ئەم بابه‌ته‌ چاپ بکە

تێڕامانێکی کۆمەڵناسانە لەسەر بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان

27, 12, 2018

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

مانیفێستی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان

١- دوو هێزی دروستکەری کۆمەڵگە بریتین لە کاربەدەستانی کۆمەڵایەتی و بونیادە کۆمەڵایەتییەکان.

١-١- بونیادە مێژوویی، که‌لتووری، ژینگەیی، سیاسی و ئابوورییەکان، کاریگەرییان بەسەر گەشەکردنی کۆمەڵگەکاندا هەیە. بە واتایه‌كی تر، ئەم بونیادانە دروستکەر و بزوێنەری کۆمەڵگەکانن؛ هەرچەند خودی خۆیانیش بەدەست کاربەدەستەکانەوە (فاکتەری مرۆیی) دروست کراون.

٢-١- لە لایەکەوە فاکتەری مرۆیی، دروستکەری بونیادە کاریگەرەکان بووە لەسەر کۆمەڵگەکاندا؛ لە لایەکی ترەوە، خۆیان دروستکەری کۆمەلگەکانن. مارکس لەو بڕوایەدا بوو کە مێژووی کۆمەڵایەتی، لە کاری مرۆڤەکانەوە سەرچاوەی گرتووە؛ چونکە مرۆڤەکان پێداویستییان هەیە و ئەم پێداویستیانەیش تەنیا لە ڕێگەی کار و بەرهەمهێنانەوە دابین دەکرێن. ماکس ڤێبه‌ر پێی وایە ئەخلاقی پرۆتستانتی وەک پەرچەکرداری "بڕوادارەکان" لە دژی وشکێتیی دکتۆرێنی جەبرگەرایییەوە دێت.

٢. کاربەدەستانی کۆمەڵایەتی، نوخبە (تاکی کاربەدەست) و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان (کۆمەڵی کاربەدەست) لەخۆ دەگرێت.

١-٢- لە ڕوانگەی ویلفرێدو پارێتۆ، نوخبە ئەو کەسانەن کە خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندیی ڕیزپەڕ و تاقانەن؛ یاخود خاوەن شارەزایی و لێهاتوویییەکی زۆر لە بواری کاری خۆیان، یاخود کۆمەڵێک چالاکیی تردا بن. بە بڕوای پارێتۆ، سووڕی بژاردەکان (نوخبەکان) لە لایەک ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە؛ لە لایەکی ترەوە سووڕی بژاردەکان، مەرجی سەرەکییە کە بە هۆیەوە کۆمەڵگە بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامی بە بوونی خۆی دەدات. بە بۆچوونی گایتانۆ مۆسکا، نوخبە لە کەمینەیەک پێک دێت کە لەناو کۆمەڵگەدا هێز بەدەستەوە دەگرن و ئەو شتەی کە ڕێگە بۆ بەدەسەڵاتگەیشتنی ئەم کەمینەیە خۆش دەکات بریتییە لە ڕێکخستن و پێکهاتەی نوخبە. لە ڕوانگەی سی ڕایت میلز، نوخبە بارودۆخێکی ئاڵۆز و جۆراجۆری هەیە؛ ئەو بە ڕەخنەگرتن لە مۆسکا، نوخبە بە گرووپێک هەژمار دەکات کە بۆ پێکهێنانی هێزێکی زاڵ بەسەر کۆمەڵگەدا، یەک دەگرن. بە بڕوای کی ڕۆشە، نوخبە کۆمەڵێک کەس یان گرووپن کە لە دەرەنجامی ئەو دەسەڵاتەی بەدەستەوە دەگرن و ئەو کاریگەرییەی کە بەجێ دێڵن یاخود بە هۆی ئەو بڕیارانەی کە دەری دەکەن یان بە هۆی ئەو بیرۆکە و هەست و نەستانەی کە دروستی دەکەن، کاریگەری بەسەر کردەی مێژووییی کۆمەڵگەکاندا دەنوێنن.

٢-٢- نوخبە بە سێ شێواز کاریگەری بەسەر کردەی مێژووییی کۆمەڵگەکاندا دروست دەکەن: بڕیاردان، دروستکردنی نموونە (نموونەسازی)، پێگەسازی.

٣-٢- زۆربوونی نوخبە، زۆربوونی ئایدیۆلۆژی و بەهاکانی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەیش دەبێتە هۆی زۆربوونی پارادۆکسەکان. پارادۆکسە جۆراجۆرەکانیش خۆبەخۆ دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی نوخبەی نوێ، ئایدیۆلۆژیی نوێ، بەهای نوێ.

٣. بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بریتییە لە جۆرێک لە بزاڤی بەکۆمەڵی سەقامگیر، کە تێدا ژمارەیەکی زوری تاک، گرووپ، چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان بە دوای کۆمەڵێک ئەمانجدا دەگەڕێن. ئەم بزاڤە بەکۆمەڵەیش لە دەرەنجامی فاکتەرگەلی ویستراو و نەویسترا و ناسراو و نەناسراون.

٤. لە ڕوانگەی "ئالێن تۆرێن"ەوە پرەنسیپی سێیانەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان سێ پرەنسیپی ناسنامه‌، دژایەتی و گشتیبوونە.

١-٤- بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان لە هەمبەر جۆری بەربەست یاخود هێزی بەرهەڵست سەر هەڵدەدەن و ڕادەوەستن. بەبێ بوونی پرەنسیپی دژایەتی، بزاڤی کۆمەڵایەتی بوونی نابێت. تەنانەت ئەگەر دیاردەیەکی بەکۆمەڵیش بوونی هەبێت، بە بزاڤ لە قەڵەم نادرێت. چونکە لەوانەیە لەم جۆرە کاتانەدا بزاڤ وەک حزبێکی زاڵ بە ئامانجی خۆی بگات و لەسەر کورسیی دەسەڵات دابنیشێت و چیتر بە بزاڤ هەژمار نەکرێت، چونکە ناوەڕۆکی خۆی لەدەست داوە.

٢-٤- هەر بزاڤێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی بەهایەکی بەرز و ئامانجێکی گەورە سەر هەڵدەدات و کردەوەکەیشی لەو ئامانج و باوەڕانە وەرگیراون کە بەپێی توانا هەوڵی پەرەپێدان و پێشخستنی دەدات.

٥. بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان چوار کارکرد [ئه‌رك/وه‌زیفه‌]ی سەرەکییان هەیە: کارکردی پەیوەندی یاخود ناوبژیوان، کارکردی دروستکردن و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی گشتی، کارکردی دروستکردنی گوشار، کارکردی بەکۆمەڵگه‌ییبوون.

١-٥- بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی ناساندنی کۆمەڵ و بونیادی کۆمەڵایەتی بە ئەندامانی کۆمەڵ و کەسانی تر. لە ڕاستیدا، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە ئامرازێکی پەیوەندیی کاریگەر لە بەشداریکردن هەژمار دەکرێن. بەم کارکردە ئەندامانی بزاڤ و کەسانی تر دەتوانن بە بەشداریکردنی لە کردە مێژوویییەکانی کۆمەڵگەی خۆیان بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن یاخود بەها بە بیرۆکەکانی خۆیان ببەخشن (کارکردی پەیوەندی).

٢-٥- بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان کە ئەم پرەنسیپە سێیانەیە کاریان تێ  دەکات، دەبنە هۆی دروستبوونی هەستی بەکۆمەڵی ڕاستەقینە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا (کارکردی هۆشیارکردنەوە).

٣-٥- بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بە گوشارخستنە  سەر نوخبەکانی دەسەڵات لەسەر پەرەپێدانی مێژووییی کۆمەڵگه‌کان کاریگەر دەبن. پڕۆپاگەنده‌ی هەڵبژاردن، کاریگەریخستنە سەر ڕای گشتی، هەڕەشە، مانگرتن، بایکۆت، ڕێپێوان و... دەرهاێشتەکانی ئەم کارکردەن (کارکردی گوشار).

٤-٥- بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی ناساندنی کۆمەڵ و بونیادە کۆمەڵایەتییەکان، بەها و ڕێساکان بە ئەندامانی کۆمەڵ و کەسانی تر (کارکردی کۆمەڵ-پەسەندی).

٦- دەتوانین بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان لە دوو ڕوانگەوە لێک جیا بکەینەوە: ڕوانگەی ناوەڕۆکی بزاڤ، ڕوانگەی مێژووییی بزاڤ.

١-٦- لە ڕوانگەی ناوەڕۆکی بزاڤ، بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر سێ دەستەدا دابەش دەکرێن: بزاڤە چاکسازییەکان، بزاڤە شۆڕشگێرییەکان، بزاڤە تێکەڵاوەکان یاخود چاکسازی-شۆڕشگێڕی.

٢-٦- لە بزاڤە چاکسازییەکاندا، هەڵگرانی بزاڤ بۆ بەدواداچوون و گەیشتن بە ئامانجی خۆیان سوود لە ڕێگەکانی یاسایی و ئاشتیخوازانە وەردەگرن. حکوومەت بەرەنگاری بزاڤە چاکسازیخوازەکان دەبێتەوە بەڵام سەرکوتیان ناکات.

٣-٦- لە بزاڤە شۆڕشگێڕییەکاندا، هەڵگرانی ئەم بزاڤە ئامانجەکانیان لە ڕێگەی نائاشتییانە، توندوتیژ و ڕووخێنەرانە بەجێ دێنن؛ لە هەمبەر ئەم بزاڤانەدا حکوومەت ئامرازی سەرکوتکردن بەکار دێنێت.

٤-٦- بزڤە تێکەڵاوەکان، بزاڤێکن کە هەڵگرانی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، نازانن سوود لە چ کەنالێک وەرگرن؛ ئەم بزاڤە لە ئامانجدا شۆڕشگێرانەیە بەبێ پشتبەستن بە شێوازی شۆڕشگێرانە. ئامانجی سەرەکیی ئەم بزاڤە، گۆڕینی بارودۆخی بەرقەرار [هه‌نووكه‌یی]یە. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە ڕێگەی شۆڕشگێرانە ناگرێتە بەر، بەڵکوو زۆرتر هەوڵ دەدات سوود لە شێوازەکانی چاکسازی وەربگرێت.

٧- لە ڕوانگەی مێژوویییەوە بۆ دابەشکردنی بزاڤەکان، دەتوانین بزاڤە کۆمەڵایەتییە کلاسیکییەکان لە بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان جیا بکەینەوە.

١-٧- بزاڤە کۆمەڵایەتییە کلاسیکییەکان (حزبە سیاسییەکان، ئۆرگانەکان، گرووپە سیاسییەکان) خاوەن چەندین تایبەتمەندین: ڕێکخستنی توندوتۆڵی ئۆرگانی، ئامانج و ڕێبازی پێناسەکراو و ئایدیۆلۆژیخواز، تاکناوەندی (ناوەندگەراییی دیموکراتیک)، هێژموونخواز، سیستەمێکی پشتبەستراو بە زنجیرەی پلە و پایەی ئۆرگانەکان، سنووری دیاریکراوی ناسنامه‌، زەمینەی سەرهەڵدانی پێگەی کۆمەڵایەتی (چینی کرێکار)، خوازیاریی گەیشتن بە دەسەڵاتی سیاسی.

٨- بزاڤێکی نوێی کۆمەڵایەتی، ئەکتەرێکی گشتییە و لە کەسانێک پێک هاتووە کە خۆیان لەژێر تیشکی بەرژەوەندیی گشتی یاخود ناسنامه‌یه‌کی گشتی پێناسە دەکەن.

١-٨- یۆرگن هابرماس، لە دژی داواکارییەکانی چەپی توندڕەو دەوەستێتەوە لەبارەی گۆڕانکاریی شۆڕشگێرانە و ئارەزوویان بۆ سوودوەرگرتن لە ڕێگەکانی توندوتیژی بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی سەرمایەداریی سەردەم، وەکوو هاوشێوەکردنی وردەسیستەمە سیاسی و ئابوورییەکان، عەقڵ-ئامرازی، کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و، بەرگری لە بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەکات. لە ڕوانگەی هابرماسەوە ئەم بزاڤە تازە سەرهەڵدراوانە، هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی پەیوەندییەوە گۆڕانکاری دروست بکەن. کەواتە ئەم بزاڤانە گرنگن، چونکە دەرفەتی نوێکردنەوەی ژیانی پانتای گشتی لە دوای سەرمایەداری فەراهەم دەکەن. بە بڕوای هابرماس بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، ڕیفۆرمخوازی ڕادیکاڵن، نەک شۆڕشگێڕ. ئەم بزاڤانە بڕوایان بە توندوتیژی نییە. هابرماس بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان بە بەرگریکار لە جیهانی ژیان بەرامبەر ستەمدا دەزانێت.

ج. ئال. کۆهن لە كتێبی "ستراتیژی و ناسنامه‌"دا دەنووسێت، کە پەیوەندیی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە بری ستراتیژ-تەوەر، ناسنامه‌-تەوەرن. ئاندرێ گوندر فرانک و مارتا مۆینس، ئەم بزاڤانە بە بزاڤی نوێی کۆمەڵایەتی هەژمار دەکەن؛ چونکە وەڵامێکن بۆ ئە پێداویستییە کۆمەڵایەتییانەی کە بە هۆی گۆڕانکاریی نوێی جیهانەوە سەریان هەڵداوە. ئالێن تۆرێن، کە لە ڕاستیدا، تیۆریسیەنی سەرەکیی ڕوانگەی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە، بەپێچەوانەی تیۆرییە مارکسیستییه‌كان، جەخت لەسەر ناوەڕۆکی که‌لتووریی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان دەکاته‌وه‌. ئەو، بزاڤە نۆییەکان بە بزاڤێک دەزانێت کە بە دوای کۆنتڕۆڵی پرۆسەی بەرهەمهێنانی مانا لە ژیانی کۆمەڵایەتی و بە دوای هێنانەدیی ناسنامه‌یه‌کی گشتیی نوێدا دەگەڕێن.

٢-٨- لە ڕووی توێژینەوەی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێ لە بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەوروپا و ئەمریکا لەژێر کاریگەریی گەشەی هزری ئەوروپا، لایەنگرانی ڕەفتاری بەکۆمەڵ و ڕێکخستنی بەرژەوەندیی کۆمەڵی، بە هۆی پشتگوێخستنی ڕوڵی که‌لتوور و ئایدیۆلۆژییه‌وه‌ ڕووبەڕووی ڕەخنەی فراوان بوونەوە. بەم جۆرەیش دەرفەت بۆ سەرهەڵدانی پارادایمی زەمان-تەوەر و دیالۆگ-تەوەر ڕەخسا کە ئەم پارادایمانە بە دوای شیکردنەوەی کردەی بەکۆمەڵن وەک پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی.

٣-٨- لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، ئێمە چووینەتە ناو سەردەمێکی نوێی مێژوویییه‌وه‌. سەردەمێک کە تێیدا لەسەر بەجیهانیبوون، جیهانی دیجیتاڵی، شۆڕشی زانیاری، پەیوەندی ئینتەرنێت وەک پانتای گشتیی دیموکراسی بەشداریکردن و [واتە ئینتەرنێت بە بەشێک لە فەزای دیموکراسی هەژمار دەکرێت کە دەتوانین لە ڕێگەیەوە بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا بکەین] سەرهەڵدانی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، قسە دەکرێت. سەردەمێک کە تێیدا باس لە ناسنامه‌ و سنووری تێکهەڵکێشراو دەکرێت. مرۆڤ ناسنامه‌یه‌کی گشتیی بەدەست هێناوە. لە سەردەمی نوێدا مرۆڤێک سەری هەڵداوە کە ناکرێت باس لە ناسنامه‌ی بێگەردی بکەین. لە ڕابردوودا، ئایدیۆلۆژییه‌ جۆراوجۆرەکان پێداگرییان لەسەر ناسنامه‌ی بێگەرد و ڕەسەن دەکرده‌وه‌. ناسنامه‌یه‌کی ڕەسەن کە لە بازنەیەکی پێرۆزدا پێچراوە و هەموو کەس بە چاوی پیرۆز سەیری دەکات. بەڵام بە هۆی گۆڕانکارییە نوێیەکانەوە، بارودۆخ بۆ سەرهەڵدانی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان کە هەڵگری ناسنامه‌ی ڕەسەن و بێگەرد نین، سەری هەڵداوە.

٩- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە بزاڤە کۆمەڵایەتییە کلاسیکییەکان جیاوازن. ئەگەرچی بزاڤە نوێیەکان فرەڕەنگن، بەڵام هەردووکیان لە ڕووی پشتبەستن بە چەمکی ڕەوشت و دادپەروەری بۆ ڕێکخستنی تاکه‌كه‌سی و لە ڕووی پشتبەستن بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی بێبەشی و پارێزگاریکردن لە ناسنامه‌دا، هاوبەشن.

١٠ - بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان خاوەن کۆمەڵێک تایبەتمەندین:

١-١٠- ڕۆڵی که‌لتووری-کۆمەڵایەتی دەبینن، نەک سیاسی.

٢-١٠- ڕێکخستنی توندوتۆڵی ئۆرگانییان نییە و خاوەن پێکهاتەیەکی بەربڵاوی ئۆرگانین.

٣-١٠- پێداگرتن لەسەر شێوازەکانی نوێی ژیان.

٤-١٠- لەسەر هەندێ لێکچوون و کۆڕ و کۆمەڵی خزمانە بونیاد نراون.

٥-١٠- خاوەن ناسنامه‌یه‌کی ناڕوون

٦-١٠- دەربازبوون لە کۆمەڵگه‌ی پیشەسازیبوو، بەرەو کۆمەڵگه‌ی پۆستپیشەسازی.

٧-١٠- بەستێنی سەرهەڵدانی لەناو کۆمەڵگەی مەدەنی و گشت کۆمەڵگەدا.

٩-١٠- ستراتیژیی خەبات لە ڕێگەی گۆڕینی ڕیساکان، سیمبۆلە زاڵەکان و ناسنامە تاکەکەسییەکان؛ لە پێناو گۆڕینی گشت کۆمەڵگەدا.

١٠-١٠- ڕووبەڕوونەبوونەوەی لەگەڵ دەوڵەت و مەیلی لاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیانە لەگەڵ دەوڵەتدا.

١١-١٠- ئۆتۆنۆمیی تاکەکەسی و گرووپی.

١٢-١٠- نائایدیۆلۆژی و دیالۆگخواز. (دیالۆگ بەپێچەوانەی ئایدیۆلۆژییه‌وه‌، "دەبێ و نابێ"ی تێدا نییه‌ و وشکیش نییە).

١٣-١٠- پێداگری لەسەر مافی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و لایەنگریکردنی کۆمەڵگە لە هەمبەر دەوڵەت.

١٤-١٠- وازهێنان لە ئامانجە شۆڕشگێڕییەکان و پەسەندکردنی چاکسازیی ڕادیکاڵی، کە مەرج نییە لە دژی دەوڵەت ئاراستە بکرێن.

١٥-١٠- لێکنەچوونی ئەم بزاڤانە و یەکانگیربوون لە کردارەکان و شێوازەکانی هۆشیارکردنەوە.

١٦-١٠- لایەنگریی دیموکراسییە ڕادیکاڵەکان (نکۆڵیکردن لە دیموکراسیی نوێنەرایەتی و خوازیاری بەشداریی بەرفراوانی خەڵک و دیموکراسیی بەشدارانە).

١٧-١٠- لایەنگریی کۆمەڵگەی مەدەنی کە دەوڵەت و کۆمەڵ لەخۆ دەگرێت (تاکەکان و گرووپەکان).

١٨-١٠- ئەنجامدانی کردەی ڕاستەوخۆ و لەخۆگرتنی که‌لتوورەکانی تر.

١٩-١٠- هەوڵدان بۆ بەدیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ بە جۆرێک کە جیاوازیی بونیادی پەسەند بکات و دان بە پێکەوەییی سیستەمە ئابوورییەکاندا بنێت.

٢٠-١٠- ئامانجەکانیان زۆرتر که‌لتووری و کۆمەڵایەتین نەک سیاسی.

١١- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، ڕێکخستنی جەماوەری یاخود هەڕەشەکردن لە ڕێگەی ڕێکخستنی جەماوەرییەوە بە یەکەمین سەرچاوەی ئەمری کۆمەڵایەتی دەژمێرن؛ هەر بۆیەیش ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بە یەکەمین سەرچاوەی دەسەڵات هەژمار دەکەن.

١٢- پێگەی سەرهەڵدانی چینایەتیی ئەندامانی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، چینە ناوەندەکانی تازە سەرهەڵدراون کە بەگشتی لە گەنجانی خوێندەوار یاخود فەرمانبەرانی کەرتی گشتی پێک هاتوون کە ڕووبەڕووی تەنگژە نوێیە کۆمەڵایەتییەکان دەبنەوە و بەپێی بنەماکانی ناسنامه‌ی نوێ دژ بەم تەنگژە کۆمەڵایەتییە نوێیانە تێ دەکۆشن. ڕاستییه‌كه‌ی، بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دەربڕی نموونەیەکی نوێن لە بەریەککەوتنی هەڵسوکەوتی دەوڵەت و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان کە خاوەن ناسنامه‌ی جۆراوجۆرن.

١٣- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە ڕووی کات و شوێن، پانتایەکی بەرفراوانیان هەیە و بە نکۆڵیکردن لە دیموکراسیی پشتبەستراو بە نوێنەرایەتی، خوازیاری بەشداریی بەرفراوانی خەڵکن و داوای دیموکراسیی بەشدارانە لە ڕێگەی ئینترنێتەوە وەک پانتای گشتیی دیموکراسیی بەشدارانە، دەکەن.

١٤- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان خاوەن یەک ناوەند و ڕێبەر و ئایدیۆلۆژیی یەکگرتوو نین. ئەم بزاڤانە خاوەن داینامیکییەتێکی بەرزن. ئەنداموەرگرتنیان بە شێوازی جۆراوجۆر و نوێ ئەنجام دەدرێت تا لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیه‌کانی کۆمەڵگەدا بگونجێن.

١٥- گۆڕینی بارودۆخی پانتای ژیانی کۆمەڵایەتی، لە خواستەکانی بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکانە. ئەمانجی ئەم بزاڤانە پتر لەوەی کە گۆڕینی دەسەڵات یاخود سەپاندنی خۆیان بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتدا بێت، بریتییە لە ڕێکخستنی جەماوەر و گۆڕین و فێرکردنی ڕای گشتی.

١٦- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، بەپێچەوانەی بزاڤە کلاسیکییەکان کە بەگشتی ڕێکخراوی ئایدیۆلۆژی-تەوەرن، ئایدیۆلۆژی دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئایدیۆلۆژی لە ڕوانگەی بزاڤە نوێیەکانەوە بازنەیەکی داخراوە کە لەسەر ملکەچکردن و دەمارگیری و دەبێ و نابێ بونیاد نراوە. ئایدیۆلۆژیخواز ئامادەی فیداکارییە و لە بەهای گشت شتەکان لە پێناو دوایین ئامانجدا کەم دەکاتەوە. هەر ئایدیۆلۆژییەک لەو بڕوایەدایە کە خاوەنی هەقیقەتە. بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە بری ئایدیۆلۆژی، دیالۆگ بونیاد دەنێن. دیالۆگی کراوە ملکەچخواز نییە و فیداکاری ناخوازێت. دیالۆگ هەقیقەت-تەوەر نییە، ئەگەرچی هەقیقەتەکان لەناو خودی دیالۆگدا شکڵ دەگرن.

١٧- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان دروستکەری ناسنامه‌ی بەکۆمەڵن. بەڵام ئەم ناسنامه‌یە تاکە ناسنامه‌ نییە و بە یەک شێواز بیر ناکاتەوە. پێویست ناکات گشت ئەندامەکان دان بە یەکتردا بنێن؛ بەڵکوو دەتوانن لەناو خودی بزاڤێکدا ڕەخنە لە یەکتر بگرن. بەڵام لە بزاڤە کلاسیکییەکاندا، پێویستە گشت ئەندامان هەندێک پرەنسیپی سەرەکی و پلەبەندی و سەرکردایەتیی ناوەندی قبووڵ بکەن. بۆیە ئەم بزاڤانە ناوەند-تەوەرن.

١٨- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، سیاسی یاخود سیاسیی ڕادیکاڵ نین؛ بەڵکوو بزاڤێکی که‌لتووری-کۆمەڵایەتین. ئەم بزاڤانە دژی هەر جۆرە شۆڕشێکن و دژی ئاراستەی ڕادیکاڵین. بەڵکوو لەو بڕوایەدان کە پێویستە گۆڕانکاری، لەسەرەخۆ و هەنگاو بە هەنگاو بێت.

١٩- لەم ڕوانگەیەوە، کۆمەڵگه‌ی مەدەنی وەک ناوبژیوانی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه نییە، بەڵکوو دەوڵەت و کۆمەڵگە لەخۆ دەگرێت. کۆمەڵگە بەگشتی دەبێتە کۆمەڵگەی مەدەنی. خەڵک بە ڕوانگەی جۆراوجۆریشەوە لەناو بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکاندا، ژیان و ڕەفتاری ئاشتییانەیان هەیە. لەم قۆناغەدا کۆمەڵگە بە شارستانییەتێک گەیشتووە کە پێویستی بە سەرپەرشت و حزبێکی زاڵ نییە کە لە هەمبەر دەوڵەتدا بەرگری لە خەڵک بکات. چونکە ئەم کۆمەڵگەیە دەوڵەتێکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی هەیە نەک دەوڵەتی سیاسی. بزاڤەکانیش گەیشتوونەتە ئاستێک لە هۆشیاری، کە له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هه‌ڵبکەن و هیچ ململانێیەک لە نێوانیاندا ڕوو نەدات.

٢٠- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، بە دوای شێوازەکانی نوێی ژیاندا دەگەڕێن و هەر لەم خاڵەیشەوە دەست پێ دەکەن و دەچنە ناو سیاسەتەوە. بۆیە هەوڵ دەدەن ژینگەیەکی نوێ بۆ کردەی جەماوەری دروست بکەن و، لە ڕێگەی شێوازەکانی نوێی ژیانه‌وه‌ جیهانێکی نوێ پێناسە دەکەن. بەم شێوەیەیش ئەوان بە دوای پێناسەکردنی ناسنامه‌یه‌کی نوێدان.

٢١- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، لە لایەک ڕەخنە لە نموونە باوەکان دەگرن و بەم شێوەیەیش پانتای گشتی بەرفراوان دەکەن. هاوکات وەکوو بزاڤێکی بەرگریکار، لە هەمبەر هەڕەشە پاتۆلۆژییەکان بۆ سەر ژیان، بەرگری لە ژیان دەکەن. بە بۆچوونی هابرماس، بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان لە پرۆسەکانی هێز (دەسەڵات) و ڕزگارکردن (هەوڵدان بۆ ژیانێکی سەربەخۆ)دا چالاکن. ئەم بزاڤانە بەپێچەوانەی بزاڤە کلاسیکییەکان کە بۆ دووبارە دابەشکردنی ئیمکانیات و سەرچاوە و بەرژەوەندییەکان هەوڵ دەده‌ن، حەز لە دووبارە پێناسەکردنەوەی ناسنامه‌ دەکەن.

٢٢- بزاڤە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان، پانتای بەشداریکردنی جەماوەرێکی ئامانجگەراتر، فرەییتر، بە جۆش و بێئەزموونترن لەوەی کە بتوانن وەک یەکەیەک لەناو ڕێکخستن و ئامانجێکی یەکگرتوودا بجووڵێنەوە.

سەرچاوە:

همبستگی، شمارە ٥٠٠، دوشنبە ٧ مرداد ١٣٨١- ٢٩ (جولای ٢٠٠٢).

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 27 کانونی دووەم 2019 14:15