"لە جەنگەڵ خراپتر": قۆرخکار (کارتێل)ەکانی گەندەڵی لە سنوورەکانی عێراق

لەلایەن مایا ژێبیلی بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس ئامادە کراوە، ٢٩/٣/٢٠٢١

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: پێنووس   

ئەوە ئەو ئۆکتاپووس (هەشتپێ)یەیە کە ڕنووکەکانی (نينۆکە تیژەکانی) بە درێژاییی هەزاران کیلۆمەتر سنوورەکانی کۆنترۆڵ کردووە. گشت دەروازە و ڕێڕەوە خاکییەکانی عێراق لە ژێردەستی قۆرخکارانی حزبە سیاسی و گرووپە چەکدارەکانن کە مافە گومرگییەکان و کەرەستە هاوردەکراوەکان، بە پارەیەکی خەیاڵی، بۆ خۆیان هەڵدەلووشن. هەروەک چۆن بەرپرسێکی گومرگەکان باسی لێوە دەکات: "ئەمانە خراپترن لە جەنگەڵ، چونکە لە جەنگەڵەکاندا، کاتێک ئاژەڵەکان تێر دەخۆن، واز لە خواردن دێنن. ئەو خەڵکانە قەت تێر نابن."

لە ماوەی شەش مانگی کارکردنی ئاژانسی فڕانس پرێس، گشت ئەو فەرمانبەر و بەرپرس و بازرگانانەی کە پرسیاریان لێ کراوە، تەنیا بە شێوەی شاراوە، بێ ئەوەی ناویان بهێنرێت وەڵام دەدەنەوە، چونکە بەم کارەیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت. لەو ٢١ وڵاتەی کە گەندەڵترینن لە جیهاندا بەپێی ڕێکخراوی ناحکوومیی نێودەوڵەتیی Transparency، دوو هۆکاری سەرەکی یارمەتیدەری ئەو دیاردەیەن: بيرۆکراسییەکی سڕ و، پەتای گەندەڵی؛ دوای داگيرکردنی ئەمریکییەکان و ڕووخاندنی سەددام حوسێن لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە، ئەم دوو هۆکارە زۆر په‌ره‌یان سه‌ند.

لە ئابوورییەکی نەوتی و لە کاتی نەبوونی پیشەسازی و کشتوکاڵ، گومرگەکان دەگمەنترین سەرچاوەی دەوڵەمەندکردنن کە ئەوانە مۆنۆپۆڵیان کردووە. لەو ناوەندەدا، حکوومەتی ناوەندیی عێراقیش پڕاوپڕ سەرقاڵە بە کێشەی ئه‌کتەرە سیاسییەکان و چەکدارانی تره‌وه‌. وەزیری دارایی، عەلی ئەلعەلاوی، لە بەردەم ئاژانسی فڕانس پرێس دانی پێدا نا کە "دەرەنجامی ڕێکكەوتنی شاراوەی نێوان بەرپرسەکان، حزبە سیاسییەکان، مافیاکان و بازرگانە گەندەڵبووەکان، دەبێته‌ بەتاڵانبردنی داهاتە گشتییەکان." ڕێناد مەنسوور، توێژەر لە Chatham House ئەم بابەتەی دەوڵەمەند کردووە، کاتێك باس لەو ئه‌کتەرانە دەکات کە لە ڕێڕەوە دەستێوەردراوەکانی دەوڵەت کار دەکەن. بۆیە زەحمەتە سەرچاوەکەی بدۆزرێتەوە.

  • ڕاستەوخۆ لای چەکدارەکان:

لە ساڵی ٢٠١٩ بەپێی داتا فەرمییە بەردەستەکان، جگە لە بەرهەمە هايدرۆکاربۆنەکان، عێراق بایی ٢١ ملیار یۆرۆ بەرهەمی هاوەردە کردووە و زیاترین بەرهەمی لە ئێران، تورکیا و چین هاوردە کردووە. بەزۆری ئەو کاڵایانە بە پێنج دەروازەی فەرمیدا لەگەڵ ئێران تێپه‌ڕ دەبن کە ١٦٠٠ کيلۆمەتر سنووری لە عێراق هەیە؛ عێراق لەگەڵ تورکیا کە بە درێژاییی سنوورەکەی ٣٧٠ کيلۆمەترە، تەنیا یەك دەروازەی هەیە، هەروەها تەنیا کەنارێك لە ئوم قەسر کە لە بەشی هەرە باشووری عێراقدا هەیە. لەو دەروازانە بانکی جیهانی بەفەرمی ڕای گەیاندووە کە، ماوەی مانەوەکان دوورودرێژن و باجەکان زۆر بەرزن و زیادەڕەویی تێدایە.

هاوردەکارێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند کە هەرچەندە هەموو ڕێوشوێنەکان ئەنجام بدەیت، بە مانگ دەبێت چاوەڕێ بکەین تاوەکوو تێچووی ڕاگرتنی بارهەڵگرەکان "سێ سفر"یان بۆ زیاد دەکرێت. بەرپرسێکی ئەمنی بۆیانی باس کردووە: بۆ ئەوەی خۆیان لەو ڕێوشوێنانە دەرباز بکەن، هاوردەکارەکان ڕاستەوخۆ چاویان بە چەکداران و حزبە سیاسییەکان دەکەوێت. هاوردەکارەکان بە خۆیان دەڵێن کە (١٠٠٠٠٠) دۆلار وەکوو بەرتیڵ زیان بکەین، باشترە لەوەی گشت بارەکە لەدەست بدەین.

دوای چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژ لەگەڵ ئه‌کتەره‌ جیاوازەکان، ئاژانسی فڕانس پرێس بۆی دەرکەوت کە بە شێوەیەکی سەرەکی گرووپەکانی حەشدی شەعبی - بریتین لە هاوپەیمانییه‌كی نیمچەچەکدار و نزیک له‌ ئێران - کە دەروازە خاکییەکان و کەناری ئوم قەسریان بەدەستە. بەپێی هەندێك سەرچاوە، ئەم کەنارە بە گەندەڵترین شوێن لە عێراق  ناسراوە.

بە ڕای گشت ئەو ئەکتەرە عێراقییانەی كه‌ ئاژانسی فڕانس پرێس دیداری له‌گه‌ڵ كردوون، نموونە بۆ ئەوە دەهێننەوە کە ڕێکخراوی بەدر- یەکەیەکی بەهێزی چەکدارن و لەلایەن ئۆپۆزیسيۆنەکانی پێشووی سەددام حوسێن دروست کراون – دەستی بە سەر "مەندەڵی"دا گرتووە؛ ئەمەیش خاڵێکی سنوورییە لەگەڵ ئێران؛ ئەو وڵاتەی کە تێیدا پەناگير بوون. هەروەها، دەروازەکانی تر لەگەڵ ئێران لەلایەن یەکەکانی تری حەشده‌وه‌ دەستی بەسەرداگيراوە وەکوو: عەسائیبی ئەهلی حەق و هێزە چەکدارەکانی حزبوڵڵا.

  • جگەرە یان دەستەسڕ؟

هەروەک چەند بەرپرسێک پشتڕاستی دەکەنەوە، لە گشت خاڵە سنوورییەکان، حزبەکان و یەکە سەربازییەکان، فەرمانبەری گومرگەکان، پشکنەرەکان و پۆلیسەکان دادەمەزرێنن. ئەمانە ئاسانکاری بۆ تێپەڕینی بارەکان دەکەن کاتێك هاوردەکارەکە پێشتر پارەی خۆی دابێت یان ناهێڵن ئەوانە تێ پەڕن کە پارەیان نەداوە. بە شێوەیەکی فەرمی حەشد ئەم بابەتە ڕەت دەکاتەوە، بەڵام کاتێك سەرچاوە نزیکەکانی عەسائیب و هێزەکانی حزبوڵڵا باسیان بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس دەکرد، هەمان دابەشکردنی دەروازە و خاڵە سنوورییه‌كانیان دووپات دەکردەوە.

بەپێی سەرچاوەیەکی ئەمنی، بۆ نموونە بۆ هێنانی جگەرە، پێویستە بە ئۆفیسی هێزەکانی حزبوڵڵا لە جادریە – گەڕەکێکە لە بەغدا-  تێ پەڕن و پێیان بڵێن کە ئێمە دەمانەوێت هەماهەنگی بکەین. کەسی هەرە گرنگ لەم سیستەمە چالاکەدا "موخەلیس"ە – بریتییە لەو بەرپرسە سوێنددراوەی کە لە گومرگەکان پێویستە کۆنترۆڵی گشت بارەکان بکات -. هیچ موخەلیسێک نییە پەیوەندیی بە حزبێك یان گرووپێکی چەکدارییەوە نەبێت. کاتێك ئەم بەرپرسانە گيرفانیان پڕ کرا، دوو بەڵگەنامە دروست دەکەن بۆ گۆڕينی سروشت، ژمارە یان نرخی بەرهەمەکان و بەو شێوەیە باجەکان کەم دەکەنەوە.

ئەو هاوردەکارانەی کە لەلایەن ئاژانسی فڕانس پرێس پرسیاریان لێ کرا، ڕایان گەندووە کە جارجار دەتوانن ٦٠٪ پارەکان کەمتر بدەن. بۆ نموونە جگەرە قازانجێکی زۆری تێدایە چونکە بە ڕێژەی (٣٠٪) تاوەکوو (١٠٠٪) باج لە بەهای بەرهەمەکە وەردەگيرێت؛ بە شێوەیەکی فەرمی ئەم باجوەرگرتنە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیییە. زۆربەی جار، بارە گەورەکانی جگەرە لێی دەنووسن کە "دەستەسڕن" یان "پلاستیکن"، بۆ ئەوەی ٥٠٠٠٠ دۆلار بدەن لە جیاتی ئه‌وه‌ی ٦٥٠٠٠ باج بده‌ن.

  • شتێکی ئاسایی نییە

موخەلیسەکان دەتوانن بەهای بارەکان لەسەر بڕوانامەی هاوردەکردنەکان بگۆڕن.

بەرپرسێک لە ئوم قەسر بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند کە بارێک لە شیشی کانزا تێ پەڕیبوو؛ بەهای بە شێوەیەك کەم کرابووه‌ کە باجی پێویست یەک مليۆن دۆلار بوو، کەچی کرابوو بە ٢٠٠٠٠٠ دۆلار. یەكێک لە هاوردەکاران دەڵێت بەڕاستی شتێکی ئاسایی نییە ئەو هەموو دەسەڵاتە دەدرێتە فەرمانبەری گومرگەکان. بەرپرسێکی گومرگەکان بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند کە گوشاره‌کان هێندە زۆرن کە هەرچەندە گەندەڵیش نەبین، بەڵام چاو دەپۆشین و بەبێ پشکنین ئەو بارانە تێپەڕ دەبن، ئەویش لەژێر هەژموونی حزبە هەرە بەهێزەکاندا.

جاری وایه‌ باره‌كه‌ هه‌ر نییە، کەچی بەڵگەنامەی درۆ پێشکەش بە بانکی ناوەندی دەکرێت کە ئەویش ڕێگه‌ دەدات، بە دۆلار پارە بدرێته‌ کۆمپانیا خەیاڵییه‌كانی دەرەوەی عێراق. ئەمەیش سەرچاوەیەکی گرنگی سپیکردنەوەی پارەیە، هەروەک چۆن فەرمانبەرەکانی گومرگ و بەرپرسێک لە یەكێك لە بانکەکان عێراق ڕای گەیاند.

بەرتیڵ بۆ خزمەتی هێنانی شتومەکی قاچاغی بەکار دێت. هاوردەکارێك دانی پێدا نا کە ٣٠٠٠٠ دۆلاری داوە بە گومرگی ئوم قەسر بۆ هێنانەژووەرەوەی کەرەستەی کارەباییی بەکارهاتوو، لە کاتێکدا هاوردەکردنی بەرهەمی دەستی دوو قەدەغەیە. هەروەها ئەم هاوردەکارە دەڵێت کە  بەردەوام پارەی دەدا بە ئەفسەرێکی پۆلیس لە کەنارەکە، بۆ ئەوەی لە پشکنینی کتوپڕ ئاگاداری بکاتەوە. هەر ئەو ئەفسەرەی، بە پارە به‌کار دەهێنا بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ڕكابەرەکانی بکات.

  • بەڕاستی مافیاگەرایییە

وەزیر عەلی ئەلعەلاوی بەڕاشكاوی ڕای گەیاند کە ئەم جۆرە بەرتیڵانە زۆر بەگرانی لەسەرمان دەکەون. وەزیر خۆی ڕای گەیاند کە خاڵە لاوەکییەکانی دەروازە سنوورییەکان مامەڵەی بە ٥٠٠٠٠ یان ١٠٠٠٠٠ یان زیاتریان پێوە دەکرێت. بۆ ئەوەی بگەن بە ئامانجەکانی خۆیان، هەڵبژێردراوەکان و چەکدارەکان دوو ئامرازەیان لەبەر دەستە: کاریگەریی سیاسی و توندوتيژی. هەروەکوو چۆن فەرمانبەرێکی گومرگی مەندەڵی دەگێڕێتەوە کە دەبووایە هەموو ڕێوشوێنەکانی سەبارەت بە بارێک كه‌ لە ئێرانەوە هاتبوو هەڵبوشێنێتەوە، کاتێك موخەلیسێك پێی گوتووە کە سەر بە حەشدە و دەبێت ملکەچی بێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند کە ئەو کەسانەی زانیارییەکانیش دەگوازنەوە، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو گرووپانە. یەكێک لەو کارمەندانە کەوتە ناو ئەو گێژاوەوە کاتێك لە دەروازەی زەرباتییە چەندین جار ڕێگریی کارگێڕیی دەکرد لە شتومەکێك کە لە ئێرانەوە دەهات. ئەو دەروازەیە لەلایەن عەسائیبی ئەهلی هەق دەستی بە سەردا گيراوە. دواتر، بۆ ئەو سەرچاوە ئەمنییە دەرکەوت کە کارمەندەکە ببوو بە ئەندام لە عەسائیب.

فەرمانبەرێکی گومرگ جەختی دەکردەوە لەوەی کە ناتوانین هیچ بڵێین؛ دەمانکوژن؛ هەمووان لێیان دەترسن؛ بەڕاستی مافیاگەرایییە. وەکوو توێژەر ڕێناد مەنسوور باسی لێوە دەکات، ئەم کارانە پرسێکی گرنگن بۆ بەخێوکردنی گرووپە چەکدارییەکان چونکە ئێستا ناتوانن وەکوو کاتی جەنگی دژە جیهادییەکان (جارجار فەرەنسییەکان جیهادی بەکاردێنن لە جیاتیی تيرۆریست) بە ئارەزووی خۆیان پارە لە بوودجەی بەرگری دەربکەن. لەبەر ئەوەی زۆربەیان نزیکە ئێرانن، ئەوانیش تووشی سزا ئەمریکییەکان بوونە؛ بە هەمان شێوەی دراوسێ مەزنەکەیان.

At the Mandali border post, between Iraq and Iran, July 11, 2020

  • وشکردنی وڵات

لە مانگی ئادار، واشنتۆن، "ئەلخەمائل بۆ خزمەتگوزاریی دەریاوانی"ی خستە لیستی ڕەشەوە. ئەم کۆمپانیایە بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەریاوانی لە ئوم قەسر کار دەکات. واشنتۆن ئەم کۆمپانیایە بەوە تۆمەتبار دەکات کە هاوکاریی سوپای پاسداران دەکات کە سوپایەکی ئایديۆلۆژیی ئێرانییە و، بە ڕێگه‌ی نيمچەسوپاکانی شيعەوە خۆیان لە ڕێوشوێنەکانی پشکنین دەرباز دەکەن.

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو کەسی عێراقی و دوو ئێرانیی سزا داوە کە پەیوەندییان بەو کۆمپانیایەوە هه‌بووه‌ کە مامەڵەکار و هاوکار بووه‌ لەگەڵ هێزەکان حزبوڵڵای عێراق و لوبنان. توێژەر ڕێناد مەنسوور دووپاتی دەکاتەوە کە بۆ وشکردنی سەرچاوەکانی داهاتی عێراق، ئەم گرووپە کێبرکێکارانە توند دەستی یەكتری دەگرن، چونکە دەزانن ئەگەر یەکێکیان کەوت ئەوانی تریش بەدوایدا دەکەون.

ئەم توێژەرە باس لەوە دەکات کە هەر خاڵێکی سنووری بۆ ١٢٠٠٠٠ دۆلار لە ڕۆژێکدا بەسەر کۆمەڵێك گرووپدا دابەش کراوە، کە هەندێکیان دوژمنی یەکن؛ هەندێك لە یەك دەکوژن. هەروەکو دوو ئەندامی عەسائیب لە مانگی شوبات لەبەر "هۆکاری بازرگانی" کوژران. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ڕێسای شاراوەی قۆرخکارەکان، ڕێگرن لە توندوتیژی بەرامبەر یەکتر. وەزیر ئەلعەلاوی بەداخەوە ڕای دەگەیەنێت، لە کۆتاییدا دەوڵەت باجی ئەو ڕێسایە دەدات: عێراق تەنیا ١٠ بۆ ١٢٪ی داهاتە سنوورییەکانی دەست دەکەویت، کە پێویستە بگات بە حەوت مليار دۆلار لە ساڵێكدا.

جگە لە ئه‌کتەرە عێراقییەکان، ڕێکخراوی Transparency، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠یدا ڕای گەیاند کە هاوبەشە سەرەکییە بازرگانەکانی عێراق- تورکیا و ئێران و چین- کەمترین کۆنترۆڵیان بەسەر گەندەڵیی هەناردەکەرەکانیانه‌وه‌ هەیە. لە کۆتاییی ڕێزبەندیی کارەکاندا، دوور لە مامەڵە نێودەوڵەتییەکان، بڵاوبوونەوەی بەرتیڵوەرگرتن ڕاستییەکە. بەرپرسێکی حکوومەت بۆ ئاژانسی فڕانس پرێس پشتڕاستی دەکاتەوە، بەهۆی بوونی گەندەڵی، بەرکارهێنەری عێراقی پارەیەکی زۆر دەدات. لەبەر نەبوونی داهات، قوتابخانە و نەخۆشخانە و ژێرخانەکانی، قەت دروست نەبوون.

  • دووقات پارە دەدەین

له‌ سەرەتای کارکردنی خۆی، سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی، لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠٠٥، باجە گومرگییەکانی کرد بە گۆڕەپانی کارکردنی خۆی لە پێناوی پڕکردنەوەی هەژمارەکانی حکوومەت، لە کاتێکدا کە نرخی نەوت دابەزیبوو. لە ئوم قەسر یان مەندەڵی، ئەو کەسەی کە پێشتر سەرۆکی دامەزراوەی هەواڵگریی وڵات بوو ڕای گەیاند، کە بۆ ڕێگەگرتن لەو تۆڕە گەندەڵانە هێزی نوێ بەکار دەهێنێت. لەو کاتەوە، هەموو ڕۆژێك، دەسەڵاتدارانی سنوور، گرتنی چەندین بار ڕادەگەیەنن کە باجیان نەداوە. ئەو دەسەڵاتدارانه‌ جەخت لەوە دەکەنەوە کە ٨١٨ مليۆن دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٠ وەرگیراوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٩، تواندراوە ٧٦٨ مليۆن دۆلار وەربگيرێت؛ کەواتە لەم کەرتەدا بەرزبوونەوەی داهاتەکان زۆر لاوازه‌.

بۆ هاوردەکاران، بۆ ناوەندگيرەکان و بۆ بەرپرسه‌ حکوومییه‌كان، ئەم ڕێوشوێنانە تەنیا خۆڵكردنەچاوە و هیچی تر. بەڵکوو دۆخەکە خراپتر بووە؛ ئێستا خەرجییەکان زیاتر بوونە، چونکە پێویستە باج بدەن و پارەی ناوەندگيرەکانیش دەدەن. بەم شێوەیە خۆیان لە ڕێوشوێنەکانی دژەگەندەڵی دەشارنەوە. هەر چەندە بەڵگەنامەکان یاسایین، بەڵام لامپەرەکان بەردەوامن. بارزگانێكی عەرەب کە دە ساڵە کاری هاوردە دەکات، دەڵێت ڕاستییەکەی دووقات باج دەدەین. تەنیا بۆ ئەوانە هیچ نەگۆڕاوە کە پەیوەندییەکی باشیان هەیە.

دوای ڕاگەیاندنەکەی کازمی، هاوردەکارێك خۆی باس لە هێنانی کەرەستەی بيناسازی دەکات بێ ئەوەی باج بدات. هەر ئەم هاوردەکارە دەڵێت: "دەتوانین چەک بهێنین. هەرچییەکمان بوێت لە مەندەڵی، بەبێ مۆڵەت و بەبێ پێدانی گومرگ، دەیهێنین." هەروەکوو سەربازێک لە مەندەڵی باسی دەکات، هێزە نوێیەکان کە لەوێ دانراون هیچ دەسەڵاتیکیان نییە. لە هەمان شوێن بەرپرسێکی سنوور ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە نوێیەکان قەت ناگەن یان بە ژمارەیەکی کەم دێن.

  • ميوەی بۆگەن

ئەو کەسە نوێیانەی هاتوونەتە مەیدان، لە گرێیەکانی کێشەکان، کە موخەلیسەکانن، تێ ناگەن. بەرپرسێک ڕای گەیاند کە موخەلیسەکان هێشتا کاری خۆیان دەکەن؛ چەندی ئەو ميوە بۆگەنانە لەوێ بن، ئەوانی تر گەندەڵ دەکەن. ڕاستییه‌كه‌ی، گەندەڵییەکان شوێنیان گۆڕیوە؛ لە ئۆفيسەکانەوە بەرەو دەرگه‌ داخراوەکان و تەلەفۆنەکان و بەرنامە ئەلکترۆنییە پارێزراوەکان چوون. هاوردەکارێك ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ دەکات كه‌، لە مەندەڵی هەموو شتێك ئامادەکاریی بۆ کراوە و چارەسەری هەیە. بە ڕای کارمەندێکی هەواڵگری، ئەو ڕێوشوێنانەی حکوومەت بابەتەکان ئاڵۆزتر دەکەن چونکە ئێستا ئەو گرووپانە زیاتر ئاگایان لە خۆیانە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاند کە، لە فڕۆكەخانەی بەغدا هێزەکانی حزبوڵڵا - کە لەلایەن واشينتۆنەوە تۆمەتبار کراون بە مووشەكبارانی باڵيۆزخانەکانەیان– بە شێوەیەکی فەرمی شوێنەکانی خۆیان جێ هێشتووە. بەڵام پیاوەکانیان دەتوانن هەمیشە بە فڕۆکەوە بێن و بڕۆن و هەرچییەکیان بۆێت دەیکەن، لەو زۆنانەی کە لە دەرەوەی باجن.

لە کۆتاییدا، ناوەندگيرەکان، بۆ تێپەڕاندنی شتومەکە هاوردەکراوەکانیان لە گشت سنوورەکان، دەتوانن خۆیان لە دەروازە فەرمییەکان دەرباز بکەن. هەروەها هەوڵی خۆیان لە هەرێمی کوردستانەوە دەدەن؛ ئەو هەرێمەی ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە یاسا گومرگییەکان و ڕادەستکردنەوەیان چارەسەر نەبووە. سەرچاوەیەکی هەواڵگری باس لە چەندین مليۆن دۆلار دەکات و دەڵێت، تەنیا خاڵێکی دەروازەی ئوم قەسر، بوودجەی وڵاتێك دەستەبەر دەکات. بۆیە ئه‌ستەمە قۆرخکارەکانی گەندەڵی، وا بەئاسانی سازش بکەن.

سەرچاوە:

https://www.lexpress.frhttps://www.lexpress.fr/actualites/1/monde/pire-qu-une-jungle-le-cartel-de-la-corruption-aux-fronatieres-de-l-irak_2147760.html