ئامرازه‌ بەرهەست و مەجازییەکان بۆ چالاکییە مەدەنییەکان

نیک وۆلف

وەرگێڕان و ئامادەکردن: پێنووس

هیتلەر لە ساڵی ١٩٤٣دا و کەمێک بەر لە کۆتاییی جه‌نگی جیهانیی دووەم، دوایین جوولەکەکانی دانیشتووی بەرلینی دەستبەسەر کردن تا ڕاپێچی کەمپە ترسناکەکانی نازییەکانیان بکا. ئەم جوولەکانە، بریتی بوون لەوانەی کە هاوسەریان جوولەکە نەبوون و تا ئەو کاتە نەفەوتێنرابوون. بەڵام ژنە ئەڵمانییەکان لە ڕۆژی بەڕێکردنیاندا، لە پێش کۆشکی فەرماندەی نازییەکان کۆ بوونەوە و داوای ئازادکردنی هاوسەرەکانیان کرد. سەربازەکان سەرەتا بەسەختی هەڕەشەیان لە خۆپێشاندەران کرد، بەڵام ژنەکان ئەو ناوەیان چۆڵ نەکرد. سەرلەئاخیر حکوومەتی هیتلەر ناچار بوو دوا گرووپی جوولەکە دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکا و ژنەکان لەگەڵ مێردەکانیان چوونەوە ماڵەکانیان.

ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە ژیانی مرۆڤەکانی سەرانسەری دنیادا هەیە؛ لە گرووپە بچووکەکانی وڵاتانی تازەپێشکەوتووەوە تا گرووپە گەورەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو. ئەم کۆمەڵگه‌یانە بەردەوام لە هەوڵی پێشکەوتن و گەشەسەندندان. دەتوانین بچووکترین نموونەی ئەم چەشنە گرووپانە لە گەڕەکەکاندا ببینین. تا ئەو کاتە کە شۆرای گەڕەکێک لەژێر ڕکێفی هیچ ڕێکخراو و حکوومەتێکدا نییە و لە لایەن دانیشتووانی ناوچەوە بەڕێوە دەبردرێن، کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی گەلێک کارای هەیە و بە هەبوونی ئەو شۆرایە، شوێنێکی چاکتر و لەبارترە بۆ ژیانی دانیشتووانی ئەو شوێنە.

نموونەی ڕێکخراوێکی گەورەی مەدەنی و نێونەتەوەیی، "سندووقی جیهانیی سروشت" (WWF)ه‌، کە لە ساڵی ١٩٦١ دامەزراوە. ئەم ڕێکخراوە ئێستا لە ١٠٠ وڵاتی دنیادا چالاکە و خەمە سەرەکییەکەی پاراستنی ژینگە و گیاندارەکانە. جگە لە ئەندازە، کۆمەڵگە مەدەنییەکان بێ گومان یەکێک لە کاراترین ڕێگەی گۆڕانکاریی ئەرێنی و موکومی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین. مێژووی چالاکییە مەدەنییەکان لە سەرانسەری دنیادا، پڕە لە نموونەی سروشبه‌خش، کە ژیانیان بۆ بەشێکی زۆری مرۆڤەکان ئاسانتر کردووە؛ لە بزووتنەوەی دژی ڕەگەزپەرستی لە ئەفریقای باشوور بە سەرۆکایەتیی نێلسون ماندێلاوە بگرە، تا بزووتنەوەی مەدەنیی ڕەشپێستەکان بە سەرۆکایەتیی مارتین لۆته‌رکینگ لە ئەمریکا. وێنەی خوارەوە، سێ ساڵ بەر لە تیرۆرکردنی لۆته‌رکینگ گیراوە، کە ئامادەبوونی لۆته‌رکینگ لەو ڕێپێوانەدا و شان بە شانی کەسانی تری ئەم بزووتنەوەیە دەخاتە بەرچاو. کتێبی "ئاکارە بچووکەکانی پێداگرتن" لە نووسینی "ستیڤ کراشا" و "جان جاکسۆن"، دەقێکی سروشبه‌خشی پڕ لە چیرۆکی سەرانسەری دنیایە.

لەم نووسراوەیەدا، پێداچوونەوەیەک لەمەڕ ئامرازه‌ جۆراوجۆرەکانی چالاکیی مەدەنی لە جیهانی میدیادا دەخەینە بەرچاو. گواستنەوە و دۆزینەوەی زانیارییەکان لە دنیای ئەمڕۆدا، پتر لە هەموو سەردەمێکی مێژووی مرۆڤایەتی، ئاسانتر و بەردەستترە. ئامێرگەلی وەک ئینتەرنێت و دنیای ئۆنلاین لە خزمەت چالاکە مەدەنییەکاندان و کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر چۆنێتی و چەندێتیی شێوەی کار و سوودەکانی لە سەرکەوتنە مەدەنییەکاندا هەیه‌.

ئامرازەکانی چالاکیی مەدەنی

چالاکییە مەدەنییەکان هەم لە دنیای واقعدا و بە هاوکاریی نزیکی چالاکان و هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێن و هەم بە سوودوەرگرتن لە کەره‌ستەکانی دنیای مودێرن، لە جیهانی مەجازیدا و دوور لە پێوەندییە فیزیکییەکانی خەڵک.  لەم دەقەدا، ئەم دوو شێوازە لەژێر ناونیشانی "ئامرازە بەرهەستەکان" و "ئامرازه‌ مەجازییەکان" دەستەبەندی دەکەین و پێیاندا دەچینەوە. پێویستە ئەوەیش بڵێین کە هەرچەند ئەم دوو شێوازە لە ناوەڕۆکدا جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتر هەیە، بەڵام هەمیشە دەکرێ سوود لە ئامێتە و تێکەڵکردنی ئەم دوو شێوازە وەربگیردرێ و بۆ نموونە بە شێوەیەکی مەجازی ڕاپرسییەکی بەرهەست ئەنجام بدرێ.

ئامرازە بەرهەستەکان

هەوڵە مەدەنییەکان پێشینەیەکی دێرینیان هەیە و لە جیهانی بەر لە ئینتەرنێتیشدا خەڵک لە هەوڵی باشترکردنی کۆمەڵگە و ژیانی خۆیان بوون. ئەو ڕێکارانەی بە درێژاییی ساڵانێکی زۆر بەدی هێنراون، هێندە ئەزموون کراون و هەوڵی چاکتریان بۆ دراوە کە ئەمڕۆ ئیتر بەدڵنیایییەوە دەتوانین متمانەیان پێ بکەین. بەکارهێنراوترین ئامرازەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:

ڕاپرسی

ڕاپرسی هەمیشە ڕێکارێکی دەرخەر و متمانەپێکراوە. ڕاپرسی، لە هەر هەوڵێکی مەدەنیدا، دەتوانێ هەم زانیاریی بەنرخ بۆ ڕاپرسان فەراهەم بکا و هەم دەتوانێ سەرنجیان بۆ کێشەکان ڕاکێشێ. ڕاپرسی دەکرێ بە شێوەی مەیدانی یان مەجازی ئەنجام بدرێ. لە ڕاپرسیی مەیدانیدا، دەکرێ بچینە شوێنێکی تایبەت و خەڵکی تایبەت هەڵبژێرین؛ بۆ نموونە دەکرێ بچینە زانکۆ و گوێ لە بۆچوونی خوێندکاران بگرین، یان دەتوانین بچینە پارکێک و ڕاوبۆچوونی خەڵک ببیسین. خاڵی هەرە چاکی ڕاپرسیی مەیدانی ئەوەیە، کە متمانەیەکی زۆرترمان بە وەڵامەکان دەبێ، چونکە لە هەبوونی خەڵکەکە دڵنیاین. لە ڕاپرسیی مەجازیدا، بەس کاتێ دەتوانین متمانە بە هەبوونی کەسەکان بکەین کە کۆمەڵێک ئیمه‌یلی ڕاستەقینەیان هەبێ یان خۆمان ئەندامی گرووپێکی تایبەت بین. هەڵبەت قەت ناتوانین بزانین هەر کەس چەند کات و لێوردبوونەوەی بۆ پرسیارەکانمان تەرخان کردووە. لە درێژەی ئەم باسەدا دێینەوە سەر ئامرازە ئۆنلاینەکان.

چەند نموونەیەکی پڕکار لە ڕاپرسیدا:

پرسیارە نا و بەڵێیەکان:

ئاسانترین شێوازی ڕاپرسی ئەوەیە، پرسیارەکان وا ڕێک بخرێن کە وەڵامیان بە بەڵێ یان نا بدرێنەوە. ئەم شێوازە زۆرتر بۆ ئەو کاتانەیە کە  پرسیارەکان یان ئەو خەڵکەی پرسیاریان لێ دەکرێ، زۆر بن. بەڵام ئەم شێوەیە ناتوانێ زانیاریی زۆر و وردمان بۆ لە کەسەکان بەدەست بێنێ. بەناوبانگترین نموونەی ئەم شێوازە لە ئێراندا و ڕاپرسییەکەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ بوو.

وەڵام بە ژمارە

لەم شێوازەدا، لە خەڵک دەپرسرێ ئەندازەی دژایەتی، یان هاودەنگبوونی خۆیان بە ژمارەیەک، لە یەکەوە تا پێنج یان دە، یان هەر ژمارەیەکی تر دەستنیشان بکا. ئەم شێوە ڕاپرسییە زۆرتر سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێ و زانیاریی وردتر و زیاتر دەخاتە بەر دەست. لەم شێوازەدا پرسیارەکان نابێ زۆر بن. نموونە هەرە ئاشناکەی ئەم شێوازە، پرسیاری پزیشک لە نەساغە، کاتێک دەپرسێ ئازارەکەت لە نێوان یەک تا دە، چەندە؟ وەڵامی نەسا‌غ لەم شێوازەدا، یارمەتییەکی زۆری پزیشک دەدا کە چ دەرمانێکی بۆ بنووسێ.

وەڵامی سەربەخۆ

ئەم شێوە زۆرتر لە بابەتگەلی پسپۆڕانەدا بەکار دەهێنرێ و خەڵکی تایبەت و زانای خۆی دەوێ. لەم شێوازەدا داوا لە کەسەکان دەکرێ کە وەڵامی خۆیان بە وشەیەک، یان ڕستەیەکی درێژ بنووسن یان بڵێن. ئەم شێوازە، زانیاریی گەلێک گرنگمان بۆ بەرهەم دێنێ، بەڵام نابێ پرسیارەکان زۆر بن. دەکرێ گفتوگۆ تەلەڤزیۆنییەکان، چ لەگەڵ کارناسەکان و چ خەڵکی ئاسایی، بە نموونە بهێنرێنەوە.

بابەتەکان و كاندیده‌كان

لەم شێوازەدا داوا لە خەڵک دەکرێ کە كاندید، یان بابەتی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن. خۆشه‌ویستترین نموونە لەم بارەوە، هەڵبژاردن و ڕاپرسییەکانی بەر لە دەنگدانە. ئەم شێوە ڕاپرسییە دەتوانێ لە گەلێک ڕووی تریشەوە ئه‌وله‌وییا‌ته‌کانی كه‌مپه‌ینێكی مەدەنی لە چاوی خەڵکەوە پێشان بدا.

نامیلکە و جاڕنامە

بڵاوکردنەوەی نامیلکە یان شه‌ونامە [بڵاوكراوه‌ی شه‌وانه‌]، بەپێی ئەو کۆمەڵگه‌یەی تێیدا دەژین، دەکرێ جیاواز یان تەنانەت مەترسیدار بن. بەڵام لە جیهانی ئەمڕۆدا، تەنانەت لە داخراوترین کۆمەڵگه‌کانیشدا، دەکرێ نامیلکە و شه‌ونامەکان بە شێوەی ئۆنلاین بڵاو بکرێنەوە کە بۆ پاراستنی پێناسەی چالاكوانان، پێویست بە تەگبیرە ئاسایشییەکانی تایبەت دەکا. لە درێژەی ئەم باسەدا ئەوەیشیان دەخەینە بەرچاو. وتارە نووسراوەکان هەمیشە بە تێفکرین و قووڵبوونەوە و خستنەبەرچاوی ژمارە و ئامارە وردەکان کاریگەرییەکی قووڵ دەخەنە سەر زەینی خەڵک و بۆیە بە یەکێک لە ئامرازه‌ هەرە گرنگەکان دەژمێردرێن. بەتایبەت کاتێ ئامانجمان ململانێ لە دژی گەندەڵی و داماڵینی پەردە لە ڕوخساری بەرپرسەکان بێت، کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوەی فایلێکی بەڵگەدار لەمەڕ هەڵەی گەندەڵکاران یان ڕێکخراوێکی گەندەڵ، کاریگەرییەکی زۆری دەبێ. گەلێک نموونە لە سەرانسەری دنیادا هەن کە سەرکەوتووترینیان بریتین لە "مێزالێندو" (پڕۆژه‌ی دیدەوانیی گۆڕانکارییەکانی په‌رلەمانی کێنیا) و بزووتنەوەی "ئادیۆپیزۆ" (وەرگرتنەوەی سیسیل لە مافیا) سوودیان لێ وەرگیراوە. لە بزووتنەوەی ئادیۆپیزۆدا، کە وێنەی ڕابەرەکانی لە خوارەوە دەبینن، چالاکوانە مەدەنییەکان بۆ لەناوبردنی کردارە نایاسایی و باجگیرییەکانی مافیا، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی شه‌ونامە و نامیلکە کرد و هەموو شتێکیان ئاشکرا کرد. ئەم دوو بزووتنەوەیە بەم شێوازەوە خەڵکێکی زۆریان بۆ خۆپێشاندانەکانی دژ بە مافیا هێنایە سەر شەقام.

وتارە ئامادەکراوەکان بۆ نامیلکەیەک، دەکرێ بە شێوەی گۆڤارێکی ژێرزەمینی یان ئۆنلاین بڵاو بکرێنەوە. چالاکوانەکانی ئەم بوارە دەتوانن داوای بابەت لە بینەر و خوێنەرانی خۆیان بکەن تا په‌ره‌ بە بەشداربوونی مەدەنی بده‌ن و به‌رده‌وامیی بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ونامه‌ یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌. بڵاوکردنەوەی بابەتی چەندمیدیایی لە فەزای ئۆنلایندا کارێکی ئاسانە و وێنە و ڤیدیۆی هاووڵاتیان ڕەنگوڕوویەکی تر بە نامیلکەکان دەدا و زۆرتر سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێ.

لە گشت چالاکییە مەدەنییەکاندا بەشداریپێکردن و پێوەندیگرتن لەگەڵ بەربێژدا گرنگییەکی زۆری هەیە و، ناکرێ بێ لە بەرچاوگرتنی ئەوان چاوەڕێی سەرکەوتن یان هیچ گۆڕانکارییەکمان هەبێ. بەشداریپێکردنی هاووڵاتیان لە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری کاغەزی، یان ئۆنلاین لەمەڕ هەر بابەتێک کە پێیان گرنگە، هەم هاووڵاتیان لە کێشەکە ئاگادار دەکا و هەم خەڵکێکی زۆرتر دەخاتە گەڕ.

دیوارنووسین (گرافیتی)

هەرچەند لە سەرانسەری دنیادا هونەرمەندی دیوارنووس هەن کە لەسەر داخوازیی بەرپرسەکان و لە پێناو جوانکردنی فەزای شاردا دیوارەکانی شار دەنەخشێنن، بەڵام ئەم کارە لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا نایاسایییە. بەڵام دیوارنووسین لە لایەکی ترەوە هەمیشە بە وێنەی ئامرازێکی کارامە لە چالاکییە مەدەنییەکاندا بەکار هێنراوە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دید و تێڕوانینی هاووڵاتیان هەبووە و هەیە.

دەکرێ بە دیوارنووسین، بەتایبەت لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا، پەیامێک لە فۆرمێکی هونەری و قووڵدا بە خەڵک ڕابگەیەنرێ و زۆربەی جارانیش کاردانەوەیەکی ئەرێنیی بەدوادا هاتووە. "بێنکسی" بەناوبانگترین دیوارنووسی دنیایە کە بەرهەمە هزری و ڕەخنەیییەکانی، سەرنجی زۆربەی خەڵکی لە سەرانسەری دنیادا ڕاکێشاوە.

گفتوگۆی ڕووبەڕوو

ئەم شێوازە هەرچەند هێواش و درێژخایەنە بەڵام گەلێک کارایە. مرۆڤەکان بایەخێکی کەم بە گفتوگۆیەکی دروست و لۆژیکی دەدەن. گفتوگۆی ڕووبەڕوو لە ئاگادارکردنەوەی خەڵک لەمەڕ ئەو بابەتە گرنگانەی ژیانیان خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیان، شێوازێکی گەلێک کارامە و گرنگە. شوێنی گفتوگۆی لەم چەشنە، بەپێی بابەت و خەڵکی بەربێژ [موخاته‌ب]، بەئاسانی دەکرێ هەڵبژێردرێ.

لە بەکارهێنانی ئەم شێوازەدا، دەبێ هەمیشە لەبیرمان بێ کە ڕێز لە حەریمی تایبەتیی بەربێژ و ویستی ئەو کەسانە بگرین کە نایانەوێ لە گفتوگۆکەدا بەشدار بن. زۆر جار دەکرێ سەرنجی کەسی بەربێژ بۆ کێشەکە ڕاکێشرێ و داوای لێ بکرێ هەر بەو شێوەیە کە خۆی هەواڵەکەی بیستووە، دۆست و ئاشناکانی لە کێشەکە ئاگادار بکاته‌وه‌. بابەتێکی گرنگ، کە کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک هەبێ و بشاردرێتەوە، کاریگەرییەکی خێراتر دەخاتە سەر ئاگادارکردنەوە و، مقۆمقۆی زانیارییەکانیش خەڵکێکی زۆرتر لە هەواڵەکە ئاگادار دەکا.

چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکان، چ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و چ خەڵکی ئاساییدا، نموونەیەکی باشی ئەم شێوازەن کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ دەخەنە سەر زەینی بینەر.

ئامێرە مەجازییەکان

دنیای مەجازی توانایی [قه‌باره‌]یه‌كی بێکۆتای خستووەتە بەر دەمی چالاکوانانی مەدەنی. بەکارهێنانی دروست و متمانەپێکراوی ئەم ئامێرانە، دەتوانێ کاریگەرییەکی بێهاوتای هەبێ. بەڵام کلیلی سەرکەوتن، متمانەکردنی بەکارهێنەرە لەم ئامرازانە. چونکە سەرەڕای کاریگەربوونیان، کەشفکردنی کەسایەتیی چالاکوانەکان لەم شێوازەدا کارێکی ئاسانە و لە کۆمەڵگه داخراوەکاندا دەبێتە هۆی کێشە و گرفتێکی زۆر بۆ چالاکوانەکان.

لەبیرتان نەچێ لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئۆنلایندا، شوێنی خۆتان خامۆش بکەن. دۆزینەوەی ئێوە، لە کاتێکدا کە شوێنی بەشداریکردنتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان یان بەرنامە پەیامگه‌یه‌نه‌ره‌کاندا ڕۆشن بێت، بۆ هێزە ئەمنییەکان کارێکی ئاسانە. ڕێگەیەکی تر بەکارهێنانی "ڤی. پی. ئێن"ە بۆ لەخشتەبردنی ئەدرێسە مەجازییەکان کە لە درێژەی ئەم بابەتەدا باسی دەکەین. ئەو ئامرازانەی لێرەدا دەیانناسێنین، ئەمینترین بەرنامە و تۆڕە ئۆنلاینەکانن کە پاراستنی کەسایەتیی بەکارهێنەر بەهه‌ند وەردەگرن.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

بەربڵاوترین دیاردەی دنیای ئینتەرنێت، پێوەندیی دووراودووری خەڵکە لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خستنەبەرچاوی ئەزموونە تاکەکەسییەکانە لە گشت سووچێکی دنیادا. ئەم تۆڕانە هێندە لایەنگیریان هەیه‌ کە هەر بزووتنەوەیەکی مەدەنی، بیەوێ و نەیەوێ، ناچار سوودی لێ وەردەگرێ تا پەیامەکانی خۆی بە شێوەیەکی کارا بگەیەنێتە بەربێژەکانی. بە دیدێکی ڕەشبینانەوە، ڕەنگە بتوانین بڵێین ئامادەنەبوونی سەرکەوتووانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستی بزووتنەوە مەدەنییەکان. لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنانی دروست و هەمەلایەنەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتییەکی زۆر لە گەیاندنی پەیام و ئاگادارکردنەوە و بانگهێشتکردنی خەڵک دەخاتە بەر دەم چالاکوانە مەدەنییەکان.

باوترین و دڵنیاترین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە:

فەیسبووک: فەیسبووک پڕکاربەرترین تۆڕی کۆمەڵایەتییە و گەلێک هەل و دەرفەت بۆ کاربەران دەڕەخسێنێ. بەکارهێنانی فەیسبووک بە شێوەی شاراوە یان گشتی، گەلێک بەسوودە و لەم ڕێگەیەوە دەکرێ پەیامەکان بۆ ماوەیەکی زۆر بخرێنە بەرچاوی ئەندامان و لایەنگیران.

هەلێکی تر لە فەیسبووکدا، ئەنجامدانی ڕاپرسییە کە پێشتر ئاماژەمان بە سوود و شێوازەکانی کردووە. بەشی "یادداشت"ی فەیسبووکیش دەرفەتی ئه‌رشیڤکردنی وتار و فایلەکان بۆ گرووپ دەڕەخسێنێ. دوا خاڵی جێی ئاماژە لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییەدا، بەشی پەیامناردنە کە بەرنامەیەکی جێی متمانەیە بۆ چاتکردن.

تویتەر: گرنگترین تایبەتمەندیی تویتەر، خێراییی گواستنەوەی زانیارییەکانە کە دەتوانین بە بڵاوکەرەوەی زیندووی زانیارییەکانی دابنێین. زۆربەی بزووتنەوە مەدەنییەکانی ئەم دوایییە، بەتایبەت "بەهاری عەرەبی"، بە سوودوەرگرتن لەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە خۆیان ڕێک خست و خۆپێشاندان و کۆبوونەوەکانیان لەوێدا ئەنجام دا و دەنگ و هەواڵەکانی خۆیان بە گوێی دنیا گەیاند.

ئینستاگرام: ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانترین تۆڕی هاووڵاتیان و وێنەگر و ڕۆژنامەنووسانە کە وێنە و هەواڵەکانی خۆیان لە کەمترین ماوەدا و لە ڕێی هاشتاگەوە دەگەیەنێتە هەموو لایەک.

پرۆگرامە پەیامگه‌یه‌نەرەکان

پرۆگرامە پەیامگه‌یه‌نەرەکان لە حکوومەتێکی سەرەڕۆدا، لەوانەیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش گرنگتر بن. چونکە ئەم پرۆگرامانە پێناسەی کەسەکان دەپارێزن و خێراترین شێوازی گەیاندنی زانیارییەکانن. لە کورتەپەیامەکانی مۆبایلەوە بگرە تا مەسێجی فەیسبووک، گشتیان ڕێگەی پێوەندیکردنی چاک و بەکارن، بەڵام ڕاددەی متمانەپێکردنیان جیاوازە. دەبێ لە هەڵبژاردنی پەیامگه‌یه‌نەردا فەرامۆش نەکەین، پرۆگرامێک هەڵبژێرین کە پەیامەکان کۆدبەندی دەکا. کۆدبەندیی پەیامەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەیامەکان بەس لەسەر مۆبایلی بەڕێکەر و وەرگر ببینرێن. لە ئاکامدا، تەنانەت ئەگەر هاکەر یان بەرپرسەکانی حکوومەت دەست بەسەر مۆبایلەکاندا بگرن یان هاکیان بکەن، ناتوانن پەیامەکان ببینن و بخوێننەوە.

بەشێک لە متمانەپێکراوترینی ئەو پرۆگرامانەی پەیامەکان کۆدبەندی دەکەن بریتین لە:

واتساپ: یەکێک لە کۆنترین و پڕلایەنگرترین پرۆگرامی پەیامگه‌یه‌نەرە، کە ڕاددەی متمانپێکردنێکی زۆری هەیە. ئەم پرۆگرامە هیچ ڕێکلامێک بڵاو ناکەتەوە و دەرفەتی ناردنی دەق، وێنە و ڤیدیۆ بۆ کاربەران دەڕەخسێنێ. "جان کۆن" دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری واتساپ پەنابەرێکی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتە کە لە ئەمریکا دەژی و ئامانجی لە داهێنانی ئەم پرۆگرامە، دۆزینەوەی ڕێگەیەک بوو بۆ پەیوەندییە خۆڕایییەکان لە سەرانسەری دنیادا.

تێلیگرام: نەرمئامێرێکی متمانەپێکراوە و لە لایەن کەسانێکەوە داهێنراوە کە بە دوای ڕێگەپەیوەندییەکی دڵنیا و جێمتمانەی دوور لە چاوی پووتین بوون. باشییەکەی ئەم پرۆگرامە، ڕەخساندنی هەلە بۆ گرووپەکان کە هاوکات لەگەڵ سەدان یان هەزاران کاربەردا بکەونە پێوەندی و گۆڕینەوەی هەواڵ و زانیارییەکان. سازێنەری تێلێگرام "پاڤێل دۆرف" یەکێک لە ڕەخنەگرانی پووتینە و تێلێگرامی لە پێناو پاراستنی کەسایەتسی کاربەران لە بەرامبەر حکوومەتە سەرەڕۆکان داهێناوە و بەڕێوەی دەبا. دۆرۆف بە هۆی چالاکییە ڕەخنەییسەکانی دژ بە پووتین، ناچار بوو ڕووسیا بەجێ بهێڵێ و ئێستا دانیشتووی وڵاتێکی بچووکە لە دەریای کاراییب.

سیگنال: دەتوانین بڵێین دڵنیاترین پەیامگه‌یه‌نەر و بەربڵاوترین بەرنامەی هاکەرەکانە. سیگنال لە کاتی ناردنی پەیامەکاندا سوود لە کۆدبەندیی سوپایی وەردەگرێ و دایمە سوپایەک لە بەرنامەنووسی خۆبەخش خەریکی چاکترکردنی تایبەتمەندییەکانی متمانەپێکردنن. سازێنەر و بەڕێوەبەری ئەم پرۆگرامەیش ڕێکخراوێکی خۆبەخش و ناحکوومییە.

کەرستەکانی تری ئۆنلاین

دنیای مەجازی جگە لە ئامرازە باسکراوەکانی سەرەوە، گەلێک ئامرازی نوێتری هەن کە دەتوانن بەو ئامرازانەوە سەرنجی خەڵکێکی زۆرتر ڕاکێشن. تایبەتمەندییەکی تری ئەم ئامرازانە لە کۆمەڵگە سەرکوتکراوەکاندا ئەوەیە کە، دەتوانن فایلە بچووکە دەنگی و وێنەیییەکان بە شێوەی ئۆنلاین یا ئۆفلاین بڵاو بکەنەوە.

چەند نموونەیەک لەم ئامرازانە:

ئینۆگرافیک: لە دنیای ئەمڕۆدا ڕانانی ئامار و زانیارییەکان بە شێوەیەکی پوخت و ڕاشکاو، گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەگەر لە گواستنەوەی ئەم زانیارییانەدا بەس جەخت بخرێتە سەر شێوازە کۆنەکەی زانیارییەکان لە وتارێکدا، لەوانەیە سەرنجی خوێنەر یان بینەر ڕانەکێشێ یان هەر بەسەریدا باز بدا. بە سوودوەرگرتن لە ئینۆگرافیک دەتوانین زانیارییە ئاڵۆز و درێژخایەنەکان بە خشته‌ و وێنە سەرنجڕاکێشەکانەوە بخرێنە بەرچاو.

پادێکست: ئامرازێکی ترە بۆ ناردنی فایلە دەنگییەکان. پادێکست دەرفەتی ئەوە بە چالاکوانان دەدا کە بابەتەکانی خۆیان بە شێوەی کورتەفایلی دەنگی بۆ ئەو کەسانە بنێرن کە کاراترین و ئاسانترین شێوازیان بیستنی پەیامەکانە. شوفێرەکان، وەرزشکارەکان، کارمەندەکان، کرێکاران و خەڵکێکی زۆر پێیان باشترە سوود لە کاتەکانی بێکاریی خۆیان وەرگرن و بە گوێگرتن لە بەرنامە یان ئەو ڕاپۆرتانەی حەزیان لێیە، زانیاریی زیاتر بەدەست بێنن.

وێبینار و پۆل: کاتێک زۆربەی وانە و باس و بابەتەکان لە زانکۆکاندا ناگوترێنەوە، چالاکوانە مەدەنییەکان دەتوانن سوود لە وێبینار و پۆلە ئۆنلاینەکان وەرگرن و بە یارمەتیی کارناسە پسپۆڕەکان، بە گشت بابەتێکدا بچنەوە. ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە کە خەڵێکی زۆر ڕوو لە پۆلی لەم چەشنە دەکەن و تەنانەت دەتوانن دوای چەندین ساڵ سەردانی شوێنی وا بکەن. بۆ بڵاوکردنەوەی فیلمی لەم چەشنە، دەکرێ سوود لە یۆتیۆب یان پرۆگرامە پەیامگه‌یه‌نەرەکانی وەک تێلیگرام وەرگرن.

ڕێنوێنییە گرنگەکان

هەروەکوو پێشتر باسمان کرد، پاراستنی ناسنامه‌ لە فەزای مەجازیدا گرنگییەکی زۆری بۆ مانەوەی چالاکییەکانی کەس یان گرووپەکان هەیە. بە ئاشکرابوونی ئیمه‌یلێک، خاوەنەکەی دەناسرێتەوە و ناسنامه‌ی خۆی و دۆستی دۆستەکانیشی ئاشکرا دەبێ. بۆ پێشگیری لە ڕووداوی لەم چەشنە، دەبێ زووتر بیری لێ بکرێتەوە و هێندە بەوریایی بجووڵێینەوە کە خۆمان و دەوروبەر و گرووپەکەمان نەکەونە ژێر کۆنترۆڵ و گوشار. لە درێژەدا ئاماژە بە چەند ڕیکارێکی گرنگی ئەم بابەتە دەکەین. بۆ شرۆڤەیەکی تێروتەسەلی ئەم بابەتە پێویستمان بە کات و نووسراوێکی ترە.

ئیمه‌یلی جۆراوجۆر: دەبێ هەر کەسێک چەند ئیمه‌یلی جۆراوجۆری هەبێ و کار و ژیانی تاکەکەسیی خۆی لە چالاکییە مەدەنییەکانی جیا بکاتەوە. هەروەها بۆ ڕێكخستنی تۆڕێکی کۆمەڵایەتی، پێویست بە چەندین ئیمه‌یلی جیاواز دەکا کە لە کاتی تەنگانە یان ئاشکرابوونی کەسێک، گشت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە نەکەوێتە بەر هێرشی هاکەرەکان. "جیمه‌یل"، "هاتمه‌یل" و "ئاوتلۆک" متمانەپێکراوترین ئیمه‌یلن کە پێناسەی بەکارهێنەر (مەگەر بە ویست و حەزی خۆی) ناخەنە بەر دەستی کەسی سێیەم.

پاسوۆردی دووقوناغی و گۆڕانی بەردەوام: پاسوۆرد دەبێ هەر سێ مانگ جارێک بگۆڕدرێ و تا دەکرێ بە شێوەی دووقۆناغی بێت تا هاکەرەکان نەتوانن لە ڕێگەی دوورەوە پەلاماری بەرنامە و ئیمه‌یلەکان بدەن. خزمەتگوزاریی گووگڵ ئاسانترین هەڵبژاردەیە، کە لە هەر شوێنێک و بە هەر ئامڕازێکی ترەوە داوای چوونەژوورەوە بکرێ، لە کاربەر دەپرسێ ئایا خۆی داوای چوونەژوورەوە دەکا یان پرۆسەی چوونەژوورەوە ڕابگرێ؟ پرۆگرامێکی سوودمەندی تر "گووگڵ ئاتنتیکتەر"ە کە بەخۆڕایییە و لە ئاپستۆر و گووگڵپلەیدا دادەبەزرێنرێن.

ڤی پی ئێن: جگە لە سوودە بێهاوتاکانی ڤی پی ئێن لە بازدان بەسەر فیلتەرەکاندا، بەکارهێنانی ڤی پی ئێن دەرفەتێک بۆ کاربەران دەڕەخسێنێ کە ئەدرێسە مەجازییەکەیان بگۆڕن تا شوێنپێیان بە هیچ شێوەیەک هەڵنەگیرێ. باشترین ڤی پی ئێنی خۆڕایی "ئۆپێرا"یە، کە سێرڤەری لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور هەیە و لە کاتی بەکارهێناندا دەکەوێتە گەڕ و ئەدرێسە مەجازییەکانی کاربەر دەشارێتەوە.

ژنە ئەڵمانییەکان لە ١٩٤٣دا سەلماندیان کە دەکرێ بە ئامرازی مەدەنییەوە پێش بە دڕندەترین حکوومەتەکان و لەوپەڕی دەسەڵاتیاندا بگیردرێ. ئەگەر ئازایەتیی ئەوان نەبا، ئێمە نازانین چەند بێتاوانی تر دەکەوتنە نێو لیستی قوربانیانی "هۆلۆکۆست" و بەر ستەمی نازییەکان. ئەوە ئازایەتیی ئەوان بوو کە ئەو هەموو پیاوەیان، بە ڕێخستنی خۆپێشاندانێک دژ بە نازییەکان، لە ئاگری کوورەی مرۆڤسووتاندن ڕزگار کرد. "مارگرێت ڤۆن ترۆتا" بۆ ڕێزلێنان لەم ڕووداوە مێژوویییە، فیلمێکی بە Rosenstrasse لە ساڵی ٢٠٠٣دا بەرهەم هێنا. حکوومەتی ئەڵمانیایش چیرۆکی ئەم ئازایەتییەی خستووەتە نێو کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانە، تا قوتابیان بزانن ئامرازی مەدەنی، تەنانەت لە قورسترین هەلومەرجەکانیشدا، کاریگەریی خۆیان هەیە و دەتوانن گۆڕانکاریی گەورە بەدی بهێنن.

 

 

سەرچاوە: https://iranwire.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر دوو شەممە, 11 ئازار 2019 13:22