لە گۆڕانێکی تەکتیکیدا، ئێران دەستەبژێرێکی باوەڕپێکراوی نوێ لەنێو میلیشیا عێراقییەکاندا پەروەردە دەکات

 

جۆن داڤیسۆن، ئەحمەد ڕەشید  

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

ئێران به‌ سه‌دان شەڕکەری باوەرپێکراوی خۆی لەناو کادیرە هاوپەیمانە هەرە بەهێزەکانیان لە عێراق هەڵبژاردوون، گرووپی بچووک بچووکیان لە دەستەبژێرە دڵسۆزەکانیان دروست کردوون؛ ئەمەیش وەک دوورکەوتنەوەیەک لە پشتبەستن بە گرووپە گەورەکانی تر کە پێشتر ئێران پشتی پێ دەبەستن لە عێراقدا. ئەم گرووپە نهێنییانە پارساڵ لەسەر شەڕی دڕۆنەکان و چاودێریکردن و پرۆپاگەندەی سەر ئینترنێت مەشقیان پێ کراوە؛ هەروەها ڕاستەوخۆ فەرمان لە  ئەفسەرانی سوپای قودس وەردەگرن کە باڵێکی سوپای پاسدارانی ئێرانن(IRGC)  و سەرپەرشتیی میلیشیاکان دەکەن لە دەرەوەدا.

ئەم گرووپانە تا ئێستا بەرپرسیار بوونە لە زنجیرەیەک هێرشی ورد بە شێوازێکی شارەزایانەی بەرفراوان لە دژی ئەمریکی و هێزەکانی هاوپەیمانان. بەپێی گێڕانەوەی بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق و سەرکردەی میلیشیاکان و سەرچاوە دیپلۆماسی و سەربازییە ڕۆژاوایییەکان، ئەم تەکتیکە لە ڕاستیدا بەرسڤی ئێرانە بۆ کۆمەڵێک نوشستی، بەتایبەت کوشتنی سەرکردەی فەیلەقی قودس "قاسم سولەیمانی"، کە زۆر بەشارەزایی و لە نزیکەوە کۆنترۆڵی گرووپە شیعییەکانی کردبوو لە عێراقدا، تا داواجار پار لە هێرشیكی مووشەکیدا لەلایەن ئەمریکییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج.  

جێگرەکەی سولەیمانی "ئیسماعیل قائانی" لە ڕاستیدا بەو شێوەیەی قاسم سولەیمانی شارەزای سیاسەتە ناوخۆکانی عێراق نەبوو؛ هەرگیزیش نەیتوانیوە هەمان کاریگەریی سولەیمانیی لەسەر میلیشیاکان هەبێت. ئەمە وای کردووە کە میلیشیا گەورەکانی نزیک لە ئێران بە شێوەیەکی کەمتر دەرکەون، بەتایبەت دوای ئەو پەرچەکردارەی لەسەر ئاستی جەماوەری بینیمان کە دواتر بووە هۆی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گەورە دژی هەژموونی ئێران لە کۆتایییەکانی ساڵی ٢٠١٩. دواتریش بووە هۆی دابەشبوونی شەقامی شیعی و بەربەست لە بەردەم هەژموونی ئێران؛ بە شێوەیەک دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لە کۆنترۆڵ دەرچوو. بۆیە پشتبەستن بە گرووپی بچووک لەوانەیە چەند سوودێکی تاکتیکیی هەبێت. گرووپی بچووک کەمتر دەتوانرێت دزەیان تێ بکرێت؛ هەروەها زۆرتر کاریگەرن لە بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە ئێران دژی نەیارەکانی پەرەی پێ داوە، بەتایبەت لە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

"ئەم گرووپە نوێیانە ڕاستەوخۆ بە سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ گرێ دروان؛ "یەکێک لە بەرپەرسە ئەمنییەکانی عێراق گوتی "ئەوان ڕاستەوخۆ فەرمان لەوانەوە وەردەگرن، نەک لە لایەنێکی عێراقی". ئەمە لەلایەن بەرپرسێکی تری عێراقیش جەختی لەسەر کرایەوە؛ هەروەها سێ لە گرووپە میلیشیا گەورەکانی سەر بە ئێران؛ هەروەها لەلایەن بەرپرسێکی عێراقی و دیپلۆماتێک و سەرچاوەیەکی سەربازیی ڕۆژاواییش کە: "ئێرانییەکان پێدەچێت چەند گرووپێکی تاکەکەسییان دروست کردبێت کە بەوریایییەوە هەڵبژێردراون بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان و پاراستنی نهێنی؛ ئێمە نازانین ئەوان کێن."

بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق گوتیان کە بە درێژاییی چەند مانگێک لە ساڵی ٢٠٢٠ بە لای کەمی ٢٥٠ چەکدار سەردانی لوبنانیان کردووە؛ ئەمانە لەلایەن ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران و گرووپەکانی "حزبوڵڵا"ی لوبنانی مەشقیان پێ كراوه‌ لەسەر فڕێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئاراستەکردنی مووشەک و چاندنی بۆمب و، هەروەها بڵاوکردنەوەی هێرشەکانیان لەسەر سۆشیال میدیا. بەرپرسێکی تری عێراقی گوتی، ئەم گرووپانه‌ بەنهێنی ئیش دەکەن و سەرکردەکانیان نەناسراون؛ هەروەها ئەوان ڕاستەوخۆ بە سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌ گرێ دراون."

بەرپرسە ئەمنییەکانی عێراق و چەند سەرچاوەیەکی بیانی ئەوەیان دووپات کردەوە کە ئەم گرووپە نوێیان لەپشت ئەو هێرشانە بوونە کە کرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی عەین ئەلئەسەد لەو مانگەدا؛ ئەوەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریش لە مانگی نیسان؛ هەروه‌ها ئەو هێرشانەی لە کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لە دژی سعوودیایش ئەنجام دران، کە هەموویان لە ڕێگه‌ی بەکار‌هێنانی دڕۆنی هەڵگر بە تەقەمەنی ئەنجام درابوون. ڕاستە ئەو هێرشانە قوربانیی گیانیی زۆری لێ نەکەوتەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەو شارەزایییەی کە ئەنجامدەران هەیانبووە، نیگەرانیی زۆری لای سەرکردە و سەربازە ڕۆژاوایییەکان دروست کرد. بەرپرسە ئێرانییەکان، نوێنەرانی حکوومەتی عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێرانیش، هەروەها سوپای ئەمریکاش هیچ وەڵام و لێدوانێکیان لەسەر ئەم هێرشانە نەبوو. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش گوتی کە ئێمە لێدوانێکمان نەبوو.

جەنگ لەگەڵ واشنتۆن

ئێران گەورەترین هێزی دیاری شیعەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەژموونیشی بەسەر عێراق هه‌یه‌ کە دەوڵەتێکی عەرەبی زۆرینە شیعەیە و، یەکێکە لە ڕێگه‌ سەرەکییەکانی بڵاوکردنەوەی نفووز و کاریگەریی سیاسی لە تەواوی ناوچەکەدا.  لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆر سەددام حسێن لە عێراقدا لە ٢٠٠٣ کە دواتر بووە هۆی هاتنەسەر دەسەڵاتی شیعەکان، تا ئێستایش ئێران خەریکی ململانێیە لەگەڵ ئەمریکا. دوای ئەوەی چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ٢٠١٤ سێیەکی خاکی عێراقیان داگیر کرد، هەر یەکە لە واشنتۆن و تاران خۆیان لە هەمان بەرەی جه‌نگی دژی داعش بینییەوە. بە درێژاییی سێ ساڵی داهاتوو هەردوو لا یارمەتیی حکوومەتی زۆرینەی شیعەی عێراقیان دا لە سەرکەوتن بەسەر چاکدارانی داعش.

ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای ٢٠١١ سەربازەکانی لە عێراق کشاندەوە، دواتر هەزاران سەربازی گەڕاندەوە بۆ عێراق. ئێران لە هەمان کاتدا کە پشتی میلیشای شیعەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و کەتائیبی سه‌یید ئه‌لشوهەدا و عەسائیبی ئەهلی هەقی گرت، کە هەر یەکەیان توانیی هەزاران سەربازیان هەبێت، دواتریش دۆخێکی نیمچەفەرمییان وەرگرت لە یارمەتیدانی جه‌نگ دژی داعش. بەڵام دوای نەمانی سولەیمانی، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزاییی خۆپیشاندانەکان دژ بە گرووپەکانی سەر بە ئێران بەئاشکرا، بەرپرسانی ئێران تووشی جۆرێک لە نیگەرانی و گومان بوون، بەوەی کە بەشێک لەو میلیشیایانەی کە پێشتر یارمەتییان دابوون، وای کرد کە ئێران پاڵپشتیی خۆی کەمتر بکاتەوە. بەپێی زانیاریی هەندێك لە سەرکردەی میلیشیاکان: "ئێران باوەری وایە کە زانیاری لای هەندێک لەو گرووپانە دزەی کردبێت و یارمەتیدەر بووبێت بۆ کوشتنی سولەیمانی. ئەم گرووپانە لە هەمان کاتدا بەهۆی بەرژەوەندیی کەسی و دەسەڵات لە نێوانیاندا جۆرێک لە دابەشبوونیان تێ کەوتووە." یەکێکی تر گوتی: "دیدار و چاوپێکەوتنی ئێمە لەگەڵ ئێرانییه‌کاندا کەمی کردووە. ئێمە چیتر چاوپێکەوتنی بەردەواممان نییە. ئێرانییەکان بانگێشتردنی ئێمەیان بۆ ئێران ڕاگرتووە."

بەرپرسە ئەمنی و حکوومییەکانی عێراق، هەروەها سەرکردە لە هەر سێ گرووپی میلیشیاکان گوتیان کە فەیلەقی قودس دەستیان کردووە بە جیاکردنەوەی فەسیلە باوەرپێکراوەکان لە گرووپەکانی تر. واتا لە پشتبەستن بە بزووتنەوە جەماوەرییە گەورەکان بۆ پشتبەستن بە گرووپەکانی بچووکتر؛ هەروەها کۆمەڵێک گرووپی کادیری بچووکتر کە بتوانرێت چاودێریی باشتریان بکرێت. ئەمە لە ڕاستیدا ستراتیژێکە ئێران هەر زوو لە ٢٠٠٥ – ٢٠٠٧ گرتوویەتییە بەر. تاران لەو کاتەدا چەندین شانەی هەبوو کە توانای خۆیان سەلماند، بەتایبەت لە بڵاوکردنەوەی بۆمبی پێشکەوتوو کە توانییان لە ڕاستیدا دزه‌ بكه‌نه‌ نێو قەڵغانی ئەمریکییەکانه‌وه‌.

دووبارەکردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی - DIPLOMATIC REOPENING

هەر لەوەتەی بایدن هاتۆتە سەر کار، تاران ده‌ستی كردووه‌ بە دووبارە کردنەوەی کەناڵی دیپلۆماسی لەگەڵ هەر یەکە لە واشنتۆن و ڕیاز. یەکێک لە سەرچاوە هەره‌ سەرکییەکانی ئەو هەژموونەی ئێران لەو دانوستاندنانەدا بریتییە لە لێدان لە نەیارەکانی. بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان کە ئێستا دۆستەکانی ئێران لە هێرشەکانیاندا بەکاری دەهێنن، لە ڕاستیدا زۆر  سەخترە لە وەستاندن و  کەشفکردنی مووشەکی ئاسایی؛ ئەمەیش مانەوەی ٢٥٠٠ سەربازی ئەمریکا لە عێراقدا دەخاتە مەترسییەوە.

جەنەڕاڵ کینت ماکینزی، فەرماندەی سەرکردایەتیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا واتا دوای هێرشە مووشەکییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر گوتی: "ئێران دەسکەوتی گرنگی-significant achievements- لە وەبەرهێنان لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەدەست هێناوە.

لە ساڵی ڕابردوودا چەند گرووپێکی نەناسراو بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ‌هێرشی مووشەکی و چاندنی بۆمبی سەر ڕێگه ڕاگەیاند‌. بەرپرسە ڕۆژاوایییەکان و ڕاپۆرتە ئەکادیمییەکان بەزۆری بوونی ئەو هێزە بچووکانەیان فه‌رامۆش کردووە، چونکە پێیان وابوو کە ئەم گرووپانەیش هەمان ڕووی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و میلیشیا دیارەکانی ترن. بەڵام سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن کە ئەم گرووپانە بەشێک نین لە گرووپەکانی تر و بەجیا کار دەکەن. "لەژێر فەرمانی "جێگرەوەی قاسم سولەیمانی"، قائانی، ئێستا سوپای قودس هەوڵ دەدات گرووپی بچووکتر کە لە چەند ١٠٠ کەسێک پێک دێن لێرە و لەوی دروست بکات کە تەنیا و تەنیا دڵسۆز و بن بۆ سوپای قودس؛ ئەمانەیش دەبنە "نەوەیەکی نوێ" لە خزمەت هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، وەک بەرپرسێکی حکوومەتی عێراق دەڵێت.  

 

 
تێبینی: 
ئەم ڕاپۆرتە بە زمانی ئینگلیزی لە ماڵپەری ڕۆیتەرز لە ڕێکەوتی ٢١/ ٥ / ٢٠٢١ بڵاو بۆتەوە بە ناونیشانی:

EXCLUSIVE In tactical shift, Iran grows new, loyal elite from among Iraqi militias

https://www.reuters.com