گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەن: تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی

ئامادەکردن و وەڕگێڕانی:  هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

كتێبی گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندن: تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی یەکێک لەو كتێبە دەگمەنانەیە کە هەوڵ دەدات کار لەسەر تیۆرییە جۆراوجۆرەکانی بواری گەشەسەندن بکات. ئەم كتێبە لە ساڵی ١٩٩٠ لە لایەن "ئالڤین، ی. سوو" نووسراوە و لە کۆمەڵێک لە زانکۆکانی جیهان دەخوێندرێت. مەبەستی نووسەر لەم كتێبە هەروەک خۆی باس دەکات، بریتی نییە لەوەی کە نیشان بدات کام تیۆری بە کەڵکی کۆمەڵگه‌ دێت و کام بیرمەند لە ئەوەی تر باشترە. بەڵکوو نووسەر هەوڵ دەدات تیۆرییە جۆراوجۆرەکانی ئەم بوارە و قوتابخانە دژبەیەکەکانی بواری گەشەسەندن بخاتە ڕوو. هەروەها نووسەر ئامانجیەتی ئەوە بخاتە ڕوو کە سەرەڕای کۆنبوونی ئەم تیۆرییانە، بەڵام تیۆریی ماوەبەسەرچوو نین و تا هەنووکەیش بۆ چۆنێتیی خوێندنەوەی کۆمەڵگه‌کان بەسوودن. لەوانەیە خودی پێشەکیی نووسەر باشترین بەڵگە بێت بۆ تێگەیشتن و هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆکی ئەم كتێبە؛ بۆیە ئەمەی خوارەوە بۆچوونی خودی نووسەری ئەم كتێبەیە کە لەبارەی كتێبەکە خستوویەتە ڕوو:

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا من خەریکی وانەگووتنەوە لەبارەی گەشەسەندن بووم، بەڵام هیچ کاتێک نەمتوانیوە كتێبێکی بەپێز لەم بارەوە بۆ قوتابییەکانم بدۆزمەوە. ئەو كتێبانه‌ی کە لە حاڵی حازردا لەم بارەوە بەدەست دەکەون، زۆربەیان کۆنن و توێژینەوە نوێیەکانیان لەخۆ نەگرتووە؛ بۆ نموونە ئەم توێژینەوانە ڕوانگەی سیستەمی نوێی جیهانی لەخۆ ناگرن. ئەو نووسینانەیش کە شیکارییەکی تیۆریکی زۆر ئاڵۆزی لەخۆ گرتووە، نەیانتوانیوە پێداچوونەوەیەکی بابەتییانە لەسەر تیۆرییەکانی تری تایبەت بە گەشەسەندن بخەنە ڕوو. ئەگەرچی توێژینەوەی مەیدانی (empirical studies)ی زۆر باش لەم بوارەدا دەست دەکەوێت، بەڵام ئەم توێژینەوانە هێندە پسپۆرگەران کە نەیانتوانیوە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەگیر لەسەر پرسە گرینگەکانی ئەم بوارە لەخۆ بگرن. زۆر جار من وانەکانی خۆمم بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک تیۆری و لێکۆڵینەوەی مەیدانی بە کۆتا دێنا. بەڵام هەروەک سەلمێنراوە، تێگەیشتن لەم تیۆری و لێکۆڵینەوانەیش بۆ قوتابیانی قۆناغەکانی سەرەتاییی زانکۆ و تەنانەت بۆ دەرچووانی زانکۆیش قورس بوون.

بەڵام تەنیا ئەم کێشەیە نەبوو کە منی هان دا كتێبێک لەم بارەوە بنووسم، بەڵکوو مشتومڕەکانم لەگەڵ هاوڕێیەکانمدا، ئەویش هاندەرێک بوو. ساڵێک لەمەو بەر ئامادەی دیدارێک بووم کە لە لایەن ئاندرێ گۆندێر فرانک پێشکەش دەکرا. من گوێم لێ بوو کە فرانک دەڵێت: "قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن مردووە. لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا هیچ شتێکی نوێ لەم قوتابخانەیەوە دەرنەهاتووە." لە بۆنەیەکی تردا یەکێک لە هاوڕێکانم لە کۆمیتەی تاوتوێکردنی نامەیەکی دەرچووندا ئاماژەی بەوە کرد کە: "ڕوانگەی سیستەمی جیهانی، تەنیا جۆرێکی ترە لە ڕوانگەی وابەستەیی. ئەم دوو ڕوانگەیە لە دەیەی ١٩٨٠دا بەسەر چوونە؛ هەر بۆیەیش پێویست ناکات چیتر ئێمە گرنگییان پێ بدەین." بەڵام ئایا ئەمە ڕاستە کە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، قوتابخانەی وابەستەیی و قوتابخانەی سیستەمی جیهانی لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا هیچ شتێکی نوێیان نییە کە پێشکەشی بواری گەشەسەندن بکەن؟ بە بڕوای من کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە لە دوای خوێندنەوەی چەند توێژینەوەیەکی کۆن لەسەر ئەم سێ قوتابخانەیە، زۆرێک لە توێژەران نەیانتوانی بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئەو توێژینەوە نوێیانە بکەن کە لەم بوارەدا بڵاو بوونەتەوە. لە دەرەنجامدا، ئەم کەسانە نەیانتوانی ئەو توێژینەوە نوێیانە ببینین کە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا لەبارەی ئەم سێ قوتابخانەیە ئەنجام دراون.

ئامانجی سەرەکیی ئەم كتێبە بریتییە لە نیشاندانی ئەوەی کە ئەم سێ قوتابخانەیە هێشتایش لە ساڵانی ١٩٨٠دا زۆر بەزیندوویەتی ماوەتەوە. ئەم قوتابخانەیانە لە ڕێگەی گوێگرتنی ئەو توێژەرانەی کە لەم بوارەدا کار دەکەن و گوێیان لە خاڵە بەهێزه‌کانی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەیان کرابوون گرت و لە توێژینەوەکاندا بەکاریان هێنا، دووبارە نوێ کراونەتەوە. لەم ڕووەوە، زانایانی بواری کۆمەڵایەتی، دەبێ لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی توێژینەوە نوێیەکانی ئەم بوارەوه‌ دادوەری لەسەر شایستەییی ئەم سێ قوتابخانەیە بکەن کە من بە توێژینەوەکانی نوێی مۆدێرنیزاسیۆن، توێژینەوەکانی نوێی وابەستەیی و توێژینەوەکانی نوێی سیستەمی جیهانی ناوزەد کردووە، نەک دادوەرییەکەیان بەپێی توێژینەوە مەیدانییە (empirical studies) کۆنەکان بێت کە لە پێش ساڵانی ١٩٧٠ چاپ کراوە.

ئاڵڤین سوو بەردەوامی بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: بۆ زانایانی بواری کۆمەڵایەتی، سەختە بەبێ تیۆری بتوانن لێکۆڵینەوەی مەیدانی ئەنجام بدەن. زانایان بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو شتەی کە لێکۆڵینەوەی لەسەر ده‌کەن، پشت بە تیۆری دەبەستن. تیۆری، یارمەتیان دەدات تا پرسیارەکانی لێکۆڵینەوەکە ورد بن و ئەو بەڵگانە بەکار بهێنن کە ئارگیومێنتەکەیان بەهێز دەکات. لەم ڕووەوە، تیۆرییەکان بۆ توێژینەوە، ئامرازی زۆر بەهێزن. تیۆرییەکان یارمەتیدەری پرۆسەی هزرکردنەوەی توێژەرن و بنەماکانی چوارچێوەی شیکاری داده‌ڕێژن، نامەی لێکۆڵینەوە ڕێنمایی دەکه‌ن و ئەجێندای توێژینەوە ڕێک دەخه‌ن. زیاد لەمەیش تیۆرییەکان توێژەر هان دەده‌ن کە مێتۆدۆلۆژییەکی تایبەت بگرێتە بەر و کۆمەڵێک داتا تاقی بکاتەوە. هەروەها تیۆرییەکان کاریگەری لەسەر توێژەر دروست دەکەن تا بە دەرەنجامگیرییەکی تایبەت، بە دواهاتی سیاسیی تایبەت بگات.

لە لووتکەی ئەم جەنگە تیۆرییەدا، زۆر جار دیبەیتی ئاکادیمی، بەرەو دیبەیتێکی ئایدیۆلۆژی، بەرەو ململانێ لە نێوان تیۆرییە زانستییەکانی ئێمە و دکتۆرێنە ئایدیۆلۆژییەکانی ئەوان، دەگۆڕدرێت. لە نێوه‌ندی ئەم قۆناغەی جەمسەربەندیی تیۆریکی، تویژەران لەبیر دەکەن کە ڕوانگەی تیۆرییەکانی کەمپەکانی تر چییە و هەروەک بڵێیت کە هیچ شتێکی باش لە کارەکانی کەمپەکەی تردا بوونی نییە. تەنیا لە دوای ئەوەی کە دیبەیتەکانی ئاوێتەبوو بە هەست و سۆز کوژانەوە، زانایانی بواری کۆمەڵایەتی لە کەمپە جۆراوجۆرەکان دەتوانن لە یەکتر نزیک ببنەوە و لە ئارگیومێنتی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەیان کراوە قووڵ ببنەوە. زانایانی بواری کۆمەڵایەتی، دوای ئەوەی کە لە کێماسییەکانی ڕابردوویان شتێک فێر بوون، هێدی هێدی خاڵە بەهێزەکانی ئەو ڕەخنانەی کە ئاراستەیان کراوە، لەناو تیۆرییەکانی خۆیاندا دادەڕێژنەوە. ئەم داڕشتنەوەیە لەوانەیە تەنیا بریتی بێت لە زیادکردنی شتێکی نوێ لەناو شتە کۆنەکەدا. بەڵام ئەم کارە ڕوانگە کۆنەکان زیندوو دەکاتەوە و ئاراستەیەکی نوێ لە توێژینەوە مەیدانییەکاندا دێنێتە کایەوە.

سێ قوتابخانەی زاڵ لە بواری گەشەسەندندا

لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٥٠کاندا، قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن باڵی بەسەر کایەی گەشەسەندندا کێشابوو. لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٦٠ەکاندا، قوتابخانەی ڕادیکاڵی وابەستەیی، بەرنگاری قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن بووەوە. لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٧٠کاندا، قوتابخانەی سیستەمی جیهانی سەری هەڵدا و بەدیلێکی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گەشەسەندن خستە ڕوو. وەها دەردەکەوێت کە لە کۆتاییی ساڵانی ١٩٨٠کاندا، ئەم سێ قوتابخانەیە بەرەو لێکنزیکبوونەوەیەک (convergence) هەنگاو دەنێن.

بە تیشکخستنە سەر قوتابخانەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی، ئەم كتێبە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پێنج پرسیارانەی خوارەوە بدۆزێتەوە:

١. چ شتێک هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم سێ قوتابخانەیە ڕوون دەکاتەوە؟ لە چوارچێوەی چ بەستێنێکی مێژوویی و لە نێوه‌ندی کام میراتی تیۆرییەوە ئەم سێ قوتابخانەیە سەریان هەڵداوە؟

٢. خاڵە جیاوازەکانی ئەم سێ قوتابخانەیە چین؟ گریمانەی تیۆریکی، تیۆرییە سەرەکییەکان و  بەدواهاتە سیاسییەکانی هەر یەک لەم قوتابخانانە چییە؟

٣. توێژینەوە مەیدانییەکانی کلاسیکی (classical empirical studies) هەر یەک لەم قوتابخانەیانە چین کە پێی ناسراون؟ تا چ ئاستێک هەر یەک لەم توێژینەوانە بە تیۆرییەکانی گەشەسەندن پشتبەستراون؟

٤. بۆچی ڕەخنەگران هێرش دەکەنە سەر ئەم سێ قوتابخانەیە؟ چ شتێک لە تیۆری و توێژینەوە مەیدانییەکانی ئەم سێ قوتابخانەکەدا هەڵەیە؟

٥. هەر یەک لەم سێ قوتابخانەیانە، چۆن وەڵامی ڕەخنەکانیان داوەتەوە؟ تا چ ڕاددەیەک ئەم قوتابخانانە خاڵە بەهێزەکانی ئەم ڕەخنانەیان لە تیۆرییەکانی خۆیاندا بەکار هێناوەتەوە؟ تا چ ئاستێک لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی نوێ، لە لێکۆڵینەوە کلاسیکییەکان جیاوازن؟

لە نێوه‌ندی پرسیارەکانی سەرەوەدا، ئەم كتێبە پێداچوونەوە بۆ سەهەڵدان، گەشە و وەرچەرخانی هەر یەک لەم سێ قوتابخانە زاڵەی گەشەسەندن دەکات. سەرەتا، سروشتی داینامیکبوونی قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن، قوتابخانەی وابەستەیی و قوتابخانەی سیستەمی جیهانی لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕوون دەکرێتەوە-واتە چۆن هەر یەک لەم قوتابخانانە هێرشیان کردووتە سەر قوتابخانەکانی تر، چۆن بەرگرییان لە خۆ کردووە و چۆن لە نێوه‌ندی پرۆسەی بەشداریکردن لە دیبەیتی تیۆریکی، هەر یەک لەم قوتابخانانە وەرچەرخانیان بەسەردا هاتووە. دووەم، هێزی هەر یەک لەم قوتابخانانە لە ڕووی لێکۆڵینەوەی مەیدانییەوە تیشک دەخرێتە سەر؛ ئەم تیشکخستنەسەرە ئەوە دەخاتە ڕوو کە چۆن گۆڕینی ڕوانگەی تیۆری، کاریگەریی لەسەر گۆڕانی پرسیاری توێژینەوە، ئەجێندای توێژینەوە، مێتۆدۆلۆژیی توێژینەوە و دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەدا دروست کردووە. دوایین ئامانجی ئەم كتێبە بریتییە لە خستنەڕووی پێگەی نایابی (distinctiveness) ڕوانگەی سیستەمی جیهانی. ئەگەرچی زۆر جار ئەدەبیاتی ئەم بوارە، سیستەمی جیهانی تێکەڵ بە تیۆریی وابەستەیی دەکات، بەڵام لەم كتێبەدا نیشان دەدرێت کە ئەم دوو قوتابخانەیە لە ڕووی چوارچێوەی تیۆری، بابەتی توێژینەوە، مێتۆدۆلۆژی و توێژینەوەی مەیدانییه‌وه‌ بەتەواوەتی لێکجیاوازن. قوتابخانەی سیستەمی جیهانی، زنجیرەیەک توێژینەوەی داهێنەرانەی لە بواری خولانەوەی بازنە-ئاسای ئابووریی سەرمایەداریی جیهانی خستووه‌تە ڕوو کە لە سنووری توێژینەوەکانی قوتابخانەی وابەستەیی دەرباز دەبێت.

پەیکەری ئەم كتێبە

ئەم كتێبە بۆ سەر سی بەش دابەش بووە. بەشی یەکەم، تایبەتە بە قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن. بەشی دووەم، قوتابخانەی وابەستەیی و، بەشی سێیەم قوتابخانەی سیستەمی جیهانی. هەر بەشێک لە سێ باس پێک هاتووە و لە گشت بەشەکاندا چۆنێتیی ڕێکخستنی باسەکان وەکوو یەکە. باسی یەکەم، تیشک دەخاتە سەر بەستێنی مێژوویی، میراتی تیۆری، تیۆرییە سەرەکییەکان، گریمانە سەرەتایییەکان و بەدواهاتە سیاسییەکانی ئەو قوتابخانەیەی کە باسی لێ دەکرێت. باسی دووەم، باس لە توێژینەوە مەیدانییەکانی قوتابخانەکە دەکات و تاوتوێی خاڵە بەهێزەکان و ڕەخنەکانی ئاراستەکراوی تیۆرییە کلاسیکییەکان دەکات. باسی سێیەم، وەڵامدانەوەی ڕەخنەکان، توێژینەوە مەیدانییە نوێیەکان، و خاڵە بەهێزکانی تیۆرییە نوێیەکانی قوتابخانەکە دەخاتە ڕوو.

چونکە مەبەستی ئەم كتێبە ئەوە بووە کە وەک كتێبێکی وانه‌یی (دەرسی) بەکار بهێنرێت، هەر بۆیەیش هیوادارم ئەم جۆرە خستنەڕووە یارمەتیی قوتابیان بدات هزر لە بابەتە جەوهەرییەکانی گەشەسەندن بکەنەوە. ئەم قوتابیانە چ بڕوایان بە بەهێزیی یەکێک لەم قوتابخانانە هەبێت یاخود بڕوایان بە بەهێزیی ئارگیومێنتی ئەو ڕەخنانە هەبێت کە ئاراستەی هەر یەک لەم قوتابخانانە کراون، بەڵام دواجار ناچارن بۆچوونی تایبەتی خۆیان هەبێت.

پێویستە ڕەچاو بکەین کە ئەم كتێبە تیشکی خستووه‌تە سەر تیۆرییەکان نەک تیۆریداڕێژەران. بەم هۆیەیش، کاتێک ئاماژە بە ناوی تیۆریداڕێژەرەکان دراوە کە تیۆری و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی (empirical studies) ئەم تێوریداڕێژەرانە، نموونەیەکی سوودمەند بۆ ڕوانگەی هەر یەک لە قوتابخانەکانی مۆدیرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی بخاتە ڕوو. بێ گومان، ئەم كتێبە ناتوانێت پێداچوونەوە بۆ گشت تیۆری و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانی بەپێزی بواری گەشەسەندن بکات. بەم پێیەیش، لە بری بەهەڕەمەکییانە خستنەڕووی ژمارەیەکی لەڕاددەبەدەری تیۆرییەکان، ستراتیژیی ئەم كتێبە بریتییە لە بەتێروتەسەلی تیشکخستنە سەر چەند تیۆرییەکی سەرەکی و چەندین توێژینەوەی مەیدانی و بەدواهاتەکانی هەر کامەیان لە ئەدەبیاتی گەشەسەندندا.

 

ناوەڕۆکی كتێبەکە

دەستپێک

پێشەکی: هێزی تیۆرییەکانی گەشەسەندن

بەشی یەکەم: قوتابخانەی مۆدێرنیزاسیۆن

١. ڕوانگەی مۆدێرنیزاسیۆن

٢. توێژینەوە کۆنه‌كانی مۆدێرنیزاسیۆن

٣. توێژینەوە نوێیه‌كانی مۆدێرنیزاسیۆن

بەشی دووەم: قوتابخانەی وابەستەیی

١. ڕوانگەی وابەستەیی

٢. توێژینەوە کۆنه‌كانی وابەستەیی

٣. توێژینەوە نوێیه‌كانی وابەستەیی

بەشی سێیەم: قوتابخانەی سیستەمی جیهانی

١. ڕوانگەی سیستەمی جیهانی

٢. توێژینەوەکانی سیستەمی جیهانی لە ئاستی جیهانیدا

٣. توێژینەوەکانی سیستەمی جیهانی لە ئاستی نەتەوەییدا

دەرەنجام

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 05 ئایار 2019 11:04