کاریگەریى هەمەجۆریى ڕۆشنبیرى و ڕەگەزى و ئابوورى لەسەر جێگیریى ناوخۆییى دەوڵەت

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

هەمەجۆریى لایەنى ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى، یەکێکە لە سیماکانى کۆمەڵگەى مرۆڤایەتى. ژمارەیەکى کەم لە کۆمەڵگەکان خاوەنى یەک ڕۆشنبیرى و ناسنامە و داب و نەریتن؛ زۆربەیان خاوەنى ڕۆشنبیرى و بارى کۆمەڵایەتیى جیاوازن. بەڵام سەڕەڕاى ئەوە، سەبارەت بەوەی هەموویان خاوەنى ناسنامەیەکى یەکگرتوون کە وێناى کۆمەڵگەکەیان دەکات، لێکتێگەیشتنى تەواو لە نێوانیاندا هەیە. هەندێک کۆمەڵگەیش بە هۆى ئەم جیاوازییانەوە لە بارى نەگونجاندا دەژین. ئەمەیش زۆر جار لە دەرەنجامى سەروەربوونى ڕۆشنبیرییەک، يان ناسنامەیەک بەسەر ئەوانى تردا ڕوو دەدات. ئەم بارەیش دەبێتە هۆى ناسەقامگیریى ڕۆشنبیرى و بیر و هزرى کۆمەڵانێک لەناو کۆمەڵگەکەیاندا؛ جا ئەو ڕۆشنبیرییە تایبەت بێت بە کەمینە، یان زۆرینە. ئەمەیش زیان بە دروستبوونى پەیکەرى کۆمەڵایەتى دەگەیەنێت، لەبەر ئەوەى کەشێکى نائارام و پڕ لە ناڕەزایی و بێمتمانەیی لە نێوان هاونیشتمانییاندا دروست دەکات؛ هەروەها دەبێتە هۆى تاکڕەوی و زاڵبوونى ڕێبازیک بەسەر هەمووان لەناو یەک کۆمەڵگەدا، بە هۆى هەستکردنیان بە کەمبوونەوەى پلەى کۆمەڵایەتییان و ونبوونى ناسنامەى تایبەتیى خۆیان.

هەمووی ئەوانە دەبنە هۆکاری دروستبوونى نەوەیەکى پڕاوپڕ لە هەستى نەرێنى، پەیدابوونى ململانێ و دوژمنایەتى بە هۆى جیاوازیی ژیان و هەستکردنیان بە نایەکسانى و نادادپەروەرى و پێشێلکردنى مافەکانیان و دوورخستنەوە و پەراوێزخستنیان لە لایەن دەسەڵاتەوە و، هەمووی ئەوانە کاریگەریى نەرێنییان لەسەر بەجێ دەهێڵێت؛ لەبەر ئەوەى ڕۆڵیان لە پەراوێزدایە و، دواجار وەک هاووڵاتی ڕەگەزێکى ناچالاکیان لێ دروست دەبێت. لێرەدا دەرەنجامى خراپتر دێتە کایەوە؛ ئەم دوورخستنەوە و پەراوێزخستنە دەبێتە هۆى کارى تیرۆریستى، جا بەرامبەر تاکەکانى کۆمەڵگە بێت، یان بەرامبەر دەسەڵات؛ ئەمەیش بۆ سەلماندنى بوونیان بۆ لایەنەکانى ترى کۆمەڵگە و وەرگرتنى مافەکانیان، تەنانەت ئەگەر بە بەکارهێنانى هێزیش بێت.

ئەم پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیە دەبێتە هۆى تێکدانى پێکهاتە و بناغەى کۆمەڵگە و, بە هۆیەوە ئەو دەوڵەتە لەسەر ئاستى دەرەوە بێهێز دەبێت و، تاکەکانى بەکار دەهێنرێن و، دوژمن بەئاسانى پێیان دەوێرێت. دووبارە ئەمانە دەبنەوە هۆى کارى تیرۆریستى و پەلاماردان؛ ئەم جارە لە لایەن دوژمنانى دەرەوە، چونکە بەئاسانى لەگەڵ ئەو کۆمەڵەیەی کە بەرامبەر بە دەسەڵات ناکۆکن، ڕێک دەکەون. لێرەدا هەرچەندە تێکدانى کۆمەڵگەکەیان لە بەرژەوەندیى ئەو کۆمەڵەیەدا نییە، بەڵام بە هۆى ئەوەى یەک ئامانج کۆیان دەکاتەوە، بەئاسانى دەبنە خۆراکى دوژمنان.

هەمەجۆریى ڕۆشنبیرى، واتە ئەو جیاوازییانەى لە شێوازە بەربڵاوەکانى ڕۆشنبیریی ناو کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا هەن. ئەم هەمەجۆرییە لە ڕێگەى ڕەسانەیەتى و هەبوونى زیاتر لە ناسنامەیەک لە کۆمەڵگەدا بەدەر دەکەوێت و دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ئاڵوگۆڕکردنى ڕۆشنبیرى و داهێنانى نوێ، کە هەمووی ئەمانە بۆ مرۆڤایەتى پێویستن، هەروەک چۆن هەمەجۆریى بایۆلۆژیی زیندەوەران پێویستە هەبێت. لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت ڕۆشنبیرییە جیاوازەکان کەلتوورێکى هاوبەشى مرۆڤایەتییە و، له‌ پێناو بەرژەوەندیى نەوەی ئێستا و داهاتوو، پێویستە ددانی پێدا بنرێت و جەختی لەسەر بکرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، مێژوو ئەوەى دەرخستووە کە هاتنى ئاوارە و کۆمەڵەیەکى نوێ بۆ شوێنێک، کاریگەریى ئەرێنیى نابێت، هەروەکوو شەڕ و ناکۆکییەکانى ئەفریقا و ناوچەى بەڵکان و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەرەنجامى نەبوونى تواناى گونجاندن و کۆنترۆڵکردنى ئەو هەموو ڕۆشنبیرییە جیاوازەیە، کە هەرچەندە لە بنەڕەتدا ئەم هەمەجۆرییە هۆکارى پێشکەوتن و گەشەسەندنى ئابووری بێت، بەڵام کە بووە هۆى زۆری‌وبۆریى بۆچوونەکان و پەیدابوونى ڕێبازى جیاواز، دەبێتە هۆکارێک بۆ تێکچوونى نەتەوەکان و شکان و لەناوچوونیان. هەر بۆیە دەوڵەتێکى نەتەوەییی وەکوو ئیسڕائیل، دانی بەوەدا ناوە کە دەوڵەتەکەى لە چەند کۆمەڵە کەمینەیەک پێک دێت، کە یەک مێژوو کۆیان ناکاتەوە، بەڵکوو مێژووى ڕاستەقینە بریتییە لە مێژووى هەر کۆمەڵەیەک بەتەنیا.

ڕۆشنبیرى و گەشەسەندن دوو ڕەگەزى تەواوکەرى یەکترن. مافى هەبوونى ڕۆشنبیریى سەربەخۆ و مافى گەشەسەندن، لەگەڵ یەکتر یەکسان دەبن، هەروەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان له‌ ساڵى ١٩٨٦ بڕیارى لەسەر داوە؛ بەو پێیەى کە ئەم دوو مافە، مافى هەر کۆمەڵێک و هەر تاکێکن. هەروەها یاساى نێودەوڵەتیى مافى مرۆڤ، دووبارە دانی بە هەمەجۆریى ڕۆشنبیری و بیروڕا و نەتەوە و زمان و ئاییندا ناوە، کە پێویستە بە شێوەیەکى یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

گەشانەوەى ئابوورى و پێشکەوتنى ئابوورى، بەڵگەى دیارى سەقامگیریی دەوڵەت و کۆمەڵگەن. هەبوونى ئەم بەرەوپێشچوونە ماناى ئەوە دەگەیەنێت، کە دەسەڵات تواناى بەکاربردن و سوودوەرگرتنى هەیە لە هەر یەک لەو وزە و سامانە سروشتییانەی کە هەن و، دەتوانێت بە شێوەیەکى یەکسان و هاوسەنگ وەکاریان بخات. ئەمەیش دەبێتە هۆى سەقامگیریى ئابوورى و خۆشگوزەرانیى کۆمەڵگە و، لە ئەنجامدا سەقامگیریى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئاسایش بەرقەرار دەبێت. بەپێچەوانەوە، لاوازیى ئابوورى و هەبوونى جیاکاریى چینایەتى، بارودۆخەکان بەرەو خراپى دەبات، کە بەداخەوە بوونەتە دیاردە و، پێ بە پێى مرۆڤایەتى درێژەیان کێشاوە؛ بەتایبەتى دواى ئەو قەیرانە دارایییەى ساڵى ١٩٢٩ سەرتاپاى جیهانى گرتەوە. ئەو قەیرانە بووە هۆى زیادبوونى برسیێتی و هەژارى و جیاوازیى چینایەتى و، لە دەرەنجامدا بە هۆى ئەو جیاوازییە زۆرەى نێوان چینەکانى کۆمەڵگە، تاکەکان تووشى بێزارى و داڕمانى دەروونى بوون، لەبەر ئەوەى کۆمەڵگە بەسەر دوو چیندا دابەش بوو: چینێک کە زۆر دەوڵەمەند بوو؛ چینێکى تریش، کە زۆر هەژار بوو. دەتوانین بڵێین چینى ناوەند هەر نەمابوو. ئەم بارە بووە هۆى ناڕەزایییەکى زۆر بەرامبەر دەسەڵات لە وڵاتە جیاوازەکانى جیهاندا. ئەمەیش بە هۆى خراپ دابەشبوونى سامانە سروشتییەکان لە ناوخۆدا و پەیڕەوکردنى ئابووریى سەرمایەدارى و کۆنترۆڵى ئابووریى جیهان لە لایەن چەند کۆمپانیایەکى زەبەلاحەوە.

هەمووی ئەو هۆکارانە، بوونە هۆى هەڵاوسانى ئابوورى و بێکارى و کێشەى نیشتەجێبوون و نزمبوونەوەى ئاستى گوزەرانى خەڵک، کە پاڵنەرێکى بەهێز بوو بۆ ئەوەى بەشێکى زۆریان بەرامبەر بە دەسەڵات و کۆمپانیا گەورەکان کارى تیرۆریستى ئەنجام بدەن؛ جا لەسەر ئاستى تاک بێت، یان کۆمەڵگه‌، ڕێگەى تۆڵەسەندنەوەیان دەگرتە بەر. جگە لەوەیش، وەک پێشتر باسمان کرد، پاڵنەرى نەتەوەیى لەو دەڵەتانەدا کە زیاتر لە نەتەوەیەکیان تێدا دەژی، لە کاتى دروستبوونى جیاوازیى نێوان ئەو نەتەوانە و پێشێلکردنى مافەکانى بەشێکیان، دەبێتە هۆکارى ناڕەزایى و کارى تیرۆریستى.

شایانى باسە، دەتوانین بڵێین تەنانەت لە دەوڵەتى دیموکراتییشدا هەمەجۆریى نەتەوەیى و ڕۆشنبیرى، کێشەى لێ دەکەوێتەوە، کە زۆر جار دەبێتە هۆى ئەوەى کۆمەڵێک داواى جیابوونەوە بکەن و دەوڵەتى سەربەخۆ پێک بهێنن و مافەکانى خۆیان پیادە بکەن. هەر بۆیەیش زۆربەى ئەو پسپۆڕانەى لێکۆڵینەوەیان لە هۆکارەکانى تیرۆر کردووە، ئەوەیان خستووەتە ڕوو، کە ئەو کارە تیرۆرییانەى بە هۆى پاڵنەرى نەتەوەیییەوە ڕوو دەدەن، درێژە دەکێشن؛ ئەوەیش بۆ گەیشتنە بە مافەکانیان، تا ڕاددەى جیابوونەوەیان و پێکهێنانى قەوارەى سیاسیى تایبەت بە خۆیان.

 

سەرچاوە:

https://kitabat.com

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 15 ئایار 2018 11:15