ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

"یەکڕیزی، سەقامگیری و دەستوور"*

جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق

 

 میوانانی بەڕێز، ئامادەبووانی خۆشەویست!

دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەست پێ بکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم. من ئەمڕۆ دەمەوێت گەر ڕێگەم بدەن زۆر بەڕاشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددیکردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕاستگۆیانە و بنیاتنەرانە لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم هەوڵ بدەین. 

بە واتایەکی دیکە، ڕەنگە هەندێکتان ئەم ڕایانەی منتان لەڕاددەبەدەر بەڕاشکاو بزانن بەڵام وەک کورد دەڵێت "دۆست ئەو کەسەیە بتگریەنێت." دەبا ڕووبەڕووی ببینەوە. لە هەندێک لە گفتوگۆکانم لە هەرێمی کوردستاندا دیدە دەربڕاوەکان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دلێرانەن. لە هەمان کاتیشدا، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە من پێی سەرسامم. هەروەها نابێت ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەنیا بۆ مەبەستی کۆبوونەوە بێت و بەس، بەڵکوو پێویستە لە پێناو باسکردنی کرۆکی بابەتەکان بێت بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر.

 ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست!

 خەباتی نەپساوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی یەکێک، پێویستە بۆ هەر کەسێک. بە سەیرکردنی مێژوو و جوگرافیای ئەم ناوچەیەیش، بە ڕای من باشترە بڵێین کە ئەم دۆخە، بەتایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ڕاستە. سەیرکردنی ڕابردوو بەسە لەم ڕووەوە و، هەروەها ئێستا و ئاییندەیش پڕە لە نادڵنیایی و مەترسی. ئەوەی کە ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمييه‌ى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستووە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانە، ماف و ئازادیيەکان هەروا بەئاسانی بەدی نەهاتوون. نەخێر، هەرگیز. ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مه‌زانن ئەم جۆرە ئۆتۆنۆمييه‌ هەر بەمسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە.

ڕاستییه‌كه‌ی، من هەروەک لە هەفتەی ڕابردوودا بە ئەنجومەنی ئاسایشیشم گوت کە، هێزی سیستەمی فیدراڵی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە نێوان پێکهاتەکاندا هەیە کە ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزیی نێوان کۆمەڵگەکانەوە وەردەگرن. سەبارەت بە عێراقيش، وڵاتەکە بەقەد ئەو پەیوەندییەی کە پێکهاتە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێ دەدا بەهێزە. بەزۆریش ئەم خەڵکە جیاوازانە پێویستیان بە ئاشتەواییی نێوان کۆمەڵگه‌کان هەیە.

ئێستا هەرێمی کوردستان بەدڵنیایییەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەرفراوان، پڕە لە جیاوازی و فرەئایینی و فرەزمانی؛ ئەمەیش بەڕوونی لە سەردانەکەی ئەم دوایییەی پاپا فرانسیسدا ڕەنگی دایەوە. یەکێک بۆى هه‌يه‌ بڵێت بەهێزی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی ئەم جیاوازییانەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکێک هەتتا دەتوانێت بڵێت "یەکییەتیی دژەکان" یەکێک بوو لەو هۆکارە بناغەیییانه‌ی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بەدڵنیاییشەوە هەر ئەم بنەمایەیشە کە دەتوانێت ئاییندەی مسۆگەر بکات.

بەڵێ وەک زۆربەی وڵاتان، لە عێراق و هەرێمی کوردستانيشدا ناکۆکیی سیاسی هەیە و زۆربەی دیموکراسییە بەهێزەکانی ئەمڕۆیش، دوێنێ بە هەمان دۆخی جه‌نگ و خوێنڕشتن و نەهامەتیدا تێ پەڕیون. هیچ پێویست بە گوتن ناکات کە کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونییەتی کە بتوانێت بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بەپێچەوانەیشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی. بێ گومان، هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتە مایەی بەهێزبوونی عێراقی فیدڕاڵیش؛ نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بگرە جیهانیش. هەروەها گومانیش لەوەدا نییە کە بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەوەیش.

 ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست!

من وەک سیاسەتمەدارێکی پێشووى ئەوروپى، دەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە پێتان بڵێم کە فه‌راهه‌مكردنی دیموکراسی، بەتایبەتیش ئەوەی کە ئاستی زۆر جیاوازی فەرمانڕەواییی هەیە، کارێکی سەختە. ئەمە زۆر ڕاستە کە دیموکراسیی درێژخایەن لە کۆمەڵگەکاندا لە چاوترووکانێکى موعجیزەئاسا بەدی نایەت بەڵکوو سازشکردن پێویستی بە ئارامگرتنی لەڕاددەبەدەر و بڕیاری شێلگیرانە هەیە. بێئارامی ئاسایییە و من بەتەواوی ئاگادارم لێی. ڕەنگە هەتتا بۆ پاڵنانی شتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی زیاتر ویستراویش بێت. بەڵام بە شێوەیەکی مسۆگەریيانە، پێویستە پرۆسەی دیموکراتی کاتی بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات. ئەمە ڕەنگە ڕوو بدات. پێویستە کارلێکی تەندروستانەی ئۆپۆزیسیۆن و حکوومەت و پێکهاتەی حزبە سیاسییەکان لەسەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نیشتمانی ڕێگەپێدراو بێت.

لە نێوه‌ندی هەموو ئەمانەدا، دوا ئامانجی سەرکردایەتی، پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیيەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت کە نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن، به‌ڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدا داده‌مه‌زرێن ئەوە ناتوانن بە دوورمەودایی بمێننەوە. هەروەک گوتم یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت بەڵام هێشتایش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت. ئەم "کاری ئیدامەدان"ە بۆ خۆگەیاندن و هانابردنی بەردەوام بۆ ناو خەڵکی سادە و گفتوگۆ و کاری تۆکمە دەگه‌ڕێتەوە، کە ئەمەیش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەکان و کۆمەڵگەکان لە هەموو کاتێک گوێیان لێ گیراوە. کاتێک کە یەکڕیزی تووشی هەڕەشەی لێکترازان دەبێت، ئەوە ئەرکی سەرکردایەتییە کە ڕێنمایی بدات و بەرژەوەندییە دژەکان یەک بخات. لە هەمان کاتدا، ئەرکی هەر هاووڵاتییەکە کە دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان دید و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا پێویستی بە سازش و نه‌رمینواندنه‌ وەک هەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕا.

سیاسەت بە "هونەری ئەنجامدانی ئەوەی دەکرێت، بكرێت" پێناسە کراوە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، نه‌رمینواندن ڕێگەیەکە بۆ بڕینی جیاوازییەکان. من ئەوەیش ڕەت ناکەمەوە کە نه‌رمینواندن ڕەنگە لەپڕ ببێتە هۆی بێهیوایی. بەڵام هەرچۆنێک بێت نه‌رمینواندن بۆ یەکتر دەبێتە مايەی کردنەوەی دەرگه‌ی سەرکەوتنی درێژخایەن. بەو پێیەی کە هەموو سیاسەتێک دواجار هەر ناوخۆیییە، بۆیە زۆر پێویستە کە گیانی یەکڕیزی و هاوبەشکاری بەکردەنی لەسەر ئەم ئاستە پیادە بکرێت. سیستەمی هاوسەنگ ئەو سیستەمەیە کە تێیدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا بەتەواوی مسۆگەر کراوە، بێ گوێدانە ئەوەی کە چ هێزێکی سیاسی لە دەسەڵاتدایە. لەگەڵ گوتنی هەموو ئەمانە، ئێمە پێویستە جیاوازی بکەین لە نێوان یەکگرتوویی لەگەڵ یەکڕایی. ئەوە کە تەنیا کۆمەڵێک بتوانێت یەک گرێت و ببێتە یەک، ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت تاوتوێی تەندروستییانەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت یانیش ناتوانرێت چەندین دەنگی جیاواز ببیسترێن. ڕاجیاوازی هەرگیز هەڕەشە نییە و بگرە بەپێچەوانەیشه‌وه‌ سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە.

ئەوەی کە شان بە شانی ئەمە گرینگە ئەوەیە کە، قسە بۆ کردار بگۆڕدرێت. ڕاسته‌ قسە و ڕاگەیاندنی بریقەدار باشە بەڵام دواجار بۆ ئەوەیە کە شتەکان ئەنجام بدرێن. هەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا دەگاتە وازهێنان لە بەرژەوەندیی تەسکی حزبایەتی بۆ هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی. بەڵێ "دیدی پێشمەرگە بۆ 2025" یەکێکە لە نموونە باش و تۆکمەکان. هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی "زەرد" و "سەوز" یان بەسەر هەر ڕەنگێکی دیکەدا دابەش بێت. هەر بەڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی بێتە ئاراوە.

با بێینە سەر سەروەریی نیشتمانی. بەداخەوه، هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجیدا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانيش بەدەر نییە. بە واتایەکی دیکە، ئێوە ڕووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی دەبنەوە و هەر ئەم ڕاستییەیش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دوو جار بیر بکاتەوە.

 ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست!

بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمەوە عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشدارییەکی فراوانەوە بەدڵنیایییەوە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئاییندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵات. لە لایەکی دیکەیشەوە، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەیش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدایش لەوپەڕی گرینگیدان.

 ئێستا، هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی هەیە لەو ڕووەی کە دەتوانێت یەک گرێت و ڕیزی خۆی سەبارەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەهێز بکات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە چاکسازیی ئابووری و ئاسایشدا، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکن، ئەنجام بدات و سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆیییەکانیش، کە من لەو باوەڕەم کە هه‌تتا لە ڕابردوویشدا نەهێشتنیان زۆر ئەستەم بووبێت، دەست بەگفتوگۆ بکات. یانیش ڕەنگە لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت و بەمەیش هەموو دەسکەوتەکان بخاتە مەترسییەوە.

ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست!

لەم دوایییەدا، بابەتی دەستووری کوردستان هاتەوە بەر باس و خواس و هەموو خەڵکیش لەسەر گرینگیی هەبوونی دەستوور هاوڕان. گەر من هەڵە نەبم یەکەم ڕەشنووس لە ساڵی 2009 پێشکەش کرا. چەندین هەوڵ دران بەڵام لە چەند قۆناغی جیادا بەهۆی نەبوونی کۆدەنگی و سازانی سیاسییەوە شکستیان هێنا. ڕێگەم بدەن با ڕاشکاوتر بم. سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه‌، كه‌ پێويسته‌ مافەکانیان و، هەروەها چۆنێتیی پاراستنی مافەکانیشيان مسۆگه‌ر بكات و هەروەک چۆن سنووری دەسەڵاتەکانیش دیاری بكات. ڕاستە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام چالاککردنی پرۆسەکانی دیکەیش بەدڵنیایییەوە دەبێتە هەلێکی گرینگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەکەوە دانیشن.

ڕەنگە ببێتە مایەی نەهێشتنی جیاوازی و ناخۆشییەکان و قبووڵکردنی خەڵکی دیکە و، هەروەها گەر پێویست بێت، داوای لێبووردن کردن و ڕێزگرتن لە مێژووی یەکدی، هەروەک چۆن ڕەنگە ببێتە مایەی زاڵبوون بەسەر کێبڕکێی سیاسی و هاوبەشکاری و چەقبەستووییی نێوان حزبه‌ سیاسییەکانیش. هەروەها دەکرێ ببێتە مایەی هەلێکی زۆر باش بۆ دروستکردنی شانازیی بەرەوپێش و متمانەیش. ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ بەڕوونی دەستنیشانکردنی هێز و بەرپرسیارێتیی دەزگه‌ییش. ناڕوونیی یاسایی، زیانی هەیە لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان.

بە هەر حاڵ، گەر ئێوە دەتانەوێت پرۆسەکە سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە، ئەوە پێویستە بەڕێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بەڵێنی بۆش و جێبەجێنەکراو دەبێتە مایەی بێمتمانەییی زیاتر. هەرگیز ڕقی هەڵچوو بەكه‌م وه‌رمه‌گرن. شەڕی سیاسی و حزبحزبێنێ تاوەکوو ئێستایش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە؛ بە شێوەیەک کە جێگەی سەرسووڕمان نییە کە خەڵک متمانەی بەوە نه‌مابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک. دووبارە، گەر ئێوە ئەمە دەکەن ئەوە بەڕێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بێ گومان دیکۆمێنتی ئەنجام، پێویستە لەگەڵ دەستووری فیدراڵی گونجاو بێت. ئەمە خۆی لە خۆیدا گرفتێکی دیکەی دروست کردووە چونکە دەستووری فیدراڵی بەرچاوڕوونیی تەواوی تێدا نییە. لەو کاتەی کە دەستوور گەڵاڵە دەکرا بنەما گشتییەکانی تێدا جێگیر کرا، بەڵام جێبەجێکردنیان بە یاساکانی دواتر سپێردران.

دوای شانزە ساڵ، نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە بووەتە سەرچاوەی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە چارەسەرێکی درێژخایەن لەوپەڕی پێویستیدایە. من دڵنیایشم کە ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.

 ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست!

لە کۆتاییدا ڕێگەم بدەن با جارێکی دیکە جەخت لەسەر گرینگیی ئەو دەسکەوتانە بکەمەوە کە لە سەدەکانی ڕابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە چۆن ئەم دەسکەوتانە درێژە و پەرە پێ بدەین؟ لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەیش گرینگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن. یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان، کلیلی بەردەستتانە.

 

  • خاتوو "جینین هێنیس پلاسخارت"، ئەم وتارەی ڕۆژی چوارشەممە (١٩-٥-٢٠١٢) لە کۆنفرانسی "هەرێمی کوردستان عێراق یەکڕیزی و دەستوور" کە لەلایەن "زانکۆی کوردستان"ەوە ڕێک خرابوو، پێشکەش کرد.
  • تایتڵی وتارەکە لەلایەن ماڵپەڕی "پێنووس"ەوە هەڵبژێردراوە

 

سەرچاوە:

https://www.rudaw.net