تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانى سروشتیى وێنەى ئافرەتانى عەرەبى

 دوعا سه‌ليم

 

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانى سروشتیى وێنەى ئافرەتانى عەرەبى

 

دوعا سه‌ليم

وەرگێڕانى لە عەرەبییەوە: چرا عومەر

وێنەى ئافرەتان لە ڕاگەیاندنى عەرەبیدا بە هۆى زۆربوونى ئامرازەکانى ڕاگەیاندن، جا ڕاگەیاندنى تایبەت بێت، يان تؤڕە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڕانکاریى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە. ئافرەتان ڕۆڵیان لە ئافرەتێکى  ماڵەوەى  گوێڕایەڵ، گۆڕاوە بۆ ئافرەتێکى خاوەن سەربەخؤیییەکى زیاتر.

ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە ڕووى ماف و بەشداریپێکردن و یەکسانى لە نێوان هەر دوو ڕەگەزدا، بە نالەبارترین شوێن دادەنرێت. سەڕەڕاى ئەوەى ڕێژەى ئافرەتان لە کۆى گشتیى دانیشتووانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باكوورى ئەفریقا (%٤٩،٧)ه‌، کە دەگاتە 345،5 ملیۆن، ئەم ناوچەیە بەپێى ئامارەکانى کۆڕى ئابووریى جیهانى، ساڵى ٢٠١٥، خراپترین (پلەى کۆتایی)  بوو لە جیاوازیکردن و هەبوونى کەلێنى گەورە لە نێوان هەر دوو ڕەگەزدا؛ وڵاتى ميسر لە کۆى ١٤٥ دەوڵەت، لە پلەى ١٣٦دا بوو؛ هەروەها سعوودیا لە پلەى ١٣٤دا بوو؛ كۆتا دەوڵەتیش یەمەن بوو.

بەپێى پۆلینێکى تر کە لە لایەن دامەزراوەى تۆمسون (ڕۆیترز) ئەنجام درا بەپشتبەستن بە شارەزایانى پسپۆر لە کەیسى ئافرەتان لە ساڵى ٢٠١٣، میسر لەسەر ئاستى جیهانى عەرەبى، لە ڕووى گێچەڵى سێکسى و خەتەنەکردنى مێیینە و بەکارهێنانى توندوتیژى دژى ئافرەتانه‌وه‌، بە خراپترین وڵات دانرا.

 بە ڕەچاوکردنى ئەم ئامارانە دەتوانین بڵێین، ئافرەتانى عەرەبى لە تێکۆشانێکى بەردەوامدا دەژین، کە لەو وێنانە ڕەنگ ناداتەوە کە ڕاگەیاندنەکان باسیان لێوە دەکەن؛ واتە وەک پێویست ئاماژە بە شۆڕش و تێکۆشانى ئافرەتان نەکراوە؛ لە کاتێکیشدا بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاڕاستەى ڕاگەیاندنى عەرەبى، لە کێشەکانى ژناندا گۆڕانگاریى بەسەردا هاتووە.

ڕاگەیاندنى عەرەبى، بە شێوەیەکی کلاسیک و کۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسى ئافرەتان دەکات، ئەمەیش لە زۆربەى ڕۆژنامە و گۆڤارەکان بەرچاو دەکەوێ کە تەنیا مەبەستمان ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە نییە کە تایبەتن بە پرسى ئافرەت، كه‌ تیایاندا زۆربەى کەیسەکانى خێزانى و کەیسى کوشتنى ئافرەتان بە پاساوى شەڕەف پەردەپۆش دەکرێت، هەروەها ڕۆڵى ئافرەت لە هاوسەر و دایک تێ ناپەڕێت. زۆربەى ئەو توێژینەوە و دیراسانەى کە لە ڕاگەیاندنى عەرەبیدا دەربارەى ڕۆڵى ئافرەت کراون، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەى کە ڕاگەیاندنى عەرەبى ڕۆڵى ئافرەت  تەنیا لە دوو بواردا پیشان دەدا، ئەویش ڕۆڵى ئافرەت وەکوو هاوسەر و دایک، هەروەها ئافرەت وەکوو ئامرازێک بۆ کارى  ڕێکلام و دراما.

بەپێچەوانەوە، کۆمەڵێک بابەتى گرنگ هەیە بەلاوە نراوە، وەکوو: یەکسانى لە شوێنى کارکردن و گێچەڵى سێکسى و هتد. زۆر جار ئەم بابەتانە تەنها وەکو کێشەیەکى کۆمەڵایەتى سەیر کراون نەک وەکوو کێشە و کەیسى تایبەت بە ژنان. لە لایەکى ترەوە، سەرەڕاى زیادبوونى ئافرەتى بوێر و زیادبوونى ڕێژەى  ئافرەتان لە کارکردنى دەرەوە و، هەروەها وتووێژکردنى زیاتر لەسەر پرسى ژنان، کەچى تاوەکوو ئێستا زۆربەى ئەو کەسانەى لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بۆ قسەکردن لەسەر بابەتى پەیوەندار بە پرسى ژنان بانگهێشت دەکرێن، پیاون؛ لە کاتێکدا  ئافرەتان لەم جۆرە بەرنامانەدا تەنیا وەکوو قوربانى و گەواهیدەر (شایەتیدەر) لەسەر ڕووداوەکان دەردەکەون. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناکرێت ئاماژە بەوە نەکەین کە کۆمەڵێک پێشکەشکارى ئافرەت لە ئێستادا لە گۆڕەپاندان و، خاوەنى بەرنامەى دیالۆگى بەهێز و کاریگەرن؛ هەروەها ئەو بەرنامانەى کە تایبەتن بە کێشەکانى ئافرەت و چارەسەرکردنیان لە ڕوانگەى  ئافرەتان خۆیانەوە.

یەکێک لە بەرنامە هەرە دیارەکان کە درێژترین تەمەنیشى هەیە و تا ئێستا ماوەتەوە، بەرنامەى "کلام نواعم"ە، کە کەناڵى  mbc لە ساڵى ٢٠٠٢وە پێشکەشى دەکات؛ باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات کە کاریگەریى لەسەر ژیانى ئافرەتى عەرەبى دەبێت، لەگەڵ ئافرەتانى دیار و خاوەن کەسایەتیى سەرکردەیی لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبی و نێودەوڵەتى، گفتوگۆ دەکات و، هەوڵ دەدرێت ئەو گۆڕانکارییانە پیشان بدرێت کە ئافرەتان ڕۆڵیان تێیدا هەبووە و، نموونەى ئافرەتى سەرکردە و لێهاتوو پیشان بدرێت. یەکێکى تر لە بەرنامە  تەلەڤزیۆنییەکان کە لە شاشەى کەناڵە عەرەبییەکانەوە پیشان دەدرێت، بەرنامەى "کلام کبیر"ە، كه‌ لە لایەن د. "هبە قطب" پێشکەش دەکرێت؛ باس لە کەیسەکانى دەستدرێژیى سێکسى دەکرێت و، هەروەها لە ڕووى پزیشکییەوە شرۆڤە دەکرێت.

پێدەچێت دەزگه‌کانى ڕاگەیاندن لە ئێستادا، وەڵامیان بۆ ئەو گۆڕانکاری و پیشکەوتنانەى ئافرەت هەبووبێت، بەڵام میدیا کۆمەڵایەتییە ئازادەکان، لە ڕووى خۆگونجاندنیان بۆ ئەو گۆڕانکارییانە، بەهێزترینیانن؛ ئەمەیش لە ڕێگەى کۆمەڵێک دەستپێشخەرى و جووڵەى ئافرەتان، کە وێنەیەکى زیاتر سەربەخۆ و ئازادی ئافرەتان پیشان دەدات.

یەکێک لە دیارترین ئەو دەستپێشخەرییانە ئەوە بوو، کە لە ساڵى ٢٠١٢ لە دواى هەستانەوەى میللەت لە ساڵى ٢٠١١، بە "ڕاپەڕینى ئافرەتان لە جیهانى عەرەبى" ناو نرا. ئەم ڕاپەڕینەیش، هەروەک ماڵپەڕى  تایبەت بە خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک ئاماژەى پێ کردبوو، بۆ سەرکەوتنى مافەکانى ئافرەت و ئازادى و سەربەخۆیییان بوو لە جیهانى عەرەبیدا. ئەم ماڵپەڕەیش نزیکەى ١٢٠،٠٠٠ کەس به‌دواداچوونى بۆ دەکەن، کە شوێنى سەرەکیى ئەم دەستپێشخەرییانەیە، کە چوار چالاکوانى ئافرەت لە میسر و لوبنان و فەڵەستین دروستیان کرد. ئەم ماڵپەڕە، جەماوەر بۆ چالاكيیەکان كۆ ده‌كاته‌وه‌ و، له‌ دژى هەموو جۆرە توندوتیژییەکی دژ به‌ ئافرەتان ده‌وه‌ستێته‌وه‌؛ هەروەها هه‌وڵه‌كانی بۆ بڵاوکردنەوەى واتا و ماناى ئازادى و یەکسانى، ده‌خاته‌ گه‌ڕ.

ڕاگەیاندنە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکى گرنگ و بەهێزیان هەیە، چونکە هەلێکى ڕاستەقینە دەڕەخسێنن بۆ ئەوەى ئافرەتان گوزارشت لە کێشەکانیان بکەن و جەماوەر بۆ چالاکییەکانیان کۆ بکەنەوە. بەمەیش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە باسکردن و ورووژاندنى هەموو بابەتێکدا بەپێش ڕاگەیاندنى کلاسیک کەوتوون؛ هەروەکوو ئەو دەستپێشخەرییەى لە گرنگیدان بە بابەتى گێچەڵى سێکسى کردیان. لە دیارترینیان وڵاتى میسر بوو، کە لە ڕووى گێچەڵى سێکسییەوە لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى لە پلەى یەکەمدا بوو، بەتایبەتى لەو کاتەى کە بارى ئاسایش لەم وڵاتە لە ساڵى ٢٠١٣ ناجێگیر بوو. ئەوە بوو لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەكانه‌وە، بە وێنەگرتنى شوێنى ڕووداوەکان و پاڵپشتیکردنى قوربانییەکان و، دواتر نواندنى کۆمەڵێک چالاکى لە لایەن کۆمەڵە خۆبەخشەکانەوە، کە لەسەر کەیسى ژنان و بڵاوکردنەوەى هۆشیارى بۆ کەمکردنەوەى دیاردەکە کار دەکەن، کارى زۆرى لەسەر کرا.

 

 

 سەرچاوە:

http://www.bbc.com/arabic/artandculture/2015/11/151130_100w_media_future_egyp

دواترین دەستکاریکردن لەسەر سێ شەممە, 05 حوزەیران 2018 11:51