لێکجیاکاریی ستراکتۆریی سمێلسێر

(Smelser’s structural differentiation)

لە كتێبی: "گۆڕانی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی تیۆرییەکانی مۆدێرنیزاسیۆن، وابەستەیی و سیستەمی جیهانی"

نووسینی: ئالڤین. ی. سو، ١٩٩٠

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هیوا مەجید خەلیل، دکتۆرا لە گەشەسەندنی سیاسی

سمێلسێر(١٩٦٤)، بە پشتبەستن بە ڕێبازێکی کۆمەڵناسانە، چەمکی لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکانی بۆ خوێندەنەوەی وڵاتانی جیهانی سێیەم بەکار هێنا. بۆ سمێلسێر، بەگشتی مۆدێرنیزاسیۆن واتە لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان؛ چونکە لە نێوه‌ندی پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆندا، ستراکتۆرێکی ئاڵۆز کە چەندین کارکرد [ئه‌رك/وظيفة]ی جیاوازی هەیە، بەسەر چەندین ستراکتۆری پسپۆر دابەش دەبێت کە هەر ستراکتۆرێک تەنیا یەک کارکردی هەیە. بەگشتی، پێکهاتەی ستراکتۆرە نوێیەکان، هەمان ڕۆڵی ستراکتۆرە ڕەسەنەکە دەگێڕن، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ بەستێنە کۆنەکە، کارکردەکان لە بەستێنی نوێدا کارامەترن [بە زمانێکی سادە لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان، واتە دیاریکردنی ئەرک و سنوورەکانی دامەزراوەکانی ناو کۆمەڵگه‌].

نموونەی تەقلید بۆ لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان بریتییە لە دامەزراوەی خێزان. لە ڕابردوودا خێزانی تەقلیدی، ستراکتۆرێکی ئاڵۆزی هەبوو؛ واتە ستراکتۆرەکەی هێندە بەرفراوان بوو کە چەندین نەوە (جیل)ی لەخۆ دەگرت و خزم و کەسوکار لەژێر یەک بنمیچدا دەژیان. زیاد لەمەیش، خێزان چەندین کارکردی هەبوو. خێزان نەك تەنیا بەرپرسیار بوو لە وەچەخستن و پشتگیریکردن لە ئەندامەکانی، بەڵکوو بەرپرسیار بوو لە بەرهەمهێنان (وەک بەرهەمهێنان لە کێڵگەدا)، پەروەردە و فێرکردن (بەکۆمەڵایەتیکردنی نافەرمی لە لایەن دایک و باوکەوە)، خوشگۆزەرانی (چاودێریکردنی بەساڵاچووان)، هەروەها بەجێگەیاندنی ڕێوڕەسمی ئایینی (پەرستشی باو و باپیران). لە کۆمەڵگه‌ی مۆدێرندا، دامەزراوەی خێزان بە پرۆسەی لێکجیاکردنەوەی کارکردەکاندا دەرباز بووە.

ئێستا خێزان ستراکتۆرێکی سادەتری هەیە-واتە خێزانێکی بچووکە. هەروەها خێزانی مۆدێرن زۆرێک لە کارکردە کۆنەکانی لەدەست داوە. دامەزراوە پیشەیییەکان، ئەرکی دامەزراندنیان لە ئەستۆ گرتووە. ئێستا دامەزراوە فەرمییەکانی پەروەردە، ئەرکی فێرکاری و خوێندنی منداڵ لە ئەستۆ دەگرن. ئەرکی دابینکردنی خۆشگوزەرانی لە ئەستۆی حکوومەتدایە. هەر یەک لەم دامەزراوانە تەنیا لە یەک کارکرددا پسپۆڕییان هەیە، هەروەها ئەدای ئەم دامەزراوە نوێیانە لە ئەدای ستراکتۆری خێزانی کۆن، کارامەترە. کۆمەڵگه‌ی مۆدێرن بەرهەمهێنەرترە، ئاستی خوێندەواریی منداڵ بەرزترە، هەروەها خاوەن پێداویستییەکان زۆرتر لە ڕابردوو پێداویستییەکانیان دابین دەکرێت.

بە هەر حاڵ، شیکردنەوەی سمێلسێر سنووری لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان دەرباز دەکات. پرسیارێکی تری گرنگ کە سمێلسێر دەوروژێنێت بریتییە لەوەی کە دوای دابەشکردنی دامەزراوەیەکی ئاڵۆز بۆ سەر چەندین دامەزراوەی سادە، چی ڕوو دەدات. سمێلسێر باس لەوە دەکات کە ئەگەرچی لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان دەبێته‌ هۆی بەرزکردنەوەی تواناییی کارکردی دامەزراوەکان، بەڵام هاوکات دەبێتە هۆی هێنانەدیی گرفتی ئیندیماج (integration)، کە بریتییە لە گرفتی چۆنێتیی هاوئاهەنگکردنی چالاکییە جۆراوجۆرەکانی دامەزراوە نوێیەکان. بۆ نموونە، دامەزراوەی تەقلیدیی خێزان، ئەرکی ئیندیماجیش ئەنجام دەدا. زۆرێک لە کارکردەکانی وەک بەرهەمهێانی ئابووری و پشتگیریکردن لە ئەندامانی خێزان، لە لایەن خودی خێزانەوە ئەنجام دەدران. منداڵەکان لەناو کێڵگەی خێزاندا کاریان دەکرد و خێزان پشتگیریی [ئابووریی] دەکردن. بەڵام کاتێک خێزان لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکانی بەخۆوە بینی، کێشه‌ی ئیندیماج لە کۆمەڵگه‌کانی مۆدێرندا سەریان هەڵدا. ئێستا کێشەی چۆنێتیی هاوئاهەنگکردنی نێوان دامەزراوەی خێزان و دامەزراوی ئابووری سەری هەڵداوە، چونکە منداڵ پێویستی بەوە هەیە کە لە دەرەوەی خێزان بە دوای کاردا بگەڕێت. هەروەها کێشەی هاوئاهەنگکردن لە نێوان دامەزراوەی خێزان و دامەزراوەی پشتگیریکردنیشدا هاتۆتە دی. چونکە چیتر خێزان ناتوانێت لە هەمبەر نادادپەروەرییەکانی ژینگەی کار، پشتگیری لە ئەندامانی خێزانەکەی خۆی بکات. لەم ڕوانگەیەوە لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکان کێشەی ئیندیماجی دروست کردووە.

بە بۆچوونی سمێلسێر، پێویستە دامەزراوە و ڕۆڵی نوێ بئافرێندرێن بۆ ئەوەی کە هاوئاهەنگی لە نێوان ئەو ستراکتۆرانەی کە بەتازەیی لێکجیا کراونەتەوە دروست بکات. بۆ نموونە، بۆ ئاسانکردنی هەلی دۆزینەوەی کار، پێویستە دامەزراوەگەلی نوێ وەک نووسینگەکانی دۆزینەوەی کار و ڕێکلامی ڕۆژنامەوانیی تایبەت بە دەرفەتی کار دروست بکرێن تا لەم ڕێگەیەوە دامەزراوەی خێزان و دامەزراوەی ئابووری لێکنزیک بکرێنەوە. هەروەها بۆ پاراستنی کرێکاران لە هەڕەشەی خاوەنکارەکان، پێویستە ڕێکخراوی نوێ وەک یەکێتیی کرێکاران و وەزارەتی کار دابمەزرێت بۆ ئەوەی کارکردی پشتگیریکردن ئەنجام بدات.

سەرەڕای ئەمەیش، لەوانەیە کێشەی ئیندیماج وەک پێویست چارەسەر نەکرێت. هۆکاری یەکەم بریتییە لە پرسی پێکدادان لە نێوان بەهاکاندا. ستراکتۆری نوێ لەوانەیە کۆمەڵێک بەهای هەبێت کە لە بەهاکانی ستراکتۆری کۆن جیاواز بێت و لە پێکداداندا بن؛ نووسینگەکانی نوێی وەک نووسینگەی دۆزینەوەی کار، پێداگری لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی بێلایەنی و ناسۆزداری (affective-neutral) بکەن، بەڵام خێزان پێداگری لەسەر پەیوەندییە سۆزدارییەکان بکات. بۆ ئەو منداڵانەی کە لە بەستێنی خێزاندا گەورە بوونە، ئەستەمە بتوانن خۆیان لەگەڵ سیستەمی بەها جیاوازەکانی شوێنی کارکردنیان بگونجێنن. هۆکاری دووەم بریتییە لەوەی کە گەشەسەندنی نایەکدەستە (uneven development). چونکە دامەزراوەکان بە ڕاددەی جیاواز گەشە دەسێنن؛ لەوانەیە پێویستیمان بە هەندێک دامەزراوە هەبێت کە هێشتا بنیات نەنراون. بۆ نموونە، تەنانەت سەرەڕای هەبوونی مەترسی لەسەر کرێکاران، کەچی هێشتا یەکێتیی کرێکاران بوونیان نەبێت تا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کرێکاران بکەن.

بە بڕوای سمێلسێر، نائارامیی کۆمەڵایەتی لە دەرەنجامی نەبوونی ئیندماج لە نێوان ستراکتۆرە لێکجابووەکاندا سەر هەڵدەدات. لەوانەیە ئەم نائارامییە شێوازی هاندانی ئاشتیخوازانە، توندوتیژیی سیاسی، ناسیۆنالیزم، شۆڕش یاخود جەنگی پارتیزانی لەخۆ بگرێت. ئەگەری زۆرترە ئەو کەسانەی کە بە هۆی لێکجیاکاریی ستراکتۆرەکانەوە لە زێدی خۆیان گوازراونەتەوە، لەم نائارامییە کۆمەڵایەتییانەدا بەشدار بن. بۆ نموونە لە ناوچە گوندییەکانی جیهانی سێیەمدا بەرهەمهێنان بۆ بازاڕی جیهانی، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی گرووپێک لە هەره‌وەزی هەژار کە سەرەڕای ئەم هەژارییە لە زێدی خۆیشیان گوازراونەتەوە. ئەم کەسانە زۆر بەئاسانی دەچنە پاڵ حزبە کۆمۆنیستییەکانەوە.

سمێلسێر لە ڕێگەی بەکارهێنانی چوارچێوەی لێکجیاکاریی ستراکتۆری، کێشەکانی ئیندیماج و نائارامیی کۆمەڵایەتی، ئەوەی خستە ڕوو کە پرۆسەی مۆدێرنیزاسیۆن پرۆسەیەکی یەکدەست (harmonious) و سادە نییە. ئەم چوارچێوەیە یارمەتیمان دەدات کە کێشەکانی تایبەت بە ئیندیماج و نائارامییە کۆمەڵایەتییەکان کە لە جیهانی سێیەمدا زۆر باون، بخوێنینه‌وه‌.