وه‌زيرى پێشووى به‌رگريى ئه‌مريكا، پانيتا له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌

"تۆ ده‌توانی ئاژاوه ‌و بێسه‌روبه‌رى بخوڵقێنى، لێ باشتر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ پلانێكت هه‌بێ"

 

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

ئاخۆ سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ ده‌زانێ چ ده‌كا؟ وه‌زيرى پێشووى به‌رگريى ئه‌مريكا، ليۆن پانيتا شك و گومانى هه‌يه‌. له‌ ديمانه‌يه‌كدا، ئه‌و پياوه‌ گه‌نگه‌شه‌ى قه‌يران له‌ ئێران و بڕياره‌ سه‌يره‌كه‌ى ترامپ ده‌كا كه‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌ر له‌ تێسره‌واندنى زه‌برێكى مووشه‌كى، پاشگه‌ز بووه‌وه‌.

 

[ليۆن پانيتا، ته‌مه‌نى 80 ساڵه‌ و ئێستاكه‌ سه‌رۆكى ئينيستيتۆى پانيتايه‌ بۆ سياسه‌تى گشتى له‌ مۆنتيره‌رى، كاليفۆرنيا. له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوودا، وه‌كوو سه‌رۆكى ئه‌ركانى كۆشكى سپى له‌ سه‌رده‌مى كاربگێڕيى كلينتۆندا كارى كردووه‌ و له 19ى شوباتى‌ 2009دا، به‌ بڕيارى ئۆباما وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رى "سيا" (CIA) سوێندى خوارد و له‌ 1ى ته‌مووزى 2011وه‌ بۆ ماوه‌ى 19 مانگ بووه‌ وه‌زيرى به‌رگرى. له‌و ده‌مه‌ى كه‌ پانيتا به‌ڕێوه‌به‌رى سيا بووه‌، له‌ ئۆپه‌راسيۆنێكى تايبه‌تدا ئوسامه‌ بن لادن كوژرا.]

 

ڕۆلاند نيلس ديمانه‌كه‌ى كردووه‌

دێر شپيگل: جه‌نابى وه‌زير پانيتا، له‌ ئاخيروئۆخرى مانگى ڕابردوو، سه‌رۆكى ئه‌مريكا دۆناڵد ترامپ، به‌ قسه‌ى خۆى ده‌ خوله‌ك‌ به‌ر له‌وه‌ى به‌ مووشه‌كان له‌ ئێرانێ بدرێ، بڕيارى دا ئه‌و زه‌بره‌ سه‌ربازييه‌ ڕابگيرێ. ئايا ئێوه‌ پێشتر شتى له‌م بابه‌ته‌تان ديوه‌؟

 

پانيتا: نه‌خێر من پێشتر نه‌مديوه‌. كاتێ كه‌ گه‌نگه‌شه‌ له‌باره‌ى ئۆپه‌راسيۆنێكى له‌م جۆره‌ى سه‌ربازى ده‌كه‌ى، ئه‌وا كاتێكى زۆرت له‌به‌رده‌سته‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى (NSC)دا وتووێژ له‌باره‌ى بژارده‌ جياجياكان و ئه‌نجامه‌كانى هه‌ر بژارده‌يه‌ك بكه‌ى. هه‌روا به‌ شێوه‌يه‌كى خواسايى، ئيعتوباراتێكى گه‌لێ زۆر له‌باره‌ى لايه‌نه‌ باش و خراپه‌كانى تێسره‌واندنێكى زه‌برێكى سه‌ربازى له‌ ئێران، هه‌ن. ئه‌گه‌ر كاره‌كان به‌پێى ئه‌م پرۆسه‌يه‌ به‌ڕێوه‌ بچن، ئه‌وا سه‌رۆك زوو ده‌گاته‌ بڕيارێك كه‌ داخوا  درێژه‌ به‌ ئه‌ركێكى وا ده‌دا و تا سه‌ر له‌گه‌ڵى ده‌ڕوا يان نا. به‌گوێره‌ى تاقيكردنه‌وه‌ و شاره‌زايیى من،  هه‌ر كاتێ سه‌رۆكێك بڕيار بدا ئه‌ركێكى وا ڕابپه‌ڕێنێ، ئه‌وا درێژه‌ى پێ ده‌دا و تا كۆتايى له‌گه‌ڵى ده‌ڕوا.

دێر شپيگل: ترامپ گوتى كه‌ 10 خوله‌ك پێش تێسره‌واندنى زه‌برێك له‌ ئێران، زانيويه‌تى كه‌ له‌وانه‌يه‌ 150 كه‌سێك له‌ ئه‌نجامى ئه‌و زه‌بره‌ سه‌ربازييه‌ بێنه‌ كوشتن. ئايا تۆ پێت وايه‌، ئه‌م حيسابه‌ ورد بێ؟

پانيتا: ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕوويدا بێ، كه‌واته‌ پرۆسه‌كه‌، پرۆسه‌يه‌كى بێسه‌روبه‌ر و له‌نگه‌. من ناتوانم بێنمه‌ به‌رچاوم كه‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى نه‌خشه‌ و پلانى  بۆ لێدانى هه‌ندێ ئارمانج و نيشانى دياريكراو له‌ ئێران هه‌بێ كه‌ زيانى گيانیى لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌، له‌ بارێكدا ئه‌گه‌ر له‌و ئارمانج و نيشانانه‌ت دا. ده‌بێ له‌ قۆناغێكى زووى وتووێژدا قسه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌مه‌وه‌ كرابێ. ئه‌گه‌ر باز به‌سه‌ر ئه‌و وتووێژه‌یش‌ درابێ و ته‌نيا 10 خوله‌ك‌ پێش هێرش و په‌لاماره‌كه‌، سه‌رۆك له‌ ژماره‌ى زيانه‌ مرۆيیيه‌كان ئاگادار كرابێته‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌ڵه‌يه‌كى كوشنده‌ و گه‌وره‌ له‌ پرۆسه‌ى بڕيارسازكردندا هه‌يه‌ له‌ كۆشكى سپى.

 

دێر شپيگل: له‌ كاتێكدا، له‌وه‌ته‌ى جيم ماتيس له‌ كۆتايیى ساڵى ڕابردوودا ده‌ستى له‌كار كێشايه‌وه‌، وه‌زيرێكى به‌وه‌كاله‌ت به‌بێ ڕه‌زامه‌نديى سينات، وه‌زاره‌تى به‌رگرى به‌ڕێوه‌ ده‌با. ‌ تا چه‌ند ئه‌وه‌يان كاريگه‌ريى هه‌بووه‌ بۆ سه‌ر تواناى سه‌رۆك له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى قه‌يرانه‌كان، يان له‌ وه‌رگرتنى بڕيارگه‌لێكى گرنگ كه‌ پێوه‌ندييان به‌ سوپا و لايه‌نى سه‌ربازييه‌وه‌‌ هه‌بێ؟

 

پانيتا: ئه‌وه‌ زێتر پرۆسه‌كه‌ لاواز ده‌كا كه‌ داخوا ده‌بێ كار و كرده‌يه‌كى سه‌ربازى ئه‌نجام بدرێ يان نا. ئه‌گه‌ر تۆ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك وه‌زيرێكى به‌وه‌كاله‌تدا بكه‌ى، ئه‌و تايتله‌ به‌ سروشتى خۆى، وا ده‌كا وه‌زير خۆى له‌ پێگه‌يه‌كى لاوازدا ببينێته‌وه‌- نه‌ك هه‌ر ته‌نيا له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سوپادا، به‌ڵكه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كۆشكى سپيیشدا. هه‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌يه‌ كه‌ وه‌زير به‌ شێوه‌يه‌كى كاتى له‌و پۆسته‌دايه‌ نه‌ك به‌ شێوه‌يه‌كى هه‌ميشه‌يى و، به‌ ڕه‌زامه‌نديى سينات له‌وێ نييه‌. ڕاستییه‌كه‌ی، ئه‌مه‌ ده‌سه‌ڵاتى سه‌ركردايه‌تيى وه‌زاره‌تى به‌رگرى بنكۆڵ ده‌كا.

 

دێر شپيگل: حاڵى حازر تا چه‌ند ڕه‌وشى كه‌نداو، خه‌ته‌ره‌؟ داخوا جه‌نگ، ئه‌گه‌رێكى ڕاسته‌قينه‌يه‌؟

 

پانيتا: ڕه‌وشه‌كه‌ خه‌ته‌ره‌، به‌ڵێ خه‌ته‌ره‌. من پێم وايه‌ و جێگه‌ى گومانيش نييه‌ كه‌ گرژييه‌كان له‌ هه‌ر دوو لاوه‌ زێتر ده‌بن. ئه‌مريكا تا دێ سزاكانى خۆى به‌سه‌ر ئێراندا زێده‌ ده‌كا و، ڕوون و ئاشكرايه‌ ئێرانيش كه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌يه‌وێ فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان بهێنێته‌ خواره‌وه‌، به‌ڵكه‌ په‌لامارى تانكه‌ره‌كانى نه‌وتگواستنه‌وه‌یش ده‌دا له‌ ته‌نگه‌ى هۆرمزدا. هه‌ڵبه‌ت خه‌ته‌ر ئه‌وه‌يه‌ كه‌ چه‌نده‌ ئه‌و گرژييانه‌ى نێوان هه‌ر دوو لا زێده‌ ببن، ئه‌وا ئه‌گه‌رى حيسابات و لێكدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌، مه‌زه‌نده‌ى هه‌ڵه‌ يان هه‌ڵه‌ى مرۆيى له‌م لايه‌ن يان له‌ لايه‌كه‌ى ديكه‌وه‌، له‌وانه‌يه‌ جه‌نگ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى سه‌ربازیى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

 

دێر شپيگل: ئه‌گه‌ر ئه‌مريكا له‌ ئێران بدا، چ ده‌قه‌ومێ؟ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و لێدان و په‌لامارانه‌یش سنووردار بن، له‌گوينه‌‌ پێكدانێكى گه‌وره‌تر ببێته‌ شتێكى حه‌تمى؟

 

پانيتا: هه‌ميشه‌ ئه‌وه‌ مه‌زاخت و مه‌زه‌نده‌ى من بووه‌ كاتێ كه‌ له‌ وه‌زاره‌تى به‌رگرى بووم- ئه‌گه‌ر تۆ په‌لامارى ئارمانجه‌كانى ئێران بده‌ى، جا چ پێگه‌ و قزگه‌كانى مووشه‌كان بێ، يان داموده‌زگه‌ و نيشانه‌ و ئارمانجى ديكه‌ بن، ئه‌وا ئێرانيش وه‌ڵامت ده‌داته‌وه‌؛ جا چ مووشه‌ك به‌ بنكه‌ سه‌ربازييه‌كانى ئێمه‌وه‌ بنێ له‌ كه‌نداو، يان مووشه‌كان بگرێته‌ ئيسڕائيل. ئێرانييه‌كان تا ڕادده‌يه‌ك سيسته‌مێكى كاراى مووشه‌كييان هه‌يه‌.

 

دێر شپيگل: زۆر خه‌ڵك بڕوايان وايه‌ كه‌ ميليشيا هاوپه‌يمانه‌كانى ئێران په‌لامارى هێز و تواناكانى ئه‌مريكا يان هاوپه‌يمانه‌كانى ئه‌مريكا له‌ وڵاتانى ديكه‌دا ده‌ده‌ن. ئايا ئه‌وه‌ سيناريۆيه‌كى واقعييانه‌يه‌؟

 

پانيتا: من پێم وايه‌ ئێران ده‌كارێ چه‌ند شێواز و ميتۆدێك پێڕه‌و بكا. ئه‌وان تواناى ئه‌وه‌يان هه‌يه‌ كه‌ ڕێنوێنیى وه‌كيله‌كانيان بكه‌ن وه‌كوو حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، حووسييه‌كان له‌ يه‌مه‌ن و هى تريش كه‌ هێرش و په‌لامارى [ئه‌مريكا و لايه‌نى ديكه‌یش] بده‌ن له‌ شوێنه‌كانى ديكه‌ى ناوچه‌كه‌دا. كه‌واته‌ له‌واقعدا، ئه‌وان ژماره‌يه‌ك بژارده‌يان بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌به‌رده‌سته‌. هه‌ر ئه‌وه‌ نييه‌ ئه‌مريكا سووك و سانا زه‌بر له‌ ئارمانجه‌كانى ئێران بدا و دوور كه‌وێته‌وه‌، بێ ئه‌وه‌ى هيچ باج و نرخێكى ئه‌و كارانه‌ى بدا.

 

دێر شپيگل: ترامپ له‌ ڕێگه‌ى ستراتيژيى "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"ه‌وه‌ هێشتا هه‌وڵ ده‌دا ئێران ناچار بكا بێته‌ سه‌ر مێزى دانوستاندن و گفتوگۆوه‌. پێتان وايه‌ ئه‌م ستراتيژييه‌ كارى خۆى ده‌كا؟

 

پانيتا: له‌ چه‌ند قۆڵ و به‌ره‌يه‌كدا، من نيگه‌رانيم له‌باره‌ى تاكتيكه‌كانى زۆرترين گوشارى سه‌رۆك هه‌یه‌. ئه‌و زۆرترين گوشارى خسته‌ سه‌ر كۆرياى باكوور و تا ئێستایش هيچ پلانێكمان بۆ داماڵينى چه‌كى ئه‌تۆمیى كۆريا نييه‌. ترامپ زۆرترين گوشارى خسته‌ سه‌ر بازرگانى به ‌هۆى تاريفه‌ گومرگييه‌كانه‌وه ‌و، تا ئێستایش پرس و كێشه‌كانى بازرگانيمان چاره‌ نه‌كردوون و وه‌كوو خۆيان ماونه‌ته‌وه‌. ترامپ زۆرترين گوشارى له‌گه‌ڵ ئێراندا به‌كار هێناوه‌، به‌ڵام من نازانم كه‌ داخوا پێشتر ديارى كردووه‌،‌ ئه‌و ستراتيژييه‌ درێژخايه‌نه‌ ده‌بێ چ بێ كه‌ سه‌روكاريان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ تاكتيكانه‌دا هه‌يه‌. تۆ ده‌توانى زۆرترين گوشار به‌كار بهێنى، تۆ ده‌توانى بێسه‌روبه‌رى و ئاژاوه‌ بخوڵقێنى، ‌به‌ڵام باشتر ئه‌وه‌ كه‌ تۆ پلانێكت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كه هه‌بێ‌. من پێم وا نييه‌، ترامپ ئاوا دوور بڕوا و بير بكاته‌وه‌.

 

دێر شپيگل: حاڵى حازر ئێرانييه‌كان چ شێواز و ميتۆدێك به‌كار ده‌هێنن؟

 

پانيتا: من پێم وايه‌ ئێرانییه‌كان بير ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێكدا  تێ كه‌وتوون كه‌ پێشبينیى هه‌نگاوه‌كانى ناكرێ؛ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكێكدا بكه‌ن كه‌ لێى دڵنيا نين و به‌ته‌واوى نازانرێ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م كێشانه‌ چ ڕێچكه‌يه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر. له ‌ڕاستيدا سه‌رۆك ده‌ڵێ ئامانجى سه‌ره‌كيى ئه‌و بريتييه‌ له‌ پێشگرتن له‌ ئێران كه‌ نه‌بێته‌ خاوه‌نى چه‌كێكى نوكليارى، له‌ هه‌مان كاتيشدا ترامپ خۆى ئه‌و كه‌سه‌ بووه‌‌ كه‌ ڕێككه‌وتننامه‌ى نوكلياریى له‌گه‌ڵ ئێراندا جيڕبه‌جيڕ كرد كه‌ تاكه‌ پلان و نه‌خشه‌يه‌كى شياو بووه‌‌ بۆ به‌ستنه‌وه‌ى ئێران كه‌ نه‌بادا به‌ ئاقارى دروستكردنى چه‌كێكى نوكليارى هه‌نگاو بنێته‌وه‌. ترامپ هه‌ر ئه‌و كه‌سه‌يه‌ گوشار و پاڵه‌په‌ستۆى ته‌واو ده‌خاته‌ سه‌ر ئێران، به‌ شێوه‌يه‌كى وه‌سا كه‌ ئێرانييه‌كان خاترجه‌م نين داخوا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆیش له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رۆكه‌دا دانيشتن، سه‌رۆك خاوه‌نى قسه‌ى خۆى ده‌بێ.

 

دێر شپيگل: ئه‌ى چ ده‌ڵێى له‌باره‌ى ئه‌و ڕاوێژكارانه‌ى نزيكى سه‌رۆكن له‌ بابه‌تى ڕاوێژكارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يى، بۆلتۆن، يان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ مايك پۆمپيۆ؟  ئايا پێت وايه‌ ئه‌وان پلانێكيان بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م ڕه‌وشه‌ نه‌بێ؟

 

پانيتا: هيوام وايه‌ پلانێكيان هه‌بێ، چونكه‌ ئه‌وان له‌ پێگه‌يه‌كدان كه‌ ده‌كارن بير له‌م پرسه‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌ هه‌مان كاتدا، من پێم وايه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆيان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكدا بگونجێنن، ده‌ق چى ده‌وێ و گه‌ره‌كه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن. من پێم وايه‌ ئه‌وان پشتيوانى له‌ تێسره‌واندنى زه‌برێكى سه‌ربازى [له‌ ئێران] ده‌كه‌ن و له‌وانه‌يه‌ شاش مابن كاتێ كه‌ سه‌رۆك بڕيارى دا ئه‌و كاره‌ نه‌كا.

 

دێر شپيگل: باشترين ڕێچكه‌ بۆ ده‌رچوون له‌و گێله‌وه‌ژه‌يه‌ چييه‌؟

 

پانيتا: من پێم وايه‌ باشترين شێواز و ميتۆد بۆ ئه‌مريكا خويايه،‌ كه‌ ئه‌ويش خاترجه‌مبوونه‌ له‌وه‌ى، ئێمه‌ هێزێكى ته‌واوى سه‌ربازيمان له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌بێ له‌ حاڵێكدا ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ناچار بووين ديفاع له‌ هێزه‌كانمان له‌وێ بكه‌ين. دووه‌م، به‌ شێوه‌يه‌كى ڕه‌ها پێويسته‌ ته‌نگه‌ى هۆرمز كراوه‌ بێ، چونكه‌ سێيه‌كى نه‌وت له‌ جيهاندا له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م ته‌نگه‌يه‌وه‌ ده‌رباز ده‌بێ. ئه‌مه‌ نه‌ك هه‌ر بۆ ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يیى ئێمه‌، به‌ڵكه‌ ئابووريى جيهان پشت به‌و ڕێگه‌يه‌ ده‌به‌ستێ. سێيه‌م، چونكه‌ متمانه‌يه‌كى كه‌م له ‌نێوان ئه‌مريكا و ئێراندا هه‌يه‌، باشترين ڕێباز ئه‌وه‌يه‌ كه‌ هه‌وڵ بدرێ كه‌ناڵێكى ديپلۆماتیى كراوه‌ هه‌بێ و، ده‌كرێ هاوپه‌يمانه‌كانمان ئه‌ڵمانيا، بريتانياى مه‌زن، فه‌ڕه‌نسا و ڕووسيا و چينيش بۆ ئه‌مه‌ به‌كار بهێنين. ئه‌وانه هه‌ر هه‌موويان له‌ ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ى ئێراندا شه‌ريكن.

 

دێر شپيگل: تا ڕادده‌يه‌ك ڕه‌خنه‌ له‌ سياسه‌تى ترامپ له‌باره‌ى ئێرانه‌وه‌ ده‌گيرێ. به‌ڵام له‌به‌ر بڕيارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى تێسره‌واندنى زه‌برێك له‌ ئێران، به‌ شێوه‌يه‌كى پۆزه‌تيڤ باوه‌گۆى ترامپ درايه‌وه‌، له‌وانه‌ كاردانه‌وه‌ى پۆزه‌تيڤى ديموكراته‌كان.

 

پانيتا: له‌ ماوه‌ى دوو ساڵ و نيوێكدا، له‌وانه‌يه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ شت بێ كه‌ هه‌ق به‌ ترامپ بووه‌.

 

دێر شپيگل: بڕياره‌كه‌ى ترامپ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاى گشتيى به‌ربڵاوى ئه‌مريكايه‌: زۆر له‌ ئه‌مريكييه‌كان وێده‌چێ دژى هه‌ر جۆره‌ تێوه‌گلانێكى سه‌ربازيى ئه‌مريكا بن له‌و ديوى ده‌رياكانه‌وه‌.  ئايا ئه‌وه‌ وه‌سفێكى وردى مه‌زاجى گشتييه‌ له‌ ئه‌مريكادا؟

 

پانيتا: من پێم وايه‌ كه‌ بيرۆكه‌ى گشتى ئه‌وه‌يه‌  هه‌وڵ بدرێ ئه‌مريكا ڕۆ نه‌چێته‌ ناو جه‌نگێكى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌ له‌ بارى ئاسايشى نه‌ته‌وه‌ييیه‌وه‌‌ پاساوى بۆ نييه‌. من پێم وايه‌ تاقيكردنه‌وه‌ى عێراق نيشانى ده‌دا كه‌ تا ئێستاكه‌ كاريگه‌رييه‌كانى له‌سه‌ر ڕاى گشتيى ئه‌مريكى ماون‌- هه‌ستێك هه‌يه‌ كه‌ جه‌نگ [ى عێراق] پێويست نه‌بووه‌. ئه‌گه‌ر جه‌نگێك لايه‌نه‌كان هه‌ڵيبگرسێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نه‌يانتوانيوه‌ چاره‌سه‌رى پرس و كێشه‌كان بكه‌ن، من پێم وايه‌ نيگه‌رانييه‌كى زۆر له‌باره‌ى ئه‌و جۆره‌ شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌يه‌ سه‌ربازييه‌ په‌يدا ده‌بێ. ئه‌گه‌ر له ‌لايه‌كه‌ى ديكه‌وه‌، ئاسايشى نه‌ته‌وه‌يیى ئێمه‌ به‌ڕاستى كه‌وته‌ ژێر پرسياره‌وه ‌و ئێران له‌ناكاو كه‌وته‌ په‌لاماردانى بنكه‌ سه‌ربازييه‌كانمان له‌ ناوچه‌كه‌ و كه‌وته‌ كوشتنى ئه‌مريكييه‌كان، ئه‌وا پێم وا نييه‌ هيچ شك و گومان له‌وه‌دا هه‌بێ كه‌ ئه‌م وڵاته‌ له‌ ديفاعكردن له‌ خۆى يه‌كگرتوو ده‌بێ.

 

 سەرچاوە:

https://www.spiegel.de