی ئەم شیعرە بەم چەشنەیە: "ئه‌ڵمانیا، ئه‌ڵمانیا بەرزتر لە گشت شتێک- بەرزتر لە گشت شتێک لە جیهاندا". ئەم شیعرە بریتییە لە سێ کۆپلە. کۆپلەی سێیەمی ئەو شیعرە ئێستا سروودی میللیی ئه‌ڵمانیایە.  کۆماری وایمەر لە ١٩٢٢دا ئەم شیعرەی سەرلەبەر بە وێنەی سروودی میللی ڕاگەیاند. لە سەردەمی هیتلەردا، بەس کۆپلەی یەکەمی ئەم سروودە دەگوترایەوە. بەرهەڵستانی سروودی میللیی ئەڵمانیا لەو بڕوایەدان کە لەو سروودەدا بەس باسی پیاوان و کوڕانی ئەڵمان دەکرێ و ژنەکان تێیدا دیار نین. هێندێکیان لەو بڕوایەدان کە ئەمەیان بیرخەرەوەی قۆناغی نازییەکانە و بۆیە خەڵکی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهەڵات حەز لەم سروودە ناکەن.

سروودی میللیی ئیسپانیا بە ناوی "مارچا ڕێئال" گرفتێکی تری هەیە. مارچا ڕێئال یەکێک لە کۆنترین سروودە میللییەکانی دنیایە. کەس شاعیری ئەم سروودە ناناسێ. بەڵام ئاهەنگ و مێلۆدییەکەی لە ساڵی ١٧٦١دا و لە لایەن "مانوێل دێ سپینۆزا" و لە ڕووی دەفتەرێکی مۆسیقاوە ڕوونووس کراوە. هەڵبەت سەرەتا بەم سروودەیان نەدەگوت مارچا ڕێئال.  ئەم مێلۆدییە لە لایەن کارلۆسی سێیەم، پاشای ئیسپانیا و وڵاتە بندەستەکانی و لە ١٧٧٠دا بە وێنەی "مارشی شانازی" بەفەرمی ڕاگەیەنرا. ئەم سروودە ئیتر لەو کاتەوە و لە گشت مەراسیمێکدا، کە ئەندامانی بنەماڵەی پاشا بەشدارییان تێدا کردووە، خوێندراوەتەوە. لە سەردەمی ئالفۆنسۆی سێزدەیەمدا، کە لە ١٨٨٦ تا ١٩٣١ پاشای ئیسپانیا بوو، گەلێک شیعر خراونەتە سەر ئەم مێلۆدییە، بەڵام ئەو شیعرانە هیچ کامیان بە سروودی فەرمی نەناسران. لە کۆتاییی جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیادا، کە لە ١٩٣٦ تا ١٩٣٩ درێژەی کێشا، ژەنەراڵ فرانکۆ ئەو سروودەی بە هەمان ناونیشانی "مارشی شانازی" بەفەرمی ناساند. لە سەردەمی دیکتاتۆرییەکەی ئەودا، کە لە ١٩٣٩ تا ١٩٧٥ی کێشا، چەندین شیعری تریان بۆ میلۆدییەکە داهێنا کە خوێندنەکەی لە قوتابخانەکاندا بەتۆپزی بوو. بەڵام ئەو شیعرانەیش حاڵەتی فەرمییان بەخۆوە نەگرت. پاش گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ ئەو وڵاتە، "مارچا ڕێئال" بە سروودی میللیی ئیسپانیا ناسێندرا. بەڵام سروودێکی بێ شیعر. کۆمۆنتە خودموختارەکانی که‌ته‌لۆنیا، ڤالێنسیا، باسک و گالیسیا قەت قبووڵیان نەکرد کە شیعرێک بە زمانی ئیسپانیایی بخەنە سەر مێلۆدییەکەی "مارچا ڕێئال".

بەناوبانگترین سروودی میللیی جیهان، سروودی میللیی فه‌ڕەنسایە بە ناوی "مارسایەز". ئەم سروودە لە٢٠ی ئه‌پریلی ١٧٩٢دا و تەنیا چەند ڕۆژێک پاش ڕاگەیاندنی جه‌نگ لە لایەن فه‌ڕەنساوە بۆ نه‌مسا، لە لایەن "کلۆد ژۆزێف ڕۆژێ دۆلیل"ەوە نووسراوە. دۆلیل ئەو کاتە ئەفسەری ئەندازیاری سوپای فه‌ڕەنسا بوو و، سازێنەری مێلۆدییەکەی تا ئەمڕۆیش نەناسراو ماوەتەوە. کارناسان لەو بڕوایەدان کە ئەم مێلۆدییە لە لایەن کەسێکەوە داهێنراوە کە ئاشنایییەکی وەهای لەگەڵ ئاکۆرددا نەبووە. مارسایەز بە هۆی شیعرە شۆڕشگێڕانە و وڵاتپارێزانەکەیەوە بووەتە سروشبەخشی شۆڕشگێڕانی سەرانسەری دنیا.  بۆ نموونە، لە ڕووسیا "مارسایەزی کرێکاران" داهێنرا کە لە ١٨٧٥دا بڵاو کرایەوە و یەکێک لە موقه‌ده‌مەکانی سوپای ڕووسیا بە ناوی "پیۆتەر لێڤرۆڤیچ" کە فەیلەسووف و نووسەر بوو، پێشکەشی کرد. لە ساڵانی ١٩٠٠دا هەر کەسێ مارسایەزی لە شوێنێک چڕیبا، پۆلیسی ڕووسیا قۆڵبەستی دەکرد. لە ئه‌پریلی ١٩١٧دا و لە کاتی گەڕانەوەی لێنیندا بۆ ڕووسیا، بەم سروودەوە پێشوازیی لێ کرا.

لە ١٩٣١دا، کاتێک دووەمین کۆماری ئیسپانیا ڕاگەیەنرا، زۆربەی هەرە زۆری ئیسپانییەکان بە مارسایەزەوە پێشوازییان لەو کۆمارە کرد. ماوتسێ تۆنگ لە ١٩٣٥دا سوپای سووری ناچار کرد مارسایەز بڵێنەوە. ئەم سروودە تا ساڵی ١٩٧٠ لە قوتابخانەکانی چیندا دەگوترایەوە. "مارسایەزی سۆسیالیستی" سروودی سەرۆککۆماری شیلی، سالڤادۆر ئالێندە بوو. ژەنەراڵ پینۆشێ دوای مردنی ئالێندە ئەم سروودەی قەدەغە کرد.

سروودی میللیی ئیتاڵیایش لە مارسایەز وەرگیراوە. نووسەری ئەم سروودە خوێندکارێکی ٢٠ ساڵەی وڵاتپارێزی خەڵکی جێنۆڤایە بە ناوی "گیۆفرێدۆ مامێلی". مێلۆدییەکەیشی پاش دوو مانگ لە لایەن کەسێکی ناوچەی جێنۆڤا داهێنراوە. ئیتاڵییەکان بەو سروودە دەڵێن: سروودی مامێلی. سروودە میللییەکەی ئیتاڵیا کە "سروودی ئیتاڵییەکان" یان "برایانی ئیتاڵیا"ی پێ دەگوترێ، سروودی لایەنگرانی یەکپارچەبوونی ئیتاڵیا بوو لە سەدەی نۆزدەیه‌مدا. سروودەکەی مامێلی دوای جه‌نگی جیهانیی دووەم و لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ١٩٤٦دا بە وێنەی سروودی میللیی کۆمارە نوێیه‌کەی ئیتاڵیا ڕاگەیەنرا. سەرەڕای ئەوەیش، ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتە لە ١٧ی نۆڤه‌مبەری ٢٠٠٥دا ئەم سروودەی پەسند کرد و لە ١٥ی نۆڤه‌مبەری ٢٠١٧دا بە وێنەی سروودی میللی ڕاگەیەنرا.

بریتانیا بەفەرمی هیچ سروودێکی میللیی نییە. بەڵام سروودی "خوا شاژن بپارێزێ" بە هۆی مێژووە دێرینەکەیەوە جێی سروودی میللیی گرتووەتەوە. شیعری ئەم سروودە لە کۆتایییەکانی سەدەی هەفدەدا و بە گوتەی هێندێک کەس لە سەرەتاکانی سەدەی هەژدەدا نووسراوە. مێلۆدییەکەیشی هی سەرەتای سەدەی هەژدەیە و لە ١٧٤٤دا بە وێنەی مێلۆدی بۆ ئەو سروودە قبووڵ کراوە. "خوا شاژن بپارێزێ"، لە ڕاستیدا، دێڕی یەکەمی ئەو سروودەیە. لەو قۆناغانەیشدا کە پاشا حکوومەتی بریتانیای بەدەستەوە بووە، دێڕەکە بووەتە: "خوا پاشا بپارێزێ". ئەم سروودە لە ڕابردوودا سروودی میللیی گەلێک لە وڵاتانی کامنۆلس بووە. بەڵام ئێستا بەس لە بریتانیا و نیوزیله‌ند بە وێنەی سروودی میللی دەژەنرێ.

سەرچاوە:

http://fa.rfi.fr