گرژييه‌كانى نێوان ڕووسيا- ئێران، ئه‌گه‌رى سه‌ودايه‌كى ئه‌مريكى- ئيسڕائيلى- ڕووسى له‌باره‌ى سوورياوه‌ زێتر ده‌كه‌ن

دكتۆر جيمس. ئێم. دۆرسه‌ى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

له‌ دوا هێرش و په‌لامارى هێزه‌كانى سووريا و ڕووسيا بۆ سه‌ر ناوچه‌ى باكوورى پارێزگه‌ى ئيدلب، به‌ سه‌دان كه‌س هاتنه‌ كوشتن و به‌ هه‌زارانيش ئاواره ‌و ده‌ربه‌ده‌ر بوون. ئه‌و هێزانه‌ له‌ په‌لاماردانى نه‌خۆشخانه‌ و گه‌ڕه‌ك و ناوچه‌ نشيمه‌نییه‌كان [نیشته‌جێبووه‌كان]يش ناپرينگێنه‌وه و سڵ ناكه‌نه‌وه‌‌. فه‌رمانه‌ به‌په‌له‌ و به‌له‌زه‌كانى ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى، جۆن بۆلتۆن، هه‌رچى بن، "دۆناڵد ترامپ"ى سه‌رۆكى ئه‌مريكا له‌م هه‌فته‌يه‌ى ڕابردوودا له‌ توێتێكدا ده‌ڵێ: گوێتان لێ بێ،‌ ڕووسيا، سووريا و، به‌ پله‌يه‌كى كه‌متريش ئێران ته‌واوى ناوچه‌كانى پارێزگه‌ى ئيدلب بۆردوومان ده‌كه‌ن و بێ جياوازى خه‌ڵكێكى زۆرى مه‌ده‌نیى بێتاوان ده‌كوژن. دنيا سه‌يرى ئه‌م قه‌سابخانه‌يه‌ ده‌كا. مه‌به‌ست چييه‌، ئێوه‌ چيتان پێ ده‌بڕێ؟ ڕاوه‌ستن!

له ‌كاتێكدا كه‌م كه‌س چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن‌ ديمانه ‌و كۆبوونه‌وه‌ى ڕاوێژكاره‌كان له‌م مانگه‌دا له‌ قودس، ئه‌نجامگه‌لێكى خێرا و بله‌زى لێ بكه‌وێته‌وه‌، لێ كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مريكى و ئيسڕائيلى به‌ئومێدن كه‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌ زه‌وينه‌ بۆ ساتوسه‌ودايه‌ك خۆش بكا كه‌ ڕايه‌ڵه‌كانى نێوان ڕووسيا- ئێران زێتر كز و لاواز بكه‌ن؛ ئه‌گه‌ر كۆتايى به‌ بوونى ئێران له‌ سووريایش نه‌هێنێ، بوونى ئێران له‌وێ كه‌م بكاته‌وه‌.

له‌نێو چه‌ندين سيناريۆدا كه‌ قسه‌ و باسيان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێ، هه‌ندێ شرۆڤه‌وان پێيان وايه‌ كه‌ سه‌ودايه‌كى له‌م بابه‌ته، له‌وانه‌يه‌ وا بكا ڕووسيا گوشار بكا بۆ ده‌رچوونى ئێران له‌ سووريا. نه‌مانى ئێران له‌و وڵاته‌ داوايه‌كى سه‌ره‌كيى ئه‌مريكا و ئيسڕائيله‌ و له ‌به‌رانبه‌ريشدا هه‌ندێ سزاى ئه‌مريكى و ئه‌وروپى له‌سه‌ر ڕووسيا بێنه‌ هه‌ڵگرتن و ئه‌مريكا ڕازى ببێ به‌ مانه‌وه‌ى ڕژێمى سه‌رۆكى سوورى، به‌شار ئه‌سه‌د. سه‌رۆكوه‌زيرانى ئيسڕائيلى، بنيامين نه‌تانياهۆ، له‌ تشرينى دووه‌مى ڕابردوودا، پێشنيارێكى هاوشێوه‌ى ڕووسياى ڕه‌ت كرده‌وه‌.‌

كاربه‌ده‌ستێكى پله‌ باڵاى كاربگێڕیى ترامپ ده‌ڵێ: "ڕووسه‌كان به‌بايه‌خه‌وه‌ چاو له‌و وتووێژانه‌  ده‌كه‌ن و به‌ئاشكرایش دانوستاندن‌ ده‌كه‌ن. من پێم وايه‌ كه‌ ئه‌م ڕاستييه‌ خۆى له‌ خۆيدا شتێكى گرنگه‌، له‌وما ئێمه‌ پڕئومێدين كه‌ ڕووسه‌كان بۆ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌يه‌ دێن، هه‌ندێ پێشنيارى تازه‌يان پێ بێ كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێمه‌ بده‌ن بچينه‌ پێشه‌وه.‌"

كاربه‌ده‌ستان پێيان وايه‌ كه‌  ئه‌م دواييیه‌ ڕووسيا ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌‌ سيسته‌مى هه‌ره‌ پێشكه‌وتووى به‌رگرى، S-400 به‌ ئێران بفرۆشێ؛ له‌و سۆنگه‌وه‌يه‌ كه‌ ڕووسيا نايه‌وێ به‌نزين به‌سه‌ر گرژييه‌كانى ناوچه‌كه‌دا بكا، هه‌روابێته‌وه‌ ڕازيبوونێكى په‌نامه‌كيى ڕووسیيشه‌ به‌ تێسره‌واندنى زه‌برى سه‌ربازیى ئيسڕائيلى له‌ نيشانه‌ و ئارمانجه‌كانى ئێران و ميليشيا شيعه‌كانى حزبوڵڵاى لوبنان له‌ سووريا. ئه‌مه‌یش له‌وانه‌يه‌ ده‌رگه‌ بۆ سازش و سه‌ودايه‌كى پۆتانسيۆڵ بكاته‌وه‌.

ئێران نكۆڵى له‌وه‌ ده‌كا كه‌ هه‌وڵى دابێ سيسته‌مى S-400ى ڕووسى بكڕێ، له ‌كاتێكدا ڕووسيا به‌فه‌رمى داواى له‌ ئيسڕائيل كرد كه‌ هێرشه‌كانى ڕابگرێ و ڕێز له‌ سه‌روه‌ريى خاكى سووريا بگرێ.

وتووێژه‌كانى بۆلتون له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يیى ئيسڕائيلى، مائير بن-شابات و نيكۆلاى پاترۆشيڤ، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى ڕووسيا له‌ كاتێكى هه‌ره‌ خراپدا به‌ نیسبه‌ت ئێران ده‌ستيان پێ ناكرێ. كۆمارى ئيسلامى هه‌وڵ ده‌دا سزا قوڕسه‌كانى ئه‌مريكا بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ى بێكاريگه‌ر بكا، كه‌ دوا به‌ دواى كشانه‌وه‌ى كاربگێڕيى ترامپ له‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى 2015 له‌ ساڵى ڕابردوودا به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنران و پێش به‌ به‌رنامه‌ى نوكلياريى ئێران ده‌گرن.

هه‌ر دوو شرۆڤه‌كار، ئۆدى ديكل و كارميت ڤالانسى، له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ مانگى ڕابردوو له ‌لايه‌ن په‌يمانگه‌ى ديراساتى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى (INSS)ه‌وه‌ بڵاو كرايه‌وه‌، ده‌ڵێن سه‌ره‌ڕاى ئاخاوتنه‌ ئاشكراكان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ڕووسيایش هاوشێوه‌ى ئيسڕائيل نايه‌وێ ئه‌مريكا هێزه‌كانى خۆى له‌ سووريا بكێشێته‌وه‌. ترامپ پاش ئه‌وه‌ى له‌ شوباتدا ڕای گه‌ياند كه‌ ده‌يه‌وێ ‌ته‌واوى هێزه‌كانى ئه‌مريكا له‌ سووريا بكێشێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر له‌و ده‌ميشدا ترامپ ڕازى بوو هێزێكى ئه‌مريكیى چه‌ندسه‌د كه‌سى له‌و وڵاته‌دا بمێننه‌وه‌.

ديكل و ڤالانسى ده‌ڵێن كشانه‌وه‌ى ئه‌مريكا پێگه‌ى ئێران له‌ سووريا به‌هێز ده‌كا و ڕووسيا ناچار ده‌كا كه‌ ده‌رفه‌ت به‌ ئێران بدات كۆنترۆڵى چاڵه‌ نه‌وته‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى سووريا بكا.

زڤى بارئيل له‌ ستوونێكى خۆيدا له‌ ڕۆژنامه‌ى "هائارتس"ى ئيسڕائيليدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كا كه‌ ڕووسيا و ئێران له‌باره‌ى گه‌مه‌ى كۆتايى له‌ سووريادا ناكۆكييان هه‌يه‌. بارئيل ده‌ڵێ: "ڕووسيا ساده ‌و ڕه‌وان، نيازى نييه‌ سووريا بۆ ژێر كۆنترۆڵى ئه‌سه‌د بگێڕێته‌وه‌." هه‌روا ئه‌و ستووننووسه‌ ده‌ڵێ، ڕووسيا چاو له‌ سووريا ده‌كا وه‌كوو بنكه‌يه‌ك بۆ دامه‌زراندنى ڕايه‌ڵه‌ى به‌هێز له‌گه‌ڵ كه‌نداو و ميسردا. له‌ به‌رانبه‌ردا، ئێران هيواى وايه‌ به‌رى وه‌به‌رهێنانه‌ زۆره‌كه‌ى له‌ سووريا بچنێته‌وه‌ و نفووزى خۆى له‌ لوبنان بپارێزێ و به‌ره‌نگارى ئاوات‌ و ئارمانجه ناوچه‌ييیه‌كانى عه‌ره‌بستانى سعوودى ببێته‌وه ‌و ده‌ستى به‌ ده‌رياى سپیى ناوه‌ڕاست ڕابگات.

له‌ نيسانى ڕابردوودا له‌ حه‌له‌ب و له‌ دێرزوور به‌ ده‌يان كه‌س له‌ پێكدادان و شه‌ڕى نێوان ميليشياكانى سه‌ر به‌ ئێران و هێزه‌كانى ڕووسيادا كوژران. مانگى ڕابردوو، هێزه‌كانى ڕووسيا توانيیان ميليشيا شيعه‌كان له‌و ناوچانه‌ى نزيكن له‌ هه‌ر دوو فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى حه‌له‌ب و ديمه‌شق، دوور بخه‌نه‌وه‌.

ئيبراهيم به‌ده‌وى كه‌ ڕۆژنامه‌نووسێكى سه‌ر به‌ نيزامى ئه‌سه‌ده‌، ده‌ڵێ:‌ هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى سووريا و ڕووسيا چه‌ند چالاكوانێكى سووريى سه‌ر به‌ ئێرانيان گرتوون. هه‌روا به‌ده‌وى ده‌ڵێ: ڕێكخستنه‌وه‌ى ئه‌م دواييیه‌ى تاقم و داروده‌سته‌ى باڵاى داموده‌زگه‌ ئه‌منييه‌كانى ده‌وڵه‌تى سوورى، مه‌به‌ست لێى كز و لاوازكردنى پێگه‌ى ماهير ئه‌سه‌دى براى سه‌رۆككۆمار و فه‌رمانده‌ى گاردى كۆمارى و هه‌روا فيرقه‌ى چوارى زرێپۆش بووه‌. قسه‌ هه‌يه‌ كه‌ ماهير ئه‌سه‌د له‌ ئێرانه‌وه‌ نزيك بێ.

به‌ده‌وى ده‌نووسێ "ڕووسيا و ئێران... هه‌ر يه‌كه‌يان هه‌وڵ ده‌دا نفووزى خۆى له‌نێو داموده‌زگه‌ ئه‌وله‌هييه‌كانى سووريا و له‌ناو ئه‌و ميليشيايانه‌ى له‌ مه‌يداندان، به‌هێز بكا، له ‌هه‌مان كاتدا هه‌وڵ ده‌دا نفووز و بوونى ئه‌وى ديكه‌ له‌ سووريا كز و لاواز بكا... ئه‌و ناته‌باييیه‌ى نێوان هاوپه‌يمانه‌كانى سووريا ئێسته‌ به‌ئاشكرا ده‌ركه‌وتووه‌ و، شاراوه‌ نييه‌ كه‌ ڕووسيا بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چوونى داخوازيى ڕوون و ئاشكراى وڵاتانى كه‌نداو، به‌ته‌مايه‌ نفووزى ئێران لاواز بكا."

له‌وانه‌يه‌ پۆتانسيۆلى وتووێژه‌كانى نێوان ڕاوێژكاره‌كانى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييی هه‌ر سێ وڵاتى [ئه‌مريكا و ڕووسيا و ئه‌مريكا]‌ بكه‌وێته‌ به‌ر تاقيكردنه‌وه‌‌ كه‌ داخوا ڕووسيا به‌ده‌م داخوازييه‌كى ئيسڕائيلييه‌وه‌ ده‌چێ يان نا؛ به‌و مانايه‌ى‌ ڕووسيا‌ ڕێگه‌ نه‌دا سووريا به‌ته‌واوى ده‌ستى به‌سه‌ر سيسته‌مى دژه‌مووشه‌كى S-300دا بشكێ. ئاخر ئه‌و سيسته‌مه‌ هاوتاى به‌تارييه‌كانى پاتريۆتى ئه‌مريكييه‌ و، مۆسكۆ پێشتر به‌ سوورياى فرۆشتووه‌ و ڕاده‌ستى كردووه‌. كاربه‌ده‌ستانى ئيسڕائيلى ئاگادارى هاوشانه‌ ڕووسييه‌كانى خۆيان كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سيسته‌مى S-300 به‌ته‌واوى بكه‌وێته‌ بنده‌ستى هێزه‌كانى سوورييه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و سيسته‌مه‌ ده‌بێته‌ نيشانه‌يه‌كى ڕه‌وا و ده‌كه‌وێته‌ به‌ر زه‌بر و لێدانه‌وه‌.

ئيسڕائيل و ڕووسيا چوار ساڵ پێش ئێسته‌، ڕێك كه‌وتن كه‌ له‌باره‌ى كار و كرده‌ى سه‌ربازيى خۆيان له‌ سووريادا هاوئاهه‌نگى بكه‌ن، نه‌بادا به ‌شێوه‌يه‌كى هه‌ڵه‌ بكه‌ونه‌ به‌ر ئاگر و زه‌بر و لێدانه‌وه‌. به‌ هه‌ر حاڵ، ئيسڕائيل ساڵى ڕابردوو، پێشنيارێكى ڕووسیى ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سته‌به‌رى هێزه‌كانى ئێرانى بكا له‌ مه‌وداى 100 كيلۆمه‌ترى، دوور له‌ به‌رزاييیه‌كانى جۆڵان جووڵه‌ نه‌كه‌ن. ئه‌و به‌رزايیيانه‌ له‌ دواى جه‌نگى 1967ه‌وه‌ له ‌لايه‌ن ئيسڕائيله‌وه‌ داگير كراون و به‌م دوايیيانه‌ له‌ لايه‌ن ئه‌مريكاوه‌ وه‌كوو ناوچه‌يه‌كى ئيسڕائيلى دانيان پێدا نراوه‌. ئاخر ڕازيبوون به‌و پێشنياره‌ى ڕووسيا، به‌ ماناى ڕازيبوونى په‌نامه‌كى ده‌هات به‌ بوونى ئێرانى له‌ سووريادا.

ديكل و ڤالانسى له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ى خۆياندا تێبينيیان كردووه‌ كه‌ له‌ هه‌وڵێكدا بۆ ده‌رفه‌تقۆستنه‌وه‌ و سوودوه‌رگرتن له‌ گرژييه‌كانى نێوان ڕووسيا- ئێران، هێزه‌كانى ئيسڕائيلى ژماره‌ى هێرشه‌كانى خۆيان بۆ سه‌ر ئامانجه‌كانى ئێرانى له‌ سووريادا كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

ديكل و ڤالانسى ده‌ڵێن: "په‌نجه‌ره‌يه‌كى ده‌رفه‌ت هه‌يه‌ كه‌ ڕێگه‌ به‌ ئيسڕائيل ده‌دا له‌گه‌ڵ ڕووسيا و ئه‌مريكادا هه‌وڵ بدا بۆ فۆرمۆڵه‌كردن و به‌ديهێنانى به‌رژه‌وه‌نده‌ هاوبه‌شه‌كانى‌ ئيسڕائيل له‌گه‌ڵ ئه‌م دوو زلهێزه‌دا؛ له‌ هه‌موویشيان گرنگتر، زێده‌كردنى سه‌قامگيرى له‌ سووريا و ده‌ستكردن به‌ ڕيفۆرمگه‌لێكى حكوومى له‌ سووريا له‌ته‌ك كه‌مكردنه‌وه‌ى نفووزى ئێرانى له‌و وڵاته‌دا."

 سەرچاوە:

https://besacenter.org