ژیان و بیرۆکەی فەیلەسووفانی ڕاهێنان: ماریا مۆنتێسۆری ١٨٧٠-١٩٥٢

نووسەر: گرووپی داڕێژەرانی نێوەرۆکی ڕاهێنان (پۆرتالی ڕاهێنانی ١١٨)

وەرگێڕ (لە فارسییەوە): کیشوەر پیرۆتی

 

بێ گومان ماریا مۆنتێسۆری،[1] بە درێژاییی مێژوو یەکێک لە کاریگەرترین و گرینگترین کەسایەتییەکانی ڕاهێنان و پەروەردەیە. هەرچەندە بەشی هەرە زۆری ژیانی لە سەدەی بیستەمدا تێپەڕ کرد، بەڵام کاریگەرییەکانی بە درێژایی و پاناییی مێژووی ڕاهێناندا بڵاو بوونەتەوە. ماریا لە ٣١ی ئۆگۆستی ١٨٧٠ لە یەکێک لە شارە بچووکە کەناراوییەکانی ئیتاڵیا لەدایک بوو. ماریا لەناو خێزانێکی دەوڵەمەند و بەناوبانگدا گەورە بوو و توانیی لە پەروەردە و خوێندنی باڵا بەهرەمەند بێت. مۆنتێسۆری پاش تەواوکردنی ئامادەیی، چوو بۆ خوێندگەی پزیشکی و یەکەم ژن بوو لە ئیتاڵیا کە لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرای پزیشکیی وەرگرت. ئەوە ئاشکرایە کە تا چ ڕاددەیەک چالاکی و سەرکەوتنەکانی مۆنتێسۆری لە کڵێشە باوەکانی ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەی ئەو سەردەمە دوور بووە و یەکێک لە پێشەنگترین کەسایەتییەکانی داکۆکیکاری مافی ژنان و ئازادیی کۆمەڵایەتیی یەکسان بووە.  

ژیانی پیشەییی مۆنتێسۆری زۆر زوو بە دامەزران لە نەخۆشخانەیەک لە بواری پزیشکیدا دەستی پێ کرد و هاوکات نووسینگەی تایبەتییشی کردەوە. بە کارکردن لە بەشی منداڵانی نەخۆشخانەکەدا مۆنتێسۆری لەگەڵ بوارێکی نوێ ڕووبەڕوو بووەوە. مۆنتێسۆری لە نەخۆشخانە بەرپرسی چاودێری و لێکۆڵینەوەی نەخۆشی و بارودۆخی تەندروستیی ئەو منداڵانە بوو، کە لە باری جەستەیی و زەینییەوە باش گەشەیان نەکردبوو، لەبەر ئەوە زۆر زوو سەبارەت بە تواناییی تێگەیشتن و ناسینی منداڵەکان زانیارییەکی باشی بەدست هێنا. لەبەر ئەوەی حەزی لە باسی ڕاهێنانی منداڵان بوو، بیری له‌وه‌ كرده‌وه‌ کە لە پەنا پیشە پزیشکییەکەیەوە ڕێکخراوێکی تایبەت بە ڕاهێنانی ئەو منداڵانەی لە باری جەستەیی و زەینییەوە باش گەشەیان نەکردووە، دابمەزرێنێت. ئەو، بیرۆکەکانی خۆی، کە لە ئەنجامی دیتن و تاقیکردنەوەیەکی زۆردا بەدەستی هێنابوون، لەو ڕێکخراوەیەدا بەکار هێنا و بە هاوکاریی پزیشکێکی دیکە بە ناوی مۆنتێسانۆ[2] خەریکی ئاگاداری و ڕاهێنانی ئەو منداڵانە بوو کە کەڕن، یان لە باری زەینییەوە باش گەشەیان نەکردووە. زۆر زوو پێوەندییەکی سۆزدارانە لە نێوانیاندا دەستی پێ کرد و لە ئەنجامدا ماریا دووگیان بوو. ماریا کە قەت ڕازی نەبوو لەگەڵ مۆنتێسانۆ زەماوەند بکات، پاش ئەوەی منداڵەکەی بوو، کوڕەکەی بە ژنێکی گوندی ئەسپارد، تا لە گوند کوڕەکەی گەورە بکات و ئاگاداری بێت. پاش ماوەیەک مۆنتێسانۆ لەگەڵ ژنێکی دیکەدا زەماوەندی کرد و ماریا ناچار بوو ڕێکخراوەکەی خۆی بەجێ بێڵێت. ماریۆ[3] هەتا تەمەنی پازدە ساڵی لە دایک و باوکی خۆی دوور بوو، تاکوو سەرەنجام داپیرەی مرد و ئەویش هاتە لای دایکی و لە داهاتوودا بوو بە یەکێک لە گرینگترین هاوکار و یارمەتیدەرانی ماریا بۆ پەرەپێدانی بیرۆکە و فکرەکانی لە بواری ڕاهێنان و پەروەردەدا.

یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ژیانی ماریا، پێشنیارێک بوو کە لە لایەن ئیدوارد تاڵامۆ،[4] بەڕێوەبەری ڕێکخراوێکی خێرخوازیی سەرپەرشتیی منداڵانی بێدایک و باوکەوە پێی کرا. تاڵامۆ داوای لە مۆنتێسۆری کرد ناوەندێکی چاودێریی ڕۆژانە بۆ منداڵانی ئەو ڕێکخراوەیە دابمەزرێنێت و لەو ناوەندەدا کۆمەڵێک بەرنامەی ڕاهێنان جێبەجێ بکات، کە لەگەڵ بارودۆخی ئەو منداڵانە گونجاو بێت. ماریا ئەو دەرفەتەی بە هەل زانی و یەکەم پۆلی بۆ ٥٠ کەس لەو منداڵە هەژارانە کردەوە. مۆنتێسۆری لەو قوتابخانەیەدا شێوازی زانستی و بیرۆکە فەلسەفییەکانی خۆی خستە بواری تاقیکردنەوەوە. ئەو قوتابخانەیە دەستپێکی کردنەوەی سەدان و هەزاران قوتابخانەی مۆنتێسۆری لە سەرانسەری جیهان بوو.

مۆنتێسۆری پەرەی بە قوتابخانەکەی دا و بە بەڕێوەبردنی بەرنامەی پەروەردەی مامۆستا و وتاردان، نەک هەر لە ئیتاڵیا، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهان، بانگەشەی بۆ فەلسەفەی ڕا‌هێنانەکەی خۆی کرد. تا ساڵی ١٩١٣ زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانەی مۆنتێسۆری لە ئەمریکا کرانەوە و دنیا پێشوازیی لە شێوازە پەروەردەیییەکەی مۆنتێسۆری کرد. مۆنتێسۆری بە بۆنەی سەفەرەکانییەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا توانیی کۆمەڵێک هاوپەیمان لە ڕێبازەکانی تر بۆ خۆی دەستەبەر بکات، سەرەتا لایەنگرانی "فریدریش فرۆبێل" بیرۆکەکانی ئەویان لە "باخچەی ساوایان"ی خۆیاندا بەکار هێنا و شوێنکەوتووانی "جۆن دیوی"یش پێشوازییان لە نزیکایەتیی فکریی ئەو و جۆن دیوی کرد، هەرچەندە هەر دوو گرووپەکە لە داهاتوودا بوون بە ڕەخنەگرێکی ڕژدی ئەو و ڕێی خۆیان لێ جودا کردەوە.  

مۆنتێسۆری دوو جەنگی جیهانیی لە ژیانی خۆیدا دیت، کە زۆر کاریگەریی نەرێنییان لەسەر چالاکییەکانی دانا. لەگەڵ دەستبەکاربوونی مۆسۆلینی[5] و دەوڵەتە فاشیستەکەی لە ئیتاڵیا، چالاکییەکانی مۆنتێسۆری جێیان پێ تەنگ کرا. مۆسۆلینی بانگەشەی بۆ وڵاتپەرستییەکی توندڕۆیانە دەکرد و لەگەڵ بنەماکانی ئازادی و هەڵبژاردن، کە بنەمای کاری قوتابخانەکانی مۆنتێسۆری بوون، دژایەتیی دەکرد. مۆسۆلینی و حزبە هاوڕاکانی، زۆر زوو تەواوی ئیتاڵیایان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و کۆمەڵێک قوتابخانەی جیاوازیان بۆ پەروەردەکردنی سەربازی وەفادار بە ڕژێمی فاشیستی دامەزراند و سیستەمی ڕاهێنانیان بە سوودی باوەڕەکانی خۆیان گۆڕی. سەرەنجام هێندەیان گوشار خستە سەر مۆنتێسۆری، کە بەناچاری وڵاتی بەجێ هێشت، لە کاتێکدا کە زۆربەی وڵاتانی سەرانسەری جیهان لە بواری ڕاهێناندا پێشوازییان لە بیرۆکەکانی دەکرد. ئەو، لەنێو سیاسەتی پیاوانی وڵاتەکەیدا جێی نەبوو. مۆنتێسۆری دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانیی دووه‌م، توانیی دیسان بگەڕێتەوە ئیتاڵیا و درێژە بە کارەکانی و وتارەکانی بدات.

مۆنتێسۆری لە دوایین ساڵەکانی تەمەنیدا، هەموو بەرپرسیارێتییەکانی خۆی بە ماریۆی کوڕی ئەسپارد و سەرەنجام ڕۆژی ٦ی مەی ١٩٥٢ لە یەکێک لە گوندەکانی ئیتاڵیا کۆچی دواییی کرد و لە گۆڕەپانی کلێسایەکی کاتۆلیکی بە خاک ئەسپێردرا.

فەسلەفەی ڕاهێنانی ماریا مۆنتێسۆری

نیهادی پاک

مۆنتێسۆری ڕوانگەیەکی نوێی هێنایە نێو فەلسەفەی ڕاهێنانەوە. ئەو، باوەڕی وا بوو کە منداڵ بە شێوەیەکی خۆڕسکی هۆگری چاکە و کەماڵ و فێربوونە. ئەو، وەک لاپەڕەیەکی سپی کە لە لایەن ژینگە و کەسانی ترەوە نەخش و نیگاری لەسەر دەکێشرێتەوە سەیری منداڵی نەدەکرد. بەڵکوو باوەڕی وا بوو کە نیهادی منداڵان بەرەو چاکە و پێشکەوتنە. هەموو منداڵێک حەزی لە فێربوون و جێبەجێکردنی باشترین کار و پێشکەوتنە. کەواتە لە فەلسەفەی ڕاهێنانی مۆنتێسۆریدا تاکە کارێک کە مامۆستا دەبێ بیکات، یارمەتیدانی منداڵە بۆ بەهێزکردنی حەزی فێربوون و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕاهێنان تا منداڵ بۆ خۆی فێر بێت.

پەروەردەی گشتگیر و هەمەلایەنە[6]

مۆنتێسۆری پێی وا نەبوو کە قوتابخانە شوێنێکە تەنیا بۆ فێربوونی زانست و بیرکاری و زمان، بەڵکوو باوەڕی وا بوو کە سیستەمی ڕا‌هێنان دەبێ هەموو لایەنەکانی گەشەی منداڵ لەخۆ بگرێت. گەشەی هەمەلایەنە وەک گەشەی زەینی و کۆمەڵایەتی و سۆزداری و دەروونی و مەعنەوییش، دەبێ لە دەستووری کاری بەرنامەیەکی دەرسیی گشتگیردا جێگیر بکرێت. کەواتە پۆلی وانەی مۆنتێسۆری بێجگە لە ڕاهێنانی زانست و بیرکاری و زمان، ڕاهێنانی هەموو لایەنەکانی تری ژیان، لە پێوەندیی گشتییەوە بگرە هەتا چێشتلێنان و خەیاتییش لەخۆ دەگرێت.

ئازادی

گرینگترین بنەمای ڕاهێنانی مۆنتێسۆری، ئازادییە. ئازادی نەک هەر ئەوەی کە دەبێ لە بەرنامەی دەرسیدا جێبەجێ بکرێت، بەڵکوو دەبێ وەکوو بنەما و هێزی مەعنەوی و فکری بەفه‌رمی بناسرێت. لە فەلسەفەی ڕاهێنانی مۆنتێسۆریدا منداڵان ئازادن تاکوو بۆ خۆیان بەرنامەی دەرسیی خۆیان هەڵبژێرن و تا ئەو کاتەی دەیانەوێت لەو چالاکییە بەردەوام بن کە حەزیان لێیەتی. حەزیان لە چ بابەتێکە فێری بن و ئەو شێوازە چالاکییە هەڵبژێرن کە دەیانەوێت. بە ڕای مۆنتێسۆری یەکێک لە دەستکەوتەکانی ڕاهێنان دەبێ ئازادی بێت. پەروەردە و ڕاهێنان دەبێ مرۆڤ لە لایەنگریی کوێرانە و خۆرافات و ئایدیۆلۆژی ڕزگار بکات.

ڕێکوپێکی و تەکووزیی کەسی[7]

قوتابخانەی مۆنتێسۆری، ناوەندی ڕێکوپێکی و تەکووزییە. هەموو شتێک جێی تایبەتی خۆی هەیە، هەر کەرەستەیەک شوێنی تایبەتی خۆی و هەر چالاکییەک لە بەشێکی جیاوازدا بەڕێوە دەچێت. منداڵان فێر دەبن کە ڕێکوپێک بن. لە پاکوخاوێنی و خاوێنڕاگرتنی کەسی و ژینگەدا بەشداری بکەن و ژینگەی کایە و ژیانیان لە شپرزەیی بپارێزن، چونکە ڕێکوپێکی لە دەرەوە دەبێتە هۆی ڕێکوپێکیی دەروونی و زەینیی منداڵ.

سەربەخۆیی و پشتبەخۆبەستن

منداڵان لە سیستەمی فکریی مۆنتێسۆریدا سەربەخۆن. بەو مانایەی کە منداڵان فێر دەبن بەرپرسیارێتیی کردەوە و فکری خۆیان لەئەستۆ بگرن و بۆ جێبەجیکردنی چالاکییەکانیان پشت بە خۆیان ببەستن و لە پشتبەستن بە کەسانی دی خۆیان بپارێزن. منداڵان هەر لە دەستپێکەوە وەکوو بوونەوەرێکی سەربەخۆ لە دایک و باوک و کەسانی دەوروبەریان هەڵداوێرێن، کە فکر و حەز و ڕەفتاری تایبەتی خۆیان هەیە و دەبێ بە سەربەخۆ بناسرێن. منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە فێر دەبن کارە کەسییەکانی خۆیان بەتەنیا جێبەجێ بکەن و بەرپرسیارێتیهەڵگر و سەربەخۆ بن.

بەشداریکردن و هاوکاری

قوتابخانەی مۆنتێسۆری لەسەر بنەمای بەشداریکردن و هاوکاری بنیات نراوە. منداڵان کۆمەڵێک چالاکیی بەکۆمەڵ جێبەجێ دەکەن و فێر دەبن بە ڕێزی بەرانبەر و ڕاوێژەوە بڕیاری بەکۆمەڵ بدەن.

منداڵ؛ بوونەوەرێکی تایبەتی

تەوەرەی سیستەمی ڕاهێنانی مۆنتێسۆری، منداڵە. منداڵ لە سەروو هەموو شتەکانەوەیە و هەموو بەرنامەکانی ڕاهێنان لە دەوری تەوەرەی منداڵ دەسووڕێتەوە. بە واتایەکی دی، هەموو منداڵێك کەسایەتییەکی تایبەتی خۆی هەیە، کە دەبێ حەزی فکری و بیرۆکەکانی بەفه‌رمی بناسرێت. بەرنامەی دەرسی دەبێ بەپێی پێویستی و حەزەکانی منداڵ دابڕێژرێت و بەرنامە دەرسییەکەی هەمەڕەنگ و هەمەجۆر بێت، دەبێ هەموو منداڵێک درێژە بە بەرنامەی دەرسیی تایبەتی خۆی بدات هەتا ئەو کاتەی پێویستی بەو بەرنامەیە هەبێت، چەندە کاتی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە پێویست بێت، چەندە بەخێرایی، یان بە شێنەیی جێبەجێی بکات، دەبێ هەر لەو بەرنامەیەدا بەرەو پێش بچێت. منداڵ تێگەیشتنێکی تایبەتیی لە ژینگە هەیە، کەواتە ئەو شتەی لە مێشکی خۆیدا دەیچنێت، لە بیری کەسانی دیکە جیاوازە و هەر منداڵێک مافی خۆیەتی کە ڕاهێنەرەکەی گرینگییەکی تایبەتی پێ بدات.

ڕاهێنانی بەرچاوەکی و هەستپێکراو

مۆنتێسۆری باوەڕی وا بوو کە ڕاهێنان دەبێ لە ڕێی هەستپێکردنەوە ڕابگوازرێت، لەبەر ئەوە بۆ خۆی گەڵاڵەی دروستکردنی چەند کەرەستەی یارمەتیدەری ڕاهێنانی داڕشت، کە بۆ ڕاگواستنی چەمکی ئەندازە، گەورەیی و بچووکی، پۆلێنبەندی و لێهاتوویییەکانی زمانی ڕاهێنان و بیرکاری بەکاری دێنان. لەبەر ئەوەی قوتابخانەکانی مۆنتێسۆری لە سەرانسەری جیهان چەندین جۆر کەرەستەی یارمەتیدەر بۆ ڕاهێنانی ئامانجدار بەکار دێنن، یەکێک لە تەیارترین و هاوکات گرانترین ناوەندەکانی ڕاهێنانن. چونکە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هەر ڕاهێنانێک، کۆمەڵێک کەرەستەی تایبەتیان دروست کردووە و بەکاری دێنن.

ڕۆڵی مامۆستا وەک ئاسانكار

لە سیستەمی ڕاهێنانی مۆنتێسۆریدا مامۆستا ڕۆڵی نەریتیی خۆی لەدەست دەدا. چاوەڕێ ناکرێت مامۆستا وەکوو تەوەرەی پۆلەکە ڕۆڵ بگێڕێت و قسە بۆ منداڵەکان بکات. مامۆستا وەکوو هاوکار، ئاسانکاری بۆ فێربوونی منداڵان دەکات و تا ئەو جێیەی دەکرێت هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی کەمڕەنگ و بێکاریگەری لە ڕەوتی ڕاهێناندا لەئەستۆ بگرێت. مامۆستاکان هەوڵ دەدەن ڕێکوپێکی کۆنتڕۆڵ بکەن و لە ڕەوتی چالاکییەکانی ڕاهێناندا لەگەڵ قوتابیان بن، نەک ئەوەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەست لە کاروباری ڕەوتی فێربوون وەربدەن، تا بیرۆکەکانی خۆیان بە منداڵان بنووسنەوە.

بەرنامەی دەرسیی مۆنتێسۆری

قوتابخانەکانی مۆنتێسۆری قۆناغی پێش بنەڕەتی تا کۆتاییی ئامادەیی لەخۆ دەگرن. زۆربەی جاران ئەو قوتابخانانە لەسەر جیاکردنەوەی منداڵان بەپێی تەمەنیان پێداگری ناکەن. بەڵکوو زۆر جاران منداڵان بەسەر چەند پۆلدا دابەش دەکرێن، کە مەودای تەمەنی منداڵانی ئەو پۆلانە نزیکەی سێ ساڵە. یانی منداڵانی ٣_٦ ساڵ پۆلێک، منداڵانی ٦_٩ ساڵ پۆلی دوو و ٩_١٢ ساڵ پۆلی سێ، ١٢_١٥ پۆلی چوار و ١٥_١٨ پۆلی پێنج پێک دێنن. فەلسەفەی مۆنتێسۆری بۆ ئەو دابەشکردنە ئەوەیە کە منداڵان کاتێک لە پەنا هاوپۆلە گەورەتر، یان بچووکترەکانی خۆیانەوە دادەنیشن، باشتر لە توانایییەکانی خۆیان تێ دەگەن؛ بۆ نموونە، منداڵە بچووکترەکان بە لاساییکردنەوەی گەورەترەکان پەرە بە فێربوونی خۆیان دەدەن و گەورەکانیش لە فێربووندا یارمەتیی بچووکەکان دەدەن.

زانست

قوتابخانەی مۆنتێسۆری زانست بەسەر چەند دیسیپلیندا دابەش ناکات، بەڵکوو هەوڵ دەدات بوارە جیاوازەکانی زانست پێکەوە کۆ بکاتەوە. قوتابخانەکانی مۆنتێسۆری پڕن لە چالاکیی ڕاهێنان لە بوارە جیاوازەکانی زانستدا؛ هەر لە باخەوانییەوە بگرە هەتا ئەستێرەناسی و کەشناسی.

مێژوو و فەرهەنگ

بەشێکی گرینگ لە بەرنامەی دەرسیی مۆنتێسۆری تایبەتە بە ناسینی فەرهەنگ و داب و نەریت و مێژوو. منداڵان هان دەدرێن لەبارەی فەرهەنگە جیاوازەکانەوە زانیاری کۆ بکەنەوە و زانستەکانی خۆیان بخەنە ناو بەستێنی مێژووەوە. بۆ ناسینی توخمە فەرهەنگییەکانی نەتەوە جیاوازەکان لە مۆسیقا، سەما و هەموو جۆرەکانی دیکەی هونەرەوە بگرە هەتا مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتییش لە بەرنامەی دەرسیی مۆنتێسۆریدا جێگیر دەکرێت.

هونەر

هونەر وەکوو گرینگترین بزوێنەری داهێنان لە بەرنامەی دەرسیی مۆتێسۆریدا ڕۆڵێکی زۆر گرینگ دەگێڕێت. شێوەکاری، کاری دەستی، گۆزەکەری، کۆلاژ، مۆسیقا، سەما و شانۆ، هەمووی ئەو هونەرانە لە قوتابخانەکانی مۆنتێسۆریدا کاریان لەسەر دەکرێت.

زمان

مۆنتێسۆری لەسەر گرینگیی زمانی ڕاهێنان لە تەمەنی منداڵییەوە پێداگریی دەکرد، بەڵام شێوازی باوی فێرکردنی زمانی قبووڵ نەبوو؛ ئەو لە جیاتی نووسینی ئیملای وشە و ڕستە، بە بەکارهێنانی کەرەستەی یارمەتیدەری ڕاهێنانەکانی، وەکوو کارت، قوڕی دەستکرد، شێوەکاریی ڕەنگی و...، پیت و وشە و ڕستەسازیی فێری منداڵان دەکرد. ئەو، شێوازێکی ناڕاستەوخۆی بۆ ڕاهێنانی زمان پێشنیار دەکرد.

بیرکاری

بیرکارییش یەکێک لە گرینگترین بابەتەکانی بەرنامەی دەرسیی مۆنتێسۆرییە، بەڵام ڕێک وەک ڕاهێنانی زمان، ڕاهێنانی بیرکارییش دەبێ لە ڕێی یاری و بەکارهێنانی کەرەستەی یارمەتیدەری ڕاهێنان و بە شێوەیەکی هەستپێکراو و بەرچاوەکی فێری منداڵ بکرێت. منداڵان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ چەمکگەلی بیرکاری و ژمارەکان ئاشنا دەبن و چەمکە بنچینه‌یییەکانی بیرکاری فێر دەبن.

ڕەخنەگرانی مۆنتێسۆری

فەلسەفەی ڕاهێنانی مۆنتێسۆری ڕۆڵێکی گەورەی لە ناساندنی ڕووێکی دیکەی ڕاهێنان و فێربوون، بەتایبەت لە تەمەنی منداڵیدا هەبووە. ئەو، بناغەدانەری فەلسەفەی ڕاهێنانی منداڵتەوەرە و قوتابی دەخاتە ناوەندی سیستەمی ڕاهێنانەوە. مۆنتێسۆری گرینگی بە هێزی نۆژەنکردنەوەی ڕاستییەکان لە زەینی مرۆڤدا دەدات و، تێگەیشتنی تایبەتیی لە ڕاستییەکانی ژینگە بیر دەخاتەوە. بەڵام سەرکەوتنی قوتابخانەکانی مۆنتێسۆری لە کردەوەدا جێی باسە. ڕاستە کە زۆربەی ئەو قوتابییانەی لەو قوتابخانانەدا خوێندوویانە، سەرکەوتنی بەرچاویان لە بواری خوێندن و پیشەی خۆیاندا بەدەست هێناوە، بەڵام پێداویستی و کەرەستە یارمەتیدەرەکانی ڕاهێنانی ئەو قوتابخانانە پارەیەکی زۆریان دەوێت و بەکردەوە تەنیا منداڵانی خێزانە دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگه‌ دەتوانن لەو قوتابخانانەدا بخوێنن. لە لایەکی تریشەوە، گرینگیدان بە تاک بە تاکی منداڵان، هەرچەندە لەو قوتابخانانەدا کە ژمارەی قوتابیان کەمە، جێبەجێ دەبێت، بەڵام بۆ ئەو قوتابخانانەی ژمارەی قوتابیان زۆرە، بەتایبەت قوتابخانە حکوومییەکان لە ناوچە هەژارنشینەکان کە پێداویستییەکانی خوێندنیان کەمە، جێبەجێ نابێت. لە لایەکی دیکەیشەوە، هەندێک لە ڕەخنەگران باوەڕیان وایە کە دانانی بەرنامەی دەرسی بەپێی حەز و هەڵبژاردنی منداڵان چۆنێتیی ڕاهێنان دێنێتە خوارێ، چونکە کۆمەڵگه‌ بۆ پەروەردەکردنی ئەندامەکانی خۆی دەبێ پلان و ئامانجی باڵای هەبێت؛ هەرچەندە دەتوانرێت لە کەرتی تایبەتدا مافی هەڵبژاردن بە هەموو تاکێکی کۆمەڵگه‌ بدرێت، بەڵام ناکرێت ئەو مەسەلەیە لە هەموو بەرنامە دەرسییەکاندا بگونجێنرێت. منداڵان ناتوانن داوەرییەکی ڕاست و تەواویان سەبارەت بەو شتانە هەبێت کە بۆ گەشەی زەینی و کۆمەڵایەتییان پێویستە. کۆمەڵگه‌ ناتوانێت سیستەمی ڕاهێنان لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی کەسیی یەک بە یەکی تاکەکان دابنێت.

 

[1] . Maria Montessori

[2] . Dr. Montesano

[3] . Mario

[4] . Eduoardo Talamo

[5] . Mussolini

[6] . Holistic approach

[7] . Self discipline

سەرچاوە:

http://www.amoozesh118.com