چیرۆکى ڕەوشت لاى سوقرات

محەمەد زەکەریا تۆفیق

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

هەروەک دەزانین فەلسەفە بە واتاى بیرکردنەوە و پرسیارکردن دێت؛ نە زیاتر و نە کەمتر. فەیلەسووف کاتێک پرسیار دەکات، بە دواى وەڵامێکى یەکلاکەرەوەدا ناگەڕێت، بەڵکوو فەیلەسووف بانگمان دەکات بۆ بیرکردنەوە و بە کارهێنانى  ئاوەز.

ئەم پرسیارانە یارمەتیمان دەدەن بۆ دۆزینەوەى ماناى هەر دوو دەستەواژەى "ڕاست" و "هەڵە"، هەروەها تێگەیشتنێکى قووڵمان لە سروشتى ژیانێکى باش و تەندروست پێ دەبەخشن؛ ڕێى ئەو شتانەمان پیشان دەدەن کە دەتوانین بیانکەین و ئەوانەیش کە پێویستە لەم ژیانە پڕاوپڕ لە نهێنییەدا لێیان دوور کەوینەوە.

ئایا لەم ژیانەدا هیچ ڕەفتارێک هەیە ئەرکێکى ئەخلاقی بێت و لادان لێی ڕووبەڕووى سزامان بکاتەوە؟ ئایا ئەم بنەمایانە ئەرکن لەسەرمان و پێویست دەکات پێیانەوە پابەند بین؟ ئایا شتێک هەیە پێی بگوترێت ڕەوشتى ڕەها و نەکرێت سەرپێچیى لێ بکەین؟ یان ئەمانە گشتیان پلەى ڕێژەیییان هەیە و بەپێی شوێن و کات و تێگەیشتنى کەسەکان دەگۆڕدرێن؟ ئایا هۆکارێک هەیە وا بکات نەتوانین لێیان لا بدەین؟

کتێبى "کۆمار"ى ئەفڵاتۆن یەکێکە لە شاکارە ئەدەبییە هەرە مەزنەکانی جیهان. ئەم کتێبە سەرەتای بە وتووێژ لەسەر بابەتێک بە ناوى "دیکایوسین" دەست پێ دەکات کە لە زۆر شوێندا بە واتای "دادپەروەرى" وەردەگێڕدراوە، بەڵام لە ڕاستیدا زیاتر بە ماناى "ڕەوشت" دێت کە گشتگیرتر و فراوانترە لە دادپەروەرى.

هەروەها لە پێشەکیى کتێبى کۆماردا کە شێوەى گفتوگۆی هەیە، لە نێوان چەند کەسایەتییەکدا کە دۆستانی سوقراتن و یەکێک لەوانیش "سراسیماخوس"ە کە دەڵێت: "ڕەوشت تەنیا بریتییە لە کۆمەڵێک بڕیار و کۆتوبەند و، خاوەن هێز و دەسەڵاتەکان لەسەر میللەت و خەڵکدا دەیسەپێنن." ئەم بڕیارانەیش هەمیشە لە بەرژەوەندیى میللەتدا نین، بەڵام بەدڵنیایییەوە لە بەرژەوەندیى حاکمى ستەمکار و خاوەن هێزە ڕەهاکاندان.

سوقرات ڕایەکى پێچەوانەى هەیە و دەڵێت: "مەرج نییە یاساکانى ڕەوشت هەمیشە لە بەرژەوەندیى خاوەن دەسەڵاتدا بن." بەڵام سراسیماخوس سوورە لەسەر بیروڕاى خۆی و دووبارەی دەکاتەوە کە: پابەندبوون و پەیڕەویکردن لە ڕەوشت کارەساتە و بە شێوەیەکى گشتى لە بەرژەوەندیى تاکەکەسدا نیییە. بۆ نموونە پیاوى بەرتیلخۆر، دەستکەوتی له‌ پیاوى دەستپاک زۆرترە. ئەو کەسانەى خۆیان لە باج دەدزنەوە و دراوی ساختە (تزویر) بەکار دێنن، زۆرتریان هەیە لە کەسانى ڕاستگۆ، بازرگان قازانج لە قۆرخکردنى کەلوپەل وەردەگرێت، سیاسییەکان لە هەڵبژاردنەکاندا بە داپۆشینى ڕاستییەکان دەنگ دێنن، تەنانەت ئەو قوتابییەى گزى دەکات، لە تاقیکردنەوەکان دەردەچێت، بێ ئەوەى ئەو مافەى هەبێت. مەبەست ئەوەیە زۆر جار ئەو مرۆڤانەى گوێ بە یاساکانى ڕەوشت نادەن، لەوانی تر براوەترن.

لێرەدا پێویست بوو سوقرات پێچەوانەى ئەم قسەیە بسەلمێنێت. پێویست بوو بسەلمێنێت کە ڕەوشتبەرزى بەدڵنیایییەوە سوودى بۆ خاوەنەکەى دەبێت و بەپێچەوانەوە پابەندنەبوون شتێکى بێزراوە و خاوەنەکەى قازانج ناکات. ئەم کارەیش بە فەیلەسووفێکى وەکوو سوقرات نەبێت ناکرێت.

لە کۆتاییی بەشى یەکەمى کتێبى کۆماردا سوقرات بە پرسیار پێش سراسیماخوس دەکەوێت و واى لێ دەکات تووڕە بێت، بەڵام لە دواییدا لێکتێگەیشتن کەوتە نێوانیان و کاری چاکە و خێریان بۆ سێ جۆر دابەش کرد:

 یەکەم: هەر کەسێک کارى چاکە و خێر بکات، بۆ خودى خۆى دەیکات. واتە چێژ لەم کارانە دەبینێت کە ئەنجامى دەدات. دووەم: هەر کەسێک کارى باش و ڕاست بکات، لە پێناو دواڕۆژى خۆیدا یان لە پێناو دوورکەوتنەوە لە زەرەر و زیان دەیکات. سێیەم: هەر کەسێک کارى چاکە بکات، بۆ خۆى و دواڕۆژى خۆی دەیکات. سوقرات پێی وایە خاڵى سێیەم مانایەکى پڕاوپڕی دەستەواژەى ڕەوشت دەدات؛ لە لایەکى ترەوە زۆرینەى خەڵک پێناسەى ڕەوشت لە خاڵى دووەمدا دەبیننەوە.

یەکێک لەوانەى پشتگیرى لە خاڵى دووەم دەکات، هاوەڵى سوقرات "جلۆکۆن"ە. ئەو پێی وایە نەکردنی کارى خراپ لە لایەن مرۆڤەوە، بۆ ئەوەیە کە خۆی لە سزاکەى بپارێزێت. نموونەیش بە ئەنگوستیلەى جادوویی دەهێنێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر کەسێک خاوەنى ئەنگوستیلەى جادوویی بێت و بتوانێت پاشا بکوژێت و خۆى دەست بەسەر حوکمدا بگرێت، بێ گومان کەس ئەم دەرفەتە لەدەست خۆى نادات؛ ئەگەریش نەیکرد، ئەوا لە سزاى ئەم تاوانە و پاشەڕۆژى خۆی دەترسێت." هەروەها "ئەدیمانتۆس" پشتگیرى لە قسەکانى جلۆکۆن دەکات و دەڵێت: "ڕەوشت بریتییە لە خاڵى دووەم و، مرۆڤ کارى چاکە ئەنجام دەدات بۆ ئەوەى خۆى لە زەرەر و زیان بپارێزێت."

هەروەها "مەکیاڤێللى" قسەکانى دژى سوقراتە و زۆر بەڕاشکاوى لە کتێبی "میر"دا دەڵێت: "مرۆڤ کارى چاکە ئەنجام دەدات تەنیا بۆ خۆپاراستنى خۆی؛ مەرج نییە لە کردارەکانیدا جێبەجێیان بکات." بۆ ئەوەى ئەوەمان بۆ ڕوون بکاتەوە، نموونەمان بۆ دەهێنێتەوە و دەڵێت: "مەرج نییە حاکم یان میر لە کردارەکانیدا خاوەن بەزەیى، بڕوادار، ڕاستگۆ یان پاکڕەوشت بێت، بەڵکوو تەنیا پێویستە بەڕواڵەت خۆی بە خاوەنی ئەم شتانە پێشانى خەڵک بدات."

سوقرات دانی بەوەدا نا کە کێشەکە لە نێوان ئەم بیروڕایانەدا بەرەو ئاڵۆزى دەڕوات و وردەکارییەکان ناڕوونتر دەبن، بۆیە لە کتێبى کۆماردا باس لە تیۆرییه‌كی سوقرات دەکرێت. ئەم تیۆرییه‌ى سوقرات بریتین لە دوو بەش یان دوو قۆناغ، یەکەمیان: کاتێک دەتوانین کێشەى ڕەوشت  چارەسەر بکەین کە لە سروشت و دەروونى مرۆڤایەتى تێ گەیشتبین. دووەمیان: دەکرێت لە سروشت و دەروونى مرۆڤایەتى تێ بگەین، ئەگەر لێتوێژینەوە لەمەڕ شارەکان یان کۆمەڵگە بکەین.

توێژینەوە لە شارێکى دوور لە خراپە و پڕ لە چاکە، یان شارێکى نموونەیى، وا دەکات لە دەروونێکى تەندروست و نموونەیى تێ بگەین. لێرەوە دەتوانین پێناسەى ڕەوشت بکەین و بتوانین لە ماناى کارى باش تێ بگەین و، دەتوانین وەڵامى ئەم پرسیارەمان دەست بکەوێت کە بۆ دەبێت لە پێناو ناخی خۆماندا پەیڕەوى ڕەوشت بین نەک لەپێناو بەدەستهێنانى بەرژەوەندییە تایبەتییەکانماندا!

ئەفڵاتۆن دەڵێت‌، سوقرات گەیشتە ئەم دەرەنجامە کە: شارێکى نموونەیى بەسەر سێ چینى جیاوازدا  دابەش دەبێت کە بریتین لە: چینى یەکەم، چینى کاربەدەست و دادوەرانن کە فەلسەفەیان خوێندووە و دەتوانن لە ئاوەز و عەقڵ تێ بگەن. چینى دووەم، چینى پاسەوان و سەربازەکانن کە شارەکان دەپارێزن و پێویستە زانیارییەک لەمەڕ فەلسەفە بزانن تا بتوانن دۆست و دوژمنەکانیان بناسنەوە. هەر یەک لەمانەیش ئەگەر بسەلمێنێت کە شارەزاییی تەواوى لە فەلسەفە پەیدا کردووە، پلەى بەرز دەکرێتەوە بۆ چینى یەکەم کە کاربەدەست و دادوەرەکانن؛ ئەمانەیش چینى ئازاکانن. چینى سێیەم، چینى خاوەن پیشە و کشتوکاڵى و پیشەسازین کە زۆرینەى کۆمەڵگە پێک دەهێنن، بەڵام ناتوانن حوکم بگرنە دەست، چونکە هیچ لە فەلسەفە نازانن و دەبێت پەیڕەوى لەو یاسایانە بکەن کە چینى یەکەم دایدەڕێژێ. ئەم چینە، ئارەزووەکانیان زیاتر لە بەدەستهێنانى ماڵ و ساماندا تێر دەکەن.

وەکو سوقرات ئاماژەى پێ داوە، کۆمەڵگە وێنەیەکى گەورەکراو و ڕەنگدانەوەى دەروونى مرۆڤەکانە، بۆیە دەتوانین بڵێین دەروونى مرۆڤیش لە سێ بەش پێک دێت: ئاوەز (عه‌قڵ)، ڕۆح و ئارەزوو. ئاوەز دەتوانێت کۆنتڕۆڵى بەشەکانى تر بکات و حوکمیان بەسەردا بکات.

لێرەدا دەگەڕێینەوە سەر پرسیارەکانى سراسیماخۆس: ئایا باشتر نییە مرۆڤ خۆى لە بنەماکانى ڕەوشت ئازاد بکات و گوێیان لێ نەگرێ؟ ئایا ڕەوشت بۆ خود و ناخى مرۆڤەکان گرنگە، هەروەک چۆن مرۆڤ پێویستى بە لەشێکى تەندروستە؟

بۆ وەڵامدانەوەى ئەو پرسیارانە، دەگەڕێینەوە سەر بابەتى تاک و کۆمەڵگە. دادپەروەرى و ڕەوشت لە پرەنسیپە عەقڵانییەکانەوە سەرچاوە دەگرن، بەتایبەت لە کۆمەڵگەى ڕۆژاوادا یەکسانى و مافى ژنان و مافەکانى مرۆڤ و ئازادکردنى بەندەکان تێکڕا بە هۆکارى ئاوەزی هاتوونەتە دی، چونکە ئاشتى و ئارامى و سەقامگیریى کۆمەڵگە، گشت ئەمانەی پێویستن. کەچی لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا سەرچاوەى هاتنەدیی ئەمانە دەگەڕێتەوە سەر ئایینەکان.

فەیلەسووفەکان پێیان وایە ڕەوشتى تاک ئەو کاتە دەگاتە لووتکە، کە لە بنەماکانى ئاوەز تێ گەیشتبێت، چونکە لەو حاڵەتەدا دەتوانێ حەز و ئارەزووەکانى خۆی کۆنتڕۆڵ بکات. سوقرات دەڵێت ڕەوشتى باش هەمیشە لە بەرژەوەندیى خودى تاکدایە، بەڵام زۆرینەى تاکەکان لەوە تێ ناگەن. ئەگەر یەکێک لە تاکەکان کارێکى نابەجێ بکات، ئەوە بێ گومان لە بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکانى خۆى تێ نەگەیشتووە. هەروەها دەڵێت ڕەوشتى باش و چاکەکارى، دەربڕینێکن بە ماناى زانین دێن. ئەگەر هات و تاک زانى ماناى چاکە چییە، ئەوە بێ گومان کارى چاک ئەنجام دەدات؛ ئەوانەى خراپەکارى دەکەن، لە ماناى خێر و چاکە تێ نەگەیشتوون، چونکە مرۆڤەکان هەرگیز بە هەڵبژاردەى خۆیان خراپەکار نین. ڕەوشت پەیوەندیى بە ئایینەکان و دواڕۆژ و سزاکانەوە نییە، بەڵکوو ئاوەز و ئاستى زانینى تاکەکان یەکلا دەکاتەوە.

دز یان بکوژەکان لەوانەیە پێیان وا بێ بە کردارەکانی خۆیان کامەرانى و دڵخۆشى دەدۆزنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان لە ماناى کامەرانى تێ نەگەیشتوون و هێشتا خۆیان نەدۆزیوەتەوە و نازانن چ شتێک دڵخۆشیان دەکات. سوقرات دەڵێت: "زۆر گرنگە کە تاک خۆى بناسێت، چونکە ژیانى ئاڵۆز و ناڕوون و دوور لە پرسیار و گەڕان و توێژینەوە، بە ژیان داناندرێت و ئەو کەسە شایستەى ژیان نییە کە بیر ناکاتەوە و لە وەڵامى پرسیارەکان ناکۆڵێتەوە."

لە کۆتاییدا ئایا جوانتر و بێوێنەتر لەم دەربڕینەتان بیستووە یان خوێندووتانەتەوە کە دەڵێت: "چاکەکارى بۆ دەروونە، هەروەک چۆن جوانى بۆ جەستەیە؛ ئەم دەربڕینە جوانە زیاتر لە ٢٣٠٠ ساڵ بەر لە هاتنى ئایینەکان و لە کتێبى کۆمارى ئەفڵاتۆندا هاتووە.

سەرچاوە:

http://www.diwanalarab.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر شەممە, 23 شوبات 2019 01:05