ڕۆشنبیرى و سەردەمى شارستانییەتى دیموکراتى

 

وه‌رگێڕانی لە عەرەبییەوە: چرا عومه‌ر

سه‌رده‌می شارستانییەتى دیموکراتى، بە چەرخى پڕاوپڕ لە ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان و ئازادیى ڕادەربڕین و بیروبۆچوون و لێبووردەیى و شەفافییەت دادەنرێت. بە باشترین چەرخ دادەنرێت کە کۆمەڵگەکان توانیویانە نمایشى خودى خۆیان بکەن لە هەموو بوارەکان بەتایبەتى لە بوارى سیاسى و شارستانیدا. یەکێک لەو فاکتەرانەى کە دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ چەرخى کۆن و، هەروەها ببێتە ڕەنگێک بۆ چەرخى نوێ، بریتییە لە "نمایشی ڕۆشنبیرى" کە بە هۆکارێکى جووڵێنەر بۆ سیستەمى سیاسیى نەتەوەکان دادەنرێت.

ئێمە سەردەمى فەلسەفە، حزبى، خێڵەکى و ئایدیۆلۆژیمان تێ پەڕاند. هەموو چەرخێک تایبەتمەندیى خۆى هەیە، جا لە ڕووى بیروبۆچوون و باوەڕەوە بێت، یان لە ڕووى بەها ڕۆشنبیرییەکانەوە بێت. تەنیا ڕاستییەک هەیە دەبێت بخرێتە ڕوو، ئەویش ئەوەیە کە زۆربەى ئەم چەرخانە نەیانتوانیوە وێنای هەموو چین و توێژەکانى کۆمەڵگە بکەن، بەڵکوو تەنیا خۆى لە نواندنى بەشێکیدا بینیوەتەوە. ئەم لەخۆنەگرتنەیش کۆمەڵێک جیاوازیى دروست کردووە: بەشێک لە خەڵکان لە سادەترین مافە ڕۆشنبیرییەکان بێبەش بوون؛ بەشێکى تر ناتوانن بەپێى ڕۆشنبیرى و خۆشگوزەرانیى خۆیان بژین، لەبەر ئەوە هەوڵى سەپاندنى ڕۆشنبیریى خۆیان دەدەن.

دەتوانین بڵێین ناشرینترین وێنەى زۆرلێکردن و چەوساندنەوە بریتییە لە هەوڵدان بۆ لەناوبردنى ڕۆشنبیریی گەلان، لەبەر ئەوەى ڕۆشنبیرى، بەڵگەى هەبوون و ڕەسەنیى گەل نیشان دەدات؛ بەبێ ئەم ڕۆشنبیرییە، ناتوانرێت باس لە هەبوونى گەل بکرێت. دەبینرێت مێژوو خاڵى نییە لە شەڕوشۆڕ و پیلانى ئامانجدار بۆ لەناوبردنى ڕۆشنبیریی نەتەوەکان؛ دیارترین نموونە وەکوو هیتلەر و مۆسۆلینى. ئەم دووانە پێویست بە شیکردنەوە و توێژینەوە ناکات بۆ ناساندنیان، هەروەها ڕەگەزپەرستیى کەمالییەکان درێژەى کێشا تاوەکو دواتر ئەم ڕەگەزپەرستییە مایەوە بۆ تورکەکان و سوڵتاننشینى عوسمانى كە تا ئەمڕۆ بوونیان هەیە. هەروەها ئەم سیستەمە حوکمڕانییەى کە نکوڵى لە هەبوونى نەتەوەى کورد و کەمینەکانى تر دەکات. شۆڤینییەتى عەرەبى لە سیستەمى بەعسى حوکمڕاندا کە کۆمەڵکوژیى ئەنجام دا، هەروەکوو ئەو تاوانەى دژ بە هەڵەبجە کردى.

ئەم وێنەى دوایییەى چەوساندنەوە، بۆتە زمانى سیاسى و دیپلۆماسى و، هەروەها زمانى ئینترنێت و کۆمپیوتەر. ئەوەى چەرخى نوێ جیا دەکاتەوە، تایبەتمەندیى "بەیەکداچوونى ڕۆشنبیرییەکانە"، کە وەکوو کەیسێکى سیاسى لە بەرامبەر نەتەوەکان و سیستەمەکانیان دەردەکەوێت. بە شێوەیەک، ڕۆشنبیرییە پێکچووەکان لێک نزیک دەکاتەوە و جیاوازەکان لێک دوور دەخاتەوە. لێرەدا، جه‌نگى ڕۆشنبیریى ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا دروست دەبێت؛ ئەوەیش ناکۆکیى سیاسى و کۆمەڵایەتى و بیروباوەڕ دروست دەکات و، دەبێتە کێشەى سه‌رده‌مه‌که‌. لە ڕۆژهەڵاتدا هەمان شت ڕوو دەداتەوە، بەتایبەتى ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان؛ بۆ نموونە جه‌نگى ئیسڕائیلى و فەڵەستینى.

هەروەها لەسەر عەرەب پێویستە، بیرکردنەوەی ڕەگەزپەرستى و بەعسییانەیان واز لێ بێنن، لەبەر ئەوەى دوورە لە تایبەتمەندى و پره‌نسیپەکانى ئەم سەردەمە و، لە جیهانى نوێدا جێگەى نابێتەوە. هەروەها له‌سه‌ر کورد و هەموو نەتەوەکانى تر و کەمینەکانى تر لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێویستە، واز لەم بیرکردنەوانە بێنن.

ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، لە ململانێیەکدا دەژین کە لە مێژوودا وێنەى نییە. بەمەیش دوو ڕۆشنبیرى کۆ دەبنەوە و ڕۆشنبیریەکى شارستانییانە دروست دەکەن، بەڵام ئایا شێوەى ئەم ڕۆشنبیرییە نوێیە چۆنە؟ ئایا کام لایەن سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ڕۆشنبیریى به‌جیهانیبووی ئەوروپى و ئەمریکى، دەبێتە جێگرەوە؟ یان ڕۆشنبیریى نوێى ڕۆژهەڵات؟ هەموو ئەمانە وەڵامەکانیان بۆ ڕۆژانى داهاتوو ده‌مێنێته‌وه‌.

پێویستە باسى دەوڵەتیش بکەین، کە بووەتە ئامرازێکى خۆسەپاندن و لەناوبردنى ڕۆشنبیرییەکان لە ڕێگەى هێز و پاڵەپەستۆوە. سیستەمى هەڕەمەکى کە دەوڵەت جیا دەکاتەوە و، شەرعییەت دەداتە نایەکسانى لە نێوان خەڵکدا، بۆتە هۆى دروستبوونى چینى ئەریستۆكراتی و خزمەتکار، بەندایەتى و گەورەکانیان؛ ئەمە دوورە لە هەموو بەهایەکى مۆڕاڵی و ئیتیکی و مرۆڤایەتى. درۆ و فێڵکردن بۆتە ڕێگەیەکى باو بۆ ئامانجى گرتنە دەستى دەسەڵات و لە هەمان کاتدا بۆتە خەسڵەتیکى دیارى سیستەمى حوکمڕانیی ئێستامان، بەداخەوە خاوەن کەسایەتییە دیارەکان دوور دەخرێنەوە بە بیانووى لادانیان لەم سیستەمە بۆگەنە.

بەڵام لە کاتى ئێستادا گەورەترین کێشە و مەترسیدارترینیان، لە ڕەگەزپەرستیى نەتەوەیى و شۆڤینییەت و لە مانەوەى دەسەڵات بۆ نەوەکانى خۆیاندا خۆى دەبینێتەوە، چونکە دیکتاتۆرەکان تواناى وازهێنان لە دەسەڵاتیان نییە, هەرکات میللەت دژیان وەستا دەستدەکەن بەوێرانکارى و خاپوورکردن. بێ گومان، ناکرێت نکوڵى له‌ لایەنى باشى ئەم بابەتە بکرێت، وەکوو ئەو ڕۆڵەى لە پێشکەوتنى شارستانییەت و خۆشگوزەرانیى مرۆڤایەتیدا هەیبووە. من پشتگیرى لە شێوەى دیموکراسییەتى ئەم سەردەمە دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناوەڕۆکى دەوڵەت، خاڵییە لە ڕۆشنبیرى و دیموکراتى, هەرچەندە لە دەستوورەکانیاندا  باسيان لە دیموکراسییەت کردووە. بۆیە بە قەناعەتى من، قبووڵکردنى لە دەستووردا گرنگ نییە، بەڵکوو ئەوە گرنگە تا چەند دەگاتە لە واقعدا کاری پێ دەکرێت, کە ئەمەش لە ڕۆشنبیریى دیموکراتیدا خۆى دەبینێتەوە. سیستەمەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست (پاشایه‌تی، ئۆلیگارشى و تیۆکراتی) دوورن لە عەقڵەوە.

چارەسەرى گونجاو بۆ ئەم قۆناغە بریتییە لە دیموکراتیى دەوڵەت، بەڵام ئەوە چارەسەرى کۆتایى نییە، لەبەر ئەوەى بڕوام بە دیموکراتییەتى ئیکۆلۆژیی سروشتى هەیە. ئاستى دواکەوتوویى و بیرکردنەوەکان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لەگەڵ ئەم سەردەمە ناگونجێت. لەگەڵ ئەوەیش ڕاستییەک هەیە، کە دەکرێت جێگرەوەى شارستانییەتى ئەوروپى بێت لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەویش تێکەڵکردنى ڕۆشنبیریى گەلەکانییەتى لەگەڵ یەکتر. لەسەر هەموو ڕۆشنبیرییەکان پێویستە ئەم لایەنانە وەلا بنێن کە لەگەڵ سەردەمى نوێدا ناگونجێن؛ ئەمەیش به‌ ماناى دەستبەردان لە بەهاکان نایەت بەڵکوو بە هەنگاوێک دادەنرێت بەرەو پێشکەوتن و یەکگرتن لەگەڵ سەردەمدا و، گەیشتن بە ڕۆشنبیرییەکى ناوەڕۆکدار و پێشکەوتوو و شارستانى.

لێرەدا پێویستە یەکەمجار گەل بگەیەنرێت بە قۆناغى ئاگایى و زانین لە ڕێگەى ڕاهێنان و فێرکردن و ڕۆشنبیرى و تێپەڕاندنى لایەنە نێگه‌تیڤه‌کان، گرینگترینیان: بیناکردنى دامەزراوەى شارستانى لە هەموو بوارەکان لە ڕووى بەدەستهێنانى مافەکان بێت، یان لە ڕووى زانستى، ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى، هەروەها بیناکردنى شارەوانیی ئازاد بۆ ئەوەى ببنە نموونەى ڕۆشنبیرى و، گەل لە ڕێگەیانەوە فێرى چۆنێتیی بڕیاردانى دروست و خۆبەڕێوەبردن بێت. هەروەها دەبێتە هۆى دروستکردنى بیرێکى نوێ و، بیرکردنەوە تەسکەکان تێ دەپەڕێنێت کە بە سیستەمى حوکمڕانییەوە بەستراوەته‌وه‌، هەروەها بەلاوەنانى سیستەمى هەڕەمەکى کە لەگەڵ سروشتى کۆمەڵگە ناگونجێت و لەگەڵیدا ناکۆک دەبێت. بۆ دروستکردنى کۆمەڵگەیەکى گونجاو لەگەڵ سروشت و ژینگە و تاکەکانى، کە لە نێوان تاکەکان و لە نێوان پیاو و ئافرەت و، هەروەها لە نێوان ڕۆشنبیریى گەل و کۆمەڵگەکاندا گونجان دروست بکات.

ڕۆشنبیرى کە دەبێتە شێوەى سەردەمى نوێ، دەتوانێت لەگەڵ ڕۆشنبیرییه‌کانى تر لە کەشێکى پڕ لە لێبووردەیى و یەکسانیدا گونجان دروست بکات. شۆڕشى زانستى و ته‌کنه‌لۆژیش بە هۆکارێک دادەنرێت بۆ دروستبوونى ڕۆشنبیرییەکى دایک و گەورە کە ڕۆشنبیرییەکان بە هەموو شێوەکان و ڕەنگە جیاوازەکان لەخۆ دەگرێت، هەروەها ئاگاییى کۆمەڵگە کە پشتى بە زانست و ته‌کنه‌لۆژی بەستووە، هەموو ئەمانە وێنە دەکات بە بەهاکانى ڕەوشتى و ڕۆحییەوە؛ بەهاکانى مرۆڤایەتى سەڕەڕاى هەموو پێشکەوتنەکان و گۆڕانکارییەکان بە باڵایى دەمێننەوە.

سەرچاوە:

http://www.m.ahewar.org

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 15 ئایار 2018 11:12