جیاوازیی دیمۆگرافی، چۆن کار ده‌كاته‌ سەر په‌یوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؟  

 

مایکڵ ڕۆبن

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: زوبێر ڕەسووڵ

په‌یوەندییە گرژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوام کاریگەری دەبێت لەسەر گشت کایەکانی سیاسەت لە عێراقدا. پرسەکە تەنیا په‌یوەندیی بە بوونی تائیفییەت لە  پۆست و پلە بەرزەکانی سەرکردایەتی لە عێراقەوە نییە، بۆ نموونە زۆربەی کورد پێیان وایە کە پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ ئەوان گیراوە، بەڵکوو پرسەکە په‌یوەندارە بە دابەشکردنی داهاتیشه‌وه‌ لە نێوان بەغدا و هەولێر. بڕگە سێی ماددەی ١٢١ی دەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ دەڵیت: "بەشی هەرێمەکان و پارێزگه‌کان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە داهاتە نیشتمانییەکانی دەوڵەتی فیدراڵ تەرخان دەکرێت کە بەشی هەڵسان بە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بکات، بە ڕەچاوکردنی داهات و پێداویستی و ڕێژەی دانیشتووانیان."

كێشەکە لە ڕاستیدا ئەو ڕێژە سەدییەی دانیشتووانە کە هەر پارێزگه‌یەك نوێنەرایەتیی دەکات. دوایین جار کە لە عێراق سەرژمێری کرابێت، ساڵی ١٩٥٧ بووە. لەو کاتەیشدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق ٦.٣ ملیۆن بووە، کە لە ڕاستیدا تەنیا دەکاتە سێیەکی دانیشتووانی بەغدا لە ئێستادا.

دابینکردنی ١٣٪ بۆ حکوومەتی هەرێم لەسەر چ بنەمایەک کراوە؟

تا ئێستایشی لەگەڵدابێت ڕێژەی دانیشتووان لە عێراقدا جێگه‌ی تێبینی و گومانە لای گشت پێکهاتە ئیتنی و سیاسییەکانی عێراق. سەرۆکی پێشووی عێراق، سەددام حسێن، لە ڕووی تیۆرییەوە بەعسی بوو، بەڵام لە واقعدا شۆڤێنییەک بوو لە عەرەبی سوننە. ئەو بەشێکی زۆری عێراقییەکانی لە کورد و عەرەب و شیعە لە ناسنامەکەیان داماڵی، هەزارانیشی دەربەدەری ئێران کرد، ویستیشی لە ناوچەکانی وەک کەرکووک پاکتاوی ڕەگەزی ئەنجام بدات، کە وای کرد چەندان خەڵک لە داهاتی نەوت و کشتوکاڵ بێبەش بێت. کۆمه‌ڵگه‌ی نێودەوڵەتی بە سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی فراوان، ڕووبەڕووی داگیرکاریی سەددام بۆ کوێت بووەوە. سەددام لە بری ئەوەی هەڵسوکەوتی بگۆڕێت، ده‌ستی كرد بە سوودوەرگرتن لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکان بە مەبەستی پرۆپاگەندەکردن، بەتایبەت بۆ خۆی. سەددام ده‌ستی كرد بە دروستکردنی کۆشکی تایبەت بۆ خێزان و نزیکەکانی لە بەغدا. لە کاتێکدا شیری منداڵان بۆ مەبەستی قازانج هاوردە دەکرا، ڕژێمی سەددام ڕێگریی کرد لە گەیشتنی خواردن و دەرمانی پێویست بۆ شیعەکان بۆ ئەوەی کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ناچار بە هەڵگرتنی گامارۆ ئابوورییەکانی سەری بکات. لە ١٤ی نیسانی ١٩٩٥ ئەنجومەنی ئاسایش بڕیاری ٩٨٦ی ده‌ركرد کە بە بڕیاری نەوت بەرامبەر خۆراک ناسرابوو، لە کاتێکدا ئەم پرۆگرامە زۆر ئاڵۆز و  لە هەمان کاتدا پڕ بوو لە گەندەڵی، لە بەغداوە تا بەندەری تیرتل. لە ڕاستیدا ڕێژەی بەشە خۆراکی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو بنەمایە دانرابوو کە هەرێم ١٣٪ خاکی عێراقی لەژێردەستە. هەڵبەتە لە بری سەرژمێریی دانیشتووان، حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی دوای ٢٠٠٣، هەر لەسەر ئەو ڕێژەیە بەردەوام بوون. لە کاتێکدا وەزیری نەوتی پێشوو و سەرۆکوەزیرانی ئێستا، عادل عەبدلمەهدی، کە بۆ کاتێکی درێژ په‌یوەندیی بەهێزی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی پێشوو، بەڕێز مەسعوود بارزانی هەبوو، ڕێژەی بەشی هەرێمی کوردستانی لە داهاتەکانی نەوت، بەرز کردەوە بۆ ١٧٪. ڕاستییه‌كه‌ی، ئەو ژمارەیە ئەگەر ١٣٪ یان ١٧٪ بێت، كۆمه‌ڵێك کێشە هەن کە هەر بەردەوام دەبن: بۆ نموونە ئایا ئەم ڕێژەیە مەبەست لێی داهاتی گشتییە یان داهاتی سافی (پوخت)؟ ئایە تەنیا داهاتەکانی حکوومەت دەگرێتەوە، یان دەبێت نەوتی کوردیش، واتا هەرێمی کوردستان بچێتە سندووقی ناوەند؟ ئایا دەبێت ئەو پاڵپشتییانەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی یان بانکی نێودەوڵەتیش، بە پشتبەستن بەم ڕێژەیە دابەش بکرێت؟ ئەم كێشە و بگرەوبەردانە لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ نزیکەی ١٥ ساڵە هەر بەردەوامه‌، تا ئەو کاتەی کورد ده‌ستی كرد بە فرۆشتنی نەوت بە تاکلایەنە؛ هەر لەبەر ئەوەیش حکوومەتی بەغدا ناو بە ناو ناردنی پارەی بۆ هەولێر ڕادەگرت. هەر لەبەر ئەوەیشە کە بەشێکی زۆری دیپلۆمات و سیاسی و شرۆڤەکارە دارایییەکان، لێکدانەوەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر، پشت بە ڕێژەی بەشداریکردن لە داهات، کە لە نێوان ١٣٪ و ١٧٪دایە، دەبەستێت، بەڵام گۆڕانی پێکهاتەی دیمۆگرافی لەوانەیە لە ماوەیەکی کورت ئەو گریمانەیە نەهێڵێت. وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاژانسێکی سەرژمێریی هەیە کە بە "دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان" ناسراوە؛ ئەم ئاژانسە، بەرپرسە لە کۆکردنەوە و ئەنجامدانی سەرژمێریی بنەڕەتی.

بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا، ڕاپۆرتەکانیان هیچ مەنهەجییەتێکیان پێوە دیار نییە و هەندێ جاریش چەند ساڵێک دوا دەکەون. لە هەمان کاتدا ئێستا حکوومەتی عێراق خەریکی پلاندانانە بۆ سەرژمێرییه‌کی سەرتاسەریی نوێ کە بەنیازە لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ ئەنجامی بدات. کۆمەڵێک هۆکار هەن کە وا دەکات حکوومەتی عێراق سەرژمێرییه‌کی نوێ ئەنجام بدات. عێراق بە گەشەکردنێکی خێرای دانیشتوواندا تێ دەپەڕێت؛ ڕێژەی ٤٠٪ی دانیشتووانی ئێستای عێراق لە دوای ٢٠٠٣دا لەدایک بوون، کە لە ماوەی چەند ساڵێکی تردا دەچنە ناو هێزی کار. لە لایەکی تر ٦٠٪ی دانیشتووانی عێراق ئێستا لە دوای جه‌نگی کوێت لەدایک بوون، واتا لە دوای ساڵی ١٩٩١. بە جۆرێک لە ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەی دانیشتووانی عێراق دەبێتە ٥٠ ملیۆن کەس؛ واتا دوو ئەوەنده‌ی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە کاتی جه‌نگی عێراق لە ٢٠٠٣.

ئایا دەکرێت ڕێژەی کورد بۆ  ژێر ڕێژەی ١٣٪ لە عێراقدا دابەزێت؟

سەرەڕای بوونی کێشەکانی په‌یوەندار بە ژێرخانی وڵات و خزمەتگوزاریی دەوڵەت، بەڵام  دۆخی داراییی عێراقییەکان زۆر گەشەی کردووە؛ بە جۆرێ کە داهاتی تاک لە عێراقدا لە دوای ٢٠٠٣وە چوار ئەوەندە زیادی کردووە. داهاتی تاکی عێراقی لە ئێستادا، بەرزترە لە داهاتی تاک لە جەزائیر، باشووری ئەفریقا و، هەروەها کۆستەریکا. بە جۆرێک داهاتی تاک لە عێراقدا، خه‌ریکە نزیک دەبێتەوە لە داهاتی تاک لە ئازەربایجان. لە دوای ٢٠٠٣ هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئاسایش و وەبەرهێنان، لە ناوچەکانی تری عێراق باشتر بووە؛ گەشەکردنی سامانیش زیاترە. بەغدا هەمووی چەند مانگێک دەبێت دیوارە دژ بە تەقینەوەکانیان [دیواره‌ كۆنكریتییه‌كانیان] لا داون، بەڵام لە سلێمانی و هەولێر هەر دانەنراون.

هەڵبەتە لەگەڵ هەڵکشانی سامان و دەوڵەمەندبوون، وەچەخستنەوەیش کەم دەبێتەوە- واتا ژمارەی منداڵانی هەر خێزانێک-. تێکڕای گەشەکردنی کوردستان بەگوێرەی سەرژمێرییه‌کی تایبەت ٢.٣٪ە؛ هەرچەندە ئەو ڕێژەیەیش لەوانەیە پشتی بە داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، کە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمێش دەگرێتەوە، بەستبێت. هەرچەنده‌ پێدەچێت لە تەواوی بەشەکانی تری عێراقیشدا تێکڕای گەشەکردن دابەزیبێت، بەڵام لە ئێستادا مەزەندەکان لە نێوان ٢.٥ و ٢.٨٪ه‌. واتا لەگەڵ بەردەوامیی بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوون لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقدا و نزمبوونەوەیشی لە هەرێمی کوردستان، ئەوا جیاوازیی ڕێژەی کورد و عەرەبیش تا دێت فراوانتر دەبێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە کورد وا ڕاهاتوون کە هەمیشە داوای ڕێژەی ١٣٪ و ١٧٪ بکەن لە داهاتەکانی عێراق، بەڵام لە ماوەی دە ساڵێکی تردا کورد لەوانەیە تەنیا نوێنەرایەتیی ١٠ تا ١٢٪ی دانیشتووانی عێراق بکات.

لێکەوتەکانی ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە، دەکرێت زۆر مەترسیدار بێت لەسەر سیاسەت و کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی. ئەمە لەوانەیە وا لە کورد بکات پەنا بباتە بەر سەرژمێریی نادروست، هەموو کاتێکیش هەندێک ئیغراکردنی سیاسییەکان هەر هەیە، وەک ئەوەی کە پێشووتر عه‌بدولمەهدی کردی؛ بەسادەیی بڵێین، بۆ ئەوەی بارزانی بە ژمارەیەکی نادروست یان زیادکراو ڕازی بکات. بەڵام ژێرخانی لاوازی دەوڵەت و خۆپیشاندانەکانی باشوور بووە هۆی نەهێشتنی هیوای سەرۆکوەزیران بە مانەوەی لە خولی دووەمی حوکمڕانی، لەوانەیە ببێتە مەترسی لەسەر حکوومەتی ئێستای عه‌بدولمەهدیش؛ ئەمە ئەو بیرۆکەیەیە کە ئێستا لە لایەن خەڵکی سادە و سیاسییەکانی عێراقیش هەیە، بەوەی کە کورد دەبێت  زیاتر لە ژمارە، حسابیان بۆ بکرێت، خەریکە لاواز دەبێت. لە لوبنان دواجار، سیسته‌می تەوافوقی توانای ئەوەی نەبوو کە ڕەچاوی گۆڕانی دیمۆگرافی بکات کە ڕۆڵیشی هەبوو لە ئەگەری ڕوونەدانی جه‌نگی ناوخۆ. ئەوە بەو مانایە نییە کە عێراق خەریکە بەرەو جەنگێکی ناوخۆیی دەچێت، تەواو بەپێچەوانەوە: عێراق زۆر نەرمترە و، سەرەڕای ناڕێکی و بێسەروبەریی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا، بە شێوەیەکی گشتی وا کار دەکات؛ بە لای کەم ئەگەر بەراوردی بکەیت بە دراوسێکانی. بەڵام بێ گومان چەندان بژاردەی زەحمەت و لەمپەریش دێنە سەر ڕێگه‌. لە بری ئەوەی حکوومەتەکەی عه‌بدولمەهدی ئامادەکاری بۆ ئەو ٥٠ ملیۆن دانیشتووانە بکات، کەچی تیمەکەی زیاتر چاویان لەسەر ئامانجی کورتمەودایە نەک درێژخایەن.

ئایا ڕێژەی دانیشتووانی کەمتر، چی دەگەیەنێت بۆ هەرێمی کوردستان؟

لێکەوتەکانی گۆڕانی ڕێژەی دانیشتووان لە نێوان کورد و عەرەبدا، لەوانەیە لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر بن. هەتا ئێستایش هەڵاوسانی کارگێڕی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئابووریی هەرێمی ماندوو کردووە. کوژرانی بەناو دیپلۆماتکارەکەی تورکیا لە هەولێر چەند ڕۆژێک پێش ئێستا و تووڕەبوونی ئه‌ردۆغان، تیشکی زیاتر دەخاتە سەر ئەو پاشکۆیەتییه‌ی ئابووریی هەرێم بۆ تورکیا. سەرەڕای ڕووە گەشەکەی دەرەوەی ئابووریی هەرێم، ڕێژەی بەتاڵیی خانوو و ئاپارتمانەکان لە هەولێر و سلێمانی بەپێی مەزندە ناوخۆیییەکان، دەگاتە ڕێژەی ٧٠٪. لە هەمان کاتدا گەندەڵی، گوڕوتینی وەبەرهێنە بیانییەکانیشی سارد کردۆتەوە. مەبەستم ئەوەیە کە بڵیم سەرەڕای خەمساردیی حکوومەتی هەرێم لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەمپەرە ئابوورییەکان کە نەیتوانیوە تا ئێستا چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە، کەچی لە ئاییندەدا ڕووبەڕووی ئەگەری دابەزینی ئەو بەشە داهاتەی کە لە عێراقیش بەدەستی دەگات، دەبێتەوە، جیاواز لەوەی کە هەرێم لەسەری ڕاهاتووە. لەوانەیە لەمەودوا لە بەغدایش دەنگێک دروست ببێت ئەو نوێنارایەتییەی ئێستای کورد کە چەند ساڵێکە لە بەغدا هەیە بخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر یەکە لە "مام جەلال"ی ڕەحمەتی و "فوئاد مەعسووم"یش لەبەر ئەوە سەرۆکایەتیی کۆماریان وەرگرت، كه‌ کورد بوون؛ لە ڕاستیدا فوئاد مەعسووم جگە لەو بنەمایە هیچی تری نەبوو پشتی پێ ببەستێت. دانانی "بەرهەم ساڵح"یش هەر لەبەر ئەو هۆکارە بوو؛ هەرچەندە ئەو لە پێناو بەدەستهێنانی ئەو پۆستەدا دەستی یارمەتیی بۆ عەرەبە شیعە و سوننەکان و گرووپە سیاسییەکانی تریش درێژ کرد. بەڵام بەرهەم ساڵح بۆ ئەوەی خولی دووەم بمێنێتەوە، زیاتر لە کورد، پێویستی بە یارمەتیی عەرەبەکان دەبێت.

تێپەڕاندنی بنەمای ڕەگەز بە سروشتی،  دۆخێکی تەندروستە بۆ عێراق؛ بەرهەم ساڵح سیاسییه‌کی بەتوانایە و بەگوڕەوە ئامادەیە ئەوە بکات. ئەوانی تر کەمتر توانایان هەیە، کەمتریش پشت بە تێپەڕاندنی دابەشکاری لەسەر بنەمای ئایینی و نەتەوەیی دەبەستن. دەکرێت بگوترێت، بە گەیشتنی ژمارەی دانیشتووانی عێراق بە ٥٠ ملیۆن کەس، زۆرینەی شیعەکان داوای دوو لە هەر سێ پۆستە سەره‌کییەکە دەکەن، بەتایبەت لەگەڵ جیاوازیی دەرکەوتنی ئاراستە و لیستە سیاسییەکان؛ واتا شیعە و گرووپە ئیتنییەکانی تریش بە یەک دەنگ قسە ناکەن. ئەوکات پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کورد ڕازی دەبێت کە پۆستەکانیان لە حکوومەتی عێراق بەگوێرەی ڕێژەی دانیشتووانیان کەم بکرێتەوە، یان کورد هەوڵ دەدات بۆ ڕێگرتن لە پێکهێنانی حکوومەت لە پێناو پاراستنی نفووزی خۆیان؟  

سۆسیۆلۆگی فەڕەنسی، ئۆگست کۆنت ( ١٧٩٨-١٨٥٧)، جوان گوزارشت لەو دۆخە دەکات کاتێک دەڵێت "پێکهاتەی دیمۆگرافی، چارەنووسە." و، له‌ ڕاستیشدا وایە. بەڵام ئایا سیاسییە عێراقییەکان هەر بەردەوام دەبن لەسەر بنەمای سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ کە لەسەر بنەمای کۆبوونی خۆراک، واتا پرۆگرامی نەوت بەرامبەر خۆراک ڕێک خراوە؟ ئەو پێوەرە کلاسیکییانەی لەو پرۆسەیە بەجێ ماون، بێ گومان تاسەر بەردەوام نابن. لەوانەیە چابوونەوەRecovery- ، ئاسایش – Security و سامانWealth-، هەواڵی خۆش بن بۆ عێراق بەڵام لە هەمان کاتدا موژدەی گۆڕانی دیمۆگرافییشمان پێ دەدەن کە پێویستە هەر یەکە لە کورد و حکوومەتی عێراق چارەسەری بۆ بدۆزنەوە.

 

ئەم بابەتە لە ٢٦/٧/٢٠١٩ بڵاو بۆتەوە؛ بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە:

http://www.aei.org