بەربەستەکانى دیموکراسى لە عێراق

حسێن جلوب ساعدى حسێن جلوب ساعدى

حسێن جلوب ساعدى

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

لە ئێستاى عێراقدا تاکە هەڵبژاردە سیستەمى دیموکراسییە، کە بۆتە واقعێک بۆ دیاریکردنى شێوازى حوکمڕانى لە دەستوور و یاسا و بەڵگەنامە و ڕێنمایییەکان. ئەزموونى دیموکراسى لە عێراقدا دواى ڕووخانى ڕژێمى دیکتاتۆرى دەستی پێ کرد بەڵام ڕووبەڕووى کۆمەڵێک بەربەست بووه‌وه‌ کە ڕێگە لە داهاتووى ئەم ئەزموونە دەگرن. بۆیە بەپێویست دەزانرێت ئەم بەربەستانە دیاری بکرێن و چارەسەر بکرێن بۆ ئەوەى بیناى ژیانێکى دیموکراتى ئاوا بکەین، ئەوانیش گرینگترینیان ئەمانەن:

مێژووى دیموکراتى لە عێراق:

هەر لە دامەزرانى دەوڵەتى عێراق و حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکان، پرۆسەى دیموکراتى بە هیچ شێوەیەک بوونى نەبوو. داگیرکه‌رانى خاکى عێراق هەوڵیان دا ئەزموونى دیموکراتیى خۆیان بگوازنەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەم گۆڕانکارییە لە عێراقدا ئاسان نەبوو؛ لە لایەکى تریشەوە بە ئامرازێک لە ئامرازەکانى داگیرکارى لە لایەن عێراقییەکانەوە له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درا. بۆیە ئەزموونى دیموکراسى لە عێراقدا ئەزموونێکى ئاڵۆز بوو. ئەوەیش کە هاوکار بوو بۆ ئەم ئاڵۆزییە، سروشتى گەلى عێراق بوو کە پەیوەستن بە بابەتى عەشیرەتگەرى و چینایەتى و جیاوازیى ئایینى، هەروەها جیاوازى لە بیروڕاى حزبایەتى و بوونى جووڵە جیاوازەکان  هۆكار بوون بۆ بەردەوام گۆڕانى حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکان لە عێراقدا و، ئه‌مه‌یش واى کرد هەردەم لە ململانێکاندا بمێنێتەوە و سیستەمى پاشایەتى درێژە پێ بدرێت و لە لایەن ئینگلیزەکانیشەوە جێگەى قبووڵ بێت. پێشبینییش دەکرا ئەم سیستەمە زۆر لەگەڵ بنەماکانى دیموکراتیدا ناکۆک نەبێت، هەروەک چۆن لە بریتانیایش هەمان سیستەم پەیڕەو دەکرا، بەڵام بەدڵنیایییەوە پاشا بەپێى دەستوور پانتایییەکى گەورەى لە ژیانى سیاسیدا داگیر کردووە هەروەک تیایدا هاتووە: "بەو پێیەى پاشا باڵاترین سەرۆکى وڵاتە، دەسەڵاتى بەستنى پەیماننامەکان  و هەڵبژاردنى سەرۆکوەزیران و قبووڵکردنى دەستلەکارکێشانەوەیانى هەیە."

شایانى باسە یەکەم هەوڵدان بۆ دامەزراندنى پەرلەمان لە عێراق، لە لایەن خاوەن بیروڕا جیاوازەکانه‌وه‌ ناڕەزایییەکى زۆرى لێ کەوتەوە. دواجار ئەم ناڕەزایییە، بووە هۆى ئەوەى زۆر لە خەڵکانى عێراق، بەتایبەتى شیعەکان، کەوتنە دەرەوەى گۆڕەپانى سیاسى و، دواتریش حکوومەت لەسەر بنەماى چینایەتى و دەمارگیرى پێک هێنرا؛ تەنانەت دواى زیاتر لە هەشتا ساڵیش کاریگەرییەکانى ئەم ڕووداوانە هەر مابوون. لە هەڵبژاردنەکاندا ساختەیەکى زۆر دەکرا و پەرلەمانتاران دەگەیشتنە پەرلەمان، بێ ئەوەى هاوڵاتییان دەنگیان پێ دابن. بۆیە هەرگیز حوکمڕانى لە عێراقدا جێگیریى بەخۆیەوە نەبینى؛ زیاتر لە پەنجا و  هەشت حکوومەت لە ماوەى سى و هەشت ساڵدا گۆڕا؛ هەرگیزیش گۆڕانکارییەکان بە هەنگاوێکى دیموکراتییانە نەبوو بەڵکوو لە ڕێگەى بەکارهێنانى دەسەڵات و گوشار یاخود لە ڕێگەى بەکارهێنانى هێزى سەربازى بوو.

هەموو ئەو حزبانەى لەو کاتەدا دروست بوون و سەریان هەڵدا، بەرنامەکانیان هیچ پڕۆژەیەکى دیموکراتیى تێدا نەبوو، بەڵکوو بە دواى بەرژەوەندییەکانى خۆیان وێڵ بوون یان لە پێناو چینێکى دیاریکراو یان ئایینێکى دیاریکراو کاریان دەکرد. بەشێکى زۆر کەمیان هەوڵیان دا بەشداری لە دامەزراندنى ژیانى دیموکراتى بکەن، لەوانە "كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌هالی" (جمعیة اهالى) و بزووتنه‌وه‌ی "جه‌عفه‌ر ئه‌بو ته‌مه‌ن"، بەڵام لە ڕاستیدا نەیانتوانى بەسەر ئەم کەشوهەوایەى لە عێراقدا هەبوو زاڵ بن لە لایەک و، لە لایەکى ترەوە ئەم حزبانە چونکە مۆرکى عەشیرەتگەرییان پێوە بوو، نەیاندەتوانى سەرپێچیى شێخ و گەورەکانى خۆیان بکەن.

ئەوەیش کە زەق و بەرچاو تێبینى دەکرێت لەم قۆناغەدا، لاوازیى بزاڤى نیشتمانى و دەرکەوتنى شیوعییەت بوو کە جەختى لەسەر شۆڕش و بەرهەڵستیکردنى دەسەڵاتى ڕۆژاوا دەکردەوە. دواى ئەوە بزاڤی ئیسلامى دەرکەوت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مارکسییەت و سەرمایەدارى. بەکورتى ئەم حزبانە هەموو بیرێکى بەدیموکراتیبوونیان لە مێشکى هاونیشتمانیان وەدەرنا.

هاوڵاتییان بووبوونە دوو بەش؛ یان دڵیان پڕ بوو لە مەشخەڵى ئازادى، یانیش هیچ ڕۆڵێکیان نەبوو بەڵکوو لە هەژارى و بێبەشبوون و پێکداداندا دەژیان. تاوەکوو هەڵگیرسانى شۆڕشى ١٤ى تەمووزى ١٩٥٨، ئەو شۆڕشە هەوڵێک بوو بۆ هێنانە کایەى سیستەمى دیموکراسى و دروستبوونى حزبى تر کە دیموکراتى یەکێک لە پرەنسیپە سەرەکییەکانیان بێت، بەڵام شۆڕشەکە بەردەوام نەبوو و سەرکوت کرا.

حزبى شیوعی ئەم بارودۆخەى بۆ خۆى قۆستەوە تاوەکوو بانگەشەکانى خۆى بەرز بکاتەوە. ئەم قەیرانەیش بەردەوام بوو تاوەکوو ساڵى ١٩٦٣، دواتریش ساڵى ١٩٦٨ عێراق لە گۆڕەپانێکى پڕخوێن دەچوو و، لێوانلێو بوو لە خنکاندنى ئازادییەکان و لەناوبردنى مرۆڤ، بە شێوەیەک كه‌ جیهان شتی وای بەخۆیەوە نەبینیبوو. ئەم بارودۆخە لەگەڵ جه‌نگى عێراق و ئێران خراپتریش بوو؛ بەشێکى زۆر هاووڵاتیى بێتاوان، بوونە قوربانیى جەنگ.

دواى هەموو ئەو ناخۆشى و کارەساتانەى کە هەرگیز لە بیر و هزرى عێراقییەکان ناسڕێتەوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە گەلى عێراق بە ئەزموونى دیموکراتیدا تێ نەپەڕى؛ نە لە ڕێگەى حکوومەتە یەک لە دواى یەکەکان، نە لە ڕێگەى حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە. ئەم مێژووە پڕخوێنە، بووە هۆى ئەوەى زۆرینەى عێراقییەکان یان  ببنە سەرباز یان ببنە پۆلیس.

قەیرانى دیموکراتى لە ناوخۆى حزبە عێراقییەکان: ئەمەیش بە یەکێکى تر لەو بەربەستانە دادەنرێت کە ڕووبەڕووى پڕۆژەى دیموکراسى دەبێتەوە، چونکە حزبە عێراقییەکان بیر و هزریان هەمووى دژى بنەماکانى دیموکراتى بوو کە بەئاشکرا لە لایەن سەرکردە و ئەندامەکانى ئەم حزبانەوە دەردەبڕدرا. بە هۆی ئەوەیش کە عێراق لە سەرەتاى دامەزرانییەوە لە کەشوهەواى ناڕەزاییدا ژیا، هیچ بوارێکى بۆ بەدیموکراتیبوون نەهێشتەوە؛ تاوەکوو وردە وردە هەوڵە کەسییەکان یاخود بەکۆمەڵەکانی هەندێک لە سەرکردەکان بۆ ژیانێکى نوێى پڕ لە ئازادى و دیموکراتى سەری هەڵدا و، هەوڵیان دا کاریگەرى لەسەر نەوەى نوێ دروست بكه‌ن.

ئەم سەرکردانە ئەوەى کردیان و بەدەستیان هێنا، بە هۆى ئەو هەوڵ و کۆڵنەدانەى خۆیان بوو بۆ دروستکردنى کەشوهەواى دیموکراتى. بۆیە دەبینین زۆرێک لە سەرکردەى حزبە عێراقییەکان لە نیوەى دووەمى سەدەى ڕابردوو ئاوێنەى ئەم ڕاستییە بوون و ئەندامەکانیش لە هەوادارانى ئەم سەرکردانە پێک هاتبوون؛ بۆیە هەڵوێستەکانیشیان بەگوێرەى کاریگەری و وەفادرارییان بوو بۆ سەرکردەکانیان. هەر بە هۆى ئەو هەیبەت و دەسەڵاتەیش کە سەرکردەکان هەیانبوو، سەرسامیى ئەندامەکان بە سەرکردەکانیان، بووە هۆى ئەوەى هەستى پەراوێزخستن لە لایەن هەندێکیانەوە پەیدا بوو؛ ئەمە سەرەڕاى ئەوەى بووە هۆى ئەوەى ئەندامەکان کوێرانە ملکەچیان بن.

ئەگەر چاوێک بەو حزبانەدا بخشێنین کە بە درێژاییی مێژووى عێراق دروست بوون، لە ڕووى فیکر و بیروباوەڕە دژیەک و جیاوازاەکانەوە بەسەر سێ پۆلدا دابەش دەبن، ئەوانیش بریتین له‌: بیروباوەڕى ئایینى، بیروباوەڕى مارکسى، بیروباوەڕى ئیسلامى. لێکۆڵینەوە لەسەر هەر یەکێکیشیان ئەوە دەردەخات، ئەم بیروباوەڕانە هەموو ڕەگەزەکانى دیموکراتییان پەراوێز خستووە:

بیروباوەڕى نەتەوەیی: سروشتێکى توندڕەو و ڕەگەزپەرستانەى هەبوو. بە واتایەکى تر سیستەمى دیکتاتۆرى بوو. هەوڵى دەدا بۆ دوورخستنەوەى هەموو هێزە سیاسییەکانى تر و دروستکردنى گەورەترین دیکتاتۆرییەت لە مێژوودا. بووە هۆى کۆچکردنى ملیۆنان کەس و گۆڕى بەکۆمەڵ و ئەمە جگە لە زیندانییە نامرۆڤانەکانیان. ئەم بیروباوەڕە لە پراکتیزەکردنى دەسەڵاتى خۆیدا هەرگیز بەهاکانى دیموکراتیى پەیڕەو نەکرد. هەرچەندە بە ڕووکەش بانگەوازەکانى پڕ بوون لە مەشخەڵى ئازادى و یەکێتى، لە هەڵبژاردنەکاندا بە زارەکى خەڵکى ئازاد دەکرد و دواتریش هەموو دەنگەکانى بۆ بەرژەوەندیى خۆى ڕاپێچ دەکرد. هەموو کارێکى قێزەوەنى ئەنجام دا، وەکوو ڕێزنەگرتنى عەرەبە شیعەکان؛ هەر لە بێبەشکردنیان تاوەکوو لەناوبردنیان؛ هەروەها هەوڵیان بۆ جینۆسایدکردنى کوردەکان و هەوڵى بەعەرەبکردنى تورکمانەکان و، جگە لە پێکدادان لەسەر دەسەڵات.

بەڵام دواى ئەوەى پرۆژەى دیموکراسى لە عێراق پێشنیار کرا، بەربەستیان بۆ دروست بوو. چونکە لەگەڵ کەشوهەواى ئەواندا نەدەگونجا، بۆیە لە تیرۆرکردن و توندوتیدا درێغییان نەکرد.

بیروباوەڕى مارکسى: ئەم بزاڤه‌ لەسەر بنەماى ناکۆکیى چینایەتى و بەرهەڵستیکردنى داگیرکار و کۆنتڕۆڵکردنى بیروڕاکانى تر دەستی پێ کرد و، کە دواى کودەتاى ١٩٥٨، حزبى شیوعى دەرکەوت و کەوتە بەرهەڵستیکردنى هێزى سیاسیى عێراقى؛ بەڵام مارکسییەتیش بە هەمان شێوە، دوور بوو لە بنەماکانى دیموکراتى.

بیروباوەڕى ئیسلامى: ئەم بیروباوەڕەیش بانگهێشتکردن بوو بۆ ئیسلام. کەشوهەواى ئەو حزبانەى کە لەسەر بنەماى ئەم بیروباوەڕە  دروست بوون، دوور بوو لە پراکتیزەکردنى دیموکراتى. سەرکردەکانیان لە وتارەکاندا زاراوەى دیموکراتییان بەکار نەهێنا؛ لە نووسینەکانیشیاندا هەڵوێستیان لە قبووڵکردن یان ڕەتکردنەوەى پرۆسەى دیموکراتیدا دیار نەبوو، بەڵام چەند هەوڵێکى بوێر هەبوو وەکوو کۆمەڵه‌یەک دروست بوو بە ناوى "کۆمەڵەى ئیسلامیى دیموکراتى". هەروەها دەرچوونى گۆڤارى ئیسلام و دیموکراتى و بڵاوبوونەوەى چەند وتار و نووسینێک، لەوانە: مامۆستا "زیا شكه‌رجی" (ضياء شكرجى) نووسینێکى بڵاو کردەوە لەژێر ناونیشانى "دیموکراتى و تێڕوانینى ئیسلامى"، هەروەها "شەهید عیزه‌ددین سه‌لیم" توێژینەوەیەکى لەژێر ناونیشانى "خاڵە هاوبەش و ناکۆکەکانى ئیسلام و دیموکراتى"ی نووسى. مامۆستا "عادل عه‌بدوڵڕه‌حیم" بابەتێکى بە ناوى "داهاتووى دیموکراتى لە عێراق" نووسى، بەڵام هەموو ئەم هەوڵانە بەداخەوە، نەچوونە بوارى جێبەجێکردن و تەنیا لە چوارچێوەى بیر و فیکر و گفتوگۆدا مانەوە.

لە کۆتاییدا ئەو بەربەستە ماوە ئاماژەى پێ بکەین کە خاڵى هاوبەشى نێوان هەموو حزبه‌ سیاسییەکانى عێراقە و بۆتە هۆی بەرتەسکبوونەوەى ئەو حزبانە، ئەویش ئەوەیە زۆربەى حزبەکان لە خێڵ و عەشیرەتەکان پێک هاتوون. بۆیە ڕوونە حزبەکان بەسەر چەند ناوچەیەکى جوگرافى و یاخود نەتەوە یان بیروباوەڕێکدا دابەش بوون. بێ گومان ئەمەیش زۆر لێکەوتەى خراپى دەبێت، وەکوو نەبوونى متمانە لە کەسانى دەرەوەى بازنەى ئەم عەشیرەت و خێڵانە، هەروەها دەبێتە هۆى هەمیشە سەرکەوتنى یەکێک لەم حزبانە  لە هەڵبژاردنەکاندا، چونکە قەبارەى حزبەکان بەپێى قەبارەى خێڵەکەیان یان ناوچەکەیان گەورە و بچووک دەبێت.

بە هۆى هەموو ئەمانەوە تا ئێستا لە مێژووى عێراقدا، نەبینراوە حزبێک هەموو پێکهاتەکانى گەلى عێراق لەخۆ بگرێت و نوێنەرى بیر و فیکرى عێراقییەکان بێت بەگشتى؛ تەنیا حزبى "گەلی عێراقى" نەبێت، ئەویش لە ئێستادا نەماوە.

بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بە گۆڕەپانى سیاسیى عێراقدا بکرێت، بۆ ئەوەى حزبەکان بەشێک بن لە پڕۆژەى نیشتمانى و یەکێک لە پرنسیپە گرنگەکانیان دیموکراتى بێت، نەوەک دیموکراتى وەکوو لەمپەر لە بەردەمیان هەژمار بکەن.  

 

سەرچاوە:

http://www.alhudamissan.com