قەیرانێکی لەبیرکراو لە کەنداو؛ کارەبا و ئاو لە ئێران و عێراق

پاول ڕیڤلین - Paul Rivlin

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پێنووس

وەک دەزانین کەنداو هەمیشە بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز بەناوبانگە، بەڵام کەمیی ئاو لەو ناوچەیە لەوانەیە ببێتە خەسڵەتێکی دیار لە ئاییندەدا. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ و ٢٠٢٠دا، دانیشتووانی کەنداو بە ڕێژەی ٥٠٪ زیادی کردووە، بەڵام دابینکردنی ئاوی سازگار (خواردنەوە) بێجگە لە سەرچاوەکانی پاڵاوتن (desalination)ی ئاوی دەریا، لە کەمیی داوە. بەرهەمهێنەرانی کەنداو بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەکرێن: ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو؛ سعوودیا، ئیمارات، قەتەر، بەحرێن و عومان، گرووپی دووەمیش بریتییە لە ئێران و عێراق. وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو گشتیان میرنشینن، بەڵام عێراق و ئێران هەردووکیان کۆمارین. ئەم دوو جیاوازییە لە نێوان ئەم دوو گرووپەدا تەنیا سیاسی-دەستووری نییە، بەڵکوو سۆسیۆ-ئابوورییشە.

ڕاستییەکەی، وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو ڕووبەڕووی ئاڵینگاری بوونەتەوە لە ڕێگه‌ی دانانی زنجیرەیەک پرۆگرام بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هایدرۆکاربۆن و زیادکردنی دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتیان. ئەم وڵاتانە کۆمەڵێک ئامانجی ژینگەیییان داناوە بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی زیادبوونی پلەی گەرمی و كێشەکانی کەمئاوی. بەڵام لە هەمان کاتدا چەندان بەربەست لە بەردەم جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییانە هەن؛ گرنگترینیان لەوە دەست پێ دەکات کە بریتییە لە سیسته‌می حوکمڕانی کە پاڵپشتیی دەسپێشخەریی تایبەت ناکات. هەروەها هاوکاری لە نێوان ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، بە هۆکاری ململانێی ناوخۆی ئەندامەکانه‌وه‌ سنووردارە؛ وەک کێشەی قەتەر لەگەڵ بەشێک لە ئەندامەکان و، هەروەها گرژییەکانی نێوان سعوودیا و ئیمارات کە ڕوو لە زیادبوونن.  

کەچی عێراق و ئێران کێشەکانیان زۆر مەترسیدارترن. ئێران بەدەست خراپیی حوکمڕانی لەلایەن سیسته‌مێکی ستەمکار، هەروەها گەندەڵی، بێکاری و هەژارییه‌وه‌، لە هەمان کاتدا خەرجکردنی پارەیەکی زۆر بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دەستوەردان لە دەرەوەدا، دەناڵێنێت. بە هاتنی "ئیبراهیم ڕەئیسی" لەوانەیە ڕژێمەکە سەرکوتکارتریش بێت. لە لایەکی دیكه‌، عێراق لێوانلێو بووە لە گەندەڵی و ململانێی ناوخۆ، هەژاری، خراپیی کارگێڕی و، هەروەها دەستوەردانی دەرەکی، بەتایبەتیش لەلایەن ئێرانه‌وه‌. عێراق و ئێران سەرەڕای یەدەگی زۆری ئاو لەم دوو وڵاتە، بەڵام بەدەست کەمیی بەردەوامی ئاو و کارەبا دەناڵێنن (سەیری خشتەی ژمارە ١ بکە).

لە ٢ی تەمووزەوە سیسته‌می کارەبای عێراق گەیشتە ئاستی ڕووخان؛ لە سەرەتای کاتژمێرەکانی ڕۆژ، وەبەرهێنانی کارەبا بۆ ئاستێکی زۆر نزم دابەزی  بۆ ٠،٤ گێگاوات (GW) کە پێشتر قەت بەو جۆرە نەبووە، بە بەروارد بەو پلانەی دانرابوو کە دەبوایە بگاتە ٢٢ گێگاوات. ئەم هاوینە ئەم ڕێژه‌یەیش بەشی نەدەکرد، چونکە مەزەندە دەکرا عێراق پێویستی بە ٢٩ گێگاوات بێت. تا ئەو ئاستەی هاوکاری و پاڵپشتییەکانیش شکستیان هێنا؛ بە جۆرێک کە وەزارەتی کارەبایش نەیتوانی ڕێی لێ بگرێت. ئەمە ڕووی دا، لەبەر ئەوەی ئێران پێدانی کارەبا و غازی بە عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو کەم کردەوە. ئێران بە ڕێژەی ٣٠٪ پاڵپشتیی کارەبای عێراقی دەکرد، چونکە عێراق بەبی کارەبای ئێران ناتوانێت بەرگەی پلەی ٥٠ گەرما بگرێت؛ ئەمە بێجگە لەوەی لە پارێزگاکانی باکوور لەلایەن داعشیشەوە هێرش دەکرێتە سەر تاوەرەکانی کارەبا و دەتەقێنرێنەوە. عێراق بۆ کارەبا پشت بە ئێران دەبەستێت، کەچی لە پێدانی ئاویش هەر بە ئێران کاریگەر دەبێت. عێراق تا ئاستێکی زۆر بۆ دابینکردنی ئاو بەتەواوی پشت بە ڕووباری دیجلە و فوڕات دەبەستێت. کەچی ٣٠٪ ئاوی دیجلە دەکەوێتە ناو خاکی ئێران؛ ١٠ - ١٣٪ ئاوی ساڵانەی عێراق به‌و ڕووبارانە دابین دەکرێت کە دێنە ناو عێراقەوە. بە درێژاییی ١٠ ساڵی ڕابردوو ئەو ئاوەی کە لە دیجلە لە ڕووی ئێرانەوە دێتە عێراق، زۆر لە کورتیی داوە.

بە درێژاییی ئەم ٣٠ ساڵەی دوایی، ئاوی ڕووباری دیجلە و فوڕات بۆ عێراق بە ڕێژەی ٥٠٪ کەمی کردووە. لە ٢٠١٣ دەستەی حکوومەتی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، مەزەندی کردووە کە ئاوی دیجلە بە ڕێژەی ٢٠ ٪ کەمی کردووە؛ ڕووباری فوراتیش بە هۆکاری کەمیی بارانبارین لە بەرزایییەکانی وڵاتی تورکیا، بە ڕێژەی ٧٩٪ کەم دەکات. تورکیایش ئێستا بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنێت، بە جۆرێک کە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا نیوەی خاکی تورکیایش بەدەست کەمیی ئاوه‌وه‌ دەناڵینێت؛ هەڵبەتە ئەمە وشکایی (drought)یه‌كی زۆری زەوی لەگەڵ خۆی دێنێت.

لە مانگی ٥ی ئەمساڵدا وەزیری وزەی ئێران گوتی، ئەم وشکترین وەرز دەبێت لە٥٠ ساڵی ڕابردوودا. وەزیر ئاماژەی بەوه‌ دا کە خواست لەسەر ئاوی خواردنەوە زۆر زیادی کردووە؛ گومانی لەوە هەبوو کە حکوومەت بتوانێت ئەم بڕە ئاوە بەبێ دابڕان ئامادە بکات. "ئێران ئێستا ڕووبەڕووی وشکەساڵییه‌ک بۆتەوە کە لە نیو سەدەی ڕابردوودا دۆخی وای  بەخۆیەوە نەدیوە"؛ گۆڕانی کەشوهەوا هۆکار بووە بۆ کەمبوونەوەی باران بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، حکوومه‌تیش نەیتوانیوە ئەم کاریگەرییە چارەسەر بکات. کەچی ئێستا قسە لەسەر بوونی قەیرانی ئاویش دەکرێت. لە ساڵی ٢٠٠٢ جێگری وەزیری وزەی ئێران گوتی، نزیکەی ١٠ ملیۆن ئێرانی ناتوانن بەبەردەوامی دەستیان بە ئاو بگات؛ ٦٠٠٠ گوند لە ئێران بەتەواوی دەستیان بە ئاو ناگات، تەنیا بە شێوەیەکی سنووردار نەبێت. 

قەیرانی ئاو لە ئێران بە درێژاییی ئەو ساڵانە ڕوو لە فراوانبوونە. ئەمەیش بەشێکی بەهۆی ئەو پرۆژانەی حکوومەتە بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو لە بوارەکانی کشتوکاڵ و ژێرخان، پشتبەخۆبەستن (self-sufficiency)، بەتایبەت پڕۆژەکانی کشتوکاڵ کە٩٠٪ی ئاو لەو پرۆژانەدا سەرف دەکرێت. چەندەها گرێبەستی گەورە بۆ دروستکردنی بەنداو تەرخان کراون، بەتایبەتیش لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی کە لە دەسەڵاتەوە نزیکن؛ جووتیارەکانیش هان دەدرێن بۆ چاندنی ئەو بەروبوومانەی کە پشت بە ئاوی زۆر دەبەستن. ئەم بەنداوانە بوونەتە هۆی داخستنی زۆربەی ڕووبارەکان؛ هەروەها بوونەتە هۆی ڕێگری لە چینە ئاوییەکانی ژێرزەوەی کە خۆیان نوێ بکەنەوە. ئەمەیش وای لە جووتیارەکان کردووە کە پێویستیان بە قووڵاییی زیاتر بێت بۆ دەستکەوتنی ئاو لە کاتی بیرلێدان. بەشێکی زۆری ئەمە یاسایی نییە، چونکە دواجار دەبێتە هۆی فروانبوونی ڕووبەرەکانی وشکانی. کەمیی بارانبارین، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بەبیابانبوون، ئاووهەوای سەخت لە ئێراندا، بووەتە هۆی گوشاری زۆر لەسەر سەرچاوەکانی ئاو. بێجگە لەوە سووتاندنی چڕی خەڵوزی بەردین، بووەتە هۆی پاشەکشەکردنی هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و زیادبوونی پیسبوونی ئاو؛ ئەمەیش بێ گومان دەبێتە مەترسی لەسەر ئەو ئاوەی کە هەیە.

ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت کە وشکترین ساڵ بێت لە ماوەی ئەو ٥٠ ساڵەی دواییدا. یەک لەسەر سێی خەڵکی ئێران کە نزیکەی ٢٨ ملیۆنن، لەو ناوچانە دەژین کە بەدەست کەمیی ئاوه‌وه‌ دەناڵێنن کە زۆرینەی دەکەونە ناوەڕاست و باشوور. کەمیی ئاو کاریگەریی لەسەر گشت دانیشتووانی ئێران هەیە. توانای ئێران بۆ چارەسەکردنی کێشەی کەمئاوی لە ئێران بەزۆری پەیوەندیی بە ئاڵینگارییەکانی سیاسەتی دەرەوە هەیە. قەیرانی ئاو تەنیا به‌هۆی وشکەساڵییەوە نییە. بەڵکوو پەیوەندیی بە سزاکانی ئەمریکایشەوە هەیە؛ ئەمە توانای ئێرانی بۆ دەسگەیشتن بە تەکنه‌لۆژیای مۆدێرنی ئاو لە دەرەوەدا سنووردار کردووە.

ئێران بەدەست کەمیی کارەبایشەوە دەناڵێنێت، کە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا؛ لە کۆتاییی مانگی تەمووز بەکارهێنانی کارەبا گەیشتە ٦٤ میگاوات کە دەکاتە ٢٠٪ زیاتر لە ساڵی پێشووتر. ئەمە بێجگە لە کەمبوونەوەی بەکارهێنانی لە بواری پیشەسازیدا؛ ئەم بەرهەمهێنانە کاریگەریی داخستنی وێستگەی ناوکیی بۆشەهری لەسەر بووە، هەروەها بە هۆکاری دابەزینی بەرهەمهێنانی هایدرۆئیلیکتریک (کارەبای بەرهەمهاتوو لە ئاو) بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوەکانی ئێراندا. هەر بۆیە بە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو و وزەی پێویست، ئێران ناچار بوو ناردنی کارەبای بۆ عێراق بوەستێنێت. ئێران بۆ بەدەستهێنانی کارەبا، ٩٠٪ پشت بە گازی سروشتی دەبەستێت، لە کاتێکدا سەرچاوەکانی وزەی دووبارە بەکارهێنراو کە وزەی خۆریش دەگرێتەوە (٧٪)ە.

هەرچەندە ئێران بە بەراورد بە وڵاتانی کەنداو، لە پاڵاوتنی ئاوی دەریا بۆ ئاوی شیرین دوا کەوتووە لە (ئاوی پاڵێوراو (desalination water) لە دەریا لە ئێران کەمترە لە ١٪)، کەچی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو دەمێکە دەستیان بە پاڵاوتنی ئاوی کەنداو بۆ ئاوی خواردنەوە کردووە، کە دەگاتە ٥٥٪ تا ١٠٠٪. بە جۆرێک نزیکەی ٨٥٠ وێستگەی پاڵاوتنی ئاو ئێستا لە کەنداوی فارس هەیە؛ هەشت لە هەرە گەورەترین کارگەکانی پاڵاوتنی ئاو لە جیهاندا لە وڵاتی "سعوودیا" و "ئیمارات"دان. هەڵبەتە دەبێت ئەوەیش بزانین کە زیادبوونی بەکارهێنانی ئاوی پاڵێوراو، کۆمەڵێک پرسیاری ژینگەیی دەورووژێنێت؛ چونکە بنیاتنانی ئەم وێستگانەی پاڵاوتنی ئاوی سوێر لە دەریا، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر ئیکۆسیسته‌می دەریا دەبێت. بۆیە ئاوی کەنداو خەریکە سوێر دەبێت؛ ئەمەیش وا دەکات پاڵاوتنی ڕۆژ بە ڕۆژ سەختر بێت. سەرەڕای ئەمە پاڵاوتنی ئاوی دەریا کارەبای زۆرتریشی دەوێت؛ ئەو کارەبایه‌یش دیسان لە سووتاندنی نەوت دەست دەکەوێت کە دواجار هۆکارە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو گازانەی کە دەبنە هۆی زیادبوونی پلەی گەرمیی زەوی.

یەکێک لە خەمڵاندنەکان ئەوەیە کە ئێستا پلانێک هەیە کە پرۆژەیەکی پاڵاوتنی ئاو بە بەهای ١٠٠ ملیار دۆلار لە کەنداو دادەنرێت. هەڵبەتە ئێران بەشێک نییە لەو پرۆژەیە؛ ئەمەیش وا دەکات پێویستیی ئێران بە پاڵاوتنی ئاوی دەریا زۆر زیاد بکات. بۆ ئەم مەبەستە وڵاتانی کەنداو توانای داراییی باشیان لەبەردەستە بۆ دەسگەیشتن بە نوێترین تەکنەلۆژیای ئەو بوارە کە کەمتر زیانبەخشە بە ژینگە. بەڵام سنوورداریی توانای داراییی ئێران بەهۆی ئەو گوشارانەی کە لەسەریەتی، وا دەکات ئێران تەنیا دەستی بە تەکنەلۆژیای کۆن بگات؛ ئەمەیش زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ژینگەیەی کەنداو، هاوبەشە لە نێوان هەموو ئەو وڵاتانەی ئەو ناوچەیە، بە عێراق و ئێرانیشەوە. بۆیە دواجار ئەو کەمتوانایییەی ئێران وا دەکات کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداویش هەبێت، بەتایبەت دەریاچەکانی باشووری کەنداوی فارسی/عەرەبی.

سەرەڕای ئەو مەترسییانەی کە لەسەر هەموو وڵاتانی کەنداو هەیە، کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا ئەم وڵاتانە ئاژانسێکی هەرێمیی به‌كۆمه‌ڵیان نییە کە بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییانەی پرسی ئاو بکات لە کەنداو. هیچ کام لە وڵاتانی کەنداو توانای عەمبارکردنی (هەڵگرتنی) ئاوی خواردنەوەیان نییە بۆ زیاتر لە چەند ڕۆژێکی کەم؛ ئەگەر قەیرانێکی ئاوییش لە نێوان ئەو وڵاتانەدا هەبێت، هیچ لەو وڵاتانە ئاژانسیک یان ڕێکخراوێکی فرەئەندامییان نییە بۆ ڕاوێژ و چارەسەر. تاکە ئاژانس کە بۆ ڕاوێژکاریی ئەو پرسە دامەزراوە، بریتییە لە ڕێکخراوی هەرێمی بۆ پاراستنی ژینگەی ئاوی- Regional Organization for the Protection of the Marine Environment کە لە ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە بەڵام ئێستا بوونی نییە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشانە لە ئاییندەدا، دەتوانین بڵێین کە وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو لە دۆخێکی زۆر باشتردان لە عێراق و ئێران، لەبەر چەند هۆکارێک: یەکەم لەبەر ئەوەی زۆر دەوڵەمەندترن؛ دووەمیش ئەم وڵاتانە زۆر گیرۆده‌ی ململانێی ناوخۆیی نین و تا ئاستێکی باش سەقامگیرن. هۆکاری سێیەمیش ئەوەیە کە ئاراستەیان بەرەو ڕۆژاوایە و دۆستی ڕۆژاوان؛ ئەمەیش وای کردووە کە بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەئاسانی دەستیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە دەرەوەدا بگات. کەچی لە هەمان کاتدا ئاوی زۆر کەمتریشیان هەیە لە ئێران و عێراق؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ئەگەری ئەوەیان لێ دەکرێت کە لە ڕێگه‌ی دراوسێکانی باکوور (عێراق) و ڕۆژهەڵاتیان (ئێران)، تووشی گۆڕانکاریی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایه‌تی و ژینگەیی ببنەوە.

 

سەرچاوە و ناونیشانی بابەتەکە بە زمانی ئینگلیزی:

Paul Rivlin, (20 July 2021). The Forgotten Crises in the Gulf: Electricity and Water in Iran and Iraq, Moshe Dayan Center for Middle Eastern and African Studies at Tel-Aviv University.

 

سەرچاوەکان:

  1. Iran International, “Energy Minister apologizes to public for extensive blackouts in Iran,” May 25, 2021; BBC, “Electricity blackouts spark protests in Iranian cities,” July 6, 2021.
  2. Yesar Al-Maleki, “Iraq power crisis as Iran slashes cross-border supplies,” Middle East Economic Survey, Issue 64, No. 26, July 2, 2021.
  3. Tamer Badawi, “Iran’s upstream hegemony and its water policies towards Iraq,” Italian Institute for International Political Studies (ISPI), February 26, 2021.
  4. Banafsheh Keynoush, “Water scarcity could lead to the next conflict between Iran and Iraq,” Middle East Institute (MEI), March 18, 2021.
  5. Ozguler, and D. Yıldız, “Consequences of the Droughts in the Euphrates - Tigris Basin,” International Journal of Water Management and Diplomacy, Vol. 1 (2020): 29-40.
  6. Duvar English, “60 pct [sic] of land in Turkey suffers from water shortage, risks drought,” July 14, 2021. 7 International Monetary Fund (IMF), “Iraq- 2020 Article IV Consultation, Press Release, Staff Report, and Statement by the Executive Director for Iraq,” February 11, 2021.
  7. UN Country Team in Iran, “Building Back Better: UN Iran Socio-Economic Recovery Programme Against the Impact of COVID-19,” July 10, 2020.
  8. Koursh Ziabar, “Water wars on the horizon in Iran,” Asia Times, May 27, 2021.
  9. The Borgen Project – Blog, “The water crisis in Iran,” September 10, 2020.
  10. Alex Vatanka, “Iran’s biggest problem is water,” Foreign Policy, May 24, 2021.
  11. Iran International, “Iran’s new record high electricity consumption hard to explain,” June 30, 2021.
  12. Alex Vatanka, “Iran’s biggest problem is water,” Foreign Policy, May 24, 2021.