گەمارۆی خامنەیی؛ هەموو دامەزراوەکانی ڕابەری ئێران

و: پێنووس

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئایەتوڵڵا خامنەیی، ڕابەری ئێران و نووسینگەکەی ئەوی خستە بەر گەمارۆ. بەپێی فەرمانی سەرۆککۆماری ئەمریکا گشت دامەزراوەکانی سەر بە ڕابەری ئێرانیش دەکەونە بەر ئەم گەمارۆیە.

ڕابەری کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرماندەی گشت هێزەکانە و بەپێی ده‌ستووری ئەو وڵاتە، دانان و لابردنی فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەو وڵاتەی لەدەستدایە. دەسەڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆک و ئەندامانی ڕێکخراوە فەرمییەکانیش بەپێی ده‌ستووری کۆماری ئیسلامی لەژێر فەرمانی خامنەییدان. سەرەڕای ئەوەیش گرووپێکی تر لە دامەزراوەکان بەپێی یاسای ویلایه‌تی فه‌قیھ لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن. (یەکەم دەقی ئەم بابەتە لە مانگی گوڵانی ٢٠١٦دا بڵاو کراوەتەوە.)

دامەزراوەکانی ڕابەر بەپێی ده‌ستوور

پسپۆڕانی ئه‌نجومه‌نی چاودێری

ئه‌نجومه‌نی چاودێری [شۆرا]، بینەقاقای دیموکراسییە لە ئێراندا. نە نوێنەرێک بەبێ پشیتوانیی ئەم ئه‌نجومه‌نه‌ دەچێتە په‌رلەمان و نە یاسایەک لە پەرلەماندا، بەبێ ڕەزامەندیی ئه‌نجومه‌ن، پەسەند دەکرێ. نەک تەنیا سەرۆککۆمار بەڵکوو نوێنەرانی ئەنجومەنی پسپۆڕانیش لەم ئه‌نجومه‌نەدا دەستنیشان دەکرێن.

شەش فەقێ لە دوازدە ئەندامی ئەم ئه‌نجومه‌نە لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن. شەش ئەندامە مافناسەکەی تریش لە لایەن سەرۆکی دادوەرییەوە پێشنیار دەکرێن کە خودی ئەویش بژاردەی ڕابەرە و نوێنەرانی په‌رلەمانیش دەبێ لە لایەن ئه‌نجومه‌نی چاودێرییەوە پەسەند بکرێن. پاراستنی یاساکانی ئیسلام و ده‌ستووریش ئەرکی ئەم ئه‌نجومه‌نه‌یە و پاراستنی خودی ئه‌نجومه‌نیش لەدەست ڕابەردایە.

ئەندامان و سەرۆکی مەکۆی دیاریکردنی بەرژەوەندیی حکوومەت

سەرۆک و ئەندامانی ئەم مەکۆ ٤٤ کەسییە بۆ ماوەی پێنج ساڵ و بە فەرمانی ڕابەری ئێران هەڵدەبژێردرێن. چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەنجومەنی شۆرای ئیسلامی و ئه‌نجومه‌نی چاودێری یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی مەکۆی ناوبراوە. ئەرکە هەرە گرنگەکەی تری ئەم مەکۆیە، بریتییە لە ڕاوێژکردن لەگەڵ ڕابەر و ئاراستەکردنی پێشنیاری لەبار بۆ سیاسەتی حکوومەتی ئیسلامی. سەرۆکەکانی سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ و بیرمەندانی ئه‌نجومه‌نی چاودێری، ئەندامە هەمیشەیییەکانی ئەم مەکۆیەن. بەپێی ده‌ستوور، ئەندامە هەمیشەیی و کاتییەکانی ئەم مەکۆیە لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن.

دامەزراوەیەکی تریش کە ئەرکە سەرەکییەکەی چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەپێی ده‌ستوور بە فەرمانی ڕابەری ئێران دامەزراوە، بریتییە لە لێژنەی باڵای چارەسەری کێشەکان و ڕێکخستنی په‌یوەندیی نێوان سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ و سەرۆک و ئەندامەکانی ئەویش لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن.

سەرۆکی ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن

ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنە حکوومییەکەی ئێران هیچ ڕکابەرێکی لەنێو میدیاکانی تردا نییە. بوودجەی ئەم میدیایە لەگەڵ هیچ میدیایەکی تری ناوخۆدا بەراورد ناکرێ. داهاتی ئەم دامەزراوەیە هەم لە لایەن حکوومەتەوە دابین دەکرێ و هەم لە ڕێگەی ڕێکلامە بازرگانییەکانییەوە. ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران، بە دەیان کەناڵی دەرەکی و ناوخۆوە، بە بڵیندگۆی پرۆپاگه‌نده‌ بۆ کۆماری ئیسلامی دەناسرێ. سەرۆکی ئەم دامەزراوەیە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕابەری ئێران دەستنیشان دەکرێ.

باڵاترین بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، تاقە سەرۆکه‌ له‌و سێ ده‌سه‌ڵاته‌‌ی کۆماری ئیسلامی کە ڕاستەوخۆ بە فەرمانی ڕابەری کۆماری ئیسلامی هەڵدەبژێردرێ. قۆناغی سەرۆکایەتیی ئەم کەسە، کە دەبێ "موجتەهید و دادپەروەر و ئاگادار لە کێشە دادوەرییەکان و بەڕێوەبەر و تەگبیرکار" بێت، پێنج ساڵە. داواكاری گشتیی دادگه‌ تایبەتییەکانی پێشەوا ئایینییەکان یەکێکی تر لەو بەرپرسە دادوەرانەیە کە لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە هەڵدەبژێردرێ.

نوێنەر لە ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نەتەوەییدا

بەپێی ده‌ستوور، ڕابەری کۆماری ئیسلامی دوو نوێنەر بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان دەکا. ئەرکی ئەم ئه‌نجومه‌نە بریتییە لە "دابینکردنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پاراستنی شۆڕشی ئیسلامی و یەکپارچەییی خاک و حکوومەت"ی ئێران. دەسەڵاتی ئەم ئه‌نجومه‌نە گەلێک بەرفراوانە: لە گرنگترین بابەتی سیاسەتی دەرەوە، واتا فایلی ناوەکییەوە بگرە تا دەگاتە بچووکترینیان کە کێشەی تری لێ دەکەوێتەوە، واتا سنووردارکردنی میدیاکان. سەرۆکایەتیی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە دەست سەرۆککۆماردایە و بەڕێوەبەرەکەیشی، وەک هەمیشە، یەکێک لە ڕاسپاردەکانی ڕابەرە. بڕیارەکانی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، دوای پشتڕاستکردنەوە لە لایەن ڕابەری کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێن.

ناوه‌ند [ئه‌ركان]ی گشتیی هێزە چەکدارەکان

فەرماندەییی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە دەست ڕابەرە و بەپێی ده‌ستوور، ڕاگەیاندنی جه‌نگ و ئاشتی و ڕێكخستنی هێزەکان لە لایەن ڕابەرەوە ئەنجام دەدرێن. ده‌ستوور، دەسەڵاتی دانان و لادانی فەرماندە باڵاکانی سوپای خستووەتە بەر دەستی ڕابەری ئێران.

ناوه‌ندی هێزە چەکدارەکان، بەرپرسی هەماهەنگکردنی گشت هێزە چەکدارەکانی حکوومەتە و سەرۆکایەتییەکەیشی لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێ. ئەم ناوەندە لە کۆتاییی جه‌نگی ئێران و عێراقدا بە ناوی "ناوەندی فەرماندەییی گشت هێزە چەکدارەکان" و بە هۆی ناتەباییی نێوان سوپای پاسداران و ناوەندی هاوبەشی سوپا دەمەزرێنرا، بەڵام دواتر ناوی کرایە "ناوەندی گشتیی هێزە چەکدارەکان". مافی دەستنیشانکردنی فەرماندە و بریکارەکانی سوپای گشتی، کە بەرزترین هێزی ئێرانە، بە دەست ڕابەرە: (سوپای پاسداران، سوپا و هێزە چەکدارەکان بە شێوەیەکی جیاجیا هەڵسەنگێندراون.)

  • فەرماندەی ناوەندیی گشت هێزە چەکدارەکان
  • فەرماندەی بنکەی ناوەندیی خاته‌مولئه‌نبیا
  • جێگری فەرماندەی بنکەی ناوەندیی خاته‌مولئه‌نبیا
  • جێگری سەرۆکی بنکەی گشت هێزە چەکدارەکان
  • بریکاری ڕێکخەری بنکەی گشتی
  • سەرۆکی ڕێکخراوی بەرگریکردن
  • بریکاری زانیاری [اطلاعات] و چالاکییەکانی بنکەی گشتی
  • بریکاری بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بواری تەیارکردندا
  • بریکاری لوجستیك و پشتیوانی و پشکنینی پیشەییی بنکەی گشتی
  • بریکاری پشکنینی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
  • بریکاری هێزی مرۆییی بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
  • سەرۆکی ڕێکخراوی عه‌قیده‌تی-سیاسیی وەزارەتی بەرگری و پشیتوانیی هێزە چەکدارەکان
  • سەرۆکی ڕێکخراوی هه‌واڵگه‌ریی وەزارەتی بەرگری و پشیتوانیی هێزە چەکدارەکان
  • ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەیی له‌ كاروباری په‌یوه‌ندیدار به‌ گشت هێزە چەکدارەکاندا

فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران

ئەرکی سوپای پاسداران "چاودێریکردن لە شۆڕش و دەستکەوتەکان"ە و کردارەکانی نیشاندەری ئەوەن کە وەک هێزێکی وەفاداری ڕابەر، "چاودێریکردن لە شۆڕش"ی هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە گرتووەتە ئەستۆ. سوپای پاسداران هێز و دەسەڵاتی لە شار و سنوورەکاندا هەیە و یەکێک لە ئەرکەکانیشی بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی کەنداو. وێڕای هێزە سێیینەکانی زەمینی، ئاسمانی و دەریایی، دوو باڵی تریشی هەن: بەسیج کە "هێزە خۆبەخشەکان"ی لە شەڕدا دەجەنگن و لە ئاشتیدا پارێزگاری لە شۆڕش و بەهاکانی دەکا و هێزی قودس کە هێز و دەسەڵاتی سوپای پاسداران تا ئەودیو سنوورەکان دەبا. چالاکییەکانی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی قەرارگه‌ی ئاوەدانکردنەوەی خاته‌مولئه‌نبیا "گەورەترین پەیمانکاری پرۆژە حکوومییەکانی ئێران" سوپای پاسدارانی کردووەتە یەکێک لە بەهێزترین دامودەزگه‌ ئابوورییەکانی ئێران. هه‌واڵگه‌ریی ئەم هێزەیش بە خەنیمی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێران، واتا وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی دەزانرێ. دانان و لادانی فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانیش لە دەستی ڕابەردایە.

  • فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
  • جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران
  • فەرماندەکانی هێزە زەمینی و ئاسمانی و دەریایییەکان
  • سەرۆکی ڕێکخراوی به‌سیجی موسته‌زعه‌فین
  • فەرماندەی هێزی قودس (لقی درەوەی سوپای پاسداران)
  • نوێنەری وه‌لی فه‌قیھ لە سوپای پاسداراندا
  • بریکاری هەماهەنگکاری فەرماندەییی سوپای پاسداران
  • سەرۆکی ناوەندیی ستراتیژیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی
  • بەرپرسی قەرارگه‌ی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی به‌قییه‌توڵڵا هیلئه‌عزه‌م

فەرماندە باڵاکانی هێزەکانی ئاسایش [انتظامى]

هێزی ئاسایشی کۆماری ئیسلامیی ئێران (ناجا) یان هەمان پۆلیس، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی نێوخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لەسەر شانە. ئەم هێزە لە ساڵی ١٩٩١دا و بە تێکەڵبوونی پۆلیسی ناوشار و ژەندرمە و کۆمیتەکانی شۆڕش دامەزراوە. پۆلیسی ئێران بەشێکە لە بنکەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و فەرماندەکانیشی لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن. ڕابەری ئێران زۆر جار جڵەوی دەسەڵاتی خۆی لە وەزارەتی نێوخۆدا دەداتە دەست وەزیری ناوخۆ.

  • فەرماندەی هێزی ئاسایش
  • سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی عه‌قیده‌تی- سیاسیی هێزی ئاسایش (نوێنەری ویلایه‌تی فه‌قیھ)
  • سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی پاراستنی زانیاریی هێزی ئاسایش

فەرماندە باڵاکانی سوپا [ئه‌رته‌ش]

ده‌ستوور ئەرکی سەرشانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە "پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەییی وڵات و حکوومەت" داناوە کە دەبێ "ئیسلامی و بڕوادار و جه‌ماوه‌ری" بێت. سوپا ئەرکەکانی خۆی شان بە شانی سوپای پاسداران و زۆر جاریش لەژێر سێبەری قورسی ئەو هێزەدا جێبەجێ دەکا.

فەرماندە باڵاکانی سوپا ڕاستەوخۆ و بە فەرمانی ڕابەر دەستنیشان دەکرێن:

  • فەرماندی گشتیی سوپا
  • جێگری فەرماندەی گشتیی سوپا
  • فەرماندەکانی هێزە چوارینەکانی زەمینی و ئاسمانی و دەریایی و بەرگریی سوپا
  • فەرماندەی بنکەی بەرگریی ئاسمانیی خاته‌مولئه‌نبیا
  • بریکاری هەماهەنگکاری فەرماندەی گشتیی سوپا
  • سەرۆکی ڕێکخراوی عه‌قیده‌تی- سیاسیی سوپا (نوێنەری وه‌لی فه‌قیھ)
  • سەرۆکی ڕێکخراوی هه‌واڵگه‌ریی سوپا

ڕاسپێردراوانی ڕابەر لە دەرەوەی ده‌ستوور

ماڵی ڕابەرایەتی [بیت رهبری] و ڕاوێژکاران

  • ئەندامانی ماڵی ڕابەرایەتی
  • ڕاوێژکاری باڵای ڕابەرایەتی
  • ڕاوێژکاری ڕابەرایەتی بۆ كاروباری نێوده‌وڵه‌تی و ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی ستراتیژیی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌
  • سەرۆکی نووسینگەی پشکنینی ڕابەرایەتی

سەرۆکی نووسینگەی پشکنینی ڕابەرایەتی

ماڵی ڕابەرایەتی ئێران ناوەندی فەرماندەییی هەستپێنەکراوی قەیرانەکان و ئاڵۆزییەکانە لە کۆماری ئیسلامیدا. هەر هێندە بەسە کە بگوترێ بڕیار یان ڕاسپاردەیەک لە لایەن ئەم نووسینگەوە دەرچووە تا بەرهەڵستەکان کپ و بێدەنگ بن. زۆر جار په‌یوەندییەکی کورت لە ماڵی ڕابەرەوە ئاژاوە چڕەکانی بە سوودی ڕابەر دامرکاندووە، یان گرژییەکانی سڕیوەتەوە. پلەوپایەی بەشێک لە ئەندامانی ماڵی ڕابەر ڕوون و دیار نییە، بەڵام لە ماڵی ڕابەری ئێراندا ناو و خزمایەتی لە پلەوپایەکان گرنگترن. ڕابەر گرووپێک ڕاوێژکاریشی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشدا هەن کە پرسیان پێ دەکا.

دەزگه‌ خێرخوازییەکان

  • سەرۆکی بنیادی شه‌هید [ده‌زگه‌ی شه‌هید] و ئەرکی خۆبەخشەکان
  • سەرپەرشتیی دەزگه‌ی پانزدەی خورداد
  • سەرۆکی بنیادی موسته‌زعه‌فانی شۆڕشی ئیسلامی
  • نوێنەر لە دەزگه‌ی نیشتەجێبوون [بنیادی مه‌سكه‌ن]دا
  • سەرۆک و ئەندامانی دەستەی دەستپاکانی کۆمیتەی هاریکاریی ئیمام خومەینی
  • سەرۆکی بنکەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئیمام

 ئەم ڕێکخراوانە لە ماوەیەکی کورتی دوای شۆڕشی ئیسلامی و بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی، دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی، دامەرزێنراون. وه‌لی فه‌قیھ هەر پێنج یان دە ساڵ جارێک بەرپرسانی ئەم ڕێکخراوانە دەستنیشان دەکا. گشت ئەم دامەزراوانەیش لەژێر چاودێریی ڕابەردان.

بنیادی موسته‌زعه‌فان مانگێک دوای شۆڕش و بە دەستبەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی بنەماڵە و کەسوکاری شای پێشووی ئێران و بە ئامانجی یارمەتیدان بە هەژاران دامەزرێنرا. چالاکییە ئابوورییەکانی ئەم دامەزراوە خۆبەخشە –بەتایبەت دوای مردنی خومەینی- هێندە پەرەی سەند کە ناوبانگی بە گەورەترین کۆمپانیای ئابووری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرکرد. سەرۆکایەتیی ئەم دامەزراوەیەیش هەر پێنج ساڵ جارێک لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێ.

ئەرکی "بنیادی شه‌هید" و "بنیادی پازده‌ی خورداد" پێڕاگەیشتنە بە خێزانی شەهیدان و کەمئەندامانی شۆڕش و جه‌نگی ئێران. بنیادی شه‌هید گەلێک جار بووەتە بابەتی ڕاپۆرتی گەندەڵکارییەکان. سەرۆکایەتیی ئەم دامەزراوەیەیش بە فەرمانی ڕابەر و بە وێنەی نوێنەری وه‌لی فه‌قیھ دەستنیشان دەکرێ.

بەرپرسیارێتیی "ده‌زگه‌ی نیشته‌جێبوون" دابینکردنی خانووە بۆ هەژاران و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان. ئەم دامەزراوەیە لەژێر چاودێریی ئه‌نجومه‌نی ناوەندیدا کار دەکا و ویلایه‌ت فه‌قیهیش نوێنەری خۆی لەوێدا دەستنیشان دەکا.

"كۆمیته‌ی هاریكاریی ئیمام خومه‌ینی" (کۆمیته‌ی ئیمدادی ئیمام خومه‌ینی)یش یەکێک لەو دامەزراوانەیە کە چەند هەفتەیەک دوای شۆڕش و بە فەرمانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە پێناو یارمەتیدان بە لێقەوماوان دامەزراوە. داهاتی ئەم بنکەیە، بە گوتەی بەرپرسان، مانگانە ١٥ ملیار تمەنە کە لە سندووقی خێراتەوە دابین دەکرێ.

دامەزراوە ئایینیەکان

  • سەرپەرشتیی زیارەتگه‌کان (قودسی ڕه‌زه‌وی، ئه‌حمه‌د بن مووسا شا چراغ، جه‌مکه‌ران، حه‌زره‌تی مه‌عسوومه‌، عه‌بولعه‌زیم حه‌سه‌نی)
  • نوێنەر لە بواری حەج و سەرپەرشتیی حاجییەکانی ئێران
  • سەرۆکایەتیی ئه‌نجومه‌نی باڵای قورئان (بریکاری په‌یوەندییە جه‌ماوه‌رییه‌كانی نووسینگەی ڕابەر)
  • سەرۆک و ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی "كۆمه‌ڵه‌ی نزیككردنه‌وه‌ی مه‌زهه‌به‌كان"
  • سەرۆکی کۆمەڵەی جیهانیی ئه‌هلی به‌یت
  • بەرپرسی ناوەندیی پێڕاگەیشتن بە كاروباری مزگەوتەکان

زیارەتگه‌کان کاروباری خێرات و ئەوقافی مەزارە ئایینییەکان بەڕێوە دەبەن و هیچ باج و زەکاتێک نادەن. لەنێو ئەوانەدا "ئاستانی قودسی ڕه‌زه‌وی" کە خۆی بە "مەزنترین ڕێکخراوی ئەوقافی جیهانی ئیسلام" دەزانێ، لە هەموویان ناودارتر و بەگێچەڵترە. نرخی زەوییە زەوتکراوەکانی ئەم ڕێکخراوە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلارە. خاوەنی دەیان کۆمپانیا و دامەزراوەی ئاوەدانکردنەوە، ئابووری، کشتوکاڵ، خواردەمەنی و دەرمانە کە "ئیمپراتۆرییه‌ته‌ ئابوورییەکە"ی پێک دێنن. جگە لە دەسەڵاتی ئابووری، دەستێوەردانە سیاسییەکانی ئەم دامەزراوەیەیش جێگەی سەرنجە.

نوێنەری ڕابەری کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی حەجدا بەرپرسیارێتیی حاجییەکانی لە ئەستۆدایە. سەرۆکی بنکەی حەج و زیارەت کە وەزارەتی ئیرشاد بەڕێوەی دەبا، لە لایەن ڕابەری ئێرانەوە دەستنیشان دەکرێ. سیاسەتە گشتییەکەی حەج و بڕیاردان لەمەڕ هەڵپەساردن و ڕاگرتنی ناردنی حاجییەکان، لە کاتی ئاڵۆزیدا، لە دەست ڕابەری ئێراندایە.

که‌لتووری و میدیایی

  • ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی كه‌لتووری [فه‌رهه‌نگی]
  • سەرپەرشتیی دامەزراوەی زانیاری [ئیتلاعات]
  • سەرپەرشتیی دامەزراوەی کەیهان
  • بەڕێوەبەری ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامی [تبلیغات اسلامی]
  • سەرۆکی ڕێکخراوی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامی
  • ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی باڵای فەزای مەجازی

ڕابەری ئێران ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی كه‌لتووری بە ژووری فەرمان یان ناوەندی ئەندازیاریی كه‌لتووریی وڵات دەزانێ، کە فەلسەفەی هەبوونەکەی بە تێڕوانینی ئەو، شیکردنەوە و سەقامگیرکردنی كه‌لتووری شۆڕشی ئیسلامییە. ئەم ئه‌نجومه‌نه‌ سەرەتا بە ناوی بنکەی شۆڕشی كه‌لتووری و بە فەرمانی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی دامەزرێنرا و ناوەکەی بە داخستن و پاکتاوکردنەوەی زانستگه‌کانی دوای شۆڕش گرێ دراوە کە لەژێر دروشمی شۆڕشی كه‌لتووریدا ئەنجام درا. ئەم دامەزراوەیە چل ئەندامی یاسایی و مووچەخۆری هەن، کە سێ ساڵ جارێک لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن.

ڕێکخراوی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨١ و بە فەرمانی خومەینی دامەزرێنرا کە داوای لەم ڕێکخراوە کردبوو "خاڵە کوێر و نادیارەکان" بۆ خەڵکی ئێران و جیهان ڕوون بکاتەوە و ڕێگەی به‌گژداچوونه‌وه‌ی دوژمنانی ئیسلام پێشانی خەڵک بدا. كایه‌ی هونه‌ری، ئاژانسی هه‌واڵی مێهر، زانستگەی سوورە و ڕۆژنامەی ته‌هران تایمز سەر بەم ڕێکخراوەن. ده‌زگه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌میركه‌بیریش لە دوای شۆڕش زەوت کرا و خرایە بەر دەستی ئەم ڕێکخراوە.

"ئه‌نجومه‌نی هه‌ماهه‌نگیی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامی" لە ساڵی ١٩٨٠دا و بە فەرمانی ئایەتوڵڵا خومەینی دامەزرێنرا. ئەرکی ئەم ئه‌نجومه‌نه‌ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی بۆنە ئایینی و نەتەوەیییەکانی وەک ساڵڕۆژەکان و ڕێپێوانەکان بوو. سەرۆکی ئەم ئه‌نجومه‌نه‌یش بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ڕابەر دەستنیشان دەکرێ.

لە نێوان ئەو ڕۆژنامانەدا کە بەرپرسەکەی لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێن، کەیهان لە هەموویان بەگێچەڵترە. ڕابەری ئێران لە فەرمانی دەستنیشانکردنی نوێنەرەکەی لە کەیهاندا داوای لێ کردووە کە بەپێچەوانەی ڕۆژنامەکانی تر، لە ئاست بێموبالاتی به‌رامبه‌ر ئامانجە ئیسلامییەکان و شۆڕشدا کەمتەرخەم نەبێ. کەیهان جێبەجێكردنی ئەم ڕاسپاردەیەی گەیاندووەتە شوێنێک کە هێندێک جار تەنانەت نووسینگەی ڕابەری ئێرانیشی لە کەمتەرخەمبوون لە ئاست شۆڕش و ئیسلامدا ناچار بە هەڵوێستوه‌رگرتن و ڕەخنە کردووە.

دامەزراوە پەروەردەیییەکان

  • دامەزراوەی نوێنەری ڕابەری لە زانستگەکاندا
  • ئه‌نجومه‌نی ناوەندیی نوێنەرانی ویلایه‌تی فه‌قیھ لە زانستگەکاندا
  • دەستەی دەستپاکانی دامەزراوەی جامیعه‌ی ئیمامی سادق
  • دەستەی بەڕێوەبردنی نووسینگەی ڕاگه‌یاندنی ئیسلامیی حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی قوم
  • بەرپرس، بەڕێوەبەر و ئەندامانی باڵای حه‌وزه‌ی عیلمییه‌ی خوراسان
  • نوێنەر لە سه‌ندیكای ئەنجومەنه‌ ئیسلامییه‌كانی قوتابیان
  • نوێنەری په‌یوەندییەکانی خوێندکارانی ئێرانی و ئەنجومەنی خوێندکارانی ئاسیا و ئۆقیانووسییە

دامەزراوەی نوێنەرایەتیی ڕابەر گرنگترین ئەڵقەی په‌یوەندییەکانی ڕابەرە لەگەڵ زانستگه‌کان و، نووسینگەی لە گشت زانستگه‌ و بەشەکانی خوێندنی باڵادا هەیە. سەرۆکەکەی لە لایەن ڕابەرەوە دەستنیشان دەکرێ و بەرپرسی هەر بەشێکیشی مەلایەکە. ئەرکی سەرەکیی ئەم دامەزراوەیە ئەوەیە کە زانستگه‌ و مەلاکان لێک دانەبڕێن و بەکورتی ئیسلامیزەکردنی زانستگه‌کانە.

دامەزراوەی جامیعه‌ی ئیمامی سادق کە زۆرتر بە زانستگه‌ی ئیمام سادق ناسراوە، گەلێک بەرپرس و تیۆریسیه‌ن [تیۆرداڕێژه‌ر]ی بۆ حکوومەت بەرهەم هێناوە. ڕابەری ئێران، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردنی زانستگه‌کان دەستنیشان دەکا و دەستەی دەستپاکانیش سەرۆکەکەی. سەرۆکایەتیی ئەم زانستگه‌یە لە سەردەمی شۆڕشی كه‌لتووریدا دەستنیشان کرا و تا سەردەمی لابردنی ئایەتوڵڵا مونتەزیری، بەردەوام بوو. زانستگه‌ی ئیمام سادق خوێندکاری لە بەشەکانی زانستە مرۆیییەکان و کۆمەڵایەتییەکاندا هەن و هەلومەرجی قورسی بۆ وەرگرتنی خوێندکاران هەیە. ڕابەری ئێران داوا لە دەستپاکانی زانستگه‌کان دەکا ئەو شوێنە بکەنە گرنگترین مەکۆی زانستە ئیسلامییەکان.

نوێنەران و پێشنوێژان

  • نوێنەرانی وه‌لی فه‌قیھ
  • پێشنوێژی پارێزگه‌ و شارەکان
  • سەرۆک و ئەندامانی ئه‌نجومه‌نی سیاسەتڕێژیی پێشنوێژەکان
  • نوێنەرانی نووسینگەکانی دەرەوەی وڵات
  • نوێنەرانی دامەزراوە و ڕێکخراوەکان

ڕابەری ئێران نوێنەری تایبەتی لە گشت پارێزگه‌کانی ئێراندا هەیە کە بە نوێنەری ویلایه‌تی فه‌قیھ دەناسرێن و زۆربەیان پێشنوێژی پارێزگه‌کانن. نووسینگەکانی نوێنەرانی وه‌لی فه‌قیھ و پێشنوێژەکان ئەڵقەی په‌یوەندیی ڕابەرن لەگەڵ ناوچەکاندا و، لە نوێژی هەینییدا بانگەشە بۆ سیاسەتی ڕابەری ئێران دەکەن و دەستێکی باڵایان لە ناوچەدا هەیە. ویلایه‌تی فه‌قیھ جگە لە نوێنەرانی ناوخۆ، نوێنەری دەرەوەی وڵاتیشی هەن کە نووسینگەکانیان بەڕێوە دەبەن و داهات و دراو بەسەر لایەنگرانیاندا بڵاو دەکەنەوە. ڕابەری ئێران لە هێندێک دامەزراوە و ڕێکخراوی تری وەک خاچی سوور [هلال احمر] و جیهادی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ [جیهادی سازه‌ندگی]یشدا نوێنەری تایبەتی هەن و هیچ دژایەتییەک لە ئاست نوێنەرانی خۆی قبووڵ ناکا.

 

سەرچاوە:

http://www.bbc.com