شێوازەکانی ڕاهێنان؛ شێوازی وانەگوتنەوەی مۆنتێسۆری

محەمەدموبین حەیدەریی دهۆیی

وەرگێڕ (لە فارسییەوە): کیشوەر پیرۆتی

نزیکەی نیوسەدە لەوەپێش، ڕاهێنەرانی گەورەی پەروەردە و ڕاهێنان، وەکوو فرۆبڵ، پێستالۆزی، دکردلی و مۆنتێسۆری، کە لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی چالاکیی پەروەردە و ڕاهێنان ئەژمار دەکرێن، شێوازی کاری باخچەی ساوایانیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەوان پێیان وا بوو باخچەی ساوایان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆر گرینگتر لە سەرقاڵکردنی منداڵانی لە ئەستۆیە. ئەو ڕاهێنەرانە بە پێداگری لەسەر گرینگیی سەردەمی منداڵی بۆ پێکهێنانی کەسایەتی و پێشکەشکردنی شێوازی پەروەردەیی لەسەر بنەمای دەروونناسیی منداڵ، گەورەکانیان لە بەرپرسیارێتییەکی گرینگ ئاگادار کردەوە. یەکێک لەو خاوەن بیرۆکانەی کە باوەڕەکانی زۆر لەژێر کاریگەریی هەوڵ و بیرۆکەکانی ڕۆسۆدا بوو، خانمی مۆنتێسۆری بوو.

مۆنتێسۆری لە پەروەردە و ڕاهێناندا، وەکوو مامۆستایەکی توێژەر و ڕاهێنەرێکی خاوەن بیرۆکە، ناوبانگێکی گەورەی هەیە. بیرۆکەکانی لە فکری گەشەخوازدا گرینگییەکی تایبەتیان هەیە. ئەو، لەو یەکەم کەسانە بووە کە قۆناغە هەستیار و دژوارەکانی گەشەی دەروونیی تاکی تاوتوێ کردووە و باسی کردوون. لە کۆتاییدا لەبارەی فێربوونی زمانەوە کۆمەڵێک شێوازی داهێنەرانەی نوێ و بەسوودی پێشکەش کرد. بیرۆکەی بەبایەخیشی لەبارەی ئاشتیی جیهانی و داڕشتنەوەی پەروەردە و ڕاهێنانەوە پێشکەش کرد، کە سەرنجی خەڵکی سەرانسەری جیهانی ڕاکێشا.

ماریا مۆنتێسۆری باوەڕی وا بوو کە:

١.‌ پێکهاتەی کەسایەتیی منداڵ بەر لە قۆناغی بنەڕەتی پێک دێت و، ئەو پێکهاتەیە بێ گومان لەسەر ڕەفتار و ڕوانگە و پێوەندییەکانی منداڵ لەگەڵ خۆی و کەسانی دیکە و، لەسەر چارەنووسی خوێندن و ژیانی گەورەساڵیی خۆی کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت. قۆناغەکانی گەشەی منداڵان بریتین لە چەند قۆناغی هەستیار و دژوار، کە بەکردەوە، لە هەر قۆناغێکدا لەگەڵ منداڵێکی جیاواز ڕووبەڕووین و دەبێ لە ڕاهێناندا سەرنج بخەینە سەر ئەو قۆناغە و تایبەتمەندییەکانی.   

١_١. قۆناغی لەدایکبوون تا حەوت ساڵان:

لەو قۆناغەدا بەپێی ڕیزبەندی، کۆمەڵێک قۆناغی هەستیار، وەکوو پێداگری لەسەر ڕێکوپێکی، خەریکبوون بە وردەکارییەکانەوە، بەکارهێنانی دەست و بەڕێداڕۆیشتن، فیڕبوونی زمان و... وەبەرچاو دەکەون.

مۆنتێسۆری لە باسی بارودۆخی ئەو قۆناغەدا دەڵێ: "منداڵ لەو قۆناغەدا مامۆستای نییە و ئەو شتانەی فێریان دەبێت، هەر له‌خۆوه‌ فێریان دەبێت؛ واتە فێربوونێکی ڕەمەکییە و لە پێش تەمەنی حەوت ساڵیدا ئەو قۆناغە جێبەجێ دەکرێت. پاش ئەوەی منداڵ هەموو کارەکانی خۆی بەتەنیا جێبەجێ کردووە، تازە ئێمە دەینێرینە قوتابخانە و، وەکوو کارێکی گەورە، هەوڵ دەدەین ئەلفبێی فێر بکەین! سەرەڕای هەموو ئەوانەیش، چاوەڕوانییەکانمان هێندە دەبەینە سەرێ، کە هەموو سەرنجمان دەخەینە سەر عەیب و کێماسییەکانی منداڵەکە، کە لە بەرانبەر توانایییەکانیدا زۆر کەمن و هەر هیچ نین." مۆنتێسۆری باوەڕی وایە، بەپێی ئەوەی کە ژینگەی ژیانی منداڵ خاوەنی شارستانییەتێکی سادە، یان پێچەڵپێچ بێت، تاڵەکانی زەینی (زەینی منداڵی بە تۆڕی جاڵجاڵۆکە چوواندووە، کە بۆ ڕاوکردنی چرکەکان و تێگەیشتن لە دیاردەکان داوی ناوەتەوە) بچووکتر و گەورەتر دەبێت و ئیمکانی گەیشتن بە ئامانجەکانی کەمتر، یان زیاتر و گەورەتر دەکات و  هەر لەبەر ئەوەیشە کە مۆنتێسۆری لەسەر دەوڵەمەندکردنی ژینگە زۆر پێداگرە. ئەو قۆناغە بەکردەوە ئەو چالاکییانە لەخۆ دەگرێت کە بە "پرۆڤەکانی ژیانی ڕۆژانە" ناسراون و بە لادان لەو چالاکییانە، قۆناغی منداڵی بەرەو سەربەخۆیی و خۆبژێوی دەڕوات. لەبەر ئەوە، لەو قۆناغەدا ڕاهێنانی خۆڕاگری و سەرنج و دووپاتکردنەوە گرینگییەکی زۆری هەیە.

٢_١. لە حەوت ساڵانەوە تا دوازدە ساڵان:

قۆناغی پێویستیی منداڵە بۆ ڕزگاربوون لە ژینگەی داخراو و سنووردار، ناسینی فەرهەنگ و شارستانییەت و ئەزموونی کۆمەڵایەتی. هەروەها قۆناغی تێپەڕبوونە لە تێگەیشتنی هەستەکی بەرەو بیرکردنەوەی زەینەکی، وێڕای گۆڕانی بابەتە ئەخلاقییەکان و، مەیلی هەڵسەنگاندنی کردار و، سەرهەڵدانی ویژدان و، تێگەیشتن لە مانای دادپەروەری و گرینگیدان بە دادپەروەری. لەو قۆناغەدا "دادپەروەری لە دابەشکردن"ی هەموو شتێکدا، لە تەمبێکردن و هاندانەوە بگرە، هەتا هەر ڕەفتارێکی تایبەتی دیکە و، ڕەچاوکردنی یەکسانی، هێندە بەگرینگی دەخرێتە بەر سەرنج، کە ڕێگه‌ لە لادانی کەسایەتیی تاک بەرەو خۆپەرستی و گۆشەگیری دەگرێت. لەو قۆناغەدا دەبێ و نابێ، پرۆڤەی ئەخلاقی و بایەخدار، وەکوو یارمەتیدانی هەژاران، بەساڵاچووان و کەسانی نەخۆش و، پرۆڤەی وەرزشی و، ڕێپێوانی دوورودرێژ، کە دەبنە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ژیانێکی ڕژدتر و دژوارتر، پێشنیار دەکرێت.

لێرەدا جیاوازیی نێوان ئەو مامۆستایەی کە قوتابیان بۆ سەیرانێکی ئاسایی دەباتە دەرەوەی قوتابخانە، لەگەڵ ڕێکخراوێکی وەکوو پێشەنگی ‌لاوان تەواو بەدیار دەکەوێت. یەکەمیان منداڵان لە ژینگەیەکی داخراو دەباتە دەرەوە و وایان لێ دەکات کە بەڕێدا بڕۆن و لە ڕێگەی هەستەوە پێوەندی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان پێک بێنن. بەڵام ئەو کارە نابێتە هۆی گەشەکردنی کەسایەتیی منداڵ، چونکە بەشداریی منداڵ بە شێوەیەکی ناچالاکانە دەبێت؛ بەپێچەوانەوە ئەگەر منداڵان بەئاگادارییەوە و بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە بەئازادی هەڵی نه‌بژاردبێت لە قوتابخانە بچنە دەرەوە، ئەنجامەکەی بە تەواوی جیاواز دەبێت. وەکوو ڕێکخراوی پێشەنگی لاوان کە کۆبوونەوەی ئازادانەی منداڵە بۆ ئامانجێکی ئەخلاقی، کە ئەو کارە بۆ منداڵان سەرنجڕاکێشە، بۆ نموونە وەکوو سەیران و گەڕانی دوورودرێژ، مانەوەی شەوانە لە هەوای ئازاددا، بەرپرسیاریی هەر تاکێک لە بەرامبەر کارەکانیدا، ئاگرکردنەوە، خێوەتهەڵدان (دامەزراندنی کەمپ) و یارمەتیدان و... تێکەڵبوونی ئازادانەی تاک بە کۆمەڵگه‌ی هاوتەمەنی خۆی و، وێڕای ئەوەیش ویژدانی تاک بەهێز دەکات و ڕازیبوونێکی لەڕاددەبەدەریشی لێ دەکەوێتەوە، چونکە دەستکەوتەکانی منداڵیی خۆی بەکار دێنێت و لەگەڵ ڕاستییەکاندا ئاشنا دەبێت. پەروەردە و ڕاهێنان لەو قۆناغەدا، دەبێ وەکوو ڕێنوێن کار بکات؛ ئەو شتەی بە لای منداڵەوە گرینگە، ئەوەیە کە گەورەکانیان هەست بە تەناهی و ئارامی بکەن.

٣_١. قۆناغی ١٢ تا ١٨ ساڵان:

لەبەرچاوگرتنی قوتابخانە وەکوو شوێنێک بۆ پێشکەشکردنی ڕاهێنان، ڕوانگەیەکە و، لەبەرچاوگرتنیشی وەکوو شوێنی ئامادەکردن بۆ ژیان ڕوانگەیەکی دیکەیە. لە بابەتی دووەمدا، دەبێ قوتابخانە تەواوی پێویستییەکانی ژیان دابین بکات. ئەو ڕاهێنان و پەروەردەیەی لەسەر بنەمای چاکسازیی منداڵ بێت، یان منداڵ ناچار بکات نکۆڵی لە کەسایەتیی ڕاستیەقینەی خۆی بکات، ئەو پەروەردە و ڕاهێنانە منداڵ بەرەو دژەنۆڕمی دەبات. بەپێچەوانەوە، ئەو قۆناغە پێشەنگەی کە لە دەرەوەی قوتابخانە دەبێتە هۆی ئاشنابوونی منداڵان لەگەڵ ژیانێکی ڕێکخراو، بەردەوام لە بواری پەروەردەدا شیاوی سەرنج بووە.

٢. منداڵان دەبێ مامۆستای ئێمە بن

نابێ منداڵ وەکوو هەبوویەکی لاواز و بێدەسەڵات سەیر بکرێت، کە پێداویستییەکانی تەنیا پشتیوانی و یارمەتیوەرگرتنە لە کەسانی دیکە، بەڵکوو ئەوان هەبوویەکی خودایین، کە لە یەکەم چرکەی لەدایکبوونیانەوە لە باری ڕۆحییەوە ژیانێکی پڕ لە جموجۆڵیان هەیە و زاتە هۆشمەندەکەیان ڕێنوێنییان دەکات و توانستی دروستکردنی کەسایەتییەکی مرۆڤانەیان پێ دەبەخشێت. لەبەر ئەوەی منداڵان دەبنە مرۆڤە گەورەکانی ئاییندە، دەبێ ئێمە بە پێکهێنەری سەرەکیی مرۆڤایەتییان بزانین. گەورەترین نهێنیی دروستبوونی ئێمە لە دەروونی منداڵدا شاراوەیە و ئەو شتەی مرۆڤ هەراش و فراژی دەکات، لە دەروونیدا ڕەنگ دەداتەوە.

منداڵان مامۆستای ئێمەن. بەڵام گەورەکان بە لەبەرچاوگرتنی منداڵ وەکوو هەبوویەکی بێئیرادە و بەبێ ڕێنوێنیی دەروونی، ناچاری دەکەن خۆی بەدەست خواستی گەورەکانییەوە بدات. بەم هۆیەوە گەورەکان مەیلە سروشتی و هەستیارەکانی منداڵ سەرکوت دەکەن و لە دەروونیدا کۆمەڵێک دژایەتی و بەرگریی سەرکێشانە وەخەبەر دێنن کە دەبنە هۆی داڕمان و کۆمەڵێک نەخۆشیی دەروونی.

٣. لە ڕاهێناندا کەرەستە باشترین ڕاهێنەرە

ماریا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە ئەو کەرەستانەی هەستەکانی منداڵ دەبزوێنن و دەرەتانی چالاکیی جەستەییی پێ دەدەن، دەتوانن زۆر کاریگەر بن. ئەو، سەرەتا کۆمەڵێک موورووی بۆ دەزووتێهەڵکێشان و، کۆمەڵێک لەتەپارچەی بۆ دوگمەلێنان و بەدزووەوەکردنی موورووەکان دابین کرد و، پاشان کە هەستی کرد کارەکەی ئەنجامێکی باشی بووە، پیتەکانی ئەلفبێی بە کوتەدار دروست کرد و بەو شێوازە زۆر منداڵی فێری خوێندن و نووسین کرد.

٤. یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی گەشەکردن، جووڵەی ڕیتمییە، کە دەبێتە هۆی پەروەردەکردن و گەشەی جەستەییی منداڵ.

٥. منداڵ دەبێ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕێی خۆی بدۆزێتەوە و لە پرۆسەی ڕاهێناندا بۆ خۆی فاکتەرێکی چالاک بێت، یان دەبێ وەکوو فاکتەرێکی چالاک لە پڕۆسەی ڕاهێنانی خۆیدا سەیر بکرێت. منداڵ ئی ئەوە نییە کە هەر بیخەیە بەردەم ڕووداوەکان، بەڵکوو بە هۆی ئیرادەکەیەوە دەبێ خۆی ڕووداو بخوڵقێنێت. لەبەر ئەوە، دەبێ ئێمە بەردەوام پێکهاتەی ئەزموونەکان داڕێژینەوە، چونکە لەوانەیە منداڵ هەر چرکەیەک جووڵەیەکی جیاواز بکات. کەواتە شێوازی ڕاهێنان پێوەندیی بە خودی منداڵەکەوە هەیە.

٦. مۆنتێسۆری هەستێکی ڕەشبینانە و ئاوێتەی ڕەخنەی سەبارەت بە خەیاڵ و وێنا خەیاڵییەکانی منداڵ هەبوو. وێڕای ئەوەیش باوەڕی بە پاراستنی مەیلە (هەستە) سروشتییەکانی گەشەی منداڵ هەبوو. خەیاڵپەروەریی ڕەت دەکردەوە و باوەڕی وا بوو منداڵ عاشقی ئەوەیە لە دنیای سیحراویی ناڕاستەقینەدا سەرگەردان بێت. بەڵام بەو کارە پێوەندیی خۆی لەگەڵ دنیای ڕاستەقینە لەدەست دەدات و چیرۆکە خەیاڵیییەکانی وەکوو جندۆکە و پەری و بابانوێل تەنیا بەرەو ساویلکەیی هانی دەدەن، چونکە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ناچالاکی هەیە و تەنیا وەرگرە. توانای لێکجیاکردنەوە و هەڵسەنگاندن لە منداڵدا پەروەردە ناکات، لە کاتێکدا پێویستی بە هەردووکیان هەیە. ئەگەر بمانەوێت خەیاڵی داهێنەرانە لە منداڵدا پەورەردە بکەین، دەبێ توانای دیتن و لێکهەڵاواردنی ئەو لە دنیای ڕاستەقینەدا پەروەردە بکەین.

٧. باوەڕ بە بنەمای فێربوون لە ڕێی چالاکیی فێرخوازەوە. ئەگەر لە منداڵی قوتابخانەی مۆنتێسۆری بپرسن: خوێندنەوە لە کێ فێر بووی؟ لە وەڵامدا دەڵێ: "لە هیچ کەس؛ من هەر کتێب دەخوێنمەوە، تا بزانم دەتوانم بیخوێنمەوە."

٨.  "ڕاهێنان بۆ ئاشتی" بە ئامانجی جێگیرکردنی ئاشتییەکی پتەو.

٩.‌ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی کۆمەڵایەتی و ئاشتی، بە ئامانجی ئازادی و یەکێتیی کۆمەڵگه‌ی مرۆیی.

چالاکییەکان

بێجگە لە باوەڕە پتەوەکانی پێشووی لەبارەی ئەوەی کە منداڵان دەبێ مامۆستای ئێمە بن و، سەرباری بۆچوونەکانی لەبارەی ئازادی و یەکێتیی کۆمەڵگه‌ی مرۆیییەوە، مۆنتێسۆری هەستی بە کێشەکانی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی کرد، لەبەر ئەوە، بە ناوی ڕاهێنانەوە دەستی بە جه‌نگێک کرد. ئەو ڕای گەیاند، ئامانجی ڕاهێنان، جێگیرکردنی ئاشتیی پتەوە و، کاری سیاسەتمەدارانیش دوورخستنەوەی دنیایە لە جه‌نگ. بریسکەی هزرەکانی مۆنتێسۆری، بوون بە هەوێنی هومێد لە وڵاتانی ئەوروپیدا. ڕێکخراو و گرووپە سیاسییەکان پشتیوانییان لێ کرد و هزرەکانی ئەویان لە ڕاهێناندا بەکار هێنا و ئایدیاکانی ئەویان لەو بارەیەوە کە دەبێ منداڵان سەربەخۆیانە ڕێی خۆیان بدۆزنەوە، جێبەجێ کرد. کاتێک ماریا مۆنتێسۆری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاشتی و جه‌نگ دەکرد، چەند جۆرە تێگەیشتنی جیاواز لە مانای ئەو وشانە کەوتنەوە، کە بوونە هۆی کەوتنەوەی مانایەکی نوێ لە ڕەخنە و تاوتوێکردن و، چەمکگەلی کۆن و نەریتیی سەبارەت بە جه‌نگ و ئاشتی لەنێو برد؛ وێڕای ئەوەیش، ئەو تێگەیشتنانە بریسکەیەکی نوێیان لە فکرە مۆدێرنەکانی ئەوروپادا پێک هێنا.

ماریا مۆنتێسۆری بە سەرنجێکی ورد و ڕاستگۆیانەوە کە بۆ دیتنەوەی ڕاستی هەمیشە لە توێژینەوەکانیدا بەکاری دێنا، ئەو بابەتە نوێیەی تاوتوێ کرد و تاقیی کردەوە. ماریا لە وتارێکی بەناوبانگیدا ساڵی ١٩٣٢ لە ئیدارەی نێوده‌وڵه‌تیی ڕاهێنان لە ژنێڤ، کە ئەوکات ناوەندی بزووتنەوە ئاشتیخوازانەکانی ئەوروپا بوو، لەبارەی "ئاشتی"یەوە قسەی کرد. ساڵی ١٩٣٦ کۆنگرەی ئاشتیی ئەوروپا لایەنە سیاسییەکانی ئەو بابەتەی تاوتوێ کرد. لەو کۆنگرەیەدا کە لە شاری برۆکسڵ بەڕێوە چوو، ماریا مۆنتێسۆری لەبارەی "ئاشتی"یەوە قسەی کرد، هەروەها چەندین کەس لە وتەبێژانی سیاسی و ناسراوی ئەوروپاییش لەو کۆنگرەیەدا قسەیان کرد. لە کاتی جه‌نگی ناوخۆی ئیسپانیاشدا چوو بۆ لەندەن و لە بریتانیایش لەبارەی ئاشتییەوە قسەی کرد. ساڵی ١٩٣٧ دەوڵەتی دانیمارک داوای لە مۆنتێسۆری کرد، لە هۆڵی پەرله‌مانی کۆپنهاگن لە کۆنگرەیەکی گرینگدا بە ناوی "ڕاهێنان بۆ ئاشتی" قسە بکات. دوکتۆر مۆنتێسۆری لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بابەتە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ دەکرد. بە پشتیوانی و یارمەتیی داراییی ڕێکخراوێکی پێشکەوتووی زانستی، مۆنتێسۆری لە قوتابخانەی نێوده‌وڵه‌تیی فەلسەفە، لە دێسه‌مبه‌ری ١٩٣٧، سێ وتاری پێشکەش کرد و لە جولای ١٩٣٩ لەگەڵ پەرەسەندن و توندتربوونی جه‌نگ، قسەی بۆ ئەنجومەنی جیهانیی ئاشتی کرد، کە ڕێکخراوێکی ئایینیی نێوده‌وڵه‌تی بوو. ماریا مۆنتێسۆری لەو کاتەدا هەموو فکرە کۆمەڵایەتی و سیاسی و زانستی و ئایینییەکانی لە زەینی خۆی دوور خستبووەوە. زانستگە و ڕێکخراو و ئەنجومەنەکانی وڵاتانی جیاواز لە بڕیاری گۆڕانکاری و لەنوێداڕشتنەوەی کۆمەڵگه‌ی مرۆییدا هاوهەنگاو و یەکگرتوو بوون و دکتۆر مۆنتێسۆرییان بۆ کاندیدای خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ساڵەکانی ١٩٤٩ و ١٩٥٠ دیاری کردبوو.

هەوڵە بەردەوام و دڵسۆزانەکانی ماریا مۆنتێسۆری بە درێژاییی ئەو ساڵانەی لە هیندستان چالاکیی دەکرد، کە لە ساڵی ١٩٣٩وە دەستی پێ کردبوو، بوونە هۆی بەدیهاتنی بناغەیەکی زانستی بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی جیهانی و، هەروەها بووە هۆی ئەوەی کە مۆنتێسۆری بیرۆکەیەکی چڕ و یەکدەست لە کتێبێکدا بە ناوی "بیرکردنەوە سەرنجڕاکێشەکان" پێشکەش بە خوێنەرەکانی بکات.

لێرەدا پوختەیەک لە گرینگترین چالاکییەکانی مۆنتێسۆریتان وەک وەبیرهێنانەوەیەکی زیاتر بۆ دەخەینە ڕوو:

١-‌ وەڕێخستنی یەکەمین ناوەندی تەندروستی _ پەروەردەیی لە گەڕەکی هەژارنشینی ڕۆم.

٢-‌ هەوڵە ماندوویینەناسانەکانی بۆ دیتنەوەی ڕێگه‌یەکی نوێ لە گۆڕەپانی ڕاهێناندا.

٣-‌ کردنەوەی یەکەم خانەی منداڵان (باخچەی ساوایان)، ڕۆژی ٦ی جانیوەریی ١٩٠٧ لە شاری ڕۆم.

٤-‌ جێبەجیکردنی چەندین تاقیکردنەوەی بەردەوام لەبارەی حاڵەتە زەینی و دەروونییەکانی منداڵان و، تایبەتمەندییەکانی کەسایەتیی منداڵان و پێوەندییان لەگەڵ شێوازی نەریتی و پڕ لە دڵەڕاوکێی ڕاهێنان لە ماڵێ و لە قوتابخانە.

٥-‌ کارکردن لەگەڵ منداڵانی کۆمەڵگە و كه‌لتوورە جیاوازەکانی سەرانسەری دنیا.

٦-‌ خستنەڕووی ڕەخنە و تاوتوێیەکی وردی ئەو هەڵە و خەسارانەی لە ڕابردووی منداڵدا هەبوون. ئامانجی سەرەکیی نووسینەکانی ماریا مۆنتێسۆری بەدیهێنانی تێگەیشتنێکی نوێ بووە سەبارەت بە توانایی و پێداویستییەکانی منداڵان، بەتایبەت لە یەکەمین ساڵەکانی گەشەیاندا، بەبێ ڕوانگەیەکی نەرێنی و ڕەخنەگرانە.

٧-‌ نووسینی کۆمەڵێک وتار و کتێبی جۆراوجۆر.

٨-‌ پێشکەشکردنی کۆمەڵێک وتاری بەجۆش و خرۆش لەسەر بابەتگەلی وەکوو سەرنجدان بە پێداویستییەکانی منداڵ، چاکسازیی سیستەمی ڕاهێنان و، ڕاهێنان بۆ ئاشتی.

٩-‌ دامەزراندنی کۆمەڵێک قوتابخانەی نوێ لەسەر شێوازی منداڵتەوەری و کردەوەخوازی.

١٠-‌ بەکارهێنانی پەروەردە و ڕاهێنان بۆ بڵاوکردنەوەی ئاشتی و هاوڕێیەتی لە نێوان گەلاندا.

کۆمەڵێک خاڵی تایبەت و سەرنجڕاکێش لە شێوازی ڕاهێنانی مۆنتێسۆریدا:

ڕاهێنانی منداڵان لە ساڵە هەستیارەکانی ژیانیاندا بە شێوازی مۆنتێسۆری نەک هەر لە منداڵییەکی سروشتی بێبەشیان ناکات، بەڵکوو پێشکەوتنی زەینی و هۆشییشیان خێراتر دەکات.

سەردەمی هەستیار ئەو کاتەیە کە منداڵ زۆر بەئاسانی فێری شتەکان دەبێت و کاردانەوەیشی لە بەرانبەر ژینگەی ڕاهێناندا زیاترە. توێژینەوەکان ئەوەمان پێشان دەدەن، کە زەینی منداڵ دەتوانێ بەتەواوی بەشێکی کورتی لێهاتوویییەکان وەربگرێت، بۆیە باشتر وایە ڕاهێنان لە ڕێی ڕێکارە سروشتییەکانی سەردەمی منداڵییەوە بێت.

پێکهاتەی تایبەتی کەرەستەکان و کارپێکردنیان لەنێو پۆلدا دەبێتە هۆی داهێنەریی منداڵان. بە پێناساندنی کەرەستەیەکی تازە هەستی منداڵ دەوروژێت و پاش ئەوەی مامۆستا کەرەستەکەی پێ دەناسێنێت، هەموو هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ ئەوەی بەتەواوی فێری بەکارهێنانی کەرەستەکە ببێت.

بەکارهێنانی گونجاوی کەرەستەکان لە ژینگەی ڕاهێنانی منداڵدا کارێکی ژیانبەخشە. پێکهاتە (ستراکچر structure) بۆ فێربوونی منداڵ زۆر کاریگەرە، چونکە منداڵ لە پێکهاتە، یان ستراکچردا ڕێکوپێکی و بەردەوامی دەبینێت و هەست بە ئاسوودەیی دەکات.

چڕکردنەوەی هۆش، پێویستی بە سەرنج و ئارامی و هەندێک جاریش دانیشتن هەیە.

بۆ منداڵ زۆر گرینگە، کە بە ئامانجێکی نەگۆڕەوە خۆی سەرقاڵی جێبەجێکردنی کارێک بکات، کە خۆی هەڵی بژاردووە.

کاتێک منداڵان دەست بە کارەکەیان دەکەن، پێویستیان بە شوێن و جێوڕێیەکی گونجاو هەیە، تا هەموو شتێک بەکردەوە تەجروبە بکەن.

چونکە گەشەی منداڵ لە ڕێی ئەزموونەوە زیاتر دەبێت لەوەی کە پێی بڵێن چ بکات و چۆنی جێبەجێ بکات و لە کوێی جێبەجێی بکات. بەڵام سەرنجدان لە بەرنامەی ڕاهێنانی تاک، بۆ یەک بە یەکی قوتابییەکانی نێو پۆل لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو شێوازەیە.

کاتی پێویست و تەواو بۆ چالاکیی گرووپی و گەشەی کۆمەڵایەتی تەرخان دەکرێت.

لە پۆلەکانی قوتابخانەی مۆنتێسۆریدا، دەبێ منداڵ بۆ پێکهێنانی پێوەندیی ئامانجدار لەگەڵ کەسانی دیکەی نێو پۆلەکە هان بدرێت. بە هۆی تەمەنیانەوە قوتابیان هان دەدرێن بۆ ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی و یارمەتیدانی یەکدی، بەڵام هەرگیز بەسەریاندا ناسەپێندرێت.

پۆلی باش و شیاو، قسەکردن و چالاکیی دەرەکی و مۆسیقا و جووڵەی تێدا دەبێت. کاتی پێویست بۆ یارییە خەیاڵییەکان و مۆسیقا و هونەر و داهێنان تەرخان دەکرێت، بۆ ئەوەی متمانەبەخۆیی لە منداڵاندا بەدی بێنێت. منداڵان دەبێ چیرۆک بنووسن و خۆیان دەوری چیرۆکەکانیان بگێڕن تا متمانەبەخۆبوونیان گەشە بکات. دەبێ لە پۆلدا کەرەستەی هونەرە دیدەنییەکان دابین بکرێت. دکتۆر مۆنتێسۆری پێداگر بووە لەسەر بەڕێوەچوونی بەرنامەیەکی مۆسیقایی و، باوەڕی وا بووە کە بەشێکی تایبەتی داهێنانی منداڵان بە مۆسیقا گەشە دەکات. ئێستا زۆربەی پۆلەکانی مۆنتێسۆری بۆ بەرزکردنەوەی چۆنێتیی ڕاهێنان، ڕاهێنەرێکی مۆسێقا بەکار دێنن. لە پۆلەکانی مۆنتێسۆریدا ئازادییەکی زۆر بۆ منداڵ لەبەرچاو گیراوە. بناغەی سەرەکیی شێوازی ڕاهێنانی مۆنتێسۆری، ئازادیی منداڵە. ئازادیی کرداری تاک دەبێتە هۆی گەشەی کەسایەتی و پێگەیشتنی قوتابی. هەڵبەت ئازادیی لەڕاددەبەدەر، بۆ نموونە، ئازادیی بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی هێشتا نەیانناسیون و پێیان نەناساندوون، تەنیا زەینی منداڵ سەرقاڵ دەکات. مامۆستایەکی باش هەمیشە ئاگاداری پێشکەوتنی قوتابییەکانییەتی. لەسەر لێهاتوویییەکانی ژیان زۆر پێداگری دەکات. منداڵان سەبارەت بە جێبەجیکردنی هەندێک لە کارەکانی ڕۆژانەی خۆیان زۆر کونجکۆڵن. ڕاهێنانی ئەو جۆرە چالاکییانە دەبنە هۆی گەشەی تواناییی هەستەکی، لێهاتووییی جووڵە، هاوکاری، تواناییی کار و متمانەبەخۆبوون و سەربەخۆییی منداڵ.

ئامانج داڕشتنی ئاییندەیە

هەمووان دەزانین کە تایبەتمەندییە بناغەیییەکانی وەکوو کەسایەتی، توانای فێربوون و ئارامی، لە تەمەنی منداڵیدا دەگوورێن. بۆ گەشەی ئەو تایبەتمەندییانە شێوازی مۆنتێسۆری زۆر کاریگەرە و منداڵ لە هەموو قۆناغێکدا دەتوانێ لە تایبەتمەندییە باڵاکانی ئەو ڕاهێنانە سوود وەرگرێت. ڕاهێنانی مۆنتێسۆری، منداڵان بۆ خوێندن و ژیانی ئاییندە ئامادە دەکات و بە لەکارهێنانی شێوازێکی ڕێکخراوی ڕاهێنان سەرکەوتن و گەشە و سەربەخۆیی و متمانەبەخۆبوون و خۆشەویستیی منداڵان نزیکتر دەکاتەوە.

مامۆستایەکی باش و دڵسۆز تێ دەگات کە قوتابیان پێویستیان بەوەیە بەدروستی ڕێنوێنی بکرێن، تا بە ئەنجامی دڵخوازی خۆیان بگەن. هاندانی منداڵان، نەک بە پاداش، بەشێکە لە بەرنامەی ڕۆژانەیان، چونکە منداڵ پێویستی بە پەسندکردنی کارەکانییەتی. ڕاهێنەر دەبێ ورد بێت، چونکە نابێ هاندان و پێداهەڵگوتنی مامۆستا هەستی لەڕاددەبەدەربوون و ئاوارتەبوون لە منداڵدا دروست بكات. مامۆستای کارزان، هەمیشە منداڵان ڕێنوێنی دەکات تا دڵنیا بێتەوە لەوەی یەکە بە یەکەی منداڵەکان کاری خۆیان بەدروستی جێبەجێ دەکەن.

پەروەردە و ڕاهێنان بە شێوازی ماریا مۆنتێسۆری، وێڕای ئەوەی کە لەسەر ڕوانگەی منداڵتەوەر بنیات نراوە، پێداگرییەکی زۆر لەسەر فێربوون لە ڕێگه‌ی بەکارهێنانی هەستەکان و بەگشتی فێربوون لە ڕێگه‌ی چالاکییەکانی فێرخواز و ڕێنوێنییەکانی مامۆستاوە دەکات. کەرەستە و ڕێکارەکانی مۆنتێسۆری، لەسەر باوەڕ بە بنەمای فێربوون لە ڕێگه‌ی چالاکیی فێرخوازەوە چڕ بوونەتەوە. مۆنتێسۆری لە شێوازی ڕاهێنانەکەیدا سەرنج و پێداگرییەکی زۆری لەسەر مۆسیقا، هارمۆنی و جووڵە ڕیتمییەکان لە ڕاهێناندا هەبوو؛ تا گەیشتە ئەوەی کە ڕەخنەی لە شێوازەکانی ڕاهێنانی مۆسیقایش گرت و گۆڕانکاریی تێدا کردن. مۆسیقازانەکان لە باس و پەسنی شێوازی ڕاهێنانی مۆنتێسۆریدا نووسیویانە: مۆنتێسۆری، پزیشکێک بوو کە هیچی لە مۆسێقا نەدەزانی. لە ساڵی ١٩٠٧دا "خانەی منداڵانی" بۆ منداڵانی تەمەنی ٣ تا ٧ ساڵ دامەزراند و هەوڵی دا باسی ڕاهێنان و پەروەردەی ئەو منداڵانە بێنێتە ئاراوە، کە باش گەشەیان نەکردووە و لەو ڕێگه‌یەوە مۆسیقای دۆزییەوە. کەواتە بیرۆکەکانی مۆنتێسۆری هەر هیچ مۆسیقایی نەبوون، بەڵکوو تایبەت بوون بە ڕاهێنان و پەروەردە.

مۆنتێسۆری باوەڕی وا بوو منداڵ دەبێ لە پرۆسەی ڕاهێناندا بۆ خۆی فاکتەرێکی چالاک بێت، یان دەبێ وەکوو فاکتەرێکی چالاک لە پڕۆسەی ڕاهێنانی خۆیدا سەیر بکرێت. منداڵ ئی ئەوە نییە هەر بیخەیتە بەردەم ڕووداوەکان، بەڵکوو دەبێ بە هۆی ئیرادەی خۆیه‌وه‌ ڕووداو بخوڵقێنێت. لەبەر ئەوە، ئێمە دەبێ بەردەوام پێکهاتەی ئەزموونەکان داڕێژینەوە، چونکە لەوانەیە منداڵ لە هەر چرکەیەکدا جووڵەیەکی جیاواز بکات. کەواتە شێوازی ڕاهێنان پێوەندیی بە خودی منداڵەکەوە هەیە. یەکەم ئەنجام کە لەو شێوازەدا دەست دەکەوێت، ئەوەیە کە فێربوونی منداڵ زۆر ئازادە و لە هیچ سیستەمێکدا سنووردار ناکرێت.

کەرەستەکان باشترین ڕاهێنەرن...

مۆنتێسۆری ژینگەیەک دەخوڵقێنێت کە لەو ژینگەیەدا هەموو کەرەستەکان ڕاستەقینەن، یانی هیچ کەرەستەیەکی دەستکردی تێدا نییە. مۆنتێسۆری پێی وا بوو کە منداڵ نابێ وێڵ بکرێت، بەڵکوو ڕاهێنەر دەبێ هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵی بجووڵێت؛  ئەمە بەو واتایە نییە کە وەکوو منداڵان ڕەفتار بکات، بەڵام لانی کەم هەوڵ بدات فێر بێت کە چۆن لەگەڵ منداڵ هەڵسوکەوت بکات.

مۆنتێسۆری پاش هاوکاریی هاوڕێ مۆسیقارەکەی، مەکریارۆنی (Maccriaronni)، بناغەی قۆناغەکانی ڕاهێنانەکەی خۆی لەسەر بنەمای تێگەیشتن لە چەمکەکانی مۆسیقا بنیات نا. سەرەتا دەنگەکانی پۆلێنبەندی کرد و بە شێوازی جۆراوجۆر منداڵانی تاقی کردەوە و کۆمەڵێک پرۆڤەی بۆ بەوردیبیستنی دەنگەکان وەکوو باشترین شێوەی ڕاهێنانی مۆسیقایی داڕشت و باوەڕی وا بوو کە دەبێ زۆربەی چالاکییە دەنگی و نادەنگییەکان ببنە گۆرانی. واتە ئەو دەنگانەی منداڵان دەیانبیستن، دەبێ بە گۆرانی بیانڵێنەوە.

خاڵێکی گرینگی دیکە کە لە شێوازی مۆنتێسۆریدا جێی بایەخە، جووڵە ڕیتمییەکانە، کە دەبنە هۆی پەروەردە و گەشەی جەستەییی منداڵ. بۆ ئەم مەبەستەیش مەکریارۆنی بە گۆڕینی خێراییی ئەو پارچە مۆسیقایانەی بە پیانۆ دەیژەنین، منداڵانی فێر دەکرد کە چۆن لە بەرانبەر ئەو دەنگە جیاوازانەی بە خێرایییەکی جیاواز دەژەنرێن، کاردانەوەیان هەبێت.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

سەرچاوە:

http://www.montasori.blogfa.com