لائیسیتە لە فەڕەنسا - بەشی دووەم  

نووسینی: مۆریس باربیە

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا مەجید خەلیل

سروشتی لائیسیتە

بە هۆی سێ هۆکاری سەرەکییەوە پێناسەکردنی لائیسیتە، کارێکی سەختە. یەکەم، ئەم چەمکە خاوەنی واقعییەتێکی دەروونیی خۆی نییە تا ناوەڕۆکێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵکوو پەیوەندیی نێوان دوو واقعییەت، واتە دەوڵەت و ئایین دەخاتە ڕوو. بۆیەیش لائیسیتە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکاندا دەگونجێت، نەک لە چوارچێوەی جەوهەرەکاندا؛ واتە هەر لە بنەڕەتەوە لائیسیتە چەمکێکی پێکەوەگرێدراوە. دووەم، چونکە لائیسیتە دەستوەردانی ئایین لە کاروباری دەوڵەتدا ڕەت دەکاتەوە، کەواتە لایەنێکی نەرێنیی هەیە و لەم ڕووەوە پەیوەندییەکی ئەرێنی دانامەزرێنێت، بەڵکوو لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت بەئەنجام دەگەیەنێت. بەم جۆرەیش لائیسیتە پەیوەندییەکی کارا ناخاتە ڕوو، بەڵکوو نەبوونی پەیوەندی دەخاتە ڕوو. سێیەم، لائیسیتە چەمکێکی زیندووە، نەک وەستاو. چونکە لائیسیتە پەیوەندیی بە دەوڵەت و ئایینەوە هەیە، واتە پەیوەندیی بە واقعییەتگەلێکەوە هەیە کە ئەم واقعییەتانە هەم لەناو خۆیاندا و هەمیش لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتریدا لە گۆڕاندان؛ کەواتە لائیسیتەیش خۆبەخۆ دەگۆڕدڕێت و بەپێی کات و شوێن مانای جیاواز وەردەگرێت. بەپێی ئەم بنەمایە، لائیسیتە وەک چەمکێکی پێکەوەگرێدراو و نەرێنی و گۆڕدراو دەردەکەوێت و ناوەرۆکێکی تایبەت، ئەرێنی و نەگۆڕاوی نییە.

ئەو خاڵانەی سەرەوە نیشان دەدەن کە جۆرە تارمایییەک باڵی بەسەر چەمکی لائیسیتەدا کێشاوە؛ هەر بۆیەیش ئەگەری خستنەڕووی تێگەیشتنێکی جیاواز و تەنانەت ناسازگاریشی لێ دەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەمەیش، ئەگەر بێت و تێگەیشتنە نادروست و لێکجیاوازەکانی لائیسیتە بخەینە ڕوو، دەتوانین لائیسیتە بە دوو شێوازی جیاواز و تەواوکەری یەکتر پێناسە بکەین. هەڵبەت، ئەگەرچی بینیمان بە هۆی ئاڵۆزیی ئەم چەمکەوە خستنەڕووی پێناسەیەکی یەکدەستی لائیسیتە کارێکی سەختە. بۆیە پێویستە بۆ تێگەیشتنی تەواو لەم چەمکە دوو پێناسە بخەینە ڕوو، کە یەکێکیان بە لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوە و ئەوەی تریان بە لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی ناو دەبەین.

- لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوە

هەروەک لە سەرەتای ئەم توێژینەوەیەدا ئاماژەمان پێ کرد، دەتوانین لائیسیتە وەک لێکجیاکردنەوەی نێوان دەوڵەت و ئایین پێناسە بکەین. ئەم لێکجیاکردنەوەیەیش پێویستی بەوە هەیە کە لە لایەک دەوڵەت بەتەواوەتی لەژێر دەستڕۆیشتووییی ئایین ڕزگاری بووبێت، لە لایەکی ترەوە، خودی ئایین لەژێر باڵی دەوڵەت دەرچووبێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشترین نموونەی ئەم لائیسیتەیەیە؛ چونکە لەو وڵاتە لە نێوان دەوڵەت و ئاییندا دیوارێکی ڕاستەقینە کێشراوە. ڕاستییه‌كه‌ی، لە ئەمریکا دەوڵەت لە هەر جۆرە ئایین و ئایینزایەک سەربەخۆیە. بۆ نموونە، لە ماددەی شەشەمی دەستووری ساڵی ١٧٨٧دا هاتووە: "ڕاگەیاندنی سەر بە ئایین، یان ئایینزایەکی تایبەت، هیچ کاتێک ناتوانێت وەک مەرجێکی لێهاتوویی بۆ بەدەستهێنانی ئەرک و بەرپرسیارێتیی حکوومی و گشتی ڕەچاو بکرێت." لە لایەکی ترەوە، خودی دەوڵەتیش ناتوانێت دەست لە کاروباری ئایینی وەربدات؛ جا پرسەکە تایبەت بێت بە بڵاوکردنەوەی ئایینێک، یان قەدەغەکردنی ئایینێک. ئەم جۆرە بنەمایە، ئەگەری دەستەبەرکردنی هەر جۆرە ئازادییەک لەم بوارەدا فەراهەم دەکات. بەم جۆرەیش لە ساڵی ١٧٩١دا، یەکەمین گەڵاڵەی پاشکۆی ده‌ستوور ڕای گەیاند کە ''کۆنگرە ناتوانێت هیچ یاسایەک لەبارەی بەرقەرارکردنی ئایینێک، یان قەدەغەی کارکردنی ئازادانەی ئایینێک دەربکات." ئەم ڕێسایە لە ده‌ستووردا بە "تیۆریی دیوار" ناو نراوە؛ واتە لێکجیاکردنەوەی تەواوەتیی دەوڵەت و ئایین کە دیوانی باڵا بەوردی چاودێریی جێبەجێکردنی دەکات. لە فەڕەنساش یاسای ساڵی ١٩٠٥، هەوڵی دا لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کەنیسە بەدی بهێنێت و ئازادیی باوەڕ و ویژدان و ئایین ڕابگەیەنێت و جەختی لێ بکاتەوە (ماددەی یەکەم و دووەمی دەستووری فەڕەنسا). بەم جۆرەیش لە فەڕەنسا یاسای ساڵی ١٩٥٠ لائیسیتەی هێنایە دی؛ بەڵام ئەم لائیسیتەیە، بە سێ هۆکار لائیسیتەیەکی تەواو نەبوو:

یەکەم: پێویستە ڕەچاو بکرێت کە بۆ لێکجیاکردنەوەی ڕاستەقینەی ئایین و دەوڵەت، تەنیا ئەوە بەس نییە کە دەوڵەت بۆ بەفەرمیناساندنی ئایین و ئایینزاکان، دەستبەرداری مووچەپێدانی فەرمانبەرانی سەر بە ئایینەکە ببێت.

دووەم: ئەم یاسایە لێکجیاکردنەوەی تەواوی ئایین و دەوڵەتی بەدی نەهێنا، چونکە دەستی لە کاروباری دامەزراوەییی ناوخۆی کەنیسەکان، بەتایبەتیش یانە ئایینزایییەکان وەردەدا. ئەم کردەیە، بەرپەرچدانەوە و ناڕەزایەتیی توندی کەنیسەی کاتۆلیکی لێ کەوتەوە.

سێیەم: یاسای ساڵی ١٩٠٥ تەنیا پەیوەست بوو بە ئایین و ئایینزاکان. جۆرەکانی تری کۆبوونەوەی ئایینیی لەخۆ نەدەگرت؛ بەتایبەتیش یانە ئایینزایییەکان کە زۆرتر لایەنی فێرکارییان هەبوو. کەواتە، بەپێی یاسای ساڵی ١٩٠١ی تایبەت بە ئەنجومەنەکان، یانە ئایینزایییەکان لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا دەمانەوە. لە ڕاستیدا، ئەم جۆرە کردارە، هەم دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ئازادیی ئایینی و هەم بۆ سەر ئازادیی فێرکردن و هەمیش بۆ سەر ئازادیی کۆبوونەوە. پێویستە لەبیرمان نەچێت کە یاسای ساڵی ١٩٠٥، هێماکانی نەریتی کۆنی "گالیکی" بە ڕوخسارییەوە دیار بوو و دەوڵەت کەنیسەی کاتۆلیکی کۆنترۆڵ دەکرد. بەم جۆرەیش، ئەو لائیسیتەیەی کە بەپێی ئەو یاسایە لە فەڕەنسا بەرقەرار کرا، لەگەڵ ئەو پێناسەیەی کە پێشتر باسمان کرد بەتەواوەتی کۆک نەبوو، چونکە لە فەڕەنسا لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت بەتەواوەتی بەئەنجام نەگەیشت.

بەڵێ، بۆ تێگەیشتنی باشتری لائیسیتە بە شێوازی فەڕەنسی، دەبێ دەستڕۆیشتوییی بەردەوامی گالیکانیزمی تەمومژاوی ڕەچاو بکەین. لەبیرمان نەچێت لە لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوە، هەم بۆ دەوڵەت و هەمیش بۆ ئایین دەرەنجامی گرنگی لێ کەوتەوە. لە ڕاستیدا، دوای ئەوەی کە دەوڵەت لە هەر جۆرە دەستڕۆیشتوویییەکی ئایین ڕزگاری بوو و ڕووی ئایینزایی بوونی نەما (واتە دەوڵەتێکی ئایینی نەما)، ئەوکات دەوڵەت دەتوانێت بەتەواوەتی خودی خۆی بێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات. دەوڵەت بە جیابوونەوە لە ئایین، گەشەسەندن و بووژانەوەی خۆی بەئەنجام دەگەیەنێت. هەر بەم جۆرەیش، ئایین بە سەربەخۆبوون لە دەوڵەتەکە دەتوانێت بەئازادانە هەبێت و بەئازادانە کار بکات. لەم ڕووەوە لائیسیتەی ڕاستەقینە سەرنجراکێشی بۆ ئایین ئاسان دەکات (چیتر دەوڵەت دەست لە کاروباری ئایین وەرنادات و بۆ بەرژەوەندی تایبەت ئایین بەکار ناهینێت). ئەم هەقیقەتەیش زۆرتر سەبارەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاستە تا فەڕەنسا، چونکە لائیسیتە لە یەکەمیاندا تەواوترە لەوەی دووەمیان.

لە کۆتاییدا، پێویستە ڕەچاو بکرێت کە لەم لێکجیاکردنەوەیەدا، ئایین لە دەوڵەت جیا دەبێتەوە، نەک لە کۆمەڵگە؛ ئەگەرچی ئایین لە دەوڵەت لا دەبردرێت، بەڵام جێگە و پێگەی لە کۆمەڵگەدا هەر دەمێنێتەوە. دەبێ لەبیرمان نەچێت ئەگەرچی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەرفراوان سیکۆلار بووە، بەڵام بە مانای وردی لائیکبوون نایه‌ت. بۆیە ئایین نەك تەنیا بۆ ئاستی کارێکی تایبەت و کەسی کەم ناکرێتەوە، بەڵکوو دەتوانێت لایەنی کۆمەڵی و کۆمەڵایەتییشی هەبێت و بەئازادانە دەست لە کاروباری کۆمەڵگە وەربدات. بەڵێ، ئایین دەتوانێت به‌ئازادانە ڕێک بخرێت، چالاکییە جۆراوجۆرەکانی فراوان بکات، بەئاشکرا هەڵوێستەکانی ڕابگەیەنێت و لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی کارای هەبێت.

لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی

ئەگەرچی پێناسەی پێشووی لائیسیتە بۆ خۆی بەسە، بەڵام دەکرێ لائیسیتە وەک بێلایەنیی تەواوی دەوڵەت لە هەمبەر کاروباری ئایینیدا پێناسە بکەین. پێناسەی دووەم لە پێناسەی یەکەم جیاوازە، بەڵام نەك تەنیا ڕەتکەرەوەی نییە، بەڵکوو تەواوکەریەتی؛ چونکە هەم کۆمەڵێک لایەنی تری لائیسیتە بەرجەستە دەکات، هەمیش بە کۆمەڵێک دەرەنجامی تایبەت دەگات.

ئەم پێناسەیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرەتا لائیسیتە نەک بە کۆمەڵگەوە، بەڵکوو بە دەوڵەتەوە بەندە، چونکە بابەتێکی تایبەت بە دەوڵەتە. دواتر گریمانەی ئەوە دەکات کە دەوڵەت نەك تەنیا هیچ ئایینزایەک بەفەرمی هەژمار ناکات و پشتیوانییش لە هیچ ئایینزایەک ناکات، بەڵکوو دەستیش لە بواری ئایین وەرنادات و بۆچوونی خۆیشی سەبارەت بە هیچ ئایینێک دەرنابڕێت. لە کاتێکدا کە لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوە بەو مانەیە دێت کە دەوڵەت لە ئایین سەربەخۆیە و لە دەستڕۆیشتووییی ئایین ڕزگاری بووە. لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی بەو مانایە دێت، کە دەوڵەت گشت ئایینەکان پەسەند دەکات و ناتوانێت کۆمەڵێک ڕێسا دابڕێژێت کە کاریگەری لەسەر ڕێکخستنی ناوخۆییی کاری ئایینەکان دروست بکەن. بەم جۆرەیش دەوڵەت لە هەمبەر گشت ئایینەکاندا بێلایەنە و ئایینەکانیش بە مەرجی ڕەچاوکردنی ئاسایشی گشتی، ئازادیی تەواویان لە کۆمەڵگەدا دەبێت.

سەرەڕای ئەمەیش، بێلایەنی بە مانای بەیەکسانی مامەڵەکردنی دەوڵەت لە هەمبەر ئایینەکاندا نایه‌ت، چونکە بەیەکسانی مامەڵەکردن پێویستی بەوە هەیە کە دەوڵەت لە هەمبەر گشت ئایینەکاندا ڕەفتاری یەکسانی هەبێت. بۆ نموونە، بەیەکسانی پشتگیریی داراییی گشت ئایینەکان بکات. بەڵام بێلایەنبوونی دەوڵەت لەمە زیادتر دەڕوات و داوا دەکات کە دەوڵەت بە پێدانی ئازادیی تەواو بە گشت ئایینەکان و قبووڵکردنی دەرهاوێشتەکانی ئەو ئازادیپێدانە، دەوڵەت نە گرفت بۆ هیچ ئایینێک دروست بکات و نە یارمەتیی داراییی هیچ ئایینێکیش بدات. لە فەڕەنسا ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە لائیسیتە لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم بەملاوە، هەوڵ دەدات جێگەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا بکاتەوە. واتە هەندێ جار لائیسیتە پشتبەستراو بە جیاکردنەوەیە و هەندێ جاریش بە مانای بێلایەنی دێت. ئەگەرچی ده‌ستووری ساڵی ١٩٤٦، ئاماژەی بەم جۆرە تێگەیشتنە نەکردووە، بەڵام لە کاتی گفتوگۆ لەسەر ئەم یاسایە، ئەم جۆرە تێگەیشتنە لە لائیستەی [پشتبەستراو بە بێلایەنی] بەفراوانی هەبووە.

ده‌ستووری ساڵی ١٩٤٦، بەبێ ئەوەی کە پێناسەی لائیسیتە بکات، بە ڕاگەیاندنی ئەو خاڵەی خوارەوە لە ماددەی یەکەمدا، ڕازی بوو کە "فەڕەنسا کۆمارێکی لائیکە". دواتر ئەو جۆرە تێگەیشتنە زۆر بەڕوونی لە ده‌ستووری ساڵی ١٩٥٨دا ڕەنگی داوەتەوە. چونکە دوای دووبارەکردنەی ئەو ڕستەیەی سەرەوە دەڵێت: "فەڕەنسا ڕێز لە گشت بیروباوەڕەکان دەگرێت." (ماددەی دووەم). وا دیارە بە هێنانەوەی ئەم جۆرە ڕستەیە یاساداڕێژەران هەوڵیان داوە کە هەم چەمکی لائیسیتە ڕوون بکەنەوە و هەمیش واتایەکی ئەرێنیی پێ بدەن. هاوکات لە ساڵی ١٩٤٩دا یاساناسێکی بەناوبانگ، بەبێ هیچ دوودڵییەک لە وتارێکیدا دەڵێت: "لە ڕوانگەی یاسایییەوە لائیسیتە تەنیا بە مانای "بێلایەنبوونی دەوڵەت لە ڕووی ئایینییەوە دێت."٤ ماوەیەک لەمەوبەر واتە لە ساڵی ١٩٨٩دا، دوای ئەوەی کە داوا لە پەرلەمانی فەڕەنسا کرا بۆچوونی خۆی سەبارەت بە لائیسیتە بخاتە ڕوو، پەرلەمان بەڕاشکاوی لائیسیتەی بە ڕێزگرتن لە بیروباوەڕەکان گرێ دا و ڕای گەیاند: "بنەمای لائیسیتە پێویستی بە ڕێزگرتن لە گشت بیروباوەڕەکان هەیە."٥

بەم پێیەیش، لائیسیتە کە لە ده‌ستووری ساڵی ١٩٤٦ و ساڵی ١٩٥٨دا جەختی لێ کراوەتەوە، بە مانای بێلایەنبوونی دەوڵەت لە هەمبەر ئایینەکاندا هەژمار دەکرێت. بەڵام ئەو لائیسیتەیەی کە بەپێی ده‌ستووری ساڵی ١٩٠٥ بەرقەرار کرا، بە لێکجیاکردنەوەی ـــ ئەویش بەناتەواوی ـــ نێوان دەوڵەت و کەنیسە پێناسە دەکرا. لە نێوان ئەم دوو تێگەیشتنە لە لائیسیتەدا جیاوازیی تۆن (لحن) هەیە، کە ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ گۆڕانی ناوەرۆکی ئەو چەمکە.

لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی، دوو دەرهاوێشتەی گرنگی هەیە: یەکەم، پێویستی بە ئازادیی تەواو لە کاروباری ئاییندا هەیە. دەبێ تێبینی بکەین ئەگەرچی بەپێی یاسای ساڵی ١٩٠٥، کۆماری فەڕەنسا "ئازادیی ویژدان" دەستەبەر و "جێبەجێکردنی ئازادانەی ڕێوڕەسمی ئایینزاکان" گەرەنتی دەکات (ماددەی یەکەم)، بەڵام لائیسیتەی خوازراو [مطلوب] کە لە ده‌ستووری ساڵی ١٩٤٦ و ١٩٥٨دا ئاماژەی پێدراوە بە پێداگری لەسەر بێلایەنیی دەوڵەت، لە ڕاستیدا دەوڵەت بە دژایەتینەکردنی ئایین و ئایینزاکان و ڕێزگرتن لە گشت ئایینەکان ناچار دەکات. ئەم خاڵەیش بەو مانایە دێت کە دەوڵەت ناتوانێت هەڵوێستێکی دژەئایین بگرێتە بەر و، ئایینیش نەك به‌س بۆ ئاستی ڕێوڕەسمە ئایینییەکان کەم ناکڕێتەوە، بەڵکوو ڕۆڵی تریشی لە ڕووی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی (Social ethics) و فێرکردنەوە هەیە.

دەوڵەت سەرەڕای ئەوەی کە لائیکە، بەڵام ناتوانێت لائیسیتە بکات بە ئایدیۆلۆژی؛ چونکە بەم کارە، لائیسیتە ڕووبەڕووی مەترسیی لەناوچوون دەبێتەوە. ئەگەر لائیسیتە شەڕخواز بێت، بەرەو نەمانی خۆی دەڕوات و ئەگەر دەوڵەتیش بەردەوام هەوڵی بەسیکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگە بدات و چالاکییەکانی خۆی لە بواری ئاییندا بەرفراوان بکات و هەوڵی ئاسانکردنی لائیسیتە بدات، ئەوکات دەوڵەت لە لائیکبوون دوور دەکەوێتەوە؛ چونکە بێلایەنیی خۆی نەپاراستووە و بەکردەوە لە زڕاندن و لەنێوبردنی ئاییندا بەشدار بووە. جارێکی تر وەبیر دێنینەوە کە لائیسیتە تەنیا بە دەوڵەتەوە پەیوەستە، نەک بە کۆمەڵگەوە. کۆمەڵگە واتە ئەو پانتایییەی کە ئازادیی ئایین، دەبێ بتوانێت بەتەواوی و بەئازادانە تێیدا چالاک بێت.

دووەم: یەکسان هەژمارکردنی لائیسیتە بە بێلایەنیی دەوڵەت، دەبێتە هۆی بەرفراوانبوونی ئەم چەمکە، بە شێوەیەک کە دەوڵەت نەك تەنیا سەبارەت بە هەموو ئایینەکان، بەڵکوو لە بوارەکانی فەلسەفی، ئایدیۆلۆژیک و تەنانەت ئیتیکدا بێلایەنە. بۆیە دەتوانین چەمکی لائیسیتە زۆر بەرفراوان بکەین.

بەم جۆرەیش دەوڵەتی لائیک بە هۆی بێلایەنبوونییەوە، ناتوانێت فەلسەفە، ئایدیۆلۆژی، یان ڕەوشتێکی تایبەت قبووڵ بکات، یان ڕەتی بکاتەوە. بۆ نموونە، دەوڵەت ناتوانێ ڕێگەی گەشە و تەشەنەکردنی ڕێبازێکی دیار (ماتریالیزم، گۆڕانی باوەڕ، مارکسیزم) ئاسان بکات، یان قەدەغەی بکات. هەڵبەت جیا لەو ڕێبازانەی کە زیان لە ئاسایشی گشتی دەدەن، وەک: ڕەگەزپەرەستی و دژی جوولەکەبوون. زیاد لەمەیش، دەوڵەت ناتوانێت ڕەوشتێکی دیاریکراو، جا لە ئایین وەرگیرابێت، یان وەرنەگیرابێت و تەنانەت نایشتوانێ ڕەوشتێکی لائیک ڕابگەیەنێت؛ چونکە پێویستە تاکەکان لەم ڕووەوە ئازاد بن. بەم پێیەیش نە دەکرێ ئایدیۆلۆژیی فەرمی و ڕەوشتی دەوڵەتی هەبێت، نە ئایینی دەوڵەتییش.

لەوەی کە باسمان کرد دەردەکەوێت، کە ناتوانین تاکە پێناسەیەک لە لائیسیتە بخەینە ڕوو. بۆ تێگەیشتنی باشتر لەم چەمکە، پێویستە دوو پێناسە پێشکەش بکەین کە بە دوو بۆچوون (درککردن) بە لائیسیتەوە پەیوەستن. هەروەک بینیمان سەرەڕای ئەوەی کە ئەم دوو بۆچوونە مانای یەکسانیان نییە و دەرەنجامی جیاوازیان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام نەك تەنیا پێکەوە نەگونجاو نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن. لە فەڕەنسا لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین، کە هاوشێوەی لائیسیتەی ڕاگەیەندراوی یاسای ساڵی ١٩٠٥ە، جەخت لەسەر سەربەخۆییی دەوڵەت لە ئایین دەکاته‌وه‌. لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی کە بە لائیسیتەی ده‌ستووری ساڵی ١٩٤٦ و ١٩٥٨ه‌وە بەندە، جەخت لەسەر ڕێزگرتن لە ئازادیی ئایینی دەکاته‌وه‌. یەکەمیان، (واتە لائیسیتەی پشتبەستراو بە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین) بۆ لائیسیتەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە ئەگەری بەکەماڵگەیشتنی دەوڵەتی مۆدێرن فەراهەم دەکات؛ دووەمیشیان (واتە لائیسیتەی پشتبەستراو بە بێلایەنی) لائیسیتەیەکی نەرمترە و خواستی ئازادی بەرجەستە دەکات.

گۆڕانی ئێستای لائیسیتە:

لە حاڵی حازردا، لە فەڕەنسا لائیسیتە بارودۆخێکی ناکۆک (متناقض)ی هەیە. ئەگەرچی کۆدەنگییەکی بەرفراوان لەبارەی لائیسیتەوە لە ئارادایە و دژایەتیی ناکرێت، بەڵام مەیلی بۆ گۆڕین هەیە و دەیەوێت لائیسیتە مانای نوێ لەخۆ بگرێت. بەم چەشنە چیتر لائیسیتە بە لێکجیاکردنەوەی نێوان دەوڵەت و کەنیسەکان و بێلایەنیی دەوڵەت لە هەمبەر ئایینەکاندا سنووردار ناکرێت. بەڵکوو لەمەودوا بە شێوازی نوێ و، بەگشتی، لە زاراوەی ئازادیدا گەڵاڵە دەکرێت. ئێستا لائیسیتەی تەقلیدی، بە ناڕوون و بەسەرچوو دەبینرێت و جێگەی دوودڵی و گومان لێکردنە. ئێستا زۆر بەسادەیی باس لە لائیسیتەی کراوە و فرەلایەن دەکرێت و پێشنیاری دووبارە پێناسەکردن، یان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. بەم جۆرەیش لەم ڕۆژگارەدا ڕوونکردنەوەی مانای لائیسیتە، هەروەک بینیمان کارێکی سەختە و بە گۆڕانێکی هەستپێکراودا دەرباز دەبێت. هەر بۆیەیش پێویستە هۆکارەکانی ئەم گۆڕانە بدۆزینەوە و سروشتەکەی دیاری بکەین و دەرهاوێشتە پراکتیکییەکانی بخەینە ڕوو.

هۆکارەکانی گۆڕان

دەتوانین گۆڕانی ئێستای لائیسیتە لە ڕێگەی چەند فاکتەرێکی پێکەوەگرێدراوەوە ڕوون بکەینەوە، کە ئەو فاکتەرانە بە یەک ئاراستەدا کار دەکەن. هەروەک بینیمان لائیسیتە لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت بە پێویست دەزانێت. ئەمەیش بەو مانایە دێت کە دەوڵەت بەتەواوەتی لە ئایین ڕزگاری بووە و ئایین نەک بە دەوڵەت، بەڵکوو بە کۆمەڵگەوە گرێ دراوە. لە چەند دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە دەوڵەت، کۆمەڵگە و ئاییندا ڕوویان داوە و لە دەرەنجامدا پەیوەندییەکانی دەوڵەت و کۆمەڵگەیش هێدی هێدی گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئاشکرایە کە ئەمەیش دەبێتە هۆی هاتنەدیی كۆمه‌ڵێك گۆڕان لە پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و ئایین و لە دەرەنجامیشدا گۆڕانی لائیسیتەی بەدوادا دێت.

لە فەڕەنسا دەوڵەتی مۆدێرن بەتەواوەتی ڕەگی داکوتاوە و لائیسیتەیش بە هێمای کامڵبوونی دەوڵەت هەژمار دەکرێت. هەروەک باسمان کرد پرۆسەی فۆڕمگرتنی ئەم دەوڵەتە بەو هۆیەوە درێژخایەن و سەخت بوو کە دەبوایە لەمپەری جۆراجۆر دەرباز بکات، بەڵام سەرەنجام توانی بە سەقامگیریی درێژخایەنی سیستەمی کۆماری بگات. هەڵبەت خودی کۆماریش ڕووبەڕووی دژایەتیی جددی بووەوە و بە دەوڵەتی ڤیشی (Vichy)٦ کۆتایی پێ هات، کە بە هۆی چەندین هۆکارەوە بە دەوڵەتی مۆدێرن نامۆ بوو. بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بە دووبارە دامەزراندنەوەی کۆماری فەڕەنسا، دەوڵەتی مۆدێرن هێزی گرتەوە و لەو کاتەوە تا ئەمڕۆکە ڕکابەری ترسناکی نییە و بەم جۆرەیش بوونی ئەم دەوڵەتە چەسپێنرا، ئەگەرچی بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانی مەترسیی نوێ لە ئارادایە؛ یەکێک لەو مەترسییانەیش "حزبی بەرەی نەتەوەیی"یە٧. ئاشکرایە لەم جۆرە بارودۆخەدا دەوڵەت بۆ سەلماندنی بوونی خۆی و جوداییی ڕێژەیی لە کۆمەڵگە، پێویستی بە شەڕکردن نییە. دەوڵەت لە سەرووی بەرژەوەندیی تایبەتەوە دێت و ڕۆڵی زیادکردنی بەرژەوەندیی گشتی و سوودی گشتی دەبینێت. بەم پێیەیش ئەرکەکانی دەوڵەت دەگۆڕدرێن، چونکە چیتر ناتوانێت بەتەواوەتی لە کۆمەڵگە جیا بمێنیتەوە و لە هەمبەر پرسەکانی کۆمەڵگەدا بێهەڵوێست بێت.

لێرەوە کێشەی سەرەکیی دەوڵەت نە بە سەلماندنی بوونی خۆی لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا، بەڵکوو ئاسانکردنی ژیان و دابینکردنی ڕەگەزەکانی ژیانە. لە لایەکی ترەوە، خودی کۆمەڵگەیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و پرسی نوێ و جۆراوجۆری ئابووری، کۆمەڵایەتی، ئیتیک و... سەریان هەڵداوە. هەنووکە لە زۆربەی بابەتەکاندا خەڵک خوازیاری دەستوەردان و یارمەتیی دەوڵەت و ڕێکخراوە خۆجێییەکانن، بەتایبەتیش لە دوای نەمانی ناناوەندگەراییی دەسەڵاتی سیاسییەوە.

بەم جۆرەیش چیتر کۆمەڵگە بە تەنیا نییە و، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پشت بە دەسەڵاتی دەوڵەت دەبەستێت. دیارە ئایینیش کە بە یەکێک لە ڕەگەزەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەژمێردرێت، لەم گۆڕانەدا پەراوێز نەخراوە و پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەت دروست کردووە و تەنانەت هەندێ جار داوای یارمەتیی ناڕاستەوخۆ لە دەوڵەت دەکات. دەکرێ ئەم ڕەنگدانەوەیەیش لە دوو بواری سەرەکیدا کە بۆ کۆمەڵگە زۆر پێویستن، واتە فێرکردن (پەرەوەردە) و ئیتیک بەڕاشکاوی ببینرێت، کە هەردووکیان لە لایەن ئایینەوە بایەخیان پێ دەدرێت.

لە ڕاستیدا، کەنیسەکان دەتوانن بنەمای ئازادیی فێرکردن دەستەبەر بکەن. بۆ ئەم کارەیش کە بۆ کۆمەڵگەیش سوودمەندە داوای پشتگیریی دارایی لە دەوڵەت بکەن. هەروەها سەبارەت بە هەندێ بابەتی پەیوەست بە ڕەوشت کە ڕەهەندی کۆمەڵایەتییان هەیە و دەوڵەت ناتوانێت هەڵوێستی ئایینەکان لەبارەی ئەم پرسانەوە پشتگوێ بخات، ئایینەکان داوای ڕادەربڕینی خۆیان دەکەن. پێویستە لەبیر نەکرێت کە خودی ئایینەکانیش گۆڕانی هەستپێکراویان بەسەردا هاتووە، بەتایبەت کەنیسەی کاتۆلیک کە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە زۆر گۆڕدراوە. ئەم کەنیسەیە لە ڕێڕەوی خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم بە جیابوونەوە لە دەوڵەت ڕازی بووە و مانایەکی پەسەندکراوی بە لائیسیتە بەخشیوە. هەڵبەت پێویستە بگوترێت کە دانیشتنی ڤاتیکانی دووەم٨ لە گۆڕانی ئەم ئایینزایەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. هەروەها خودی کەنیسەی کاتۆلیکیش لە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین هەندێ سوودی وەرگرتووە.

ڕاستییه‌كه‌ی، لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین، ئازادییەکی بەرفراوانی بۆ ئەو ئایینە بە دیاری هێناوە و ئایینزای کاتۆلیکی سەرلەنوێ بە ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕۆحییەکەی ڕاسپارد. کەنیسەی کاتۆلیک بە دوورکەوتنەوە لە دەوڵەت، توانی لە کاتی پێویستدا ئاراستەیەکی ڕەخنەگرانە لە هەمبەر دەوڵەتدا بگرێتە بەر. هەروەها لە چەندین دەیەی ڕابردوودا شایەتی گەڕانەوەی گەمەی ئایین بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و دووبارە ژیانەوەی ئایینی جۆراوجۆرین، کە هەندێ جار برەو بە توندڕەوی دەدەن. بەتایبەت دەتوانین ئاماژە بە فه‌نده‌مێنتالیزم و خراپ کەڵکوەرگرتنی فیرقەکان لە ئایین بکەین.

دیاردەی نوێ لە فەڕەنسا سەرهەڵدانی ئیسلامە؛ ئەوەیش بە هۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری موسڵمان کە بۆ هەمیشە لەو وڵاتەدا نیشتەجێ بوونە. هەروەک دەزانین ئیسلام گەمەی ئایینی لە گەمەی سیاسی جیا ناکاتەوە و لە ئیسلامدا ئایین دەستڕۆیشتووییی زۆری لە ژیانی تاکی، خێزانی و کۆمەڵایەتیدا هەیە، بۆیە بە پەسەندکردنی لائیسیتە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە دەبێتەوە. ئەو جۆرە بارودۆخە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی لائیک ڕەچاوی تایبەتمەندیی ئیسلام بکات و بەرەو پرۆسەی لائیکبوون هانی بدات.

 

 

کۆتاییی بەشی دووەم

سەرچاوە: مجلە جامعە نو، پیاپی ٢٣، دی ١٣٨٣، چاپ دوم.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 03 شوبات 2019 12:08