بەنوئەزیزی: شۆڕشی ئیسلامیی ئێران

ن: ئالڤین. ی. سو

وەرگێڕانی لە ئێنگلێزییەوە: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

[لەبارەی پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌کاندا] بەنوئەزیزی داوا دەکات گرنگیی زۆرتر بە ڕۆڵی تەقلید (tradition) وەک خودی خۆی بدرێت. بە گرتنەبەری ئاراستەی باوی ساڵانی ١٩٦٠، بەنوئەزیزی (١٩٨٧) بەم هۆکارانەی خوارەوە ڕەخنە لە تیۆرییە کلاسیکییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن دەگرێت: ١- خستنەڕووی وێنایەکی خەیاڵی لە کۆمەڵگه‌ی ڕۆژاوای هاوچەرخ، ٢- پێناسەکردنی تەقلید (داب و نەریت) بە شێوازێکی نەرێنی و وەستاو، ٣- پێشنیارکردنی ئەوەی کە وڵاتانی جیهانی سێیەم پێش ئەوەی دەست بە مۆدێرنیزاسیۆن بکەن، پێویستە لە بەربەستە تەقلیدییەکان دەرباز بن. بەنوئەزیزی لایەنگری گەڕانەوەی بنەماکانی تەقلیدە. تەقلید هەروەک هاوتاکەی، واتە مۆدێرنیزاسیۆن، دەتوانێ ئیلهامبەخش، داهێنەر و وەڵامدەرەوەی پێداویستییە تاکییەکان و کۆمەڵییەکان بێت؛ هەروەها تەقلید توانایەکی زۆری بۆ مۆبیلیزەکردن و گۆڕان هەیە.

لەم ڕوانگەیەوە بەنوئەزیزی هەڵسەنگاندن بۆ دووبارە هەستانەوەی جووڵانەوەیەکی تەقلیدی بە ناوی "هەستانەوەی ئیسلام" (Islamic resurgence) دەکات. لە ساڵانی ١٩٨٠دا زۆر بەدەگەمەن وڵاتێکی موسڵمان دەبینین کە ژیانەوەی ئیسلامی، کاریگەریی بەسەر شێواز و ناوەڕۆکی سیاسەتی ئەم وڵاتانە، ڕەتکردنەوەی بەهاکانی ڕۆژاوا و شێوازی ژیانی ڕۆژاوایی و ڕەچاوکردنی وردی پێوەرە ئیسلامییەکان و جێبەجێکردنی یاسای شەرعی لەم وڵاتانەدا نەکردبێت. بەنوئەزیزی، بەتایبەتیش تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە بەرچاوترین نموونەکانی ژیانەوەی ئیسلامی، واتە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧-١٩٧٩. حاڵەتی ئێران یەکێک لە حاڵەتە بەبایەخەکانە؛ چونکە تاكه‌ جووڵانەوەی ژیانەوەی ئیسلامی بوو کە ڕژێمێکی بونیادگەرای ئیسلامیی هێنایە سەر دەسەڵات. هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران چی بوون؟ چۆن ئەم نموونەیە یارمەتیدەری ئێمە دەبێت لە تێگەیشتن لە خوێندنەوەکانی نوێ لەبارەی مۆدێرنیزاسیۆنەوە؟

لە میدیای ڕۆژاوادا، ‌جووڵانەوەکانی هەستانەوەی ئیسلامی وەک جووڵانەوەگەلی توندڕەو، ئاژاوەگێڕ و پاشکەوتنخواز وێنا کراون. لە ڕوانگەی خوێندنەوە کلاسیکییه‌كانه‌وه‌ لەبارەی مۆدێرنیزاسیۆن، ڕوودانی ئەم جۆرە جووڵانەوانە نیشاندەری شکستی پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەکانە؛ چونکە لەم دۆخەدا دامەزراوەکان لەژێر کاریگەریی گوشاری سیاسەتی جەماوەری و مۆبیلیزەکردنی خێرای کۆمەڵایەتی ئەنجام دەدرێت. هەر بۆیەیش هەمیشە ترسێک هەبوو کە ئەم جۆرە جووڵانەوانە ڕژێمگەلی دەسەڵاتخوازی لێ بکەوێتەوە و ببنە هۆی بەرزبوونەوەی ناکۆکیی نەژادی-ئایینی و لێکترازانی سیاسی. بەگشتی، ئەم جۆرە لێکدانەوەیە، شۆڕشی ساڵانی ١٩٧٧-١٩٧٩ی ئێران، واتە هەستانەوەی ئیسلامی، وەکوو بەرپەرچدانەوەی کەسایەتییە پاشکەوتنخوازەکان، بۆ نموونە مەلاکان، لە هەمبەر پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن لە ئێراندا هەژمار دەکات.

بەنوئەزیزی ئەم جۆرە لێکدانەوانە بە لێکدانەوەی تاکلایەنە هەژمار دەکات؛ چونکە ئەم جۆرە لێکدانەوانە ناتوانن فاکتەرەکانی وەک بنەماکانی ستراکتۆری، دابەشبوونی که‌لتووری، سروشتی ئایینزای شیعە و، هەروەها هاوپەیمانێتیی ئاڵۆزی نێوان هێزە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵایەتی کە نیشاندەرەی ڕەگ و ڕیشەی شۆڕشی ئێرانن، ڕەچاو بکەن.

یەکەم، بەنوئەزیزی ئاماژە بە ڕەگ و ڕیشەی ستراکتۆری شۆڕش ئێران دەدات. لە ساڵانی ١٩٧٠دا، ئێران خەریکی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆنێکی چڕوپڕ بوو؛ بۆ نموونە، لە کەرتی پیشەسازیی قورس، شارنشینی، بەرفراوانکردنی پەروەردەی حکوومی و بووژانەوەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی گشتی. بەڵام ئەم شەپۆڵەی مۆدێرنیزاسیۆن زۆرتر لە بەرژەوەندیی چینی بەڕۆژاواییکراو، چینی شارنشینانی سەروو، توێژی سەروو و ناوەڕاستی کۆمەڵگه و "ئەشرافی کرێکار" بوو کە لە کەرتی پیشەسازیی مۆدێرن کاریان دەکرد. شان بە شانی مۆدێرنیزاسیۆن، نایەکسانیی ستراکتۆرەکان، ملکەچیی شای ئێران بۆ ئەمریکا، بەکەم هەژمارکردنی که‌لتووری ئیسلامی لە لایەن شا، سیاسەتی سەرکوتکردن و گەندەڵیی ڕەگداکوتاوی ڕژێمی شا، بوونیان هەبوو. ئەم ناکۆکی و پێکدادانانە، بوونە هۆی سەرهەڵدانی هەستی ناڕەزایەتیی گشت توێژەکانی کۆمەڵگه لە هەمبەر شادا.

دووەم، هێزەکانی مۆدێرنیزاسیۆن بوونە هۆی دروستکردنی دابەشبوونێکی که‌لتووری لە نێوان توێژێکی بچووکی نوخبە کە لە ڕۆژاوا خوێندنیان تەواو کردبوو و لە نێوان توێژێکی بەرفراوانی تەقلیدی کە پێک هاتبوون لە جووتیار و هەرەوەزەکان، شارنشینە هەژارەکان، بازرگانە بچووکەکان و پیشەوەران. توێژی مۆدێرن لایەنگری بەهاکانی ڕۆژاوایی، وەک تاکگەرایی، مافە مەدەنییەکان، ئازادیی بیروڕا و ئازادیی کارکردن و دیموکراسی بوون؛ لە کاتێکدا توێژی تەقلیدی، پێداگرییان لەسەر بەها و شێوازی ژیان و ڕەفتاری ئیسلامییان دەکرد.

سێیەم، سروشتی بێهاوتای ئایینزای شیعەیش یارمەتیدەری هەڵگیرسانی شۆڕش بوو. هەر وەک بەنوئەزیزی ئاماژەی پێ دەدات:

"بوونی هێماگەلی بەهێزی وەک خۆڕاگری، کۆڵنەدان و فیداکاری بۆ گەیشتن بە هەقیقەت و دادپەروەری لە بۆنە ئایینییە جۆراوجۆرەکاندا ڕەنگی دەدایەوە؛ ئایینزای شیعە توانایەکی سەرسووڕهێنەری هەبوو لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی ناکۆکیی سیاسی لە بەستێنی ئایینیدا؛ لۆژیکی پۆپۆلیستیی ئەم ئایینزایە و بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک "ستەملێکراو" لە هەمبەر "ستەمکار"دا؛ هەروەها بەڵێنی مەسیحی-ئاسای ئەم ئایینە بۆ هێنانەدیی نەزمێکی کۆمەڵایەتیی دادپەروەر و گەڕانەوەی "ئیمامی غاییب"، بووە هۆکارێک تا ئەم ئایینە بکاتە ئایینێکی نائاساییی بەهێز لە دژایەتیکردنی ڕژێمی بەرقەرار."

زیاد لەمەیش، عولەمای شیعە (Shi’te ulama) وەک نوخبەیەکی ئایینی-سیاسی، توانییان شۆڕش بەرەو پێشەوە ببەن. ئەم زانایانە بۆیە توانییان ئەم ڕۆڵە ببینن، چونکە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە گشت جووڵانەوەکانی بەرهەڵستکاری بەشدار بوون؛ هەروەها پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ چینی تەقلیدیی ناوەندی و خوارووی شارەکان هەبوو؛ هەروەها عولەماکان سەرەڕای بەردەستبوونی سەرچاوە دارایییەکان و پارێزراوبوونیان، دەیانتوانی مزگەوتەکان، مەزارگەکان و ئەنجومەنەکان بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕازیی خەڵک بەکار بهێنن. دواجار، فاکتەری کاریزمای ئایینی ڕۆڵ دەگێڕێت. خومەینی لە نێوان گرووپە بەرهەڵستکارەکاندا کەسێکی خۆشەویست بوو؛ هەروەها لایەنگرەکانی، گشت ئامرازەکانی کۆن و نوێی پەیوەندی و ورووژاندنیان بەکار دێنا تا لەم ڕێگەیەوە خەڵک مۆبیلیزە بکەن و ئامانجەکانیان بە خەڵک بگەیه‌نن.

چوارەم، شۆڕشی ئێران، شۆڕشێکی جەماوەری بوو؛ سەرەڕای بوونی هاوپەیمانییەک لە نێوان هێزە کۆمەڵایەتییەکان و ئایدیۆلۆژییە سیاسییەکان لەم شۆڕشەدا. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، لە بری بوونی ئایدیۆلۆژییەکی ئیسلامیی تاقانە و یەکدەست، چەندین ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی و سێکیۆلار لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون. هەر یەک لەم ئایدیۆلۆژییانە لە لایەن گرووپێکی کۆمەڵایەتییەوە پێشوازیی لێ دەکرا و ڕۆڵی لە هەڵگیرسانی شۆڕشدا هەبوو. تەنیا لە ئاستی ئایدیۆلۆژیی ئیسلامییەوە، بەنوئەزیزی چوار جۆر ڕەوتی هزری دەستنیشان دەکات:

  • ئیسلامی ڕادیکاڵ: ئایدیۆلۆژیی ڕۆشنبیرانی گەنج؛ واتە ئەو کەسانەی کە خوازیار بوون ئێران ببێت بە کۆمەڵگه‌یەی ئیسلامیی بێچینایەتی.
  • ئیسلامی تێکۆشەر (militant Islam): ئایدیۆلۆژیی عولەما، وردە بۆرژوازی و بێبەشکراوەکان؛ واتە ئەو کەسانەی کە خوازیار بوون حکوومەتی "خودا" لەسەر ڕووی زەوی دابمەزرێنن.
  • ئیسلامی لیبراڵ: ئایدیۆلۆژیی بۆرژواز و چینە ناوەندییەکان، کە خوازیار بوون لە نێوه‌ندی ئامرازی ناتوندوتیژییەوە لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بەشدار بن.
  • ئیسلامی تەقلیدی: ئایدیۆلۆژیی چینی ناوەندی کۆنی کۆمەڵگه؛ واتە ئەو گرووپەی کە خوازیار بوون بۆ نەزمی کۆنی ئایینی بگەڕێنەوە.

بە بۆچوونی بەنوئەزیزی، بیرۆکە و بەهاکانی ئیسلام دەکرێ هێندە لاستیکی بکرێن کە لەگەڵ بەرژەوەندی و مەیلی هەر تاقم و گرووپێک بگونجێت. زیاد لەمەیش، عولەما و سەرکردە کاریزماکان وەک بنیاتنەری هاوپەیمانی لە نێوان گرووپ و ئایدیۆلۆژییه‌ جۆراوجۆرەکاندا ڕۆڵیان گێڕا، تا گشت ئەم گرووپانە لە پێناو مۆبیلیزەکردن بۆ شۆڕش لە دەوری یەکتردا کۆ بکەنەوە.

ئێمە چ شتێک لەم شیکردنەوەیە سەبارەت بە شۆڕشی ئێران فێر بووین؟ یەکەم، بەنوئەزیزی، پێداگری لەوە دەکات کە مەرج نییە مۆدێرنیزاسیۆن ببێتە هۆی بەسێکیۆلاریزە بوونی کۆمەڵگه. جووڵانەوە ئایینییەکان، بەتایبەتیش جووڵانەوە ئیسلامییەکان، هەر کاتێک هەلومەرجی گونجاوی مێژوویی و دامەزراوەیی لەبار بوو، دەتوانن سەرلەنوێ سەر هەڵبدەنەوە. هەر بۆیەیش دەبێ لە نێوه‌ندی پرۆسەیەکی مێژووییی تایبەتەوە کە لە کۆمەڵگه‌ی ئێراندا ڕووی دا، بڕوانینە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران؛ بەتایبەتیش لە نێوه‌ندی گەشەی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، دابەشکاریی که‌لتووری، نا-جەماوەرێتیی ڕژێمی شا و خەسڵەتی بەرهەڵستکارانەی ئایینزای شیعە لە ئیسلامدا.

دووەم، بەنوئەزیزی ئاماژە بەوە دەکات کە خەسڵەتی تەقلیدگەرای ئەکتەرە تەقلیدگەراکان، نەبوو بە لەمپەرێک لە هەمبەر جووڵانەوەی ئەم کەسانە. کەواتە وەها دێتە بەرچاو کە ئایدیۆلۆژییه‌ تەقلیدییەکانیش هەروەک هاوتا مۆدێرنە سێکیۆلارەکانیان ئەو توانایەیان هەیە کە داواکارییەکان بۆ دروستکردنی جووڵانەوەیەک لە پێناو هێنانەدیی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ڕێک بخات. ئەم گوتەیەیش بەسەر گشت جووڵانەوەکانی وەکو ئیسلامی شیعە- ئۆرتۆدۆکسی جودیزمی لە ئیسڕائیل، "ئیلاهیاتی ڕزگاریخوازی" (liberation theology) لە ئەمریکای لاتین و کەنیسەی کاسۆلیکی پیادە دەکرێت.

سێیەم، جووڵانەوە ئایینیە تەقلیدگەراکان، دەکرێ لە لایەن ئەو کەسانەی کە تا ڕاددەیەکی زۆر کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دامەزراوە مۆدێرنەکان (بۆ نموونە چینی ناوەندی نوێ) و لە لایەن کەسانی پەراوێزخراو لە کۆمەڵگه‌دا پێشوازی بکرێت (بۆ نموونە هەژارەکان و بێبەشکراوەکان).

دواجار، لە ساڵی ١٩٧٩یەوە، بەنوئەزیزی تێبینی دەکات کەسایەتییە تەقلیدییەکان لە شۆڕشی ئێران، توانییان سەر بکەون و گشت گرووپەکانی تر لە لایەن ئەم کەساییەتییانەوە کە لە هاوپەیمانیی شۆڕشگێڕانە لە ئێراندا بەشدار بوون، لە دەسەڵات دوور خرانەوە. لە حاڵی حازردا، لە ئێران هەڵمەتێکی ئیسلامی لە ئارادایە کە دەستڕۆییی خۆی بەسەر گشت پانتای ژیانی تاکەکەسی و گشتیدا بەرفراوان دەکات. بەپێی ئەم تێبینییە، بەنوئەزیزی پێداگری لەوە دەکات کە دەبێ سەرلەنوێ دەرگه‌ی گفتوگۆ لە نێوان مۆدێرن و تەقلیدی بکرێتەوە، بەڵام ئەم جارە بە جەختکردنە سەر تەقلیدی، کە تەقلیدی دەتوانێت ڕۆڵی ئەرێنی لە بەمۆدێرنکردنی کۆمەڵگەدا بگێڕێت.

 

سەرچاوە: كتێبی "گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەن: تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی"

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 05 ئایار 2019 11:02