چۆن دەکرێ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا، بەپێی پێکدادانی شارستانییەتەکان شی بکەینەوە

2016-10-10

چۆن دەکرێ پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەمریکا، بەپێی پێکدادانی شارستانییەتەکان شی بکەینەوە

 

نووسینی: Calogero Nicosia

پێنووس: جیۆپۆلیتیکی تورکیا پاش کۆدەتاکەی جولای ٢٠١٦، سەرنجەکان زیاتر ڕادەکێشێ. سەردەمی کەمالیزم کە تێدا سوپا پارێزەری سێکولاریزم بوو، کۆتاییی پێ هات. "ئاکپارتی" و سەرۆکە کاریزماکراوەکەی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، زیاتر لە جاران ئازادە بۆ ئەوەی درێژە بە پرۆژەکەی بدات بۆ ئەوەی پاڵ بە کۆمەڵگەی تورکییەوە بنێت تاکوو بەرەو ڕابردووە ئیسلامییەکەی هەنگاو بنێت. لەم وتارە کورتەدا، ئێمە هەوڵ دەدەین تێگەییشتنێکی ڕاستەقییەنە بۆ سەرلێشێواویی جیۆپۆلیتیکی تورکیا بخەینە ڕوو، کە لە بیرۆکەی "پێکدادانی شارستانییەتەکان"ی "ساموئێل هانتینگتۆن"ەوە سەرچاوە دەگرن. 

 کاتێک چاو لەوە دەکەین کە چۆن ئاکپارتی هێز دەگرێ بۆ ئەوەی هەستی دژبەری، بەرامبەر بە ڕۆژاوا لەنێو خەڵکی تورکیادا پەرە پێ بدات، هەروەها ئەو ڕۆڵی گوماناوییەی تورکیا لە جه‌نگی ناوخۆی سووریادا هەیەتی، ئەو چوارچێوەیه‌ی کە هانتینگتۆن دەیخاتە ڕوو، دەتوانێ ئەوەی لەم ڕۆژانە لە تورکیادا ڕوو دەدات بۆمان شی بکاتەوە، لە هەمان کاتدا، دووبارەداڕشتنەوەی نەزمی جیهانی، کە زاناکەی "هاروارد" باسی دەکات، ئەو دەرفەتە دەداتە ئێمە، بیر لە ئەگەرەکانی داهاتوو بکەینەوە.

گرنگترین پەیام کە لە پێکدادانی شارستانییه‌تەکانەوە دەگاتە ئێمە، ئەوەیە کە سەردەمی پاش جه‌نگی سارد، جیهان لە دووجەمسەرییەوه‌ بۆ چەندجەمسەریی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڕوات و دەوڵەتەکان پەیوەندییەکانی خۆیان بەپێی گرێدراوییە کەلتوورییەکانیان ڕێک دەخەن. بەم پێیە، کەوتنی یەکێتیی سۆڤیه‌ت بە مانای کۆتاییی جه‌نگه‌ ئایدیۆلۆژییەکانە و، گۆڕینیان بۆ هەلومەرجێک کە پێکدادانی کەلتووری مانایان دەبێ. هانتینگتۆن هەشت شارستانییەتی گەورە پێناسە دەکات و پێشبینیی جه‌نگ لە نێوان شارستانییەتەکان دەکات. لە بەرامبەردا، ململانێکانی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ حه‌نگ لەناو شارستانییه‌تەکان، بۆ ئەوەی باڵادەستی لەناو خودی ئەو شارستانییەتانەدا بەرهەم بێت.   

لە بەشی سێیەمی کتێبەکەیدا، ئاوڕ لە تورکیا دەداتەوە؛ وڵاتێک کە بە هۆی ڕۆڵی مێژووییی لە ناوچەکە و، پێگە جیۆپۆلیتیکییە ناوازەکەی، وەک پردێکە لە نێوان دوو کیشوەر و دوو شارستانییەتدا. ئەگەر بە زمانی هانتینگتۆن قسە بکەین، دەتوانین بڵێین کە تورکیا باشترین نموونەی بەریەککەوتنی هێڵی شارستانییەتەکانە. تورکیا دەوڵەت_نەتەوەیەکە کە بەشداریی دوو جه‌نگی شارستانییه‌تەکان بووە لەگەڵ دوو شارستانییەتی بیانی (ڕۆژاوای کریستیان و ڕووسیای ئۆرتۆدۆکس لە ڕۆژهەڵات)، لە هەمان کاتدا بەشدارێکی گرینگ بووە لە ململانێی ناوخۆییی شارستانییەتی ئیسلامی، بۆ ئەوەی لە ململانێی شیعە و سوننەدا باڵادەستی بەدەس بێنێ و، هەمیش لەناو خودی بلۆکی سوننەدا.  

لە سەردەمی جه‌نگی سارددا، تورکیا پەیوەستی هاوپەیمانی ڕۆژاوا بوو، بۆیە لە یارمەتیی ئابووری و تەکنۆلۆژیی سەربازیی ناتۆ کەڵکی وەرگرت. سێکولاریزمی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆژیی کەمالیزم و هیواکان بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا بوون بە هۆی پەیوەندییەکی باش لە نێوان ڕۆژاوا و تورکیادا. هەروەها، ئەمریکا هاندەری ئەوە بوو کە تورکیا لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا ڕابێت بۆ ئەوەی سنوورەکانی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا یەک بگرنەوە. لەم هەلومەرجەدا، تورکیا وەک قەڵغانێک بوو لە نێوان ڕۆژاوا و ڕووسیا لە کەنارەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی مدیتەرانە (ده‌ریای ناوه‌ڕاست) و دەریای ڕەشەوە.

کاتێک جه‌نگی سارد کۆتایی هات، ویستەکانی ڕابردوو دەستیان بە گەشه‌کردن کرد و، بوو بە باهۆزێکی بەهێز بۆ پاڵپشتیکردنی پۆپۆلیزمی ئیسلامی؛ کەمینەیەکی بچووک، سێکولار و خوێنەوار، کەوتنە بەرامبەر جەماوەرێک بە پاشخانی ئایینییەوە. سیستەمی سێکولار کە لە لایه‌ن دەوڵەتەوە سەپێنرابوو، کەوتە بەرامبەر هەستێکی بەربڵاوی ئایینی کە لە لایه‌ن چینەکانی خوارەوە پاڵپشتی دەکرا. شەرمەزاری، بەرامبەر بە ئیمپراتۆرییە مەزنەکە و، جۆریک لە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بوون بە بەشێک لە هاوپەیمانی، کە وەک یانەی کریستانەکان ناسراوە و پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکات بەرامبەر بە فەلەستینییەکان، هەموو ئەمانە وای کرد کە ئەو هەستەمان پێ ببەخشێ کە بیرۆکەی ڕۆییشتنی تورکیا بۆ ناو یەکێتیی ئەوروپا ڕەت بکرێتەوە. هەموو ئەم ناڕەزایەتییانە لە چوارچێوەی خانەی هەستێکی جیۆپۆلیتیکیدا، بوون بە ڕێگه‌یەک بۆ هاندانی جەماوەر و پاڵپشتیکردنیان لە ڕاپەرین و شانازیکردن بە شانازییەکانی ئیمپراتۆریی عوسمانی لە سەردەمی کۆن، کە وەک عوسمانیی نوێ ناوی دەبەن.  

پێشبینییەکانی پێکدادانی شارستانییەتەکان لە نموونەی تورکیادا بەرچاو دەکەون، کاتێک بەرە بەرە دەسیان بە گۆڕینی جیۆپۆلیتیکی کردووە و، فاکتەری ئایینی دەبێتە ئەساسێک لە ستراتژییەکەدا. گفتگۆیەک کە دژ بە ئیسرائیل بەکاری دێنن، بانگەوازێک کە بۆ یەکێتیی مسوڵمانان دەیکەن، سازکردنی دەیان مزگەوت، ئەو سیمایانەی کە پێشان دەدەن ئەردۆغان لە مزگەوت نوێژ دەکات، بەکارهێنانی قورئان لە کۆبوونەوە گشتییەکانی ئاکپارتی و ...، مەبەستەکانی ئەردۆغان، بەسادەیی دەبینرێن "پۆپۆلیزمی ئیسلامی"یە. پەیامەکە هەمان مانای "ڕابردوو"ی هەیە؛ لە باڵکانەوە پاڵپشتیی ئەفسانەی ئه‌ڵبانیای گەورە تاکوو سۆماڵیا دەکەن، هەروەها هێڵی ئاسمانیی تورکیا، هێڵێکی بەردەوام و سەقامگیری لە کۆزۆڤۆ بۆ ئۆزبەکستان ساز کردووە، بۆ ئەوەی ئاسمانێکی نوێ لە کاریگەریی تورکیا ساز بکات.

لەم بەستێنەدا، بۆ ئەوەی هانی گوتاری تورکیای بەهێز بدەن، وەک ڕێبەی مسوڵمانان و پارێزەریان، سروشتی و بەردەسترین ئامانج ئیسرائیلە وەک گەورەترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. کەیسی کەشتیی مەرمەرە، لووتکەی ئەم پرۆپاگه‌نده‌ ئیسلامییەیە و، هەروەها هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە ئانکارا لە ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠١٦، ئیتر گومانەکان دەڕەوێنێتەوە. لەم نموونەیه‌دا، هێرشبەران لە لاین ئانکاراوە وەک "شێت" ناوزەد کران، بەڵام ئەم کارە شێتانە لە پەیامی گریانی "ئەردۆغان"، پێش هێرشه‌کە دەردەکەوێ: "ئێمە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادپەروەر دەکەین".

هەنگاو بە هەنگاو سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە سفرکردنی کێشە لەگەڵ دراوسێکان، گۆڕا بۆ عوسمانیزمی نوێ و، لەم ساڵانەدا ناکۆکی لە نێوان بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ڕۆژاوا په‌ره‌یان سه‌ندووه‌. پێشتر ئاماژەمان بە ناکۆکی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، کە لە دواییدا پاڵنەر دەبەن بۆ ئەوەی بلۆکێکی جیۆپۆلیتیکی لە نێوان بولگاریا، ئەسینا و قوبرس بۆ ڕاوەستاندنی تورکیا لە ناوچەکەدا ساز بکرێت.  

دیارە، دەبێ ئاماژە بە جیاوازی لە نێوان تورکیا و ڕۆژاوا لە ماوەی "بەهاری عەرەبی"دا بکەین. لە نموونەی میسر، بۆمان دەردەکەوێ کە هەردوو لا، لە دوو به‌ره‌ی جیاوازدا جێگه‌یان گرت کە ڕۆژاوا پاڵپشتیی "سیسی"ی دەکرد و، ئەردۆغان لە پشت "مورسی" و "ئێخوان موسلمین"ەوە بوو.   لە کۆتاییدا، جیاوازییەکان لە جه‌نگی ناوخۆی سووریا سەبارەت بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە کوردەکان دەردەکەوێ، کە تورکیا بە مەترسییەکی زیاتر لە دەوڵەتی ئیسلامی ناوزەدیان دەکات. لە هەمان کاتیشدا ئەو گومان و لێڵییەی کە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی تورکیا و دەوڵەتی ئیسلامی بوونیان هەیە.

بە لە بەرچاوگرتنی هەموو ئەمانە، پێ دەچی تاوانبارکردنی ئەمریکا لە پاش کۆدەتاکەی مانگی جولای، بەتەواوی ئاسایی بێ. دەردەکەوێ کە ئەردۆغان و تورکیا، دژ بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژاوا ڕەفتار دەکەن و، لە قەیرانی پەنابەران، وەک کەرەسەیەک بۆ گوشارخستنەسەر یەکێتیی ئەوروپا کەڵک وەردەگرن. لە ئێستادا، سەرکۆمار ئەردۆغان، دەتوانێ کۆدەتا شکستخواردووەکە وەک دوا بەڵگەی پیلانی ئەمریکا دژ بە خۆی، خەڵکی تورکیا و ئیسلام بزانێ.

پرسیارە سەرەکییەکان لێرەدا ئەمانن: ئاخۆ ئەم سەرلێشێواوییە، دەتوانرێ پێشی پێ بگیردرێت؟ دواجار چی ڕوو دەدات؟

بە لەبەرچاوگرتنی بیرۆکەی پێکدادانی شارستانییەتەکانی هانتینگتۆن، ئەوە ڕوونە کە هەوڵەکانی ڕۆژاوا بۆ لکاندنی تورکیا بە شارستانیەتی ڕۆژاوا، شکستیان هێناوە. تورکیا، جیۆپۆلیتیکی خۆی بەرەو ڕۆژهەڵات ئاراستە دەکات و، هەوڵ دەدات پانتای کاریگەریی تورکیا لە کۆزۆڤۆوە بۆ میسر لە ڕێگەی سۆماڵیا و ئاسیای ناوەڕاسته‌وە بونیاد بنێت؛ ئەو خۆی وەک ڕێنوێنیکەری هەموو نەتەوەی تورک و پارێزەری شارستانییەتی مسوڵمانەکان پێشان دەدات. لادان لە بلۆکی ڕۆژاوا، هاوکات دەبێ لەگەڵ لادان لە دیموکراسیی ڕۆژاوایی: خۆپێشاندانەکانی پارکی گەزی، تاوانبارکردن بەوەی دژەجولەکەیە، بێدەنگکردنی میدیاکان، گۆڕینی دەستووری هەمیشەیی، دروستکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی، دەسنیشانکردنی زاواکەی وەک وەزیری نەوت، هەڕەشەکردن لە دادگه‌ی دەستوری؛ هەموو ئەمانە نیشانەگەلێکن لە سەرهەڵدانی "دەوڵەتی پیاوێک ". 

هەروەها، کە هانتینگتۆن لە وتارەکەیدا باسی دەکات، ئەگەر تورکیا هاوپەیمانێکی جێگه‌ی متمانە بوو لە جه‌نگی باڵکان، لەبەر ئەو ڕاستییە بوو کە ناتۆ پاڵپشتیی لە کەمینەی مسوڵمان دەکرد دژ بە ڕووسیا. لە کۆتاییدا لە جه‌نگی ناوخۆی سووریا، جیاوازیی نێوان ڕۆژاوا و تورکیا ئاشکرا بوو. ئەگەر لە سەرەتاکاندا ئەمریکا و ئەردۆغان، لە نەهێشتنی کاریگەریی ڕووسیا لە ناوچەکە و، هەروەها لاوازکردنی پێگەی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانجێکی هابەشیان هەبوو، هەلومەرجەکە بەرە بەرە گۆڕانی بەسەردا هات، بە شێوەیەک کە هەڕەشەی دەوڵەتی ئیسلامی، گرینگی زۆرتری بۆ شارستانییەتی ڕۆژاوا پەیدا کرد و، بوو بە هۆی ئەوەی هێزە کوردییەکان ببن بە هاوپەیمانی ئەمریکا لە جه‌نگه‌کەدا. تورکیا ڕەتی کردەوە کە لە بلۆکی ڕۆژاوا و لە دەرەوەی دەوڵەتە سەرەکییەکاندا، ڕۆڵی پلە دووی هەبێ. ئەردۆغان گومانی لەوە نەما کە لە ڕووسیا نزیک ببێتەوە و ڕێكکەوتنی نهێنی لەگەڵ پووتین بکات: پاش ئەوەی کە سووریا و ڕووسیا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە ململانێ ئێتنیکییەکان دەربڕی، تورکیا دەستی دایە پەلاماری "قەڵغانی فورات"، کە ئامانجه‌ سەرەکییه‌كه‌ی، ڕاگرتنی هێزە کوردییەکان بوو.

کۆتا وانەیەک کە ئێمە لەم ڕووداوانەوە فێر دەبین، دەگەڕێتەوە بۆ كه‌موكوڕییه‌کانی بەجیهانیبوون و شکستی سیاسەتی هێزی نەرم، کە هێندێ لە لێکۆڵەرە گەشبینەکانی ئەمریکا سەبارەت بە تورکیا و ڕۆژاوا باسیان دەکرد. بەتایبەتی، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئۆبامادا، ئامانج ئەوە بوو تاکوو پیشان بدەن کە ئیمکانی ئەوە هەیە له‌ پێکدادانی شارستانیەتەکانه‌وه‌ ده‌رباز ببین: پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا، دەتوانێ بیسەلمێنی کە ئیمکانی ئەوە هەیە کە تێکەڵاویی نێوان شارستانییەتەکان، لە ڕێگە و لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان، بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا وەک ڕێبەری جیهانی ئازاد، بگاتە ئەنجام. ئەم ئارەزووە، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە یەکەمی سەفەری ئۆباما بۆ تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩ ڕووی دا. ئۆباما گوتی: "لەو باوەڕەدام ئیرادەیه‌کی بەهێز بۆ بونیادنانی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و تورکیا هەیە و، لە هەمان کاتدا ئیرادەیەک هەیە کە ئەمریکا و تورکیا دەتوانن مۆدێڵێک لە هاوکاریی نێوان نەتەوەیەکی بەگشتی کریستیان و نەتەوەیەکی بەگشتی مسوڵماندا ساز بکەن...." ئەو، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد كه‌ "ئێمە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی جیهانیی مۆدێرن ساز بکەین کە جێگه‌ی ڕێز، ئەمن و ئارام و پێشکەوتنخواز بێ و، ئاژاوەی تێدا نەبێ (نەهێشتنی مەودایەک بۆ ئاژاوەی نێوان که‌لتوورەکان)، ئەمە ئەو شتەیە کە من پێم وایە زۆر زۆر گرینگە."  

حەوت ساڵ دواتر، ئێمە دەتوانین بڵێین کە نموونەی تورکیا بۆ مۆدێڵی هاوکاریی نێوان شارستانییەتەکان شکستی خواردوە. هانتینگتۆن، تورکیای وەک وڵاتێکی "بەرزەخی" ناوزەد کرد کە لە نێوان شارستانییەتی ڕۆژاوا و مسوڵماندایە. بە هەر حاڵ، لە سەردەمی ئەردۆغان، ئەم دوانەیییە چارەسەر کراوە و ڕەگی ئیسلامییەکان پەرەیان ستاندووە. سەدەیەک پێش ئێستا، ئیمپراتۆریی تورکەکان بە شێوەیەکی توند ڕووخا؛ لە ئێستادا تەپوتۆزەکانی دەردەکەون و وەک سیمرغ زیندوو دەبێتەوە، وا دیارە ئەمپریالیزمی عوسمانی جارێکی تر سەر هەڵدەداتەوە و، لە لایه‌ن ئاکپارتییەوە پاڵپشتیی دەکرێت. ڕێبەری ئەو پارتە، لە ساڵی ١٩٩٧ چەند دێرە شێعرێکی لە "زیا گۆکالپ" خوێندەوە: "مزگەوتەکان قەڵا (سەنگەر)ی ئێمەن، و منارەکان نەیزەکانمان." بەداخەوە، پێکدادانی شارستانییەتەکان وەک چوارچێوەیەکی مانادارە بۆ ئەوەی ئەگەرە جیۆپۆلیتیکییەکانی ئەم دوایییانەی تورکیا بسەلمێنێ.   

ئەگەر ڕۆژاوا دەیەوێ درێژە بە جه‌نگ بۆ بەها و ئایدیاکانی بدات، دەتوانێ بە ئەنجامی بگەیەنێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕیاڵ پۆلیسی (Real policy). ڕۆژاوا پێویستە باوەڕی بە نوقسانییەکانی بەجیهانیبوون بێنێ و، ئەو ڕاستییە بزانێ کە بەها دیموکراسی و مرۆیییەکان لە میراتی کریستانییەتەوە سەرچاوە دەگرن و،  ئەوانە بۆ هەناردەکردن نابن. بەشێکی زۆر لە ڕێبەرانی ئاکپارتی لەو باوەڕەدان کە ئاکپارتی پێشڕەوی وەرچەرخانێکی مێژوویییە، لە ڕێگەی کۆتاییهێنان بە "کەمالیزم" و نەزمی "سایکس_پیکۆ" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆمەڵێک لە لاپەڕەکانی سەدەی ڕابردوو دادەخات. لەم هەلومەرجەدا، وڵاتانی ڕۆژاوایی، پێویستە بەوردی چاودێریی گۆڕانکارییە نوێیەکان بکەن و، لەوە دڵنیا بن هەموو ئەگەرەکان لەبەرچاو گیراوە بۆ ئەوەی دووریی بکرێت لە ئاژاوەی زیاتر لە ناوچەکە، هەروەها هەر دوو لایه‌نی ڕۆژاوا و تورکیا دڵنیا بکاتەوە کە وەک ئامانجێک لە پەیوەندییەکانیاندا، کار بۆ ئاشتی دەکەن. ئێمە دەبێ لەوە تێ بگەین کە ڕاستکردنەوەی سیاسەتەکان و پەسیڤبوونی کوێرانە، ناتوانێ ڕێگری لە پێکدادانی شارستانییەتەکان بكات، ئەگەر لایه‌نی تر ئامادەی ئەم دیالۆگە نەبێ. پەیوەندیی ئاشتییانە، دەتوانێ لە ڕێگەی ئەوەی هەر دوو لا ئارەزووی هاوبەشیان هەبێ بۆ ئەوەی بە ڕێزگرتنی دوولایه‌نە چێژ لە ئاشتی ببینن، بەرهەم بێت. لە هەمان کاتدا، پۆپۆلیزمی ئایینی وەک کەرەسەیەک بۆ بەدەسهێنانی دەسەڵاتداری، ڕەت بکرێتەوە.    

 

سەرچاوە:

https://www.geopoliticalmonitor.com