منداڵانی بێبه‌ری له‌ منداڵی

وتووێژ له‌گه‌ڵ دکتۆر برۆنۆ بێتڵهایم

وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کیشوەر پیرۆتی

 

ناساندن
دکتۆر برۆنۆ بێتڵهایم، یه‌کێکه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ده‌روونشیکارانی منداڵان له‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا و یه‌کێکه‌ له‌ دوایین قوتابییه‌کانی زیگمۆند فرۆید، که‌ هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌ و ٨٥ ساڵ له‌مەو بەر له‌ ڤییه‌ننا له‌دایک بووە.

بڕۆنۆ بێتڵهایم ساڵی ١٩٣٨ له‌ لایه‌ن نازییه‌کانه‌وه‌ ده‌ستگیر کرا و ساڵانی جه‌نگی جیهانیی دووه‌م له‌ کەمپه‌کانی مه‌رگ (سه‌ره‌تا له‌ "داخۆ" و پاشان له‌ "بوخن واڵد")دا ژیانی به‌سه‌ر برد و پاش ئه‌وه‌ی که‌ له‌ دیلایه‌تیی ئا‌ڵمانییه‌کان ڕزگاری بوو، ساڵی ١٩٤٤ بەرەو ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کۆچی کرد و بوو به‌ هاووڵاوتیی ئه‌و وڵاته‌.

دکتۆر برۆنۆ بێتڵهایم لە ‌٤٠ ساڵ له‌مه‌و ‌به‌ره‌وه تاکوو ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی قوتابخانه‌ی Orthogenlqueی شیکاگۆی له‌ ئه‌ستۆدایه‌ و له‌و ماوه‌یه‌دا توێژینه‌وه‌ی زۆر به‌نرخی له‌سه‌ر منداڵانیAutistique  (خۆگەرا، ئۆتیست) کردووە.

برۆنۆ بێتڵهایم له‌ دوایین به‌رهه‌می خۆیدا بە ناوی "بۆ ئه‌وه‌ی که‌ دایک و باوکێکی په‌سند بین" که‌ سه‌رناوه‌ لاوه‌کییه‌که‌ی "ده‌روونشیکاریی یاری"یه‌، هه‌وڵی داوه‌ تا به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونە دوورودرێژه‌که‌ی خۆی، کێشه‌ و گرفتی پێوه‌ندییه‌کانی دایک و باوک و منداڵانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ تاوتوێ بکات. 

کتێبەکە له‌ لایه‌ن دەزگه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی "ڕوبێر لافۆن"ەوە چاپ و بڵاو کرا‌وەتەوە‌.

ئه‌مه‌ وه‌رگێڕانی وتووێژێکه،‌ که‌ کاتی خۆی، به‌ بۆنه‌ی چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئەو کتێبەوە‌ له‌گه‌ڵ دکتۆر برۆنۆ بێتڵهایم ئه‌نجام دراوه‌.

                                          **********‌

 ـــ دکتۆر بڕۆنۆ بێتڵهایم، به‌ باوه‌ڕی ئێوه‌ دایک و باوکی ئێستا له‌باره‌ی شێوازی په‌روه‌رده‌کردنی منداڵەکانیانەوە تاکوو ڕادده‌یه‌ک داماو نین؟

ـــ له‌ ڕاستیدا به‌ باوه‌ڕی من خێزانه ئه‌مڕۆیییەکان له‌ نائه‌منیدا په‌له‌قاژه‌یانه‌. ئاڵوگۆڕه‌کان ئه‌وه‌نده‌ جۆراوجۆر و پێشبینینه‌کراون، هه‌ر باسی مه‌که‌. بۆ نموونه،‌ کارکردنی دایک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌وه، به‌ڕاستی مرۆڤ نازانێ چی له‌ منداڵه‌که‌ی بکا. له‌ فەڕەنسا باخچه‌ی منداڵان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و شوێنانە‌ ناتوانن جێی مه‌کۆی خێزان پڕ بکه‌نه‌وه‌. سەرباری ئه‌مه‌یش، مرۆڤ پێی وایه‌ ده‌بێ له‌نێو خێزاندا هه‌موو کاروباره‌کان به‌نه‌رمی و هێمنی بێنه‌ ئاراوه، هه‌ڵه‌که‌ ئا‌ لێره‌دایه‌!

ـــ له ‌ڕاستیدا ده‌تانه‌وێ بڵێن، خێزان باشترین شوێنه‌ بۆ پێکه‌وه‌دووان و کێشمه‌کێشه‌کان؟

ـــ به‌ په‌ندێکی کۆنی چینی وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌تان ده‌ده‌مه‌وه‌، که‌ زۆریشم خۆش ده‌وێ: "هیچ خێزانێک ناتوانێ بڵێ، ئێمه‌ هیچ گرفتێکمان نییه.‌"

ــــ ئه‌م بابه‌ته‌ ڕه‌نگه‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک بێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دایک و باوکه‌کان زیاتر په‌نا بۆ ده‌رونشیکاره‌کان ده‌به‌ن؟

ـــ به‌ڵێ، ئه‌وان خۆیان به‌ داماو ده‌زانن، به‌ڵام چوون بۆ لای پسپۆڕه‌کان نه‌ یه‌که‌م و نه‌ باشترین ڕێگه‌چاره‌یه‌. که‌ منداڵ بووم زۆر نه‌خۆش ده‌که‌وتم. هه‌موو ساڵێ دوو سێ مانگم له‌ ماڵه‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌برد. دایکم زۆرم پێ ڕاده‌گه‌یشت. هه‌ر بۆیه‌ پێوه‌ندییه‌کی زۆر پته‌وم له‌گه‌ڵ دایکمدا هه‌بوو. هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ باوکیشم، که‌ نه‌خۆشییه‌که‌م لێ سه‌خت ده‌بوو، زۆر له‌ لام ده‌ماوه‌. دایک و باوکم ئه‌منییه‌تێکی زۆریان بۆ دابین ده‌کردم. من ده‌مزانی که‌ ده‌توانم پشتیان پێ ببه‌ستم، هه‌ر ئه‌م بابه‌ته ‌له‌ ته‌واوی ژیانمدا زۆر به‌کارم هاتووه‌.

ــــ ئه‌م بابه‌ته‌ هی ئەو سه‌رده‌مانەیە‌ که‌ خه‌ڵک زۆر باوه‌ڕمه‌ند بوون، به‌ڵام ئێستا مرۆڤه‌کان له‌ گوماندا به‌سه‌ر ده‌به‌ن!

ــــ هه‌ر بۆیه‌ ده‌ڵێم، زۆر گرینگه‌ منداڵان به ‌جۆرێک بتوانن پشت به‌ دایک و باوکیان ببه‌ستن، چونکه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ منداڵان له‌ده‌ست ده‌چن.

ــ که‌واته‌ منداڵبوون له ‌سه‌رده‌می ئێمه‌دا دژواره‌؟

ـــ ئۆی‌، دەمخۆش! له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، بابه‌تەکە له‌نێوچوونی منداڵیێتی منداڵانی بێبه‌ری له‌ منداڵییه‌، که‌ له‌ بەرهەمەیلی ئەم دوایییانەدا باسی له‌سه‌ر کراوه‌ و درک بەم مه‌سه‌له‌یه‌‌ ده‌کرێت. ئەو دایک و باوکەی له‌ یه‌کتر جودا بوونه‌ته‌وه‌، به‌ر له‌ هه‌موو شتێک پێیان خۆشه‌ منداڵه‌کانیان له‌و کاره‌ی ئه‌وان تێ بگه‌ن؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یشە بارودۆخی خۆیانیان بۆ ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌.

ـــ له‌مه‌و بەر نه‌یانده‌هێشت منداڵان ئاگایان له‌ کێشه‌ و گرفتی دایک و باوکیان بێت؟

ــ ڕاست وایه‌، پاشان منداڵ له‌ ڕێگه‌ی تەلەڤزیۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ته‌واوی کێشه‌ و گرفته‌ ناخۆشه‌کانی دنیا ئاشنا ده‌بێت، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی ئیزنی په‌ڕینه‌وه‌ له‌ شه‌قامی پێ بدرێت و گۆڕانکاریی دیکەیش زۆرن. منداڵ به‌ جۆرێکی دیکه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌کان قسه‌ ده‌کات، که‌ پێشتر وا نه‌بوو و، گه‌وره‌یش زیاتر وه‌ک منداڵ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات، وه‌کوو منداڵ جلوبه‌رگ ده‌پۆشێ و ـــ كابۆ لەم وڵاته‌ سه‌ره‌تا جلی منداڵ بووـــ زیاتر ئه‌و یارییانە‌ ده‌کات که‌ منداڵ ده‌یانکات. سه‌رنج بده‌نه‌ که‌سه‌ به‌ته‌مه‌نه‌کان: ڕه‌فتارێکی گه‌نجانەتریان هه‌یه‌ لەچاو جاران. له‌ ڕاستیدا هه‌مووان ده‌یانه‌وێ گه‌نج بن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا چاویان لەوەیە منداڵ وه‌کوو که‌سێکی گه‌وره‌ ڕه‌فتار بکات.

ـــ منداڵان ده‌نێرنه‌ لای ده‌روونشیکار...

ـــ تاکوو ماوه‌یه‌ک له‌مەو بەر، به‌هه‌ڵکه‌وت هەڵده‌که‌وت منداڵێک بچێت بۆ لای ده‌روونشیکار. له ‌ڕاستیدا من یه‌کێک بووم له‌و یه‌که‌م که‌سانه‌ی که‌ ده‌روونشیکاریی منداڵانم به‌کار هێنا. فرۆید بۆ خۆی قه‌ت بیری له‌م بابه‌ته‌ نه‌کرده‌وه‌؛ ڕه‌نگه‌ ئه‌و قه‌ت قبووڵی نه‌کردبێت که‌ کچه‌که‌ی ده‌روونشیکاریی بۆ بکرێت. ئه‌گه‌ باش له‌بیرتان بێت، فرۆید به‌ڕاستی کچۆڵه‌یه‌کی چاک کرده‌وه‌، به‌ڵام به‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ باوکی، نه‌ک لەگەڵ کچۆڵه‌که‌. له ‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ باوکه‌که‌ بوو که‌ کچۆڵه‌که‌ی چاک کرده‌وه‌. پێوه‌ندیی نێوان باوک و منداڵ زۆر به‌هێزتره‌ له‌ پێوه‌ندیی نێوان منداڵ لەگەڵ پسپۆڕێک ـــ هه‌رچه‌نده‌ ئاوارتەیش‌ بێت.

ـــ له‌ سه‌رده‌مانی ئێمه‌دا، منداڵ ده‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی خێزان یارمه‌تی په‌یدا بکات...

ـــ ئه‌وه‌ زۆر جێی داخه‌، چونکه‌ خێزان باشترین شوێنه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشمه‌کێشه‌ ده‌روونییانه‌ی که‌ منداڵ له‌گه‌ڵیان ده‌ژی.

ـــ ئه‌و شته‌ی ئێستا ژیانی منداڵ ئاڵۆز ده‌کات چییه‌؟

ـــ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیدی دانوستانێک له ‌نێوان دایک و باوک و منداڵدا نییه‌. به‌ر له‌ دروستبوونی دڵنیاییی کۆمه‌ڵایه‌تی (بیمەی کۆمەڵایەتی) و مووچه‌ی خانه‌نشینی، تاکه‌ هومێدی دایک و باوک له‌ پیریدا منداڵه‌کانیان بوو، که‌ به‌ هانای دایک و باوکه‌کانیانه‌وه‌ ده‌چوون. که‌واته‌ ئه‌م منداڵانه‌ ئه‌و هه‌موو له‌خۆبردوویی و فیداکارییه‌ی دایک و باوکیان قبووڵ ده‌کرد، چونکه‌ ده‌یانزانی ڕۆژێک قه‌ره‌بووی ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌موویان له‌نێو چوون و هێندێک له‌ منداڵان به‌ڕاستی هه‌ست به‌ خه‌تاباری ده‌که‌ن بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و هه‌موو شته‌ی که‌ قه‌ره‌بووی ناکه‌نه‌وه‌. تووشی به‌عزه‌ منداڵێک هاتووم زۆر سه‌یر ڕقیان له‌ دایک و باوکیان هه‌ڵگرتبوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یش زۆر خراپ له‌گه‌ڵیان ده‌جووڵانه‌وه‌.

ـــ منداڵان که‌ بوون به‌ دایک و باوک، پێیان خۆش نییه‌ دیسان ئه‌و بارودۆخه‌ بخوڵقێننه‌وه‌‌ که‌ بۆ خۆیان تێیدا ژیاون؟

ــــ بابه‌ته‌که‌ هه‌روه‌ک چۆن وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێت، سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه‌. چونکه‌ دایک و باوک، منداڵیی خۆیان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، ئه‌مه‌ زۆر جێی داخه‌، چونکه‌ له‌وانه‌ بوو هێندێک شتی لێ هه‌ڵێنجن که‌ له‌ پەر‌وه‌رده‌کردنی باشتری منداڵه‌کانیاندا یارمه‌تیی دابایەن.

ـــ که‌واته‌ به‌م جۆره‌ ئه‌وان به ‌له‌بیرکردنی بیره‌وه‌ریی منداڵیی خۆیان، ده‌یانه‌وێ چ شتێک فێری منداڵه‌کانیان بکه‌ن؟

ــــ من له‌بیرم دێ پیره‌پیاوێک بۆ جلوبه‌رگدوورین ده‌هات بۆ ماڵمان، دایکم جاروبار‌ دروومانی ده‌کرد. زۆر گرینگه‌ که‌ منداڵ، دایک و باوکی له‌و حاڵه‌تانه‌دا ببینێت، چونکە زۆر سوودی لێ وه‌رده‌گرێت. ئێستا‌ منداڵ زۆر که‌یف به‌وه‌ ناکات که‌ له‌گه‌ڵ دایکی ده‌چێت له‌ دووکانان شت دەکڕێت، ته‌نانه‌ت نازانێ پاره‌ له‌ کوێوه‌ پەیدا دەبێ.

ـــ له‌م لایه‌نه‌وه‌ منداڵ، منداڵیی خۆی له‌بیر کردووه‌...

ــــ هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌. دوو، یان سێ نه‌وه‌ لەمەو بەر منداڵ ئاکاری دایک و باوکیان ڕه‌چاو ده‌کرد. کچۆڵه‌ که‌ ده‌یدیت دایکی به‌ منداڵه‌ ساواکەی‌ ڕاده‌گات، له‌ دایکییه‌وه‌ فێری جووڵه‌ و هه‌ڵسوکه‌وتی دایکانه‌ ده‌بوو. ئه‌مڕۆ دایکه‌ گه‌نجه‌کان هیچ ئه‌زموونێکیان نییه‌ و هه‌ر کە منداڵێکیان ده‌بێ، سه‌ریان لێ ده‌شێوێ. کوڕانی ئێستایش ئیدی کاری باوکیان فێر نابن، چونکه‌ قه‌ت له ‌کاتی کارکردندا باوکیان نابینن. هه‌میشه‌ بیستنی ئه‌و فه‌رمانه‌ی خودا که‌ باسی پێوه‌ندیی نێوان دایک و باوک و منداڵ ده‌کات و ده‌ڵێ: "ئه‌وانتان خۆش بوێت"، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر من هه‌بووه‌. خۆ خودا بۆ خۆی به‌ حیکمه‌تی خۆی ده‌زانێ که‌ ناکرێ بە ئەمر و فەرمان مرۆڤ ناچار بکەی که‌سێکی خۆش بوێت، چونکە خۆشه‌ویستی له‌ ئه‌نجامی چه‌ندین کرده‌وه‌ی به‌رامبه‌ردا دروست ده‌بێت. که‌ کوڕی ئاسنگه‌رێک له‌ کاتی کارکردن به‌ کوتک و سندانەوە چاوی بە باوکی دەکەوت، نه‌یده‌توانی ستایشی نه‌کات و باوکیشی پێویستی به‌و ستایشە هه‌بوو، که‌ نیشانه‌ی ئه‌مه‌گناسی و ڕێزی کوڕه‌که‌ی بوو به‌رامبه‌ر به‌ باوکی. له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پێوه‌ندییه‌وه‌ خۆشه‌ویستی له‌دایک ده‌بوو.

ــــ له‌ پێوه‌ندییه‌کانی نێوان دایک و باوک و منداڵانی سه‌رده‌می ئێمه‌دا،‌ چ شتێک زیاتر له‌ هه‌موو شتێک نیگه‌رانتان ده‌کات؟

ـــ نه‌بوونی ڕێز و حورمه‌ت‌ به‌رامبه‌ر به‌ دایک و باوک. منداڵی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‌ شک له‌ هه‌موو شتێک ده‌کات؛ له‌ دایک و باوکی‌، ته‌نانه‌ت له‌ خۆیشی. هێندێک پرسیار له‌ خۆی ده‌کات، بۆ نموونه‌، دایکان و باوکانی‌ ئه‌مریکی، زۆر گرینگی به‌ سه‌رکه‌وتن له‌ خوێندندا ده‌ده‌ن و هاوکات خۆیشیان و منداڵه‌کانیشیان ده‌که‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی ئه‌و ڕه‌خنه‌ توند و تاڵانه‌وه‌ که‌ ڕاگه‌یاندنه‌ گشتییه‌کان له‌سه‌ر سیسته‌می خوێندن هه‌یانه‌؛ منداڵ له‌ بارودۆخێکی وادا چۆن ده‌توانێ به‌ڕێزه‌وه‌ چاو له‌ خوێندن و قوتابخانه‌که‌ی بکات؟

ـــ ئێوه‌ خۆتان وه‌کوو پیاوێک دێته‌ به‌رچاو که‌ هی سه‌رده‌مێکی دیکه‌یه‌؟

ــ به‌پێکه‌نینه‌وه‌.. هه‌ڵبه‌ت! با ئه‌وه‌یشتان پێ بڵێم، ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ چاره‌سه‌رکردنی منداڵاندا زۆر به‌ کارم هاتووه‌. له‌وه‌ڕا که‌ من ئه‌وروپیم، دیاره‌ هه‌ستیاریی من زۆر جوداوازه‌. کۆمه‌ڵێک بایه‌خ هه‌ن، که‌ به ‌لای منه‌وه‌ زۆر خۆشه‌ویستن و هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌ په‌روه‌رده‌کردنه‌کانمدا بیانگونجێنم و بیانگوازمه‌وه. ده‌زانن که‌ مرۆڤ ناتوانێ منداڵ به‌ بایه‌خه‌ ڕێژه‌یییه‌کان په‌روه‌رده‌ بکات. به ‌ڕای من چەمکی مه‌کۆی خێزان زۆر زۆر زۆر گرینگه‌. ئه‌وه‌ کەشی مه‌کۆی خێزانه‌ که‌ که‌سایه‌تیی منداڵ دروست ده‌کات، له‌ کاتێکدا که‌ دایک و باوک به‌نیسبه‌ت بایه‌خه‌کانی خۆیانه‌وه‌ دڕدۆنگن، منداڵ ئیدی نازانێ که‌ ناسنامه‌ی خۆی به‌ چ شتێک دیاری بکات و ئه‌مه‌ بۆ منداڵ زۆر خراپه‌. من قه‌ت خۆ له‌ دووپاتکردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ناپارێزم، که‌ بڵێم دایک و باوک تووشی هه‌ڵه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ ده‌بن، که‌ پێیان وایه‌ نێو خێزان نابێ هیچ کێشه‌ و گرفتێکی تێدا بێت؛ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ کێشه‌ و گرفته‌ ده‌روونییه‌کانی نێوان دایک و باوک و منداڵان، کێشمه‌کێشێکی زۆر باشه‌ و، منداڵان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان بۆ دەڕەخسێ تاکوو فێری هه‌موو ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ ببن، که‌ له‌ ماوه‌ی ژیانیاندا ده‌بێ تووشیان بن.

ـــ ئێوه‌ پێتان وا نییه‌ کێشه‌ی ئه‌وه‌ی که‌ دایکان و باوکان مه‌سه‌له‌کان قبووڵ ناکه‌ن، هی ئەوەیە که‌ هه‌ر منداڵێک، یان دووانیان هه‌یه‌؟

ـــ دیاره مرۆڤ زۆر شت له‌ منداڵی یه‌که‌مه‌وه‌ فێر ده‌بێت و کاتێک که‌ هه‌ر منداڵێکیشی هه‌یه‌، پێی خۆشه‌ تاقانەکەی زۆر باش بێت و، پێیشی قبووڵ ناکرێت کە منداڵە تاقانەکەی زۆر باش نەبێت، لەبەر ئەوە، خەفەتبار دەبێت و ئازار دەچێژێت.

ـــ مرۆڤ پێی خۆشه‌ منداڵ له‌ هه‌موو لایه‌نێکه‌وه‌ خۆڕێکخه‌ر بێت؟

ـــ دەمخۆش. به‌ڵام سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه،‌ هیچ دایک و باوکێک نادۆزییه‌وه‌، که‌ هه‌ر بیه‌وێ‌ منداڵەکەی ئاسایی و خۆڕێکخه‌ر بێت، به‌ڵکوو ده‌یه‌وێ زۆر زۆر باش بێت. (پێده‌که‌نێت!!) ئه‌مه‌ بیرۆکه‌یه‌کی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره‌، به‌ڵام ده‌بێ ددان به‌وه‌دا بنرێت، که‌ هه‌میشه‌ بەم جۆره‌ نابێت.

ـــ به‌ڕاستی بۆ منداڵ دژواره‌ که‌ ئه‌و حه‌زه‌ی دایک و باوکی به‌جێ بێنێت؟

ــــ ئەی چۆن، بێ گومان. کاتێک که‌ بچکۆڵه بووم، کوڕه‌ پوورێکم هه‌بوو، تووشی شیزۆفێڕنی ببوو. ڕه‌فتارێکی سه‌یری هه‌بوو، به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر سه‌یروسه‌مه‌ره‌ و پێکه‌نیناوی قسه‌ی ده‌کرد، به‌ڵام که‌سێکی مه‌ترسیدار نه‌بوو. که‌ منداڵ بووم زۆر ده‌چووم بۆ لای. کوڕه‌ پووره‌که‌م ٩ خوشک و برای هه‌بوون و من ڕۆژێک له‌ پوورم پرسی، هه‌ستت به‌رامبه‌ر به‌و کوڕه‌ت که‌ ئاوایه،‌ چۆنه‌؟ وه‌ڵامی دامه‌وه‌: "بڕوانە کوڕم! له‌چاو ئه‌وه‌ی که‌ من ١٠ منداڵم هه‌یه‌ و هه‌ر یه‌کیان ئاوایه‌، خراپ نییه‌." ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی پوورم نیشانه‌ی هۆشمه‌ندیی بوو. ئاشکرایه‌ ئێستا که‌ دایک و باوک هه‌ر یه‌ک، یان دوو منداڵیان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر‌ منداڵه‌که‌ ئاسایی نه‌بێت، دایک و باوکەکە له‌پێ ده‌که‌ون.

ــــ مه‌به‌ستتان ئه‌وه‌یه‌ که‌ منداڵانی ئه‌مڕۆیی خه‌مگینترن؟

هه‌میشه‌ منداڵی به‌دبه‌خت هه‌ر بووه. به‌ڵام من پێم وایه‌ له‌ ڕابردوودا، منداڵی، هێنده‌ی ئێستا نهێنیی تێدا نه‌بوو. مرۆڤ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ویست منداڵه‌کانی منداڵانه‌ ڕه‌فتار بکه‌ن و سه‌ره‌ڕۆ نه‌بن. کەچی ئێستا گه‌وره‌کان ئازادیی منداڵه‌کانیان، وه‌کوو پاساوێک بۆ به‌رپرسیارنه‌بوونی خۆیان به‌کار دێنن. دایکان و باوکان ده‌بێ له‌ هه‌مبه‌ر منداڵه‌کانیاندا به‌رپرسیار بن. پێشتر زۆربه‌ی دایک و باوکه‌کان له‌گه‌ڵ منداله‌کانیان پیر ده‌بوون. دایکه‌کان گه‌نجتر بوون و به‌ منداڵه‌ ساواکه‌یانه‌وه‌ ده‌خافڵان. به‌ڵام دایکانی ئه‌مڕۆیی، یه‌که‌م منداڵیان له‌ ته‌مه‌نی ٣٥ ساڵیدا ده‌بێت، که‌ له‌گه‌ڵ زۆر شت ڕانایه‌ن. دایکان و باوکانی ئەمڕۆیی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن منداڵه‌ گه‌نجه‌که‌یان بە شێوەیەکی شیاوتر ڕه‌فتار بکات، که‌ ئه‌وه‌ له‌ توانای ئه‌ودا نییه؛ ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌خته‌، زۆر دژوارە...

ـــ ئێوه‌ له‌ یه‌کێک له‌ به‌شه‌کانی کتێبه‌که‌دا نووسیوتانە، مێرمنداڵی له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌دا زۆر دوورودرێژ بووەته‌وه‌...

ـــ به‌ڵێ. کێشەی کاره‌ساتباری مێرمنداڵان ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئه‌وان خۆیان ناسیوه‌ و کۆمه‌ڵگه‌ وه‌ک مرۆڤێکی ڕه‌سیو سه‌یریان ناکات. زیاتر ئه‌م هۆگرییەیە که‌ بووەته‌ هۆی درێژبوونه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه،‌ که‌ له‌ نێوان منداڵی و گه‌وره‌ییدایه‌ و، به‌ڕاستی نازانن که‌ ده‌بێ له‌گه‌ڵ مێرمنداڵاندا چی بکه‌ن. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مێرمنداڵان به‌ حه‌ز و ویستەکانی خۆیان دەمانترسێنین. ئه‌وان به‌ته‌واوه‌تی هه‌ست بە نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دایک و باوکیان له‌مەڕ خۆیانەوە دەکەن. کەچی تێ ناگه‌ن بۆچی ئه‌وه‌نده‌ نیگه‌رانی دروست ده‌که‌ن. زۆربه‌یان له‌و بارودۆخه‌دا وه‌ک که‌سێکی ته‌وه‌للاکراو (ده‌رکراو) ده‌ژین و زۆر ئازار ده‌کێشن، زۆر زۆر. چەند ساڵێک لەمەو بەر گه‌نجێکی ته‌مه‌ن بیست ساڵان ده‌یتوانی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا جێگە و پێگەیەک بۆ خۆی بدۆزێته‌وه‌. له‌ سه‌رده‌می ئێمه‌دا ئه‌و گەنجە له‌ سی ساڵاندا تازه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌وڵ بدات به‌ گوته‌ی پێشینیان "خۆی کۆ کاته‌وه"؛ به‌ ڕای من ئه‌وه‌ زۆر دره‌نگه‌، زۆر زۆر دره‌نگە.

 

سەرچاوە:

http://www.noormags.ir

مجلەی پیوند ـــ شمارە ١١٢ ـــ صص ٤٤ تا ٤٩ ـــ بهمن ١٣٦٧ خورشیدی.
کودکان بی کودکی؛ مصاحبه شونده : برونو بتلهایم؛ PDF

دواترین دەستکاریکردن لەسەر پێنج شەممە, 14 ئازار 2019 14:47