ئایا ئەمریکا دژی جیهانە؟ ئەمریکای ترامپ و ڕێکخستنی نوێی جیهانی

2016-11-22

ئایا ئەمریکا دژی جیهانە؟ ئەمریکای ترامپ و ڕێکخستنی نوێی جیهانی


فرانسیس فۆکۆیاما

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر

 

لە کۆتاییی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زانا و بیرمەندێکی سیاسی پێی وا بوو، [لیبڕاڵ دیموکراسی] هێما و ئاماژەی کۆتاییی مێژووە، ئەو ئێستا وای بۆ دەچێت کە سیاسەتی نەتەوەگەرایییانە دووبارە ڕۆژاوا دادەڕێژێتەوە و بەرزەفتی دەکاتەوە.
سەرکەوتنە سەرسووڕهێنەرەکەی ترامپ بەسەر هێلاری کلینتۆندا لە هەڵبژارنەکەی ئەم دوایییەدا، چرکەساتێکی مێژوویی بوو، نەک تەنیا لە دنیای ئەمریکی و سیاسەتی ئەمریکیدا، بگرە بۆ تەواوی ڕێکخستنی جیهانی و سیاسەتی جیهانی. پێ دەچێت پێ بنێینە نێو سەردەمێکی تازەی ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیسته‌وه‌. پێ دەچێت ڕێکخستنی لیبڕاڵیزمی زاڵ و باڵادەست، کە لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا بنیات نراوە، بکەوێتە ژێر هەڕەشەی تووڕەییی پەنگخواردووی زۆرینەی دیموکراسییەوە. مەترسیی خزانە نێو جیهانێکی پڕکێشمەکێش و ناسیۆنالیزمێکی تووڕە، گەورە بووە و، ئەگەر ئەمەیش ڕوو بدات بە چرکەساتێکی گرنگ و گەورەی هاوشێوەی ڕووخانی [دیواری بەرلین] لە ١٩٨٩دا، دێتە هەژمارکردن.

ئەتوارەکانی سەرکەوتنەکەی ترامپ، بنەمایەکی کۆمەڵایەتیی دەبێت لەو بزووتنەوەیەی کە دەستی بۆ بردووە. چاوخشاندنێک بە نەخشەی هەڵبژاردن پێمان دەڵێت کە لایەنگرانی "هیلاری کلینتۆن" لە ڕووی جوگرافییەوە، شارەکانن، شان بە شانی کەناراوەکان؛ کەچی ڕێڕەوی سەرەکیی دەنگەکانی "ترامپ"، لادێ و شارۆچکە بچووکەکانن. سەرسووڕهێنەرترین گۆڕان، هەڵگەڕانەوەی  پێنسیلڤانیا، میشیگان، ویسکۆنسن؛ سێ ویلایەتی پیشەسازی لە باکوور، کە لەو هەڵبژاردنەی دواییدا پاڵپشتی دیموکراتەکان بوون و، کلینتۆن لە کەمپینی هەڵبژاردنەکەدا ئەوەندە بێزار و سەرگەرمی نەکردبوون و تەنانەت کەمپەینیشی تێدانەکرد. ترامپ، بەهۆی بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەو کرێکارانەی کە کرابوونە دەرەوەی پڕۆسەی پیشەسازیبوون، توانیی سەر بکەوێت. ترامپ بەڵێنی دابوو کە "شکۆ بۆ ئەمریکا بگەڕێنێتەوە"، کاریش بۆ کرێکارەکان بگەڕێنێتەوە.

پێشتر ئێمە ئەم چیڕۆکەمان بینیوە. چیڕۆکی [بڕێکزت] ئەوانەی کە پاڵپشتیی چوونەدەرەوەی بریتانیایان کرد لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەوانیش خەڵکی لادێ و شارۆچکە بچووکەکان و دەرەوەی لەندەن بوون. ئەمە بۆ فەڕەنسایش ڕاستە، کاتێک کرێکارە دەنگدەرەکان کە دایک و باوک و داپیر و باپیرەیان هەمیشە دەنگیان بە حزبی کۆمۆنیست و سۆسیالیست و، دەنگیان بۆ بەرەی نیشتیمانی (مارین لە پێن) دەدا.

بەڵام ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیست لەو دیاردەیە زۆر فراوانترە، ڤلادیمیر پووتین پشتیوانییەکی ئەوتۆی نییە لە شارە گەورەکانی وەک سه‌نپێتێرزبۆرگ و مۆسکۆ، چونکە ئاستی ڕۆشنبیرییان زۆر بەرزە؛ بەڵام پشتگیرییەکی گەورەی لە سەرانسەری وڵاتدا هەیە. هەمان شتیش ڕاستە بۆ "ڕەجەب تەییب ئەردۆغان"ی سەرۆککۆماری تورکیا، کە هاوسۆزی و پشتگیرییەکی گەورەی لەنێو چینی ناوەڕاست و پارێزگارانی وڵاتەکەیدا هەیە. سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا "ڤیکتۆر ئۆربان"، کە لە هەموو کون و کەلەبەرێکی وڵاتدا جەماوەری هەیە، تەنیا "بوداپێست"ی پایتەخت نەبێت.

وا پێ دەچێت چینی کۆمەڵایەتی، کە لە دونیای ئەمڕۆدا بە ئاستی خوێندەواریی تاک دەپێورێت و دیاری دەکرێت، بووە بە گرنگترین دابەشبوونی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانێکی بێشوماری خاوەن سەرمایە و بازاڕ و پیشەسازی. لە بەرامبەریشدا، بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ، بە جیهانگیری و تەکنەلۆژی بەستراونەتەوە و ئاسانکارییەکی گەورەیشی بۆ کراوە بە هۆی ڕێکخستنی جیهانی لیبڕاڵیزمەوە کە ئەمریکا لە ١٩٤٥ەوە، ڕۆڵێکی گەورەی لە دروستکردنیدا هەیە.

کاتێک ئێمە لەبارەی ڕێکخستنی جیهانی لێبڕاڵەوە گفتوگۆ دەکەین، قسە لەسەر ڕێسایەک دەکەین لەسەر بنەمای سیسته‌می بازرگانی جیهانی و وەبەرهێنان، کە لەم دوایییەدا جووڵە بە گەشەی جیهانی دەدات. ئەو سیسته‌مەی کە ڕێگە بە "ئای فۆن" دەدات لە [چین] ببەسترێت و ڕێک بخرێت و، هەفتەیەک بەر لە کریسمس بگوازرێتەوە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا. جگە لەمە، ئاسانکاریی بۆ ملیۆنان خەڵک کردووە لە وڵاتە هەژارەکاندا، کە بۆ وڵاتە زەنگین و دەوڵەمەندەکان کۆچ بکەن و، دەرفەتی گەورەی کارکردن بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بدۆزنەوە.

ئەو سیسته‌مە، لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠ تا قەیرانی داراییی ئەمریکا لە ٢٠٠٨دا، بەمشێوەیە کاری کردووە کە بانگەشەی بۆ دەکرا. بەرهەم و خزمەتگوزاریی جیهانی، چوارهێندە زیادبووە بەشێوەیەک فریای سەدان ملیۆنان خەڵکی هەژار کەوت نەک تەنیا لە چین و هیند، بەڵکوو لە ئەمریکای لاتین و بیابانی گەورەی ئەفریقادا.

هەموو کەس ئەمڕۆ، بەپەرۆشەوە ئاگادارە کە سوودەکانی ئەم سیسته‌مە بۆ هەموو خەڵکی نییە و، هەموو کەس ناگرێتەوە. چینی کرێکار لە جیهانی گەشەسەندوودا،  کارەکانیان لەدەست دەدەن کاتێک کۆمپانیاکان پشت بە سەرچاوە دەرەکییەکان دەبەستن و توانا مرۆییەکانیان (ستاف) لە دەرەنجامی پێشبڕکێی سەرسەختی بازاڕی جیهانی کەم دەکەنەوە.

ئەم چیڕۆکە درێژە، بە قەبارەیەکی گەورە خراپتر بووە، بە هۆی قەیرانی داراییی ئەمریکای ساڵی ٢٠٠٨ و، قەیرانی داراییی ناوچەی یۆڕۆ، کە دوای دوو ساڵ ئەوروپای گرتەوە. لە هەر دوو دۆخەکەدا، سیسته‌مەکە لە لایەن دەستەبژێرەوە داڕێژرابوو. بازاڕی لیبڕاڵی دارایی لە ئەمێریکا و سیاسەتەکانی ئەوڕوپا وەک:(دراوی یۆڕۆ، سیستمی شنگنی تایبەت بە پرسی کۆچی ناوخۆیی)ڕووبەڕووی داڕمان بوون لەهەمبەر شۆکە دەرەکییەکاندا. تێچووی ئەم شکستانە، جارێکی تر بەقوڕسی، کەوتەوە سەرشانی کرێکارە ئاسایییەکان، نەک خودی دەستەبژێرەکان. لەوساوە، ئەو پرسیارەی کە خۆی نمایش کردووە ئەوەیە کە بۆچی پۆپۆلیزم لە ٢٠١٦دا سەری هەڵدا، بەڵام بڵاوبوونەوە و دەرکەوتنی، زۆری خایاند و دواکەوت.

لە ئەمریکادا، تا ئێستایش شکستێکی سیاسی هەبووە، شکستەکە ئەوەبووە کە سیسته‌مەکە بەتەواوی نوێنەرایەتیی چینی کرێکاری تڕادیسیۆنی نەکردووە. پارتی کۆمارییەکان لەژێر هێژموونیی کۆمپانیا ئەمریکی و هاوپەیمانەکانی بووە، کە بە شێوەیەکی چڕ لە مەسەلەی جیهانگیری سوودمەند ببوون. لە کاتێکدا پارتی دیموکراتەکان ببوونە پارتی سیاسەتی ناسنامە، هاوپەیمانی ئافرەتان، ئەفریقییە-ئەمریکییەکان، ئیسپانییەکان، ژینگەدۆستان و کۆمەڵەی "ئێڵ گی بی تی/ هاوڕەگەزبازەکان"، بەمەش پارتەکە کێشە ئابوورییەکانی لەبیرکردبوو.  

شکستی چەپەکانی ئەمریکا لە نوێنەرایەتیکردنی چینی کرێکار، ڕەنگدانەوە و هاوشێوەی چەپەکانی ئەوروپایە. سۆسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا دوو دەیە لەمەوبەر، لەگەڵ جیهانگیریدا ئاشت بوونەتەوە و خۆیان گونجاندووە. لە ڕێگەی پیادەکردنی میتۆدی (ناوەندێتی بلێری)، یا ئەو ڕیفۆرمە لیبڕالییە نوێیەی کە لە لایەن جیرارد شرودەری سۆسیال دیموکرات کە لە (٢٠٠٠)ەکاندا داڕێژرا.  

بەڵام شکستی گەورەتری چەپەکان، هەمان ئەو شکستە بوو کە لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کرا، کاتێک لە دەستەواژە گرنگەکەی فەیلەسووفی بریتانی-چیکی "ئێرنێست گێلنەر"، کە نامایەکی ناردبوو ئاماژەی بە "چین" کردبوو، بەڵام بەهەڵە بە ناوی "نەتەوە" گەیەنرابووە شوێنی مەبەست. نەتەوە، زۆر جار و، هەمیشە سەرکەوتنی چینێک بووە، چونکە توانای کلیککردن و گرتەکردنی بەسەر سەرچاوەی بەهێزی ناسنامه‌ و خواستی بەیەکەوەگرێدانی لەگەڵ کۆمەڵەیەکی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکیدا، هەیە. دەرکەوتنی ئەم هەستە بە‌هێزە بۆ ناسنامه،‌ ئێستا لە فۆڕمی  جێگرەوەی-ڕاستڕەوی ئەمریکییەکاندایە، کەپێکدێت لە کۆمەڵێک گڕوپی دوورخراوە و قەدەغەکراو کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پشتیوانی لە ناسیۆنالیزمی سپی پێستەکان دەکەن.

زۆربەی هاووڵاتیانی ئەمریکا، دەیانپرسی بۆچی کۆمەڵگەكه‌یان پڕە لە کۆچبەر و، کێیە دەسەڵاتی داوە بە سیسته‌مێک کە بەهۆیەوە کەسێک تەنانەت ناتوانێت باسی کێشە و گلەییەکانیشی تێدا بکات. لەبەر ئەمەیە کەسێکی وەک دۆناڵد ترامپ دەنگێکی بێشوماری دەنگدەرە خوێنەوار و دەنگدەرە خواپێداوەکان بەدەست دێنێت کە قوربانیی جیهانگیریش نەبووینە و، کەچی هێشتایش وا هەست دەکەن کە وڵاتەکەیان لێ زەوت کراوە.

کەوایە، لە سەرکەوتنی "ترامپ"، چ دەرەنجامێک لە سیسته‌می نێودەوڵەتیدا تیشکی بخرێتە سەر؟ پێچەوانەی ڕەخنەکانی، ترامپ هزر و بیرێکی جێگیری هەیە لە هەڵوێستەکانی: ترامپ لە سیاسەتی ئابووریدا نەتەوەگەرایە و، پەیوەستە بە سیسته‌می سیاسەتی جیهانییه‌وه‌. ئەو بەئاشکرا ڕای گەیاندووە کە داوای دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دەکات لەبارەی ڕێککەوتنی بازرگانی، وەک (نافتا/ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادی ئەمریکای باکوور) و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی و، ئەگەر ترامپ ئەوەی کە دەیەوێت بەدەستی نەهێنا، ئەوا ڕەنگە بیر لەکشانەوە لەو ڕێککەوتننامانە بکاتەوە و، هاوکات خواستی خۆیشی دەربڕیوە بۆ بوون بە سەرکردەیەکی بەهێز، هاوشێوەی "ڤلادیمیر پووتین". ترامپ، کەمتر گرنگی بە هاوپەیمانە نەریتییەکانی وەک (ناتۆ، ژاپۆن و کۆریای باشوور) دەدات. تاوانبارییان دەکات بەوەی کە قوڕسایی گەورەیان لەسەر شانی ئەمریکادا درووستکردووە بەبێ ئەوەی ئامادەییان هەبێت تێچووی هاوپەیمانێتیەکەیان لەگەڵ ئەمریکا لەئەستۆ بگرن.

ئەگەر گرنگیشیان پێ بدات، مەرجی بۆ سروشتی پەیوەندییەکانیان دەبێت. مەترسی ئەم هەڵوێستانە بۆ ئابووری جیهانی و سیستمی ئاسایشی جیهانی ناکرێت نادیدە بگیرێت و بەکەم سەیربکرێت. جیهان ئەمڕۆ بە ئابووری نەتەوەیییه‌وه سەرقاڵە‌، بە شێوەیەکی ئاسایی، بازرگانی کراوە و، وەبەرهێنان پشتی بە هێژموونیی هێزی ئەمریکا بۆ مانەوە و جێگیربوون، بەستووە.

ئەگەر ئەمریکا تاکلایەنانە گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا بکات، زۆر ئەکتەری تری بەهێز لە گۆڕەپانەکەدا هەن، بۆ بەرپەرچدانەوە و گەڕانەوە بۆ خاڵی سەرەتا و وەبیرهێنانەوەی دۆخە ئابوورییەکەی ساڵی ١٩٣٠.

مەترسی بۆ سەر سیسته‌می ئاسایشی نێودەوڵەتیی جیهانی هەیە. ڕووسیا و چین، وەک دوو هێزی گەورە و دەسەڵاتخواز لە دەیەی ڕابردوودا دەرکەوتوون. پێگەی ترامپ، بەتایبەت بۆ سەر ڕووسیا، کێشە و گرفت دەخوڵقێنێت؛ هەرچەندە هێشتا هیچ ڕەخنەیەکی لە پووتین نەگرتووە و پێشنیاری کردووە کە دەستبەسەرداگرتنی (کریمیا) له‌ لایەن پووتینەوە، ڕەنگە پاساوی خۆی هەبووبێت. ئەو، زۆربەی ڕەگەزەکانی سیاسەتی دەرەوەی، بەگشتی فەرامۆش کردوون. قوربانیی یەکەمی هەر هەوڵێکی ترامپ بۆ باشتربوونی تێکەولێکە سیاسییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا، ئۆکرانیا و جۆرجیا دەبن؛ ئەو دوو وڵاتەی کە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی و جەنگان بۆ دیموکراسی، پشتیان بە ئەمریکا بەستووە.

بە شێوەیەکی فراوانتر، سەرۆکایەتیی ترامپ ئاماژەیەک دەبێت بۆ کۆتاییهێنان بە سەردەمێک کە ئەمریکا، دیموکراسیی کردووە بە سیمبۆڵ بۆ ئەو گەلانەی کە لەژێر حکوومەتێکی دەسەڵاتخوازی گەندەڵ لە جیهاندا، ده‌ژین. کاریگەریی ئەمریکییەکان، زیاتر پشتی بە "سۆفت پاوەر(هێزی نه‌رم)" بەستووە، لەوەی "هارد پاوەر(هێزی ڕه‌ق)"، وەک داگیرکردنی عێراق لە ٢٠٠٣دا. بژاردەی ئەم جارەی ئەمریکییەکان لەم هەڵبژاردنەدا، گۆڕانێکە لە لیبڕاڵی ئینتەرناسیۆنالیست، بۆ ناسیۆنالیستی پۆپۆلیست. ئەمە ڕێکەوت نییە کە "نایجەل فەراج" سەرۆکی حزبی "یوکیپ"ی بریتانی، پشتگیریی ترامپی کردووە و، "مارین لی پێن" سەرکردەی بەرەی نەتەوەییی فەڕەنسی، یەکەم کەس بووه‌ پیرۆزباییی لە ترامپ کردووە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، ڕەوتێکی ناسیۆنالیزمی پۆپۆلیستی نێودەوڵەتیی نوێ دەرکەوتووە، کە گرووپەکانی، لە دەرەوەی سنوورەکان، زانیاری و پشتگیری بۆ یەکتر دەردەبڕن و ئاڵوگۆڕ دەکەن.  پووتین لە ڕووسیا، یەکێکە لە بەشداربووانی ئەم مەسەلەیە؛ نەک لەبەر ئەوەی کە گرنگی بە پرسی ناسنامه‌ی گەلانی تر دەدات، بەڵکوو بۆ بێزارکردن و تێکدانە لە ناوچەکەدا. ئەو جەنگە زانیارییەی کە ڕووسیا ڕۆڵی تێدابینی لەڕێگەی هاککردنی ئیمەیڵەکانی کۆمیتەی نیشتیمانی دیمۆکراتەکان کاریگەری زۆر نەرێنی هەبوو لەسەر دامەزراوە ئەمریکییەکان و دەکرێت پێشبینی بەردەوامبوونی ئەم کاریگەرییەی ڕووسیا بکەین.

کۆمەڵێک ناسەقامگیری و نادڵنیاییی گەورە سەبارەت بە ئەمریکای نوێ هەیە؛ لە کاتێکدا ترامپ ناسیۆنالیستێکی بێوێنەیە، سەرەڕای ئەوەی کە بازرگانە. ترامپ چی دەکات، کاتێک دەزانێت کە لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا، وڵاتانی تر لەسەر پرسی بازرگانی، یان ڕێکخستنی هاوپەیمانی، دانوستان و گفتوگۆ ناکەن؟ ئایا دەتوانێت باشترین بژاردەی بۆ چارەسەرکردن هەبێت؟ یان دوور دەکەوێتەوە؟ زۆر گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی ترامپ لەسەر پرسی چەکی ناوەکی هەن. بەڵام من وای بۆ دەچم کە ترامپ کەسێکی زۆر دوورەپەرێز دەبێت، لەوەی کەسێک بێت کە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی، بەپەرۆش بێت؛ بەتایبەت کاتێک کە ڕووبەڕووی مامەڵەی ڕاستەقینە لە جەنگی سووریا، دەبێتەوە.

ئەوە ئەو خاڵەیە کاتێک کە کێشەی کاراکتەرێک ڕۆڵ دەبینێت. وەک هەر ئەمریکییەکی تر، سەختە لە کەسایەتییەک بگەم، کە بۆ بوون بە سەرکردەی جیهان ئەوەندە گونجاو نەبێت. ئەم جەوهەر و کرۆکە، تەنیا بەشێکە لە پێگەی سیاسەتەکانی ترامپ، کە زیاتر لە خۆپەرستی و هەستیارییەکەی بەدی دەکرێت. هەفتەی ڕابردوو، کاتێک کە براوەکانی میدالیای قارەمانێتی و شكۆمەندی لەسەر ستەیج بوون، وا خۆی دەرخست کە ئەویش زۆر ئازا و بەجەرگە و "ئازایەتیی دارایی و زەنگینی" هەیە و دەتوانێت وەڵامی هەموو دوژمن و ڕەخنەگرەکانی بداتەوە. کاتێک ڕووبەڕووی سەرکردەکانی تری جیهان دەبێتەوە، کێ دەتوانێت ئەوەی تر بچووک و بێڕۆڵ بکات؟ ئایا ترامپ، کاردانەوەی هاوشێوەی سەرۆکی مافیایەکی ئالینگار دەبێت؟ یان وەک بارزگانێکی خاوەن سەرمایە و زەنگین؟

ئەمڕۆ گەورەترین ئالینگاری بۆ سەر لیبڕاڵ دیموکراسی بەڕێوەیە، نەک لە لایەن هێزە دەسەڵاتخوازەکانی هاوشێوەی چین، بەڵکوو لەنێو خودی ئەمریکا، بریتانیا و ئەوروپادا. بەشە دیموکراتییەکەی سیسته‌می سیاسی، لە هەمبەر بەشە لیبڕاڵەکە دەوەستێتەوە و، هەڕەشەی بەکارهێنانی شەرعییەت دەکات بۆ تێکشکاندنی بەشێکی ئەو ڕێسایانەی کە بە ڕەفتارەوە پەیوەستن و بەشێکن لە جیهانێکی تۆلێرانس.

دەستەبژێری لیبڕاڵ، کە دروستکەری ئەو سیسته‌مەن، دەبێت گوێ لە دەنگە ناڕازی و تووڕەکانی دەرەوەی دەرگه‌کە بگرن و، بیر لە یەکسانیی کۆمەڵایەتی و ناسنامه، وەک داڕێژەری پرسێکی باڵا، بکەنەوە. بە هەر ڕێگەیەک بێت، ئێمە بەرەو جیهانێکی سەخت و ئاڵۆز لە چەند ساڵی داهاتوودا، هەنگاو دەنێین.

سەرچاوە:

https://www.ft.com