ساموێل هانتینگتۆن: ئایا وڵاتانی زۆرتر، دەبن بە دیموکراسی؟

ئاڵڤین. ی. سو، ١٩٩٠

وەرگێڕانی: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

هەروەک بەنوئەزیزی کە شیکارییەکی ئاڵۆزی لەبارەی شۆڕشی ئێرانه‌وه‌ خستبووه‌ ڕوو، هانتینگتۆنیش خوێندنەوەیەکی هەمەگیر لەبارەی فاکتەرە جەوهەرییەکانی پەیوەست بە گەشەی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەخاتە ڕوو. لە ساڵانی ١٩٦٠دا، لیپسێت بەخۆشبینییەوە، پابەندی ئەم گریمانه‌یه‌ بوو کە پێشکەوتنی ئابووری دەبێتە هۆی هێنانەدیی دیموکراسی. لە ساڵانی ١٩٧٠دا، شکستی زۆرێک لە ڕژێمە دیموکراسییەکان، بووە هۆی ڕەشبینیی توێژەرانی قوتابخانەی مۆدیرنیزاسیۆن لەبارەی ئاسۆی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا. بە هەر حاڵ، لە ساڵانی ١٩٨٠دا، وەها دەردەکەوت کە سەرلەنوێ ئەم ئاسۆیە ڕووناک بووەتەوە و ئاراستەیەک لە توێژینەوەکاندا سەبارەت بە ئەگەری گوزار [گواستنه‌وه‌] بەرەو دیموکراسی هاتە کایەوە.

هانتینگتۆن لە ساڵی ١٩٨٤دا، ئەم پرسیارەی خستە ڕوو: ئایا وڵاتانی زۆرتر، دەبن بە دیموکراسی؟ بۆ توێژینەوە لەبارەی ئەم پرسیارە، هانتینگتۆن دوو کۆمەڵە فاکته‌ر لێک جیا دەکاتەوە: ١: ئەو پێشمەرجانەی کە بە سوودی گەشەی دیموکراسین. ٢: ئەو پرۆسە سیاسییانەی کە له‌ نێوه‌ندیدا گەشەسەندنی دیموکراتیک دێتە کایەوە.

پێشمەرجەکانی بەدیموکراسیکردن

بە بەراورد لەگەڵ شیکردنەوەی تاک-بگۆڕ (one-variable)ی لیپسێت، هانتینگتۆن دوای دوو دەیە لە توێژینەوە، شیکارییەکی ئاڵۆزتری لەبارەی پێشمەرجەکانی دیموکراسی خستە ڕوو. هانتینگتۆن سەرەڕای گرنگیی ڕۆڵی سامان و یەکسانی لە گەشەی دیموکراسیدا، جەختی لەسەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی، ژینگەی دەرەکی و بەستێنی که‌لتووری کرد.

یەکەم، فاکتەری سامانی ئابووری. توێژینەوە پێشەنگەکانی لیپسێت (١٩٦٣) پشت بەو گریمانەیە دەبەستن کە گوایە هەرچەند وڵاتێک ئاستی گوزەرانی بەرزتر بێت، شانسی ئه‌وه‌ی كه‌ ببێ بە وڵاتێکی دیموکراتیک، زۆرترە. ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان سامان و دیموکراسی بریتییە لەوەی کە ئابوورییه‌کی دەوڵەمەند دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێندەواری، پەروەردە و بەکارهێنانی ئامرازەکانی ڕاگەیاندن؛ گشت ئەمانەیش ده‌بنە هۆی هێنانەدیی دیموکراسی. هەروەها ئابوورییه‌کی دەوڵەمەند لە ڕێگەی پێشنیارکردنی دەرفەتە ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌کان بۆ سەرکردە سیاسییەکان، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تەنگه‌ژە سیاسییەکان. زیاد لەمەیش، ناکرێت لە ڕێگەی ئامرازە دەسەڵاتخوازەکانەوە بەکارامەیی، ئابوورییه‌کی پێشکەوتوو، ئاڵۆز و بەپیشەسازیبوو بەڕێوە ببردرێت. لەم جۆرە ئابوورییەدا، پێویستە بڕیاردان بە شێوازی نا-ناوەندی بێت، دەسەڵات هاوبەش بێت و، هەروەها دەبێ ڕێساکان بە ڕەزامەندیی ئەو کەسانە دەربکرێن کە دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەم ڕێسایانە. زیاد لەمەیش، بە بەراورد لەگەڵ وڵاتێکی هەژار، وڵاتێکی خاوەن ئابووریی دەوڵەمەند، مەیلی بۆ بەیەکسانی دابەشکردنی داهات هەیە. هەر بۆیەیش ژمارەی هەژارەکان لەم وڵاتانە کەمترە.

بەڵام هانتینگتۆن ئەو پرسیارەی گەڵاڵە کرد کە چ ئاستێک لە پێشکەوتنی ئابووری بۆ گوزار بەرەو دیموکراسی پێویستە. چەندین وڵاتی جۆراوجۆر بە جیاوازیی ئاستی گەشەی ئابووری، بوونەتە وڵاتی دیموکراتیک. لە لایەکی ترەوە، ژمارەیەکی زۆر وڵاتان، بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتین، لە گەشەی ئابووری دەرباز بوونە، کەچی پشتیان لە دیموکراسی کردووە. بەپێچەوانەی تیۆرییەکەی لیپسێت، واتە تیۆریی سامان-دیموکراسی، ئۆدۆنێل (O’Donnell, 1978) تیۆریی دەسه‌ڵاتخوازیی بیرۆکراتیک (bureaucratic authoritarianism)ی خستە ڕوو، کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کاتێک وڵاتێک ڕووبەڕووی دۆخی هاوردەکردنی کاڵا جێگرەوەکان دەبێت، لەم وڵاتەدا شێوازێکی نوێ و بەهێزتر لە دەسەڵاتخوازی سەر هەڵدەدات.

هانتینگتۆن بۆ پێکەوەگرێدانی ئەم بەڵگە دژبەیەکانەی ئەدەبیاتی مۆدێرنیزاسیۆن، چەمکێکی نوێی بە ناوی زۆنی گوزار (zone of transition) یاخود بژاردەی گەڵاڵە کرد. بەگوێرەی ئەم چەمکە، بە پێشکەوتنی وڵاتێک لە ڕووی ئابوورییەوە، وڵاتەکە دەچێتە ناو زۆنی گوزاردا. لەم قۆناغەدا زۆر سەختە پارێزگاری لە دامەزراوە سیاسییە تەقلیدییەکان بکرێت. گەشەی ئابووری بەتەنیا ناتوانێت بڕیار لەوە بدات کە چ جۆرە سیستەمێکی سیاسی، جێگەی ئەم دامەزراوانە دەگرنەوە. لە بری گرتنەبەری شێوازی ڕاستەهێڵی بەرەو دیموکراسیی ڕۆژاوایی، وڵاتان لە زۆنی گوزاردا، لەوانەیە لە نێوان چەندین ئه‌ڵته‌رناتیڤدا، ئه‌ڵته‌رناتیڤێک هەڵبژێرن. بەم جۆرەیش گەشەی ئەم وڵاتانە لە داهاتوودا پشت بەو بڕیارە مێژوویییە دەبەستێت کە نوخبەی سیاسی لەم قۆناغە وەرچەرخانەدا دەیگرنە بەر. بەکورتی، ئەگەرچی سامانی ئابووری پێشمەرجێکی زەروورییە بۆ دیموکراسی، بەڵام تاكه‌ فاکتەر نییە. هەر بۆیەیش لە خوێندنەوەکانی گوزار بەرەو دیموکراسی، پێویستە ڕەچاوی فاکتەرەکانی تریش بکرێت.

دووەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن تیشکی دەخاتە سەر بریتییە لە ستراکتۆری کۆمەڵایەتی. ئەگەر ستراکتۆری کۆمەڵایەتی تا ڕاددەیەکی بەرز لێکجیا کرابێتەوە و چەندی گرووپی سەربەخۆی کۆمەڵایەتی بوونیان هەبێت (بۆ نموونە گرووپی بازرگانی، پیشەیی، ئایینی و نەژادی)، کەواتە ئەم گرووپانە دەتوانن ببن بە بناغەیەک بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و، بەستێنی سەرهەڵدانی دامەزراوە سیاسییە دیموکراتیکەکان بێننە کایەوە. ئەگەر گرووپی ناوبژیوانی، سەربەخۆبوونیان نەبێت [کە دەوڵەت و کۆمەڵگه‌ پێکەوە گرێ بدات]، ئەوکات کۆمەڵگه‌ دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێک دامەزراوەی بەهێزی ناوەندگەرا کە دەتوانێت شێوازەکانی پاشایەتیی ڕەها، ستەمکاریی ڕۆژهەڵاتییانە یاخود دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتخواز و تۆتالیتەر بێت.

لە نێوان گشت ئەم گرووپە ناوبژیوانانەدا، هانتینگتۆن جەخت لەسەر بوونی بۆرژوازیی سەربەخۆ دەکاته‌وه‌ و بە گرنگترین فاکتەر هەژماری دەکات. هانتینگتۆن بە پشتگیریکردن لە بۆچوونەکەی مۆر (Moore, 1966)، ئاماژە بەوە دەدات کە "بەبێ بوونی بۆرژوازی، دیموکراسی بوونی نابێت." کێشەی وڵاتانی جیهانی سێیەم ئەوەیە کە ئەم وڵاتانە خاوەن چینی بۆرژوازیی بەهێز و سەربەخۆ نین. ئەگەرچی ڕاددەیەک لە بووژانەوەی ئابووری لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا دەبینرێت، بەڵام ئەم بووژانەوەیە زۆرتر لە لایەن دەوڵەت و کۆمپانیا فرە-نەتەوەکانەوە بووە. کاتێک لەم وڵاتانەدا گەشەی ئابووری وەپێش گەشەی سەرهەڵدانی بۆرژوازی دەکەوێت، کەواتە دیموکراسی تووشی شکست دەبێت.

فاکتەرێکی تر لەناو ستراکتۆری کۆمەڵایەتیدا کە هانی دیموکراسی دەدات، بریتییە لە بوونی ئابووریی بازاڕ-تەوەر. گشت دیموکراسییە سیاسییەکان، پشت بە ئابووریی بازاڕ-تەوەر دەبەستن. سەرەڕای ئەمەیش، گشت ئابوورییەکانی بازاڕ-تەوەڕ نابنە هۆی هێنانەدیی سیستەمی سیاسیی دیموکراتیک. هانتینگتۆن هۆکاری ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕینێتەوە، کە ئابووریی بازاڕ پێویستیی بە دابەشکردنی هێزی ئابوورییە؛ کەواتە ئەم ئابوورییە هێزێک بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت دروست دەکات [کە بریتییە لە چینی بۆرژواز]. ئابووریی بازاڕ-تەوەڕ ئەو هێزە بە چینی بۆرژواز دەدات کە بتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەت سنووردار بکات و سوود لە ئامرازە دیموکراتیکەکان بۆ هێنانەدیی ئامانجەکانی خۆی وەرگرێت. زیاد لەمەیش ئابووریی بازاڕ لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بووژانەوەی ئابووری و دابەشکردنی یەکسانی داهاتەکان، کە ئەمەیش بناغەی سەرهەڵدانی دیموکراسییە.

سێیەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن تیشکی دەخاتە سەر، بریتییە لە ژینگەی دەرەکی. هانتینگتۆن بەکورتی دەڵیت، بەدیموکراسیکردن زۆرتر بە هۆی بڵاوبوونەوەی دیموکراسییە نەک لە دەرەنجامی گەشەسەندن و، بەشێکی زۆریشی بۆ دەستڕۆییی ئەمریکا و بریتانیا دەگەڕێتەوە، ئەویش لە نێوه‌ندی پرۆسەکانی نیشتەجێبوونی بریتانی و ئەمریکییەکان [لە ناوچەکانی جیهانی سێیەم]، فەرمانڕەواییی ئیستعمار [كۆلۆنیالیزم]، شکست لە جەنگەکان یاخود فەرمانڕەواییی ڕاستەوخۆی ئەم دوو دەوڵەتە بەسەر ئەم وڵاتانەدا. لە جەنگی جیهانیی دووەمدا سوپای ئەمریکا بۆ هەر شوێنێک چووبێت، دیموکراسییش بەدوایدا چووە. هەروەها هەر شوێنێک کە سوپای سۆڤیەتی بۆ دەچوو، کۆمۆنیزمیش بەدوایدا دەچوو. بەم جۆرەیش، سەرهەڵدان و داتەپینی دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهاندا، بەند بوو بە کارکرد [ئه‌رك/وه‌زیفه‌]ی سەرهەڵدان و داتەپینی وڵاتە دیموکراسییە بەهێزەکان. لە سەدەی نۆزدەیەمدا، بڵاوبوونەوەی دیموکراسی، شان بە شانی بڵاوبوونەوەی پاکس-بریتانیک بوو و دوای جەنگی جیهانیی دووه‌میش پەرەسەندنی دیموکراسی ڕەنگدەرەوەی زلهێزیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لە جیهاندا. بەپێچەوانەوە، لە ساڵانی ١٩٧٠دا، داتەپینی دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکای لاتین، ڕەنگدانەوەی کەمبوونی دەستڕۆییی ئەمریکا بوو لە جیهاندا. ئەم دەستڕۆیییە دیموکراتیکە، هەروەک هانتینگتۆن ئاماژەی پێ دەدات، "ڕاستەخۆ، هەم لە دەرەنجامی هەوڵەکانی حکوومەتی ئەمریکا بۆ کاریگەرینواندنە سەر پرۆسە سیاسییەکان بوو لە کۆمەڵگه‌کانی تردا، هەمیش ناڕاستەخۆ لە دەرەنجامی فەراهەمکردنی مۆدێلێکی بەهێز و سەرکەتوو [لە دیموکراسی بوو تا ئەم وڵاتانە] پەیڕەویی لێ بکەن."

زیاد لەمەیش هانتینگتۆن تێبینیی کردووە کە لە هەندێ ناوچە، لەوانەیە مەیلێکی هەرێمایەتی بوونی هەبێت. بەگشتی لە کۆتایییەکانی ١٩٥٠کان و سەرەتای ١٩٦٠ه‌کان، حکوومەتەکانی ئەمریکای لاتین مەیلیان بۆ دیموکراسی هەبوو و دواتر لە کۆتاییی ١٩٦٠ەکان و سەرەتای ١٩٧٠کان، مەیلیان بۆ دەسەڵاتخوازی هەبوو. دواتر سەرلەنوێ لە کۆتاییی ١٩٧٠کان و سەرەتای ١٩٨٠کان، مەیلیان بۆ دیموکراسی هەبوو. لەوانەیە ئەم وەرچەخانە هەرێمایەتییە لە دەرەنجامی گەشەی ئابووری، کاریگەریی وڵاتانی دراوسێ و هاندانی ئەم وڵاتانە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ گرتنەبەری دیموکراسی بووبێت.

چوارەمین فاکتەر کە هانتینگتۆن باسی دەکات، بریتییە لە بەستێنی که‌لتووری. هانتینگتۆن بە لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەریی ئایین لەسەر که‌لتووری سیاسی، بەو دەرەنجامە دەگات کە پرۆتستانتیزم نزیکایه‌تییه‌كی زۆری لەگەڵ دیموکراسی هەیە.  کاتۆلیزم کاریگەرییەکی ناوەند و درەنگوەختی بەسەر گەشەی دیموکراسیدا هەبووە. که‌لتوورەکانی هیندۆس و شینتۆ لە هەمبەر بەدیموکراسیکردندا لەمپەر دروست ناکەن. ئیسلام، کۆنفۆشیۆس و بوودیزم دەبنە هۆی هێنانەدیی حکوومەتێکی دەسەڵاتخوازانە.

ئەم جیاوازییانە چۆن ڕوون دەکرێنەوە؟ بۆ ئەم مەبەستە هانتینگتۆن دوو جۆرە که‌لتووری ئایینی لێکجیا دەکاتەوە. یەکەم، که‌لتووری ئایینیی بەکاربەرانە (consummatory). لەم جۆرە که‌لتوورەدا ئامانجەکانی ئەم جیهانە و جیهانی تر لە نزیکەوە پێکەوەگرێدراون و کەمتر بۆ لای دیموکراسی دەشکێنەوە. بۆ نموونە لە ئیسلامدا، هیچ لێکجیاکردنەوەیەک لە نێوان سیاسەت و ئاییندا نییە (یاخود لە نێوان کردەی ڕۆحی و دونیاییدا)؛ هەروەها لە ڕووی مێژوویییەوە لە ئیسلامدا بەشداریی سیاسی، چەمکێکی نامۆیە. دووەم، که‌لتووری ئایینیی ئامرازانە (instrumental)، کە تێیدا ئامانجەکانی ئەم جیهانە و جیهانی تر لێکجیا کراونەتەوە. بۆ نموونە، لە داب و نەریتی هیندۆدا جیاوازی و پێکدادان لە نێوان گرووپەکاندا ڕێگەپێدراوە؛ ئاشتەوایی کارێکی مەشرووع و دانپێدانراوە. هەر بۆیەیش ئەم جۆرە ئایینە، بەربەست لە بەردەم بەدیموکراسیبووندا دروست ناکات.

بەکورتی، هانتینگتۆن بەو دەرەنجامە دەگات کە پێشمەرجەکانی بەدیموکراسیکردن بریتییە لە سامانی ئابووری، فرەییی ستراکتۆری کۆمەڵایەتی (بوونی بۆرژوازیی سەربەخۆ و ئابووریی بازاڕ-تەوەڕ)، کاریگەریی دەوڵەتە دیموکراتیکەکان بەسەر کۆمەڵگه‌دا، بوونی که‌لتوورێک کە ڕێگە بە جیاوازی و ئاشتەواییی نێوان گرووپە جۆراوجۆرەکان دەدات. هانتینگتۆن باس لەوە دەکات کە بە پەرەسەندنی ئابووریی بازاڕ، یەک پێشمەرج بەتەنیا ناتوانێت ببیتە هۆی هێنانەدیی ئەم جۆرە گەشەسەندنە. بۆ سەرهەڵدانی ڕژێمێکی دیموکراتیک، جۆرە تێکەڵکردنێک لە نێوان ئەم پێشمەرجانەی سەرەوە پێویستە. بەڵام جۆری ئەم تێکەڵکردنە، لە دۆخێکه‌وه‌ بۆ دۆخێکی تر جیاوازە.

پرۆسەکانی دیموکراتیزەکردن

هانتینگتۆن سەرەڕای تیشکخستنە سەر پێشمەرجەکانی دیموکراسی، لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو پرۆسە سیاسییانە کردووە کە لە نێوه‌ندیدا گەشەی دیموکراسی بەدی هاتووە. ئەو، سێ مۆدێل لە دیموکراتیزەکردن دەخاتە ڕوو. مۆدێلی یەکەم، مۆدێلێکی ڕاستەهێڵییە (linear) کە لە ئەزموونی بریتانیا و سوید سەرچاوە دەگرێت. سەبارەت بە حاڵەتی بریتانیا، دیموکراتیزەکردن لە مافە مەدەنییەکانەوە بەرەو مافە سیاسییەکان و دواتر بەرەو گەشەیەکی لەسەرخۆی زاڵبوونی سیستەمی پەرلەمانی و حکوومەتێکی وەزاری و دواجار بەرەو بەرفراوانبوونی مافی دەنگدان بە درێژاییی یەک سەدە پەرەی سەند. سەبارەت بە حاڵەتی سوید، بەم شێوەیەی خوارەوە بووە: یەکێتیی نیشتمانی، ناکۆکیی سیاسیی درێژخایەن و بێدەرەنجام، بڕیاردانێکی هۆشیارانە سەبارەت بە پەسەندکردنی گرتنەبەری ڕێساکانی گەمەی دیموکراسی و دواجار کارکردن بەم ڕێسایانە.

دووەمین مۆدێلی دیموکراتیزەکردن بریتییە لە مۆدێلی بازنەیی (cyclical). لەم مۆدێلەدا دوو شێوازی حوکمڕانیی دیموکراسی و دەسەڵاتخوازی، بەبەردەوامی جێگەی یەکتر دەگرنەوە. ئەم مۆدێلە لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین زۆر باوە. لەم مۆدێلەدا نوخبە، دان بە شه‌رعییه‌تی شێوازەکانی حوکمڕانیی دیموکراسیدا دەنێت. جارناجار هەڵبژاردنەکان بەڕێوە دەچن، بەڵام زۆر بەدەگمەن حکوومەتەکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە بە دەسەڵات دەگەن. حکوومەت لەم وڵاتانەدا زۆرتر لە دەرەنجامی دەستێوەردانی سوپا و لە دەرەنجامی هەڵبژاردنیش دەبێت. هەر کاتێک حزبێکی ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بووبێت یاخود دۆخی ئابووری پەشۆکاو بێت (بۆ نموونە ڕوودانی هەڵاوسانێکی بەرز یاخود بێکاری) یاخود کاتێک کە نائارامیی بەربڵاوی سیاسی بوونی هەبێت، سوپا دەست لە کاروباری سیاسی وەردەدات. هەر کاتێک تاقمی سەربازی دەسەڵاتی بەدەستەوە بووبێت، بەڵین دەدات کە لە داهاتووێکی نزیکدا دەسەڵات بۆ خەڵکی مەدەنی بگەڕێنێتەوە. سوپا کاتێک ئەم کارە دەکات کە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی جەماوەی ببێتەوە یاخود نەتوانێت بەکارامەیی دەسەڵات بەڕێوە ببات. هانتینگتۆن لە دۆخێکی فەوزەوی (praetorian) هاوشێوەی ئەم دۆخە، ئاماژە بەوە دەدات کە لەم دۆخەدا نە دامەزراوە دەسەڵاتخوازەکان و نە دامەزراوە دیموکراسییەکان بەکارامەیی بەدامەزراوەیی نەکراون. هەر کاتێک کە وڵات بچێتە ناو دۆخی بازنەیی لە جێگۆڕکێی نێوان دیموکراسیی مەدەنی و دەسەڵاتخوازیی سەربازی، سەختە ئەم وڵاتە بتوانێت ئەم بازنەیە بشکێنێت.

سێیەمین مۆدێل کە هانتینگتۆن باسی دەکات، بریتییە لە مۆدێلی دیالێکتیکی (dialectical). لەم مۆدێلەدا گەشەی چینی ناوەندی شارنشین، دەبێتە هۆی گوشارخستنە سەر ڕژێمی دەسەڵاتخواز و داوای بەشداری و ڕکابەرێتیی سیاسی دەکات. لەوانەیە لە ساتەوەختێکی مێژووییدا وەرچەرخانی مەدەنی (urban breakthroug) ڕوو بدات و ڕژێمی دەسەڵاتخوازی بەرقەرار، بگۆڕدرێت بۆ ڕژێمیکی دیموکراتیک. بەڵام ڕژێمی نوێی چینی ناوەند، ناتوانێت بەکارامەیییەوە حکوومەت بەڕێوە ببات؛ لەم باردۆخەیشدا ڕژێمی دیموکراتیک دەڕووخێت و سیستەمی دەسەڵاتخواز دەگەڕێتەوە. بە هەر حاڵ، ڕژێمی دەسەڵاتخوازی بەرقەراریش دەڕووخێت و گوزار بەرەو سیستەمێکی دیموکراسیی درێژخایەن دێتە کایەوە. ئەزموونی ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، یۆنان و ئیسپانیا ده‌كه‌ونه‌ چوارچێوەی ئەم مۆدێلەوه‌.

سەرەڕای خستنەڕووی مۆدێلەکانی ڕاستەهێڵی، بازنەیی و دیالێکتیکی، هانتینگتۆن تیشک دەخاتە سەر پرسی باشترین جۆر لە پرۆسەی گەشەی دیموکراتیک. ئەو پرۆسەیه‌ی کە بە بۆچوونی هانتینگتۆن لە سەرووی پرۆسەکانی ترەوە دێت، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

١. پێناسەکردنی ناسنامه‌ [هويە]ی نەتەوەیی.

٢. گەشەپێدانی دامەزراوە سیاسییە کاراکان.

٣. بەرفراوانکردنی بەشداریی سیاسی.

هانتینگتۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەشداریی سیاسی، دەبێ دوایین قۆناغ بێت لەم زنجیرە گۆڕانەی سەرەوەدا و لە دوای جێگیرکردنی دامەزراوە سیاسییە کاراکانی وەک سیستەمی هەڵبژاردن و حزبایەتی بێت. ئەگەر لەم زنجیرەیەدا بەشداریی سیاسی زۆر زوو دەست پێ بکات، دەبێتە هۆی هێنانەدیی ناسەقامگیریی سیاسی و توندوتیژی. هانتینگتۆن بۆ بەهێزکردنی ئەم بۆچوونەی خۆی، پێداگری لەوە دەکات کە ئەو ڕژێمە دیموکراتیکانەی تا ئێستا بەردەوامن، زۆر بەدەگمەن لە ڕێگەی کردەی جەماوەری و به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌ جێگیر بوونە. لە بری ئەمەیش، دیموکراسی زۆرتر لە سەرەوە بۆ خوارەوە گەشەی کردووە، نەک لە خوارەوە بۆ سەرەوە. تەنیا لە دوای ئەوەی کە نوخبەی سیاسی لێکدانەوەی بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی کرد و بڕیاری دا لەگەڵ یەکتری دانوستاندن و سازش بکەن، ئەوکات دامەزراوە دیموکراتیکەکان سەریان هەڵداوە.

هانتینگتۆن بە پێداگریکردنە سەر نوخبە وەک سەرچاوەی دیموکراسی، ئارگیۆمێنتی بارینگتۆن مۆر (١٩٦٦) ڕه‌ت دەکاتەوە کە گوایە شۆڕشێکی خوێناوی، دەتوانێت دەستپێکەری دیموکراسی بێت. ئەگەرچی گشت سەرهەڵدانێکی پارتیزانانە و ڕژێمە شۆڕشگێرەکان خۆیان بە دیموکراسی ناو دەبەن، بەڵام هەر کاتێک لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەسەڵاتیان گرتە دەست، بە بەراورد لەگەڵ ئەو ڕژێمەی کە لەناویان بردووە، خۆیان ڕژێمێکی زۆر سەرکوتکارانەتر بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن. هانتینگتۆن پێداگری لەوە دەکات کە دیموکراسی لە دەرەنجامی پرۆسەیەکی لەسەرەخۆی کامڵبوون و کەمترین توندوتیژییە، نەک لە دەرەنجامی هەڵچوونێکی شۆڕشگێڕانە بێت لە نێوان هێزە بەرقەرارە زاڵەکاندا.

هانتینگتۆن دوای خوێندنەوەی پێشمەرج و پرۆسەکانی دیموکراتیزەکردن، ئەم پێوەرانەی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئەزموونی دیموکراسی لە ساڵانی ١٩٨٠دا بەکار هێنا. ئەو هیوایەکی زۆری بە پرۆسەی دیموکراتیزەکردن لە ئەمریکای لاتین هەیە، ئەویش بە هۆی که‌لتووری سیاسیی ڕژێمی بەرقەرار، ئاستی گەشەی ئابووری، ئەزموونی ڕابردووی ئەم وڵاتانە لە سیستەمی دیموکراسی، پلۆرالیزمی کۆمەڵایەتی و، هەروەها حەزی نوخبەی سیاسی بۆ گرتنەبەری مۆدێلی باکووری ئەمریکا و ئەوروپا سەبارەت بە دیموکراسی. بەڵام هانتینگتۆن سەبارەت بە داهاتووی ڕژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا خۆشبین نییە. ئەگەرچی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا ئاستێک لە گەشەی ئابوورییان تۆمار کردووە و بە هۆی گوشاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوه‌ ئاستێک لە ئەزموونی دیموکراسییان بەخۆوە بینیوە، بەڵام داب و نەریتی که‌لتووری، ستراکتۆری کۆمەڵایەتی و لاوازیی بەها دیموکراتیکەکان، بەربەست لە هەمبەر گەشەی دیموکراسی دروست دەکەن. هانتینگتۆن ئاماژە بەوە دەدات کە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا باس لەوە دەکەن کە ئایا ئابووری یاخود که‌لتوور، کاریگەریی زۆرتری بەسەر گەشەی دیموکراسیدا هەیە. سەبارەت بە وڵاتە ئیسلامییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا، بە هۆی ئایینەکەیان، هەژاری و سروشتی توندوتیژانه‌ی سیاسەتەکەیان، ئاسۆی دیموکراسی تێیدا لاوازە. ئەگەری گەشەی دیموکراسیی ڕاستەقینە لە ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیش لاوازە. بوونی یەکێتیی سۆڤیەت لەم وڵاتانەدا، بە بەربەستێکی جددی لە هەمبەر گەشەی دیموکراسی هەژمار دەکرێت. بە بڕوای هانتینگتۆن تا ئێستا هیچ وڵاتێکی کۆمۆنیستی لە ڕێگەی فاکتەرە ناوخۆیییەکانەوە نەبووە بە وڵاتێکی دیموکراتیک.

لە دەرەنجامدا، هانتینگتۆن پێشنیاری ئەوە دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەتوانێت بەم شێوەیەی خوارەوە لە برەودان بە گەشەی دیموکراسی لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا بەشدار بێت: یارمەتیدانی گەشەی ئابووری لەم وڵاتانەدا، برەودان بە ئابووریی بازاڕ و گەشەی چینی بۆرژوازیی بەهێز، کاریگەرینواندنێکی زۆرتر لە کاروباری جیهانیدا، یارمەتیدانی نوخبەی ئەم وڵاتانە، تا بتوانن بۆ زۆنی گوزار بەرەو دیموکراسی هەنگاو بنێن.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 05 ئایار 2019 11:01