وەڵامى ڕاستەوخۆى چەند پرسیارێکى بنەڕەتیى لەبارەى شەڕى سوریەوە

2016-09-25

وەڵامى ڕاستەوخۆى چەند پرسیارێکى بنەڕەتیى لەبارەى شەڕى سوریەوە

ماكس فيشەر، نیویۆرک تایمز، 18ى سێپته‌مبەرى

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ئاسۆ کەریم

لەوانەیە پاش 5 ساڵ جه‌نگی سووریا، کە لاپەڕەى یەکەمى داگیر کردووە، ببەخشرێى کە لەو شەڕە وەڕس بووبى و چیدى هەستێکى پێ نەکەى. ئاسانە شونەوارى باجەکانى ئەم جه‌نگه‌ بدۆزیەوە: ئەم جه‌نگه‌ 400,000 خەڵکى بە کوشت داوە، ملیۆنان کەسى لە ماڵ و حاڵى خۆیان هەڵکەندووە، جێگەى بۆ دەوڵەتى ئیسلامى (داعش) کردەوە و هێزە بیانییەکانى ڕاکێشایە ناو سووریاوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایشەوە. لێ زەحمەتە بزانین بۆچى و چۆن ئاوا کەوتەوە. وێدەچێ شتە بنەڕەتییەکان بە بەراورد بە وردەکاریى ڕۆژانەى جه‌نگه‌کە، تێکەڵ و پێکەڵتر بن.

لێ شتگەلى بنەڕەتى کە بۆ حاڵیبوون لەو جه‌نگەى  سووریا گرنگ و یەکلاکەرەوەن- زۆر لەوە ئاڵۆز و پاڵۆزترن وەک ئەوەى لە سەرەتاوە دێنە بەر زەین. وەک دەردەکەوێ ئەو ئاگربڕەى دیماهى لەسەر لێوارى هەرەسهێنانە، پاش ئەوەى فڕۆکەکانى ئەمریکا هێزەکانى  سووریایان دایە بەر بۆمبان، ئا لێرەدا وەڵامى ڕاستەوڕاست بۆ هەندێ پرسیارى بنەڕەتى لەبارەى ئەو کێشەیە دەدەینەوە: وەک هەوڵدانێک بۆ چوونە بنج و بنەوانى ئەم جه‌نگەوه‌، پێفاژۆیە بەرفرەکەى، چ پێوەندییەکى بە قەیرانى پەنابەران و سەرهەڵدانى دەوڵەتى ئیسلامییەوە هەیه‌.

1. جه‌نگی ئەهلیى  سووریا چییه‌؟

مانا و نێوەڕۆکى جه‌نگەکە زۆرتر خویا و ڕوون دەبێ، ئەگەر وەک چوار کێشە (نزاع- conflict)ى تێکهەڵکیش بیرت لێ کردەوە. کێشەى سەرەکى لە نێوان هێزەکانى سەر بە سەرۆک بەشار ئەلئەسەد و ئەو یاخییانەیە کە دژایەتیى ئه‌و دەکەن. بە تێپەڕبوونى کات، هەردوو لا، بوونەتە میلیشیاى فرەڕەنگ، بە جەنگاوەرە خۆجێ و بیانییەکانیشەوە، بەڵام ڕێککەوتنى بنچینەییى یاخیگەران لەسەر ئەوەیە کە داخوا حکوومەتەکەى ئەسەد لەسەر کار بمێنێتەوە یان نا؟

ئەم کێشەیە، دەرگەى بۆ کێشەیەکى دیکە کردەوە: کەمینەى ئیتنیى کورد لەنێو ئەو هەرا و بێسەروبەرییەدا، دەستى دایە چەک. کوردەکان دەوڵەتۆکەیەکى دیفاکتۆیان بۆ خۆ لە خاکى  سووریا دابڕى و وردە-وردە دەڤەر و ناوچەى دیکەی بە حیساب کوردنشینیان بەبەرەوە نا- هەندێ جار بە پشتیوانیى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە وەکو هاوپەیمانێک دژى گرووپە جیهادییەکان چاویان لێ دەکا. لە کاتێکدا ئەسەد تەکەزى نەکردە سەر جه‌نگى گرووپەکانى کورد، لێ لە لایەن دراوسێکەیانەوە، تورکیا، کە لەگەڵ کەمینەى کوردى ناوخۆى وڵاتەکەى خۆیدا لە جه‌نگدایە، دژایەتى دەکرێن.

کێشەى سێیەم، دەوڵەتى ئیسلامى یان داعش دەگرێتەوە، کە لە ئاکامى شه‌ڕ و پێکدادانى ناوخۆى گرووپە جیهادییەکاندا، سەرى هێنایە دەرێ. داعش لە 2014دا، پانتایییەکى گەورەى لە سووریا و عێراق خستە بندەست خۆى و قەڵەمڕەوى خەلافەتى خۆى تێدا ڕاگەیاند. ئەم گرووپە هیچ هاوپەیمانێکى نییە و لەگەڵ سەرجەم ئەکتەرەکانى دیکەدا لە شه‌ڕ و تێکهەڵچووندایە.

چوارەم کێشە، کە کێشەیەکى هەرە ئاڵۆز و هەرە بزێوە، خۆى لە مایەیخۆتێکردن (ده‌ستێوه‌ردان)ى چەندسەرەى بیانی دەبینێتەوە کە تا هاتووە ئەو مایەیخۆتێکردنە زۆرتر بووە. ئەسەد بە پشتى ڕووسیا و ئێران دەخوڕێ، هەروا میلیشیاکانى گرووپى حزبوڵڵاى لوبنانیش پشتیوانیى لێ دەکەن. یاخیگەرانیش، ئەمریکا و دەوڵەتە بە نەوت دەوڵەمەندەکانى وەک عەرەبستانى سعوودى پشتیان دەگرن. ئەم هێزە بیانییانە، ئەجێنداى جیاوازیان هەیە، بەڵام هەمووان بوونەتە سۆنگەى بەرەوژوورچوونى توندوتیژی لە  سووریا و هاوکاربوون لە بەردەوامبوونى جه‌نگەکەدا.

 

2. ئەم جه‌نگە چۆن هەڵگیرسا؟

بەڕواڵەت ئەم کێشەیە لەگەڵ بەهارى عەرەبى لە 2011دا دەستى پێ کرد. سورییەکان تەباى خەڵکانى دیکەى سەرانسەرى ناوچەکە، بە شێوەیەکى ئاشتیخوازانە دژى حکوومەتى ئۆتاریتەى ئەسەد ڕاست بوونەوە. ئەسەد بەتوندى وەڵامى دانەوە و دای پڵۆسین. کۆڕ و کۆمەڵە و گرووپەکان بۆ به‌رگریکردن لە خۆیان، دەستیان بۆ چەک برد و ئیدى شه‌ڕ و پێکدادانى لێ کەوتەوە، تا بووە جه‌نگێکى ئەهلى. هەندێ سەرباز و لەشکر هاتنە پاڵ یاخیبووانەوە، لێ هەندەیش نەبوون کە سەر بکەون و جه‌نگەکە بە لایەکدا بخەنەوە.

بەڵام ئەوە بەتەنێ لەبەریەکهەڵوەشانى  سووریامان بۆ ڕاڤە ناکات. ئێستە خویایە کە دەوڵەت کز و پەڕپوت و نابود بووە، بە شێوەیەک کە ناجێگیر و لە توندوتیژى هاڵاوە. گرووپێکى کەمینە، دەستى بەسەر حکوومەتدا گرتووە. لە ماوەى چەند دەیەدا، دابەشبەندییە ئایینى و ئیتنییەکانى ناو  سووریا، گرنگیى سیاسییان زێتر پەیدا کردووە و کەمینەى دەسەڵاتڕانیان دوچارى ترس و بیم و کاردانەوە کردووە. ئەسەد پشتیوانییەکى بەهێزى لەنێو دامودەزگاکانى سوپا و ئەمندا هەیه‌ نەک لەنێو کۆمەڵانى بەرفرەى خەڵکدا، ئەمەیش واى کردووە زەبروزەنگ و توندوتیژیى زۆرتر بە دواى خۆیدا بهێنێ.

ناسەقامگیریى  سووریا بە هۆى ئەو فاکتە قووڵتر بووەتەوە کە لەو ساڵانەى دواییدا ژمارەیەکى زۆرى گوندنشینان بۆ ناو شارەکان باریان کردووه‌ و بەشێکى ئەو بارکردن و هاتنەشارەیش، بە هۆى وشکەساڵى و قاتوقڕى و گۆڕانى کەشوهەواوە بووە.

شه‌ڕوشۆڕ کاتێ لە سووریا دەستی پێ کرد، بە هۆى چەند فاکتەرێکى دەرەکییەوە خراپتر و گەرمتر بوو. دەیەیەک جه‌نگ لە عێراقى دراوسێ، کە چەند گرووپێکى سەرەڕۆ و جەربەزە و قاڵبووى جه‌نگى لێ کەوتبۆوە، بەرەو  سووریا هاتن. کێشە و هەرا و ئاریشە سیاسییەکانى عێراق لە 2011 و 2012دا فەزایەکى کراوەیان بۆ دەوڵەتى ئیسلامى کردەوە. لەو ماوەیەدا،  سووریا کەوتە نێو دەقنى ململانە هەرێمایەتییەکانى سعوودیا و ئێرانەوە.

 

3. چ وڵاتێک لەم جه‌نگەدا تێوە گلاون و لەبەر چى؟

پێنج وڵات ڕۆڵێکى سەرەکى لە سووریادا دەگێڕن و هەر یەکەیشیان ئەجێنداى تایبەت بە خۆى هەیە. مایەیخۆتێکردنى ئەو وڵاتانە جه‌نگەکەیان خستووەتە بارى تێکچەقینێکى خراپەوە.

ئێران یەکەم وڵات بووە کە تفاقى جه‌نگ و سەربازیى بۆ کۆمەککردن بە ئەسەد شاندووە. ئێران، بۆ ستراتیژیى هەرێمایەتیى خۆى،  سووریاى پێ وڵاتێکى گرنگە: ئاخر لە ڕێگەى  سووریاوە دەستى بە لوبنان و حزبوڵڵا ڕادەگا، حزبوڵڵا گرووپێکە تاران بۆ نفووزى هەرێمایەتى و بۆ بەرسنگگرتنى ئیسڕائیل بەکار دینێ کە چەکە نوکلیارییەکانى، هەترەشى ئێرانى بردووە.

عەرەبستانى سعوودى پشتیوانیى لە یاخیبووەکانى  سووریا کردووە بەو هیوایەى حکوومەتێکى دۆست، جێگەى بەشار ئەسەد بگرێتەوە و پێش بە نفووزى ئێرانش بگرێ. سعوودیا و ئێران چەند دەیەکە ڕکبەڕکى یەکتر وەستاون و لەسەر باڵادەستبوون لە ناوچەکەدا، شتێکى لە بابەتى جه‌نگى ساردیان لە نێواندایە. وڵاتەکانى دیکەى عەرەب وەک ئەردەن، قەتەر و "میرنشینە یەکگرتووەکانى عەرەب"یش پشت و پەناى یاخیگەرانن.

ململانەى ئەو دوو وڵاتە لەبەر چەندین هۆ گەورە بووە: هێزى بەرەوسەرچوونى ئێران؛ بۆشاییى هێز لە ناوچەکەدا کە دواى ڕووخانى سەدام حسێن لە ٢٠٠٣ لە عێراق هاتە ئاراوە؛ بۆشاییى زۆرترى سیاسى کە بەهۆى بەهارى عەرەبییەوە پەیدا بوون؛ هاتنەسەرکارى مەلیکێکى تازەى هەڵۆئاسا لە عەرەبستانى سعوودى؛ ترس و بیمى عەرەبستانى سعوودى، کە چیدیکە ئەمریکا وەک جاران لەگەڵ ئێراندا توند نەبێ.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا چەکوچۆڵ بە یاخیبووە سوورییەکان دەدا. ئەمریکا هەوەڵ جار چەکى بە گرووپەکانى ئۆپۆزیسۆن دەدا دژ بە ئەسەد، وەک دوژمنێکى لەمێژینە و پاشان بۆ هاندان و دەستلەپشتدانى ئەو گرووپانەى جه‌نگى دەوڵەتى ئیسلامى لە  سووریادا دەکەن. هەروا بێتەوە ئەمریکا لە دژى داعش، چەک و تفاقى جه‌نگ بە گرووپەکانى کوردیش دەدا.

تورکیا، یاخیبووە  سووریاکانى حەواندەوە و مۆڵەت و ڕێگەى بە خۆبەخشە بیانییەکان دا کە بەناو خاکى ئەودا بچنە  سووریا. هەروا تورکیا هەوڵی داوە ڕژێمەکەى بنکۆڵ بکا و تەنانەت بڕووخێنێ. پاشان تورکیا بەگژ گرووپەکانى کوردى  سووریادا چووه‌وه‌، نەبادا ئەوان پێگەى یاخیبووە کوردەکان لەناو تورکیادا بەهێز بکەن.

ڕووسيا هەر لە دەسپێکەوە پشت و پەناى ئەسەد بووە و چەکوچۆڵى پێ فرۆشتووە و سەرپۆشێکى دیپلۆماتیشى لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دابین کردووە.  سووریا دوا هاوپەیمانێکى ڕووسیایە کە تا ئێستە مابێتەوە. مۆسکۆ تاکە بنکەی سەربازى، کە لە دەرەوەى یەکێتیى سۆڤیەتى جاران بۆ مابێتەوە، لە  سووریایە. هێزەکانى ڕووسیا لە 2015دا لە کاتێکدا ئەسەد پێ دەچوو پێگەى نەمابێ و پڕزەى لێ بڕابێ، مایەى خۆیان لە جه‌نگەکەدا کرد.

 

4. ئەم جه‌نگە بۆ هێندە خوێناوییە؟

هەموو لایەنەکان چ شتى بەد و ناقۆڵا هەیە، کردوویانە، بەڵام هێزەکانى سەر بە ئەسەد تا ڕادەیەک لە هەمووان پتر کار و کردەى خراپیان کردوون. لە سەرینى ئەوەى حکوومەتەکەى هێندە بێهێز و نابوود ببوو – ئاخر بنکە جەماوەرییەکەى بەرتەسک و سوپاکەى زەبرێکى قوڕسى وێ کەوتبوو- ئەسەد لەو بڕوایەدا بووە کە دەتوانێ کۆنترۆڵى خۆى بەسەر خەڵکدا بسەپێنێتەوە و تەنیا بە زەبروزەنگ دەتوانێ سوورییەکان ناچارى ملکەچکردن و سەردانەواندن بکاتەوە. لەو نێوەیشدا، بە بەکارهێنانى چەکى کیمیایى، بۆمبە بەرمیل و برسیکردن-یشەوە. لە سەرینى ئەوەى نە ئەسەد هێندە هێزى هەبووە سەر بکەوێ، نە یاخیبووەکانیش کە جه‌نگەکە ببەنەوە. هێڵەکانى جه‌نگ گاڤێ بۆ پێشەوە چوون و گاوێ بۆ دواوە گەڕاونەتەوە و هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکان، بەر شەپۆڵى وێرانکارى کەوتوون و بە هەزاران کەس کوژراون و هەر لایەک شتێکى کەمی وەدەست هێناوە.

ده‌ستێوه‌ردانەکانى بیانى وایان کردووە جووڵە و بزاڤى هێڵەکانى پێشه‌وه‌ی جه‌نگ تەنانەت زۆر خوێناویتر بێ و، دەقن و تێکچەقینەکەیان قووڵتر ببێتەوە. وەک ئەنجامێک، بەگشتى زەبروزەنگ و جه‌نگ، خەڵکێکى زۆرى  سووریاى کوشتووە، بەبێ ئەوەى هۆکارە داینامیکییەکانى کێشەکە گۆڕانێکیان بەسەردا بێ. ساڵانى پشێوى و هەرا، نیزامى بنەڕەتییان لە سووریا هەڵتەکاند. وەک زۆر جاران وا بووە لە سایەى جه‌نگە ئەهلییە درێژخایەنەکاندا، میلیشیاکان بۆشایییەکە پڕ دەکەنەوە. سەرکردەى ئەو میلیشیایانە زێتر وەکو بازرگانى جه‌نگ دەردەکەون و ڕەفتار دەکەن و بەزۆر پارەوپووڵ و داهات لە خەڵک دەستێنن. ئەم پراکتیکە لە لایەن میلیشیا یاخیگەرەکانەوە هاتووەتە پێڕەوکردن و هەندێک لە پشتەوانانى حکوومەتیش هەر وایان کردووە.

سەرهەڵدانى داعش، هەموو ئاراستەکانى بەرەو خراپتر برد. ئەم گرووپە جیهادییە خەت و ختوتێکى دیکەى جه‌نگى دانا و بازرگانى جه‌نگى، زۆرتر بەرهەم هێنا و بەناچارى مایەیخۆتێکردنى بیانیى زۆرترى لێ کەوتەوە و لە هەموویش خراپتر، هەموو کۆڕ و کۆمەڵەکانى خستە ژێر بارى حوکمڕانێتییەکى سەڕەڕۆى ملهوڕى دەمارگیرەوە...

5. چۆن ئەم جه‌نگە بەهۆى ئایینەوە، دابەش بووە؟

هیچ شتێکى نائاساییى ئایینى لەبارەى جه‌نگى  سووریا نابینرێ، لێ هێزە سیاسییەکانى سووریا بەگوێرەى هێڵە ئایینییەکان گەمەیان کردووە و دابەش بوون. بۆ ئەوەى تێ بگەین کە بۆچى، ئایین یاریدەى شتێکى داوە کە نزیکەى ١٠٠ ساڵ پێش ئێستە دەستی پێ کردووە.

لە پاش جه‌نگى جیهانیی یەکەم، فەڕەنسا ئەو ناوچەیەى ژێر قەڵەمڕەوى دەوڵەتى تێکشکاو و دۆڕاوى عوسمانلى، کە ئەمڕۆ  سووریاى پێ دەگوترێ کەوتە دەست. فەرەنسا لە ڕێگەى گرووپە کەمینەکانەوە حوکمڕانیى سووریاى دەکرد. ئەو گرووپانە هەندە بچووک بوون کە نەیاندەتوانى بەتەنیا دەسەڵات بەبێ پشتیوانیى دەرەکى، بەڕێوە ببەن. لەنێو ئەو گرووپانەدا، عەلەوییەکان هەبوون، ئەوانە شوێنکەوتووانى لقێکى ئیسلامیى شیعەگەرن و ژمارەیەکى زۆریان لێ چوونە ڕێزى سوپاوە. هێزەکانى فەرەنسا لە 1946دا بەیەکجارى کشانەوە و ماوەیەکى درێژى بێسەروبەرى و پشێویى بە دوادا هات. لە کۆدەتاى 1970دا حافز ئەسەد، کە ژەنەراڵیکى عەلەوى و باوکى بەشار ئەسەدە، سەرکردایەتیى دەکرد، سوپاى سووریا دەسەڵاتى خۆى بەسەر سوریادا قایمتر کرد.

حکوومەتى ملهوڕى  سووریا، عەلەوى و کەمینەکانى دیکەى بەسەر ئەوانى دیکەدا سەپاند و دابەشبەندیى کۆمەڵایەتى و سیاسیى لەسەر بنەماى تایەفى فرەتر کردەوە. هاتنەئاراى جه‌نگێکى ئەهلیى تایەفەگەریى نزیک لە  سووریا، واتە لە لوبنان و سەرهەڵدانى ئیسلامى سیاسیى سوننەگەرى، ئەو دابەشبەندییەى ناو  سووریاى قووڵتر لێ کردەوە و عەلەوییەکان لەسەر مانەوە لە پۆست و پێگەکانیاندا بەردەوام بوون. لەو کاتەوە زۆرینەى خەڵکى وڵاتەکە کە سوننەمەزەبن، ئەو هەستەیان بۆ پەیدا بوو کە پێگەى ئەوان لەچاو ئەوانى دیکەدا لەخوارترە.

حکوومەتە یەک بە دواى یەکەکانى کەمینە، بوونە سۆنگەى ئەوەى وڵاتەکە ناجێگیر ببێ. هەندێ جار کەمینەکان لە جیاوازیکردن دەترسێن و لەوەیش خراپتر، نەبادا دەسەڵاتیان لەدەست بچێت، گرووپى زۆرینە وەکو سەرچاوەیەکى هەڕەشەى شاراوه‌ بۆ سەر خۆیان دەبینن نەک وەک بنکەیەکى پشتیوان. ئەوەیش وای لێ کردن زێتر مەیلیان بە لاى بەکارهێنانى زەبروزەنگدا بکەوێ بۆ هێشتنەوەى دەسەڵات لە دەستى خۆیان- دەق ئەسەد وای کرد کاتێ کە هێزەکانى، تەقەیان لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان کرد لە  2011دا.

کاتێ کە جه‌نگ گەرمتر و تیرتر بوو، زۆر کەس لە سورییەکان وەلائى خۆیان لەسەر بنەماى ناسنامەى مەزهەبى داڕشتەوە. لێ لەبەر ئەوە نەبووە کە ئەوان لە سەرەتاوە بە هۆى ئەندێشەى ئایینى یان ئیتنى هاتبنە مەیدانەکە. بەڵکە، بۆ به‌رگریلەخۆکردن کەوتنە ئەو سەنگەرەوە. کەمینەکان دەترسێن لەبەر باکگراوندە تایەفى و ئایینى و ئیتنییەکانیان، لایەنەکەى دیکە بیانکەنە نیشانە و سێرەیان لێ بگرن، لەوما ئەوان کاتێ هەست بە تەناهى دەکەن کە لەگەڵ گەلەکەکەى خۆیاندا بن. ئەوەیش کارەسات و کوشتوبڕ بەرهەم دێنێ: ئەگەر عەلەوییەکان وەکو لایەنگرێکى خواسایى ئەسەد چاویان لێ بکرێ، ئیدى میلیشیا سوننەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەى کە هەموو عەلەوییەک هەڕەشەیەکە بۆ خۆى و بەو پێیەیش مامەڵەیان لەگه‌ڵدا دەکەن و ئەوەیش وا دەکات عەلەوییەکان بکەونە پێگەى به‌رگریکردن لە خۆیانەوە.

لە هەمانکاتدا، جه‌نگى بەوەکالەتى نێوان ئێران – عەرەبستانى سعوودى دیسانەکینێ بەگوێرەى خەتى مەزەهەبى، دابەش بووە. عەرەبستانى سعوودى پشتى سوننەکان دەگرێ و ئێرانیش لە سەرانسەرى ناوچەکەدا خۆى بە پشتیوانى شیعەکان دەزانێ. بۆ هەر دوو وڵات، مەزهەبگەرایى بووەتە ئامرازێک کە لەو ڕێگەیەوە ئەو دووانە هێزە کرێگرتەکانى خۆیان هان بدەن و ترس و بیم لەناو لایەنەکەى دیکەدا بڵاو بکەنەوە.

6. دەوڵەتى ئیسلامى لە کوێوە هەڵتۆقى؟

ڕەگ و ڕیشەى ئەم گرووپە، دەچێتەوە سەر دوو جه‌نگى پێشتر و ئەو داگیرکارییە بیانییەى بەدواى ئەو دوو جەنگەوە هاتن: پەلامارى 1979ى یەکێتیى سۆڤیەت بۆ سەر ئەفغانستان و هێرشى 2003ى ئەمریکا بۆ سەر عێراق. لە یەکەمیاندا، خۆبەخشە عەرەبە سوننەمەزەبەکان شان بە شانى یاخیبووە ئەفغانییەکان جەنگان و دواتر بزووتنەوەیەکى جیهادیى جیهانییان دامەزراند، بە ئەلقاعیدەیشەوە. لە جه‌نگى دووەمیاندا، ئەلقاعیدە و گرووپە سوننەکانى دیکە ڕژانە ناو عێراق بۆ جه‌نگان لەگەڵ ئەمریکایییەکان و خەڵکى شیعەمەزەب کە زۆرینەى دانیشتووانى عێراق پێک دێنن.

لەم بوارەدا، ناوێکى دیار، ئەبولموصعیب ئەلزەرقاوییە، کە توندڕۆیەکى ئۆردنى و لە 1990ەکاندا لە ئەفغانستان و لە 2000ەکانیشدا لە عێراق جەنگابوو. ڕوانگە و میتۆدەکانى زەرقاوى، زۆر سەرەڕۆتر و دراماتیکیتر بوو لە ئەلقاعیدە. ئەو لە جه‌نگى عێراقدا هەڵکەوت، ئەو تاکتیکانەى ئەو بەکاردەهێنان، ئێستە داعش بەزیادەوە بەکاریان دەهێنێتەوە: سەربڕین و بەڤیدیۆنیشاندان، دەستە دەستە، کوشتنى ئەو مسوڵمانانەى کە ئەوان بە بێباوەڕیان دادەنێن، هێرش و پەلاماردان بە مەبەستى خۆشکردنى ئاگرى جه‌نگى شیعە- سوننە.

ئەلقاعیدە داواى لە زەرقاوى کرد گرووپەکەى خۆى وەکو ئەلقاعیدە لە عێراق ناو بنێ و بناسێنێ، بەڵام ئەو دوو تاقمە لە ڕووى ستراتیژى و ئایدیۆلۆژییه‌وە لە پیلەکەدا بوون کە دەیەیەک دواتر لە  سووریا بووە کێشە و پێکدادان لەنێوانیاندا... زەرقاوى لە 2006دا کوژرا و، ئیدى سوننە عێراقییەکان لە گرووپەکەى هەڵگەڕانەوە. بەڵام حکوومەتى باڵادەستى شیعەى عێراق پەرەى بە سیاسەتى ملهوڕانە و تایەفییانەى خۆى دا و، کەمینەى سوننەى پێ دڕدۆنگ بوون. حکوومەت، گەلێک ئەفسەرى بەئەزموونى سوپا و ئاسایشى سوننەمەزەبى لە وەزیفە لا دا و هەوادارانى سیاسیى خۆى لە جێگە دانان.

پاشماوەکانى گرووپەکەى زەرقاوى، ناوى خۆیان بۆ دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق گۆڕى و ئەو هەلومەرجانەیان بۆ خۆسازدانەوە کە لە 2011 و 2012 دا هاتنە کایەوە، قۆستەوە. بۆ نموونە دەرچوونى خەڵکێکى توندڕۆ لە زیندانەکانى عێراق. سەرکردەکەیان، ئەبوبەکر ئەلبەغدادى، ڕوانگەکانى زەرقاوى لەگەڵ جۆرێ لە ڕوئیاکانى خۆى تێکەڵ کرد و لە گەرمەى بێسەروبەرى و تێکهەڵچوونەکانى ناوچەکەدا، هاتە مەیدان.

بەغدادى، ئەفسەرێکى باڵاى بۆ جه‌نگى سووریا نارد تا لقێکى نوێى ئەلقاعیدە لەوێ دابمەزرێنێ: واتە جەبهەى نوصرە، کە ئێستە بە جەبهەى فەتحى شام ناسراوە. لە 2013دا، بەغدادى خۆى وەک سەرکردەى هێزەکانى ئەلقاعیدە لە عێراق و سووریا ڕاگەیاند. پاش ساڵانێک لە بێنەوبەردە لەگەڵ ئەلقاعیدەدا، گرووپەکان لە دیماهیدا لێکجودا بوونەوە. بەغدادى- کە ناوى لە هێزەکەى خۆى نا دەوڵەتى ئیسلامى- پەلامارى  سووریاى دا و، کەوتە جه‌نگ لەگەڵ هاوپەیمانەکەى جارانی، ئەلقاعیدەدا.

دەوڵەتى ئیسلامى دەوڵەتۆکەیەکى لەو بێسەروبەرییەى  سووریادا بۆ خۆى دامەزراند، پاشان داعش وەکو بنکەیەک بۆ پەلاماردانى عێراق لە 2014دا بەکاری هێنا. داعش تاکتیکە خراپەکانى زەرقاویى دووبارە و چەندبارە کردەوە بە شێوەیەکى بەرفرەوان و کار و کردەکانى جینۆساید و کۆکوژیى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە دەرەوەى ناوچەکەدا ئەنجام دا و خۆبەخشى بێگانەى لە وڵاتە دەوڵەمەند و هەژارەکاندا بۆ لاى خۆى ڕاکێشا.

7. لەبەر چ قەیرانى پەناهەندان هێندە توند و تووشە؟

لە ئاکامى جه‌نگ لە  سووریادا، نزیکەى 5 ملیۆن کەسێک بوونەتە پەنابەر. ئەو پەراگەندەبوونە بەکۆمەڵە، (3) کۆمەڵە گرفت و ئاریشەى دروست کردوون، هەموویان ترسناک و کارەساتئامێزن: قەیرانێکى ئینسانى بۆ پەنابەران خۆیان، قەیرانێکى پۆتانسیۆڵ بۆ ئەو وڵاتانەى کە میواندارییان کردوون و قەیرانێکى سیاسى لە ئەوروپا کە چ لەو پەناهەندانە بکەن.

پەنابەرانى سوورى ڕووبەڕووى نەخۆشى و برسێتى دەبنەوە. وڵاتە میواندارەکان زۆر جاران ڕێگەى کارکردنیان لێ دەگرن، واتە خێزانەکان ناتوانن خۆیان، خۆیان بەخێو بکەن. زۆر لە منداڵە سوورییەکان لە خوێندن و فێربوون بێبەش بوون، ئەوەیش گرفتێکە بۆ منداڵان و لە ژیاندا دوا دەکەون. زۆربەى پەنابەرەکان لە ئۆردن، لوبنان و تورکیا و وڵاتانى دراوسێ گیرساونەتەوە کە هەندە سەرچاوەى داهاتیان نییە کە کۆمەک و یاریدەیان بدەن. ئەو هورژمەى پەنابەران، دەکرێ ببێتە مایەى ناسەقامگیرى بۆ ئەو وڵاتانە، بەتایبەتى لە ئۆردن و لوبناندا کە پەنابەرانى سوورى، بەشێکى گەورەى دانیشتووان پێک دێنن.

زۆر لە پەناهەندەکان ناتوانن لەگەڵ ژیانى ناو کەمپاندا هەڵبکەن و هەر چۆنێک بووە خۆیان دەدەنە دەست قەدەرى گەشتێکى پڕ مەترسى بۆ ئەوروپا. دەنگدەرانى ئەوروپى تا ڕادەیەکى زۆر هاتنى ئەو لێشاوەى پەنابەرانیان بۆ وڵاتەکانیان پێ ناخۆشە و پشتیوانى لە ڕێوشوێنى توندوتیژ دەکەن بۆ کردنەدەرەوەى سوورییەکان و کۆچبەرانى دیکە لە وڵاتەکانیاندا.  سەرکردەکانى ئەوروپا وازیان لە گەڕان و ڕزگارکردنى ئەو کەسانە هێناوە کە لە دەریاى سپیى ناوەراستدا گیر دەخۆن، بە شێوەیەکى پاژەکى، وەڵامدانەوەیەکى ئەو سکاڵایانەیە کە ڕزگارکردنى ژیانى پەنابەران لە دەریادا لەوانەیە هانى خەڵکێکى زۆرتر بدا، ڕوو بکەنە ئەوروپا و خۆ بدەنە دەست مەترسیى ئەو ڕێگەى هات و نەهاتەوە. سەرکردەکانى کەمپەینى هاتنەدەرێى بریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپى، لەسەر ئەرگیومێنتى دژایەتیکردنى وەرگرتنى پەنابەرە سورییەکان دامەزرابوون.

هەڵوێستى ئەوروپا بە هۆى داکەوتنى ئابوورییەوەیە؛ دژایەتیکردنى یەکێتیى ئەوروپى کە ڕێگەى بە ژمارەیەکى بێسنوور لە کۆچبەران دا لە نێوان دەوڵەتە ئەندامەکانیدا؛ نیگەرانیى دیموگرافى لە ماوەى درێژخایەندا کە وا دەکات دانیشتووان ناجۆر و لێکبڵاو بێتەوە. وەک ئەنجامێک، گەلێک لەو پەنابەرانە لە کامپەکانى ئیتالیا و یۆناندا چەقیون. زۆرێکیشیان لە ڕێگەى گەییشتنە ئەوروپادا مردن. وڵاتانى ئەوروپى، له‌گه‌ڵ ئەمریکا و کەنەدا، هەزاران پەنابەریان وەرگرت، بەڵام، بەس نەبووە هۆى ئەوەى کە قەیرانەکە چارە بکەن.

 

سەیرى ئەم لینکە بکە:

http://www.nytimes.com