لێڤی: کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو

لێڤی: کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو

(Levy’s relativity modernized societies)

لە كتێبی: "گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی"

نووسینی: ئالڤین. ی. سو، ١٩٩٠

وەرگێڕانی: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

مۆدێرنیزاسیۆن چۆن پێناسە کراوە؟ بۆچی مۆدێرنیزاسیۆن ڕوو دەدات؟ چۆن کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو، لە کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرننەبوو جیاوازن؟ ئاسۆکانی مۆدێرنیزاسیۆن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا چین؟ ئەمانە پرسیاری سەرەکین کە لە توێژینەوەکەی لێڤی (١٩٦٧)، خراونەتە ڕوو.

یەکەم، چۆن مۆدێرنیزاسیۆن پێناسە دەکرێت؟ لێڤی مۆدێرنیزاسیۆن بەپێی ڕاددەی بەکارهێنانی ئامراز و سەرچاوە بێڕۆحەکان (inanimate source)ی هێز پێناسە دەکات [سەرچاوە بێڕۆحەکانی هێز بریتین لەو سەرچاوانەی کە بۆ پێشکەتنی ئابووری بەکار دێت؛ بۆ نموونە نەوت، ئاسن، کەرەستە خاوەکان]. ئاشکرایە، هیچ کۆمەڵگەیەک بوونی نییە کە بەتەواوەتی خاوەن ئامراز و سەرچاوە بێڕۆحەکانی هێز نەبێت، کەواتە لە مۆدێرنیزاسیۆن تەنیا ڕاددەی بەکارهێنانی ئەم سەرچاوانە باسی سەرەکییە. بە پشتبەستن بەم گریمانەیە، لێڤی کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو و کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدیرننەبوو لێکجیا دەکاتەوە و هەر کامەیان پێگەی دژی ئەوی تریان ده‌داتێ. بۆ لێڤی بریتانیای گەورە، ژاپۆن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵگەی تا ڕاددەیه‌ک مۆدێرنبوون؛ چین، هیند و دوورگەکانی ترۆبلیەند کۆمەڵگەی تا ڕاددەیه‌ک مۆدیرننەبوون. دواتر لێڤی باس لەوە دەکات کە بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدیرنبوو، گشت کۆمەڵگەکانی تا ڕادده‌یەک مۆدێرننەبوو، لە ڕووی ستراکتۆری کۆمەڵایه‌تییەوە لێکچوونی زۆریان لەگەڵ یەکتردا هەیە. بۆ نموونە، کۆمەڵگەی بریتانیی سەدەی سێزدەیەم، نەک لەگەڵ بریتانیای ئەم سەردەمە، بەڵکوو لێکچوونی زۆرتری لەگەڵ کۆمەڵگەی دوورگەکانی ترۆبیلەندی ئەوکاتدا هەیە. هەڵبەت لێڤی دان بەوەدا دەنێت کە کاتێک ئەو بەراوردکاریی نێوان کۆمەڵگەکاندا دەکات، لەم بەراوردکارییەدا باس لە "ئاستێکی لەڕاددەبەدەر گشتگیر" دەکات.

دووەم، بۆچی مۆدێرنیزاسیۆن ڕوو دەدات؟ یەکێک لەو هۆکارانەی کە لێڤی ئاماژەی پێ دەدات بریتییە لە دروستبوونی پەیوەندی لە نێوان کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدیرننەبوو. بۆ لێڤی مۆدێرنیزاسیۆن چارەسەری گەردوونیی کێشە کۆمەڵایەتییەکانە. ئەو دەڵێت:

"نموونەکانی کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو، هەر کاتێک دەست بە گەشەکردن بکات، مەیلێکی جیهانیی لە خۆی نیشان داوە کە دەتوانێت لە گشت ئەو بەستێنە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەندامانی ئەم بەستێنە پەیوەندییان لەگەڵ کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبووندا دروست کردووە تەشەنە بکات. ئەم نموونانە بەبەردەوامی تەشەنە دەکەن. کاتێک تەشەنەکردن دەستی پێ کرد، نموونەکانی خۆجێی پێشوو دەگۆڕدرێن؛ ئەم گۆڕانەیش هەمیشە بە ئاراستەی هەندێک نموونه‌ی کۆمەڵگەی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبووە." ل٩.

دەکرێت ئەم چەمکە بە خستنەڕووی نموونەیەکی ئاشنا ڕوون بکەینەوە. کاتێک ئەندامانی  کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرننەبوو تامی پێپسی و کۆکاکۆلای ئەمریکی ده‌كه‌ن، ئەوان چیتر نایانەوێت تامی ئاوی بێتام بکەنەوە.

سێیەم، چۆن کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو، لە کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرننەبوو جیاوازن؟ بە بۆچوونی لێڤی، کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدیرننەبوو ئەم خەسڵەتانەیان هەیە: ئاستێکی نزمی پسپۆرگەرایی، ئاستێکی بەرزی پشتبەخۆبەستن، نۆرمە که‌لتوورییە تەقلیدییەکان، تایبەتگەرایی (particularism)، تێکەڵاویی کارکردەکان، زۆر بەکەمی جەخت لەسەر سووڕانەوەی پارە و بازاڕ دەکرێت، نۆرمی خێزانی وەک خزمخزمێنه‌، یەکلایەنەبوونی هاتوچۆی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، واتە تەنیا لە گوندەوە بۆ شار. بەپێچەوانەوە خەسڵەتی کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو بریتین لە: ئاستێکی بەرزی پسپۆرگەرایی و سەربەخۆییی دامەزراوەکان، نورمە که‌لتوورییە عەقڵانییه‌كان، گەردوونگەرایی، پسپۆرێتیی کارکردەکان، ئاستێکی بەرزی ناوەندگەرایی، جەختکردنە سەر سووڕانەوەی پارە و بازاڕ، جیاکردنەوەی بیرۆکراسی لە بەستێنەکانی تر، هەروەها دوولایەنەبوونی هاتوچۆی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە نێوان گوند و  شارەکاندا (بڕوانە خشتەی خوارەوە).

گرنگترین جیاوازی لە نێوان کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرنبوو و کۆمەڵگەکانی تا ڕاددەیەک مۆدێرننەبوو



دواجار ئاسۆی وڵاتانی جیهانی سێیەم کە لە هەوڵەکانیان بۆ مۆدێرنیزاسیۆن پاش كه‌وتوون، چی دەبێت؟ لێڤی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم وڵاتانە هەم سوودمەند بوونە و هەمیش زەرەرمەند. لە لایەک، ئەوان سوودمەند بوونەوە لەوەی کە دەزانن بەرەو کوێ دەڕۆن، دەتوانن لە بواری پلاندانان، کەلەکەبوونی سەرمایە، شارەزاییی نموونەکانی ڕێکخستن سوود لە لێهاتووییی کەسانی تر وەرگرن بەبێ ئەوەی کە هیچ تێچوونێک بۆ ئەفراندن لەم بوارانەدا خەرج بکەن. هەروەها دەتوانن بەسەر هەندێک لە قۆناغەکانی ناپێویستی مۆدێرنیزاسیۆندا باز بدەن. زیاد لەمەیش، لێڤی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە: "ئەو کەسانەی پێشتر لەم بوارەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە، لەوانەیە یارمەتیی ئەم وڵاتانە بدەن کە لەم پرۆسەیە وەپاش کەوتوون." لە لایەکی ترەوە، ئەم وڵاتانەی کە وەپاش کەوتوون، ڕووبەڕووی کێشەی قەبارە (scale problem) دەبنەوە (واتە ئەوان دەبێ هەر لە سەرەتاوە کۆمەڵێک کار لە قەبارەیەکی گەورەدا ئەنجام بدەن). هەروەها ڕووبەڕووی کێشەکانی گۆڕینی (conversion) سەرچاوەکان، ماددەکان، شارەزایییەکان و چەندین کێشەی تر دەبنەوە. هەروەها ڕووبەڕووی کێشەی بێهیوایی دەبنەوە؛ بۆ نموونە، بێهیوابوون لە هەوڵدانی زۆرتر و زۆرتر کە لەوانەیە زۆرتر و زۆرتر دوا بکەون). لێڤی ئاماژە بەوە دەدات کە هەمیشە خەڵکانێکی زۆر لە پرۆسەی گوزاری کۆمەڵگە بەرەو نموونه‌ی کۆمەڵگەی تا ڕاددەیەک مۆدیرنبوو، زیانمەند دەبن.