زیگمونت باومەن

و: پێنووس

"تویتەر" لەم چەند ساڵەی دواییدا، یەکێک بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە پڕبینەر و هەرە کارتێکەرەکان. ملیۆنان بەکاربەر لە سەرانسەری دنیادا تویتەکانی خۆیان لە ڕێی ئەم تۆڕی ڕاگەیاندنەوە بڵاو دەکەنەوە. ئەم تۆڕی پەیوەندییە بە چ ئامانجێک داهێنرا و ئامانجی بەکاربەران لە تویتکردن چییە؟

"تویتەر"، یان "جریوە"، هەر ئەو دەنگەیە کە باڵندە دەیجریوێنن. وەک باڵندەناسان دەڵێن، جریوە لە ژیانی باڵندەکاندا دوو ڕۆڵی بە ڕواڵەت لێکدژ، بەڵام بە یەک ئەندازە گرینگیان هەیە: دەرفەتی ئەوەیان بۆ دەڕەخسێنێت کە پێکەوە لە پەیوەندیدا بن (واتە ئامرازێکە بۆ بزرنەبوون، یان بزرنەکردنی دایکە و باوکە، یان پۆلی باڵندەکان) و لەمپەرێکیشە بۆ ئەوەی باڵندەکانی تر، بەتایبەت باڵندە هاوجۆرەکانیان، دەستدرێژی نەکەنە سەر ئەو سنووری ژیانەی بۆ خۆیان دابین کردووە، یان دەیانەوێت دەستەبەری بکەن. جریوەی باڵندە هیچ پەیامێکی تری نییە، کەواتە ناوەڕۆکەکەی (تەنانەت ئەگەر ناوەڕۆکێکیشی هەبوایە، کە نییەتی) گرینگ نییە؛ ئەوەی گرینگە هەر ئەوەیە کە دەنگێکی ئاشنا دەربڕدراوە و، دەکرێ ببیسترێت (هیوادارن کە وا بێت).

نازانم ئاخۆ جاک دۆرسی، کە ساڵی ٢٠٠٦، ئەو دەمەی هێشتا خوێندکار بوو، ماڵپەڕی تویتەری دامەزراند، ئەو کارەی بە ئیلهاموەرگرتن لەو خووە سەدان ملیۆن ساڵەیەی باڵندەکان کرد، یان نا. بەڵام دیارە ٥٥ ملیۆن بینەری ئەم ماڵپەڕە، بە ئاگاداری، یان بە نائاگادارییەوە، ئەم خووە پەیڕەو دەکەن و وا دایارە بۆ مەبەست و پێداویستییەکانی خۆیان بە باشی دەزانن. لە ١٥ی مارسی ٢٠٠٩، پیدر زێین لە ڕۆژنامەی news and observerدا دەری خست، کە لە ساڵی ڕابردوودا ژمارەی بەکاربەرانی تویتەر ٩٠٠% هەڵکشاوە (لە کاتێکدا کە بە گوتەی ویکیپیدیا، ژمارەی بەکاربەرانی فەیسبووک تەنیا ٢٢٨% هەڵکشابوو). بەڕێوەبەرانی تویتەر دنەی تازەکاران دەدەن و بانگهێشتیان دەکەن بۆ ئەوەی تێکەڵی سوپا ٥٥ ملیۆنییەکەی بەکاربەرانی ئەو ماڵپەڕە ببن و دەڵێن "تویتەر ئامرازێکە بۆ پێوەندی و دانەبڕان لە دۆستان و خێزان و هاوکاران لە ڕێی وەڵامدانەوە خێرا و بەردەوامەکان بە پرسیارێکی ئاسایی: خەریکی چیت؟"

هەروەک بەمسۆگەری دەیزانن، وەڵامەکان نەک هەر خێرا و بەردەوام، بەڵکوو دەبێ کورت و چڕ (وەک جریوەی باڵندە) بن و لە ١٤٠ نیشانە زیاتر نەبن. کەواتە ئەو "کارە"ی کە دەتوانن لەبارەیەوە تویت بکەن، لەمە زیاتر نییە: "خەریکم پیتزای چوارپەنیر دەخۆم"، "خەریکم لە پەنجەرەوە سەیری دەرەوە دەکەم"، "خەوم دێ و بەتەمام بچم بنووم"، یان "زۆر بێتاقەتم". بە لوتفی بەڕێوەبەرانی تویتەر، ڕازداری و کەمدوێنییە باو، بەڵام شەرمێونەکەمان لەمەڕ پاڵنەر و ئامانجی کردەکانمانەوە ئیتر عەیبە و کێماسی نییە، بەڵکوو بە جۆرێک کاری باش لەقەڵەم دەدرێت. بە ئێمە و کەسانی تری وەکوو ئێمە دەڵێن و تێمان دەگەیەنن کە تاکە شتی گرینگ ئەوەیە کە لە هەموو ئانوساتێکدا بزانین خەریکین چی دەکەین و بەوانی تریشی ڕابگەیەنین: "بینران" گرینگە. گرینگ نییە بۆچی ئەم کارە دەکەین و، کە ئەم کارەیش دەکەین چ بیر و ئامانج و ویستێکمان لە سەریدایە و چێژ لە چ شتێکی وەردەگرین، یان لە چ شتێکی پەشیمان دەبینەوە؛ تەنانەت گرینگ نییە، جگە لە مەیلی خۆدەرخستن، لە پێناو چیدا تویتمان کردووە.

کاتێ پێوەندییە مۆنیتۆرییەکان شوێنی پێوەندییە ڕاستەوخۆکان دەگرنەوە، "ڕواڵەتەکان" پێکەوە پێوەندی دەگرن. بە لوتفی تویتەر "هەلپەرستی"، واتە شێوازە دڵگرەکەی جێگۆڕکێ لە ژیانە پەلەپڕووزەکەماندا، کە سەرڕێژە لە دەرفەتە ناکاوەکان، سەرەنجام بەسەر پێوەندیی نێوان مرۆڤەکاندا زاڵ بووە. لە ئەنجامدا، هاودڵی و قووڵی و بەردەوامیی هاموشۆی مرۆڤانە و پێوەندییە مرۆڤییەکانیش تووشی خەسار بووە.

برەوپێدەران و لایەنگرانی "پێوەندی"یە خێراتر و ئاسانتر و بێکێشەترەکان (بە واتایەکی وردتر: چەسپاندنی "لەپێوەندیدابوون") هەوڵ دەدەن قه‌ناعه‌تمان پێ بهێنن کە سوودی تویتکردن، لە زیانی زۆرترە. بۆ نموونە، لە ویکیپیدیادا و لەژێر سەردێڕی "کەڵکەکان"ی تویتدا نووسراوە "هاوکات لەگەڵ پەلامارەکانی ساڵی ٢٠٠٨ لە بەمبەئی، شایەدحاڵەکان لە هەر پێنج چرکەدا نزیکەی ٨٠ تویتیان نارد. تویتکەرەکان لە شوێنی ڕووداوەکەوە، یاریدەر بوون بۆ کۆکردنەوە و تۆمارکردنی پێڕستی کوژراو و بریندارەکان"؛ هەروەها "لە جانیوەریی ٢٠٠٩دا، فڕۆکەی ژمارە ١٥٤٩ی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی لاگواردیای نیویۆرک‌ سیتی دوای هەڵفڕین خۆی بە پۆلێک باڵندەدا کێشا و، ناچار بوو بەخێرایی لە ڕووباری هادسۆندا بنیشێتەوە. جەنیس کرێیمز، سەرنشینی یەکێک لەو کەشتییانەی خۆی گەیاندە ئەو فڕۆکەیە، بەر لە گەیشتنی میدیا نەریتییەکان چەند وێنەیەکی لەو کەسانە گرت کە خەریک بوون لە فڕۆکەکە دادەبەزین و لە ڕێی تویتپیک (TwitPic)ەوە تویتی کردن." یان ئەوەی کە "لە فێبریوەریی ٢٠٠٩، بنکەی ئاگرکوژاندنەوەی ویلایەتی ڤیکتۆریای ئوسترالیا دوایین هەوڵەکانی پێوەندیدار بە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ڤیکتۆریای بە تویتەر ڕاگەیاند." بەڵام باسی ئەم بابەتانە وەک ئەوە وایە کە بە بڵاوکردنەوەی جارناجاری ڕوخساری گەشی ژمارەیەک لە براوەکانی قومار، هەوڵ بدەین قوماربازانی هێزەکی (بالقوه) لە سوودی کڕینی کارتی لاتاری دڵنیا بکەین، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ملیۆنان دۆڕاوی هەناسەسارد بکەین.

دەبێ ئەوە بپەژرێنین کە کاریگەریی تەکنه‌لۆژیی بگۆڕی پێوەندییە مرۆڤییەکان، ڕێکەوڕاست لە دەستکەوتەکانی سیستەمی ئابووریی بانکتەوەر دەچێت، کە لەو سیستەمەدا سوودەکان تایبەتین و زیانەکان گشتین. لە هەردووکیاندا "زیانە لابەلاکان" بە شێوەیەکی نەگونجاو بەربڵاوتر و قووڵتر و شاراوەترن لە سوود و دەستکەوتە دەگمەن و بەهەڵکەوتەکان. بەڵام سوودێکی جیاواز، سوودێکی بەرفراوانتر هەیە کە وێدەچێت هۆکارە سەرەکییەکەی سوودوەرگرتن لە ماڵپەڕی تویتەر ئەوە بێت. ئێستا ماوەیەکە تیۆرییە بەناوبانگەکەی دیکارت، کە بە "هۆکاری هەبوون" ناسراوە، واتە "بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم"، شوێنی خۆی داوەتە نوسخەیەکی نوێکراوە بۆ سەردەمی پێوەندییە گشتییەکان: "دەبینرێم، کەواتە هەم". هێندەی کە ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک بتوانن و (هەڵبژێرن) کە من ببینن، هۆکاری هەبوونم سەلمێنەرترە...

مرۆڤە ناودارەکان سەرمەشقن. ئێوە گرینگی و بایەخی ئەوان بە بایەخی ئەو کارانەی کردوویانن ـــ بە گرنگیی کارەکانیان ـــ هەڵناسەنگێنن (بە هەر حاڵ، ئێوە ناتوانن ئەو تایبەتمەندییانە بە دروستی هەڵسەنگێنن و بڕوایەکی واتان بە تێگەیشتنەکانی خۆتان هەبێت، کە پابەندی بۆچوونەکەتان  بن): دەتوانن دڵنیا بن کە "مرۆڤە ناودارەکان" تەنیا بە هۆی سەپاندنی هەبوونی خۆیانەوە گرینگن: دەبێ خەڵکێکی زۆر لێیان بڕوانن و ببینرێن ـــ لە هەموو بۆتکەیەکی ڕۆژنامەفرۆشی، لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامە پڕهەراوهوریاکان، لەسەر بەرگی گۆڤارە ڕەنگاوڕەنگەکان، لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان... ئەگەر ژمارەیەکی زۆری خەڵک چاویان لێ دەکەن، چاودێریی هەموو جووڵەیەکیان دەکەن، گوێ بۆ هەموو دەنگۆیەک دەربارەی نوێترین بەسەرهاتەکان، سەرکێشییەکان و سەربزێوییەکانیان هەڵدەخەن، کەواتە دەبێ ئەوانە کەسانێکی گرینگ بن ـــ خۆ ناشێ ئەو هەموو خەڵکە هاوکات پێکەوە هەڵە بکەن!

دانیەڵ بۆرستین ئەم بابەتەی لە گوتەیەکی هەرماندا کورت کردووەتەوە: "مرۆڤی ناودار، ئەو کەسەیە کە بە هۆی ناوداربوونەکەیەوە ناوی دەرکردووە!" بە چ ئەنجامێک دەگەین (ئەنجامێکی نەک بەتەواوەتی ڕاست، بەڵام بە هەر حاڵ باوەڕپێکراو)؟ چەندەی زیاتر تویت بکەم و خەڵکانێکی زۆرتر تویتەکانم ببینن، شانسێکی زۆرترم دەبێ بۆ ئەوەی ناوم بکەوێتە نێو ناوی مرۆڤە ناودارەکانەوە. وەک نموونەی مرۆڤە ناودارەکان، بەڕاستی گرینگ نییە لەبارەی چییەوە تویت دەکەم. سەرەڕای ئەمانە، ئەو شتانەی لەمەڕ مرۆڤە ناودارەکانەوە دەیانبیستین و دەیانخوێنینەوە، زۆربەیان نوێترین هەواڵ سەبارەت بە خواردنی نانی بەیانیان، دەزگیرانەکانیان (دۆستەکچ / دۆستەکوڕەکانیان)، پێوەندیی یەکشەوییان و شتکڕین و هەڵەخەرجییەکانی ئەو مرۆڤانەیە. جا چونکە گرینگایەتیی هەموو کەسێک لە دنیادا بە پێوانەی "ناوداربوون"ەکەی هەڵدەسەنگێنن، تویتکردن ڕێگەیەکە بۆ قورسترکردنی کێشی زەین و دەروونی مرۆڤەکان (جۆرێک پارێزی پێچەوانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە پارێز، شێوازی دابەزاندنی کێشی لەشە). یان لانی کەم وا دێتە بەرچاو. خۆ ڕەنگە ئەمە لە وەهمێک زیاتر نەبێت، بەڵام بۆ زۆربەی هاوچەرخەکانمان وەهمێکی خۆشە – خۆشە بۆ خەڵکانێک کە ڕاهاتوون و فێر بوون پێیان وا بێت "گرینگبوون" لە "بینران"ەوە بەدەست دێت، ئەو خەڵکەی کە ڕێیان ناکەوێتە نێو گۆڤارە ڕەنگاوڕەنگەکان و ڕۆژنامە پڕهەراوهوریاکانەوە، واتە ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی دەسەڵاتی ڕاستەقینەی دابەشکردنی خەڵکیان بەسەر دوو دەستەی "شیاوی دیتن" و "نەدیتراو"دا هەیە و دەتوانن ئەوان بخەنە ڕیزی "بینراوەکان"ەوە. تویتەر بۆ ئێمە، مرۆڤە "ئاسایییەکان"، هەمان کەڵکی هەیە کە بەرگی گۆڤار و ڕۆژنامە ڕەنگاوڕەنگەکان بۆ ئەو دەگمەن مرۆڤانە هەیانە، کە بە "مرۆڤە نائاسایییەکان" دەناسرێن. لاپەڕەی تویتەری ئێمە وەک دوکانێک وایە کە لە شەقامی سەرەکیی شار هەڵکەوتووە و زڕەشێوەی شکۆی مۆڵی جلوبەرگە مارکدارەکان دەنوێنێت: جێگرەوەیەکی هاوشێوە بۆ دەستکورتەکان. بۆ ئەو کەسانەی ناچارن لە فرۆشگە زنجیرەیییەکان پێداویستییەکانیان بکڕن، تویتەر ژانی ئەو هەستی سووکایەتی و خۆبه‌كه‌مزانینه‌ دەشکێنێت، کە لە سۆنگەی بێبەشبوون لە مۆڵە تایبەتەکان تووشی کەسانی دەستکورت دەبێت.

 

 

  • زیگمونت باومەن، کۆمەڵناسی پۆڵۆنیایی و تیۆریسیەنی "مۆدێرنیته‌ی ڕەوان"ە. ئەوەی خوێندتانەوە وەرگێڕدراوی ئەو نووسینه‌ی خوارەوەیە:

 

http://www.aasoo.org/fa/articles/چرا-توئیت-می‌کنیم؟

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 05 شوبات 2019 09:30