تەنگەژەکانی نێوان ترامپ و ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئەڵمانیا

تەنگەژەکانی نێوان ترامپ و ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئەڵمانیا


وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

ئەمریکای ترامپ تەنگەژەکانی لەگەڵ ئێراندا خەستتر کردووە؛ زۆرێک ترسیان لەوە هەیە کە دۆخەکە بەرەو لێواری جەنگ بڕوات. هەر ململانێیەکی سەربازی، دەرەنجامی خراپ و بەئازاری بۆ ئەوروپا دەبێت بەڵام ئەمریکییەکان باکیان بەمە نییە.

کاتێک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا "هێیکۆ ماس" چووە ژووری کۆبوونەوەی گرووپی پەرلەمانی حزبی سۆسیال دیموکراتی چەپڕەوی میانڕەو لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا، بە چاوی هیواوە لێی دەڕوانرا. تازە هەواڵی ئەوە بڵاو ببووه‌وە کە "ماس" پەیوەندیییەکی تەلەفۆنیی لە لایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا "مایک پۆمپیۆ"وە بۆ هاتووە. کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی لاواز لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هاتە ئەنجامدان و ڕایان گەیاند، کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دوا خولەکدا لە سەردانەکەی بۆ بەرلین پاشگەز بووه‌تەوە، بۆیە سەردانەکەی هەڵوەشاندۆتەوە.

سیاسەتی دەرەوە کردەیەکی سیمبوڵییە و پڕە لە ئاماژە. کێ سەردانی کێ دەکات، کێ بۆ ماوەیەکی درێژ چاوەڕێی کێ دەکات، ئەمانە هەمووی کرۆک و گرنگیی دیپلۆماسییەتن. تەنانەت ئەگەر حکوومەتی ئەڵمانیا هەوڵێکی بێوچانیشی بدابایە بۆ ئەوەی بێزار و وەڕس دەرنەکەوێت و بەئاسایی وەری گرێت، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی مایک پۆمپیۆ هێشتا مانای زیاتر دەبەخشێت و گوزارشتە لەوەی کە هه‌نووكه‌‌ چەندە پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و واشنگتۆن لاواز و خراپە.

یاسادانەرانی تری حزبی سۆسیال دیموکرات، دەبوو خواستی گەڕان بە دوای پاشخانی پشت هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانەیان هەبووایە کە لەو کاتە ناسکەدا ڕووی دا. هەواڵەکانی ئەم هەفتەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەنگی ئاگادارکردنەوە بوون. کەشتییەکی جەنگیی ئەمریکیی فڕۆکەهەڵگر بەرەو کەنداوی فارس بەڕێوەیە و؛  هەموو ئاماژەکانیش پێشبینیی ئەوە دەکەن کە کەشتییەکەی پۆمپیۆ بەرەو شوێنێکی پڕ لە قەیران دەچێت. بەڵام "ماس" وەک وەزیری دەرەوە هیچی نەدرکاند. لە بری ئەوە دوای نیو کاتژمێر کۆبوونەوەکەی جێ هێشت. بۆ یاسادانەرانی حزبی سۆسیال دیموکرات، بێدەنگبی وەزیر، پێدەچێت ئاماژەیەک بێت بۆ بێهیوایی و نەبوونی هیچ هەڵوەستەیەک لە سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیادا.

دەرەنجامە چاوەڕواننەکراوەکان

پاساوێک هەبوو بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەکەی پۆمپیۆ بۆ بەرلین. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڕێگه‌وە بوو بۆ بەغدا بە ئامانجی ئەوەی ڕژێمی عێراق لەمەڕ ستڕاتیژیی واشنگتۆن لە دژی ئێران بهێنێتە سەر خەت. ئێستاكه‌ ئەمریکییەکان ململانێکان لەگەڵ تاراندا، بە دەرەنجامێکی چاوەڕواننەکراوەوە بۆ هاوپەیمانەکانیان لە ئەوروپا، زیاتر دەکەن. ناوەندە سیاسییەکان لە بەرلین نیگەرانن بە تەشەنەکردنی مەترسیی جه‌نگ.

دیپلۆماتە ئەزمووندارەکان، سەردەمی قەیران و کێشەکانی داگیرکردنی عێراقیان لە ٢٠٠٣ لە لایەن ئەمریکاوە بەبیر دە‌هێننەوە و سەرچاوەکانی نێو حکوومەتی ئەڵمانیایش پێیان وایە هەڕەشەی جەنگ، گەورەترە لە هەر خاڵێکی تر لەم دەیەی دواییدا. "ڤۆلکێر پێرسیس"، سەرۆکی پەیمانگه‌ی ئەڵمانی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ئاسایش ده‌ڵێت: "ئێمە بەرزبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە لە هەموو شوێنێکی ناوچەکە دەبینین." هاوکات پێی وایە "مەترسیی دەستبەجێی ململانێکان هەیە و زۆرینەی ئەکتەرەکانیش مەیلی هەڕەشە و گفتوگۆنەکردنیان لەگەڵ یەکتردا هەیە."

بەرمیلە بارووتەکە

"جورگێن تریتێن" ئەندامی دێرینی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەسەر حزبی سەوز و ئەندامی لیژنەی کاروباری دەرەوە دەڵێت: "مەترسی و تەنگەژەیەکی گەورە لە ناوچەکە دەبینم." ئه‌و پێی وایە: "ئەمریکا بۆ بەرزکردنەوەی تەنگەژە و ململانێکان لەگەڵ ئێراندا، بە دوای پاساودا دەگەڕێت." درێژە بە گوتەکانی دەدات و دەڵێت: "بانگەشەی ئەوەی کە ئێران پلان بۆ هێرشکردنە سەر سەربازانی ئەمریکا لە عێراق و لێدانیان دادەڕێژێت، هاوشێوەی ڕووداوەکەی تۆنکین [ناوچەیەکە لە باکووری ڤێتنام/وەرگێڕ] و، هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەوەیش کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بچووک، بوو بە پاساو بۆ چڕکردنەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لە جەنگی ڤێتنام.

واشنگتۆن بە بەکارهێنانی چەکی ئابووری و هەڕەشەی سەربازی، هەوڵ بۆ هێنانەسەرچۆکی ئێران دەدات، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئایا ئەمریکا ئامانجی گۆڕینی ڕژێمە یان نا، چونکە هەر کەسێک فیوزێک لەناو بەرمیلێک بارووت دابنێت و بڵێت: "با بزانین چی ڕوو دەدات"، مەترسییەکی پێشوەختەی جەنگە. ئەمریکا پێشتر سزای قوڕسی بەسەر ڕژێمی ئێراندا سەپاندووە و پێدەچێت هێزی سەربازی لە کەنداوی فارسدا جێگیر بکات. دوای ئەوەی دەزگه‌ی هەواڵگریی ئەمریکا لەبارەی هێرشە نهێنییەکانی ئێران بۆ سەر سەربازانی ئەمریکا هۆشیاریی دا، ترامپ هێزێکی شەڕکەری بە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئابراهەم لینکۆڵن و فڕۆکەی جەنگییەوە لە بەرامبەر ئاوەکانی نزیک لە خاکی ئێران لە کەنداوی فارس، جووڵاند.

لە وەڵامی ئەوەدا، عەلی خامەنه‌یی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران هێزەکانی ئێرانی چەندین جار خستە ئامادەباشییەوە. لە وتارێکیدا لە ١ی ئایار، کردەوەکانی واشنگتۆنی بە "جەنگێکی سەرتاسەری" ناو برد و جەنگێک کە لە دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی ئێران-عێراقەوە لە ساڵی ١٩٨٨دا بەم شێوەیە نەبووه‌تە هەڕەشە بۆ سەر ئێران.

کردەوەکانی ئەمریکا دوو جار مەترسیدارە. تەنگەژەکان لە بەرامبەر ئێراندا، دەکرێت نێودەوڵەتی بن یان نێودەوڵەتی نەبن؛ دەکرێت سەر بکێشێتە ململانێی سەربازی و ڕەنگە مەترسییەکانی زۆر لەوە زیاتر بێت ئەگەر دژەئێرانییەکان لە واشنگتۆن سەرکەوتوو بن لە ناسەقامگیرکردنی ئێران و پەلکێشانی ئەو وڵاتە بۆ جه‌نگی ناوخۆ. ئێران ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٠ ملیۆن کەسە کە دەکاتە چوار هێندەی ژمارەی دانیشتووانی سووریا بەر لە جه‌نگی ناوخۆ.

کەمێک جێگەی سەرسوڕمانە؛ سیاسەتی بەرەنگارییانەی ترامپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنگەژەکانی نێوان ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی خراپ کردووە، چونکە پێچەوانەی دۆخی ڤەنزوێلا، ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئەوروپا دەبێت. لە ڕاستیدا ئاسایشی کیشوەرەکە لە مەترسیدایە. دەرەنجامی جه‌نگەکە ڕەنگە سەرەتا کاریگەریی لەسەر ئەوروپا هەبێت. سەرچاوەکانی نێو حکوومەتی ئەڵمانیا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەمریکییەکان چەندین جار پێیان گوتراوە کە سیاسەتەکانیان مەترسیی گەورەی بۆ ئەوروپا دەبێت نەک بۆ ئەمریکییەکان. بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە مایەپووچ بوون.

ئەوروپییەکان لۆمەی ئەمریکا دەکەن

ئەمریکییەکان لەو بڕوایەدان کە ئەوروپییەکان، بەتایبەت ئەڵمانییەکان، بوون بە ڕێگر لەبەردەم ستڕاتیژیی گوشارەکانیان. حکوومەتی ترامپ حکوومەتەکەی مێرکڵ بە هاوپەیمان نازانێت بەڵکوو پێی وایه‌، بووە بە بەرگریکار لە ئێران و زۆر جار پێداگریی لەسەر گفتوگۆکان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەیوەندییەکانی زۆر نزیکە لە ئێران و، سیاسەتی سزاکانی سەر ئێرانی سووک کردووە و بۆمبی تۆرپێدۆی کەشتیشکێنیشی، ئەمریکای لە دژی ئێران لاواز کردووە.

جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوانەیە لە کارنامەی ترامپدا نەبێت. لە نێوه‌ندی کەمپەینەکەیدا، ترامپ بەڵێنی دا لەژێر سەرکردایەتیی ئەودا، ئەمریکا پێویستە کۆتایی بە سیاسەتی تێکشکاندن و دەستوەردان و ئاژاوەگێڕی بهێنێت و؛ سڕینەوە و لابردنی ڕژێمە دەرەکییەکانیش کاری ئەوان نییە و پێویست ناکات پێیەوە سەرقاڵ بن. بەڵام سەرۆک ترامپ و "جۆن بۆڵتن"ی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئێستا هەردووکیان ڕەزامەندن کە هەڕەشەکانی سەر ئێران دەبێت چڕ بکرێنەوە.

لە هەمان کاتدا، ئەوروپییەکان لۆمەی واشنگتۆن دەکەن لە هەمبەر زیاترکردنی تەنگەژەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. "نایل ئانێن" وەک بەرپرسێکی پلەبەرز لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "واشنگتۆن بە هۆی جێبەجێکردنی گوشارە چڕەکانی بۆ سەر ئێران، تەنگەژە هەرێمییەکان خراپتر دەکات." لە لایەکی ترەوە "جین ئەسێلبۆرن"، وەزیری دەرەوەی لوكزامبۆرگ دەڵێت: "سیاسەتی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر مەترسیدارە." ترامپ ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی لە بەرامبەر ئێران و ڕێککەوتننامەکانی تایبەت بە ململانێی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستین پێشێل دەکات؛ سەرۆکی ئەمریکا زۆر بەچڕی چارەسەری دوو-دەوڵەت بۆ پرسی فەڵەستین دەکاتە مەحاڵ.

سەرکردەکانی بەرلین و بڕۆکسڵ پێیان وایە کە ئێران کاردانەوەی بۆ گوشارە یەکساڵییە چڕ و هەڵچوونەکانی ئەمریکا دەبێت، دوای ئەوەی واشنگتۆن لە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەکشێتەوە و سزای سەخت بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت. تارانیش ئەم هەفتەیە ڕای گەیاند کە لە چەند هه‌نگاوێکی سنوورداردا پێشێلی ڕێککەوتننامەکە دەکات.

ڕاگەیاندنی ئێران بەوەی کە چیتر بە سنووردارکردنی پیتاندنی کۆگه‌كانی یۆڕانیۆمه‌وه‌ پابەند نابێت، بە بیروڕای حکوومەتی ئەڵمانیا، ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەست نییە بە پرسەکەوە و ئەم سنوورداربوونەی ئێران ناگاتە سەرەتای مانگی پاییز. هیوایەک هەیە چارەسەری سیاسی لە لایەن هەر دوو لاوە بدزۆرێتەوە. "هێلگە شمید"، سکرتێری گشتیی خزمەتگوزاریی کردە دەرەکییەکانی ئەوروپا لە بڕۆکسل پێی وایە: "ڕاگەیاندنی ئێران بە پابەندنەبوون، بەتەنیا پێشێلی ڕێککەوتننامەکە نییە." ئێمەیش پابەندی ئەرکەکانمان دەبین هەتاکوو ئێرانیش بە هەمان شێوە پابەند دەبێت.

لەم دوو هەفتەیەدا، چاوەڕوان دەکرێت ڕاپۆرتێکی نوێ لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڵاو بکرێتەوە. ئاژانسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی چاودێریی ئێران دەکات، بەوەی کە ئایا پابەندی ڕێککەوتننامەکەیە یان نا. لە بڕۆکسل، سەرکردەکان چاوەڕێی ڕاپۆرتەکە دەکەن کە وەک پێشتر ئەرێنی بێت.

سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە سزاکانی ئەمریکا ئێستا بەتەواوی ئێرانی کردۆتە ئامانج، گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتەی داڕووخاندووە. ئەمساڵ، چاوەڕوان دەکرێت داهاتی نەتەوەییی ئێران بە ڕێژەی %٦ دابەزێت. هەڵاوسان نزیکەی %٤٠ بێت، بێئومێدیی خەڵکەکەی ڕوولە زیادبوونە و دۆخی مرۆییش خراپتر دەبێت.

پۆمپیۆ لە کۆتاییی مانگی نیساندا، گەمارۆی تەواوەتیی نەوتی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاندووە کە ڕێگری لە هەموو وڵاتان دەکات بە کڕینی نەوت لە ئێران و، بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زیانەکانی ئەم قەدەغەکردنە ٥٠ ملیار دۆلار دەبێت لە ساڵێکدا، کە %٤٠ داهاتی ساڵانەی حکوومەت پێک دەهێنێت. هەرچەندە، ئێرانییەکان پێشبینی دەکەن کە چین بەردەوام بێت لە کڕینی بڕی نەوتی سنوورداری وڵاتەکەیان و بتوانن هەندێکی تر لە نەوتەکەیان لە بازاڕی خۆڵەمێشی لە ڕێگەی عێراق و تورکیاوە ساخ بکەنەوە، هەڵسەنگاندنەکان پێشبینیی ئەوە دەکەن کە هەناردەکردن لە دوو ملیۆن و نیو بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ ئەوپەڕی ٧٠٠٠٠٠ بەرمیلەوە دابەزێت.

ڕێککەوتننەکە لە مەترسیدایە

تارانیش لە پابەندبوونی ئەوروپییەکان بە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەوە بێئومێد بووە. دوای کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتننامەیە ساڵێک لەمەو بەر، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و شانشینی یەکگرتووی بریتانیا ئێرانییەکانیان دڵنیا کردەوە کە ئەوان هەموو شتێک دەکەن و ئەوپەڕی هێزی خۆیان بۆ پاراستنی ڕێککەوتنەکە بەکار دەهێنن. بازرگانی، ئامرازێکی سەرەکیی پرسەکەیە. بۆ ئەوەی گوێ بە سزاکانی ئەمریکا و دوورکەوتنەوە لە سیسته‌می داراییی ئەمریکی بدرێت، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و شانشینی یەکگرتووی بریتانیا ناوەندێکی مەبەستداری تایبەت دادەمەزرێنن پێی دەگوترێت "ئینستێک"، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کاڵا و کەلوپەلەکانیان لە ڕێگەیەوە لەگەڵ ئێران و پاراستنی پارەکانیان لەلایەن خۆیانەوە لە بڕی گواستنەوەی بۆ ئێران.

هەرچەند لە ڕووی کردارییەوە، هیچ مامەڵەیەکی لەم شێوەیە ئەنجام نەدراوە و دامەزراندنی ئامێر و ناوەندێکی لەم شێوەیە دوا خراوە، بەڕێوەبەرانی ئینستێکس بە شێوەیەکی تایبەت خەمبارن لەبارەی ئەوەی کە چۆن دڵنیا بن مامەڵەکان بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە تەنگوچەڵەمەی تێ ناکەوێت.

بە هاوکاریی ڕاوێژکاری کۆمپانیای ئێرنیست و یەنگ، ئەوروپییەکان بە دوای شارەزادا دەگەڕێن کە بتوانێت بە هەموو کۆمپانیاکانی ئێراندا بچێتەوە بۆ بەلاوەخستنی مەترسییەکانی سەر ئەو وڵاتە و هەبوونی هەر پەیوەندییەک بە سوپای پاسدارانەوە، چونکە ئەگەر ئەوروپپیەکان ئاشکرا بن لەوەی کە بەنهێنی بازرگانی لەگەڵ سوپای پاسداراندا دەکەن کە لە لایەن ئەمریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت، دەبێتە پاساوێک بۆ ئیدارەی ترامپ و پێشتریش چاوەڕێی ئەم پاساوەی دەکرد. تەنانەت ئەگەر ئەو ئەگەرەیش بەسەرکەوتوویی جێبەجێ بێت، ئەندامانی حکوومەتی ئەڵمانیا گومانیان دەبێت بەوەی کە قەبارەی بازرگانیی ئینستێکس تەواو و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دۆخە ئابوورییەکەی ئێران بگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا، ئێران ئاگانامەیەکی ٦٠ ڕۆژەی بۆ پێداچوونەوە بە سزاکان داوەتە ئەوروپییەکان. ئەگەر ئەمە سەر نەگرێت، ئێران دەتوانێت دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە یان لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە بکشێتەوە. دواتر ڕەنگە زۆری نەوێت تاکوو ئێران بۆمبی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت یان ئەمریکا لە ڕووی سەربازییەوە هێرشی بکاتە سەر.

سیاسەتی هەڕەمەکی

بەرەنگاربوونەوەی ئێران تەنیا بەشێکە لە سیاسەتی هەڕەمەکیی ئەمریکا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیسەپێنێت. ترامپ ناوچەکەی بۆ دوو گرووپ دابەش کردووە: دۆست و دوژمن. لە ڕوانگەی سەرۆک ترامپەوە، هیچ ژوورێک نییە بۆ ڕووبەری خۆڵەمێشی. هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بریتین لە ئیسڕائیل و بنەماڵەی شانشینی سعوودیا و وڵاتانی تری کەنداو؛ گەورەترین دوژمنیش بریتییە لە ئێران.

ئەمریکییەکان هیوا دەخوازن بە سیاسەتە زبرەکانیانەوە ئێران بهێننە سەر مێزی دانوستان. دەیانەوێت ئێران لە درێژمەودادا دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی ببێت، بەرنامە موشەکییەکەی سنووردار بکات و کۆمەک و پاڵپشتییش بۆ میلیشیا شیعەکانی وەک حزبوڵڵا ڕابگرێت. بەڵام ئێرانیش هاوپەیمانی خۆی هەیە لە ناوچەکەدا: میلیشیاکانی عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن. تاران لۆمەی تەشەنەکردنەکان دەکات لەسەر دەستی "سێ B"ییەکە، وەک ئاماژەیەک بۆ بنیامین نه‌تانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسڕائیل، موحەمەد بن سەلمان، شانشینی سعوودیا و، جۆن بۆڵتن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ترامپ.

یەکێک لە ڕێککارە تایبەتییەکانی ئەمریکا مەترسیی پێکدادانی سەربازیی زیاتر کردووە. لە ٨ی نیساندا، واشنگتۆن سوپای پاسدارانی خستە لیستی تیرۆرەوە. لە بەرامبەر ئەوەدا، پەرلەمانی ئێران یاسایەکی دەرکرد کە "سێنت کۆم"، ناوەندی فەرماندەییی هێزەکانی ئەمریکای لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تیرۆریست ناساند. هه‌نووکە بە لایەنی کەمەوە لە ڕووی تیۆرییەوە، هێزەکانی ئەمریکا و ئێران ناچارن لە هەر شوێنێک بێت لە دژی یەکتردا بوەستن؛ ڕەنگە لە ناوچەکە ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە.

بەرلینیش خەریکە تووشی بەریەککەوتن دەبێت لەگەڵ ئەمریکا لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دووەمین ناوچەی گەورەی پڕ لە قەیران. ئیدارەی ترامپ لە مانگی حوزەیراندا دەست دەکات بە پلانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی ململانێی ئیسڕائیل-فەڵەستین. چاوەڕێ دەکرێت پلانەکە تاوەکوو مانگی ڕەمەزان تەواو ببێت و حکوومەتێکی نوێی ئیسڕائیلی پێک بهێنرێت. لە دوای ئەوە، پێدەچێت ترامپ بیەوێت دونیابینیی خۆی بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە ململانێ هەرە گەورەکانی سەدەی ڕابردوو بە جهیان بناسێنێت؛ هەروەک "جەیرێد کۆشنێر"ی زاوای، کە یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم سیاسەتەیە لەم دوایییەدا ئەم پلانەی ترامپی ڕاگەیاند و ئاشکرا کرد.

هەتا ئێستا هیچ کردارێکی کۆنکریتی نەگیراوەتە بەر، بەڵام ترسەکە ئەوەیە کە ئەمریکا لە بیرۆکەی چارەسەری دوو دەوڵەت، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین دەیەیە بە تاکە ڕێگه‌ و چارەسەری دەبینێت، دوور بکەوێتەوە. مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن لە مانگی ڕابردوودا دەڵێت: "ئەو دیدەی کە ئێمە کاری لەسەر دەکەین، گۆڕانێکی گەورەی بەدواوە دێت و جیاواز دەبێت لەو مۆدێڵەی کە پێشتر کاری لەسەر کراوە."

دەستبەرداربوون لە ڕۆڵی نێوه‌ندگیرانه‌ی ئەمریکا

وشەی لەم شێوەیە [دەستبەرداربوون لە ڕۆڵی نێوەندگیرانەی ئەمریکا] مایەی نیگەرانییە بۆ حکوومەتی ئەڵمانیا. "مێرکڵ" وەک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و، "ماس" وەک وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، ئامادەن پلانێکی وریاکەرەوە بدەن و ئامادەیشن بۆ وەرگرتنی بیرۆکەکان بۆ چارەسەرکردنی ململانێکە، بەڵام ئەگەر پلانی ئەمریکا بۆ لاوازکردنی مافی فەڵەستینییەکان بووبێت لە دیاریکردنی مافی چارەنووسیان وەک نەتەوەیەک یان دانپێدانانی خاکەکەیان کە بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسای نێودەوڵەتی لە لایەن ئیسڕائیلەوە داگیر کراوە، ئەوا ئەڵمانیا پاڵپشتیی ناکات.

هەر لە کاتی دەستبەکاربوونییەوە، ترامپ وازی لە ڕۆڵی نێوەندگیرانەی ئەمریکا هێناوە و تاکلایەنە لایەنداری و پاڵپشتیی حکوومەتی ئیسڕائیل دەکات. ترامپ نووسینگەی دیپلۆماسیی فەڵەستینی لە واشنگتۆن داخست و پاڵپشتیی داراییی ئەمریکای بۆ ئاژانسی کار و یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە هۆی فەڵەستینەوە بڕی. باڵیۆزخانەی ئەمریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم/قودس و دانی بە دەسەڵاتی ئیسڕائیل بەسەر "بەزرایییەکانی جۆڵان"دا نا، کە لە ساڵی ١٩٨١ەوە بە سووریاوە لکابوو. هەموو ئەمانە لە ناوەڕاستی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسڕائیل بوو.

لە کۆتاییی مانگی ئازاردا، "کریستۆف هوسگێن"، ڕاوێژکاری پێشووی مێرکڵ بۆ سیاسەتی دەرەوە و نوێنەری هەمیشەییی ئێستای ئەڵمانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەری دەخات کە چۆن ئەو ڕیتمەی کارکردن، ئەمریکا بەرەو هەڵدێر دەبات و لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشدا ئەمریکای تۆمەتبار کردووە بەوەی کە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتیی کردووە.

"کریستۆف هوسگێن" دەڵێت: "ئێمە داوامان کردووە کە ئەمریکا ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگرێت، بەڵام نەک بە ئامانج و لە بەرژەوەندیی خۆی."  "لەو بڕوایەیشداین کە یاسای نێودەوڵەتی، باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیڵ و دەرفەتی ئەوەیشیان پێ دەدات کە بەئاشتی و ئارامی لەگەڵ یەکتردا بژین."

"ڕۆڵف موتزینچ"، جێگری سەرۆکی لیستی حزبی سۆسیال دیموکرات لە پەرلەمانی ئەڵمانیا ڕای گەیاندووە: "لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ئەتۆمبی ئێرانن و، ئەمریکا دەبێت بۆمان ڕوون بکاتەوە کە جێگرەوەی باشتر بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت [ئیسڕائیل و فەڵەستین/وەرگێڕ] چییە." لە بڕۆکسڵیش بەرپرسانی یەکێتبی ئەوروپا دەیانەوێت پارێزگاری لە چارەسەری دوو دەوڵەت بکەن. شمید دەڵێت: "ئێمە وەک یەکێتیی ئەوروپا لە چارەسەری دوو دەوڵەت باشتر نابینین و شک نابەین بۆ ململانێی فەڵەستین و ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ئێمە لەسەر پەتێک دادەنیشین

موتزینچ داوا لە حکوومەتی ئەڵمانیا دەکات کە لە نێوان وڵاتاندا ڕۆڵ بگێڕێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ملكەچی یاسای نێودەوڵەتی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. موتزینچ دەڵێت: "ئەمریکا دەبێت بڕیار بدات کە ڤیتۆ بۆ بڕیارێکی لەم شێوەیە دەدات یان نا!" ئەوروپا لە بنەڕەتدا دەستەوەستان سەیری بڵێسەی نێوان واشنگتۆن و تاران دەکات. دیپلۆماتێکی یەکێتیی ئەوروپا ڕای گەیاندووە: "ئێمە لەسەر پەتێک دادەنیشین كه‌ ئەمریکا سەرێکی ڕادەکێشێت و ئێرانیش سەرەکەی تر و، بەمەیش پەتەکە لاوازتر و لاوازتر دەبێت."

سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بنەڕەتی، سنووردارە بۆ داواکارییەکانی ئێران. هیچ کەسێک لە بەرلین لەو بڕوایەدا نییە کە هاوپەیمانەکانی ئەڵمانیا لە واشنگتۆن بتوانن ئەمریکا ڕازی بکەن بۆ گۆڕینی سیاسەتەکەی. ئەڵمانیا لەم چرکەساتەدا دەسەڵاتی تاران بە گونجاو و عەقڵانیتر دادەنێت لە خودی هاوپەیمانەکانی لە واشنگتۆن. ئەم دیدەی ئەڵمانیا لە لایەن ئەمریکایش بەبێ سەرنج و تێبینی تێ نەپەڕیوە، بەڵام لە دیدی ترامپ بۆ سیاسەتی دەرەوە ئەڵمانیا ڕۆڵی هەوەسبازێکی خراپ دەبینێت. مێرکڵ لەنێو سەرکردەکانی نزیک لە خۆی بەوە ناوبانگی دەرکردووە کە وەک ئامۆژگاریکارێکی تەماشەکەر کە ئامۆژگاریی بێزارکەریان پێشکەش دەکات ڕۆڵ دەبینێت. جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ پۆمپیۆ و هەروەک لە سەرەتای ئەم بابەتەیشدا باسمان کرد کە بەغدا بە لای پۆمپیۆوە زۆر گرنگترە لە بەرلین. لە لایەکی ترەوە، پۆمپیۆ کێشەی لە بەشداریکردنی لە دوو سەرداندا نەبوو لە ئەوروپا، کە دووشەممەی لە فینلەند و چوارشەممەیشی لە شانشینی یەکگرتووی بریتانیا بوو.

ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەم کات و ساتەدا زۆر شت لە پەیوەندییەکانی نێوان بەرلین و واشنگتۆن هەیە. بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونییەوە، پۆمپیۆ هێشتا سەردانی بەرلینی نەکردووە.  بۆڵتنیش بە هەمان شێوە هێشتا سەردانی ئەڵمانیای نەکردووە و حەوت هەفتەیش بەسەر دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان مێرکڵ و ترامپدا تێ دەپەڕێت.

ئەڵمانیا ئێستا هیچ شتێکی وای نییە بە کۆشکی سپیی بڵێت. لە بری ئەوە، وڵاتانی تری ئەوروپا ئەو دەرفەتەیان هەیە. هەمان ئەو ڕۆژەی کە پۆمپیۆ سەردانەکەی بۆ بەرلین هەڵوەشاندەوە، کۆشکی سپی ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی سەردانی بەرپرسە باڵاکانی ئەوروپا بۆ ئەمریکا بڵاو کردەوە، لەوانە پێشبینیکردنی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لە حزبی ڕاستڕەوی پۆپۆڵیست "ڤیکتۆر ئۆربان" بۆ واشنگتۆن لە هەفتەی داهاتوودا. ترامپ ئاشكرای کردبوو کە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەنگاریا، دەیەوێت گفتوگۆ لەگەڵ ئۆربان بکات.

کاتێک ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە داهاتوودا و لە کۆتاییی مانگی ئایاردا بۆ پێشکەشکردنی وتار لە زانکۆی هارڤارد سەردانی ئەمریکا دەکات، ترامپ کاتی نابێت بۆ بینینی. ترامپ لە فلۆریدا خەریکی یاریی گۆڵف دەبێت. پێدەچێت پۆمپیۆ دووبارە بیەوێت سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا ڕێک بخاتەوە لە هەفتەی داهاتوودا، بەڵام بەرپرسانی بەرلین هێشتا چاوەڕێی ڕەزامەندیی واشنگتۆنن.

 

سەرچاوە:

https://www.spiegel.de