نەتەوە چییە؟ بەشی سێیەم

ئێرنێست ڕێنان

کۆنفڕانسی سۆربۆن، ١١/٣/١٨٨٢

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: پێنووس

٢. ئەوەی دەربارەی ڕەچەڵەك گوترا، پێویستە بۆ زمانیش بگوترێت. زمان هەوڵی کۆکردنەوە دەدات، بەڵام ناتوانێت کۆکردنەوە بسەپێنێت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئینگلته‌را، ئەمریکی-ئیسپانی[1] و ئیسپانیا بە هەمان زمان قسە دەکەن، کەچی یەك نەتەوەیان پێک نەهێناوە. بەڵکوو بەپێچەوانەوە، سویسرا، چەندە بەجوانی دروست بووە؛ لەبەر ئەوەی لە نێوان لایەنە جياوازەکاندا ئیرادەی پێکەوەبوون هەیە، سێ یان چوار زمانن پێکەوە دەژین. شتێکی باڵاتر لە زمان لە لای مرۆڤ هەیە: ئیرادە. هەرچەندە لە چەندین شێوەزار و زمان پێک هاتووە، ئیرادەی یەکبوونی سویسرا زۆر گرنگترە لەوەی بەزۆرەملێ خەڵک هاوشێوە بکەیت. ئەوەی جێی شانازییە بۆ فەڕەنسا، هەرگيز نەیویست یەکبوونی زمان بە شێوەی زۆرەمڵێ بێت. ئایا ناتوانین لە ڕێگه‌ی زمانی جیاوازه‌وه‌ هەمان هەست و سۆز و هەمان بيروباوه‌ڕمان هەبێت و هەمان شتمان خۆش بوێت؟ دواتر باسی ئەو خراپییەیش دەکەین کاتێك سیاسەتی نێودەوڵەتی، وابەسته‌ی ڕەچەڵەكناسی بکرێت. هەروەها بە هەمان شێوە، خراپە ئەم بابەتە وابەستەی بەراوردکاریی مێژووییی زمانەکان بکرێت. ئەم بابەتەی توێژینەوانە با بەئازادی بمێننەوە؛ حیکمەتەکانی نەشێوێنرێت. گرینگیدانی سیاسی بە زمان بۆ ئەوەیە بڵێین، کە زمان ئاماژەیەکە بۆ ڕەچەڵەک و هیچی تر. پرووسەکان کە ئێستا بە ئەڵمانی قسە دەکەن، پێش چەند سەدەیەك بە زمانی سڵاڤی قسەیان دەکرد؛ وڵاتی وێڵزەکان بە ئینگليزی قسەدەکەن؛ گۆل و ئیسپانییەکان بە شێوەزارە سەرەتایییەکانی ئەلبالۆنگە[2] قسە دەکەن؛ قيپتییەکان[3] بە عەرەبی قسەدەکەن؛ نموونەکان زۆرن.

لە سەرەتای مرۆڤایەتی، زمانەکان هاوشێوە بوون، کەچی نەبوون بە هۆکارێك بۆ یەکبوونی ڕەچەڵەكەکان. ئەگەر نموونەی هۆز و تيرە ئارییەکان و سامییەکان وەرگرین، کۆیلەی تێدا بوو به‌ هەمان زمانی ئاغاكه‌ی قسەی دەکرد؛ هەرچەندە کۆيلەکە ڕەچەڵەکێکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئاغاکەی. دووبارەی دەکەینەوە: جیابوونەوەی زمانە هیند و ئەوروپییەکان و سامییەکان لە یەکتر، ئەوەندە بەجوانی و ناسکی لە مێژووی زمانە بەراوردکارییەکان دروست بوون، کە تەواو جیاوازە له‌ جیابوونەوە ڕەگەزییەکان. زمان کردەوەیەکی مێژوویییە، کە ئاماژەیەکی کەم بە خوێنی ئەو کەسانەی قسەی پێ دەکەن، دەدات. ئەم ڕووداوە مێژوویییە، ڕێگر نەبووە لە ئازادیی مرۆڤەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەو خێزانە گەورەیه‌ی کە دەیەوێت لە ژیان و مردندا لەگەڵیدا یەک بگرێت.

ئەم گرنگیپێدانە قەتیسکراوە بە زمان، مەترسی و خراپیی خۆی هەیە، وەک چۆن لە ڕەچەڵەکیشدا هەیە. کاتێك زیادەڕەوی دەکەین، خۆمان لە که‌لتوورێکدا قەتیس دەکەین، پێی دەڵێین نەتەوەپەرستی؛ خۆمان سنووردار دەکەین، خۆمان خۆمان زیندانی دەکەین. ئەو پانتایییە بەرفراوانەی مرۆڤایەتی بەجێ دەهێڵین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ کونجێکی داخراوی نیشتمانیدا هەناسە بدەین. ئەمە بۆ ڕۆح و شارستانییه‌ت زۆر خراپە. هەرگيز ئەو بنەما گرنگە لەبير نەکەن؛ مرۆڤ پێش هەموو شتێك بوونەوەرێکی عەقڵانی و خاوەن ئەخلاقە، دوای ئەوە دابەش دەبێت بۆ فڵانه‌ زمان، فڵانه‌ ڕەچەڵه‌ك و فڵانه ‌که‌لتوور. پێش که‌لتووری فەڕەنسی، پێش که‌لتووری ئەڵمانی، پێش که‌لتووری ئیتاڵی، که‌لتووری مرۆڤایەتی هەیە. تەماشای گەورە پیاوانی ڕێنیسانس[4] بکە؛ نە فەڕەنسی بوون، نە ئیتاڵی بوون، نە ئەڵمانی بوون. ئەم گەورە پیاوانە لە ڕێگه‌ی مامەڵەکردنیان لەگەڵ مێژووی دێرین، هەروەها لە ڕێگه‌ی خوێندنەوەی نهێنییەکانی ڕۆحی مرۆڤه‌وه‌، ڕۆح و جەستەی خۆیان بۆ تەرخان دەکرد؛ ئای چەندە باشیان دەکرد!

٣. ئایینیش ناتوانێت ببێت بە بناغەیەك بۆ پێکهێنانی نەتەوەیەکی مۆدێرن. لە بنەڕەتدا، ئایین گرنگی بە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەدات. ئەم گرووپانە درێژکراوەی خێزانەکانن. ئایین و ڕێچکە ئایینییەکان، ڕێچکەی خێزانەکان بوون. ئایینی ئەتینایی هەبوو؛ ئەم ئایینە باوەڕداریی خەڵکی ئەتینا بوو، هەروەها ئەم ئایینە دروستکەرە ئەفسووناوییەکەی ئەتینا بوو، ئەم ئایینە دروستکەری یاساکانی ئەتینا بوو و، هەر ئەم ئایینە ڕێوڕەسمە ئایینییەکانی دیاری دەکرد. بەڵام ئەم ئایینە باوەڕدارییەکی ئایینیی تری قبووڵ نەبوو. ئەم ئایینە بە هەموو واتاکانییەوە، ئایینی دەوڵەت بووە. بە خەڵکی ئەتێنی دانەدەنرا ئەگەر ئەو ئایینەی پیادەنه‌کردایە. ئەمە بناغەی باوەڕداری بوو، باوەڕبوون بە ئەکرۆپۆل[5] و سوێندخواردن بە سەکۆی ئەگالۆروس[6]، وەکوو ئەوە وایە کە سوێند بخۆی لە پێناوی نیشتمان خۆت بەخت بکەیت. ئەم ئایینە هاوشێوەکەی لای ئێمە، وەك دەستنیشانکردن بۆ خزمەتی سەربازی یان بۆ ڕێزگرتنی ئاڵا وا بوو. ئەگەر یەكێك ڕەتی بکردایەتەوە کە خزمەتی ئەم باوەڕە ئایینییە بکا، وەک ئەوە وا بوو کەخزمەتی سەربازی لە کۆمەڵگە مۆدێرنەکاندا ڕەت بکاته‌وه‌[7]. کەواتە خۆی وا پيشان دەدا کە خەڵکی ئەتینا نییە. لە لایەکی ترەوە، ئەم باوەڕدارییەی ئەتینەکان هیچ مانایەکی لای خەڵکی دەرەوەی ئەتینا نەبوو؛ هەروەها بەزۆر هاننەدەدرا کە باوەڕيان بەم ئایینە هەبێت؛ کۆيلەکانی ئەتینا ئەم باوەڕەیان پیاده‌ نەدەکرد. هەمان بارودۆخ لە هەندێك کۆمارە بچووکەکانی سەردەمی ناوەڕاستدا هەبوو. بە خەڵکێكی باشی ڤينیزیا دانەدەنرای، ئەگەر سوێندت بە "سانت مارك" نەخواردایە؛ بە ئەمالفيتێکی باش دانەدەنرای، ئەگەر "سانت ئەندرێ"ت لە سەرووی هەموو کەسە پيرۆزەکانی بەهەشت دانەنابایه‌. لەم کۆمەڵگه‌ بچووکانەدا، کە دواتر توندڕەو بوون و کوشتاریان تیادا ڕووی دا، بوو بە کارێکی ئاسایی کە بە بۆنەی سەرەتای ساڵی نوێوە پيرۆزبایی لە باوکی خێزانەکان بکەن[8].

ئەو شتەی لە سپارت و ئەتینا ڕاست بوو، کەچی لە پاشایەتیی ئەسکەندەر، کە لە بنەڕەتدا خەڵکی ئەو ناوچانە بوو، شتێکی تر بوو؛ بەتایبەتی لە ئيمپراتۆرییەتی ڕۆمانی، شتێکی تەواو جیاواز بوو. ئەنتیچۆس ئپیفان هەوڵی دا بيروباوەڕی ژوپیتەر ئۆلیمپیەن بگوازێته‌وه بۆ ڕۆژهەڵات‌، کەچی ئەو کردارە لە ڕوانگەی ئيمپراتۆرییەتی ڕۆمانییه‌وه‌ کە دەیویست پارێزگاری لە ئایینی دەوڵەت بکات، هەڵە و تاوان و توڕەهاتێك بوو. ئێستا گرووپێکی باوەڕداری هاوشێوە نەماوە. هەر کەسێك بە شێوەی خۆی باوەڕی بە ئایین هەیە و پیادەی دەکات؛ هەر کەسێک چی بتوانێت یان چی بخوازێت، دەیکات. ئایینی دەوڵەت نەماوە؛ دەتوانین فەڕەنسی بین، ئینگليز بین، ئەڵمانی بین، لەگەڵ ئەوە کاسۆلیك بین، پرۆتستانت بین، جوولەکە بین، یان هیچ ئایینێك پیاده‌ نەکەین. ئایین بووە بە شتێکی تاکەکەسی؛ هەر کەسە و ويژدانی خۆی. دابەشکردنی نەتەوەکان بەپێی کاسۆلیکی، پرۆتستانتی، کۆتاییی پێ هاتووە. پەنجا و دوو ساڵ لەمەوپێش، ئایین کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر دروستبوونی بەلژيکا[9]؛ ئێستا لە هەرێمەکان گرنگیی ئایین ماوە، بەڵام نەبۆتە هۆکارێك بۆ سنووردانان لە نێوان گەلەکان.

٤. ئەو کۆمەڵە خەڵکانەی کە بەرژوەندییەك کۆیان دەکاتەوە، گومانی تێدا نییە پەیوەندییەکی بەهێز کۆیان دەکاتەوە. ئایا بەرژوەندییەکان دەبێتە هۆی دروستکردنی نەتەوە؟ باوەڕ ناکەم. ئەوانەی کە بەرژوەندییەك کۆیان دەکاتەوە، بازرگانی ده‌كه‌ن. بەنەتەوەبوون وابەستەی هەست و سۆزە؛ نەتەوەبوون ڕۆح و جەستەیە پێکەوە؛ بۆیە زۆلڤیرەین[10] دەوڵەت نییە.

٥. جوگرافیا، ئەوەی پێی دەڵێن سنووری سروشتی، بەدڵنیایییەوە بەشێکی گرنگە لە دابەشکردنی نەتەوەکان. جوگرافیا دروستکەرێکی سەرەکیی مێژووە. ڕووبارەکان ڕەچەڵەكه‌کانی گواستۆتەوە؛ شاخەکان ڕەچەڵەكه‌کانی وەستاندووە. ڕووبارەکان باشتر بوون بۆ جووڵانەوە مێژوویییەکان؛ شاخەکان جووڵانەوە مێژوویییەکانی سنوودار کردبوو. ئایا دەتوانین بڵێین، هەروەکوو هەندێک کەس باوەڕیان پێیەتی، سنووری نەتەوە لەسەر نەخشە جوگرافییەکان نووسراوە و نەتەوە مافی ئەوەی هه‌یه‌، خۆی چۆنی بوێت بينەخشێنێت، بۆ ئەوەی بگات بەم شاخ و بەو ڕووباره‌؟ ئایا شاخەکان یان ڕووبارەکان، دەبن بە سنوور؟ لەم تێڕوانینە بێسەروبەر و خراپترەم نەدیوە. ئەم تێڕوانینە پاساو بۆ توندڕەوی دەهێنێتەوە. پێش هەموو شتێك، ئایا شاخەکان یان ڕووبارەکان دروستکەری ئەو سنوورەن کە پێی دەڵێن سروشتی؟ ئەوەی کە دڵنیاین شاخەکان جیاکەرەوەن؛ بەڵام ڕووبارەکان کۆکەرەوەن. ئایا هەموو شاخێك دەتوانێت دەوڵەتێك دوولەت بکات؟ ئایا کام جۆرە شاخ وڵاتەکان کەرت دەکات و کام شاخ کەرتی ناکات؟ لە بياریتز تا تۆرنی دەڕۆین، ئایا ڕووباری وای تێدا نییە کە سروشتێکی سنووردانانی نەبێت؟ ئەگەر مێژوو بيویستایە، لۆار[11]، سێن، مەوز، ئێلب و ئۆدە، هەروەکوو ڕاین، گشتیان دەبوون بە سنووری سروشتی و چەندین مافی تێدا پێشێل دەکرا؛ ئایا ئەوەبوو کە مرۆڤەکان ویستوویانە. ئێمە لێرەدا باسی هۆکارە ستراتیژییەکان دەکەین. هیچ شتێك ڕەها نییە؛ ئەوەی ڕوونە، دەبێت سازش بۆ پێویستییەکان بکرێت. بەڵام ئەم سازشکردنەیش، نابێت لەڕاددەبەدەر بەرفراوان بێت. بە واتایەکی تر، هەموو کەس دەخوازێت ئارەزووە سەربازییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بۆیە جەنگ بێکۆتا ڕوو دەدات. خاك هەروەکوو ڕەچەڵەك، نەتەوە دروست ناکات. خاك پایەیە، خاك مەیدانی هەوڵدان و کارکردنە؛ مرۆڤ ڕۆحی پێ دەدات. مرۆڤ هەموو شتێکە بۆ دروستکردنی ئەو شتە پيرۆزەی کە پێی دەگوترێت گەل. کەرەستە هیچیان بەس نین. نەتەوە بنەمایەکی سۆزدارییە، لە ئەنجامی گرێکوێرە قووڵەکانی مێژوو دروست بووە؛ نەتەوە خێزانێکی سۆزدارییە؛ نەتەوە گرووپێکی دروستکراوی خاك نییە.

پێشتر ئاماژەمان پێ دا کە ئەم شتانە بەس نین بۆ دروستکردنی ئەم بنەما سۆزدارییە، ئەم شتانەیش بریتی بوون لە: ڕەچەڵەك، زمان، بەرژه‌وەندییەکان، خولیای ئایینی، جوگرافی، پێویستیی سەربازی. باشە لەوە زیاتر چی بکەین؟ دوای ئەوەی ئەو بابەتەمان ورووژاند، زیاتر کاتتان ناگرم.

 

[1]- ئەمریکی-ئیسپانی واتە، وڵاتانی هەردوو كێشوەری ئەمریکی کە بە زمانی ئیسپانی قسەدەکەن.

[2]- ئەلبالۆنگە، شارۆچکەیەکی دێرینی ئیمپراتۆرییه‌تی ڕۆمانییە و نزیك ڕۆمایە؛ لەو باوەڕەدابوون کە ئيمپراتۆرە ڕۆمانییەکان لەو شارۆچکەیە هاتبن.

[3]- ميسرییە کۆنەکان.

[4]- ڕێنیسانس، ماوەیەکی گرنگە لە مێژووی ئەوروپا لە نێوان سەدەی چوارده‌ بۆ هه‌ڤده‌؛ تیایدا جووڵانەوەیەکی ڕۆشنبيری و هزریی گەورە ڕوویدا.

[5]- یەکەم و پيرۆزترین نزرگەی ئایینیی يۆنانییە کۆنەکانی ئەتینا.

[6]- خوداوەندە کۆنەکانی ئەتینا.

7- دیارە لە سەردەمی نووسینی ئەم بابەتەدا، پابەندبوون بە خزمەتکردنی سەربازی کارێکی مۆدێرن بووە.

[8]- ئەو کۆمەڵگانە لە باوەڕەدا جياواز بوون؛ دیارە کە پيرۆزباییکردن لای هەندێك بيروباوەڕی ئایینیی ئەوکات، کارێکی قەدەغە بووە.

[9]- بەلژيکا لە ساڵی ١٨٣٠ سەربەخۆ بووە.

[10]- زۆلڤیرەین، واتا یەکخستنی گومرگی لە نێوان وڵات و ميرنیشینە ئەڵمانییەکان، كه‌ لە ساڵی ١٨٣٢وە ئەم یەکخستنە دەستی پێکرد.

[11]- ڕووبارێکە لە ئەوروپا.