گرینگترین گۆڕانە فکری و فەلسەفییەکان لە پەروەردە و ڕاهێنانی نوێدا  

 

مورتەزا نەزەری/ پسپۆڕی ڕاهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی

وەرگێڕان و کورتکردنەوەی: کیشوەر پیرۆتی/ بەکالۆریۆسی بەڕێوەبەرایه‌تیی بازرگانی، وەرگێڕ و توێژەری ئەدەبیاتی منداڵان

گرینگترین گۆڕانە فکری و فەلسەفییەکانی پەروەردە و ڕاهێنانی نوێ لە سەردەمی مۆدێرندا بەپێی ئەو گۆڕانەی لە چەمکی مرۆڤدا دروست بووە، پێگەی تاکی لە هاوکێشە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا تووشی گۆڕان کرد. سروشتییە کە دیمەنە نوێیەکانی پەرەسەندووییی وڵاتان کۆمەڵێک "ئۆبژە"ن کە ڕەگیان لە "سووژە" فکری و فەلسەفییە تایبەتەکانی خۆیاندا هەیە و، ڕووداوی بنەڕەتی و گرینگ ئەوە بووە کە سیستەمەکانی ڕاهێنانی ئەو کۆمەڵگەیانە لەسەر بنەمای ئەو بڕگە واتایییانە داڕێژراون. ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ئەندازیاریی فکری و لە خولگەی پلاندانان و جێبەجێکردنی پەروەردە و ڕاهێناندا دروست بووە، بەم شێوەیەیە:

  • تەوەرەبوونی فێربوون و قوتابی

باسەکە لەسەر بەردەنگ و مرۆڤە لە بارودۆخی نوێدا. هەروەک دەزانین هەر بارودۆخێک پەروەردە و کەسایەتی و باری زەینیی تایبەت بە خۆی دەوێت. هەڵەیە ئەگەر پێمان وا بێت لە وڵاتێکدا کە تا دوێنێ شێوازێکی ڕاهێنانی نەریتخوازانەی پەروەردە و ڕاهێنانی تێدا زاڵ بووە، ئەمڕۆ بتوانین بارودۆخ و شێوازە مۆدێرنەکانی ڕاهێنان، وەکوو ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی و ڕاهێنان لە ڕێی ڕاگەیاندن و ڕاهێنان لە دوورەوە و ڕاهێنان لە ڕێی کۆمپیۆتەرەوەی، تێدا بکەین بە جێگرەوەی شێوازە کۆنەکان. ئەو خاڵە بنەڕەتییەی کە لە "کۆمەڵگە وەرگرەکان"دا هەیە، ئەوەیە کە گرینگی بە بەستێنی فکریی دیاردەیەکی مۆدێرن نادەن و لێی خافڵن. "گۆڕان لە چەمکی مرۆڤدا" بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی نوێ، بەتایبەتی لە بواری پەروەردە و ڕاهێناندا، بنەمایەکی بنەڕەتیییە. مرۆڤ لە بارودۆخی مۆدێرندا دەبێتە بوونەوەرێکی خاوەن فکری خۆی؛ بە شێوەیەک کە هەموو شتێک بەپێی عەقڵ و هزری خۆی ئه‌زموون ده‌كرێت و دەناسێت.

لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانە بنەڕەتییەیە، کە پەروەردە و ڕاهێنان لە بارودۆخی نوێدا نایەوێت ڕێگه‌ بە قوتابیان نیشان بدات، بەڵکوو وەڕێخستنی قوتابیان بەلایەوە زۆر گرینگترە. ئەم پێویستییە بە واتای ڕەچاوکردنی ئازادیی پرسیارکردن، هزرین، ڕەخنەگرتن، مافی گومانکردن، بوێریی داهێنان و نوێخوازییە. بۆ ئەم پێویستییە، دەبێ پێکهاتەی پەروەردە، هەر لە سەرچاوە و دەقە دەرسییەکانەوە بگرە هەتا شێوازەکانی وانەگوتنەوە، لە کۆتوبەندی چوارچێوەخوازی و ئەنجامتەوەری دەربچێت. کەواتە لە بارودۆخی نوێدا ڕاهێنان لە خزمەتی قوتابیدایە، نەک قوتابی لە خزمەتی ڕاهێناندا بێت. بە واتایەکی تر، ئێمە بەهیوا نین قوتابی لە کۆمەڵێک چەمکی پێشتردیاریکراو و چوارچێوەداردا هەرس بکەین، بەڵکوو ئەرکی بەڕێوەبەرانی ڕاهێنان تەنیا پێشکەشکردنی ناوەڕۆکی جۆراوجۆری ڕاهێنەرییە لە ڕێگه‌ی گرینگیدان بە بەهرە و خواستی جەستەیی و ڕووحی و فکریی قوتابییەکانەوە و، بیر لە ئەنجامێکی دیاریکراو ناکەنەوە؛ چونکە ئامانج فێربوونە و ئاست و جۆری فێربوونەکەیش شتێکی دیاریکراو نییە تاکوو بتوانن نمرەی بۆ دابنێن. چونکە ئەگەر بێت و چاوەڕێی ئەوە بین کە لە ناوەڕۆکە جۆراوجۆرەکانی ڕاهێنەری، ئەنجامێکی نەگۆڕمان بەدەستەوە بێت، داهێنەری لەنێو دەچێت.

  • فێربوون: پڕۆسەیەکی ئازادانە، دڵخوازانە و بەردەوام

فێربوون یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانی هەر تاکێک. لە لایەکی دیکەیشەوە ئەم مافە بنەڕەتییە بە زۆرکارەتی (اجباری) نییە؛ چونکە گەوهەری فێربوون، خۆی هەڵقووڵاوی جۆرێک پێداویستی و پاڵنەری دەروونییە و لەگەڵ زۆرکارەتیدا دژایەتیی هەیە. لە لایەکی تریشەوە، فێربوون کات و شوێنی تایبەت ناناسێت و لە بارودۆخی نوێدا ڕاهاتن و فێربوون تا کۆتاییی تەمەن بەردەوامە. لەم ڕوانگەیەوە سەرلەبەری گۆڕەپانی ژیانی تاکی مرۆڤ، بە کەرتی گشتی و تایبەتەوە، پڕە لە وانە و؛ وانەفێربوون شوێن و کاتی بۆ نییە. بۆ نموونە، ڕاهێنان لە ڕێی دوورەوە و ڕاهێنانی ئەلیکترۆنی، وەکوو بەرهەمی بارودۆخی مۆدێرنی ڕاهێنان، چوارچێوەکانی کات و شوێنی ڕاهێنان دەشکێنێت و وەکوو شۆڕشێک وایە بۆ ڕزگارکردنی ڕاهێنان لەو کۆتوبەندانەی کە لەوەپێش بەسەریدا سەپێندراون. شێوازە نوێیەکانی ڕاهێنان، هەنگاوێکن بۆ بەرفراوانترکردنی دەرفەتەکانی فێربوون.

  • ڕاهێنانی مۆدێرن، گرێدراو بە جیاوازییه‌ تاکەکەسییەكانه‌وە

سیستەمی ڕاهێنانی نەریتی لە بنەڕەتەوە لەگەڵ جیاوازییه‌ تاکەکەسییه‌كانی فێربووندا دژایەتیی هەیە، چونکە لە شوێن و کات و کۆمەڵێک بەرنامەی دەرسیی دیاریکراو و تایبەت پێک دێت و هەموو قوتابییەکان بەبێ جیاوازی دەبێ بەپێی یاسای قوتابخانە لە پۆل ئامادە بن و لە کاتێکی دیاریکراودا تاقیکردنەوەکان بکەن و بەپێی سیستەمێکی دیاریکراوی هەڵسەنگاندن، هەڵدەسەنگێندرێن. ڕاهێنانی مۆدێرن پێمان دەڵێت، بە یەکساندیتنی قوتابیان لەو ڕووەوە کە لە بەرامبەر یەک جۆرە ڕاهێناندا چاوەڕوانیی یەک جۆرە ئەنجاممان لێیان هەبێت، بە واتای سنووردارکردنی گەشەی بەهرە دەروونییەکانیانە.

  • گۆڕانی پێوەندییەکانی قوتابی و مامۆستا

قوتابی مرۆڤە و، مرۆڤیش خۆی لە پرۆسەیەکدا دەبێت بە مرۆڤ. بۆیە ئەو ڕاهێنانەی نەبێتە هۆی گۆڕانی قوتابی، ناتەواوە. کە دەڵێین مرۆڤ لە پرۆسەیەکدا دەبێت بە مرۆڤ، بەو واتایە ئەو قسەیە دەکەین کە دەبێ لەمەوپاش سەرلەبەری تێگەیشتنی زەینی و ئەو وێنایانەی بۆ پەروەردە هه‌مانبووه‌، بیانگۆڕین. ئەو گۆڕانە چییە؟ یەکەم گۆڕان ئەوەیە کە لەمەوپاش، پەروەردەی تاکەکان (قوتابی) بە جێبەجێکردن نییە، بەڵکوو بە جێبەجێبوونە. پەروەردە دەرخوارد نادرێت. نابێ چەمکی مامۆستایش وەک ئەو ناوی بکەرە لەبەرچاو بگرین کە دەستپێکەر و تەواوکەری پڕۆسەی پەروەردەیە. لووتکەی ئەو ڕۆڵەی کە مامۆستا دەیگێڕێت ئەوەیە، کە ڕێنوێنیی قوتابی دەکات. لێرەدا پرسیارێک بەرۆکمان دەگرێت: باشە ئەگەر مامۆستا هەر ڕێنوێنە و پەروەردەیش جێبەجێبوونە، نەک جێبەجێکردن، کەواتە پەروەردە چیی بۆ دەمێنێتەوە؟

وەڵامەکە ڕوونە. ئاخۆ بیر لەوە ناکەینەوە کە شارستانییەتیی مرۆڤ لە سەرەتاوە ئەشکەوتنشینی بوو، دوایی چۆن پێش کەوت؟ ئاخۆ ئەو داهێنان و دۆزینەوە نوێیانەی مرۆڤ بۆ ژیانی ئاسانتری خۆی کردوونی، بە پەروەردە و ڕاهێنانی مامۆستا بووە؟

بێ گومان هۆکارە هەرە گرینگەکانی پێشکەوتنی شارستانییەتیی مرۆڤ بریتی بوون لە: سروشت، عەقڵ، توانایی و پێداویستییەکانی ژیانی مرۆڤ. سروشت پڕە لەو سەرچاوانەی کە پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین دەکەن و مرۆڤیش بەردەوام بە لەکارهێنانی عەقڵ و توانایییەکانی خۆی هەوڵی بۆ دۆزینەوە و تێگەیشتن لەو سەرچاوە ژیانبەخشانە داوە. بەڵام گرینگترین ڕۆڵی ڕاهێنان و ئەو شتەی وەکوو پرۆسەی ڕاهێنان و پەروەردە دەیناسین، هەوڵێکە بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر متمانە بە هێزی عەقڵ و بەهرە دەروونییەکانی خۆی بکات.

لە پرۆسەی پەروەردە و ڕاهێناندا ئەگەر مێرمنداڵان و لاوان لە تەمەنی مێرمنداڵی و گەنجیدا بتوانن کەسایەتیی دەروونیی خۆیان بدۆزنەوە و دەرفەتیان بۆ هەڵسەنگاندن و خستنەڕووی خۆیان هەبێت، لە دواڕۆژدا کەسایەتییەکی نەرمونیان و پوختە و پێشکەوتوویان دەبێت. بەڵام ئەگەر لە ژینگەی پەروەردەییدا سنووردار بکرێن و ناچار بن هه‌ندێک وانە و بابەتی دیاریکراو فێر ببن، ناتوانن بەرەو پێشکەوتن هەنگاو بنێن.

لە شێوازی ڕاهێنانی کۆندا پێوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی، پێوەندییەکی تاکلایەنانە و ستوونییە. لە بارودۆخی کۆندا، قوتابی وەرگرێکی ناچالاکە، کەچی لە شێوازە مۆدێرنەکانی ڕاهێناندا، هەروەک لە سەرەتاوە باسمان کرد، ڕاهێنان، پرۆسەیەکە بۆ دۆزینەوەی هێزە دەروونییەکان و کاراکردنی لێهاتوویییەکانی قوتابی و، تێگەیشتن لەم ڕێسایەیش نالوێت، مەگین پێوەندییەکی دوولایەنە لە نێوان قوتابی و مامۆستادا هەبێت.

  • بەربڵاویی سەرچاوەكانی زانیاری بۆ قوتابی

ڕاهێنانی مۆدێرن بە هۆی تێکەڵاوی لەگەڵ تەکنەلۆژیی زانیاری و تۆڕەکانی ڕاگەیاندن، سەرچاوەکانی بەردەم قوتابیانی لە باری "تاکڕەهەندی"یەوە بۆ "چەندڕەهەندی'' و فرەسەرچاوەیی گۆڕیوە. لە سیستەمی ڕاهێنانی قوتابخانەییدا هەرچیی فێری قوتابی دەکرێت و قوتابی فێری دەبێت، کۆمەڵیک وتەی تاکلایەنە و لە تێگەیشتن بەدەر و فەرمییە، کە لە مامۆستاوە بە قوتابی دەگوترێت و قوتابیش ناچارە هەر ئەو واتایانە لەبەر بکات و لە تاقیکردنەوەدا پێشکەشی مامۆستای بکاتەوە. دنیای زەینیی قوتابیانی سیستەمی ڕاهێنانی نەریتی، زۆر لە وێنای زەینیی قوتابیانی سیستەمی ڕاهێنانی نوێ بەرتەسکتر و سنووردارترە.

ئەو قوتابییەی کە لە دۆخی نوێدا بە کەڵکوەرگرتن لە نەرمامێر، ئینتەرنێت و دنیای ڕاهێنانی فرەسەرچاوەیی و فرەڕاگەیەنی، پرۆسەی فێربوون تەواو دەکات، یەکەم، بەستێنی زانیارییەکانی زۆر بەرینترە؛ دووەم، بە هۆی فرەییی ئەو سەرچاوە و نێوەرۆکانەی لەبەردەستیدا هەیە، هەلی هەڵبژاردنیشی بۆ دەڕەخسێت.

یەکێک لە بنەڕەتیترین کێماسییەکانی ڕاهێنانی قوتابخانەیی ئەوەیە کە بابەتەکان بۆ قوتابی دیاری دەکرێن، بەبێ ئەوەی خۆی داوای کردبێتن. سەندنەوەی هەلی هەڵبژاردن لە قوتابی، خۆی هۆکارە بۆ ئەوەی مەیلی بۆ فێربوونی ئەو بابەتەی بەسەریدا سەپاوە کەم ببێتەوە. لەم سیستەمەدا ئەگەر مامۆستا هەوڵ بدات خۆی بە زانست و تەکنەلۆژی و ڕوانگە و تیۆرییە نوێیەکانیش تەیار بکات، سەرباری ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری مامۆستا لە پەروەردەی فکری و کەسایەتیی قوتابیدا، دیسانیش ناتوانێت خۆی لەگەڵ قەبارە و بەرینایی و جۆراوجۆریی ئەو زانیارییانە بگونجێنێت کە لە سیستەمی ڕاهێنانی کۆمپیۆتەرتەوەر و ئینتەرنێتی و فرەڕاگەیەنیدا هەن. بەڵام لێرەی باسەکەدا تووشی پرسیارێک دەبین: سەرمایەگوزاری لە چ جۆرە ڕاهێنان و پەروەردەیەکدا دەتوانێ کۆمەڵگەکەمان بەرەو گەشەسەندوویی ببات و گەشەسەندن و پێشکەوتووییی کۆمەڵگە خێراتر بکات؟ لە سەرەتای باسەکەدا گوتمان کە مرۆڤ دەگۆڕێت و گەوهەری دەروونی مرۆڤ هەڵگری کۆمەڵێک توانستی هێزەکییە. مرۆڤ  لە پڕۆسەیەکدا دەبێت بە مرۆڤ. ئامانجی سەرەکیی گەشەی مرۆڤیش باشترکردنی ژیانی مرۆڤە لە ڕێگه‌ی زیاترکردنی توانستەکانییەوە؛ ئەم ئامانجەیش بە مەرجی گەشەسەندن و فراوانبوونی بواری "هەڵبژاردن و  دەسەڵاتی هەڵبژاردن" دێتە دی. پێناسەی "یۆنسکۆ"یش لە چەمکی گەشەسەندن بریتییە لە "پێدانی هێزی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی زیاتر بە خەڵک".

فەلسەفەی ڕاهێنان و پەروەردە ئەوەیە کە، دەتوانی مرۆڤ بگۆڕی، گەشەی پێ بکەی، یان بە واتایەکی ڕوونتر، دەتوانی مرۆڤ بخوڵقێنی. بە وتەی فیشتە "ئامانج لە ڕاهێنان، وەخەبەرهێنانی سەربەخۆییی فکرییە" و، بە وتەی کانت "ڕۆشنگەری بەبێ ڕاهێنان و پەروەردە، وەکوو درەختی بێڕیشە وایە." بەبێ ڕاهێنان، عەقڵی مرۆڤ سەربەخۆ نابێت و بەم شێوەیە لەوانەیە بکەوێتە ژێر سەرپەرشتی و کاریگەریی کەسانی ترەوە. کەواتە ئازادی، یەکێکە لە میوەکانی ڕاهێنان. ڕاهێنان و پەروەردە هێزی مێشکی هاووڵاتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک بەرەی نوێی بەرەنگاربوونەوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و مەیدانە دەروونی و دەرەکییەکان ئامادە و تەیار دەکات.

تایبەتمەندی و پێوەرەکانی ڕاهێنان و پەروەردەی سازگار لەگەڵ گەشەسەندن

١)‌ ڕاهێنان و پەروەردەی گرێدراو بە ئازادییەوە

باش دەزانین کە بنەمای گەشەسەندوویی، بەر لە هەموو شتێک دوو توخمی وەکیەک، یانی "عەقڵانی" و "گۆڕان لە چەمکی مرۆڤدا"یە، بەڵام بەپێی زۆربەی ئەو بەرهەمانەی چییەتیی "مۆدێرنیتێ"یان پێناسە و ڕوون کردووەتەوە، کاریگەریی توخمی دووەم زیاترە. سەرەتای گۆڕان و گەشەسەندوویی لەو کاتەوەیە، کە مرۆڤ بووە بە بوونەوەرێکی خاوەن فکری خۆی؛ بە شێوەیەک کە هەموو شتێک بەپێی عەقڵ و هزری خۆی ئه‌زموون ده‌كرێت و دەناسێت و تەوەری تەواوی بابەتەکانیش لەسەر فکرکردنەوەی مرۆڤ دادەنرێت. لە ڕوانگەی مۆدێرنەوە مرۆڤ بوونەوەرێکە خۆی بیر دەکاتەوە، بیری بۆ ناکەنەوە؛ مرۆڤ بڕیار دەدات، بڕیاری بۆ نادەن، مرۆڤ گەورە دەبێت، گەورەی ناکەن، مرۆڤ بۆ خۆی گەشە دەکات، لە جیاتی مرۆڤ گەشە ناکەن. ئازادی بە مەرجێك دەبێت، کە عەقڵ ئازاد بێت و هۆکارەکانی کۆیلەبوونی عەقڵ دەبێ لەنێو بچن. مرۆڤێک کە هەویەتی (ناسنامه) و کەسایەتیی سەنگینی مێژووییی نەبێت، بەدڵنیایییەوە لە خەمی ئازادیدا نابێت. ئەو جۆرە کەسانە بە شێوەیەکی سروشتی، لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی بابەتەکاندا تووشی دەمارگرژی دەبن، چونکە عەقڵیان ئازاد نییە و بەباشی دەزانین کە ئەو جۆرە مرۆڤانە کۆمەڵگەیەکی ئازادیان پێ دروست ناكرێت.

ڕاهێنان و پەروەردەی مۆدێرن لە دنیای پیشکەوتوودا هەوڵ نادات ڕێگه‌ پێشان کەسی بەرامبەری بدات، بەڵکوو وەڕێخستنی کەسی بەرامبەری بەلایەوە گرینگترە. ئەم بابەتە مەرجێکی بنەڕەتیی هەیە، ئەویش بوونی ئازادییە. کەڵکی ئازادی لە ڕاهێنان و پەروەردەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بریتییە لە دابینکردنی بارودۆخێکی ئازاد بۆ بیرکردنەوە، پرسیارکردن و دابینکردنی بوار و مافی گومانکردن، پرسیار و ڕەخنەگرتن لەنێو پۆلی وانەکاندا. دەبێ بەو باوەڕە بگەین، لە کەشێکدا کە ئازادی نییە، هیچ شتێک، نە ئیمان و نە تێگەیشتن و نە گەشەی زانستی بە شێوەیەکی گونجاو جێبەجێ نابێت. بۆیە پێویستە پێکهاتەی ڕاهێنان، لە سەرچاوە و دەقە دەرسییەکانەوە بگرە هەتا شێوازەکانی وانەگوتنەوە، لە کۆتوبەندی چوارچێوەخوازی و ئەنجامتەوەری دەربچێت و ئاسایش و ئازادیی فکریی مامۆستایان دابین بکات.

قوتابی لە قوتابخانە، خۆی لەگەڵ کۆمەڵێک کتێب و مامۆستای پێشتردیاریکراودا دەبینێتەوە کە بەرەو سەلماندنی کۆمەڵێک ئەنجامی دەبەن کە پێشتر سەلمێندراون و بە واتایەکی تر، ئەدەبیات و کەشی زاڵ بەسەر دەقە دەرسییەکانماندا سەرەنجام بە شێوەیەکی ئەوپەڕتەوەری و ئەنجامتەوەری داڕێژراون. بە شێوەیەک کە ئەو زەینییەتە لای قوتابی دروست دەکەین کە ئیتر هیچ پرسیارێک بۆ پرسین و هیچ بابەتێک بۆ گومانکردن و هیچ کێماسییەک لە ناوەڕۆک و بابەتەکاندا نەماوە. ئەم ڕوانگەیە، بێ ئەملاولا دژایەتییە لەگەڵ ئازادی و، وەک ئەوە وایە کە داڕێژەرانی فەرمیی دەقە دەرسییەکان دەیانەوێ قوتابییەکان بەڕێدا ببەن و تەنانەت لە جیاتی ئەوان بەڕێشدا بڕۆن، نەک ئەوەی کە وەڕێیان بخەن. سروشتییە لەو جۆرە بارودۆخەدا نابێ داهێنانی فکری و ڕۆحی و زەوقیمان نە لە مامۆستا بوێت و نە لە قوتابیش. ئەریک فرۆم دەڵێت: "باوەڕم بە ئازادی هەیە و پێم وایە مرۆڤ مافی خۆیەتی کە خۆی بێت و لە دژی ئەو شتانەی ڕێگری لە خۆبوونی دەکەن بجەنگێت. بەڵام ئازادی زۆر لە نەبوونی ستەمکاریی توندوتیژانە زیاترە؛ ئازادی لە "ڕزگاربوون لە" شتێک بانترە، واتە هەڵبژاردنە؛ ئازادیی سەربەخۆیی، ئازادیی هەبوون، نەک ئەوەی ئازادیی زۆرت هەبێت و سوود لە مرۆڤ و شتەکان وەربگریت. باوەڕم بەوەیە کە ناتوانی لە جیاتی مرۆڤێکی دیکە بیر بکەیەوە و هەڵبژێری و بەو مرۆڤەیش بڵێی ئازاد. ئەوپەڕی هاوکاریکردن، نیشاندانی ڕاستگۆیانە و نیازپاکانە و دوور لە خەیاڵی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ژیانە. دوور نییە ڕووبەڕووبوونەوەی تاک لەگەڵ ڕێگه‌ ڕاستەکاندا ببێتە هۆی وەخەبەرهاتنی هێزە خەوتووەکانی و ئیمکانی هەڵبژاردنی ژیانی پێ بدات."

٢) ڕاهێنان و پەروەردەی گرێدراو بە عەقڵانییەتەوە

ڕاهێنان و پەروەردەی لڤۆک (بزێو، دانەسەکناو) لە جیاتی خوێندکار و مامۆستا بیر ناکاتەوە و، ڕێبازی بیرکردنەوە ناکات بە ڕێنوێنی و تەنانەت هیچ کارێکیشی بەسەر چۆنێتیی بیرکردنەوەوە نییە. کۆمەڵگەی داخراو و ئایدیۆلۆژیک بەردەوام بە ئەنجامێک دەگات کە پێچەوانەی ویستی خۆیەتی و خۆیشی لە سۆنگەی ئەو ئەنجامەوە دۆش دادەمێنێت. ئەگەر بمانەوێت قوتابییەکانمان بە فەرهەنگ و ڕیشە فەرهەنگییەکانی خۆمانەوە پابەند بن، ئەوە تەنیا بە ئازادکردنی فکر و گەشەی بیرکردنەوەی ئەوان دێتە دی. پڕۆسەی ڕ‌اهێنانی گشتی کە لە هەستیارترین تەمەنی فێربووندا، واتە لە مێرمنداڵیدا جێبەجێ دەکرێت، دەبێ هێز و توانای شیکاری و هەڵبژاردن لە قوتابیدا دروست بکات.

٣)‌ ڕاهێنان و پەروەردەی گرێدراو بە پێشکەوتنەوە

هەندێک جار کە باس لە زاناتربوون و تێگەیشتووتربوونی نەوەی ئەمڕۆکە بە بەراورد لەگەڵ نەوەی ڕابردوودا دەکەین، لە هەندێک بواردا گومانمان لا دروست دەبێت کە ڕاهێنان و پەروەردەی فەرمیی وڵاتەکەمان تا چ ڕاددەیەک کاریگەریی لەسەر دروستبوونی ئەو زانایی و تێگەیشتوویییە هەبووە؟ بەکورتی ڕاهێنان و پەروەردەی گەشەخواز و لڤۆک بریتییە لەوەی کە:

  • قوتابی ناوەستێنێت، بەڵکوو بەرەوپێشەوەی وەڕێ دەخات.
  • بە ڕەهایی سەیری ڕاهێنان و پەروەردە ناکات و بیرکردنەوەی ئازادانە لە هەموو کارەکاندا دەکاتە جێگرەوەی ڕەهاییخوازی و دەمارگرژی.
  • بانگەشەی گشتگیریی نییە و بەئاسانی بەگژ هەر فکر و ئایدیایەکی نوێ و دەستکەوتی نوێدا ناچێت.
  • قوتابی بە تاکێکی کۆمەڵگە دەزانێت نەک دابڕاو لە کۆمەڵگە و، کۆمەڵگەیش بە کۆمەڵێک تاک دەزانێت کە لە گەشە و پێگەیشتندایە و هەموو تاکێک دەبێ لەو گەشەکردنەدا بەشدار بێت.
  • هەستی نیشتمانپەروەریی قوتابی بەرز دەکات و دڵی بۆ نیشتمان و وڵات و خەڵکەکەی خۆی لێ دەدات.

ڕاهێنان و پەروەردەی سازگار لەگەڵ بنەما و تایبەتمەندییەکانی گەشەسەندن، بەتایبەت لە کۆمەڵگە نەریتییەکاندا، دەبێ فکر و کەسایەتیی تاکەکان بەرەو نوێخوازی و پێشکەوتوویی و گۆڕان ببات و کەسانێک پەروەردە بکات کە وێڕای گرێدراوی بە بەشە پۆزەتیڤەکەی ڕابردووی خۆیانەوە، باوەڕیان بە گۆڕانیش هەبێت.

٤)‌  پەروەردە و ڕاهێنانی گرێدراو بە تاک و ئیرادەخوازییەوە

پەروەردە و ڕاهێنانی ئێمە، پێویستە لە بەگوێداهەڵخوێندنی تێڕوانینە پۆپۆلیستییەکان بۆ کۆمەڵگە دوور بکەوێتەوە و لە باوەڕ بە تاک و ئیرادەخوازیی تاک نزیک ببێتەوە. لە پێکهاتەی نێوخۆی قوتابخانەکاندا، پێمان وایە سەرلەبەری سیستەمی بەڕێوەبردنی قوتابخانە لە ئەستۆی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەدایە. ئەم تایبەتمەندییە لە پێکهاتەی گشتیی کۆمەڵگەیشدا باوە؛ تاکەکانی کۆمەڵگە بەر لەوەی سەرنج بخەنە سەر کار و ڕۆڵی خۆیان لە ڕەوتی کار و سیستەمی وڵاتدا، سەرنج دەخەنە سەر کار و ڕۆڵی لووتکەی قووچەکی کۆمەڵگە، واتە پێکهاتەی حکوومەت. بەڵام لە دنیای مۆدێرندا بە هۆی ئەوەی کە حکوومەت کاری خۆی بە بەڕێوەبەرایەتی ئەسپاردووە و بەڕێوەبەرایەتییش ئەنجامی ڕەفتاری ئامانجدار و خاوەن مێتۆدی هێزە مرۆڤییەکانی کۆمەڵگەیە و پێگە و ڕۆڵی هەموو تاکێک لە بەرەوپێشبردنی کارەکاندا دیاری کراوە و لە نزمترین پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتییەوە بگرە هەتا بەرزترین پۆست و پێگە، هەمووان ئەرکی خۆیان بەباشی دەزانن، ئیتر هیچ کەسێک بە کاری کەسی دیکەوە ماندوو نییە و هەموو کەسێک خۆی بە کار و ڕەفتاری خۆیەوە خەریک دەکات. هەر بۆیە ئەو ڕاهێنانەی لە قوتابخانەدا بەکاری دێنین، دەبێ یارمەتیی قوتابی بدات بۆ ئەوەی خۆی و ڕۆڵی خۆی بدۆزێتەوە. ئەگەر مێرمنداڵان و لاوان لە تەمەنی مێرمنداڵی و لاویدا بتوانن کەسایەتیی دەروونیی خۆیان بدۆزنەوە و دەرفەتی ئەوەیان هەبێت کەسایەتییەکەی خۆیان ‌هەڵسەنگێنن و ڕۆڵی خۆیان بخەنە ڕوو، لە قۆناغەکانی دواتری ژیاندا کەسایەتییەکی پتەو و نەرمونیان و پێگەیشتوویان دەبێت. ئەگەر قوتابی لە قۆناغەکانی خوێندندا هەست بکات کەسایەتییەکی گرینگە و دەتوانێت لەنێو پۆلی وانەخوێندا بۆچوونی خۆی دەرببڕێت و توانای هزریی خۆی نیشان بدات، هەر لە بناغەوە وەکوو کەسایەتییەکی پتەو ڕادێت.

 

سەرچاوە:

http://www.aftabir.com/articles/view/science_education/education_training/c3c1223108079_educational_p1.php/%D9%85%D8%B1%D9%88%D8%B1%DB%8C-%D8%A8%D8%B1-%D9%85%D9%87%D9%85%D8%AA%D8%B1%DB%8C%D9%86-%D8%AA%D8%BA%DB%8C%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D8%AA-%D9%81%DA%A9%D8%B1%DB%8C-%D9%88-%D9%81%D9%84%D8%B3%D9%81%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%A2%D9%85%D9%88%D8%B2%D8%B4