چۆن مێژوو لە شەڕوشۆڕ ڕزگار بكرێت؟

ئەحمەد برقاوى

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر ساڵح

هەروەک هۆبز دەڵێت، ئەگەر هات و لە ڕاستیدا مرۆڤەکان وەکوو گورگێک بن بۆ یەکتر، ئەوە ژیانیان لەگەڵ یەکتردا  مەحاڵ بوو بەبێ هەوڵدان بۆ دانانى سنوورێک بۆ ئەم دڕندایەتییەى کە لە چەند شێوازێکى جیاجیاى توندوتیژیدا خۆى دەنوێنێت. بۆ ئەم سنووردانانەیش و، هەروەها خوڵقاندنى  ئاشتى و تەبایی لە نێوان مرۆڤەکاندا کۆمەڵێک بەهاى هاوبەش لە مێژووى مرۆڤایەتییدا بنیات نرا و لەگەڵ ڕۆژگاردا، بوون بە کۆمەڵێک پێوەر و دواتریش بوون بە ئەرک و، پێویست دەکات پێوەیان پابەند بین، ئەوانیش بریتین له‌ بەهاکانى: خۆشەویستى و سۆز و ئاشتى و تەبایی و ئاسایش و هاوکارى و ڕاستگۆیی و دڵسۆزى و هتد. بێ گومان ئەم بەهایانە بۆ ژیانى مرۆڤایەتى، گرنگترن  لە درۆ و فێڵ و کوشتن و هە موو شێوەکانى تری ئازاردانى یەکتر؛ هەر ئەم بەهایانەیش ئەو سنوورە بوون، كه‌ بۆ دڕندایەتى و دژایەتیکردنى یەکتر داندران.

ئەم بەها جوان و بەرزانە لەسەر دەستى دادوەرانى پێش زایینى و فەیلەسووف و پێغەمبەران بنیات نران. ئه‌وان بەشێک لەم بەهایانەیان لە شێوەى یاسادا داڕشت کە دەبێت هەمووان پێوەى پابەند بن؛ بەڵام سەڕەڕاى هەموو ئەمانە مرۆڤایەتى هەر لە ڕەوشتى گورگایەتى و خەسڵەتەکانى پاک نەبووه‌وە. تاوەکوو ئێستایش شەڕ و دژایەتى لەناو کۆمەڵگەى مرۆڤایەتییدا هەر بەردەوامە، جا چ لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى بن یان ناوخۆیی؛ هەروەها ململانێکردن لەسەر پارە و سامان هەر کۆتاییی پێ نەهاتووە، بەپێچەوانەوە ململانێى تر لەسەر بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژییه‌ جیاوازەکان پەیدا بووە.

لە ڕاستیدا هۆکارە  هەرە دیارەکانى ئەم دژایەتیکردنەیش بریتین لە  خراپ بەکارهێنانى هێز و دەسەڵات و بەرژەوەندییەکان؛ جا چ لە لایەن دەوڵەت و سیاسەتەکەیەوە بێت یان لە لایەن کۆمەڵە توندڕەوەکانه‌وه‌، یاخود زۆر جار ئەمە لە سیستەمە حوکمڕانییە بەرایییەکاندا ڕوو دەدات.

لە ڕاستییدا خۆبەدەستەوەدان بۆ بەردەوامیى جەنگ بە هەموو شێوەکانییەوە، وا دەکات زیاتر ژیانى مرۆڤایەتى و کۆمەڵگەکان بەرەو هەڵدێر بچێت. لە ئێستایشدا جەنگ و شەڕوشۆڕ هێندە بەرۆکى جیهانى گرتووە،  کە  پێویست بە هێنانەوەى نموونە ناکات و، بوونەتە ڕاستییەک بە بەرچاوى هەمووانەوه‌ لە ڕابردوو و ئێستایشماندا. بە تەنیا چاوخشاندنێک بە جیهاندا بە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا و باکوور و باشوورییەوە تووشى سەرسووڕمان دێیت کە خەیاڵ وێناى ناکات، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى عەرەبی بە شەڕوشۆڕى بەردەوام  ناسراوە و، بە شێوەیەکى گشتییش بەدەگمەن پارچەیەک لە زەوى ماوەته‌وه‌، بە هۆى  جیاوازیى ئایدیۆلۆژی و جیاوازیى نەتەوەیییه‌وه‌ توندوتیژیى تیادا نەبووبێت.

ملکەچبوون بۆ ئاژاوەگێڕى، شایستەى ئاوەزى مرۆڤەکان نییە، چونکە بەردەوام ئاوەزى مرۆڤ لەناو ئەم گێژاوەیشدا بە دواى خەسڵەتە هاوبەش و هاوشێوەکانى مرۆڤایەتى دەگەڕێت، تا لە ڕێگەیانەوە بەها هاوبەشەکان دروست بکات و بەرگرییان لێ بکات و هەوڵ بدات بیانگۆڕێت بۆ ئەوەى ببنە شێوازێک بۆ ژیانى مرۆڤایەتى. هەرچەندە دروستبوونى ئەم گۆڕانکارییانە هێواش و قورس بێت، بەڵام نابێت مرۆڤایەتى لێى نائومێد بێت؛ بەتایبەتیش چالاکوانانى بوارى کۆمەڵایەتى، دەبێت هەموو کات هەوڵى ئەم وەچەرخانە بدەن و هەوڵ بدەن بۆ جێگیرکردنى ئیرادەى خێر و چاکە و ئاشتى و، زاڵکردنى بەسەر نائومێدى و خەمۆکى و ویستى شەڕانگێزانەى مرۆڤەکاندا.

پرسیارى ڕاست و گرنگ لێرەدا ئەوەیە: بۆچى ئایدیۆلۆژییه‌کان کە خۆى لە خۆیدا بەرهەمى ئاوەزى مرۆڤن، بوونەتە هۆى تێکدان و وێرانکردنى بەها هاوبەشەکانى مرۆڤایەتى؛ لەوەیش گرنگتر، ئایینەکان کە پڕاوپڕن لە بەها چاک و جوانەکان، کەچى بوونەتە سەرچاوەى پێکدادان و لێکترازانى خاوەن بیروڕا جیاوازەکان؟

بێ گومان وەڵامى ئەم پرسیارە لە لاى عەقڵانییەکان زۆر سادە و ئاسانە، چونکە ئەوان بە دواى ئەو هۆکارانە دەگەڕێن کە فاکتەرن لە پشت ئەم تەنگژانەوە کە دیارترینیان بریتییە لە ناکۆکییەکان لەسەر سامان و ئارەزووکردنى بەدەستهێنانى دەسەڵات و جگە لە هەموو ئەو بەرنامانەى کە بەئەنقەست بۆ زیادبوونى ئاژاوە و ناکۆکییەکان دادەڕێژرێن؛ هەر بۆ نموونە ئەو کەسەى بۆ کارێکى کوشتارى بەرنامەڕێژى دەکات، زۆر لە ئەنجامدەرى تاوانەکە ترسناکترە.

لێرەدا گرنگیی ئەو پرۆگرامانە دەردەکەوێت کە بە درێژاییی مێژوو بۆ هۆشیارکردنەوە و زیادکردنى هۆشیاریى تاکەکان بۆ ژیانێکى ئارام و ئاسوودە دانراون. کارى ئەم پرۆگرامانە بریتییە لە دۆزینەوەى خاڵە هاوبەشەکانى مرۆڤایەتى، بۆ ئەوەى ناکۆکییەکانى مرۆڤایەتى بە ئاقارێکى دیکەدا بەرێت و ئاشتى و ئاسایش شوێنى بگرێتەوە. بێ گومان ئەم پرۆگرامانە ڕۆڵى خۆیان بەچاکى گێڕاوە و تا ڕاددەیەکى باش هۆکار بوون بۆ نەهێشتن یاخود کەمکردنەوەى تەنگژەکان.

بۆ نموونە پرۆگرامەکانى خوێندنیش، پڕن لەو بەرنامانەى کە باس لە ئاشتى و ئاسایش دەکەن و  هانى تاک دەدەن  بۆ دوورکەوتنەوە لە خەسڵەتى شەڕانگێزى کە دەبێتە هۆى شێواندنى ژیانى مرۆڤایەتى.

هەوڵەکانى مرۆڤ لە مێژوودا بۆ پێکەوەژیانى ئاشتى و تەبایی ڕوون و ئاشکرایە، بەڵام خەسڵەتى دڕندایەتى و بەربەرەکانێکردنى یەکترى لە ژیانى مرۆڤایەتى، هەر بەردەوامیى هەیە. زۆربەى ئەو شەڕانەیش کە هەڵگیرساون، جا چ ناوخۆیی بن یان نێودەوڵەتى، ئەگەر ڕێگەى ئاشتییانەى گرتبێتە بەر، ئەوا لە شێوەى ڕێککەوتن چارەسەر کراوە و کۆتاییی پێ هاتووە، کە زۆر جار ئەم ڕێککەوتنە لەژێر ناوى دەستوور  یان پەیماننامەدا بووە.

نموونەى زۆرمان هەیە لە مێژوودا دەربارەى گەڕانەوەى ئاشتى دواى شەڕوشۆڕ و ئاژاوە، هەروەک پەیوەندیى ئەمریکا بە ڤێتنام گەورەترین نموونەى ئەم بارەیە. لێرەدا ناگەڕێینەوە سەر هۆکارەکانى ئەم جەنگە و لێکەوتەکانى، تەنیا ئەوەندە بەسە ئاماژە بەوە بکەین کە ئەم جەنگە بۆ ماوەیەک لە نێوان ئەم دوو وڵاتە بەردەوام بوو. هەرگیز لە مێژوودا ڤێتنام ئەو شەڕ و کوشتارەى به‌خۆیەوە نەبینیبوو، بە ڕاددەیەک سێ تا چوار ملیۆن ڤێتنامى لەناو چوون و ڕووبەرێکى زۆر گەورەى دارستانەکانیان بە هۆى چەکى کیمیایییەوە سووتا؛ ئەمە جگە لەو هەموو زەرەر و زیانەى بە ژێرخانى ئابوورییان کەوت و ئەو قەیران و ناخۆشییەى لە ئەنجامى جەنگەوە پەیدا بوو لە هەژارى و لەدەستدانى گیانى ئەو ژمارە زۆرە ڤێتنامییە، لە بەرامبەریشدا ئەمریکا نزیکەى شەست هەزار سەربازى لێ کوژرا.

مەبەست ئەوەیە دواى ئەم هەموو کوشتا و وێرانکارییە، پەیوەندیى ئەمڕۆى ئەمریکا و ڤێتنام شتێکى ترمان پێ دەڵێت لە هاوردەکردنى چەک لە نێوانیان و، هەروەها پەیوەندیى ئابووریى ئاڵوگۆڕکراو؛ جگە لەوەیش بۆ پێکهاتنەوە و ڕێککەوتنى یەکجارەکى و پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان، ئۆباما سەردانى ڤێتنامى کرد و لە ساڵى ڕابردوویشدا ژمارەیەک فڕۆکەى ئەمریکى لە کەناراوەکانى ڤێتنام نیشتنەوە. دەیشگوترێت هەموو ئەوانە بە هۆى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى نێوان ئەم دوو وڵاتە بوو بەرامبەر بە چین؛ بێ گومان ئەم بەرژەوەندییانەیش دواى ئەو کوشتار و وێرانکارییە دروست بوو. لە کۆتاییدا ئەو پەیوەندییە نوێیەى نێوان ئەمریکا و ڤێتنام ئەوە دەسەلمێنێت کە بە وازهێنان لە ڕابردووى تاڵ و مێژووى پڕجەنگ، دەتوانرێت مێژووى مرۆڤایەتى ئازاد و پاک بکرێتەوە لە شەڕانگێزى و ناکۆکییەکان و دووبارە بنیاتنانەوەى ئاییندەیەکى نوێ و سوودوەرگرتن لەو پەیوەندییانەى کە لەسەر بنەماى بەرژوەندییە هاوبەشەکان دروست دەبن.  

سەرچاوە:

https://www.hafryat.com