لائیسیتە لە فەڕەنسا - بەشی یەکەم  

 

نووسینی: مۆریس باربیە

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: هیوا مەجید خەلیل

بەشی یەکەم

ماوەی دە ساڵێکە لە فەڕەنسا کۆمەڵێک باسی نوێ لەبارەی لائیسیتەوە هاتووەتە ئاراوە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانین ئەو باسانە بە باسگەلی ڕووکەش و دەستکرد هەژمار بکەین؛ چونکە ئەو باسانە لەدایکبووی پرسگەلێکن کە پێویستیان بە چارەی گونجاو هەیە. ئەگەرچی لائیسیتە بەبەرفراوانی لە کۆمەڵگه‌ی فەڕەنسادا پەسەند کراوە، بەڵام پێویستی بە دووبارە تاووتوێکردنەوە هەیە. هەندێ کەس بەبێ ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە پێشهاتووەکان، بەتوندی بەرگری لە لائیسیتە دەکەن؛ هەندێکی تر هەوڵی بەڕێژەییکردنی ئەو چەمکە دەدەن و خوازیارن ئەو چەمکە لەگەڵ دەرهاوێشتە نوێکاندا بگونجێنن. هەموو لایەنێك بە دەستبردن بۆ مێژوو، ماف، کۆمەڵناسی، یان فەلسەفە، هەوڵ دەدات بناغەی بۆچوونەکانی خۆی بەهێز بکات؛ لەو پێناوەدا ئایدیای جۆراوجۆر و تەنانەت نەگونجاویشیان خستووەتە ڕوو؛ لە کلاسیکیترینەوە تا نوێترین پێشنیاریان گەڵالە کردووە، بەو هۆیەیشەوە توێژینەوەکان لەو بوارەدا، کە هەندێکیان ئاوێتەی سۆزن، تووشی مەترسیی لێڵی و نەزۆکی دەبنەوە.

بێ گومان لەو نێوانەدا ئەو شتەی کە هەست بە کێماسییەکەی دەکرێت، بریتییە لە نەبوونی تێڕامانێکی قووڵ و ئارام لەبارەی لائیسیتەوە. چونکە ئەو جۆرە تێڕامانە دەتوانێ ئەگەری تێگەیشتنی باشتر لە لائیسیتە لە دۆخی جووڵانەوەییدا (سیال) فەراهەم بکات. هەڵبەت دەبێ ڕوونکردنەوەی ئەم کێماسییەیش لە سادەبوونی ڕواڵەتییانەی چەمکی لائیسیتەدا بدۆزرێتەوە، کەچی لە ڕاستیدا، لائیسیتە چەمکێکی زۆر ئاڵۆز و گۆڕدراوە و لێتێگەیشتنیشی قورسە. زیاد لەمەیش، ئەم چەمکە چەندین مانای جیاواز لەخۆ دەگرێت کە ڕێگە بۆ شێکردنەوەی جۆراوجۆر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی تێگەیشتنی جۆراوجۆر لە لائیسیتە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە، سەرەتا پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵ بکەین: لە ڕووی کاتەوە، "ئاوەڵناوی" لائیک لە پێش "ناوی" لائیسیتە دێت و زۆر جار بە شێوەیەکی سادە لائیسیتە بۆ پێناسەکردنی ئەو شتەی کە لائیکە بەکار دێت. بەڵام خودی وشەی لائیک، جا بە مەبەستی ئاماژەکردن بە جیاوازیی لائیک لەگەڵ قەشەی مەسیحی بێت، یان لە هەمبەر بابەتێکی ئایینیدا بوه‌ستێتەوە، دوو مانای جیاواز هەڵدەگرێت؛ مانای یەکەم زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست، واتە ئەو کاتەی کە قەشەکانی مەسیحی لە لائیکەکان جیا دەکرانەوە. مانای دووەم تا ڕاددەیەک نوێیە و سەرهەڵدانی بۆ سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە. کەواتە لائیسیتە (چەمکێک کە سالێ ١٧٨١ سەری هەڵدا) ئاماژە بە مانای دووەمی لائیک دەکات. بەم جۆرەیش لائیسیتە لە هەمبەر بابەتی ئایینیدا دێت و لایەنی ئایینینەبوون، یان بێگانەبوون لە ئایین دەردەخات.

چەمکی لائیسیتە کە بەم جۆرە ڕوون کرایەوە، دەکرێ بە دوو مانای جیاواز لێی تێ بگەین و پێویستە هەر یەکێکیان بەجیا ڕوون بکرێنەوە. یەکەم: ئەم چەمکە بە مانا بەرفراوانەکەی، جیاوازیی نێوان ئایین و واقعە دنیایییەکان دەردەخات کە دەبێ ئەو واقعانە لەژێر باڵادەستی و دەستڕۆیشتووییی ئایین ڕزگار بکرێن؛ جا چ ڕووی قسەکە لە ئیمان و دەسەڵاتی ئایینی بێت، یان لە مەرجەعییەتی ئایین. لە ڕۆژاوا گشت واقعەکان و چالاکییە مرۆیی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و هزرییەکان و...، هێدی هێدی سەربەخۆییی خۆیان لە هەمبەر ئایین و کەنیسەدا بەدەست هێنا. ئەم جۆرە کردارە لە پرۆسەی لێکجیاکردنەوەی کۆمەڵگه و دەوڵەتدا، کەم تا زۆر، پرۆسەیەکی درێژخایەن بوو کە بە لائیکبوون، یان باشترە بڵێین بە سێکۆلاربوون ناوی دەرکرد. لەم ڕووەوە، کۆمەڵگه بە دەسەڵاتدارێتیی هزر و ڕەوشتێک دەڵێت لائیک، کە بەتەواوەتی لە هەر جۆرە دەستڕۆیشتوویییەکی ئایینی ڕزگار بووبێت و تەنیا پەیڕەوی لە بنەما سروشتی و تەقلیدییەکانی خۆی بکات. دووەم، لائیسیتە بە مانا تایبەتەکەی، بە واتای لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت دێت کە دوو ڕووی تەواوکەری یەکترن؛ لە لایەک وەها گریمانە دەکرێت کە دەوڵەت بەتەواوەتی لە هەر جۆرە ئایین و کەنیسەیەک سەربەخۆ بێت؛ لە لایەکی ترەوە، پێویستە گشت ئایینەکان لە هەمبەر دەوڵەتدا خاوەن ئازادیی تەواوەتیی خۆیان بن. هەڵبەت ئەم چەشنە دۆخە ئایدیاڵییە بەدەگمەن بەدی هاتووە، چونکە لێکجیاکردنەوەی تەواو و ڕەهای دەوڵەت لە ئایین مومکین نییە.

دەوڵەتی لائیک دەتوانێت بە ناوی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندیی گشتییەوە کۆمەڵێک ڕێسا و تەنانەت سنوورداری بەسەر ئایین و کەنیسەکاندا بسەپێنێت، ئەویش بەبێ ئەوەی کە دەست لە کەرتی تایبەتییان وەربدات. ئایین و کەنیسەیش دەتوانن بەبێ دستوەردان لە کاروباری دەوڵەتی و گشتی، داوای ڕەچاوکردنی ئازادیی خۆیان بکەن و داوا لە دەوڵەت بکەن، کە پارێزگاری لەو ئازادییە بکات و کارکردەکەی گەرەنتی بکات.

لەم باسەدا دەمانەوێت لائیسیتە بە مانای دووەم، واتە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین تاووتوێ بکەین. هەڵبەت وا دەردەکەوێت کە لائیسیتە بە ڕاددەی پێویست ڕوونە و لە ڕووی شیکردنەوە و تێگەیشتنییەوە دژاورییەکی ئەوتۆ نایەتە پێش، بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە. چونکە ئەوە بۆ یەکەم جارە کە پێویستە سروشتی دوو واقعییەت لێک جیا بکرێنەوە و تاووتوێ بکرێن و دواتر ئەو پرسیارە بخەینە ڕوو، کە لە چ بارودخێکدا لێکجیاکردنەوەی ئەو دوو چەمکە مومکینە و تا چ ڕاددەیەک دەتوانن بە لێکجیایی بمێننەوە؟ بۆیە دەبینین لائیسیتە چەمکێکی تایبەتە کە بەسەختی لێی تێ دەگەین. تەنانەت هەندێ جاریش دەتشڵەژێنێت کە لە پشت سادەیییە ڕووکەشیانەکەیەوە کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆز و چاوەڕواننەکراو شاردراونەتەوە، کە هەندێ جار لەناکاو ئاشکرا دەبن. بۆیە بۆ تێگەیشتنی باشتر لەو چەمکە و دەرەنجامە جۆراجۆر و چاوڕواننەکراوەکانی، پێویستە پلانی تیۆریک بۆ لائیسیتە دابڕێژرێت تا توانای تێگەیشتنی قووڵ، خستنەڕووی سروشتی ڕاستەقینە و ڕوونکردنەوەی وەرچەرخانی هەنووکەییی چەمکەکە فەراهم بکات.

سەرچاوەی لائیسیتە

پێش هەر شتێک، دەبێ سەرچاوەی ڕاستەقینەی لائیسیتە بدۆزینەوە و پرسیار لەبارەی چۆنێتیی سەرهەڵدانییەوە بخەینە ڕوو. ئەم کارەیش بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵومەرجی لەباری سەرهەڵدانی لائیسیتە ڕێنماییمان دەکات. ئەم ڕێبازەی لێکۆڵینەوە بەو دەرەنجامە دەگات کە لە بنەڕەتدا لائیسیتە پرسێکی سیاسییە.

مەرجەکانی لائیسیتە

ڕاستییه‌كه‌ی، لائیسیتە بە مانای لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەت، جیابوونەوەیەکی تری ڕیشەیی لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنیدا بە پێویست دەزانێت، کە هەم پێویستی بە ستراکتۆری دەوڵەتی مۆدێرن هەیە کە بەرپرسیارێتیی چاودێریی بەرژەوەندیی گشتیی لەئەستۆدایە و هەمیش پێویستی بە داڕشتنی کۆمەڵگه‌یەک هەیە کە تێیدا تاکەکان ئازادانە بە دوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن. مۆدێرنیتەی سیاسی بەتەواوەتی لەسەر ئەو لێکجیابوونەوەیەی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه و لێکجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دامەزراوە. لە ڕاستیدا دەوڵەتی مۆدێرن، دەوڵەتێکی جیاکراوە لە کۆمەڵگه‌یە و لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی تاکەوە دەوەستێت و لە هزری بەرژەوەندیی گشتی و سوودی گشتیدایە.

هاوکات بە هاتنەدیی ئەو جۆرە دەوڵەتە، کۆمەڵگه‌ی مەدەنییش سەر هەڵدەدات کە تێیدا تاکەکانی بە ئازادییەکی تەواو کار دەکەن و بەرژەوەندیی تایبەتیش شوێنی خۆی هەیە. زیاد لەمەیش، لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی دەرفەتی جیاکردنەوە لە نێوان مرۆڤ وەکوو تاک و مرۆڤ وەک هاووڵاتی و هاتنەکایەوەی مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیبوون دەڕەخسێنێت. مافی هاووڵاتی، کۆمەڵە مافێکی هەڵقووڵاو لە پێکەوه‌بوونی مرۆڤەکان لە ڕووی سیاسییەوەیە کە دەوڵەت پێک دێنن؛ بۆیە ئەم مافە بە مافێک هەژمار دەکرێت کە هاووڵاتییان وەک ئەندامانی دەوڵەت دەستەبەری دەکەن. بەڵام مافی مرۆڤ، مافێکە تاکەکان وەک ئەندامانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بەدەستی دەهێنن. بۆیە ئەو مافانە تەنیا بە مەرجێک ئیمکانی بوونیان هەیە کە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە جیابوونەوە لە دەوڵەت و ڕەخسانی ژیانی سەربەخۆ بێتە کایەوە.

لە ئەنجامدا مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیبوون تەنیا لەو وڵاتانەدا هەن کە بە مۆدێرنیتەی سیاسی گەیشتبن. واتە وڵاتگەلێک کە تێیاندا لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە جۆرێک بەدی هاتبێت، کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتییان تێدا هەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە، تێبینی دەکرێت کە ژمارەیەکی کەمی وڵاتانی جیهان ئەم لێکجیاکرنەوەیەیان بە هەر دوو ئەنجامەکەیەوە بەتەواوی بەدێ هێنابێت. واتە دامەزراندنی دەوڵەتێکی مۆدێرن کە بەرپرسیارێتیی بەرژەوەندیی گشتی و سوودی گشتیی لەئەستۆدایە و دامەزراندنی کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی کە دەرفەت بە تاکەکان دەدات ئازادانە بە دوای بەرژەوەندیی خۆیاندا بگەڕێن. لە نێوان ئەو وڵاتانەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا بە هۆی تایبەتمەندیی نموونەیییانەوە، شایانی باسکردنن. ئەو وڵاتانە لە کۆتاییی سەدەی هەژدەیەم و کەم و زۆر هاوکات لەگەڵ یەکتردا، بەڵام بە شێوازی جیاواز بە مۆدێرنیتەی سیاسی گەیشتن.

ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕابردوویەکی فیۆداڵیی نەبوو کە لە دژی بوەسێتەوە، بۆیەیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لێکجیاکردنەوەی ئایین و دەوڵەتی بەدی هێنا. بەم شێوەیەیش، لە یەک کاتدا هەم دەوڵەتێکی تەواو مۆدێرنی دامەزراند، هەمیش بوو بە خاوەنی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی کە تێیدا ڕەچاوی ئازادییەکانی تاک کرا. بەڵام لە فەڕەنسا مۆدێرنیتەی سیاسی، دەستکەوتی پرۆسەیەکی درێژخایەن بوو کە بە شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩ دەستی پێ کرد و بە درێژاییی سەدەی نۆزدەیەم بەردەوام بوو. لە فەڕەنسا هەم فۆڕمگرتنی دەوڵەتی مۆدیرن و هەمیش پێکهێنانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و دواهاتەکانی، لەسەرخۆ و سەخت بوون.

تێبینییەکانی سەرەوە بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی لائیسیتە، لەو ڕووەوە گرنگیی تایبەتیان هەیە کە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه مەرجی سەرەکیی لائیسیتەیە. هەر بۆیەیش لائیسیتە تەنیا لەو وڵاتەدا سەر هەڵدەدات کە ئەو لێکجیاکردنەوەیەی بە ڕاددەی پێویست دەستەبەر کردبێت. چونکە لائیسیتە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین دەردەخات؛ بۆیە لائیسیتە پێویستی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی تەواو مۆدێرن هەیە کە لە هەر جۆرە باڵادەستییەکی ئایینی ڕزگاری بووبێت و بە سەربەخۆیی کار بکات. جگه‌ لەمەیش، لائیسیتە پێویستی بە بوونی کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنیی ڕاستەقینە و سەربەخۆ لە دەوڵەت هەیە تا ئیمکانی ئازادیی ئایینی فەراهەم بکات. لەم ڕوانگەیەوە، ئازادیی ئایینی، وەکوو مافێکی مرۆیی، بوونی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی سەربەخۆ لە دەوڵەت بەپێویست دەزانێت. لە ڕاستیدا دەوڵەت بە دداننان بە مافی مرۆڤ و ئازادیی ئایینیدا، بوونی کۆمەڵگه‌یەکی مەدەنی لە پاڵ خۆی و لە دەرەوەی خۆیدا قبووڵ دەکات.

بەم جۆرەیش، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بە مەرجی پێویست بۆ لائیسیتە هەژمار دەکرێت. دەوڵەتی مۆدێرنی ڕاستەقینە بەبێ ئەوەی پێویستی بە ئایین بێت و لە خزمەتیدا بێت، بە هۆی خۆیەوە و هەر بۆ خۆی پێک دێت. کەواتە دەوڵەتی مۆدێرن بەناچاری دەوڵەتێکی لائیکە. بەم پێیەیش ناتوانین دەوڵەتێك به‌ تامی ئایینی، بە دەوڵەتێکی تەواو مۆدێرن هەژمار بکەین. لە لایەکی ترەوە، ئایین، خۆی خاوەنی ئازادیی تەواو و ژیانی سەربەخۆیە بەبێ ئەوەی کە دەوڵەت دەست لە کاروباری تایبەت بە ئایین وەربدات؛ هەر بەم هۆیەیشەوە، ئایین بەتەواوەتی لە دەوڵەت سەربەخۆیە و لە کۆمەڵگه‌ی مەدەنیدا ئازادیی کارکردنی تەواوی هەیە. لە کۆتاییدا، پێویستە دەوڵەتی لائیک چوارچێوەی ئازادیی ئایین گەرەنتی بکات.

ئەگەرچی لائیسیتە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بەپێویست دەزانێت، بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە لائیسیتە، خۆیشی پێوەندیی بە شێوازی ئەو لێکجیاکردنەوەیەوە هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، بەراوردکردنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا شایانی سەرنجە.

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەر لە سەرەتاوە جوداییی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه هەبووە. بۆیە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین بەخێرایی لە دەستووری ساڵی ١٧٨٧ و بەتایبەتیش لە یەکەمین گەڵاڵەی پاشکۆی ساڵی ١٩٧١دا ڕاگەیەندرا؛ بەم هۆیەیشەوە، لە سۆنگەی لێکجیاکردنەوەی پێشتری نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه‌وە، لائیسیتە بە شێوەیەکی تەواو سروشتی و بەیەکجاری هاتە کایەوە. بەپێچەوانەوە، لە فەڕەنسا جوداییی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگه دەرەنجامی گۆڕانکارییەکی درێژخایەن و قورس بوو، کە لە شۆڕشی ساڵی ١٧٨٩وە دەستی پێ کرد و لە کۆماری سێیەمدا کۆتاییی پێ هات. بۆیە لە فەڕەنسا جوداییی نێوان دەوڵەت و ئایین نەک بە یەک جار، بەڵکوو هەنگاو بە هەنگاو و بەسەختی بەدی هات. ئەم لێکجیاکردنەوەیەیش بە شۆڕشی فەڕەنسا دەستی پێ کرد کە جەختی لەسەر ئازادیی باوەڕ و ویژدان (جاڕنامەی ساڵی ١٧٨٩) و ئازادیی ئایین و ئایینزا (دەستووری ساڵی ١٧٩١) دەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەمەیش، فەڕەنسا بۆ ماوەی زیاتر لە یەک سەدە، لە ڕێگەی سیستەمێکی پشتبەستراو بە ساتوسەودای نێوان دەوڵەت و کەنیسەوە بەڕێوە بردرا. سیستەمێک کە بەبەردەوامی پارێزگاریی لە پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و کەنیسە دەکرد. دواجار ئەم لێکجیاکردنەوەیە لە ساڵی ١٩٠٥ و لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و کێشمەکێشدا بەدی هات و ئاسەوارەکەیشی بۆ ماوەیەکی درێژ مایەوە. بەڵام لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین هەر لە سەرەتاوە بە ئاشتیخوازانە بەدی هات. لە فەڕەنسا لائیسیتە دەستکەوتی پرۆسەیەک بوو کە زیاتر لە یەک سەدەی خایاند و نیشانەی ململانێ بە ڕووخسارییەوە دیار بوو. بۆیەیش هۆکاری وەکوو یەکتر نەبوونی لائیسیتە لە فەڕەنسا و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، بۆ هەڵومەرجی وێکنەچووی سەرهەڵدانی لائیستە لە هەر یەک لەم دوو وڵاتانە دەگەڕێتەوە.

لە ئەمریکادا لائیسیتە بە شێوەیەکی سروشتی دەرهاوێشتەی لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه بوو، کە بە یەک جار بەدی هات. بەڵام لە فەڕەنسا، لائیسیتە هەنگاو بە هەنگاو بەدی هات، چونکە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه لەسەرخۆ و بەسەختی بە ئەنجام گەیشت؛ هەر بۆیەیش لە فەڕەنسا لائیسیتە سروشتێکی شەڕخوازانەی وەرگرت. سەرنجدان لەم جیاوازییە، توانای تیگەیشتنێکی باشتر لە لائیسیتە بە شێوازی فەڕەنسا و تێگەیشتن لە لایەنە تایبەتەکانی فەراهەم دەکات.

لائیسیتە؛ پرسێکی سیاسی

لەم خاڵەدا کە لائیسیتە بە مۆدێرنیتەی سیاسییەوە گرێ دراوە، وەها دەردەکەوێت کە لە بنەڕەتدا لائیسیتە پرسێکی سیاسییە نەک ئایینی؛ بەو مانایەی کە لائیسیتە نەک بە ئایینەوە، بەڵکوو پەیوەندیی بە دەوڵەتەوە هەیە. لە ڕاستیدا ئەوە هەمیشە دەوڵەتە کە بڕیار لەسەر لائیسیتە دەدات و هەندێ جار بەناچاری (بەسەر کۆمەڵگه‌دا) دەیسەپێنێت. دەوڵەت لەم جۆرە بڕیارانەدا و بە جیابوونەوە لە ئایین وەک ڕەگەزێکی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی، هەم خۆی دەسەلمێنێت و هەمیش فۆڕم بە خۆی دەدات و بەو جۆرەیش دەوڵەت پێگەیشتنەکەی خۆی کامڵ دەکات و بەتەواوەتی بە مۆدێرنیتەی سیاسی دەگات. کەواتە دەوڵەتی مۆدێرنی کامڵبوو، دەوڵەتێکی لائیکە و، لائیسیتە وەک توخمی دروستکردنی پرۆسەیەک دەردەکەوێت کە لە ڕێڕەوەکەیدا دەوڵەتێکی بە مانای وشە مۆدێرن دادەمەزرێت.

 لە فەڕەنسا لائیسیتە دوایین قۆناغی مۆدێرنیتەی سیاسی، واتە لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ی هێنایە دی؛ بەم مانایەیش لائیسیتە پرسێکی ئایینی نییە، چونکە ئایین نەك تەنیا هەرگیز دەستپێشخەریی ئەم لێکجیاکردنەوەیە لە ئەستۆ ناگرێت، بەڵکوو دژایەتییشی دەکات. ئەم جۆرە هەڵوێستەی ئایین بە هیچ شێوەیەک جێگەی سەرسووڕمان نییە، چونکە هەر ئایینێک بە حوکمی سروشتی خۆی بە دوای سەلماندن و پەرەسەندنی خۆوەیەتی و مەیلی بۆ سنوردارکردنی خۆی نییە. لە ئەنجامدا، لائیسیتە کە ئایین لە دەوڵەت دوور دەخاتەوە، ناتوانێت لەناو خودی ئاییندا سەر هەڵبدات. هەروەها شتێکی سروشتییە کە ئایین لائیسیتە ڕەت بکاتەوە، یان بەناچاری قبووڵی بکات، چونکە لائیسیتە دەستڕۆیشتووییی ئایین کەم دەکاتەوە و مەترسی و کاریگەریی ناخۆشیش لەسەر ناسنامه‌ی ئایین دروست دەکات.

بەم هۆیەیشەوە، دەوڵەت بۆ قبووڵاندنی لائیسیتە هەندێ جار ناچارە جۆرە گوشارێک بەکار بهێنێت. لەناو نموونەکانی ڕابردوودا دەتوانین ئاماژە بە نموونەی فەڕەنسا لە هەمبەر کەنیسەی کاتۆلیک و نموونەی تورکیا لە هەمبەر ئیسلامدا بکەین. دەکرێ لە ڕۆژگاری ئەمڕۆیشدا ئاماژە بە نموونەی فەڕەنسا لە هەمبەر ئیسلامدا بکەین. چونکە لائیسیتە لە ناخی دەوڵەتدا سەر هەڵدەدات، نەک لە ناخی ئاییندا. هەر بۆیەیش سەرهەڵدانی لائیسیتە، بەندە بە گۆڕانی سیاسییەوە نەک بە سروشتی ئایینەوە. لەم خاڵەدا بە دوو ئەنجامی گرنگ دەگەین: یەکەم، هەر کاتێک دەوڵەت توانای قبووڵاندنی لائیسیتەی هەبێت، ئایین ناتوانێت دژایەتیی لائیسیتە بکات. بۆیە نەبوونی لائیسیتە نیشانەی نەتوانین و سەرلێشێواویی دەوڵەتە و جێگیربوونیشی هێمایەکە بۆ بوونی دەوڵەتێکی مۆدێرنی کامڵبوو. دووم، سروشتی ئایین کاریگەریی چارەنووسسازی بەسەر لائیسیتەوە نییە، چونکە گشت ئایینەکان لە ڕوانگەیەکی باشەوە ناڕواننە لائیسیتە و ناتوانین بڵێین کە ئایینێک لە ئایینێکی تر ئامادەییی زۆرتری بۆ پەسەندکردنی لائیسیتە هەیە.

ڕاستییه‌كه‌ی، مەسیحییەت لە ئیسلام زۆرتر لائیسیتە پەسەند ناکات، [واتە لە بنەڕەتدا هەردوو ئایین ڕەتی لائیسیتە دەکەنەوە] بەڵام بەو بیانووەوە کە لائیسیتە لە کۆمەڵگه‌ی ڕۆژاوایی و لەگەڵ دابونەریتی مەسیحیدا سەری هەڵداوە نەک لە وڵاتە موسڵمانەکاندا، [بۆیە دەڵێین لائیسیتە لەگەڵ مەسیحییەتدا دەگونجێت نەک لەگەڵ ئیسلامدا، چونکە خودی ئایینی مەسیحییەتیش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و بە پرۆسەی ڕێفۆرمی ئایینیدا دەرباز بووە]. لە ڕاستیدا لەم بارەیەوە جیاوازیی نێوان مەسیحییەت و ئیسلام زۆرتر پەیوەندیی بە وەرچەرخانی کۆمەڵایەتی-سیاسییەوە هەیە، نەک خەسڵەتە تایبەتییەکانی هەر یەک لەم دوو ئایینە.

ڕاستە کە ئیسلام لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی_سیاسییەکەیدا وەکوو مەسیحییەت نەبووژاوەتەوە و پەرەی نەسەندووە و قۆناغێکی هاوشێوەی قۆناغی گەشەی مەسیحییەتی بەخۆیەوە نەبینیوە. بەڵام ئیسلامیش هەروەک مەسیحییەت دەتوانێ قبووڵی لائیسیتە بکات؛ هەڵبەت ئەمەیش بەو مەرجەی کە دەوڵەتی مۆدێرن [لە جیهانی ئیسلامیدا] بەو ئاستە گەیشتبێت کە لائیسیتە پەسەند بکات. ئەم گوتەیە کە لائیسیتە پرسێکی سیاسییە، بە مانای بەشداربوونی لائیسیتە لە دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرنیشدا دێت. هەروەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، دەوڵەتی مۆدێرن کاتێک کامڵ دەبێت کە بەتەواوەتی لە ئایین جیا کرابێتەوە. دروستیی ئەم ڕێڕەوەیش، دەکرێ بە لێکۆڵینەوە لە لائیسیتەی فەڕەنسا بسەلمێنرێت. هەروەک پێشتر باس کرا، فۆڕمگرتنی دەوڵەتی مۆێرن لە فەڕەنسا لە شۆڕشی مۆدێرنی ساڵی ١٧٨٩وە دەستی پێ کرد و لە کۆماری سێیەمدا بە ئەنجام گەیشت. لەم ڕوانگەیەوە، هەروەک کۆمەڵێک لە مێژوونووسان، بەتایبەتیش فرانکۆیس فیوریت (Francois Furet) ئاماژەی پێ دەکەن، شۆڕشی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ تا کۆتاییی سەدەی نۆزدەیەم لەخۆ دەگرێت. بەڵام جیابوونەوەی ڕاستەقینەی دەوڵەت و کۆمەڵگه، تەنیا بە لێکجیابوونەوەی دەوڵەت و ئایین لە ساڵی ١٩٠٥دا لە فەڕەنسا بە ئەنجام گەیشت [چونکە لەم ساڵەدا دەستورێکی نوی بۆ فەڕەنسا داڕێژرا و زۆرتر جەختی لەسەر بنەماکانی لائیسیتە دەکرد]. کەواتە جێگیربوونی لائیسیتە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی مۆدێرن گرنگە. بۆیەش شۆڕشی سیاسی لە فەرەنسا کە لە ساڵی ١٧٨٩وە دەستی پێ کردبوو، لە ڕاستیدا لە ساڵی ١٩٠٥دا کۆتایی پێ هات.

لەبارەی فەڕەنساوە هەروەک بینیمان، جێگیربوونی لائیسیتە دوایین قۆناغی دەوڵەتی مۆدێرن بوو. بە واتایەکی تر، لەو وڵاتەدا لائیسیتە ستراکتۆری دەوڵەتی مۆدێرنی دامەزراند کە بە دەوڵەتی کۆماری ناو دەبرێت. بەم جۆرەیش لائیسیتە لە فەڕەنسا زۆر بەتوندی بە کۆمار، بە بەرگریکردن لە کۆمار و بە ڕێسا بنەڕەتییەکانی کۆمارەوە گرێ دراوە. لەم ڕووەیشەوە، کۆمار بەناچاری لائیکە و لائیسیتەیش کۆمار-تەوەرە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا دوایین بڕیاری شۆڕشی فەڕەنسا بریتی بوو لە جیابوونەوەی دەوڵەت لە کەنیسەکان. ئەمەیش هێمای تەواوبوونی ستراکتۆری دەوڵەتی مۆدێرن و دامەزراندنی کۆمار بوو. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، چارەنووسی فەڕەنسا و چارەنووسی لائیسیتە پێکەوە گرێ دراون. هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر لائیسیتە، بە هەڕەشە بۆ سەر کۆمار هەژمار دەکرێت. لائیسیتە، خۆی بە هێما و دەستکەوتێکی گۆڕانی سیاسی و پێشکەوتن لە قەڵەم دەدرێت و ئەوە نیشان دەدات کە دەوڵەتی مۆدێرن بەتەواوی دامەزراوە و تەنیا پەیڕەوی لە بنەما تایبەتییەکانی خۆی دەکات. هەروەها لائیسیتە نیشاندەری بوونی کۆمەڵگه‌ی مەدەنیی واقعی و کردەی ئازادانەیە.

لەم ڕوانگەیەیشەوە، هەروەک بینیمان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا سەرەڕای جیاوازییەکانیشیان، [لە ڕووی لائیسیتەوە] نموونەیین. بەپێچەوانەوە، ئەو وڵاتانەی کە بە لائیسیتە ئاشنا نین، یان ڕەچاوی ناکەن، لە لایەنی سیاسییەوە کەمتر گەشەیان کردووە. لەم ڕووەیشەوە دەتوانین بەتایبەتی ئاماژە بە وڵاتە موسڵماننیشینەکان بکەین؛ لەو وڵاتانەدا دەوڵەت و ئایین لێک جیا نین و لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ش وەک پێویست بەدی نەهاتووە. لەو وڵاتانەدا، دەوڵەت بە ئایینەوە گرێ دراوە کە هەم پێویستی بە پشتیوانیی ئایین هەیە و ملکەچی باڵادەستیی ئایینە، هەمیش دست لە ئایین وەردەدات. کەواتە ناتوانین ئەو جۆرە دەوڵەتە بە دەوڵەتی مۆدێرن هەژمار بکەین، چونکە نە خۆی بەتەواوەتی هۆکاری بوونییەتی و نە لە ئایینیش سەربەخۆیە. زیاد لەمەیش، لەو وڵاتانەدا کۆمەڵگه‌ی مەدەنی بەتەواوەتی دانەمەزراوە و مافی مرۆڤ پارێزراو نییە و هەرگیز ئازادیی ئایینی بەتەواوەتی پیادە ناکرێت و زۆرتر سنووردارە بە جۆرە پێکەوەژیانێکی سادە [لە نێوان ئایینە جیاوازەکاندا]. کەواتە، بەگشتی، سەبارەت بەو وڵاتانەی کە تا ئێستا لێکجیاکردنەوەی دەوڵەت و ئایین تێیاندا کامڵ نەبووە (شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە ئەو جۆرە وڵاتانە لە ئەوروپایش هەن) دەبێ بڵێین، کە ڕەگەزێکی گرنگی مۆدێرنیتەی سیاسییان کەمە و گەشەی سیاسییان تەواو نییە. ئەم ڕاستییەیش جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە کە بۆ تێگەیشتن لە سەرچاوەی لائیسیتە، پێویستە لە سروشتی ڕاستەقینەی لائیسیتە تێ بگەین.

 

کۆتاییی بەشی یەکەم

 

 

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە: مجلە جامعە نو، پیاپی ٢٣، دی ١٣٨٣، چاپ دوم.

 

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 03 شوبات 2019 12:00