مافى بڕیاردانی چارەنووس لە یاساى نێودەوڵەتیدا

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

١- سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە بیرمەندانى یاسای نێودەوڵەتى پشت بە بڕیار و بەڵگەنامە و ڕاگەیەندراوەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستن، کە بوونەتە سەرچاوەیەکى سەرەکیى یاساى نێودەوڵەتى.

٢- پرەنسیپى مافى گەلان لە بڕیاردانی چاره‌نووس، سەرەتاکانى سەدەى بیستەم دەرکەوت و، یەکێک بوو لە پرەنسیپەکانى سەرۆکى ئەوکاتی ئەمریکا، ویڵسۆن، لە کۆتایییەکانى جەنگى جیهانیى یەکەمدا بە مەبەستى چارەسەرکردنى بارودۆخى ئەو گەل و نەتەوانەى ژێردەستى ئیمپراتۆرییه‌تی نەمسا و عوسمانى بوون. ئەم پرەنسیپە خاڵى سەرەکیى دامەزراندنى "کۆمەڵەى گەلان" و جەختکردنەوەى ڕۆڵى ئەمریکا بوو لە شانۆى سیاسەتى جیهانیدا، بەڵام کۆمەڵەى گەلان بە هەڵگیرسانى جەنگى جیهانیى دووەم کۆتایی هات.

٣- بیرمەندى بەناوبانگى نێودەوڵەتى، ئەیان براونلى، دەربارەى مافى بڕیاردانی چاره‌نووس دەڵێت: تا ماوەیەک بەر لە ئێستا ڕاى زۆربەى بیرمەندەکان وا بوو کە ئەم مافە هیچ بنەما و ناوەڕۆکێکى یاساییی نییە، بەڵکوو بیردۆز (تیۆری)یەکى سیاسى و ئەخلاقییە و پێناسەیەکى وردى نییە. پێش ساڵى ١٩٤٥ هیچ سەرچاوەیەکى یاسایى نەبووە ئەم مافە لەخۆ بگرێت، بەڵام دواى ئەوە بە هۆى دامەزرانى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشکەوتنى زۆر ڕووی دا و بووە هۆى ئەوەی بیرمەندان بە شێوەیەکى گشتى، دان بەوەدا بنێن کە مافى بڕیاردانی چاره‌نووس پرەنسیپێکى یاسایییە و، لایەنە گشتى و سیاسییەکەى ڕێگە لە لایەنە یاسایییەکەى ناگرێت. هەروەها دادگه‌ى دادى نێودەوڵەتى لە کەیسى باشوورى ڕۆژاواى ئەفریقادا دەقى ماددەى دووەمى "ڕێککەوتننامەى ڕاسپاردەکان"ی، سەڕەڕاى سروشتە سیاسییەکەى، بە پاندبوونێکى یاسایى دانا، کە لایەنى ئەخلاقى وا دەخوازێت زۆرترین هەوڵ بدرێت بۆ باشترکردنى بارودۆخى گەلى ئەو هەرێمە.

سەرەڕاى ئەوەى ئاماژەکردن بەم پرەنسیپە زۆربەى جار دەبەسترێتەوە بە پەیماننامەى ئەتڵەسى، کە ١٤ى ٨ى ١٩٤١ دەرچوو، پاش ئەوە گرینگترین پێشکەوتن بەسەر ئەم پرەنسیپەدا هات (پرەنسیپى مافى یەکسانى و مافى گەلان لە دیاریکردنى چارەنووسى خۆیاندا)، کاتێک لە بڕگەى ٢ى ماددەى یەکەم و ماددەى پەنجا و پێنجی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژەى پێ کرا و، ژمارەیەک لە بیرمەندەکان واى بۆ دەچوون کە ئاماژەکردن بەم پرەنسیپە بۆ ئامۆژگاریکردن و ڕێنیشاندانە. جگە لەمە، پراکتیکى نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی سەلماند کە ئەم پرەنسیپە بەشێکە لە یاساى نەتەوە یەکگرتووەکان. بڕیارى كۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە  A/VII637 دەرچووی ١٦ى دێسه‌مبەرى 1952 ئاماژەى بەوە دابوو:

"لەسەر هەموو دەوڵەتانى ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە، کە پابەند بن بە مافى بڕیاردانی چاره‌نووسی هەموو گەل و نەتەوەیەک"؛ گرنگتر لەوە، لە ڕاگەیەندراوێکى تایبەتدا، کە ساڵى ١٩٦٠ کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان دەری کرد بۆ پێدانى سەربەخۆیى بەو دەوڵەت و گەلانەى کە ژێردەستى داگیرکەرن و، لە چەند بڕیارى تریشدا، چەند جار ئاماژەى  بەوە کردووە. هەروەها کۆمەڵەى گشتى لیژنەیەکى تایبەت بە کەمکردنەوەى داگیرکاریى دامەزراند.

ڕاگەیەندراوەکان باسیان لەوەیش کردووە، کە ئەم پرەنسیپە بەشێکە لەو ئەرکانەى کە لە پەیماننامەکەدا هاتووە؛ واتە تەنیا ڕاسپاردە نییە. دواتریش لە زۆر پەیماننامەى نێودەوڵەتیدا ئەم پرەنسیپە باسى لێوە کرا، وەکوو: پەیماننامەى زەریاى هێمن، کە ٨ى سێپته‌مبەرى ١٩٥٤ واژوو کرا و، بەیاننامەى کۆنفڕانسی باندونگ (Bandung conference) لە ٢٤ى ئه‌پریلی ١٩٥٥دا، هەروەها لە ڕاگەیەندراوى (بێلگراد)ى دەوڵەتانى بێلایەن، لە ٦ى سێپته‌مبەرى ١٩٦١دا و ڕاگەیەندراوى کۆنفڕانسی قاهیرەى دەوڵەتانى بێلایەن لە ئۆکتۆبەرى ١٩٦٤دا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ژمارەیەکى زۆرى دەوڵەتان پشتى ئەم پرەنسیپەیان گرت کە لە ڕاگەیەندراوى پرەنسیپەکانى یاساى نێودەوڵەتیدا ئاماژەى پێ کرابوو و، باس لە پەیوەندیی دۆستانەى نێوان دەوڵەتان دەکات بەپێى پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، کە کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ دەنگدان بڕیارى لەسەر دابوو. هەروەها ڕاوێژکارانی دادگه‌ى نێودەوڵەتیى داد، لە یاساى نێودەوڵەتیدا جەخت لە جێبەجێکردنى مافى بڕیاردانی چاره‌نووس دەکەنەوە. حکوومەتى بریتانیا، کە سەرەتا دژى پرەنسیپەکە بوو، لەم ساڵانەى دواییدا دەستی کرد بە دانان و جێبەجێکردنى، وەکوو جۆرێک بەرگریى گەلان لە خۆیان؛ هەروەکوو لە کەیسەکانى چیاى تارق و فالکلەند (مالڤیناس)دا دەردەکەوێت.

١-‌ بەم شێوەیە ئەم مافە بە مانا کلاسیکییەکەى، هەروەک لە مێژوویشدا دەردەکەوێت، دەدرێت بەو گەلانەى کە ژێردەستن و سەربەخۆ نین؛ ئەو گەلانەى داواى ئۆتۆنۆمى دەکەن، یان ئەو گەلانەى ملکەچى سیستەمى چاودێریى گەلانى ترن. نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵى ١٩٦٠وە پاش جێگیرکردنى مافى بڕیاردانی چاره‌نووس، ڕۆڵێکى کاریگەر و گەورەى بینى لە سەربەخۆبوونى ژمارەیەک لەو هەرێم و گەلانەى کە ژێردەست بوون.

٢- دواى ئەوە، کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە کۆکردنەوەى هەموو ئەو بڕیارانەى کە پێشتر سەبارەت بە مافى بڕیاردانی چاره‌نووس دەری کردبوون؛ بۆ ڕوونکردنەوەى زیاترى ئەم بڕیارانە، هەروەک لە بڕیارى ژمارە ٢٦٢٥دا بەکۆمەڵ بڕیاریان لەسەر دابوو. ٢٤ى نۆڤەمبەری ١٩٧٠، کە ڕاگەیاندنى پرەنسیپەکانى یاساى نێودەوڵەتى سەبارەت بە پەیوەندیگەلی دۆستایەتیى نێوان دەوڵەتان بەپێی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکانی لەخۆ دەگرت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیوەندیى دۆستایەتى و هاوکاریکردن لە نێوان دەوڵەتان بەپێی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێکە لە بابەتە گرنگەکان. هەر بەپێى ئەم بڕیارە، هەموو دەوڵەتان مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییەکانیان دەکەن بەبێ جیاوازیدانان لەسەر بنەماى ڕەچەڵەک و ئایین و ڕەنگ.

٣- کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێى بڕیارى ژمارە ٢٧٨٧ی ١٢ى دێسه‌مبەرى ١٩٧٢، جەختى کردەوە لە مافى بڕیاردانی چاره‌نووسی گەلان و ئازادی و سەربەخۆیییان و، شەرعییەتدان بە سیستەمەکانیان بە هەر شێوەیەک کە لەگەڵ پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بگونجێت.

٤- لە بڕیارى ژمارە ٣٩٧٠دا، کە نۆڤەمبەرى ١٩٧٣ دەرچوو، کۆمەڵەى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان داواى لە هەموو دەوڵەتانى ئەندام کرد، دان بە مافى بڕیاردانی چاره‌نووسی گەلان و سەربەخۆییاندا بنێن و هاوکاریى ماددى و مەعنەوییان پێشکەش بکەن.

 

سەرچاوە:

https://www.al-tagheer.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 15 ئایار 2018 11:13