ستراتیژیی "ئەوپەڕی گوشار"، ئێرانی لە دژی ڕێکكەوتن مکوڕتر کردووە

(سزاکان، چینی ناوەڕاستیان لاواز کردووە و سوپای پاسدارانیش بەهێزتر)

 

نووسینی: هادی کەهەلزادە *

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: زوبێر ڕەسووڵ

ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەیی، وەک دیارە لەبارەی نیازی وڵاتەکەی سەبارەت بە پڕۆگرامی چەکی ئەتۆمی، هەندێک پەیامی تێکەڵی ناردووە. لە سەرەتای مانگی شوباتدا خامەنەیی بەڵێنی دا کە هەر کاتێک ئەمریکا بەتەواوی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانی هەڵگرت، ئەوە ئێرانیش بەتەواوی دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوون بە ڕێکكەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥. بەڵام تەنیا دوو هەفتە دواتر، خامەنەی ڕای گەیاند ئەگەر پێویست بکات ئێران تا ڕێژەی ٦٠٪ یۆرانیۆم دەپیتێنێت. بێجگە لەمە پاڵپشتیی خۆیشی پێشان دا بۆ ئەو یاسا نوێیەی پەرلەمانی ئێران کە پێویست دەکات سنوورێک بۆ پشکنینەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دابنرێت.

ئێران تەنیا یارییەکی بە‌هێز ناکات؛ ئەو هەڵوێستە بە‌هێزەی دەوڵەت ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەی وڵاتە کە چیتر ڕۆژاوا وەک ئومێدێکی ئابووری نابینێت. هەڵبەتە دووبارە سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان لە سەردەمی ترامپ، بووە هۆی بێبەهاکردنی پێگەی دیپلۆماسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکادا لای زۆرێک لە خەڵکی ئاساییی ئێران، تا ئەو ئاستەی بووە هۆی دابەشبوونی سامان لە بەرژەوەندیی بەرەی پارێزگارە ڕادیکاڵەکان. ئیدارەی ترامپ بە سەپاندنی سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"، لەوانەیە ویستبێتی دەست لە گەرووی ئابووریی ئێران بنێت، بە ئامانجی کورتکردنی دەستی نوخبەی سیاسی لەناو کایە ئابوورییەکانی ئێراندا، بەڵام لەبڕی ئەمە ستراتیژی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"، بووە هۆی بە‌هێزکردنی پێگەی ئابووری و سیاسیی ئەو لایەنانەی کە دژی ڕێکكەوتنن لەگەڵ ئەمریکادا.

ئازارە ئابوورییەکان)  Economic pain)

لە دوو ساڵی یەکەمی سەپاندنی سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"، هەتا پێش دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆڕۆناش، سەپاندنی سزاکانی سەر ئێران، بووە هۆی دابەزینی ئابووریی ئێران بە ڕێژەی ١٢٪؛ هەروەها دابەزینی داهاتی تاک بە ڕێژەی ١٤٪ ؛ هەناردەی نەوتیش بە ڕێژەی ٨٠٪ کەمی کرد. بە پشتبەستن بە ڕووپێوی داهات و خەرجی خێزانەکان کە لەلایەن ناوەندی سەرژمێریی ئێرانه‌وه‌ سەرپەرشتی دەکرێت، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ لە ئێران ١١٪ زیادی کردووە؛ ئاستی ژیان و گوزەرانیش لەسەر ئاستی نیشتمانی بە ڕێژەی ١٣٪ دابەزیوە. دراوی نیشتمانیی ئێران چارەکێکی بەهای خۆی لەدەست داوە، ئەمەیش وای کردووە کە بەهای کرێی کارکردن لە ٢٦٠$ بۆ ٧٠ دۆلار لە مانگێکدا دابەزێت. ئەمەیش ڕاستەوخۆ بووەتە هۆی زیادبوونی تێچوونی ژەمە خۆراکی ڕۆژانەی سەر خوانی خێزانەکان بۆ سێ ئەوەندە. بە دیوێکی تردا، واتا زیادبوونی ڕێژەی بێبەشبوونی خەڵک لە بڕی خۆراک بە ڕێژەی ٤٠٪. لەو ماوەیەدا خێزانە ئێرانییەکان کەمترین پارەیان لە خوێندن و فێرکردن و خۆشگوزه‌رانی [ڕەفاهیەت] خەرج کردووە بە ڕێژەی ٣٠٪ و ٣٢٪.

سیاسەتی "ئه‌وپه‌ڕی گوشار"ی تڕامپ لە ڕاستیدا پێکهاتە و بونیادی چینی ناوەڕاستی (Middle Class) ئێرانی گۆڕیوە؛ بە جۆرێک زۆرترین خەڵکی ئەو چینەی خستۆتە ژێر هێڵی هەژاری. ئەمەیش لە ڕاستیدا ئەو بیرۆکەیەی کە پێشتر زۆربەی ئێرانییەکان باوەڕیان پێ بوو، کە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژاوا دەبێتە چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشە ئابوورییەکانیان، شێواندووە و بێبەهای کردووە.

ڕاستە کە لێکەوتەی سزاکانی ترامپ دوو ئەوەندی سزاکانی ئۆباما وێرانکەرتر بوو لەسەر ئابووریی ئێران، بەڵام لەبەر ئەوەی سزاکانی تڕامپ نە پاڵنەرێکی ڕوون و نە ئامانجێکی ڕوونیان لەپشت بوو، نەبوونە هۆی دروستکردنی گوشارێکی سیاسی لە ناوەخۆدا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا. لە کاتی سزاکانی ئۆباما، کاندیدی سەرۆکایەتیی ئێران، حەسەن ڕۆحانی، برەوی بەو بیرۆکەیە دا کە "هۆکاری زۆربەی کێشە ئابووری کۆمەڵایەتییەکانی ئێران، پەیوەستن بە دابڕانی ئێران لە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی"؛ ڕۆحانی دەیگوت، کە هەر یەکە لە دیپلۆماسیەت و بەشداریکردن، دوو کلیلن بۆ سەرکەوتن بەسەر ئەو کێشانەدا. لەسەر ئەو بنەما و گوتارەی کە ئاماژەمان پێ دا، لە ساڵی ٢٠١٣ ڕۆحانی سەرکەوتنی بەدەست هێنا و بووە سەرۆکی ئیران. هەڵبەتە ئەو پاساوە ئێستا لەو دۆخەدا هیچ زەمینەیەکی ماقووڵی نییە کە خەڵک باوەڕی پێ بێنێت.

ڕاستییه‌كه‌ی، ڕۆحانی بە گرنگیی ڕێکكەوتن لەگەڵ ڕۆژاوادا، پێشبینیکردن و ئومێدی خەڵکی بەرز کردەوە؛ بەشێک لە بەڵینەکانی خۆیشی بەرامبەر بە دەنگدەرەکانی گەیاندە جێ. لە کاتی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی ٢٠١٥ تێکڕای گەشەی ئابووریی ئێران بە ڕێژەی ١٧٪ بەرز بووە، ئەمەیش بووە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی ٥,٣ ملیۆن کار، کە زۆربەیان کۆمپانیای بچووک بوون لە بواری خزمەتگوزاری لە شارە گەورەکان. بە جۆرێک کە ڕێژەی بێکاری لە شارە گەورەکان و تاران بە ڕێژەی ٢٠٪ دابەزی. بۆ نموونە بە پشتبەستن بە ڕووپێوی خێزانی ئێران دەتوانین لە ساڵی ٢٠١٧، لە ٤٥٪ خەڵکی ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە بە چینی مامناوەند هەژمار بکەین؛ واتا بە جۆرێک کە نە هەژارن و نە مەترسیی ئەوەیشیان هەیە ببن بە هەژار.

بەڵام ڕۆحانی ئەو زەمینە لەبارەی بۆ دابەشکردنی بەها باشەکانی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی بەیەکسانی بەسەر پێکهاتە جیاکانی کۆمەڵگه‌ لەدەست دا. لە شار و گوندە بچووکەکان بێکاری و هەژاری هەروەک ئاستی پێشووتر مایەوە. سەبارەت بە خێزانە هەژارەکانی ئەو ناوچانە (شارە بچووکەکان) هەڵگردنی سزاکانی سەر ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٨، نەبووە هۆی فەراهه‌مکردنی دەرفەتی کاری نوێ، یاخود کاریگەری لەسەر ژەمە خوانی خێزانەکان نەکرد. ڕێژەی بێکاریش لە ناوچە گوندنشینەکان هەروەک پێشووتر بە ڕێژەی سەرووتر لە ٤٠٪ مایەوە، هەروەک ساڵی ٢٠١٣؛ واتا بەبێ هاتنەدیی گۆڕانێکی ئەوتۆ لە دوای ڕێکكەوتنی ئەتۆمی. بەڵام سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لە ٢٠١٨، بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە ئێران بە شێوەیەکی فراوان، لە ٢٢ ملیۆن بۆ ٣٢ ملیۆن؛ قەبارەی چینی ناوەڕاستیش لە ئێران بە ڕێژەی ٤٥٪ تا ٣٠٪ بچووک بووەوە تا مانگی ئازاری ٢٠٢٠. هەڵبەتە پێشبینیی خراپتریش دەکرێت، بە جۆرێک کە ئاستی هەژاری بۆ ٤٥-٤٨٪ بەرز بێتەوە لە ساڵی ٢٠٢١.

دابەشکردنی نایەکسانی سوودەکانی ڕێکكەوتنی ئەتۆمی لە ٢٠١٥ شان بە شان لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەژاری لە دوای سەپاندنی سزا نوێیەکان، بووە هۆکاری دوورخستنەوەی چینەکانی خوارەوی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران لە هەر بیرۆکەیەک کە پێی وابێت: "دیپلۆماسی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژاوادا چارەسەری ئازارە ئابوورییەکانیان دەکات." ئەو کەمپینه‌ی کە لە ساڵی ٢٠١٣ ڕۆحانی توانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی پێ بباتەوە، ئەم جارەیان هیچ درفەتێکی وای نابێت بۆ گوێگرتن و باوەرپێکردن. چونکە بارودۆخی گوزەرانی زۆربەی ئێرانییەکان هەر لە سەرەتاوە باش نەبووە؛ دواتریش بە سەپاندنی سزا نوێیەکانی ترامپ بەسەر ئێران ئەوەنده‌ی تر خراپ بوو.

بە‌هێزبوونی سیاسی – Political Consolidation

هەڵبەتە ئیدارەی ترامپ سەرکەتوو بوو لە گۆڕینی پێکهاتەی چینایەتیی کۆمەڵگه‌ی ئێران، بەتایبەت لە زیادکرنی ئاستی سەختی گوزەران بە شێوەیەکی بەرفراوان لە وڵاتدا، بەڵام ئەم سیاسەتە هیچ ئامانجێکی نەپێکاوە کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بێت؛ بەڵکوو بەپێچەوانەوە سزا نوێیەکان بوونە هۆی خێراکردنی پرۆسەی بەسەربازیکردنی ئابووریی ئێران (militarization of Iran’s economy). ئێستا دەوڵەتی ئێران لە هەر کاتێک زیاتر بەدەست کورتهێنانێکی زۆری بوودجەی گشتییه‌وه‌ دەناڵێنی؛ لە لایەکی ترەوە کەڵەکەبوونی قەرز لەسەر بەڵێندەرەکان لە کەرتی گشتی، بووەتە هۆی مایەپووچبوونی زۆربەیان. ئەم بەڵیندەرە تایبەتییانە لە دە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٢٥٪ دەرفەتی کاریان دەڕەخساند. لە ٢٥ ساڵی ڕابردووەدا ئەم بەڵیندەرانە یەکێک بوون لە سەرچاوەکانی پاڵپشتیکردنی سیاسییە ڕیفۆرمیستەکانی ئێران. کەچی لە ئێستادا زۆربەی ئەو بەڵیندەرە تایبەتییانە مایەپووچ بوون؛ کەچی هەر یەکە لە کۆمپانیاکانی خاتەم ئەلئەنبیاء [خاتم الانبیا] بۆ بیناکاری و پەیمانگه‌ی جهادی نەسر کە هەردووکیان پاشکۆی بازرگانیی سوپای پاسدارانن، ئێستا هاتوونەتە ناو بازاڕ. لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە ١٤ کۆمپانیای تایبەتی بواری بیناکاری و ڕێگه‌وبان، ١٣ کۆمپانیایان مەیەپووچیی خۆیان ڕاگەیاندووە. کەچی کۆمپانیای خاتەم ئه‌لئەنبیای نزیک لە سوپای پاسداران، ژمارەی كۆمپانیا فەرعییەکانی نزیکە دوو ئەوەندە زیادی کردووە لە ساڵی ٢٠١٩.

لەو ماوەیەدا سوپای پاسداران ئەو دەرفەتەی قۆستۆتەوە کە ببێتە بەدیلێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێجێگرەوە. لە کاتی تێپەڕینی ئێران بە دۆخێکی سەختدا، که‌مپە خۆبەخشییەکانی قوتابیان کە سەر بە سوپای پاسداران بوون، دەستیان کرد بە فراوانکردنی چالاکی و بنکە کۆمەڵایەتییەکانی خۆیان، لە ڕێگه‌ی دابینکردنی هاوکاری و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی لە ناوچە هەژارنشینەکاندا. سوپای پاسداران ده‌ستیان كرد بە داپلۆسینی چالاکوانە سەربەخۆکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی وەکوو کۆمەڵەی فریاکەوتنی قوتابییە میللییەکانی ئیمام عەلی، کە خۆراکیان بەسەر میلیۆنان خێزانی هەژاردا دابه‌ش كردبوو. سوپای پاسداران ئەم هەوڵەیان بۆ لێدان لە حکوومەتەکەی ڕۆحانی قۆستەوە و، دەیانگوت ڕۆحانی لەبری ئەوەی چارەسەری کێشەی هەژاری بکات لە ئێران، خەریکی کات بەفیڕۆدان بوو بە دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژاوا لەبارەی چەکی ئەتۆمی.

نوخبەی سیاسیی ئێران، بەتایبەت ڕیفۆرمیستەکان ئێستا لە بەردەم وەڵامدانەوی کۆمەڵێک پرسیاری زۆر ئەستەمن لە لایەن جەماوەره‌وه‌. جەماوەری ئێران خەریکە دەگەنە ئەو باوەڕەی کە سزاکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا قەت کۆتایییان نایه‌ت و هەمیشە وەک ڕەگەزێک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەمێننەوە. ئایا پاڵپشتیکارانی هەمەهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەتوانن گەرەنتیی ئەوە بدەن کە ئەگەر مەترسیی ئەمریکییەکان لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران چارەسەر بوو، دیسان ئەمریکییەکان پرسێکی تری نوێ بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان نەدۆزنەوە؟ وڵاتێک کە بەردەوام لەژێر هەڕەشەی سزاکانی ئەمریکا بێت، ئەستەمە بتوانێت ببێتە هۆی سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. ئایا لۆژیکییە کە ئێرانییەکان داواکاری بۆ هەمەهانگی لەگەڵ ڕۆژاوادا بکەن- بەتایبەت بە پشتبەستن بەو پێشبینییەی سندووقی نەختینەی نێودەوڵەتی کە پێشبینی دەکات گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠٢١ بگەڕێتەوە بۆ ٣،٢٪، (واتا زیاد بکات)، هەتا ئەگەر سزا ئابورییەکانیش هەڵنەگیرێن؟

لەم سۆنگەیەوە ئێرانییە ڕادیکاڵەکان نەک تەنیا پێگەی ئابووریی خۆیان بەهێز کردووە، بەڵکوو سەکەوتووش بوون لە گومان دروستکردن لەسەر ئەو بەرەیەی ڕیفۆرمیستەکان کە پشتگیرییان لە هەماهەنگیی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژاوا دەکرد، وەک میکانیزمێک بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی ئاسایی. ڕادیکاڵەکان هەمیشە لە ڕێگه‌ی کەناڵی ڕاگەیاندنەکانیان برەو بەو بیرۆکەیە دەدەن کە بەرهەڵستی و مقاوەمەت(resistance)  نەک هەماهەنگی، دەرفەتی باشتر بۆ ڕێکكەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمریکا دەڕەخسێنێت: ڕێکكەوتنێک کە دواجار ئەمریکا ناچار دەکات دان بە مافەکانی ئێران بنێت وەک هێزێکی دەرکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەوانەی لە ئەمریکا دژی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی سەر ئێرانن بۆ مەبه‌ستی ملکەچپێکردنی ئێران، لە ڕاستیدا ئەمانە بەبێ مەبەست ئەو گوتارەی ڕادیکاڵەکان پشتڕاست دەکەنەوە کە سیاسەتی ترامپ بنەما سەرەکییەکەی سیاسەتی ئەمریکایە بەرامبەر ئێران نەک ئاوارتە؛ بەم پێیە، "سزاکانی سەر ئێران وەک بەشێک لە سیاسەتی نەگۆڕی ئەمریکا بەرامبەر ئێران دەمێننەوە، بەبێ گوێدان بەوەی کێ سەرۆکی ئەمریکایە، یان ئێران تا چەند لەگەڵ ڕۆژاوادا هاوکار دەبێت. بۆ ڕێگرتن لە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران و کاریگەرییە هەرێمییەکانی، ئەمریکا هه‌وڵی خۆی بۆ بنیاتنانی هەژموونی ئابووری و زیاتریش، هەروەها سزای ئابووریی زیاتریش"، ده‌خاته‌ گه‌ڕ. بەرەی دژایەتیی هەماهەنگی لەگەڵ ڕۆژاوا ئەو تێگەیشتنە زەق دەکەنەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندی بەڵینەکانی نابێت، بەڵکوو یارییەکی بێکۆتایی دەکات. لە ڕاستیدا لە ٢٠١٥وە دۆخەکە بۆ هەر دوولا گۆڕاوە. سیاسەتە دژبەخۆکانی self-defeating ترامپ لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران، دۆخێکیان هێناوەته‌ ئاراوه‌ وەک ئەوەی کە ڕێکكەوتن لەگەڵ ڕۆژاوا کەمترین گرنگیی هەبێت؛ تێچووەکەیشی زۆر بکەوێت لەسەر ئێران.

 

 

* هادی کەهەلزادە توێژەری دکتۆرایە لە ناوەندی کراون بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها کاندیدی دکتۆراشە لە سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە هێلەر سکوڵ لە زانکۆی بڕاندیس. کەهه‌لزادە لە ساڵی ٢٠٠٢ تاوەکوو ٢٠١١ وەک ئابووریناسێک لە ڕێکخراوی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی ئێران کاری کردووە.

 

 

سەرچاوە:

Hadi Kahalzadeh, (March 11, 2021) “Maximum Pressure” Hardened Iran Against Compromise. Foreign Affairs.

https://www.foreignaffairs.com