هزری نوێ، له‌ شیشبه‌ندی زیندانه‌وه‌ بۆ ئاسمانی نوێگه‌ری

08, 08, 2016

نووسەر: فاتیمه‌ ناعووت

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: هودا سابیر زەنگەنە

"باپیرم قوتابخانه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ندی هزری بوو بۆ من، هه‌ر ئه‌ویش فێری كردم كه‌ هونه‌ری خوێندنه‌وه‌ زۆر قورستره‌ له‌ هونه‌ری نووسین!

بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌ ئاسان نییه،‌ چونكه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌بێته‌ خۆراكی مێشكمان و گه‌شه‌ی هزریمان. پاشان خوێندنه‌وه‌ ته‌نیا چاوخشاندن نییه‌ به‌ وشه‌ی ناو بابه‌ته‌كان، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌وردی ‌ به‌ ناو هه‌موو وشه‌كاندا قووڵ بینه‌وه و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ر وشه‌كاری و شوێنی وشه‌كان بكه‌ین، چونكه‌ له‌خۆڕا له‌و شوێنه‌ دانه‌نراون، هه‌روه‌ها تێگه‌یشتن له‌ مانای هێماكان له‌ نووسیندا، پێویستییه‌كی تری خوێندنه‌وه‌یه‌.

خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌تێك، ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ هزری ئێمه‌دا دیاری ده‌كات، كه‌ له‌ كۆتاییدا بۆ بڕیاردان به‌جێمان ده‌هێڵێت، هه‌ر بۆیه،‌ ده‌بێت به‌ دیدێكی ڕووناكبیرانەوە‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ ناوه‌ڕۆكی وشه‌كان بكه‌ین نه‌ك دیوی ده‌ره‌وه‌ی وشه‌كان. به‌ ته‌نها و گه‌ڕان به‌دوای نهێنیی نووسین و دۆزینه‌وه‌ی زمانی شاراوه‌ی بابه‌ته‌كه‌ هونه‌رێكه‌ هیچ كه‌سێك نایزانێت، ته‌نها شاره‌زایانی خوێندنه‌وه‌ نه‌بێت. به‌شێك له‌ هونه‌ری خوێندنه‌وه‌ ڕۆچوونه‌ به‌ناو دێڕه‌كاندا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و وزه‌ شاراوه‌یه‌ی له‌ناو وشه‌كاندا هه‌یه‌، كه‌ به‌ئاشكرا له‌ نووسینه‌كه‌دا هه‌ستی پێ ناكرێت.

خوێندنه‌وه‌، هه‌ڵگرتنی كتێبێك و چاوخشاندن به‌ نووسینێكدا نییه‌، به‌ڵكوو هونه‌رێكه‌ بۆ وێنه‌كردن و به‌رجه‌سته‌كردنی ئەو ئامانجه‌ی کە له‌ ئایینده‌ی خۆماندا بینای ده‌كه‌ین."

فاتیمه‌ ناعووت ژنه‌ شۆڕشگێڕێكی هزری نوێی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌، له‌ بواری نووسیندا پێنووسێكی بوێر و ئازاده‌. به‌ هۆی نووسینه‌كانییەوە، به‌رده‌وام تووشی دژایه‌تیی ئایینی، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ بووه‌ته‌وه‌، کە ناتوانن هزری نوێ قبووڵ بكه‌ن و نوێگه‌ریی هزری به‌ مه‌ترسی ده‌زانن بۆ سەر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان. هه‌ر بۆیه‌ له ‌لایه‌ن دادگای میسرەوە چه‌ند جارێك سزای زیندانی و غه‌رامه(پێبژاردن)‌ی بۆ ده‌ركراوه‌، به‌ڵام فاتیمه‌ به‌رده‌وام، بە ده‌ربڕینی ئازادیی فكری، به‌رامبه‌ریان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

فاتیمه‌ له‌ په‌یامێكی تریدا باس له‌ ئازادیی ڕۆح و هزری مرۆڤه‌كان ده‌كات و ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ تاریكبین وه‌سف ده‌كات، كه‌ به‌ یاسا ته‌قلیدی و كۆنه‌پارێزه‌كانیانەوە سزای زیندانیان بۆ ده‌رده‌كه‌ن و ده‌ڵیت: "ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین مه‌ترسی بین بۆ كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ مه‌ترسین كه‌ له‌ هزری نوێ ده‌ترسن و به‌ پاساوه‌ كۆنه‌پارێزه‌كانیانەوە ده‌یانه‌وێت ئێمه‌ ڕاو بنێن!

ئه‌وانه‌ی ده‌رگای زیندان بۆ ئێمه‌ واڵا ده‌كه‌ن، پێیان وایه‌ به‌ به‌ندكردنمان له‌ پشتی شیشبه‌نده‌كانی زیندانه‌وه‌ باڵه‌ ئازاده‌كانمان ده‌به‌ستنه‌وه‌. به‌ڕاستی شایانی به‌زه‌یین، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئازادین!

ئێمه‌ زیندانی ناكرێین، ئه‌وه‌ ئه‌وانن له‌ پشتی هزری تاریك و كۆنه‌پارێزی جه‌هلدا زیندانی كراون، هه‌رگیز ناتوانن ئێمه‌ له ‌بیری نه‌وه‌ی نوێخوازیدا بسڕنه‌وه،‌ ئه‌وه‌ ئه‌وانن كه‌ سه‌دان ساڵ بژین له ‌بیر ده‌چنه‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ له‌ هزری خه‌ڵكداین و ئه‌وان له ‌چاوی خه‌ڵكدا.

مێژوو وه‌ك ئامانه‌ت باسی نووسین و هزره‌كانی ئێمه ‌ده‌كات، به‌ڵام بۆ ئه‌وان چی؟! ئه‌وه‌ی شایانی نووسینه‌وه‌ بێت، له‌ مێژووی ئه‌واندا ته‌نها ئه‌و یاسایانه‌یه‌ كه‌ مایه‌ی پێكه‌نینن و‌ ئێمه‌ی پێ سزا ده‌ده‌ن! ئه‌گه‌ر ئێستا له‌ زه‌مه‌نێكداین کە شمشێر به‌هێزه‌ و هزر تیرۆر ده‌كرێت، گه‌شبینم به‌وه‌ی هه‌میشه‌ هزری ئازاد له ‌ناخی نه‌وه‌ی داهاتوودا سه‌رده‌كه‌وێت."

وه‌ك په‌یامێكیش بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دژایه‌تیی نووسین و هزره‌ نوێگه‌رییه‌كانی فاتیمه‌ ناعووت ده‌كه‌ن، به‌ شانازی و به‌وپه‌ڕی متمانه‌به‌خۆبوونه‌وه‌ ده‌ڵێت: "شانازی به‌ پیشه‌كه‌مەوە ده‌كه‌م كه‌ نووسینه‌، شانازی ده‌كه‌م كه‌ به‌و چه‌كه‌ی کە هه‌مه، شه‌ڕی زوڵم و توندوتیژی و پاراستنی مافی مرۆڤ ده‌كه‌م‌، من هه‌رگیز خاوه‌نی شمشێر نیم و هیچ جۆره‌ كۆت و زنجیرێكیشم پێ نییه‌ و، هیچ فیشه‌كێكیش له‌ گیرفانمدا نییه‌. به‌ڵام ئه‌و چه‌كه‌ی من هه‌مه،‌ مه‌ترسیدارتره‌ له ‌هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌! چه‌كی من، پێنووسه‌كه‌مه‌ كه‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك له‌ گۆشه‌كه‌مدا و له‌ژێر كاریگه‌ریی باوه‌ڕم به‌وه‌ی: خودا ئاشتیی خۆش دەوێ ده‌نووسم، هه‌روه‌ها متمانه‌م به‌و گوته‌یه‌ی باپیرم به‌هێزه‌، كه‌ ده‌یگوت: "ببه‌ به‌ نووسه‌رێك و له‌سه‌ر ڕێگای ئازاد بڕۆ!"

فاتیمه‌ ناعووت نووسه‌رێكی به‌ناوبانگ و شۆڕشگێڕی هزری نوێیه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، کە‌ ماوه‌ی سێ ساڵان له‌ میسر، له‌سه‌ر ڕقێكی كۆن له ‌نێوان فاتیمه‌ و ئیخواندا زیندانی كراوه‌، كاتێك له‌ ساڵی (2005)دا، 88 كورسییان له‌ په‌رله‌مانی میسر به‌ده‌ست هێنا. فاتیمه‌ له‌ شۆڕشی نووسینه‌كانیدا، دژی ئیخوانه‌كان وه‌ستایه‌وه‌.

فاتیمه‌ ناعووت، له‌ میسر له‌دایك بووه‌ و ده‌رچووی زانكۆی عین الشمسه‌، هه‌روه‌ها نووسه‌ری گۆشه‌ی هه‌فتانه‌یه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژنامه‌ و گۆڤارێك وه‌ك: نصف الدنیا، میدیا24 ، گۆڤاری ڕۆژ، ڕۆژنامه‌ی ئه‌لوه‌ته‌ن، المصری الیوم.

كه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌ نووسینی هزری و ڕاوبۆچوونی، چه‌ندان بابه‌تی نوێگه‌ری ده‌ورووژێنێت، ده‌بێته‌ باسی خه‌ڵك، ده‌زگای میدیایی، ئه‌كادیمی، ئایینی، سیاسی و ڕۆشنبیرییه‌كان.

فاتیمه‌ ناعووت له‌ نزیكه‌وه‌ دۆستی كورده‌ و چه‌ند بابه‌تێكی له‌ ساڵانی ڕابردوودا له‌باره‌ی كوردەوە نووسیوه‌ و داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كردووه،‌ كه‌ پشتگیریی كورد بكرێت به‌تایبه‌ت ده‌ڵیت: "نابێت كوردستان بكرێته‌ مه‌یدانی تەسفییه‌ی شه‌ڕی داعش و، ده‌بێت كوردستان ڕزگار بكرێت له‌و شه‌ڕه‌ی یه‌خه‌ی گرتووه‌." فاتیمە، به‌ زمانێكی شۆڕشگێڕانه‌وە به‌رگری له‌ كورد و دڵسۆزی و مافی كورد ده‌كات.

 

سەرچاوە: https://www.facebook.com/naoot?fref=ts

 

Last modified on سێ شەممە, 15 ئایار 2018 10:53