بۆچی کەمکردنەوەی ئامادەییی سەربازیی ئەمریکا لە دەرەوەدا لەوانەیە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا بێت؟

"وازهێنان و کشانەوەی ئەمریکا لەوانەیە نەیارانی ئەمریکا ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی ناگونجاو  بکاتەوە کە دواجار ئیداردەنیان ئاسان نەبێت."

مارکۆ کارنیلۆس* 

وەرگێڕانی بۆ کوردی: پێنووس

بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەرکردە ئەفغانە لۆکاڵییەکان، لە ٢ی تەمووزی ئەمساڵدا، ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی خۆی لە بنکەی "باگرام"ی ئەفغانستان کشاندەوە، کە یەکێک بوو لە گرنگترین ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە دوو دەیەی ڕابردوودا. ئەو بنکەیە بەشێک بوو لە کشانەوەی ئەمریکا دوای ٢٠ ساڵ لە شەڕکردن دژی ئەلقاعیدە و هێزەکانی تاڵیبان؛ هەروەها وەک هەوڵێک بۆ بنیاتنانی دەوڵەت.  

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، پاساوێکی بەهێزی بۆ ئەم کشانەوەیە پێشکەش کرد؛ مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی چیتر ناتوانێت ئەو تێچووە مرۆیی و ستڕاتیژییە بگرێتە ئەستۆ. جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ئامانجەی ئەمریکا مەبەستی بوو لە شکستپێهێنانی قاعیدە و لەناوبردنی ئوسامە بن لادن بەدەست هاتووە؛ ئەمەیشی ڕەت کردەوە کە ئەمریکا بە مەبەستی دووبارە بنیاتنانەوە (rebuilding)ی ئەفغانستان چووبێتە ئەوێ.

وەک بیر‌هێنانەوەیەکی مێژوویی، دەتوانین بڵێین ئەو ئامانجەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا بەدی هات، بەڵام ئەوەی تایبەت بێت بە بنیاتنانەوەی دەوڵەت (nation-building)، ئەوەیە کە ئەمریکا ڕژد بوو لەسەر دروستکردنی ڕژێمێکی دۆستی ڕۆژاوا لە ئەفغانستان، بەڵام شکستی ‌هێنا؛ وەک ئەوەی بریتانیا لە سەدەی نۆزدەیەم کردی و، هەروەها یەکێتیی سۆڤیەتیش لە سەدەی بیست.

بایدن بانگه‌شەی ئەوەی دەکرد کە مەبەست لە "ئەمریکا دەگەڕێتەوە- “America is back” "، بەو مانایە دێت کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە بۆ سەکۆی جیهان؛ ئەمەیش پەیوەستە بە دیپلۆماسییەتی زیاتر و کەمکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوە، نەک کەمترین کاری هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانە نزیکەکان. واشنتن کاتی خۆیشی هەر یەکە لە هاوپەیمانە کۆنە ئەوروپی و ئاسیایییەکانی بۆ دەورەدانی یەکێتیی سۆڤیەت و پێشبرکێ لەگەڵ چین و، هەروەها بۆ دووبارە دانوستانێکی فراوانتر لەبارەی چەکی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەکار هێنا. بە هەمان ئاڕاستە، بایدن یەکەم سەردانی دەرەوەی خۆی بە وڵاتانی ئەوروپا دەست پێ کرد؛ دواتر بە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ ئەندامانی کواد (ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا)، لە ڕێگه‌ی جەختکردنەوە لەسەر ستراتیژێکی نوێی هیندۆ-پاسفیک؛ لەوانەیشە لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی هاوپەیمانە ئاسیایییەکانیشی بکات. سیاسەتی نوێی ئەمریکا بە دەستوەرنەدانی کراوەی سەربازی لە ڕۆژاوای ئاسیا دەناسرێتەوە؛ ئەمەیش لە بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان ڕەنگی دایەوە.

هاوسەنگیی هێزی هەرێمی  (Regional power balance)   

هەتا ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگه‌ی مشتومڕ و مەترسی بێت، ئەوە هێشتا زووە کە دەرەنجامی ئەوە بکەین کە سیاسەتی پاشەکشه‌کردن (disengagement) لە دەستوەردان، کە ئێستا ئەمریکا دەیەوێت پەیڕەوەی بکات، ڕاست دەردەچێت؛ یان ئەوە تەنیا جێگۆڕكێپێکردنێکی داپۆشراوە. هەروەها ڕوونییش نییە کە ئایا ئەمە چۆن لەسەر هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا کاریگەریی دەبێت، بەتایبەت پەیوەندییە بەهێزەکانی واشنتن لەگەڵ هەر یەکە لە ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو. لە ئێستادا هەردوو بنکە سەربازییە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەستی لێ نەدراوە؛ مەبەستمان بنکەی سەربازیی ئەلعودید (Al Udeid) لە قەتەر و بنکەی دەریاوانیی ئەمریکایە لە بەحرێن.

هەر هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەم دۆخە دروستر دەبێت، کاتێک زانیمان ئایا ئیدارەی بایدن بەڕاستی بەنیازی چییە سەبارەت بە مانەوەی سەربازییان لە هەر یەکە لە عێراق و سووریا. چونکە جۆرێک لە دژبەیەکی (تناقض) هەیە، کە بە هێزێکی تۆکمەی گەورە نەتوانی پارێزگاری لە ڕووبەرێکی دوژمن بکەیت لە ئەفغانستان، بەڵام لە بەرانبەردا بە هێزی بچووک و پچڕپچڕ لە ناوچەیەکی سەختی وەک عێراق سووریا بمێنێتەوە.

ئایا به‌ڕاستی بایدن لەسەر ئەو ڕێگه‌یەی کە سەرۆکی پێشووتر، ترامپ، لە دوای خۆی به‌جێی هێشت، بەردەوام دەبێت؟ ئەوەی ئێمە دەیزانین، ئیدارەی نوێ تا ئێستایش ئەو هەڵوێستە سەربازییەی ترامپ کە ساڵی ٢٠١٨ پەیڕەوی کرد، ڕەتی نەکردۆتەوە.

هەر هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ ئەم پرسانە لە ڕاستیدا ناتوانێت دامەزراوەی ئەمنی و سەربازیی واشنتن فەرامۆش بکات، کە بە "بلۆب- Blob" ناسراوە؛ ڕادیکاڵەکانیش تا ئێستا هەر لە خزمەت ئەو پرسەدان. دامەزراوەکە پێدەچێت تا ئێستایش بەرگریی تەواوی هەبێت دژی دووبارە هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەم سیاسەتە. ئەمە وا دەردەکەوێت کە هەر دەستهەڵگرتنێک (disengagement) یان دەستوەرنەدانێکی ئەمریکا، نیشانەی لاوازییە و نەیارانی ئەمریکا بەئاسانی دیقۆزنەوە.

وەک بڵێی ئه‌مه‌ تەنیا ڕاستییه‌كه‌، کە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ململانێکان لەوانەیە کێشەی زیاتر بۆ نەیارانی ئەمریکا دروست بكات نەک سوودی پێ بگەیەنێت؛ کێ دەڵێت ئەمە واشنتن ڕزگار ناکات! ترسی سەرەتاییی هەر یەکە لە چین و ڕووسیا لە کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پێدەچیت گەواهی ئەو ڕاستییە بێت.

بەئامانجگرتنی کرێکارە چینییەکان لە ئەفغانستان لە ڕێگه‌ی هێرشێکی تیرۆریستی، دواتریش ڕۆژنامەی "کۆمیرسانت"ی ڕووسی هەواڵێکی بڵاو کردەوە، گوایە سەرۆک پووتین پێشنیاری هەردوو بنکەی سەربازیی ڕووسیی کردووە بۆ ئەمریکا لە ئاسیای ناوەڕاست، لە پێناو هەماهەنگیکردنی هاوبەشی هەردوو وڵات بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەفغانستان.

دابەزینی هێز و هەژموون  Decreased leverage

دەرچوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە گۆڕستانی ئیمپراتۆرییەتەکان، بێ گومان دەبێتە مایەی ئالۆزکردنی حیساباتی سیاسی و ئەمنیی نەیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لە کاتێکدا کەمکردنەوەی هەژموون بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئێران بۆ ماوەی چەند ساڵیک هەر سەیری بەئامانجکردنی سەربازانی ئەمریکا بکات و لە هەمان کاتدا دژی جێگیرکردنی هێزە ئەمریکییەکانیش بێت لە ناوچەکەدا. دەتوانرێت هەمان بۆچوون بەسەر ناوچە گەرمەکانی تری ململانێکانیشدا جێبەجێ بکرێت. ئایا کەس لە ئەمریکا بیری کردۆتەوە کە بەری داری مەزهەبی و خێڵه‌كیی عێراق چەندە ژەهراوییە و، ئیدارەدانی بۆ دراوسێ ڕۆژهەڵاتییەکەی (ئێران) چەندە ئەستەمە، سەرەڕای ١٥ سەدە لە نزیکیی ئایینی- مەزهەبی لە ئێران؟

ئایا حسابی ئەوەیان کردووە کە گونجاوە دەست بە چەند سەربازێکی کەمەوە بگریت لە سووریا، لە کاتێکدا ئەگەر ڕژێمی بەشار دیسان دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی تری سووریادا گرتەوە، ئەوە ڕژێمی بەشار دیسان خەڵکەکە لەژێر ئابڵووقەی ئابووریدا دەخنکێنێت؟ کەی دێت کە بڕیاربەدەستانی واشنتن لەوە تێ بگەن کە کەمیی ژمارەی سەربازەکانیان لە دەرەوە لەوانەیە کاریگەرتر بێت لە بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری سەربازیان؟

بێ گومان پاساوێکی بە‌هێز هەیە کە مەترسیی گەورە بۆ دیموکراسییەکانی ڕۆژاوا ناوخۆیییە نەک لە دەرەوە. بەداخەوە پێدەچێت ئیدارەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بێئاگا بن لەم واقعە نەگونجاوە. ئەمە جێگه‌ی سەرسوڕمان نییە؛ بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئامادە نین بستێک ڕەخنە لە خۆیان بگرن لەسەر ئەو هەڵە یەک لە دوای یەکانه‌ی کە بووەتە هۆی دروستکردنی ژینگەیەکی جیهانیی تازەی نەگونجاو. شایەنی باسە لە دوای جه‌نگی سارد، ئەمریکا دۆکترینی سیاسیی خۆی نوێ کردۆتەوە. ئەمە لەلایەن نیوکۆنسێرڤاتیڤەکانەوە کراوە کە لەناو  ئیدارەی یەکەمی "بۆش" بوون.

سەرەڕای ئەوەی ئاماژەمان پێ دا، هەڵوێستی سەربازیی نوێی ئەمریکا جێگه‌ی گرنگییە؛ بەهۆی ئەگەری ئەو کاریگەرییەی کە لەسەر سیاسەت و ئاسایشی جیهان جێی دەهێڵێت. ئەم دۆکیۆمینتە لەژێر ناونیشانی "ڕێنوێنیی پلانی بەرگریی ساڵی ١٩٩٤-١٩٩٩ (Defense Planning Guidance FY 1994-1999) کە دواتر هەر زوو بە شێوەیەکی نافەرمی لەژێر ناونیشانی دۆکترینی وۆلفۆویتز - Wolfowitz Doctrine ناسێنرا. وۆلفۆویتز، بریکاری وەزارەتی بەرگری بوو، لە هەمان کاتدا سەرپەرشتیی نووسینی ئەم پلانەیشی کرد کە لە ناوەرۆکدا ئامانجی گەرەنتیکردنی هەژموونی ئەمریکایە، لەگەڵ ڕێگرتن لە دەرکەوتنی هەر هێزێکی گەورەیش کە پێشبڕکێی ئەمریکا بکات لە ئەوروپا یان ئاسیا، یانیش خاکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو.

 جه‌نگ دژی تیرۆریزم  War against terrorism

هەڵوێستی ئەمریکا لە دوای ١١ی سێپتەمبەر، پێداچوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینی کە ڕەنگدانەوەی مەترسیی نوێی جه‌نگی دژی تیرۆر بوو. لە دوای ٢٠١٨، لەبەر ڕۆشناییی ژینگەیەکی ئاسایشیی زۆر ئالۆز، هەروەها لەگەڵ دووبارە سەرهەڵدانەوەی دوورمەودای پێشبڕکێی ستڕاتیژیی نێوان نەتەوەکان (وڵاتان)، ترامپ زیاتریش پێداچوونەوەی بۆ کرد. ئامادەییی ئەمریکا بۆ دوو جه‌نگی  هەرێمیی هاوچەرخ (جه‌نگی ئەفغانستان و عێراق)، پێدەچێت لەبار چووبێت، لە کاتێکدا مکوڕبوون لەسەر مەترسیی چین و ڕووسیا جێگەی گرتۆتەوە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەوڵانەی کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ڕوویان داوە، هەتا ئەمریکا پەلە بکات لە مەزەندەکردنی سوودەکانی کەمکردنەوەی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەیەکی دیاریکراو، ئەوە ئه‌مریکا خێراتر دەبێت لە دانانی ستراتیژێکی گشتگیر و کاریگەرتر بۆ مامەڵە لەگەڵ ڕووسیا و چین.

حساباتی كشانەوەی ئەمریکا لە پرسە سیاسییەکانی هەندێک شوێن، لەوانەیە پاڵ بە نەیارانی ئەمریکاوە بنێت کە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتیی سەختی زیاتر ببنەوە؛ بە جۆرێک کە ئیدارەدانی ئەستەم بێت. لەوانەیە ئەمە ستراتیژێکی باشتر بێت لە مانەوەی ئەمریکا لەو ژینگە سەختە سیاسی و سەربازییەدا لەسەر حسابی باجدەرە ئەمریکییەکان، کە بەزۆری دەرەنجامی نیوەچڵ و بێهوودە بەدەستەوە دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەخێرایی خەیاڵمان بۆ ئەو تەڵە (Trap) نایابە دەچێت کە کاتی خۆی لە ئەفغانستان لە ساڵی ١٩٧٩ بۆ یەکێتیی سۆڤیەت دانرایەوە.

بەڵام ئایا چین و ڕووسیا پێیان دەخەنە سەر تەڵەکە؟ دوای هەمووی ئەوانه‌، پووتین و سەرۆکی چین (شی جیانپینگ)، ئاسانتر دەتوانن هەموو ئەو هەوڵانەی ئەمریکا فەرامۆش بکەن، هەڵبەتە ئەگەر بوونیان هەبێت. بەڵام ئەوەی فەرامۆشی ناکەن ئەو جووڵە ناڕوونەی ئەمریکایە کە پاڵی بە هەر یەکە لە په‌كین و مۆسکۆوه‌ ناوە، تا ئاستێکی کەمتریش ئێران، کە هەماهەنگیی بەردەوامیان لە شانۆی ئۆراسیا هەبێت. گرنگترین پرس کە جێگه‌ی سەرنجی بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئەمریکایە ئەوەیە کە، توانای خوێندنەوەی گەڵاکانی چای هەبێت (پێشبینی داهاتوو بکات)، لە بری پشتبەستن بە بیرکردنەوەی هیوابەخش- پێش هەموو شتێکیش، خۆبەدوورگرتن لە نواندن؛ بە شێوەیەک کە لە کۆتاییدا خراپترین خەمڵاندن و پێشبینییەکان بێنەدی.  

 

 

 

* مارکۆ نیکلۆس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئیتاڵیایە. پێشتر وەک دیپلۆمات، لە سۆماڵ، ئوسترالیا و نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە. مارکۆ وەک ستافی سیاسەتی دەرەوە لە ماوەی ئیدارەی ٣ سەرۆکوەزیران لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥-٢٠١١ کاری کردووە. نوێترین کاری ئەوە بوو کە، وەک نێردەی تایبەتی حکوومەتی ئیتاڵیا بۆ هەماهەنگیی پرۆسەی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پرسی سووریا دەستنیشان کراوە، دواتریش وەک بالیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق تاوەکوو نۆڤەمبەری ٢٠١٧.

 

 

سەرچاوە:

https://www.middleeasteye.net